Skip to Content

Tuesday, March 19th, 2024
ئۆباڵى هەڵەکانتان مەخەنە ئەستۆى مارکسیزم !

ئۆباڵى هەڵەکانتان مەخەنە ئەستۆى مارکسیزم !

Closed
by April 30, 2008 گشتی

محەمەدى مشیر…….

دوابەدواى رووخانى ئەزموونەکەى سۆڤیەت لە ساڵى 1991 و لێکهەڵوەشانەوەى یەکێتى سۆڤیەت، هەرچى نەیار و ناحەزانى فەلسەفەو هزرى مارکسیزم هەبوو لە سەرتاسەرى جیهاندا دەرفەتیان بۆ رەخسا قینى سەرجەم ئەو سەدەیەو پێشتریش هەڵڕێژن و لافى ئەوە لێبدەن کە گوایە شکستى ئەزموونەکەى سۆڤیەت دواى 74 ساڵ تەمەن  راست و دروستى بۆچوونە ناڕاست و چەوتەکانى ئەوانى لە سیاسەت و هزر و ئابوورى و کۆمەڵایەتى سەلماند و ئیتر مارکسیزم ئەو فەلسەفە و هزرە نییە بتوانێ لە زەمینەى واقعى بابەتیدا کێشە جۆراو جۆرەکانى مرۆڤایەتى چارەسەر بکات.
 یەکێ لەو تێزە باوانەى ساڵانێکە دواى هەرەسى سۆڤییەت لە کوردستان برەوى پێدەدرێ و بە هێزەوە پڕوپاگەندەى بۆ دەکرێ ئەوەیە کە بیرى چەپى مارکسی زیانى بە هزرى نەتەوایەتى کورد گەیاندووە، ئەم تێزە لەوێوە سەرچاوەى گرتووە کە رەوتى چەپى ناسیونالیستى کورد لە نێو بزاڤى رزگاریخوازانەى کوردستاندا هاوڕەوتى پەرەسەندن و بڵاوبوونەوەى هزرى مارکسیزم کەم تازۆرێک لە کارنامەى حزب و رێکخراوە سیاسییەکانیدا پێڕەوى ماکسیزمى کردووە یا واینیشانداوە کە بەشێوەیەک لە شێوەکان سوود لە تێزەکەى مارکسیزم وەردەگرێ بۆ چارەسەرکردنى پرسى نەتەوایەتى، هۆکارى ئەمەش بۆ کاریگەرى گەشەکردنى هزرى مارکسیزم دەگەڕێتەوە کە لەوەتەى بیستەکانى سەدەى رابردووەوە تا شکست هێنانى ئەزموونەکەى سۆڤیەت لە سەرتاسەرى جیهاندا رۆژ لە دواى رۆژ پەرەیسەندووە. بزاڤى رزگاریخوازانەى گەلانى ژێردەستە یەکێک بووە لەو جوڵانەوە شۆڕشگێڕییانەى بەدرێژایى ئەو ماوەیە کەم تا زۆرێک کەوتۆتە ژێر کاریگەرى هزرى مارکسیزم و پتر خۆى لە بەرەى سۆڤییەتدا دۆزیوەتەوە نەوەکو لە بەرەى خۆرئاواى سەرمایەدارى، بەڵام چى بڵێین هەڵەى سیاسەتوانانى کورد لەوەدا نەبووە کە لەو بەرەیەدا بوون بەڵکو لەوەبووە کە دەروێشانە پێڕەوییان نەک هەر لە مارکسیزم بەڵکو لە هزرى ئیسلامى سیاسیش کردووە، کەچى خودى مارکس هەرگیز قەبوڵى نەبووە مارکسیزمیش وەک هەر مەزهەبێکى ئایینى ببێتە میتۆدێکى پیرۆز  و مورید و دەروێشى هەبێت و لەمبارەیەوە دەڵێ:"هەموو ئەوەى دەیزانم ئەوەیە کە مارکسى نیم"(1).چونکە هەروەک لۆگاش دەڵێ:" مارکسیزمى رەسەن ماناى ئەوەنییە بەشێوەیەکى کوێرانە خۆبدەیتە دەست دەرەنجامى توێژینەوەکانى مارکس ،ئەوەش نییە باوەڕ بە تیۆرێک لە تیۆرەکان بکەیت یان کتێبێکى پیرۆز راڤەبکەیت،بەڵکو رەسەنایەتى لە مارکسیزمدا رێک دژى ئەمەیە و لە خودى میتۆدەکەدایە"(2).
یەکێ لە ناودارترین وتەکانى مارکس سەبارەت بە پرسى نەتەوایەتى ئەوەیە کە((هەر گەلێک، گەلێکى دیکە بچەوسێنێتەوە ئازاد نییە!))، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە:
ئایا مارکسیزم زیانى بە هزرى نەتەوایەتى کورد گەیاندووە؟ ئایا مارکسیزم لە پشتەوەى شکستەکانى بزاڤى رزگاریخوازانەى کوردستان بووە یان سیاسەتوانە دەروێشەکانى نێو بزاڤەکە؟ ئایا مارکسیزم لە گەڵ دۆزى رەواى گەلانى ژێردەستە ناکۆک بووە یان دەمارگرژى و توندڕەوى نەتەوایەتى پەسند نەکردووە؟ ئایا پارت و لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانیوە لە روانگەی مارکسیزمەوە مامەڵە لەگەڵ هزرى نەتەوایەتى بکەن  یان  مارکسیزم هیچ رێگە چارەیەکى بۆ دۆزى نەتەوەیى پێنەبووە؟
لە نەتەوەپەرستێکى توندڕەو بپرسى وەڵامى ئەو پرسیارانەى سەرەوەو هیتریش بەو شێوەیە دەداتەوە کە مارکسیزم خەتابارە و حایى و حوى ئەو هەموو ساڵەى ئەوانیش هیچ رۆڵێکى نەبووە لە شکست و دۆڕانەکاندا !وەک بڵێى ئەوان هیچ کاتێک  هزرى نەتەوایەتى کوردیان دووچارى بیرتەنگى و دەمارگرژیى و سەدان قەیرانى کوشندە نەکردبێ و هەموو گوناهەکان هى مارکسیزمە.نەتەوەپەرستە دەمارگرژەکان تا ئێستاش بە شێوەیەک رەفتار لە گەڵ ئەو رەوتە سەلەفى و ئایینییە جۆراوجۆرە دەکەن کە جگە لەزیان هیچى دیکەى بۆ هزرى رزگارى نەتەوایەتى پێنییە، کەچى ئەو رەوتە  بەدرێژایى مێژوو هزرى ئازادیخوازانەى گەلى کوردیان لە زەینى ملیۆنان تاکى کورد سڕیوەتەوە و بەردەوامیش کار بۆ تێکشکاندنى پڕۆسەى پێشکەوتنخوازانەى بەنەتەوەبوونى کورد دەکەن. ئەرێ ئەوە مارکسیزمە گورز لە بیرى نەتەوایەتى دەوەشێنێ یان بە هەڵە نووسینەوەى مێژووە و چاوپۆشینە لەو رەوتە هزرییە چەوتانەى لێناگەڕێن کێشەى کورد بە شێوەیەکى یەکجارەکى و دیموکراسییانە چارەسەربکرێ؟
مارکسیزم بەرلەوەى بە ئایدیۆلۆژیایێکى رووتى دۆگما و مەزهەب بکرێت تێڕامانێکى وورد و زانستیانە و فەلسەفییە بۆ باشترکردنى بارى مرۆڤایەتى لە هەموو بوارەکانى ژیان بێئەوەى جیاکارى لە نێوان نەتەوە و ئایین و مەزهەب و رەگەز بکات ، ئەو دژى چەوسانەوەى مرۆڤە لە لایەن مرۆڤ و بانگەشەى یەکسانى و دادى کۆمەڵایەتى دەکات و هیچ کاتێک لە گەڵ مافى بڕیاردانى گەلانى ژێردەستەو مافخوراو ناکۆک نەبووە، بەڵکو هەمیشە باوەڕى بە گۆڕانى بەردەوام هەبووە و لە سەنگەرى پێشەوەى داکۆکیکاران بووە، بۆیە باشتر وایە راستییەکانى مێژوو وەک خۆیان بنووسرێنەوە و ئۆباڵى هەڵە و تێنەگەیشتنەکانى خۆمان نەخەینە ئەستۆى مارکسیزم.
پەراوێزەکان:
(1) ( جون مولینو: ما هو التراث المارکسی الحقیقی؟ترجمە مرکز الدراسات الاشتراکیە مصر)
(2)  جورج لوکاش، التاریخ والوعی الطبقی، (لندن، 1971)، ص1

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.