Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
شوێنێک بۆ فەلسەفەی فێمینیزم (یان ژیندەر) لە زانکۆکانی کوردستان

شوێنێک بۆ فەلسەفەی فێمینیزم (یان ژیندەر) لە زانکۆکانی کوردستان

Closed

 

 

بۆئەوەی پەروەردەی فەلسەفی بگۆڕدرێ و ئەو سیاسەتی پەروەردە لەبارچووەی نێوەندی ئەکادیمی تەنیوەتەوە سەرنگوومکرێ و خودی پەروەردەش بە فەلسەفەوە گرێدرێ گرینگە فەلسەفە بێسنوور چالاک و کارابێت و دەرگا لەچەند بوار و پۆلێ زانینی بکاتەوە و بۆئەم مەبەستەش فەلسەفە لە نێوەندی ئەکادیمی زێدەپێویستە فڕەئاقار و بەرهەمهێنەر و کاریگەربێت و ڕۆڵی هەڵوەشانەوە و سەرلەنوێسازاندن ببینێ و قسە لە قسەلێنەکراو و پەراوێز و کەنارکراوەکان بکا و لەمڕووەشەوە مەرجە فێمینیزم (یان ژیندەر) لەلایەن فەلسەفەوە پشکی شێری بەرکوێت. وایشبۆدەچین ڕووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی دژ بە ژنان لە هیچەوە دەستپێناکا و پێویستی بە پاشخان و زەمینەێ هزری و تیۆرییە. واتە هزری فێمینیستی بریتی نییە لە کۆکردنەوەی کێشەکانی ژنان بەدەوری تەوەرێکدا کە تووندوتیژیە و فەرامۆشکردنی تێکڕای کێشەکانی ژنان و، کاری چالاکەوانانی بواری ژنان و ڕێکخراوەکانی دژبە تووندوتیژیش تەنیا بەوە بڕەووەرناگرن لەیادی ساڵڕۆژی ژنان و تووندوتیژی دژبە ژنان دەستدەنە وتاربێژی و کروزانەوە بۆ دۆزی بەدی ژنان بەڵکو ژنانی ڕۆشنفکر پێویستییان بەچوونەناو نێوەندی ئەکادیمیە تا لەوێوە کاریگەری لەسەر نێوەندی ڕۆشنبیری و مێدیا و پێشهەمووشی سیاسی دابنێن. ئەم لایەنەش بەهاو ڕەوایەتی خۆی تەنێ لە فەلسەفەی فێمینیزم (یان ژیندەر) ەوە وەردەگرێ کە ئەم بەشە لە فەلسەفە دەکارێ ستراتیژێ نوێ تایبەت بە دۆزی ژنان و وتاری ڕۆشنبیری جیا و یاخی لە کۆمەڵگەی تازەی کوردی داڕێژێ، ئەوەش پێیدەڵێن بزووتنەوەی فێمینیستی هیچکات ناتوانێ خۆی لە فەلسەفە و هزری هاوچەرخ دابڕێ ولەڕێگای وتاری سەرپێی و گوزارەی پەرتپەرت بەچارەسەر و تێگەیشتنی تۆگمە و سەڵمێنەداربگات.

ماف بۆ ووتنەوەی فەلسەفەی فێمینیزم (یان ژیندەر) لە زانکۆکانی کوردستان بێئەندازە گرینگ و مانادارە. ئەم مافە پێویستە لە مێدیاکانا گفتووگۆکرێ و لە نێوەندی ڕۆشنبیریش بێووچان بووروژێنرێت. دیارە ڕەووشی ئەکادیمی بەگشتی لە زانکۆکانی کوردستان و بەتایبەت لە بواری فەلسەفە یارمەتیدەرنیە تا ئەم بەشە شوێنی خۆی لەناو و لەتەک بەشگەلێ وەک فەلسەفە، کۆمەڵناسی، زانستیزمان، پەروەردە بکاتەوە بەڵام چالاکەوانانی بواری مافی ژنان و بزووتنەوەکانی ژنان لە کوردستان پێویست و مەبەستئامێزە کارێ زۆر بکەن تا خوێندنی فەلسەفەی فێمینیزم (ژیندەر) دەکەن بە بەشێ لە دمەزراوەکانی پەروەردە و مادەێک بۆ خوێندن لە قوتابخانە و کۆلێژەکانا.

ئەم لقە لە فەلسەفە دەشێ لە زۆربەی بەشەکانی زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتیەکانا بووترێتەوە، پێشهەموو شتێکیش لە بەشی فەلسەفە و دواتر لە بەشگەلێ وەک تیۆری سیاسی، ماف، کۆمەڵناسی، زانستی زمان و هونەر تەنانەت ڕۆژنامەگەریش. دیارە ووتنەوەی ئەم بەشە لە فەلسەفە لەم بارودۆخە ئەکادیمیە لەپاشەی ئێستای نێوەندی ئەکادیمی کوردی کارێ سانا نییە لێ پێویستە بیر لەم بیرۆکەیە بکرێتەوە و کاربۆ گۆڕینی پەروەردەی وانە ووتنەوە و جێکردنەوەی هەندێ بەشە زانست و بواری زانینی تر بکرێت و شوێن بۆ تێخوێندنەوە و توێژینەوە ئەنجامدان لەسەر مێناسی و سێسکسوالیزم و  ڕەگەزگەری مسۆگەرکرێت تا ئەوە ووردە ووردە کاردانەوەی خۆی لەسەر ڕاڤەکردنی ستاتۆسی ژیندەری ژنان لەناو پەروەردە بەگشتی و زانکۆکان بەتایبەتی دادەنێ.  

ژنە چالاکەوانەکانی بواری ژیندەر مەرجە ئەو ڕاستیە لەبەرچاوبگرن کە  ووتنەوەی وانە لەسەر فێمینیزم (یان ژیندەر) کارئاسانی بۆ ڕوونکردنەوەی مێژووی پێوەندی نێوان نێر و مێ دەکات و هەروەها بناغەش بۆ قسەکردن لەسەر یەکسانی و دەرکەوتنی ژن لە کۆمەڵگە وەک خود دادەنێ. هەروەها توێژینەوە و نووسینە تیۆریەکان تایبەت بە ژن ، ژن وەک بوونەوەر ، دەشێ لە زمانەکانی ترەوە وەرگێردرێنە سەر کوردی و گرینگیشە ئەو توێژینەوە و نووسینە تیۆرییانە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە ژیندەر و فەلسەفەی مێناسی هاوچەرخ بیلێنەوە. وانەبێت ڕووبەڕووبونەوەی زەبرووزونگ دژ بە ژنان دەبێ بە مۆدەێ ساڵانە و بە بۆنەێک بۆ وتاربێژی سیاسی و ڕەوانبێژی ئەدەبی پیاوان و ژنانی ناشارەزا لە قەیرانی وجودی و سۆزی ژنان و قەدیش شتێک بەناوی ڕاڤەکردنێ فەلسەفییانەی سوبژێکتی ژنەوە لەناو ئێمە نایەتەدونیاوە. ئەڵبەتە تایبەت بەو ڕاڤەکردنە ئەوەش دەڵێین کە ئەوەی کێ ئەو مادەیە لە نێوەندی ئەکادیمی بڵێتەوە بۆئێمە هەمیشە باسێ گفتووگۆئامێزە.  

هەر تایبەت بەوی لایسەرەوە ووترا دانبەوەشدادێنین لەناو سێستەمی تیۆکراتیدا (ئاینیدا)، کە ئەم سێستەمە لە کوردستان زاڵە، مەیل بەرەو ئەویتر ، ئەویتر گەر ژن بێ، بوونی نییە. لەناو ئەم جۆرە سێستەمە کە زەبرووزونگ دژ بە ژنان بێدەنگی لێدەکرێ و بەشێوازی نەرێتی و تایفی چارەسەردەکرێ و ژن وەک سوبژێکت بوونی نییە و بڕیاری سیاسی بەدەست پیاوەوەیە ئاساننییە پەروەردە ملکەچی تێگەیشتنە تیۆری و هزریەکانی فەلسەفەی فێمینیزم بێ و تەنانەت ئەوەش کە فێمینیزم ببێ بە مادەێ بۆ خوێندن و لە قووتابخانە و زانکۆکانا بووترێتەوە. شوێنیووتنە، لە کوردستان سێکولاریزم چارەسەری بۆ کێشەی ژنان بەتەواوەتی پێنییە و لەمڕووەشەوە جیاوازیێ گەورەی لەگەڵ ئیسلامی سیاسیدا ،کە زەوتکەری مافەکانی ژنانە، نییە. بۆیە سێکولاریزم بەهەشتی سیاسی بۆ ژنان مسۆگەرناکات و هەروەک ئیسلامی سیاسی لە زەبرووزونگ دژ بە ژنان بێدەنگە و تەنانەت لە بەشتکردنی ژنانیش بەشدارێ چالاکە. بۆیە ئەرکی چالاکەوانانی بواری ژنپارێزی زۆر و قوورسە و، ناشێ چالاکەوانانی بواری ژنپارێزی تەنیا لەسەر ئەو لایەنە ڕوکەشانە بوەستن خۆیان وەک کێشەگەلێ کۆمەڵایەتی سەرپێی نیشاندەدەن بەڵکو ئەم چالاکەوانانە پێویستە خۆیان بە تێزە تیۆری و هزریە نوێکان چەکدارکەن و کۆنفڕانس و سمیناری بەردەوام لەسەر ماهیەتی واتای بەژنبوون و ڕۆلی سیاسەت لە کۆمەلًگەی تازەی کوردی ،کە کۆمەڵگەێ گەندەڵی دوانەییە تایبەت بە دۆزی ژنان، لە هیچکردنی جەستەی ژن و ڕێگارگرتن لە هەستکردن بە ژنبوون بگێڕن. ئەفسووس، ئەو ئاڵۆزیە تیۆریانەی توێژینەوە فێمینیستیە تازەکان پێیگەیشتوون نەگەیشتوونەتە کوردستان و چالاکەوانانی بواری ژنپارێزیش بە مێتۆد و زمانێ پاشکەوتووی هزری قسە لە کێشەکانی ژن دەکەن و ئەمەش لەلایەن خۆیەوە وایکردووە وتاربێژی لەسەر تووندوتیژی دژ بە ژنان بیرۆکە و تێگەیشتنی تری لێدروستنەبێ و نەشبێ بە سەکۆێیێ هزری و لەڕوانگەی فەلسەفی و ڕوناکبیرییەوە قسە لەسەر دۆزی تازەی ژن لە کوردستانی ئەمڕۆ نەکرێ.

جێیسەرنجە ژیندەر لە ئێستا لەئاستێ نێودەوڵەتی گفتووگۆیێ بەردەوامی لەسەرە و خودی ژنیش سوبژێکتی سەرەکی بابەتی تەوژمی فێمینیستی هاوچەرخە و زۆربەی گفتووگۆکانیش سەرنجدەخەنەسەر سیاسەتی جەستە، ناسنامە، میتافیزیکی ماهیەتی ژیندەری مێ و ئارەزووی سێکسی و کاردانەوەی لەسەر ژیندەری ژن. ئەڵبەتە ژنە بیرمەندەکانیش (ئیریگەرای، کریستێڤا، سیکسو، بۆلتەر، ماری دۆگلاس، مونیک ڤیتیک و..) لەئێستایا لەپشت ئەو نەشونما تیۆری و هزرییەوەن توێژینەوە فێمینیستی و ژیندەریەکان پێیگەیشتوون. بۆیە هەڵە ناکەین گەر ئاماژە بۆئەوەبکەین شرۆڤەکردنەکان تایبەت بە دۆزی ژیندەر لە کوردستان پێویستی بە دوو ئاوڕدانەوەیە یەکەمیان: قووڵبوونەوەی شرۆڤەکان لەبوارێ تیۆری و دووەمیش لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەڕۆژئاوایەکان لەو شرۆڤەکردنانەدا، ئەمەش بۆئەوەی توێژەرەوەی ژن بێتە مەیدان و قسەیخۆیبکا و ژن نووسەری خۆی و تێکستی خۆی و زمانی خۆی هەبێت و ژن وەک پیاو بیرنەکاتەوە و، ژن لەبارەی کێشەی ژنانەوە خودی خۆی ژێردەستەی خودی پیاوان نەکا. ئەم دوو لایەنە وەرچەرخان لە ڕەوشی شرۆڤەکردنی دۆزی ژیندەر لە کوردستان دروستدەکا و ئەمەش لە ئەمڕۆدا بێئەندازە پێویستە چونکە وەلاوەنانی کێشەکانی ژن و کردنی بە بەشێ لە کێشە کۆمەڵایەتیە لاواز و ڕوکەشەکان ئابڵۆقەدان و سنووردارکردنی زۆنی بزووتنەوەی ژنان و قسەی ژنانی بەدەمەوەیە. کەوابێت نەک هەر ووتنەوەی فێمینیزم (یان ژیندەر) لە زانکۆکانی کوردستان پێویستە بەڵکو دروستبوونی دەیەها نێوەندی توێژینەوەی تیۆری تایبەت بە ژیندەریش گرینگە. چونکە لەڕێگای ئەم نێوەندانەوە دەکرێ تێکستی مێیانە، ئەو تێکستانەی ژنان دەینووسن، سەرهەڵدا. 

ئاشکرایە کە توێژینەوە نوێکان لە ڕۆژئاوا بەووردی کارلەسەر دۆزی ژن دەکەن و تێمای بەخودبوون و یان بەئەویتربوونی ژن لە تەقەلا تیۆرییەکانیانا بەشێ سەرەکیە و ئەوەش بە ووردی شیدەکەنەوە کە بۆ گەشەی هزری فێمینیستی مانادارە. واتە کێشەکە چۆنیەتی تەماشاکردنەکەیە بۆ ژن. ئەمەش بەو واتایەی ئایا ژن بۆ پیاو ئەویترە یان بوونەوەرە و ژیندەری خۆی هەیە؟ بۆیە لەئێستایا لە ڕۆژئاوا واتای ژن و واتای پیاو لەبەرڕۆشنای توێژینەوە نوێکان دووچاری هەڵوەشانەوە بووە و ئەم لایەنەش تێخوێندنەوەی گشت مێژووی شیکردنەوەی ژن لە هزری ڕۆژئاوا دەخاتەوەبەرباس. 

نکوڵیلەوەشناکەین فێمینیزم لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکانی ڕۆژئاوا وەک یەک گەشەناکا و چەندین ئاقار (لیبڕال، مارکسی، ڕادیکال و سۆسیالیست) و تەوژمی (فێمینیزمی پاشتازەگەری، فێمینیزمی پاشبنەماخوازی، فێمینیزمی دەروونی) لێبوەتەوە و خۆشی نقووومی مشتومڕە تیۆریەکانکردوە و بەشێ لەو ئاقارانەش دانویان لەتەکیەکا ناکوڵێ و بەدیدی تووند و ئێکستریمیش گەیشتوون و هەندێکیشیان بەرپرسیارن نەک تەنیا لە بەسیاسیکردنی فێمینیزم بەڵکو لە هەڵچنینی دیوارێ پۆڵایینیش لەنێوان پیاو ژن. دیارە کێشەی ژن لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکانی ڕۆژئاوا تاهەنووکەش بنەبڕانە چارەسەرنەکراوە و ستاتۆسی کۆمەڵایەتی ژن لەبەردەم چەندین کێشەی ئاڵۆز خۆیدەبینێتەوە و یەکسانی نێوان پیاو و ژن زۆریماوە و بەکەمزانینی ژن کێشەێ ڕۆژانە و دووبارەی کۆمەڵگە هاوچەرخەکانیشە.

آ یۆنسکۆ ساڵی 2002 بڕیاریدا سێهەمین پێنجشەمەی مانگی نۆڤەمبەر (تشرینی دووەم) بکات بە ڕۆژی جیهانی بۆ فەلسەفە کە ڕێکەوتی سێهەمین پێنجشەمەی تشرینی دووەم – نۆڤەمبەر- ی گشت ساڵێک دەکات، واتە 15 ی ئەم مانگە. لەوکاتەوە ڕۆژی جیهانی فەلسەفە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بووە بە ڕۆژێک بۆ ئەنجامدانی کۆنفڕانس و ڤیستڤاڵی فەلسەفی. ئۆفیسەکانی یۆنسکۆ لەم ڕۆژەدا دونیایێک چالاکی لەشێوەی مێزگرد و سمینار و کۆنفڕانس بۆ  گفتووگۆکردنی ئەوی بە فەلسەفەوە بەندە ئەنجامدەدەن. ڕۆژی جیهانی فەلسەفە ڕۆژێکە لەپێناو نرخاندنی هزری فەلسەفی هاتۆتەسازاندن.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.