Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
پایتەخت و كوشتنى جیاوازیەكان

پایتەخت و كوشتنى جیاوازیەكان

Closed

  عەزیز ڕەئووف…….

 دڕاندنى 150 لافیتەى كۆمەڵەى خوێندكاران لە شارى هەولێر، هەروا كردەوەیەكى سەرپێى نیە، پەڵكو كردارێكى نەخشەبۆداڕێژراوە و ئەندام و ڕێكخراوى قوتابیانى سەر بە پارتەكەى سەرۆكى هەرێم و سەرۆكى حكومەت لێى بەرپرسیارن. ئەتككردنى دیموكراسى لە پایتەختى هەرێمى كوردستان بە بەرچاوى پەرلەمان و سەرۆكى هەرێم و سەرۆكى حكومەت هەروا دیاردەیەكى ئاسایى نیە، بەڵكو لە هەناوى ئەو دۆخە بەزۆر دروستكراوەوە سەرچاوەى گرتووە كە هەردوو هێزە سەرەكیەكەى كوردستان دەیانەوێت بە خەڵك بڵێن كە ڕێكەوتنێكى ستراتیژى لەنێوانماندا هەیە و لەسەر ئاستى باڵا هیچ كێشەیەكیان نیە، بەڵام لەسەر ئاستى خوارەوە ئەندام و لایەنگرانى هەردوو هێزە سەرەكیەكە تیر لە یەكتر دەسرەوێنن.
 ئەم دیاردەیە بەر لە هەر شت سەركردەى هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەكەى كوردستان لێى بەرپرسیارن. ئەوان لە كەناڵەكانى ڕاگەیاندنەوە پێمان دەڵێن كە یەكێتى و پارتى هیچ كێشەیەكیان نیە. بەرپرسانى هەردولا بە ئەندامەكانیان دەڵێن ڕەخنە لە یەكترى مەگرن. هەر كاتێكیش ڕەخنە و گلەییەكان خەفە كران و دوو هێزى سەرەكى چانسى ئەوەى نەبوو ڕەخنە لەیەكترى بگرن و جیاوازیەكانى یەكترى بەیان بكەن، ئیدى دڕاندنى لافیتەكانى یەكترى دەبێت دیاردەیەكى تەواو ئاسایى.
 ئەم دوو هێزە دواى هەر كۆبوونەوەیەكى دوو قۆڵى لە كەناڵى ڕاگەیاندنەكانەوە پێمان دەڵێن (كۆبوونەوەیەكى سەركەوتوو بوو، لەسەر هەموو خاڵەكان كۆك و تەبا بوین)، كەچى قوتابیانى پارتى دەڵێن لە هەژدەى شوبات لە سلێمانى و دەوروبەرى ڕێگەیان نەداوە مەراسیم ساز بدەین. دڕاندنى لافیتەكانى خوێندكارانى یەكێتیش لە هەولێر بێشك تۆڵەكردنەوەى هێزى بەرانبەرە بەوەى كە ئێوە لەسنورەكانى خۆتان ئازادیمان لێ زەوت دەكەن و ئێمەش لە پایتەخت نایەڵین شیرینى دابەش بكەن.
 ئەم دیاردەیە بەر لە هەرشت وەئاگامان دەهێنێتەوە لەوەى كە تا ئەم چركەساتەش دەسەڵاتى هەریەك لە یەكێتى و پارتى لە ناوچەكانى خۆیاندا دەسەڵاتێكى زاڵە و تێكەڵكردنەوەى حكومەت كەم تا زۆر نەیتوانى سنورەكانى نێوان یەكێتى و پارتى كاڵ بكاتەوە. 
 بەڵام ترسناكترین و شەرمەزارترین دیاردە ئەوەیە ئەوانەى لە هەردوو پارتەكە جیاوازیەكانى یەكترى قبوڵناكەن، باڵى سەربازى و ڕێكخستنەكانى هەردوولا نین، بەڵكو نەوەى دواى ڕاپەڕینى ئەم دوو هێزەن. ئەگەر تا دوێنىَ وتبێتمان شەڕى ناوخۆ و قبوڵنەكردنى جیاوازیەكانى ئەم دوو هێزە پەیوەندى بەوەوە هەیە كە عەقڵیەتى شاخ زاڵە، خۆ لەم دیاردانەدا ئەم بۆچوونە لەئارادا نیە و ئەوەى ململانێى ناتەندروست و بێمانا دەكات نەوەى دواى ڕاپەڕینى هەردوو پارتەكەن، ئەو نەوەیەی كە لە دەرەوەى دەسەڵاتى بەعس چاویان هەڵهێناوە و ئیستاش لەناو زانكۆ و ناوەندەكانى خوێندندا ململانێیەكى تەواو قێزەون و ناشارستانى ئەنجام دەدەن.
 ڕێكخراوەكانى خوێندكاران و قوتابیان لانى كەم دەبوو بە دید و تێڕوانینێكى نوێوە لە كارى ڕێكخراوەیی و حزبیان بڕوانیایە بە جۆرێك كە هەستمان بە جیاوازیەكانى نێوان نەوەى شاخ و نەوەى زانكۆكان بكردایە، بەڵام نەك هەر ئەمەیان نەكرد، بەڵكو خەریكە ئەو شەڕە تەواونەكراوەى كە هەردوو پارتەكە كە نەیانتوانى ئەنجامى بدەن، ئیستا ڕێكخراوەكانى قوتابیان و خوێندكاران ئەم شەڕە قێزەونە دەبەنە نێو زانكۆ و ناوەندەكانى خوێندنەوە.
 پاش حەوت ساڵ لە شەڕى ناوخۆ، سانا نیە بەبێ ئەوەى جیاوازیەكان بۆ خەڵك بەیان بكەیت بتوانیت لەسەر هەموو شتەكان ڕێبكەویت. سانا نیە یەكێتى و پارتى دواى چەندین ساڵ لە شەڕى ناوخۆ و تیاچوونى ڕۆحى سەدان پێشمەرگە لە هەردوولا ئیستا بە كۆبوونەوەى سەركردەكان بتوانرێت وڵات بكەنەوە بە ماستى مەیو. سەربارى ئەوەش دواى پرۆسەى ئازادى عیراق و سەپرێسكردنى جیاوازیەكانى یەكتر و پیشاندانى دۆخێك لە برایەتى و ڕێكەوتن لەسەر هەموو شتەكان بەبێ جیاوازى، بێشك دۆخێك نیە بۆ ئاشتى، هێندەى دۆخێكە بۆ ڕاگرتنى دڵى واقیع. بۆیە گەر مجامەلەى زیادڕەوى ئەم دوو پارتە لە ئاستى سەرەوە ببینین، ئەوا لەسەر ئاستى خوارەوە بێشك جیاوازیەكان بەدەردەكەوێت، هەرچەندە دەربڕینى جیاوازیەكانى یەكترى دەربڕینێكى تەواو قێزەون و ناشارستانیە.
 ئەم دیاردەیە هەرچەندە گومانمان لا دروست دەكات كە ڕێكخراوەكانى خوێندكاران و قوتابیان سەربەخۆبن، گومانى ئەوەشمان لەلا ناڕەوێنێتەوە كە بەم نەمەتە لە كاركردن و ڕێكەوتن لەنێوان هەردوو پارتە سەرەكیەكەدا ڕێكەوتنێكى تەواو درۆزنانەیە و پایەكانى لەسەر هەڵدانەوەى لاپەڕەیەكى نوێ و نیەتپاكى دانەمەزراوە.
 كاتێك پایتەخت لافیتەى هێزێكى تێدا دڕێندرا،كاتێك لە پایتەخدا لەجیاتى دیالۆگ و مشتومڕ لەسەر جیاوازیەكان گەنجەكانى چاویان لەیەكتر سور كردەوە، ئیدى قسەكردن لە كۆمەڵگەی مەدەنى جگە لە سەراب چیدى نیە. كاتێك نەوەكانى دواى ڕاپەڕین لەجیاتى پەنابردنە بەر دیالۆگ و دیبەیتى جدى لەسەر بیرو باوەڕە سیاسى و كۆمەڵایەتى و كەلتوریەكان، پەنایان بردە بەر ئەتككرنى دروشمەكانى یەكترى، ئیدى دەبێت چاوەڕێى خوڵقاندنى دۆخێكى تر بكەین، دۆخێك كە ناتواندرێت بە لێدوانەكانى سەركردەكان لە پرێس كۆنفرانسەكاندا لەسەر وەهمەكانى برایەتى و هاوكارى یەكترى تا سەر كۆمەڵانى خەڵك تێر بكات.
 
azizrauf2003@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.