به سیاسیكردنی ئیسلام بۆخۆی فێڵه
ده‌سخۆشیكردن له یه‌كگرتووی ئیسلامی بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی یاسای پاراستنی پیرۆزیه ئاینیه‌كان، هاوڕێی ڕوناكبیرم كاك ئیسماعیل حه‌مه ئه‌مینی هێناوه‌ته قسه، به‌جۆرێك ئه‌و پێی وایه به‌شێك له نوسه‌ران بۆ به‌رگریكردن له ئیسلامی سیاسی، په‌له‌كردنیان پێوه دیاره و ئه‌مه‌ش دووره له هه‌موو تێگه‌یشتنێكی فكری ده‌رباره‌ی ئه‌زموونی ئیسلامییه‌كان.
ئیسماعیلی هاوڕێم پێی وایه كه دیسانه‌وه ئیسلامی سیاسی فێڵمان لێ ده‌كات. ئه‌مه له كاتێكدا كه من ده‌ڵێم تێكه‌ڵكردنی ئیسلام و سیاسه‌ت هه‌ڵه‌یه‌كی مه‌نهه‌جی و فكری و فه‌لسه‌فی گه‌وره‌یه و فێڵێكی هێنده دیار و ئاشكرایه كه دیسانی ناوێت. دیسانی ناوێت نه‌ك هه‌ر ئیسلامی سیاسی، به‌ڵكو بنیادنان و ئۆرگانیزه‌كردنی پارت و گرویه‌كان له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا به عه‌لمانی و ئیسلامیه‌وه دواجار فێڵێكی گه‌وره‌یه. به‌ڵام پرسیار له‌وه‌دایه كه من و به‌شێك له نوسه‌ران، بۆ كه‌وتینه به‌رگریكردن له‌م هه‌وڵه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی؟ بێشك من و به‌شێك له‌و نوسه‌رانه‌ی به‌رگریمان له هه‌وڵه‌كه‌ی یه‌كگرتوو كرد كه دیارترینیان مه‌ریوانی وریا قانع بوو، عه‌لمانین و به‌ده‌نگی به‌رزیش نه‌مانشاردۆته‌وه ده‌سه‌ڵاتی دینیمان قبوڵ نیه. من وه‌ك خۆم به‌ده‌نگی به‌رز پێت ده‌ڵێم ئه‌م هێزه ئیسلامیانه‌ی لای خۆمان به‌م عه‌قڵه داخرا و و كۆنزێرڤاتیڤه‌یانه‌وه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست كاره‌ساتی گه‌وره ده‌قه‌ومێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌زانم له‌ناو ئه‌م هێزانه‌دا هه‌نگاوی گرنگ هه‌یه، به‌شێكی زۆری پارله‌مانتاره‌كانیان له پارله‌مان به‌رگری له خواستی خه‌ڵك و داهاتی خه‌ڵك ده‌كه‌ن كه ئه‌ندامانی حزبه عه‌لمانیه‌كان ئه‌وه ناكه‌ن. ئه‌زیزم كه هێزێكی ئیسلامی ئه‌مری واقیع بێت و بوونی هه‌بێت و له پارله‌مان نوێنه‌ری هه‌بێت بۆ شه‌رمه ئه‌گه‌ر هه‌نگاوێكی مه‌ده‌نی و دیموكراسی بنێت شایه‌نی ده‌سخۆشی نه‌بێت؟ هاوڕێم ئه‌وه یه‌كگرتووی ئیسلامیه پێش هه‌ر هێزێكی عه‌لمانی به به‌رچاوی هه‌موومانه‌وه ئه‌مینداره‌كه‌ی گۆڕی، له‌كاتێكدا حزبه عه‌لمانیه‌كان سه‌رگه‌رمی پیرۆزكردنی سه‌رۆكه‌كانیانن. من ده‌پرسم یاسایه‌ك ده‌ربچێت بۆ پاراستنی پیرۆزیه ئاینیه‌كان و زۆرێك له ڕۆشنبیران كه‌مپه‌ینی بۆ بكه‌ن و ڕه‌تی بكه‌نه‌وه، یه‌كگرتوو بێت بڵێت یاسای پاراستنی مرۆڤ گرنگتره، بۆ شایه‌نی هاندانی زیاتر نیه بۆ هه‌نگاوی دیموكراسیتر و مه‌ده‌نی تر؟
له مه‌به‌سته‌كه‌ت تێده‌گه‌م ئه‌زیزم كه تۆ په‌رۆشی فه‌زایه‌كی دیموكراسیت، به‌ڵام له‌وه‌ش تێ بگه ئه‌زیزم به‌شێكی زۆری ئه‌و یاسایانه هێزه عه‌لمانیه‌كان و مه‌لاكانیان له پارله‌مان دایانده‌ڕێژن، ئه‌وه هێزێكی سیاسی به‌ناو عه‌لمانیه كه سه‌رگه‌رمی دوورخستنه‌وه‌ی كێشه زه‌مینیه‌كانه و ده‌یه‌وێت كێشه‌ی ئاسمانیمان بۆ دروست بكات. پیشه‌ی ئیسلامی سیاسی و به‌كارهێنانی دیموكراسی بۆ لێدان له دیموكراسی ڕوون و ئاشكرایه، زیاد له ئه‌زموونێكمان له‌به‌ر ده‌سته كه ئیسلامی سیاسی هاته سه‌ر ده‌سه‌ڵات چی ده‌كات، به ئاردۆغانیشه‌وه له توركیا كه كه‌مالیستێكی بێ كه‌ڵبه‌یه، به‌ڵام دواجار ئه‌زیزه‌كه‌م ده‌بێت بتوانین مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م هێزانه‌دا بكه‌ین كه كوڕی كۆڵانه‌كانی خۆمانن و ده‌نگیان هه‌یه.
سه‌یری كۆمه‌ڵی ئیسلامی بكه. له ساڵی نه‌وه‌ته‌كان عه‌لی باپیر ده‌ڵێ دیموكراسی كوفره، كه‌چی ئیستا براده‌رێكیان ده‌ڵێ دیموكراسی كوفره، مه‌كته‌بی سیاسی ڕه‌تی ده‌كاته‌وه، جاران ئیسلامیه‌كان له هه‌ورامان سه‌نگه‌ریان گرتبوو، ئیستا خوشكانی ئیسلامی به‌رپه‌رچی دڵشاد گه‌رمیانی ده‌ده‌نه‌وه كه باس له ده‌ركه‌وتنی ئافره‌ت ده‌كات له شاشه‌ی تی ڤیه‌كانه‌وه. چی بكه‌ین؟ هه‌ر سور بین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان ماسكیان پۆشیوه و درۆمان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن؟ ئه‌ی دواتر چی؟ چ ڕێگه‌یه‌كی تر هه‌یه تا بتوانین ئه‌م هێزانه ڕا بێنین ده‌ست و په‌نجه له‌گه‌ڵ دیموكراسیدا نه‌رم بكه‌ن جگه له هاندانیان بۆ به‌رگری كردن له دیموكراسی و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی؟
ماسكی سه‌رجه‌م هێزه‌كان دیاره به عه‌لمانیه‌كانیشه‌وه، له ئێستادا پایه‌كانی عه‌لمانیه‌ت له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا به‌هێزتره له ئیسلامیه‌كان و ئیسلامی سیاسی ده‌نگه‌كانی ناگاته پازده كورسی، ئه‌م ترسه له ئیسلامی سیاسی دروسته، به‌ڵام ده‌بێت له‌وه‌ش تێبگه‌ین، هه‌نگاوه ته‌قلیدیه‌كانی به‌ناو عه‌لمانیه‌كان له بیست ساڵی ڕابردوودا هیچی كه‌متر نه‌بووه له هه‌نگاوه سه‌له‌فیه‌كانی ئیسلامی سیاسی بۆ به‌ئیسلامكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه و بۆ سنورداركردنی به‌شێكی زۆری ئازادیه شه‌خسیه‌كان.
گه‌مه‌ی دوفاقی ئیسلامیه‌كان ڕوون و ئاشكرا دیاره. به‌ڵام ئه‌م هێزه ئیسلامیانه ئه‌گه‌ر هه‌نگاوێكی گرنگ بنێن له‌گه‌ڵ دیموكراسی و ئازادی‌دا یه‌گبگرێته‌وه بۆ شایه‌نی لایك كردن نییه؟ ڕێگه‌ی ترمان نیه هاوڕێم جگه له تێڕوانین له هێزه‌كان به گومانه‌وه، جگه له هاندانی هه‌ر هه‌نگاوێكی مه‌ده‌نی له‌لایه‌ن ئه‌م هێزه دینیانه‌وه بۆ پاراستنی كه‌رامه‌تی ئینسان.
Azizrauf75@yahoo.com