Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
دیمانە / : ( ناڵە حەسەن  و دەقی تەمەن )

دیمانە / : ( ناڵە حەسەن و دەقی تەمەن )

Closed
by October 9, 2012 ئەدەب

 

 

 

ماوەیەکی زۆرە من خوێنەری دەقە شیعرییەکانی ( ناڵە حەسەن ) م ، هەمیشە بە دەنگێکی جیاوازم زانیوە چونکە زۆرتر لە هەر شاعیرێک توانیویەتی ڕەسمی واقیعی ژیانی خۆی لە نێو شیعرەکانی نیشان بدات . ئەوەش هۆکارێکی کاریگەرە کە من هەمیشە وەک پێوانەی ڕاستەقینەی نووسینەوەی خود تەماشای دەکەم . لە فەیسبووک هەمیشە دوای هەواڵ پرسین ، پرسیاری دەقی نوێم لێکردووە . ئەمجارەیان دەقێکی نوێی بۆ ناردم ( من … دەقی تەمەن ) هەر ئەوکات دوای خوێندنەوە نوقمی گفتوگۆیەکی زۆر بووین ، بۆیە بڕیارماندا لە دەرفەتێکی نزیکتر قسەی زیاتری لەسەر بکەین ، دوای ئاڵوگۆڕی چەند پرسیارێک کە لەلام دروست ببوو ، ئەم گفتوگۆیەی لێهاتە بەرهەم کە ئێوە دەیخوێننەوە . 

 

پرسیار : بۆچی ئەم هەوڵەی خۆتت ناو ناوە ( دەقی تەمەن ) ..؟ یان لە دەرەوەی ئەم ناونیشانە و ڕوونکردنەوەکە بۆ دەقەکە .. تۆ ئەمە بە مانیفێستی شیعری خۆتی دەزانی ..؟ 

 

ناڵە حەسەن : لە سەرەتای شیعرەکەمەوە تا کۆتاییەکەی هەستم دەکرد لە نێو ئەتمۆسفیرێکی شیعری جیاوازدام ، هەستم دەکرد سەرسامانە خۆم ڕەسم دەکەم و لەگەڵ خۆمدا دەدوێم بە تایبەت دوای تەواو بوونی شیعرەکە کە ناوم نا ( من ) .. هەستم دەکرد لەو شیعرە بەدەر لە جیاوازییەکانی زمان و ستایل ناتوانم دوا دێری بۆ بنووسم  یان دوا نوختەی بۆ دابنێم واتە دەقێکە کراوەیە و تەواو نابێت ، نەک بە بەشێک یان  بە دووان دەقێکە تا ئەبەد دەکرێ بەشەکانی یەک بەدوای یەکدا بێن.. دوای ڕامان و وردبوونەویەکی زۆر ، گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە چ سایکۆلۆژیەتی دەقەکە چ بارە زمانەوانیەکەی چ ستایل و شێوازی نووسینەکەی ئەوە دەخوازێ ئەم دەقە ناوێکی تایبەتی لێبنێم و وەک تەجروبەیەکی شیعری نوێ ڕایبگەیەنم .. لەسەرەتا بیرم کردەوە ناوی بنێم ( دەقی ژیان ) بەڵام لەگەڵ ئەم ناوە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئیشکالیاتی تر دەبووم کە نەمدەویست لێیان نزیک ببمەوە . دواجار بەوە گەیشتم ناوی بنێم (  دەقی تەمەن ) . دەربارەی ئەوەش کەئایا ئەم ڕوونکردنەوەی نووسیومە بە مانیفێستی شیعری خۆمی دەزانم ، من دەڵێم نەخێر ، دیارە ئەم ڕوونکردنەوەیە بەشی تری بە دوادا دێت تا دەبێت بە مانیفێستێکی گونجاو بۆ دەقی تەمەن ، بەڵام هەرگیز من ئەوە بە مانیفێستی شیعری خۆم نازانم ، چونکە من پێموایە ، من لە ئاستێکی فراوانتر لە چوارچێوەی مانیفێستێکی دیاریکراو ئیش لەسەر شیعرەکانم دەکەم ، من بە ستایلی جۆراوجۆر دەنووسم ناتوانم لەنێو ستایلێکی دیاریکراو خۆم و هەوڵەکانی خۆم بەر تەسک بکەمەوە ، دەکرێ ئەوە مانیفێستێک بێت بۆ یەکێک لە هەوڵەکانم ، واتە مانیفێستێک بێت تەنها بۆ ( دەقی تەمەن ) و هیچیتر .

پرسیار : ئایا لە هەموو شیعرێک شاعیر خۆی نانووسێتەوە یان ئیش لەسەر خۆی ناکات ؟ مەبەستمە بڵێم جیاوازی ئەم شیعرەت لەگەڵ شیعرەکانی ترت لە کوێدایە ؟ یان ئێمە بۆ خۆمان بنووسینەوە لە کاتێکدا وەزیفەی نووسینەوەی شتەکانیتر تەواو نەبووە ؟ 

 

ناڵە حەسەن :  بێگومان منیش دەڵێم لە هەموو شیعرێک شاعیر هەوڵدەدا خۆی بنووسێتەوە بەڵام ، لەو شیعرە نووسینەوەی خود جیاوازە ، شاعیر لەم دەقە بە شێوەیەکی زۆر چڕ ئیش لەسەر خۆی دەکات ، تەرکیزی زۆر دەکاتە سەر ناوەوەی خۆی غەریزەکانی خۆی باری دەروونی خۆی خەون و خەیاڵ و ئومێدەکانی خۆی تەنانەت نهێنیەکان  و شتە تایبەتیەکانی خۆی یان پەیوەندی خۆی بە دەرەوە و بە چەمکەکانی تر ، بۆ نموونە دەربارەی عەشق ، شاعیر لەم دەقەدا بە نێو بەرینایی ڕووبەری عەشق سەفەر ناکات ! لەنێو ئەو رووبەرە دەمێنێتەوە کە پەیوەندی بە خۆی هەیە واتە تەنها دۆڕانەکان و یان فرینەکانی خۆی لەنێو رووبەری عەشق دەنووسێتەوە، واتە ( هەر خۆیی و هەر خۆیی و هەر خۆی ) کە ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندیەکانی  ئەم شیعرە .. جیاوازییەکی تر ، هەر بەناوەکەوە دیارە ( دەقی تەمەن ) دەقێکە تەواو نابێ و لەگەڵ تەمەنی شاعیر دایە ، هەروەکو گووتم ناتوانم دو ادێر و دوا نوختەی دیاری بکەم .. مەرگی شاعیر دەبێتە دوا دێر و دوا نوختەی ئەم دەقە ..!  ئەمەش لە هیچ دەقێکی تری خۆم یان لەهیچ دەقی هیچ شاعیرێکی تر ئەمەم نەبینیوە یان ئەو بارە نەرجسیەتەی شاعیر کە منی خۆی لە سەرووی منەکانی تر دەبینێ یان ئەو بوونە نەرجسیەی خۆی بە بوونێکی پیرۆز وەسف دەکات ! دەربارەی ئەوەش ئێمە بۆ خۆمان بنووسینەوە لە کاتێکدا وەزیفەی نوسێنەوەی شتەکانی تر تەواو نەبووە ، من بە دڵنیاییەوە دەڵێم شتەکانی تر تەواو نابن ، حیکایەتی شتەکانی تر و حیکایەتی ژیان حیکایەتێکی بەردەوامە . جا بۆ ئەوەی لە خۆمان و شتەکانی تر تێبگەین دەبێ لەسەرەتا خۆمان بنووسینەوە ، وە پەیوەندی خۆشمان بە شتەکانیتر ڕەسم بکەین کە ئەمەش وەزیفەی نووسینە و شیعریش زۆر تایبەتمەندانە ئیش لەسەر ئەمە دەکات . 

پرسیار : لە ڕوونکردنەوەکەت نووسیوتە ( شاعیر لەم دەقە منی خۆی لە سەرووی  هەموو منەکانی دەوروبەر دەبینێت ) لە پشتی ئەم دەربڕینەت دەتەوێت چیمان پێبڵێیت ؟

ناڵە حەسەن : دەمەوێ بڵێم ئەو ڕۆژگارە بەسەر چووە  بڵێین ( کوردم و ناتوێمەوە ناتوێمەوە ..! ) ڕۆژگارە سەختەکان بەسەرچوون و ئێمەش نەتواینەوە .. دەمەوێ بپرسم ئێستا چۆن لە خۆمان و بوونمان دەڕوانین ؟ چ ئاست و تەوەقوعێکمان هەیە بۆ خۆمان و بۆ ژیانمان ، دەمەوێ بزانم لەم دەورانی دوای پۆستمۆدێنیزم و لە نێو ئەم هەراو زەنای تەکنۆلۆژیایە خۆمان لە کوێی هاوکێشەکان دەبینین ..؟ شاعیر لەم دەقەدا ، بە دیدێکی مۆدێرنەوە ، منی خۆی لە ئاستێکی بەرز دەبینێت هێندە بەرز تا ئاستی ئەوەی هەموو خۆشیەک و بەختەوەریەک و جوانیەکی ژیان بۆ خۆی بە ڕەوا دەبینێت لەهەمانکات ، خوازیارە هەر تاکێکی کۆمەڵگاکەی لەم ئاستە بەرزە بۆ خۆی و ژیان بڕوانێت ، پێی وایە وەکو کورد کاتی دەست ماچکردن و چەمانەوە بۆ بەرامبەر بەسەرچووە ..! تاکی کورد لە بەرزترین ئاست تا نزمترین ، هەر جێگاو ڕێگایەک و هەر پلەوپایەکی بەرپرسیارێتی هەبێت ، دەبێت خۆی لەم ئاستە بەرزەدا ببینێت بەتایبەت لە بەرامبەر ئەوانیتر . یان پێویستە تاکی کورد دەستبەرداری ئەم ڕۆحە شەرمنۆکی و خەجولیە ڕۆژهەڵاتیە بێت وا خەریکە ڕۆح و بوون و خەونەکانمان وێران دەکات .


پرسیار : تۆ بەم دەقە دەتەوێت تەجاوزی قۆناغی جیلی پێش خۆت بکەیت “

 

ناڵە حەسەن :  من ناتوانم بڵێم بۆ ئەم مەبەستە ئەم دەقەم نووسیوە ، بەڵام ئەگەر شتێکی لەم بابەتەم کردبێ ئەوە مایەی خۆشحاڵیمە . دیارە ئەوە مافی هەر نووسەرێکە کە بەم ئومێدەوە بنووسیت دیارە ئەم مافەش لە خۆم ناسێنمەوە . بەڵام داهێنان لای من شتێکی لەوە گەورەترە بە خاتری تێپەڕاندنی نەوەی پێشخۆمان یان بۆ ئەم بەبەستە بنووسین .. حەقیقەتێک هەیە دەمەوێ ئەوە زۆر بە ڕاشکاوی بڵێم من لەو ڕۆژەوەی دەستم داوەتە قەڵەم خەمی داهێنان یەکێک بووە لە خەمە هەرە گەورەکانم .. لە پڕۆسەی نووسینم دا من هەمیشە هەوڵم داوە کۆپی هیچ کەسێک نەبم ، دەنگێکی جیاواز بم و لە هیچ کەسێکی تر نەچم ئەوەشم لەنێو دەقەکە بە ئاشکرا ڕاگەیاندووە کە دەڵێم ( من لە هیچ کەسێکی تر ناچم لە خۆم نەبێت ..) .

 

پرسیار : نووسینەوەی ( من ) لە قۆناغێکی وەک ئێستا کە خودانی چەندین کتێبی شیعریت غەدر نیە لە ڕابردوویەک کە ڕۆیی و نەتنووسینەوە یان ئەوە کامل بوونی ئێستایە ؟

 

ناڵە حەسەن : بە بڕوای من داهێنان و نوێبوونەوە پەیوەندی بە تەمەن و کتێب و هیچ قۆناغێکەوە نیە ، یان لە هەر چرکەساتێکی تەمەن کەسێک بیەوێ داهێنان بکات ئەوە هیچ جێگای ئەسەف و غەدر نیە بە پێچەوانەوە ، جێگای ئیفتخار و مایەی شادومانی و پێشوازییە .. من چیبکەم خۆزگە دە ساڵ بەر لە ئێستا ئەم دەقەم دەنووسی ! 

 

پرسیار : ئەم دەقە لەگەڵ تەمەنت دایە و لە هەمانکاتیش دەتەوێت لە نووسینی شیعرەکانی ترت بەردەوام بیت . مەبەستمە بڵێم ، ئەم تەجروبە شیعریە تازەیەت هیچ لایەنێکی نێگەتیڤی لەسەر پڕۆژە شیعرییە ئاساییەکانت نابێت ؟ یان بە مانایەکی تر ، هیچ ڕێگریەک لەبەردەم شیعرەکانی ترت دروست ناکات ؟ 

ناڵە حەسەن : ڕێک وایە ئەم دەقە لەگەڵ تەمەنم دایە ، دەشمەوێت لە نووسینی شیعرەکانی ترم بەردەوام بم . بەڵام دەربارەی لایەنی نێگەتیڤی ئەم تەجروبەیەم ئەوەی تا ئێستا بینیبێتم یان هەستم پێی کردبێ ئەوەیە ، پڕۆسەی نووسینی شیعرەکانی ترم هێواشتر دەکات چونکە ، ئەم دەقەش بە ئەندازەی خۆی کاتی لێمدەوێت  ، وە دەبێ ئەم ئیعترافەش بکەم من کەسێکم کەم دەنووسم هەر دەقێکی شیعریم دوو مانگ تا سێ مانگ دەخایەنێت ئەگەر زیاتریش نەبێت . خاڵێکی تر / لەم سێ چوار مانگەی دوایی واتە لە سەرەتای بەشی یەکەمی دەقی تەمەن تا ئێستا ( چونکە ئێستا لە بەشی دووەمی ئەم دەقەدا ئیش دەکەم ) یەک دووجار خەیاڵێکی نوێی شیعریم تواندۆتەوە لەنێو ئەم دەقەدا ، واتە لەگەڵ  خەیاڵە نوێکەم بەردەوام نەبووم تا بیکەم بە شیعرێکی سەربەخۆ . من پێموایە بەرچاوترین لایەنی نێگەتیڤی ئەم تەجروبەیەم لەم خاڵەدایە بەڵام ، بەپێی توانام هەوڵدەدەم کاریگەریەکان لە ئاستێکی زۆر نزمدا بن .

 

پرسیار : بە بۆچونی من ( نەرجسیەت ) ی تۆ لەم دەقەدا لەوپەڕی قووڵی دایە .. ئایا نووسینەوەی ( ئەو ) کۆتایی هات ؟ مەبەستمە کەسی دووەمی تاک کاراکتەرێکی ئامادەیە لەنێو دەقەکانی تۆدا ! .

 

ناڵە حەسەن :  ئەو بوونە نەرجسیەی من لە هەموو شیعرەکانی تریشم دا هەر هەبووە وە ئەگەر لەم دەقەم گەیشتۆتە ئەوپەڕی یان وەکو تۆ دەڵێی لەوپەڕی قووڵیدایە ، من لەم حەقیقەتەی خۆم ڕاناکەم هۆکارەکانیش چ لە ڕوونکردنەوەکەم و چ لە پرسیارەکانی پێشووتر وەڵامم داوەتەوە بە پێویستی نازانم لێرەدا دووبارەیان بکەمەوە ، دەربارەی چیڕۆکی من لە گەڵ ( ئەو ) هەرگیز کۆتایی پێنەهاتووە ئەو لە دەقەکانی تر و لەو دەقەش هەر لە گەڵمدایە .. ئەوەتا لەسەرەتای دەقەکەدا دەڵێم …

تاک تاک تاک

تک تک تک 

تۆ تۆ تۆ / تۆ تا ئەبەد تۆ 

یان لەبەشی دووەمی ئەم دەقەدا لە شوێنێکدا دەڵێم …

من حەزدەکەم هەموو ژیان لەنێو تۆدا بتوێتەوە 

تۆش لەنێو من 

من حەزدەکەم تۆ لە هەموو مەخلوقاتێک ئاسوودەتر بیت 

منیش لە تۆ ..! 

ئەوەتا دەبینین لەو دەقەش ئەو هەر لەگەڵمایە ، ( ئەو )  هێندە مەحبوب و ئازیزە تا ئەو ئاستەی دەمەوێت ژیان لەنێو ئەودا بتوێتەوە یان دەخوازم لە هەموو مەخلوقاتێک ئاسوودەتر بیت بەڵام ، لەگەڵ ئەوەش واز لە ڕۆحە نەرجسیەتەکەی خۆم ناهێنم و دەمەوێت ( ئەو ) یش لەنێو مندا بتوێتەوە  یان دەمەوێت لە ئەو ئاسوودەتر بم . بەڵام لەنێو ئەم دەقە پەیوەندی من لەگەڵ ئەو لە ئاستێکی تردایە ، لەگەڵ ئەو لە عەشق دام لەژوان دام لەهەمانکات لە ململانێیەکی سەخت و دژواریش دام ، عەشق لەم دەقەدا لە پێناو مانەوە نیە ، بەڵکو لە پێناو  جوانکردن و بە ئیرۆسی کردنی ژیان و  لە پێناو بەها مرۆییەکانە . 

 

پرسیار : ڕەهەندەکانی کەسایەتی لە دیدی فرۆیدەوە ( ئەو ، من ، منی باڵا ) یە من لەبەردەم بە کۆمەڵایەتی بونی تاک و تێگەیشتنی دەرەوە و ناوەوە لەبەرامبەر منی باڵا کە هەمیشە خۆی لە سەرەوەی هەرەمی کەسایەتی دەبینێتەوە  ئەو دەقە لەسەر نەخشەی  ( من ) دا لە کوێوەی نەرجسیەتی تۆدایە ؟ 

 

ناڵە حەسەن : من ی دەقی تەمەن ، ( من ) ێکی باڵایە و لە ئاستێکی بەرز دەڕوانێ ، شانازی و ئیفتخارێکی بێ وێنە بەو منە و بە بوونی خۆی دەکات ، ئەو منە منی شاعیرە ، ئەم شانازی و بەرز ڕوانینەش بەهۆی نووسینی شیعرەوەیە ، وەک لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە ( من شیعر دەنووسم کەواتە من هەم ) . شاعیر لێرەدا ( من ) ێکی داهێنەر و خالیقە ، شتەکان وەقسە دەهێنێ و ڕۆحیان دەخاتە بەر . بۆیە شاعیر داوا دەکات بوونێکی ڕەها بێت و خاوەن هەموو مافێک و ئازادیەک بێت .  بەڵام ئەو دیدگا و تیۆرەی فرۆید  بۆ کەسایەتی و ناسینی سروشتی مرۆڤ و هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی ، کە بۆ ئەم مەبەستە مێشکی مرۆڤی دابەشکردووە بۆ سێ بەش ئەویش ( من ، منی باڵا ، ئەو ) هه‌ریه‌ک له‌م به‌شانه‌ له‌ که‌سێکی ئاسایی و ته‌ندروست ده‌بێت له‌ هاوسه‌نگیه‌کی گونجاو دابن ، چونکه‌ ناهاوسه‌نگی و ناڕێکی له‌ هه‌ریه‌کێک له‌م به‌شانه‌ ، ده‌بێته‌ هۆی ناڕێکی باری ده‌روونی و لێکه‌وتنه‌وه‌ی چه‌ندین نه‌خۆشی ده‌روونی  . ههریه‌ک له‌م به‌شانه‌ش بۆ نموونه‌ ” ئەو ( ئێد ) به‌ر له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی تر ، له‌گه‌ڵ له‌دایکبوونی کۆرپه‌ له‌دایک ده‌بێت ، ته‌واو له‌نێو ڕووبه‌ری نه‌ستی دایه‌ واته‌ ڕووبه‌ری بێئاگایی و لاشعووری ، له‌ژێر کۆنترۆلی پرێنسیپی ده‌روون و هه‌ست و ئاره‌زووه‌کانی دایه‌ ، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌ له‌گه‌ڵ واقیعی ده‌ره‌وه‌ ڕووبه‌ڕووه‌ نە ‌ گوێی بە هیچ فەرمانێک دەدات . شاعیر چ لە شیعرەکانی تری چ لە دەقی تەمەن خۆی زۆر بۆ بێئاگایی شل دەکات واتە توانا و خەیاڵ و ڕەفتار و بیرکردنەوەکانی لە ژێر کۆنترۆلی ( ئەو  .. ئێد ) دایە .. ئەو منە باڵایەی دەقی تەمەن بە ئاراستە و تەوژمی ( ئەو ) کار دەکات ، بۆیە تەنها گوێ بە خواست و غەریزەکانی خۆی دەدات و ئیش لەسەر چەمکە ئیرۆسیەکان دەکات ، یان منی خۆی لە سەرووی هەموو منەکانی تر دەبینێ و دەڵێ ( هەر خۆم و هەر خۆم و هەر خۆم … خۆمی تاک و تەنیا … خۆم تا ئەبەد خۆم ..! ) . کڕۆکی نەرجسیەتەکەش ئەلێرەدایە . 

پرسیار : مەبەستت لەوەدا چیە کە دەڵێی  شاعیر خۆی نابەستێتەوە بە چرکە ساتێکی دیاریکراو یان زەمەن پێکهاتەیەکی ناکاریگەرە لە نێو ڕووبەری دەقدا ؟

ناڵە حەسەن : مەبەستم ئەوەیە و دەمەوێ بڵێم ، ڕاستە شاعیر لەم دەقە خۆی دەنووسێتەوە و هەموو تەرکیز و خەیاڵەکانی لەسەر خۆیەتی بەڵام ئەمە بە مانای نووسینەوەی ژیاننامە نیە تا لەمنداڵیەوە دەستپێبکات و ئینجا هەرزەکاری و لاوێتی و تا کۆتایی .. بەڵام لە دەقی تەمەن ، زەمەن یان کات بەم ئاراستە ڕێکە ناڕوات .. من وای دەبینم وەک چۆن لە کرداری زاوزێ لە کاتی توانەوەدا بە ملیۆن سپێرم دەڕژێ بەڵام خێراترینیان خۆی دەگەیەنێتە هێلکەکە و کرداری پیتان ڕوودەدات . ئەمەش بەهەمانشێوە ، لەکۆی کۆمەڵێک ڕووداو و بیرەوەری کامەیان کاریگەری زیاتر بێت ئەمیان خۆی دەگەیەنێتە هێلکۆکەی خەیاڵی شاعیر و خەیاڵی شاعیر ئاوس دەکات .. بۆیە پەیوەندی بە زەمەنەوە نیە و زەمەن پێکهاتەیەکی ناکاریگەرە . 


پرسیار : ئەم دەقە لە قالبی پۆستەرە شیعرە ،نووسینەوەی ( من ) هەروا بەردەوام دەبێت یان نەفەسی درێژ و شێوازی پێشتریشت بەکار دەهێنی ..؟

 

ناڵە حەسەن : ڕاستیەکەی نامەوێت یان بە گونجاوی نابینم شێواز و فۆرمێکی دیاریکراو بۆ ئەم دەقەم دابنێم .. من پێمباشە وەک چۆن دەقەکە کراوەیە و بەردەوام دەبێت ، ئاواش فۆرم و شێوازێکی کراوەی هەبێت . ڕاستە بەشی یەکەم و تەنانەت بەشی دووەمیش لە شێوەی کۆپلە کۆپلە کەتۆ پێی دەڵیی پۆستەرە شیعر دەڕوا ، بەڵام من ئەوە نازانم و بۆم ڕۆشن نیە لە داهاتوودا بە چ زمانێک و بە چ فۆڕمێک درێژە بەم دەقەم دەدەم ، ئیتر سڵاو لە داهێنان . 

 

 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.