Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
دەربارەی دیاردەی توندوتیژی لە کوردستان

دەربارەی دیاردەی توندوتیژی لە کوردستان

Closed
by January 26, 2013 گشتی

 

 

 

پێشەکییەک:

 

توندوتیژی لەسەرەتای بوونی مرۆڤەوە لەئارادایە، توندوتیژی جۆری زۆرە وەک: توندوتیژی جەستەیی، دەروونی، توندوتیژی دژ بە تاک یان بەکۆمەڵ، توندوتیژی خێزان و توندوتیژی کۆمەڵایەتی و توندوتیژی سیاسی. ناتوانین لە دیاردەی توندوتیژی بگەین بەدەر لەو کێشە و گرفتانەی کە پەیوەند و ئاڵکاون بە چەند ڕەهەندێکی جۆراوجۆرەوە کە پێویستە لیکۆڵینەوەیان لە بارەوە بکرێت. ئەو ڕەهەندانەش کە پێکەوە تێئاڵکاون بریتین لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابورییەکان. 

هەر کۆمەڵگەیەک ڕێژەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان تیایدا لە هەڵکشاندا بوو وەک: دابڕان لە نیوان ئەندامانی خێزان، جیابوونەوەی ژن و مێرد، لاوازی سەرپەرشتی و چاودێری باوک و دایک بۆ منداڵان، نەبوونی دیالۆگ لە نێوان خەڵکدا، چەوساندنەوەی دەروونی و لاوازی سیستەمی پەروەردەیی. یان لەڕووی سیاسیشەوە، نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی لەناو کۆمەڵدا، پێشێلکردنی یاسا لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، گەندەڵی و بڵاوبوونەوەی بەرتیل و واسیتەکاری و خزمخزمێنە، نەبوونی ئازادی و دەمکوتکردنی دەنگی ناڕەزایی خەڵک و تۆقاندن و نانبڕین. یان لە ڕووی ئابووریشەوە، نەبوونی هەلی کار بەشیوەیەکی یەکسان، زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و کەمدەرامەتی، گرانی بازاڕ و قەیرانی نیشتەجیبوون، کاتێک ئەمانە هەموو یان بەشێکی زۆریان  بەڕێژەیەکی بەرچاو لە کۆمەڵگەدا هەبوون، ئەکرێت بڵێین لەو کۆمەڵگەیەدا زەمینەخۆشە بۆ کاری توندوتیژی.


کلیل: لەئێستادا توندوتیژی لەهەرێمی كوردستان، رۆژ بەرۆژ  بەرەو زیادبوون دەچێت هۆكاری ئەمە چیە؟

:: توندوتیژی جۆر و شێوازی زۆرە وەکو ئاماژەی پێدرا. بەپێی ئەوەش هۆکارەکانی جیاوازن. هۆکاری توندوتیژی کۆمەڵایەتی یان خێزانی جیاوازە لە هۆکاری توندوتیژی سیاسی. بەڵام هۆکاری هاوبەشی نێوانیان ئەگەڕێتەوە بۆ هەڵچوون و توڕەبوون و گیانی تۆڵەسەندنەوە و نەبوونی گیانی لێبووردن و پەروەردەی سەقەتی خێزان و کۆمەڵگە و سیستەمی فێرکردن.  لەسەر ئاستی خێزاندا باوک، دایک، برا گەورە یان خوشکی گەورە هەرکەسەو بەپێی ستراکچەری خێزانەکەی ئەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە پەروەردەکردن و گەشەکردنی کۆمەڵایەتی ئەندامانی بچوکی ناو خێزانەکە. ئەوانن ئەبنە پێشەنگ بۆ منداڵان و بەتایبەت لە قۆناغی هەرزەکاریدا، چونکە منداڵ لاسایی گەورە ئەکاتەوە لە هەڵوێست و هەڵسوکەوتدا و گەورەش کاریگەری بەرچاوی ئەبێت لەسەر کەسێتی منداڵ، جا بەلایەنە پۆزەتیڤەکەی بێت یان لایەنی نێگەتیڤ.  بۆ نموونە؛ چاوەڕێی ناکرێت لە منداڵێک ببێتە خاوەن کەسێتییەکی دروست گەر باوکی هەستی بەرپرسێتی نەبێت و ئەرکی باوکایەتی بەجێنەهێنێت و تەنیا خەریکی ڕابواردنی خۆی بێت یان سەرقاڵی کەڵەکەکردنی سامان و خولیاکانی خۆی بێت و ئاوڕێک لە پەیوەندی خێزان بە گشتی و پەروەردەی منداڵەکانی بەتایبەتی نەداتەوە. 

 

لەسەر ئاستی کۆمەڵگەشدا، دەسەڵاتی سیاسی بە پلەی سەرەکی و پاشان  ئاین و دابونەریت و ستراکچەری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ڕۆڵی زۆریان هەیە بەسەر کۆمەڵگەوە. بەڵام لەوانەیە پرسیارێک بێتە: ئاراوە بۆچی دەسەڵات بە پلەی سەرەکی؟ من پێموایە دەسەڵات هەمان ڕۆڵی باوک لەناو خێزاندا ئەبینێت سەبارەت بە پەروەردەکردنی تاک لە ناو کۆمەڵدا و دواتر بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و هوشیار و پێشکەوتوو. دەسەڵات ئەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر ڕۆڵی ئاین و دابونەریت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەگەر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نموونە بێنینەوە، ئەو دەسەڵاتە گەر لەهەوڵی بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرندابێت لەسەر بنەمای یەکسانی تاکەکانی ناوکۆمەڵ بەدەر لە بیروبۆچون و ئاڕاستەی سیاسی، ئەبێت ئازادی ڕادەربڕین بۆ هەمووان وەک یەک دابین بکات. نەک بۆ چین و توێژێک لەسەر حیسابی ئەوانیتر. وەک ئەبینین بە ئاشکرا لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە لێدوان و پەیامی سەیروسەمەرە ئەدرێت و هانی خەڵک ئەدرێت بۆ کاری توندوتیژی، دابونەریتی خێڵەکی زیندووئەکرێتەوە و سەرۆک خێڵەکان ڕۆڵی گرنگیان پێئەدرێت، کار لەسەر تێپەڕاندنی پرۆژەی یاسایی وەک پاراستنی پێرۆزییە ئاینی و نەتەوەییەکان ئەکرێت لە پەرلەماندا، دەستێوەردانی پەرپرسە حیزبیەکان لە یاسا و کاری حکومەتدا، تەرخانکردنی میدیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی حیزب و کاردانەوەی خراپی ئەو میدیایە لەسەر خەڵک، بەتایبەتی لەسەر گەنجان، بێ سەروبەری لە بەرنامەی کەناڵەکانی تەلەڤزیۆندا بەتایبەتی  دیاردەی زنجیرەی دراما کۆرییەکان کە کاریگەری زۆری هەیە لە سەر رەفتاری توندوتیژی لای گەنجان و منداڵان. ئەوانە لەپاڵ بێمتمانەیی خەڵک بە سەروەری یاسا بەهۆی دەخاڵەتی حیزب و بەرپرسەکانەوە لە سیستەمی یاسایی و دەربازکردن و شاردنەوەی لایەنگرانیان لە حوکمی یاسا، ئەوانە هەر هەموو هۆکارن بۆ پەرەسەندنی دیاردەی توندوتیژی لەناو کۆمەڵگەی کوردستان.  

 

کلیل: لەگەڵ زیادبونی توندوتیژی، فۆرمی جیاجیا بەخۆیەوە دەبینێت، ئەی ئەمەیان لەكوێوە سەرچاوەی گرتووە؟

:: مرۆڤ لەگەڵ ژینگەی کۆمەڵایەتیدا لە کارلێکی فیزیکی و ڕۆحیدایە وئەوەش بە شیوەی هەڵسوکەوتی تایبەت، ئەو هەڵسوکەوتەش وەک گونجاندنێکی دەروونی دەرئەکەوێت. ئەگەر هاتوو ئەو هەڵسوکەوتە نەگونجاو و ناڕێکبوو، گومان ئەکرێت لەوەی ئەو کەسە لە باری دەروونییەوە کەسێکی تەندروستبێت. بۆیە ئەکرێت بڵیین ئەو کەسانەی توندوتیژی بەکاردێنن و تاوان ئەنجامئەدەن و دەسترێژی بۆ ماف و کەرامەتی کەسانیتر ئەکەن، ئەو جۆرە کەسانە کەسانی نەخۆش و سایکۆپاتن و مەترسین بۆ کۆمەڵ. دیارە سەرهەڵدانی نەخۆشی و کێشە دەروونی کۆمەڵێک هۆکاری کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و بۆماوەیی خۆی هەیە.

لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی کاری توندوتیژی بێگومان وەک دەرئەنجام فۆرمی توندوتیژی جیاوازیش دێتە ئاراوە. من پێموانیە ئەو فۆرمانە شتێکی نوێبن بەڵکو هەر بوون و ڕویانداوە نەک هەر لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەڵکو لە هەموو کۆمەڵگە موسلمانەکاندا، بەڵام ئەوەی نوێیە بوونی تەکنۆڵۆجیای گەیاندن و ئامێرە نوێیەکانی کۆمیونیکەیشن کە بە خێرایی چرکە و بەڕێگای میدیای جۆراوجۆر هەواڵەکان بڵاوئەکرێنەوە. 

  ئەمەو  سیاسەتی زەبروزەنگی ڕێژێمە داگیرکەرەکان بەتایبەتی ڕژێمی سەددام و ئەو توندوتیژییەی کە لە نێوان یەکێتی وپارتیدا دژ بە یەکتری بەکارهێنڕا لە ساڵانی شەڕی ناوخۆدا هەرهەموو کاریگەری زۆری داناوە لە سەر رەفتاری خەڵک.  ئەمانەو بڵاو بوونەوەی فلیمی ئەکشن و ڤیدیۆ و پلەی ستێشن و مۆبایل و ئینتەرنێت دور لە چاودێری لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە هۆکارن بۆ پەرەسەندنی ئەو دیاردەیە بە شێوەی جۆراوجۆر.

 

کلیل: كاریگەری جیهانگیری چیە لەسەر بەرهەمهێنانی فۆرمی جیاوازی توندوتیژی؟ 

:: لەدەرئەنجامی جیهانگیرییەوە کرانەوەیەکی بەربڵاو بەڕووی بازرگانی و بڵاوبوونەوەی کاڵاو و بەرهەمی کارگە جیهانییەکان هاتوەتەکایەوە، سنوری نێوان وڵاتان و کولتورەکان ڕۆژبەڕۆژ کاڵتر ئەبێتەوە بەسوودوەرگرتن لە تەکنۆڵۆجیای زانیاری و خێرایی گەیاندنی هەواڵ و ڕووداوەکان و بەرهەمی سینەمایی و ڤیدیۆیی و یاری جۆراوجۆر بەهەموو لایەکی جیهاندا. 

لەسەردەمی جیهانگیریدا نەبوونی فیلتەر و سنوورێک بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە بەرهەمانە و کۆنترۆڵنەکردنیان کاریگەرییەکی زۆری هەیە لە بڵاوبوونەوەی توندوتیژی بە تایبەتی لە نیوان منداڵان و گەنجاندا. بۆ نموونە ئەو ڕووداوە توندوتیژیانەی  ئەم دوایانەی ئەمریکا لە کوشتنی بە کۆمەڵی ناو قوتابخانەیەکدا و بڵاوبوونەوەیان بەڕێی ئینتەرنێتەوە، بە دڵنیاییەوە کاریگەری نیگەتیڤی ئەبێت لەسەر گەنجان، بە تایبەتی زۆربەی گەنجەکان سەرسامن بە ژیانی ڕۆژئاواوە و حەز بەلاساییکردنەوەی ڕۆژئاوا ئەکەن لەزۆر کردەوەیاندا. ئەمڕۆش جیهانگیری وایکردووە ئەو جۆرە هەواڵانە ڕاستەوخۆ بگاتە گەنجانی ئێمە کە لە بارودۆخیکدا ئەژێن کۆمەڵێک هۆکاری تر کاریگەری داناوە لەسەریان وەک پێشتر ئاماژەم بۆیانکرد. 


کلیل: كاریگەری ئاین و نەریت چیە لەسەر بەرهەمهێنانی توندوتیژی؟

:: پێموایە ئاینی ئیسلام ڕۆڵی گەورەی هەیە لەوەی کولتوری بیابان و بەداوەتی عەرەبی ببێتە کولتورێکی باو لە جیهانی ئیسلامیدا. گەر ئاوڕێک لە مێژووی خیلافەتی ئیسلامی بدەینەوە، دبێنین پڕە لە فۆڕمی جۆراوجۆری توندوتیژی و چەندین شێوەی قێزەوەن و دوور لە ویژدانی مرۆییەوە کە لەتۆی لاپەڕەکانی ئەو مێژووە هەن وەک: چاودەرکردن و پەلوپۆبڕین و سوتاندن و کۆڵاندنی ئەندامانی جەستە و قازوخ تێبڕین، نموونەی  سەربڕینی حوسەین و هەوادارانی لە کەربەلا و کوشتنی دڕندانەی حەڵلاج و تاوانەکانی حەجاج کوڕی یوسف سەقەفی و توندوتیژی عەباسیەکان. گومانهەڵناگرێت ئەم کولتورە کەڵەکەبووە کاریگەری زۆری هەیە بەسەر کۆمەڵگە موسڵمانەکانەوە. 

 

لەلایەکیترەوە کولتوری پیاوسالاری دیاردەیەکی تری کۆمەڵگە موسلمانەکانە بە کۆمەڵگەی کوردەواریشەوە. پێگەی ژنان لەژێر کاریگەری ئاییندایە. هەرچەندە ژنان بەشێوەیەکی ڕێژەیی چەند مافێکی سەرەتاییان بەدەستهێناوە بەڵام هێشتا بە هۆی کاریگەری ئایین و دابونەریتی خێڵەکییەوە، کۆمەڵگە بە چاوێکی کەمتر لە پیاو ئەڕوانێتە ژن. نموونەی زۆریش هەن بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە، لە مینبەری مزگەوتەکانەوە زۆرجار گوێمان لەدەنگی نەشاز ئەبێت کە ڕاشکاوانە هانی توندوتیژی ئەدات بەتایبەتی دژ بە ژنان و لەسەر تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا بلاوئەکرێنەوە. هەروەها ئەگەر سەرنجبدەین کوشتنی ژنان و لوتبڕین و ئەتکردن و بەردباران لە کۆمەڵگە موسڵمانەکانی وەک ئەفغانستان و ئێران و کوردستان و وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکاندا هەن تا ئەگاتە ڕەوەندی موسڵمانەکان لە وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی کاریگەری ئاینی ئیسلامەوە، بەڵام ئەو جۆرە توندوتیژییە نابینرێت لە کۆمەڵگە غەیرە موسڵمانەکان و ئەگەر هەبێتیش بەڕێژەیەکی زۆر کەمن و بەهۆکاری نایەکسانییەوە نیە بەڵکو هۆکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووری لە پشتەوەیە.

 

کلیل: چی وادەكات مرۆڤ پەنا ببات بۆ سەربڕین و لاقەكردن وەك كار و هەم وەك پەرچەكردار؟

:: بێگومان ئەو هۆکارانەی پێشتر ئاماژەم پێدان ڕۆڵی زۆریان هەیە لە ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژی، بەڵام ئەوە بەمانای ئەوە نایات کە هەموو تاکێکی کۆمەڵ بە هەمان شێوە ڕەفتارئەکات بەڵکو ئەو هۆکارانە زەمینە خۆشکئەکەن بۆ پەنابردن بۆ تۆڵەسەندنەوە و کاری توندوتیژی. گەر بڕوانینە ڕێژەی ئەو جۆرە کردەوانە (وەک سەربڕین و لاقەکردن یان ئەتکردن) کە لە ناوچەیەکی دیاریکراودا ئەنجامئەدرێن و بەراوردیان بکەین بەکۆی تاوان و کێشە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانی تر لەو ناوچەیەدا، ئەوەمان بۆ دەرئەکەوێت ئەو تاوانانە ڕێژەیین. ڕاستە تاوانی کوشتنی ژنان و پێشێلکرنی مافەکانیان بەڕێژەیەکی بەرچاو ڕووئەدەن بەڵام کاتێک ڕووداوی دڵتەزین و قێزەوەن وەک لاقەکردن و سەربڕین ڕووئەدات بەدڵنیاییەوە بێجگە لەو هۆکارە گشتییانەی باسم لێوەکرد، کۆمەڵێک هۆکاری تایبەتیش لەپاڵیانەوە هەن کە پەیوەندی بە کەسێتی ئەنجامدەری ئەو تاوانانەوە هەیە.  بۆیە بۆئەوەی بزانرێت هۆکاری ئەنجامدانی ئەو جۆرە کردەوانە چین، زۆر پێویستە لێکۆڵینەوەی چڕوپڕ لەسەر باکگراوند و کەسێتی و باری دەروونی و کۆمەڵایەتی ئەو کەسانە بکرێت، نەک تەنیا بۆ مەبەستی بڕیاردانی یاسایی بەڵکو بۆ ئەوەی هۆکارە سەرەکییەکان دەستنیشان بکرێن و لەسەر ڕووناکی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان کاربکرێت بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان و بایەخی زیاتر بدرێتە نەهێشتن و چارەسەرکردنی ئەو کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتیانەی ئەبنە هۆکاری ئەو جۆرە کردەوە ناشرینانە.


کلیل: پەروەردەو سیستەمی پەروەردەی لە كوردستان چ رۆڵێكیان هەبووە لەم فەزایەدا، كە ئەم هەمووە توندوتیژییە بەرهەم دەهێنێت؟

:: ڕۆڵی پەروەردە لە ڕۆڵی خیزان ئەگەر گرنگتر نەبێت کەمتر نییە. ئەرکی سیستەمی پەروەردە تەنیا وانەووتنەوە نییە، بەڵکو ڕۆڵی هەیە لە بنیادنانی نەوەیەکی تەندروست و ژیر و هوشیار بە کێشەکانی ژیان و پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکانی ناو کۆمەڵ. پێویستە سیستەمی پەروەردە بەرنامەی نوێ پێڕەوبکات بۆ دروستکردنی فەزایەکی نوێی کراوە لەسەر بنەمای هاوکاری نێوان خێزانی قوتابی و مامۆستا، مامۆستا وەک نموونەی لەخۆبردوویی و مرۆڤدۆستی لە چوارچێوەی سیستەمی خوێندندا دەرکەوێت، نەک وەک ملۆزمێک و مۆتەکەیەک بەسەر قوتابییەوە. لە بەرنامەی خوێندندا پێویستە جەخت لەسەر پەیوەندی تەندروستی نێوان مرۆڤەکان بکرێتەوە بە گیانی لێبوردن و تەبایی و ئاشتی و رەتکردنەوەی توندوتیژی لە کاتی ڕووبەڕووبونەوەی کێشە و گرفتەکانی ژیان. هەروەها پێویستە بایەخ بدرێت بە کێشە و گرفتە تایبەتییەکانی قوتابیان و بە هەماهەنگی خێزانەکەکان لەهەوڵی چارەسەرکردنی کێشە دەروونی و رەفتاری قوتابیان بن وەک توڕەیی و شەرنگێزی و هەڵسوکەوتی دژە کۆمەڵ (سایکۆپاتی).


کلیل: رۆڵی میدیا چی بووە؟ ئایا دراماو فیلمەكان لەم روانگەیەوە كاریگەرییان هەبووە؟

:: جێی نیگەرانییە کە میدیاکان ئەوەندەی لە هەڵپەی ئەوەدان سەرنجی خوێنەر یان بینەرەکانیان ڕاکێشن بەمەبەستی زیادکردنی ژمارەیان ئەوەندە بە هۆڵی هوشیارکردنەوە و ئاڕاستەکردنی خەڵکەوە نین بۆ لایەنە پۆزیتیڤەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. زۆرجار ئەبینین یان ئەبیستین لە کەناڵەکانی میدیاوە هەواڵی کوشتن و کاری توندوتیژی بەشێوەیەکی زیاد لە پێویست زەق ئەکرێتەوە و دێمەنی ناشیاو ئەخەنەڕوو. لەهەمان کاتدا کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن لە پێشبڕکێی پێشاندانی فلیمی کارتون و زنجیرە درامای پڕ لە دیمەنی توندوتیژی لە کوشتن و سەربڕین و ئازاردان و وێرانکاریدان. سەرەڕای ناڕەزایی و ڕەخنەی خەڵکێکی زۆر هەر بەردەوامن لەسەر ئەو ڕێبازە کە ئەوەندەی زەرەرئەگەیەنێت ئەوەندە سوودیان بۆ بینەران نییە.

 

کلیل: سازانی كۆمەڵایەتی و ڕۆڵی مەكتەبی كۆمەڵایەتی حیزب چ كاریگەرییەكی هەبووە لەسەر سڵ نەكردنەوەی مرۆڤ لەتاوان؟

:: لە بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستاندا حیزب دەستی لە هەموو بوارەکانی ژیانی خەڵک وەرداوە ، لەسەرووی هەمووشەوە باری کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە کۆمەلایەتییەکان. زۆربەی سەرۆک خێڵ و عەشیرەتەکان پەیوەندییان بە لایەنێکی سیایسییەوە هەیە بە تایبەتیش حیزبە دەسەلاتدارەکان. لە وڵاتێکدا حیزب لەسەرووی یاساوەبێت و حیزبایەتی بوبێتە مەرجی سەرەکی لە پێش توانا و کارامەیی لە زۆربەی دامودەزگاکانی حکومەتدا لەپاڵ خزمخزمێنە و دیاردەی دزێوی خۆسازان و واسیتە و بەرتیل و گەندەڵی ئیداری و یاسایی، گومانهەڵناگرێت کە کاریگەری خراپی لێئەکەوێتەوە و  ئەوانەی کە پشتیان بە حیزب قایمە زیاتر هانئەدرێن بۆ پێشێلکردنی یاسا و دەستبردن بۆ کاری توندوتیژی چونکە دڵنیان لەوەی کە حیزب بە هەر شیوەیەک بێت داکۆکییان لێئەکات جا چ بەڕێی سازانی کۆمەڵایەتییەوە بێت یان بەڕێی دادگاکانەوە. لە هەمان کاتیشدا ئەوانەی کە لەدەرەوەی حیزبدان بە ئاگان لە دەستێوەردانی حیزب و ناعەدالەتی لە پێڕەوکردنی یاسا و نایەکسانی لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵدا، ئەویش فاکتەرێکە بۆ لەدەستدانی متمانە بە سیستەمی دادپەروەری و پەنابردنە بەر تۆڵەسەندنەوە و توندوتیژی لەبری پەنابردن بۆ یاسا.  

 

کلیل: لێبوردنی گشتی چ كاریگەرییەكی هەبووە لەسەر زیادكردنی توندوتیژی و سڵ نەكردنەوەی مرۆڤ لەئەنجامدانی تاوان؟

:: پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی بەبوونی یاسا و سەروەری یاساوە بەندە.  ئەو وڵاتانەی قۆناغێکی باشیان لە پێشکەوتندا بڕیوە، یاسایان تیا سەروەرە و هەوڵاتیانیان یەکسانن لەبەردەم یاسادا بەبێ جیاوازی ڕەگەز، ئاین، بۆچوونی سیاسی یان  پلەوپایەوە. بە بۆچوونی من لێبوردنی گشتی سەپاندنی هەیمەنەتە و خۆبینینی دەسەڵاتی سیاسییە لەسەرووی یاساوە و زیاتر لە دەسەڵاتە تۆتالیتاریەکاندا بوونی هەیە هەروەکو چۆن لە کاتی ڕژێمی بەعسدا پێڕەوئەکرا. ئەگەر لێبوردن پێوست بێت ئەبێت بە یاسا ڕێکبخرێت لەسەر بنەمای گۆڕانکاری و چاکردنەوەی ڕەفتاری کەسی تومەتبار و گەڕانەوەی بۆ ژیانی ئاسای وەک ئەندامێکی بەسوودی کۆمەڵ، نەک بە میزاج و بۆ مەبەستی سیاسی، چونکە لەڕاستیدا ئەو جۆرە بڕیارانە کاردانەوەی نێگەتیڤی لێئەکەوێتەوە و ئومیدی دەربازبوون لە حوکمی یاسا ئەخاتە پێش ئەوانەی پەنا ئەبەنە کردەوەی توندوتیژی و تاوان و لاوازکردنی سیستەمی دادپەروەری لێئەکەوێتەوە.   

 

کلیل:چۆن بەر بەم هەمووە توندوتیژییە دەگیرێت؟ پێویستە لەكوێوە دەست پێبكەین؟

:: گەر بە بیانووی کولتوری کۆمەڵایەتی و ئاین و پەروەدەییەوە چاوپۆشی لە توندوتیژی بکرێت کە بەداخەوە لە کۆمەڵگەی کوردی و لە ژیر سایەی دەسەڵاتی حیزبیدا ئەبینین دژ بە ژنان و منداڵان و کەسانی بێ پشت وپەنا ئەکرێت، ئەوا کێشەی توندوتیژی نەک بەری پێناگیرێت بەڵکو تادێت پەرەئەسێنێت.  

بەپێی زانستی دەروونی، توندوتیژی رەفتارێکە مرۆڤ فێری ئەبێت وەک چۆن فێری هەر شێوازێکی تری ڕەفتار و هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی ئەبێت. کەواتا چۆن مرۆڤ فێری توندوتیژی ئەبێت  ئاواش ئەکرێت فێربێت یان فێربکرێت چۆن دوورکەوێتەوە لە کاری توندوتیژی. فێرکردن چ بەڕێی خیزانەوە بێت یان لەڕێی قوتابخانە و سیستەمی خوێندنەوە بێت پێویستە کاربکات لەپێناو گەشەکردنی منداڵان و هەرزەکاران لەڕووی هەڵسوکەوت و پەیوەندی کۆمەلایەتییەوە بەداڕشتنی پرۆگرامی بەکەڵک بۆ پێناسەکردن و ڕێگرتن یان بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و فێرکردنی کولتوری گیانی لێبوردن و دوورکەوتنەوە لە گیانی تۆلەسەندنەوە. 

 

هەروەها گرنگیدان بە سەپاندنی یاسا بەیەکسانی بەسەر هەموواندا بەبێ جیاوازی و بە دوورخستنەوەی دەستی لایەنە سیاسیەکان لە دەستێوەردان لە کاروبار و کێشە یاساییەکان و پاراستنی سەربەخۆیی دامودەزگا یاساییەکان بە مەبەستی زیاتر خزمەتگەیاندن بە هاوڵاتیان و گەڕانەوەی متمانە و ڕێزگرتنیان لە یاسا. 

 

پێویستە ئەوە بخەینە بەرچاومان، ئەنجامدەری توندوتیژی خۆشی قوربانی ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و باردۆخی ئابوری ئاڵۆزە کە ئەبنە بەرهەمهێنانی کەسانی توندوتیژ و بارودۆخی وا دێنێتە کایەوە لەبارەی دروونییەوە ئامادەی بکات بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە کارانە. تاوانی توندوتیژی تەنیا ناکەوێتە سەر ئانجامدەری، بەڵکو بێدەنگی و بێلایەنی ئەندامانی کۆمەڵ بەتایبەتی توێژی بەئاگا و هۆشیار لە ڕۆشنبیران و پسپۆرانی بوارە جیاجیاکان بەرامبەر ئەو کردەوانەش تاوانە. چونکە بێدەنگی زیاتر ڕێ خۆشکەرە بۆ دووبارەبوونەوە و تەشەنەکردنی دیاردەی توندوتیژی. 

* لە ژمارەی (41)ی گۆفاری کلیل بڵاوکراوەتەوە.

د. سەڵاحی گەرمیان

selah.germian@yahoo.com.au

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.