له باره‌ی هه‌ستی خۆبه‌گه‌وره‌زانینه‌وه… محه‌مه‌د كوردۆ
سه‌ره‌تای نووسین، قۆناغێكی گرنگ و خۆش و پڕ له خه‌ون و پڕ له كێشمه‌كێشه. له‌و قۆناغه‌دا ڕوانینی مرۆڤ بۆ دنیا و بۆ نووسین و بۆ شوێنی نوسه‌ر له‌ناو دنیادا ڕوانینێكی سه‌یره. زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌تا ده‌ست به نووسین ده‌كه‌ن، خۆیان به گه‌وره ده‌زانن. بێگومان ئه‌و خۆبه‌گه‌وره‌زانینه، به‌دیوێكدا خراپه، به‌ڵام به دیوێكی دیكه‌دا هه‌م باشه، هه‌م پێویسته. دیوه خراپه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه مرۆڤ له زانینی ڕاسته‌قینه‌ی قه‌باره‌ی خۆی دوور ده‌خاته‌وه. وێنه‌یه‌كی پیشان ده‌دات كه وێنه‌ی خۆی نییه. دیوه باشه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه مرۆڤ تا بڕوا به گه‌وره‌یی خۆی نه‌هێنێت ناتوانێت سه‌ركێشیی گه‌وره بكات. ئه‌و روحه هێزێكی گه‌وره به مرۆڤ ده‌به‌خشێت. هێزێك كه ڕه‌نگه به شاراوه‌یی كار بكات، به‌ڵام ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له ناو نوسیندا به ئاشكرایی ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌و خۆبه‌گه‌وره‌زانینه سه‌رمایه‌یه‌كی ڕه‌مزیی، یان ڕوحییه، كه به‌ر له خه‌ڵَك، مرۆڤ خۆی به خۆی ده‌به‌خشێت و دواجار ناچار ده‌بێت بۆ پاراستنی زۆرترین كۆشش بكات. به بڕوای من له سه‌ره‌تاكانی نوسیندا، هه‌ستی خۆبه‌گه‌وره‌زانین، ئه‌گه‌ر دوو مه‌رجی له‌گه‌ڵ بێت، هه‌ستێكه دیوه باشه‌كه‌ی، له دیوه خراپه‌كه‌ی گرنگتره. ئه‌و دوو مه‌رجه‌ش ئه‌مانه‌ن: یه‌كه‌م: ئه‌و كه‌سه به ڕاستی شتێك له گه‌وره‌یی تێدا بێت. دووه‌م: ئه‌و خۆبه‌گه‌وره‌زانینه‌ی له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵك نه‌بێت. له‌گه‌ڵ هه‌ستكردن به گه‌وره‌یی خۆیدا، گه‌وره‌یی خه‌ڵكی دیكه‌ش ببینێت. ده‌كرێت بۆ ڕونكردنه‌وه‌ی زیاتری مه‌به‌سته‌كه‌م، شاعیرێكی كاریگه‌ر و خاوه‌ن هه‌ژموونی وه‌ك له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، به نمونه بهێنمه‌وه. ئه‌گه‌ر له‌تیف هه‌ڵمه‌ت هه‌ستێكی گه‌رمی خۆبه‌گه‌وره‌زانینی تێدا نه‌بوایه، چۆن ده‌یتوانی له سه‌ره‌تای ته‌مه‌ن و نوسیندا (كوله‌كه‌كان بشكێنێت) و وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی (خوا و شاره بچكۆله‌كان) بكێشێت؟ له‌تیف هه‌ڵمه‌ت كاتێ له ساڵی 1970 دا، یه‌كه‌مین دیوانی خۆی خسته به‌رده‌ستی خوێنه‌ران، كه به‌شێك له شیعره‌كانی به هه‌موو مانایه‌ك، تازه و جیاواز و پڕ له نوێگه‌ری بوون، ته‌مه‌نی ته‌نها 23 ساڵ بوو. ئه‌وه‌ی له له‌تیف هه‌ڵمه‌تدا هه‌م جوان بوو، هه‌م به جوانی مایه‌وه، یه‌كه‌م ئه‌وه بوو كه ئه‌و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه گه‌وره‌یی تێدا بوو، دووه‌م: تا هات گه‌وره‌تر بوو، سێیه‌م: خه‌ڵكی به بچوك سه‌یر نه‌كرد!!
* گۆشه‌ی ڕاز و نیاز، كوردستانی نوێ، ژماره (5909) 19 / 10 / 2012