Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
گەردەلول لەكوێوە دەست پێدەكا؟

گەردەلول لەكوێوە دەست پێدەكا؟

Closed

  عەزیز ڕەئووف……

 دراماى گەردەلول لە كەناڵى كوردسات، زیاتر لە سىَ هەفتە هەموومانى لەبەردەم شاشەى تەلەفزیۆنەكاندا كۆكردەوە. سەربارى زۆرێك لە كەموكوڕى و هەڵەى تەكنیكى و هونەرى لە دراماكەدا، بەڵام دیالۆگە سیاسى و كۆمەڵایەتى و ئەوینداریەكانى زۆرێك لە بینەرى توشى ڕامان و پرسیار دەكرد. دیالۆگە ئەوینداریەكانى وەنەوشە و باران، نامە عەشقئامێزەكانى ڕزگار و هەنار، دیالۆگە پڕ لە خۆشەویستى و مەكر و نازى هوشیار و جوانە. گیانبازى سەعدى گچكە و دڵڕەقى ملازم موحسین. ئەمانە و چەندین مەشهەدى تر كە تەواو سەرنجى بینەرانى بۆخۆى ڕادەكێشا.
 قسەكردن لەسەر كارى هونەرى و دەرهێنان و سیناریۆ و ڕۆڵى ئەكتەرەكان بۆ هونەرمەندان و شارەزایانى بوارى هونەر جێدەهێڵم، بەڵكو ئەوى مەبەستمە لەسەرى بدوێم سەبجێكتى سەرەكى دراماكەیە.  بابەتى سەرەكى ئەم درامایە قسەكردنە لەسەر ڕابردوو. ڕابردووى شۆڕش بەهەموو كەوتن و هەستانەوە و شكست و سەركەوتنەكانیەوە. دەستپێكردنەوەى شۆڕش لە یەكەم هەنگاوەكانیەوە كە چەندە سەخت بووە. بۆیە هەرچەندە تەسەور ناكەم ئەمە سەرجەم ڕاستیەكان بێت و شۆرشیش لەگەڵ ئەوەى لێوانلێوە لە جوانى و گیانبارزى و ڕۆحى بەرزى پێشمەرگانە، بەڵام بەودیویشدا دنیایەك جیاوازى و تەنانەت شەڕى خوێناویش لەنێوان هێزە كوردیەكانى شاخدا لەئارادابووە و لە دیالۆگەكانى ئەم درامایەدا كەم تا زۆر بوونى نیە.
 تا ئێرە ئاساییە و وەكو دەرهێنەر دەڵێت نەمویستووە برینەكانى ڕابردوو بكولێنمەوە. بەڵام كێشە لە گیِرانەوەكانى ڕابردوودا نیە، بەڵكو كێشە لە ڕوداو و مەشهەدەكانى دەرەوەى دراماكە دێت كە ئیستاى كۆمەڵگەى كوردیە. ئیشكالەكە لەوێوە دەستپێدەكات كە شۆڕش دەگاتە دەسەڵات. پرسیارى سەرەكى ئەوەیە كە ئایا بینەر دەتوانێت بە بینینى جوانیەكانى ڕابردوو چاو لە ناشرینیەكانى پیاوى شۆڕشى دواى ڕاپەڕین بپۆشێت؟ ئایا جوڵانى سۆز و عاتیفەى خەڵك بەوەى كە پیاوانى شۆڕش چەندە بە سەختى دەستیان كردووە بە هەڵگیرساندنى ئەو شۆڕشە، بەسە بۆ ئەوەى لە هەموو ئەو كەم و كوڕى و ناشرینیانە خۆش بین كە ئێستا بەرۆكى سەرجەم ئۆفیسەكانى دەسەڵاتى ئەم دەڤەرەى گرتووە و سەرجەم پیاوانى ناو ئۆفیسەكانیش پیاوانى دوێنێى شۆڕشن؟ 
 كاتێك دەسەڵات دەستەوەستان دەبێت بەرامبەر بە ئەركە هەنووكەییەكان، كاتێك دەسەڵات فەقیرتربێت لەوەى بتوانىَ زۆرینەى خەڵك لەخۆى ڕازى بكات، كاتێك دەسەڵات خۆى لەبەردەم دنیایەك جیاوازیدا دەبینێت لەگەڵ زۆرینەى خەڵدا،  بۆیە هەڵگرى هیچ حیكایەتێكیش نابێت جگە لە حیكایەتیەكانى ڕابردوو. هەموو دەزانین زۆرێك لە هێز و گروپ و پارتە سیاسیەكان پێش هاتنە سەر دەسەڵات هەڵگرى كۆمەڵێك دروشمى جوان بوون  كە هەموان خەون بە هاتنەدى سەرجەم ئەو دروشمانەوە دەبینین، بەڵام كە هێزێكى دیاریكراو دواى ئەوەى كە دێتە سەر دەسەڵات و پشت لە هەموو ئەو دروشم و بەڵێنانە دەكات بێگومان دەستەوەستانیش دەبێت بەرامبەر بە زۆرێك لە ئەركە هەنووكەییەكان. هەر هێزێكیش لە ئیستادا نەتوانێت هەڵگرى پرۆژەى جدى بێت ناچار بە بە دەنگى بەرز حیكایەتەكانى ڕابردوو دەڵێتەوە و  گوێچكەمان كەڕ دەكات. دراماى گەردەلول ڕێك و ڕەوان لە خزمەتى ئەو دۆخەدایە كە دەسەڵات لەم دەڤەرە تێیكەوتووە.
 من بڕواناكەم كۆبوونەوە لەسەر خوانى ڕابردوو تا سەر تێرمان بكات. من بڕواناكەم گوێگرتن لە حیكایەتیەكانى ڕابردووى شۆڕش وا لە خەڵك  بكات بەرامبەر بەناشرینیەكانى ئیستا بێدەنگى هەڵبژێرن. دراماى گەردەلول بیرمان دەخاتەوە ە كە شۆڕش چەند بە سەختى دەستى پێكرد، بەڵام لەوەش وەئاگاى هێناینەوە كە ژیانى زۆرێك لە چین و توێژەكانى كۆمەڵگە لە ئیستاى سایەى شۆڕشدا چەندە سەخت و گرانە.
 ژیان لەسایەى بەرهەمى شۆڕشدا ژیانێكى تەواو دژوارە. ژیانێكە لێوانلێو لە ناشرینى و ناعەدالەتى كۆمەڵایەتى. زۆرینەى ئەو نەهامەتیانەش كەم تا زۆر پیاوانى شۆڕش لێى بەرپرسیارن. هەر ئەوانن كە توانیان عەشقى خاك لە ڕۆحمان جیا بكەنەوە. هەر ئەوان بوون كە بەڵێنەكانى ڕابردووى خۆیان جێبەجىَ نەكرد و وەك بازرگانێكى گەورە خۆیانمان پیشان دەدەن، نەك وەك نوخبەیەكى سیاسى بەرپرسیار بەرامبەر بە زۆرێك لە ناشرییەكانى كۆمەڵگە.
 بۆیە ئێمە چەندە پێویستە لە جوانیەكانى ڕابردوو فێر بین، هێندەش پێویستیمان بە بینینى ژیانى خۆمان هەیە لە دراماكاندا. چەندە نەوەى نوێ پێویستى بەوە هەیە كە بزانێت ڕابردوو چۆن بووە، بارتەقاى ئەوەش پێویستى بەوە هەیە كە لەبەردەم ژیانى ئیستایدا ڕامێنێت و بە چاوێكى ڕەخنەییەوە لە كردەوەكانى پیاوانى شۆڕش بڕوانێت. ئەو بوارە ناهەموار و دۆخە سەخت و گرانەى كە ئیستا لە كۆمەڵگەى كوردیدا دەبینرێت هەوێنى چەندین درامایە و كەسیش كارى لەسەر ناكات، ئەگەر كاریشى لەسەر بكەن لە كەناڵەكانەوە پەخش ناكرێن و ڕێگەیان لێدەگیرێت. ڕاگرتنى دراماى "ئاریا" كە ڕەخنە لە دەسەڵات و پیاوانى ئاینى دەگرێت، لەبەرامبەردا پەخش كردن و گرنگیدان بە گەردەلول  باشترین نمونەیە.
 بینینى تەنها دیوە جوانەكانى ڕابردوو، خەفەكردنى جیاوازیەكان و هەڵەكانى شۆڕش، جگە لە دووبارەبوونەوەى ڕابردوو چیدى نیە. تاكو ئێمە بە دیدێكى ڕەخنەگرانەوە لە ڕابردوو نەڕوانین، بێشك ناتوانین ئێستا بە جوانى بهێڵینەوە و داهاتوومان خاڵى بكەین لە جوانیەكان.
 
 
AZIZRAUF2003@YAHOO.COM
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.