Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
نامەیەک ( لەجەنگاوەرێكەوە بۆسەرۆكی وڵات)

نامەیەک ( لەجەنگاوەرێكەوە بۆسەرۆكی وڵات)

Closed
by November 13, 2012 گشتی

 

 

 

خاوەن شكۆی بەڕێز……………….

 

كاتێك ئەم نامەیەت بەدەست ئەگات یەكسەر بڕیاری لەسێدارەدان بۆ سەربازێك دەرمەكە لەسەنگەرابیردەكاتەوە، ئەگەر پێت كرا ویژدانت سەرپش بكەو بەراوردێك لەنێوان

 ئێمەو ژیانی هاوڕێكانتدابكە، ئێمەو كەسوكارەكەتدا بكە، بزانە لەڕوی ویژدانەوە ئێمە مافی ئەوەمان هەیە بڕیاری لەسێدارەدان بۆئێوەدەربكەین یائێوە بۆئێمە؟؟؟ 

لەشەڕگاكاندا هەمووكارێك ئەكرێت بۆئەوەی دەرفەتێك بۆبیركردنەوە نەمێنێتەوە. كۆنكەن، تاوڵە، دۆمینە، سەنگەر هەڵكەندن‌و مین دانان، مەشقی سەخت‌و…..هیتریش، تەنانەت زاتێك لەزاتە گەورەكانی هاوڕێت فەرموو بووی تەنیا سەرقاڵیان بكەن‌و بیركردنەوەیان ئیفلیج بكەن سەركەوتنمان مسۆگەرە، بەڵام من وەكو سەربازێكی تاوانبار پێت ئەڵێم: لەسەر كورسیەكەت وەرە خوارەوەو سەرێك لەماڵی ئەو نەدارانەبدە، كوڕەكانیان، مێردیان، باوكیان شەوانە لەناو تەرمی هاوڕێكانیاندا ئەخەون، ببینن ئێوە چۆن بونەتە خاوەنی سێ گۆڕستانی جیاواز، یەكیان بۆلاشەی هەلاهەلاو، ئەویتریان بۆ سەربازی قوڕمیش كراو، سێهەمیان بۆ كەسوكاریان. گەورەم بڕوابكە ئەگەر ئێوە تۆزێك لەكورسی بایی بوون دابەزن سەرۆكی ئەولاش دابەزێ، ئێوارەیەك لەئێوارەكانی عەیش‌و نۆشتانی بۆتەرخان بكەن، ئەوا ئەم هەموو بۆنی باروت‌و خوێن‌و ڕەزالەت‌و گۆڕستانە دەبنە ئاسەوارو یادگاری. ئەگەر توانیت ڕۆژێك لەڕۆژان سەرێك لەبەرەی جەنگ بدە‌و سەیری لاشەی یەكێ سەربازەیكانی وڵاتەكەت بكە كاتێك هەلاهەلابووە. یەكێك لەو سەربازانەی هەمیشە پێیان ئەڵێی كوڕی خۆم، بەڵام ئەوانە كوڕی تۆنین، ئاخر جیاوازی زۆرە تۆبێیتە سەر تەرمی بێگانەیەك بەدڵ‌و ڕۆحی خۆت‌و لەسەر تەرمی كوڕەكەتدا بووەستیت. جیاوازی زۆرە لاشەی پارچە پارچەبووی كەسێك ببینی هیچ هەستێكی مرۆڤانەت بۆی نیە‌و پێی ئەڵێ‌ی كوڕی خۆم، لەگەڵ لاشەی كوڕەكەتدا كەكزەی جەرگتە، بەبیستنی هەواڵەكەی لەناخەوە ڕائەچڵەكێی‌و تاهەتایە ئاسەواری لەسەر دڵ‌و دەروونت ئەمێنێ. من ئەپرسم ئایا ئەوانەش كوڕی دایك‌و باوكێك و كزەی جەرگی كەسێك نین، ئەوانیش دڵیان داناچەڵەكێ ؟! خاوەنی عاتیفەیەك، خۆشەویستیەك نین دەستیان لەسەر دڵیانە؟؟ خاوەنی ئەو مناڵانەنین لەسەرسوچی كۆڵانەكاندا چاوەڕێی گەڕانەوەی باوكیانن؟؟

گەورەم ………كاتێك تەرمێك دەگەڕێتەوە وەكو ژمارەیەكی بیركاری لێی مەڕوانە، وەكو ژمارەیەكی سەربازی سەیری مەكە، تەنیا واهەست بكە هەربەڕاستی ئەوە كوڕی ڕاستەقینەی تۆیە، ئەو كاتە بزانە جەنگ چ بار گرانیەكت لادروست ئەكات؟!! تەنیا بیری لێبكەرەوە سەركەوتن ئەو خوێنە ئەهێنێ‌ لەپێناویدا ئەی بەخشی؟! جەنگ لەو هەموو كارەساتانە بەنرخترە بەرپای ئەكەی ؟؟! 

ئەو ساتەش بڕیای شەڕێكی خوێناویت ڕاگەیاند بەپێكەنینەوە ئەت وت :” دووژمنمان بەخەیاڵی خاویان ئەیانەوێت ڕۆڵەكانمان بكوژن، خاكمان داگیربكەن، برسێتی‌و ئافاتمان بۆبهێنن؟!”. جاری َ لەوەی گەڕێ بۆ شەڕ هەمیشە كۆمەڵێ بیانوی جۆراوجۆر ئەدۆزنەوە، بەڵام ئایا شەڕیش ئافات‌و برسێتی‌و تازییە باری بەدەمەوەنەیە؟! ئاخر تۆنازانیت شەوانە بەدەنگی چ مۆسیقایەك ئەخەویت‌و ئێمەش چ بۆمبایەك ڕامان ئەچڵەكێنێ‌؟! تۆنازانیت لەكۆشكەكەتدا چەنێك شەراب ئەخورێتەوەو لەسەنگەرەكەی ئێمەشدا چەنێك خوێن ئەڕژێ !

پییاوی گەورە …………

تۆ حەزت لێیە گرانترین بۆن لەخۆت بدەیت كاتێك لەگەڵ ژنە غەریبەیەكدا ڕائەكشێی‌و لەم پێناوەشدا بەلاتەوە ئاساییە پارەی خۆراكی گەڕەكە ماڵێكی پێبدەیت، ماڵێك لەوماڵانەی ئەشێت كچێكیان لەحەرام سەراكەی تۆدا گریانی خوشك‌و براهەتیوەكانی، سفرەی خاڵی‌و ئازاری سك، ناچاریكارێكی لەوشێوەی كردبێت كەبەڕۆحی ئەو نامۆیە، لەپاڵ هەر جوتبونێكدا، كەپڕە لە لەزەتی ئێوەو مردنی خۆی، لەكارەكەی خۆی لەتەریقیدا ببینێت، بەڵام تۆ قەت بەپێی پەتی بەناو خەیاڵێكدا هاتوو چۆت نەكردووە تا شەوی ناو كۆشكەكەت بەراورد بكەیت بەشەوی ناو خوێن‌و بۆنی تەرم‌و دوكەڵی بارووت، مۆسیقای ناو ژوورەكەت بەراورد كەیت بەدەنگی تفەنگەكانی شەڕ، گۆرانی كچە سەماكارەكانت بەراورد كەیت بە بەدەنگی تانك‌و بۆمبا. پیاسەیەكی هەژارانەت بەناو ویژدانی خۆتدا نەكردووەو، گوزەرت نەكردووە بە وێرانی ماڵی ئەو كچە هەژارەی لە كۆشكەكەتدا سەمائەكات‌و جەستە نەشمیلانەكەی بۆ نانێك فڕێداوەتە بەردەمی ئەو پیاوەی باڵەخانەكەی لە بەهەشتێك ئەچێت خەیاڵ دروستی كردبێت. بمبورە ئاخر ئێمەی سەرباز بەتلیاكی هیچ جۆرە ئایدۆلۆژیایەك ویژدان‌و بەزەیمان مودمین ناكرێ‌، ئەشێت گیانمان شی‌و شیتاڵ بێتەوە ویژدانمان گوللە باران بكرێ‌، بەڵام ویژدان شتێك نیە ئافاتەكانی جەنگ بیكوژێ‌ . سەرەڕای بینی ئەو هەموو خوێن‌و ئەو هەموو كارەساتە دڵ تەزێن‌و جەرگبڕە، ویژدان‌و خەیاڵ‌و بیركردنەوەمان زیندووە، بۆیە زۆرجار كەڕێم ئەكەوێتە كۆڵانی خەیاڵی خۆم‌و لەخۆم ئەپرسم لەپێناوی چیدا بمرم، كاتێك كۆشكەكەی تۆ پڕە لەسەمای مەرگی ئەو كەنیزەكانەی سێكس وەكو بەشێك لەمردن ئەبینن؟؟ ئاخر تۆ حەز ئەكەیت كوڕوكچەكانت لەبەرزترین زانكۆكانی جیهان نمرەبەدەست بهێنن، هەر ڕۆژەی لەباڕو دیسكۆیەكدا، هەر شەوەی لەباوەشی سۆزانییەكدا پارە تەخشان‌و پەخشان بكەن. كاتێكیش گەڕانەوە ئەستێرەو مانگ‌و داڵ‌و مەدالیای شەرەف سەرسنگ‌و دڵیان پڕبكات، ئێمەش ئەگەر وەكو گەنمی ژێر دەستاڕ لەهەزار دانە دانەیەكمان بەڕۆحێكی مردووەوە گەڕایەوە، ئەوا شتێك لەو شتە قەڵبانەی كەنیشانەی كەرامەتن، لەسەر شانمان دابنێن.

خاوەن شكۆ: ئەمانە بۆخۆت، ئەم مەدالیای شەرەفانە بۆ كوڕەبەناز پەروەردەكانی تۆ. تۆ نازانی خەونەكانی من چەندە سادەن نابن بەحەقیقەت! من خەو بەژیانێكی سادەوە ئەبینم ئێواران بەجلی تۆزاویەوە بگەڕێمەوە‌و هاوسەرەكەم بەماچێك ماندوێتی گیانم دەركات، منداڵەكانم بەپیریمەوە ڕابكەن‌و نوقلیان بدەمێ ، هەركات چووم بۆسەفەر جامێك ئاوم بەدوادا بڕێژێ‌ نەوەك بەلیباسێكی خوێناوییەوە لەحزوری تۆدا بوەستم‌و مەدالیای سەركەوتنم بدەیتێ‌ لەكاتێكدا ویژدانم خوێنی لەبەر ئەڕوا، خوێنێك لەقیامەتیشدا لەكۆڵی ڕۆح‌و ویژدان‌و دڵم نابێتەوە. 

چاكم لەبیرە سەرەتای شەڕبوو لە تەلەفیزۆنەكەوە پێت‌وتین:”نیشتمان شەرەفتانە” ئێمەش لەسەنگەرەكانەوە هاوارمان ئەكرد “نیشتمان شەرەفمانە!” ئێستا تف لەو شەرەفە ئەكەم تۆ بێ شەرەفی لەسەر ئەكەیت. ئایا هەموو ئەوانەی ڕۆژانی سەرگەردانی خەویان ئەبینی، خەویان بەنیشتمانێكی خاڵی لەخوێن‌و برسێتیەوە نەئەبینی؟؟ بنیم خاوەن شكۆ، .. دەزگیرانی هاوڕیكەمم بینی، سەرەگەورەكانی وڵات بەڕۆژەڕەشەكانی ئەو شەوەكانیان سورئەكرد!! ئەو شەوانەم هێنایەوەیاد لەناو دوكەڵا بۆی ئەگریام، ئەو ڕۆژانەم كەوتنەوە بیر خەریكی پاك كردنەوەی خوێن‌و پارچەگۆشتی وردی ئەو بوین بەدیواری بارەگاكەو جلەكانمانەوە، تفم لەخۆم‌و هەموو پیرۆزییەكان كرد، نەفرەتم لەهەموو ئەو سەرانە كرد بێویژدانیان تیا سەوزئەبێ. گەڕامەوە چومە سەنگەرەكۆنەكەی جاران‌و ئالەوێدا گریام، حەزم ئەكرد هەموو دنیا فرمێسكەكانم ببینێ. هەر لەو شوێنەدا ڕاكشام پەنجەی (ئازاد) لەسەر سینگم كەوتبوو، چومەوە ناو ئەوشەوانەی پارچەگۆشت‌و ئێسقانم كۆئەكردەوە، هی خۆشەویسترین‌و ئەمەكدارترین هاوڕێ. بیرم لەو ئێوارەكردەوە پێش ڕەویمان كردوو گوللەیەك بەرقاچی چەپم كەوت‌و بەفانیلە عەلاگەكەی برینەكەی بەستم، چەندجار تكام تیاكرد بەجێم بێڵێ، خوێنی زۆرم لێ ڕۆیبوو، وتم “ئازاد ئەوە سێیەمین جارە پێوەئەبین‌و تۆش هاكا هاتیت بەلادا. لەم هەموو بۆسەو گوللەبەئاسانی دەرباز نابیت، بەبریندارێكی نیوەمردوەوە ئەتەوێ‌ چی بكەیت؟! تۆ بڕۆ بیكەی بەخاتری خوا، تازە دەزگیرنداری، دایك‌و باوك‌و شەش خوشكەكەت بەرگەی مردنی تۆناگرن، دەزگیرانەكەت باڕەشپۆش نەبێت”.سەرسەختانە پێی وتم “تكات تیائەكەم سوكایەتی بەویژدانم مەكە، برینەكانی من شوێنی كاریگەرنین، یاهەر دووكمان پێكەوە دەرباز ئەبین یاهەردووكمان پێكەوە ئەكوژرێین” 

خاوەن شكۆ …..،لەناو ئێوەدا ئەو قسانە بوونی نیە، بۆیە ناچنە سەر گۆڕ یەكتری ‌و بۆیەكتری ناگرین. بۆیە هیچ كەسێك لەدڵی ئێوەدا زیندوو نامێنێتەوە، بۆیە هەر شەش ملیاردەكەی سەرزەووی بدەن بەكوشت تەنیا لەبەرئەوەی خۆتان خۆش بژین باكتان نیە. بۆماڵ‌و مناڵی یەكتری خەمبار نابن. هاوڕێكانیشت لەسەر تێریو هەوای ناوگەڵیان لەدوای لەدەسدانی ئازیزترین كەسیانەوە هەرڕۆژەی لەدوای لەزەتی ڕەنگ‌و ڕەگەزێگی تروێڵن. لای ئێوە ئەوەی هەیەو نیە جۆریكە لەچاڵ هەڵكەندن‌و پاشقول لەیەكتری گرتن، تەنانەت گریانیشتان بۆئەوكەسانەنیە ئەم كارانەتان بۆئەكەن. ئێستا ئەگەر ترس لەئایندەی كەسوكارەكەشم نەبوایە ئەواخۆزگەم ئەخواست هاوەنێك ئەم جەنەڕاڵە دۆڕاوەی كوشتبایە مەدالیا ئازایەتیو ئازاری ویژدان خەریكن دەیكوژن.

نا…،خاوەن شكۆ من سەربەدنیاكەی ئێوەنیم‌و مەدالیاكانی ئێوەش مەدالیای شەرەف نین…. من هەموو خەونەكانم لەسەنگەرا لەگۆڕنران. ئێستا خەونێكی ترم نیە بۆی بژیم، جگەلەوەی بەدوای خەونی مەینەتیەكانا بڕۆم، جگە لەوەی بیری ئێوەی بێنمەوە ئێوەلەسەر ئێسك‌و پروسكی ئێمە دانیشتون‌و شەرابی خوێنی ئێمە ئەنۆشن‌و، لە شەوە تاریكەكاندا كچێنی كچەكانی ئێمەو دەزگیرانەكانمان دائەگیرسێنن! تا بیرتان بهێنەمەوە ئێوە لەناو بچوكی خۆتاندا نوقم بوون. ئەگەر كەسێكیش پی وتن ئێوە گەورەیتان لەقوماردا دۆڕاندوە ئەوا خاچێكی بەدیاری بۆئەنێرن‌و دەرفەتی نادەن هیچی تربڵێ. ئێستامن ڕەزامەندم بەخاچەكەدا دامكوتن، لەبەر ئەوەی من قسەیەكم هەیە بۆوتن، لەهەموو ئەوانی تر جیام دەرفەتتان نەدان هیچ بڵێن، بەكافرو خائین‌و خۆفرۆش ناوتان بردن. لای ئێوە هەر كەس قسەیەكی تری لەسەر ئازاری خۆی هەبوو، خۆ فرۆشە. ژیانی لەمردن خۆشتر ویست ترسنۆكە. بیری لەهەتیوی مناڵەكانی كردەوە نیشتمانی خۆش ناوێ . دڵی داچڵەكی ئاخۆ دەزگیرانەكەی دوای كوژرانی لەباوەشی كامتانا ئەخەوێ‌، ئەوا بوودەڵەو هیچ تیا بەسەرنەبووە، بەڵام پێم بڵێ ئەگەر ئێمە بەم تاوانانە مەحكومین ئەگەر بیرمان كردەوە ئێوەلەدوای ئێمە لەسەر جێگای ژنەكانمان خەوتن‌و مناڵەكانتان بینین لەسەرجادەكانی سواڵكردن‌و بەخوێنی ئێمە قومارتان كرد، ئەوكاتە ئێوە بەچی مەحكومن؟! 

خاوەن شكۆ،.. دوای ئەوەی كۆشكە ئاڵتونیەكانی ئێوەو خانوە قوڕەكانی ڕەزالەتم بەراورد كرد، دوای ئەوەی دەزگیرانەكەیتان ناردوو لەجەنگدا شەهید بوو، لەباوەشی دەزگیرانەكی (ئازاد)دا خەوتن، گەیشتمە ئەو یەقینەی ئەوەی ڕوویدا شەڕێكبوو لەپێناو ئاسودەیی تۆدا، نەك لەپێناوی نیشتماندا. نیشتیمان لەبەهانەیەك زیاتر نەبوو خۆشبەختی ئێوەو مەینەتی ئێمە، لەبیانوویەك زیاتر نەبوو بۆ شەڕ، شەڕ بۆبێ شەرەفی تۆ نەك لەپێناوی شەرەفی نیشتماندا. شەڕبوو لەسەر لوتكەی ڕەزالەتی ئێمەو بۆتۆش لەپێناوی ئەوجی گوزەراندا.

تۆ هەمیشە ترست لەوەهەیە جەنگ كورسیەكەت لێ بسەنێ، بۆیە لەناو ترسی ئایندەدا غەرق بوویت، بۆیە لەناو خوێنی ڕابردوودا نوقم بوویت، بۆیە ترسی ئایندەت وێرانی كردوویت. بۆیەكەمجار ئالەم چاڵە بۆگەنكردووەدا گوللەهاوەنێك كەوتەناومانەوە، ڕَیك ئالەو كاتەدابوو ئێوەبەدەنگی مۆسیقای جیاواز جۆرەكانی دانس‌و دەستی كەنیزەكەكانتان ئەگۆڕی، بەڵی ئەو دەنگە شومە بەخەبەری هێناین، شتێك لەسەر لای چەپی سنگی من بوو، ڕێك لەسەردڵم كەوتبوو، لەهەمان ئەوشوێنەی ئێوە نەهەستی تیادایەو نەویژدان. بینیم پەنجەی پەڕیوی هاوڕێكەم”ئازاد” بوو، هێشتا ئەڵقەی دەزگیرانێتی تیادامابوو خوێنی لێئەڕۆیی. كاتێكیش پارچە گۆشتەكانیمان خستە گۆڕ، جەختم لەسەر ئەوەكردەوە ئەبێت ئەو پەنجەیە بەو ئەڵقەیەوە بنێژرێت، ئاخر ئێوە نازانن كاتێ:” ئەو پەنجەیە ئەقرتێت، پەنجەیەكی تریش ئەمرێت، كاتێكیش ئەو دڵە ئەكوژرێت تاهەتاهەتایە دڵێكی تر خوێنی لەبەر ئەڕوات”. نا،ئێوە لەهاوڕی كەیف خۆشەكەی من ناچن، شەوان بەگاڵتەو نوكتەو بەزم سازكردن هەمیشە مەرگی لەبیر ئەبردینەوە. بەداخەوە ئێوە دیسان ئەوەش نازانن مرۆڤ لەسەنگەردا ئەبێت بەردەوام دوژمن‌و ترسی مردن ڕاونێت. نازانن لەدڵی مرۆڤدا چی دەگوزەرێ، چونكە هەركاتێك لەسەمایەكی وروژێنەر بێزار ئەبن دەستی كچۆڵەیەك بەرئەدەن‌و دەستی یەكێكی تر ئەگرن. لەلەزەتی لەشێك بێزار ئەبن لەزەتی لەشێكی تر ئەكڕن‌و خۆشبەختانە هەمیشە دڵتان بەدوای شتێكی وندا ئەگری‌و نازانن چیە، بەڵام من پێتان ئەڵێم ئەوە عیشقە، ئەوە بەزەیی‌و ویژدان‌و مرۆڤایەتیە، لەناو دڵی ئێوەدامردووە.

من ئەمڕۆ ترسی مردن دایگرتم، كاتێكیش نامەیەكم لەدەزگیرانەكەمەوە پێگەیشت، ئەوەندەی تر باوەشم كردبەژیانا‌و تێگەیشتم ئێوە هەرگیز كەسێكتان خۆش نەویستووە، دەنا بەو ئاسانییە بڕیار لەشەڕێك نادەن سەدان هەزار منداڵی تێدا هەتیوو ئەكەوێت، بەهەزارانی تێدا بێوەژن ئەبن. ئێوە هەرگیز ڕۆژێك لەڕۆژان سەمونی جۆو ئاوی بۆگەنكردووتان نەخواردوەتەوە. ئێوە هەرگیز بەگیرفانی خاڵیو سكی برسیەوە شەو ڕۆژتان بەڕی نەكردووە. هەر گیز لەشەقامی سواڵكەرانەوە سەیری باڵەخانەكانتان نەكردووە، هەمیشە لەكۆشكەكانەوە مرۆڤتان بەبچوكی لە شەقامەكاندا بینیوە، لەوێشەوە مرۆڤ لەكەلاشووشەی یاری كردن‌و ژیان لەداشماڵی شەتڕەنج ئەچێت. من دڵنیام ئەگەر ڕۆژێك چاوتان بەخوێنی خۆتان بكەوێت، جەرگی سوتاوی خۆتان لەكوشتارگاكانەوە بۆبێتەوە، لەجێی سواڵكەرەكان هاواری پاروەنانێك بكەن ، كەسێك لەكەسە نزیكەكانتان لەشی بۆنانێك بفرۆشێت، ئەوانە بیر لەشەوە سورەكانتان ئەكەنەوەو نەخەیاڵیشتان بۆئەوەئەچێت ئەو هەموو سامان‌و دارایییەی مرۆڤ بدەن بەبارووت‌و بەسەر مرۆڤی برسیو چارەڕەش‌و كوللەمەرگیدا بیبارێنن . 

خاوەن شكۆ…،من ناڵێم تۆ هەقی ئەوەت نیە پێمان بڵێی جەنگاوەرێكی بەجەرگبن، نەلەمردن بترسین‌و نەلەئازار، بیر لەدەزگیران‌و مناڵەكانتان مەكەنەوە، بەڵام ئێمەش حەقی ئەوەمان هەیە پێتان بڵێین كەئێوە تاجی بەخوێن كڕاوی ئێمە لەسەرئەكەن پێویستمان پێتان نیە لەسەر گۆڕەكانمان ڕێز بنوێنن، تەنیا لەسەر لافیتەو گۆڕەكاندا بزانن بونمان هەبوو، تەنیا لەكاتی جەنگدا بزانن ژمارەمان چەندە. نائێمەی كوژراو ئێمەی ئەوانەی كەلەیادی شەهیدبوون‌و چلەی ماتەمینی‌و ئالەو جۆرە ڕەسمیاتە درۆینانەدا، خولەكێك بەپێوە ئەوەستن بۆمان‌و “ئەویش ئەكەن بەدە چركە” لەبیرتان بێت ئێمە دڵیكمان لای ژیان بەجێهێشت ، لای ئەو ژنانە جێمان هێشت لەسەر جێگاكانیان ئەخەون، لای ئەو مناڵە هەتیوانە جێمان هێشت كەپاروی دەمیان ئەدزن. فەرشی سوری ئێوە خوێنی ئێمەیە نەك پەڕەی گوڵی خۆشەویستی، خوێنی ئەو جەنگاوەرانەیە پێش ئەوەی بیر لەڕاست‌و ناڕاست، مەنتیق‌و نامەنتیق، بكەنەوە، فریوی هەست‌و سۆزیان خواردو، بەدوای بژی‌و بڕۆخێ دا ڕۆشتن‌و هەرگیز نەهاتنەوە. 

خاوەن شكۆ…، كاتێك سەربازێكی دوژمنم تیمارئەكرد، هەستم كرد ئیتر ئەوان دۆژمنی من نین. دوژمنێك خوێنی لەبەر ئەڕۆیشت، ئایا ئەویش مرۆڤ نەبوو ئازاری ئەكێشا؟! ئەبوو تیمارمان بكردایە، ئایا ئەویش كەسانێكی نەبوو خۆشی بوێن‌و هەست‌و سۆزیان بۆی هەبێت؟ مناڵێكی نیەبیری بكاو چاوەڕێی گەڕانەوەی بێت؟ لەخۆمم پرسی بۆچی ئێوە سەركردەكان لەهەمووشتێك زیاتر عاشقی خوێنن‌و عاشقی گوڵ نین؟! بەڵام دەبوو شەڕەكە لەنێوان ئێمەی سوپاكانی ڕەزالەت‌و ئێوەی سەركردەكانی خۆشگوزەرانی دابێت، چونكە ئێمەی جەنگاوەرەكان وەك یەك خوێنمان لەبەر دەڕوات، وەكویەك بریندار ئەبین‌و ئەكوژرێین، وەكو یەك ئازاری دووری ماڵ‌و مناڵمان جەنگ ئەچێژین، ئێوەش وەكویەك شەراب دەنۆشن ، وەكویەك بێئاگایتان ئەنواندو، وەكویەكیش شەوەسورەكانتان بەڕێ ئەكەن‌و وەكویەكیش باسی پیرۆزی، خاك، دین، خوا، نەتەوە، ئازادی‌و هەڕەشەی دوژمنان ئەكەن، بەڵام ئایا مرۆڤ لەهەمووشتێك پیرۆزترنیە؟! نا..،ئێوە دووژمنەكانی ئێمەبوون‌و ئێمەش لەژمارەیك زیاتر نەبوین لەلاتان، شەڕیش لەنێوانتانا شەتڕەنجێكە بۆبێتاقەتی خۆتان‌و دەسكەوتی زیاتر ئەیكەن. ئێوە تەنها ناشرینی بەرامبەرەكانمانتان نیشانداین، بەڵام خۆشتان هەمان هەڕەشەو ناشرینی بوون، ئێوە وێنەی جەنگاوەرێكی دڕندەی دووژمنتان نیشانداین، بەڵام پێش ئەوەی دووژمنمان بن وەكو ئێمە بەزۆرهاتبوون. ئەوانیش وەكو ئێمە خاوەنی هەژراری‌و عەشق‌و عاتیفەن، ئەوەی لەم جوانیانە بێبەری بوو تەنهاوتەنها ئێوبوون، ئەوەی دڕندەیە تەنیا ئێوەی سەركردەكانن، ئێوە ئەوانەی لەشەقامی سواڵكەرەكانا ڕوو وەرئەگێڕن، ئەوانەی فەرمان ئەدەن كەلاوەی هەژاران بڕوخێنن‌و خوێنیان بكەن بەشەراب.

لەوەتەی مێژوو هەیە شەڕێك هەیە، شەڕێك لەنێوان جەنگاوەرو جەنگاوەردا، كەدەبووسەركردەكان بیكەن ژیانیان بەهەشتە. دەبوو جەنگاوەران برابن‌و دژی سەركردەكانبن. بەدرێژایی مێژو تەنیا شەڕێك هەیە ئەویش ئەوەیە سەركردەكان تیایدا براوەن‌و جەنگاوەرەكانیش تیایدا دۆڕاون!!حەقیقەتیش لەمە زیاتر شتێكی ترنیە.

 

هەردى شەفیق)*)

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.