Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
ڕه‌خنه‌ له‌ سێ به‌شی كتێبێكی میراوده‌لی

ڕه‌خنه‌ له‌ سێ به‌شی كتێبێكی میراوده‌لی

Closed
by January 31, 2013 گشتی

 

 

 

ماوه‌یه‌كه‌ مژۆڵی كتێبێكی هزریم له‌ باره‌ی زمانه‌وه‌ , چونكه‌ ناسیۆنالیزمی كوردی له‌به‌ر خه‌ریكبوون به‌ سامانی نه‌ته‌وه‌ –نه‌وت- , ئاگای له‌  ڕه‌وشی زمانی كوردی نه‌ماوه‌ .جا هه‌ر كه‌سێك وتارێكی له‌ ڕووی هزریه‌وه‌ له‌ باره‌ی زمانه‌وه‌  شتێكی نووسی بێ , خوێندومه‌ته‌وه‌ .كه‌ سه‌یری كتێبخانه‌كه‌م كرد , ناونیشانی كتێبه‌كه‌ی میراوده‌لی سرنجی ڕاكێشام , بۆیه‌ سێ به‌شم لێخوێنده‌وه‌ . ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ قسه‌ی له‌ سه‌ر بكه‌م , چه‌ند شتێكه‌ , ده‌كرێ وا ڕیزیان بكه‌م:

یه‌كه‌م , ناونیشانی كوردی و ئینگلیزی

ناونیشان له‌ پڕۆسه‌ی نووسین زۆر گرینگه‌ , ده‌بێ گوزارشت له‌ ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ بكات .له‌ به‌رگی كتێبه‌كه‌ی میراوده‌لی نووسراوه‌ : پرۆژه‌ی فه‌لسه‌فه‌ به‌ زمانی كوردی , بیركردنه‌وه‌ و ئازادی , له‌ به‌رگی دواوه‌ به‌ ئینگلیزی نووسراوه‌ :Thinking and freedom-به‌ واتای بیركردنه‌وه‌ و ئازادی , پرۆژه‌ی فه‌لسه‌فه‌….ته‌رجومه‌ نه‌كراوه‌.له‌ ناوه‌وه‌ سۆكرات و دایه‌لۆگی فه‌لسه‌فی نووسراوه‌.له‌وه‌ش زیاتر , له‌ به‌رگی یه‌كه‌م : نووسراوه‌ میراوه‌دلی كه‌چی له‌ ناوه‌وه‌ نووسراوه‌ میراوده‌لی , جا نازانم كامه‌یان دروسته‌؟

دووه‌م , سه‌رباس 

خولیای فه‌لسه‌فه‌

ناونیشانی سه‌رباسه‌كه‌ , چاوه‌ڕێ ده‌كرێ له‌ خولیابوونی فه‌لسه‌فه‌ یان حه‌زلێبوونی فه‌لسه‌فه‌ شڕۆڤه‌ بكرێ , كه‌چی ناوه‌ڕۆك قسه‌كردنه‌ له‌ سه‌ر خودی ژیانی نووسه‌ر , به‌ واتای ئه‌و به‌شه‌ زیاتر خودگه‌رییه‌-بایۆگرافیه‌ , باسی هه‌ندێ قۆناغی ژیانی خۆی ده‌كات . 

له‌ لایه‌كی دی , زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ ژیاون ,  شه‌یدای ژیان و سیسته‌می ئه‌وروپان و دژ به‌ ڕۆژهه‌ڵاتن , هه‌رچه‌نده‌ بیرمه‌نده‌كانی ئه‌وروپا مردووی ڕۆژهه‌ڵاتن !! جا ئه‌وانه‌ی خۆمان له‌ جیاتی ڕۆژئاواناس بن , وه‌ك ئیدوارد سه‌عید له‌ بریتی ڕۆژهه‌ڵاتناسی…..خه‌ریكی ڕۆژئاواناسی بن و دیراسه‌ی كه‌لتور و زمانی گه‌لانی ڕۆژئاوا بكه‌ن , ده‌كه‌ونه‌ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ ئه‌زموونی كوردی , وه‌ك نووسه‌ر ده‌نووسێت :”به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی بینیم له‌ ئه‌نفال كه‌متر ئازاری نه‌دام:گه‌لێك كراوه‌ته‌ مێگه‌ل . شار كراوه‌ته‌ گوند….ئاماده‌یی بۆته‌ سه‌ره‌تایی..” . به‌و جۆره‌ وێناكردنی زێد , گواستنه‌وه‌ی وێنه‌ی ته‌ڵخی وڵاته‌ , به‌ڵام كه‌لتوری خۆ به‌ كه‌مزانین به‌شێك له‌ ڕۆشنبیری  هه‌ندێ ڕۆناكبیری كورد ی هه‌نده‌ران پێكده‌هێنێت!!  ئه‌نفالی صدام دار و به‌ردی هێنایه‌ گۆ , ڕۆشنبیرێكی عه‌ره‌ب پاش دیتنی كاره‌ساتی هه‌له‌بجه‌ , حاشای له‌ شوناسی خۆی كرد , كرده‌وه‌ی به‌ناو ئه‌نفال هێنده‌ پیرۆزه‌ ,هه‌موو تاكێكی نه‌ته‌وه‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و كاره‌ساته‌ , مرۆڤ مه‌نده‌هۆش ده‌كات , كه‌چی به‌داخه‌وه‌ لای نووسه‌ر ئه‌و كاریگه‌رییه‌ ڕۆحیه‌ی نییه‌.هه‌رسێ شاری هه‌رێم ساڵی 1991 چۆن  بوون, ساڵی 2005 چۆن بوون ؟ ئێستا له‌ 2013 چۆنن؟؟

سێیه‌م , ناوباس : فه‌لسه‌فه‌ و زمان

خوێنه‌ر له‌و سه‌رباسه‌ چاوه‌ڕێ ی مه‌سه‌له‌یه‌كی گرینگ ده‌كات .به‌ ڕاستی هه‌ر ئه‌و ناونیشانه‌ هانیدام ئه‌و سێ به‌شه‌ی كتێبه‌كه‌ بخوێنمه‌وه‌ , به‌ڵام ناوه‌ڕۆكی ناوباسه‌كه‌ بێئومێدی كردم ! ناوباسه‌كه‌ دوو په‌ڕ و نیوه‌ ,لاپه‌ڕه‌ و نیوێكی په‌یوه‌ندی به‌ زمانه‌وه‌ نییه‌.ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ , بریتی نییه‌ له‌ به‌ستنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ و زمان , یان دیتنی زمان له‌ ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فه‌وه‌!! هه‌روه‌ها بۆ كتێبێكی نزیكه‌ی 200 لاپه‌ڕیه‌وه‌ , چوار لاپه‌ڕه‌و نیو بۆ فه‌لسه‌فه‌ و زمان زۆر كه‌مه‌؟یان ئه‌م كتێبه‌ به‌ بیركردنه‌وه‌ی كتێبی ” فه‌لسه‌فه‌ی جوانیی و هونه‌ر -1979 نووسراوه‌؟؟

چواره‌م , فه‌رهه‌نگنووسی

فه‌رهه‌نگۆكه‌كه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ ( 179هه‌تا 193 ی كتێبه‌كه‌ی میراوده‌لی داگیركردووه‌ .لێره‌دا دوو شتی گرینگ تۆمارده‌كه‌م یه‌كه‌م , ناسنامه‌ی فه‌رهه‌نگ.فه‌لسه‌فه‌ی فه‌رهه‌نگنووسی ئه‌وها نییه‌ .فه‌رهه‌نگۆك ده‌بێ په‌یڕه‌وی ئه‌لفبێی فه‌رهه‌نگ بكات , چونكه‌ ئه‌و ڕیزبوونه‌ ئه‌ده‌بیه‌ , سیفه‌تی فه‌رهه‌نگی به‌ ده‌ق ده‌دات , ئاوێته‌بوونی ناسنامه‌ی ناونیشان تووڕ هه‌ڵده‌دات .ئه‌و كتێبه‌ی میراوده‌لی په‌یڕه‌وی هیچ فه‌رهه‌نگێك ناكات : سه‌ره‌تا به‌ (ف) ده‌ستیپێكردووه‌ و به‌ (ب) كۆتایی هاتووه‌.وشه‌ی فه‌رهه‌نگ , ئه‌و په‌یڤانه‌ی له‌ فه‌رهه‌نگۆكه‌ هاتوون هه‌موو وشه‌ی فه‌لسه‌فی نیین , له‌وانه‌ :زان,زۆرزان,مێژوو,ژان,له‌بری…

كه‌سێك له‌ 1987ه‌وه‌ دكتۆرای له‌ به‌ریتانیا وه‌رگرت بێ , ده‌بێ قووڵتر له‌ گه‌ردوون بڕوانێ , نه‌ك وه‌ك جاهیلێك مه‌رگی براده‌رێكی به‌ “تاوانی زه‌قی قه‌ده‌ر”-ل12 بزانێت؟هیچ له‌ سه‌ر به‌شه‌كانی دی نادوێم , چونكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی تایبه‌تی منه‌ , بۆیه‌ به‌و چه‌ند سرنجه‌ ئیكتیفا ده‌كه‌م .

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.