Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
پێویستی بۆ فەلسەفە …٣

پێویستی بۆ فەلسەفە …٣

Closed

 

 

ئامادەبوونی فەلسەفە لە ژیانا نیعمەتێ نەبڕاوەیە و شارستانی مرۆڤایەتیش لە دێرزەمانەوە بەم نیعمەتە ئاشنایە. ئەم شارستانیەتە بێ فەلسەفە ناکارێ بژیت. هەر لەسەرەتاوە فەلسەفە قسەی خۆی لەناو ئەم شارستانیەتە کردووە. گرێدانەوەی فەلسەفەش بە ژیانی ڕۆژانەوە، بەو پرسیارە کۆمەڵایەتی، ڕەوشتی و سیاسییانەوە بەندبوونە فەلسەفە لەناو ئەم شارستانیەتە جێقایمکردوون. بۆیە لەو تێگەیشتنە فەلسەفییە هیگڵییەوە دەستپێدەکەین کە پێیوایە “ئەو دەمەی هێزی یەکخستن و کۆبونەوە لەناو خەڵکدا ڕوو لە ونبون دەنێ ، ئەو دەمەی ناکۆکییەکان زیاددەکەن و ستاتۆسێ سەربەخۆش وەردەگرن پێویستی بۆ فەلسەفە دروستدەبێت”. ئێمە پێمانوایە ئەم تێگەیشتنە زیادلەپێویست بەسەر دۆزی هەنووکەی کوردستان ،لەئێستادا کە فەلسەفە تیایا وونە، پێڕەودەبێت. بۆیە لە شوێنێ وەک کوردستان پێویستی بۆ فەلسەفە لە لوتکەدایە. لێ کوا ئەو پێویستییە؟ و ئەو تێگەیشتنەش بۆ پێوستی بۆ فەلسەفە؟ یان بابزانین پێویستی بۆ فەلسەفە لە شوێنێ وەک کوردستان لە کوێوە سەرچاوەدەگرێ؟ چی وامانلێدەکات ئەم پێویستیە بەهەندوەرگرین و دەستبەرداری نەبین؟ بەپێی ئەوەی فەلسەفە چالاکیێ عەقڵی مرۆییە، یاخود فەلسەفە لە ڕیشەدا کردەێ مرۆییە پێویستی بۆ فەلسەفە دەبێت بە پێویستیێ مرۆیی. ئێمە کە مرۆڤین پێویستمان بە فەلسەفە دەبێت چونکە لە دواینباردا هەر ئێمەشین، ئێمە مرۆڤ، کە بەرهەمهێنەری فەلسەفەین. هەر فەلسەفەشە ، ئەڵبەتە پێویستیببونەکەش، ئێمە لە ئاژەڵە کێویی و دڕندەکان جیادەکاتەوە. دێکارت ووتەنیش ، لە کتێبی پرینسیپەکانی فەلسەفە، “ئێمەی مرۆڤ بەوە لووتبەرزین فەلسەفەمان هەیە و ئاژەڵە کێوییەکان و دڕندەکان ئەوەیان نییە”. وەکیتریش، پێویستی بۆ فەلسەفە پێویستییە بۆ هزرێ ژیانمان ڕاڤەدەکات. ژیانی ئێمەی مرۆڤ پێویستی بە ڕاڤەکردنی بەردەوامە ئەمەش تەنێ فەلسەفە دەکارێ پێیهەستێت. بڵاوبوونەوەی فەلسەفە لەناو کۆمەلگە و نەتەوەکانا (شارستانیەکانا) بۆ دێکارت ماناداربووە چونکە دێکارت پێیوابووە بڵاوبوونەوەی فەلسەفە یارمەتیمان دەدات خۆمان لەوی دڕندە و کێویە جیاکەینەوە.” ئەو وڵاتانەی خوا بەختەوەریاندەکات ، بەقەولی دێکارت، دەینکات بەخاوەنی فەیلەسوفی ڕاستەقینە”. ئەم تێگەیشتنە دێکارتییە بەرەو ئەوەمان دەبات بڵێین: فەلسەفەکردن مرۆییمان دەپارێزێ و هەمیشەش بیرماندەخاتەوە ئێمە مرۆیین و بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر بە بوون و هەبوونی بوونەوەرە ناژیرەکان ، ئەوانەی توانای فەلسەفەکردنیان نییە، لەئەستۆدایە. بەواتاێتر فەلسەفەکردن بریتییە لە چرکەی ڕووبەڕووبوونەوە لەتەک مرۆییبوونی خۆمان و دەورووبەرەکەشمان. ئەو ڕووبەڕووبونەوەیەش پێویستی بە عەقڵە ئەوەش لای مرۆڤ نەک بونەوەرەکانی تر دەستدەکەوێ. ئەم عەقڵەش پێویستە ڕەخنەگرانە بەکارببرێت. بۆیە ڕۆژی جیهانی فەلسەفە ئەوەمان یاددەخاتەوە پێویستی بۆ فەلسەفە پێویستییە بۆ عەقڵ. لەبەرئەوەی عەقڵ مانای بۆ فەلسەفە هەیە بۆیە لێرە ئاماژە بۆئەوەش دەکەین کە مرۆییبوونمان زەمینە بۆ هاوڵاتیبوونمان مسۆگەردەکا و بەمەش خونچەی لێبووردەی و پێکەوەهەڵکردن لەناومانا لەپشکوتندا دەبێت. گەر فەلسەفە بەمجۆرە نەشونما نەکات ناکارین چاخە تاریکەکانمان لە چاخە ڕووناکەکانمان جیاکەینەوە و پێویستیشمان بۆ فەلسەفە دەستنیشانکەین. ئەمە هەقایەتی ڕاستەقینەی فەلسەفەیە و لە یەکەم ڕۆژەکانی دەرکەوتنیشیەوە مرۆڤایەتی ئاشنایە پێی. دەکرێ ئەوەش بێژین کە هەتاڕادەێک ئەم هەقایەتە لە دیرۆکی فەلسەفەدا ڕیشەی خۆی بەچاکی داکوتیووە.

پێویستی بۆ فەلسەفەپێویستیە بۆ ئەو هێزی ڕاڤەکردنەی لە فەلسەفەدا پەنهانە. ئەم پێویستیە ئەو دەمە خۆی نیشاندەدات کە بەدووی مانای ژیانا دەگەڕێین، ئەو دەمەی دەگەڕێینەوە بۆ پرسیارە زۆر سەرەتای و سەرەکیەکان. تا پێویستیشمان بۆ فەلسەفە نەناسینەوە لەوە تێناگەین بۆ دەبێ بیرکەینەوە و بیرکردنەوەکانیشمان بە کوێ و بە چی دەمانگەێنن. هەمیشەش پێویستیمان بۆ فەلسەفە نوێدەبێتەوە کە دەمانەوێ هوشیاری خۆمان تاقیکەینەوە و لە زانینەکانمان دڵنیابین. بۆیە پێویستی بۆ فەلسەفە هەموووەخت لە نوێبوونەوەدایە و پێوەندیێ زۆریشی بە ماناکانی فەلسەفە و داواکانی ئێمە لە ژیان هەیە. ئاشکرایە پێویستی مرۆڤەکان بۆ فەلسەفە جیاوازە و لەسەر تێگەیشتنیان بۆ ئەرکی فەلسەفە و ناواخنی واتای فەلسەفە وەستاوە وەلێ تێگەیشتن و لێکدانەوەی ئەم ئەرک و ناواخنەی فەلسەفە لە کەپووری مرۆڤایەتی وەک یەک ڕەنگینەداوەتەوە و کاریگەریشی نەخستۆتەوە. هیچ دوورناڕۆین پێویستی ئێمەی کورد بۆ فەلسەفە وەک پێویستی ڕۆژئاواییەکان نییە بۆ فەلسەفە. چونکە فەلسەفە لە کەلەپووری ڕۆشنبیریمانا شوێنی وونە و کەلەپووری فەلسەفیشمان لەتەک کەلەپووری فەلسەفی ڕۆژئاوایی ناگونجێ و لە میکانیزمی بیرکردنەوەی تیۆریی ڕۆژئاواییەوە دوورە و تەماشاکردنیشی بۆ بناغەکانی هزری فەلسەفی تایبەتە. بۆیە مێژووی هزری ڕۆژئاوایی و کێشەکانی ئەم مێژووە لە کەلەپووری هزری و ڕۆشنبیری ئێمە ناچێت. ئەم جۆراوجۆریەش ئاسۆکان دەگۆڕن و پێویستیەکان ناهاوشێوە دەکەن. مانەوەی ئێمەش لەناو نەرێت و ڕابردووپارێزی و خولانەوە لەناو بازنەی هاوجۆری و دووبارەسازی پەرژینێ پۆڵاینیان خستۆتە نێوان ئێمە و ئەوان، ئێمەو پێویستیەکانمان، ئێمە و فەلسەفە. سەرئەنجام فەلسەفە لە هەل و مەرجی وادا نەک هەر نەشونما ناکات بەڵکو ناشبێت بە پێویستی. وەختێ پێویستی بۆ فەلسەفە چرۆ دەردەکات کە فەلسەفە وەک داڵدەی ڕاستەقینەی ڕوناکبیری تەماشاکرێت و فەلسەفە زەقترین فاکتەری بەرهەمهێنانی کردەی هزری بێت. کە فەلسەفە نابێت هزر وونە و شتی تر شوێنی فەلسەفە دەگرنەوە یان کاری فەلسەفە دەکەن. کە فەلسەفە نابێت بە پێویستی و ویست بۆ فەلسەفاندن لە پلەی هیچدا دەبێت جیاوازی و ئافراندن و ڕاڤەکردن ئەو بەها هزریەیان نابێت. چونکە ویست بۆ فەلسەفە ویستە بۆ هزر، بۆ خوڵقان و نوێسازی. هزریش لەناو ئەم شتانە چرۆدەکات و فەلسەفە بەرچاویترین مەکۆی بەخێوکردنی هزرە. چونکە توانای ڕووبەڕووبونەوەی هزر لەتەک ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە هێز لە فەلسەفەوە وەردەگرن و فەلسەفە هەوێنی پێکدادان و چارەسەرەکانیشە.

 

آ یۆنسکۆ ساڵی 2002 بڕیاریدا سێهەمین پێنجشەمەی مانگی نۆڤەمبەر (تشرینی دووەم) بکات بە ڕۆژی جیهانی بۆ فەلسەفە کە ڕێکەوتی سێهەمین پێنجشەمەی تشرینی دووەم – نۆڤەمبەر- ی گشت ساڵێک دەکات، واتە 15 ی ئەم مانگە. لەوکاتەوە ڕۆژی جیهانی فەلسەفە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بووە بە ڕۆژێک بۆ ئەنجامدانی کۆنفڕانس و ڤیستڤاڵی فەلسەفی. ئۆفیسەکانی یۆنسکۆ لەم ڕۆژەدا دونیایێک چالاکی لەشێوەی مێزگرد و سمینار و کۆنفڕانس بۆ  گفتووگۆکردنی ئەوی بە فەلسەفەوە بەندە ئەنجامدەدەن. ڕۆژی جیهانی فەلسەفە ڕۆژێکە لەپێناو نرخاندنی هزری فەلسەفی هاتۆتەسازاندن. 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.