Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
نەخێر، سامی عەسکەری درۆی نەکردووە!

نەخێر، سامی عەسکەری درۆی نەکردووە!

Closed

 

 

 

پەرلەمانتاری سەر بە هاوپەیمانی نیشتمانی (سامی عەسکەری) بەر لە چەند ڕۆژێک باسی لەوە کردووە، کە هاوپەیمانی نێوان کورد و شیعە شتێکی (درۆیە). ئەو وتەیەش سەرکردایەتی کوردی هەژاند و خودی بەڕێز مام جەلالی ناچار کرد، کە داوای ڕوونکردنەوە لە هاوپەیمانی نیشتمانی بکات، کە ئایا ئەمە ڕا و بۆچونێکی تایبەت بە خودی پەرلەمانتارەکە خۆیەتی یاخود بۆچونی هاوپەیمانیش دەردەبڕێت. بەڵام ئەگەر چاوێک بە مێژوویەکی نزیکدا بخشێنینەوە لە پاش هەڵبژاردنی یەکەم حکومەت کە نوری مالیکی سەرۆکی وەزیرانی بوو، پاش ئەوەش دووبارە هەڵبژاردنەوەی بۆ جاری دووهەم، هەروەها ئەگەر چاوێک بە هەموو ئەو خاڵانەدا بخشێنین، کە حکومەتی کوردی لە ناو لیستی جێبجێکردندا پێشنیاری کردبوو، جێبەجێنەکردنی زۆربەی ئەو بڕیار و پێشنیار و داواکارییانەی کورد و بە تایبەتی ژمارە ١٤٠ و هەروەها هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی کە بەسەر ناوچە دابڕاوەکاندا هات هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن، کە سامی عەسکەری بە هیچ شێوەیەک شتێکی ناڕاستی نەوتووە، بەڵکو ئەو ڕاستییەی دەرخستووە، کە ئێمە لێی ڕادەکەین و کوردوتەنی ئەوەی لە ژێر بەڕەکەیە خسوویەتییە سەر بەڕەکە. 

کورد و سەرکردایەتییەکەی پێویستە لەو ڕاستییە تێبگەن، کە کورد نە خاوەنی برایەک و هاوپەیمانییەک بووە و نە ئەشبێت بە خاوەنی شتێک لەم شێوەیە، بەڵکو تاکە شتێک کە کورد و هەر لایەنێکی دیکە کۆبکاتەوە تەنها بەرژەوەندییە. ئەگەر ئێمە لەناو کۆمەڵگاکەی خۆماندا ئەو (هاوپەیمانێتی و برایەتی)یەمان هەبێت کە باسی لێ دەکەین، ئەوا ئەوەی پێویستمان پێ دەبێت لە دەری کۆمەڵگاکەمان بریتییە لە پێکەوەژیانێکی ئاشتییانە لە ناوچەکەدا. ئەزموونی مێژووییمان ڕاستی ئەم بۆچوونەی دەرخستووە و باشترین نموونەش لەبەر چاوماندا بریتییە لە ڕێککەوتنی سوریا و تورکیا و ئێران لە پرسی کورددا هەرچەندە لە زۆربەی پرسە نێودەوڵەتییەکاندا لێک جیاوازن و کێبڕکێیەکی بێسنوور لە نێوانیاندا هەیە. 

جارێکی دیکە با بگەڕێینەوە بۆ ڕووداوەکانی پاش هەڵبژاردنی یەکەم حکومەتی عێراقی و دامەزراندنی بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، دەبینین هەموو هەنگاوێک کە نراوە لە ناو پایتەختدا تەنها بۆ لاوازکردنی پێگەی کورد بووە لە بەغداد، لە کاتێکدا سەرکردایەتی کورد بەر لەو مێژووە سەرکردایەتی دامەراندنەوەی دەوڵەتی عێراق و ڕەوتی گۆڕانکارییەکانیان دەکرد و هەر سەرکردایەتی کوردیش بوو. کە هەوڵی یەکخستنەوەی برا سونی و شیعییەکانیان دەدا. لیستی هەنگاوە دوژمنکارییەکان دوور و درێژە، بەڵام بەعەرەبکردنەوەی ناوچە دابڕاوەکان و کۆکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە ناو سنورێکی تەسکی دەسەڵاتی نزیک بە مالیکی و جێبەجێنەکردنی زۆربەی خاڵە گرنگەکانی داواکارییەکانی کورد و فەرامۆشکردنیان و هەروەها بەرفراوانکردنەوەی دەسەڵاتی ناوەند لە ناوچە دابڕاوەکاندا بریتی بوون لەو کۆسپە گەورانەی کە دەسەڵاتی ناوەند بەرەو ڕووی حکومەت و دەسەڵاتی کوردی کردۆتەوە. کۆی هەموو ئەم هەنگاوانەش ئەوە دەردەخەن، کە شتێک نە هەیە و نە هەبووە بە ناوی برایەتی کورد و عەرەب نە شتێکیش هەیە بە ناوی هاوپەیمانی نێوان کورد و شیعە، بەڵکو ئەوەی هەیە و هەبووە و دەشبێت بریتییە لە خۆسەپاندنی عەرەب وەک برا گەورەیەک لە عێراقدا و کوردیش ڕۆڵی برا بچوک بنوێنێت. ئەمەش تێڕوانینێکی نەتەوەپەرستییانە نییە بەڵکو ئەنجامی ئەزموونی ئەو واقیعەیە کە تێڕوانینی پێکەوە ژیانەکە سەپاندویەتی لە ناو چوارچێوەی سنوری عێراقیدا. 

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە بریتییە لە تێڕوانین و پلانەکانی سەرکردایەتی کوردی، کە دەبووایە لە پاش پرۆسەی ئازادبوونی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ خۆیان بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە بکردایە. جا هەەروەک لە سەرەتای پرۆسەکەدا باسیان لە فیدراڵی و دیموکراسی و برایەتی کوردو عەرەب دەکرد، هاوکات پێویست وا بوو، کە پلانێکی ئەلتێرنەتیڤیان هەبووایە بۆ بارودۆخێک، کە ئەو خەونە شاعیرییانە نەیەنە دی و جارێکی دی سەرلەنوێ کورد بکەوێتەوە ژێر فشارێکی نەتەوەییانە. بەڵام زۆر بە داخەوە سەرکردەکانی کورد هەتا ئێستاش ناتوانن قبوڵی واقیعێک بکەن، کە شیعەکان بە ئاشکرا ڕووبەڕوومان دەکەنەوە، بەڵکو هەتا ئەم ساتەش باس لە هاوپەیمانێتی و برایەتی کورد و عەرەب دەکەین.

بێگومان ئەوەی ڕوودەدات لە سەر زەمینەی واقیعدا بریتییە لە (ئەنجام)ێک بۆ هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە بەردەوامە و کە بێگومان دەسەڵاتدار و سیاستمەدارانی کورد تیایدا بەشدار بوون. (ئەنجام)ی هەموو ئەو هەڵە یەک لەدوایەکانەی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی کورد بووە. بە وتەیەکی دیکە دەتوانین بڵێین، کە سەرکردایەتی کورد کاری لەسەر هێڵێک و پلانێکی ستراتیجی هاوبەش نەکردووە، کە هەموو لایەن و هێزە کوردییەکانی تیدا کۆببێتەوە و کە بتوانێت ببێت بە ڕێگا پان و بەرینەکەی سیاسەتی کوردی، بەڵکو هەتا ئەم ساتەش کاری لەسەر پەرچەکردار و چارەسەری کاتیی بۆ کێشەکان کردووە. دەسەڵاتدارانی کورد هێندەی کاریان لەسەر چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیان لە هەرێمی کوردستاندا کردووە، هێندە کاریان لەسەر چەسپاندنی پێگەی خۆیان لە بەغدادا نەکردووە و ئەمەش وای کرد، کە (هاوپەیمانەکانمان) زۆر بە ئاسانی و ژیرانە بتوانن بەو ئامانجانە بگەن، کە ئێمە نە خوازیاری بووین و نە بریشمان لێ دەکردەوە. کۆمەڵگای کوردیش لە هەموو ئەم پرۆسانەدا تەنها تەماشاکەرێک بووە.

ئێستاش ڕووبەڕووی واقیعە تاڵەکە بووینەتەوە و کاتی ئەوەش هاتووە دوور لە هەموو بەرەنگاربوونەوەیەکی چەکدارانە ئەوەی، کە چاوی خۆمانی لێ کوێر دەکەین، قبوڵی ئەوە بکەین کە هاوپەیمانێتی نێوان کورد و شیعە یان کورد و سونە تەنها لەسەر بەرژەوەندە کاتییەکان بەندە و هەتا ئێستاش کورد قازانجێکی وای نەکردووە نە لە یەکەمیان و نە لە دووهەمیان، هەروەها هەر کاتێکیش ئەوان بەرژەوەندییان بە ئاراستەیەکی نوێ بۆ بسازێت، ئەوا کورد فەرامۆش دەکرێت هەروەک لەم نۆ ساڵەی دوایدا بە بەرچاوی خۆماند اڕووی دەدا، ئێمەش هەروەک ئەوان بەر لە هەموو شتێک لە بەرژەوەندی خۆماندا کار بکەین و واز لەو خەونە شاعیرییانە بهێنین، کە کورد دەتوانێت پشت بەم لایەنە یان ئەو لایەنە ببەستێت. 

کامەران چروستانی 

chrostani@hotmail.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.