دوای ته‌له‌فۆنه‌كه … عه‌زیز ڕه‌ئووف
له‌دوای ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی كه‌ناڵی (ئێن ئار تی)یه‌وه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی دۆخێكی تر به‌خۆوه ده‌بنێت، دۆخی قسه‌وتن و ئه‌تككردنی ئه‌وی تر. له دوای ئه‌م ته‌له‌فۆنه‌وه ئه‌وه‌ی سه‌رێك به په‌یجه‌كانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یس بووكدا بكات، به‌ئاشكرا هه‌ست به‌وه ده‌كات كه جنێودان به‌وی تر به‌بێ ترس ده‌ركه‌وته‌یه‌كی دیاری ئێستای نێو نه‌وه‌كانمانه و ئه‌گه‌ر پێش ته‌له‌فۆنه‌كه، كه‌سانێك به‌ناوی خوازراوه‌وه جنێویان بدایه ئێستا به ئاشكرا ئه‌م دیارده‌یه ده‌بینین. ئه‌م ده‌ركه‌وته‌یه سه‌رباری دۆخێكه بۆ دوركه‌وتنه‌وه‌مان له دیالۆگی عه‌قڵانی و تێنه‌گه‌یشتنمان له پیرۆزیه‌كانی یه‌كتر و ڕێزنه‌گرتن له موقه‌ده‌ساتی ئه‌وی دی، هه‌وڵێكیشه بۆ گواستنه‌وه‌ی ڕازینه‌بوون و گه‌یاندنی مه‌سج به جۆرێكی تر. له سه‌رده‌مێكدا كه زۆر ڕێگه تاقیكرایه‌وه بۆ گه‌یاندنی مه‌سج، به‌ڵام هیچ له‌و مه‌سجانه نه‌گه‌یشتن و ئیدی نه‌وه‌ی ئێمه ڕێگه‌یه‌كی تر هه‌ڵده‌بژێرێت، ئه‌ویش ته‌عبیركردنه له توڕه‌بوونه‌كانی خۆی به قسه‌وتن به سیمبوڵه‌كانی هێزێكی دیاریكراو.
به ته‌سه‌وری من ئه‌م جۆره له جنێودان له‌خۆڕا نیه. ئه‌وه‌ی من ده‌یبینم ئه‌وه‌یه كه ئێمه له سه‌رده‌مێكدا ژیان ده‌گوزه‌رێنین كه لێشاوێك هه‌یه بۆ گوێ نه‌گرتن، هه‌ڵمه‌تێك هه‌یه بۆ بێبه‌هاكردنی قسه، حه‌مله‌یه‌ك هه‌یه بۆ نابووتكردنی هه‌ر هه‌وڵێك بۆ ته‌عبیركردنی نه‌وه‌یه‌ك، ناڕه‌زایی نه‌وه‌یه‌ك له دۆخێكی دیاریكراو. دوای ڕاپه‌ڕین، چه‌نده دۆخێك بێت بۆ ماڵئاوایكردن له ده‌سه‌ڵاتێك و پێشوازیكردن له ده‌سه‌ڵاتێكی خۆماڵی، بارته‌قای ئه‌وه‌ش دوای ڕاپه‌ڕین ئه‌و سه‌رده‌مه زێڕینه‌یه كه‌بۆ نه‌وه‌ی نوێ زێڕی تێدا نه‌بوو، ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه كه كوڕانی شۆڕش له‌م نه‌وه‌یه ناگه‌ن، یان گوێچكه‌یان نیه تێ‌یان بگه‌ن.
قسه‌وتن به‌وی تر له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، دۆخێكه زیاد له پاشخانێكی هه‌یه. له بیست ساڵی ڕابردوودا، به‌رپرسانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره ده‌یانتوانی به كرده‌وه‌كانیان ئێستایان جوان و ڕابردوویان جوانتر و ئاینده‌یان پڕ نورتر بكه‌ن. ده‌یانتوانی به كرده‌وه جوانه‌كانیان وا له نه‌وه‌ی نوێ بكه‌ن ڕه‌مزه‌كان به ڕه‌مزی خۆیان و باوكانی شۆڕش به سیمبوڵی خۆیان بزانن. به‌ڵام نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌یان نه‌كرد، به‌ڵكو به جۆرێك له قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵاتیان وایان كرد، خۆیان ناشرین و ڕابردوویان پڕ جنێوی گه‌نجان و ئاینده‌ش بخه‌نه به‌ر دۆخێكی نادیار كه ته‌سه‌ور ناكرێت له ئێستا جوانتر بێت.
ئه‌وه‌ی من ده‌یبینم له پشت هه‌ر جنێودانێكه‌وه به ڕابردوو، گوزروه‌شاندنێك هه‌یه له ئێستا. نه‌وه‌ی ئێمه زۆر ڕێگه‌ی تاقیكرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپرسان گوێیان لێ بگرن، له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا گه‌نجان مانبگرن، بنوسن، خۆپیشاندان بكه‌ن، هه‌ر ڕێگه‌یه‌كی تری مه‌ده‌نی بگرن كه‌س گوێ نه‌گرێت، ناچاره ڕێگه‌یه‌كی تر ده‌گرێته به‌ر ئه‌ویش ئازارگه‌یاندنه به به‌رامبه‌ر و له دۆخێكی واشدا مادام به‌رپرسان كار له‌سه‌ر پیرۆزكردنی باوكی ڕه‌مزی ده‌كه‌ن، بۆیه له دۆخی ناشرینیه‌كانی كوڕدا باوكی ڕه‌مزی ده‌كه‌وێته به‌ر جۆرێك له هێرشكردن. ڕوونتر بڵێم ئه‌وه ناشرینیه‌كانی كوڕانی شۆڕشه وا ده‌كات باوكانی شۆڕش له‌لایه‌ن نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه بكه‌ونه به‌ر تانه و ته‌شه‌ر. ئه‌وه ناشرینیه‌كانی ئێستایه وا ده‌كات نه‌وه‌ی ئێمه ڕووی له ڕابردوو بێت. له‌لایه‌كی تره‌وه باوكێكی ڕه‌مزی ئه‌وه‌نده ناسك بێت به ته‌له‌فۆنێك ناشرین بێت، ده‌مێكه له‌باوكایه‌تی كه‌وتووه.
ئێستا ئێمه له‌به‌رده‌م مۆرڤگه‌لێكی ترداین به ڕژانی خوێن له‌به‌رده‌م باره‌گاكانیان هه‌ستیان ناجوڵێت به‌ڵام به قسه‌وتنێك به سیمبوڵه‌كانیان توڕه ده‌بن. خه‌ڵكانێك بێده‌نگن له سه‌ندنه‌وه‌ی ڕۆح له ئینسانه زیندووه‌كان و بێ‌باك به‌رامبه‌ر به خوێنی سور، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لایان هێڵی سووره قسه‌وتنه به سیمبوڵێكی ڕابردوو. نه‌وه‌یه‌ك ئیستای ئه‌تك ده‌كرێت و بێده‌نگه، كه‌چی ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕێت بۆ قسه‌وتنێك به ڕابردوو. ئه‌وه‌ی ئێستای ئه‌تك بكرێت و بێده‌نگ بێت و به‌رگری له ڕابردوو بكات ، بێگومان له‌به‌رده‌م ئاینده‌یه‌كی ئه‌تككراودا خۆی ده‌بینێته‌وه.
هه‌رچۆنێك بێت دنیای دوای ته‌له‌فۆنه‌كه دنیایه‌كی تره، دنیای ڕقی پیرۆزی نه‌وه‌یه‌كه كه زیاد له ڕێگه‌یه‌كی تاقیكرده‌وه كه دۆخه‌كه نه‌گاته قسه‌وتن به ڕه‌مزه‌كان.
Azizrauf75@yahoo.com