Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
فەتوا و قارەمان … عەلی موحەمەد زەڵمی

فەتوا و قارەمان … عەلی موحەمەد زەڵمی

Closed
by February 22, 2013 گشتی

 


پێشەکی :   
                                                                      
 ٢٤ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر فەتوای کوشتنی سەلمان ڕوشدی لەلایەن ئیمام خومەینی لەسەر بڵاوکردنەوەی رۆمانی( the satanic verses) ‘ئایەتە شەیاتنیەکان’ لەسەر ئەوەی کە بێحورمەتی و سوکایەتی کراوە بە ئاین   ( blasphemy). ئەشێ ئەم فەتوایە لەچەندین ڕووەوە لێکبدرێتەوە و هەروەها وەک چاودێران و بیریار و توێژەرانی بواری کۆمەڵگە و ئاین سەرنجیان داوە کە هەروەک چۆن دەکرێ بە بەریککەوتنی نێوانی ئازادی ڕادەربڕین و لاینگرانی ئاین سەیربکرێت لەهەمان کاتیشدا دەکرێت وەک ناتێگەیشتنێک لێکبدرێتەوە لەنێوان ئەو دوو گروپەدا.  لێرەدا من  زۆر بەخێرایی  دەمەوێت رابوەستم لەسەر ئەم فەتوایە نەک وەک لایەنگرو و دژ بگرە وەک توێژەرەوەیەک و پاشان خوێندنەوەیەک بۆ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی-گڵۆباڵی، هەربۆیە لەچەند ڕەهەندێکەوە بەخێرایی ئاماژە بەچەند ئاسەوار و کاریگەری ئەو فەتوایە و پاشهاتەکانی دوای ئەو بەروارە دەکەین.
فەتواکە و گڵۆبالیزەیشن:
  ئەشی ئەمە بە یەکەم فەتوا دابنرێت کە دەنگۆیی جیهانی گەورەی لێکەوتەوە ئیتر چ بە  نەیار و لایەنگرەوە لەزۆر شوێنی جیهان مامەڵەی لەتەک کرا. نمونەی خوپیشاندانی جەماوەری گەورە لە شارەکانی پاکستان. پاشان یەکەم کێشەیە کە پرسی سانسۆری نێودەوڵەتی و تەنگژەی دیپلۆماسی بەدوای خۆیدا هێنا. پاشان بۆ یەکەم جار لە جیهانی مۆدێرندا فەتوای کوشتنی تاکێک بە ئاشکرا دەکرا و ئیعلان کرا لە ڕاگەیاندنەکاندا.  ئەم بەروارە هاوتەریبە بە سەرهەڵدانی بوارەکانی گەیاندن و کۆمینکەشنی خێرا و تەکنەلۆژیای گەیاندن و ماسمیدیا. گرنگترینی ئەو پێشکەوتنانە پەیدابوونی کەناڵی تەلەڤزیۆنی ئاسمانی و دواتر خزمەتگوزاری ئینتەرنێت. تێزەکانی بنیامن باربەر لەمڕوەوە شیکردنەوەی گونجاون لەسەر پەیوەندی نێوان توندڕەوی ئاینی و گڵۆبالیزەیشن. بنامین باربەرە لەکتێبی جیهاد بەرمابەر ماکۆڵد ، واتە گروپە تەقلیدی و فەندەمێنتالیزەکان دژی کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان، کە نوینەرایەتی جیهانگەرایی دەکەن لانی کەم لە وڵاتانی سەرمایەداریدا. لە ململانیکی سەرسخەتدان  بەلای ئەوەوە هەرکامیان بیباتەوە ئەوا لە بەرژەوەندی دیمۆکراسی راستەقینەدا نییە، بەڵام ئەو پێدا دەگرێت لەسەر ئەوەی کە دواجار بازاڕ و کۆمپانیاکان دەیبەنەوە. ئەو پێیوایە ئەگەر رۆژانێک ئەو گروپە توندڕەوانە خۆیان بەدور گرتبێت لە دەسکەوتەکانی تەکنۆلۆژیای گەیاندن و ئینتەرنیت، ئەوا هەنووکە ئەندامانی ئەو گروپانە زۆر سود مەند بوون لە خێرایەکانی گەیاندنی  زانیاری ئەو  تۆڕانە و لکاندنی ئەندامانیان لەمسەری دونیاوە بۆ ئەوسەری.

فەتواکە و سەرهەڵدانی پاڵەوانی ناڕەسەن:
   ئەم فەتوایەو و سلوک و مامەڵەی موسڵمانان لە دواتردا ئاوی زۆر خراپی ڕێژا بۆ سەرهەڵدانی نەریتی فەتوا دەرکردن لەلایەک  و پاشان هەلقۆستنەوەی سۆزداری موسڵمانان لەلایەکی ترەوە ئەویش لەڕێگەی  هەندێ کۆلکە نوسەر و هونەرمەند، بەجۆرێ زۆر رۆژنامەی فاشیل و نوسەری فاشیل دەوڵەمەند بوون  و نێوبانگیان دەردەکرد. واتە ئەوەندە ئاسان بوو هەستی موسڵمانان بوروژێنی کە بەنوسینی کورتە شعرێکی کرچوکاڵ یان دروستکردنی دیمەنێکی ناپرۆفیشناڵ ئیتر فیلمیک کە باس لە لایەنێکی ژیان پێغەمبەر بەجۆرێ بەس بوو بۆ ئەوەی دەیان هەزار خەڵک بڕژێتە سەرجادەکان. بێئەوەی کەسیان ئەو دەقە یان ئەو دیمەنەیان هەردیبێت و بزانن بەڕاستی وایە. بۆنمونە سەدان هەزارکەس ڕژانە سەر جادە و بەدەیان شێواز پرۆتیستی فیلمە ئەمەریکیکەی لەسەر موحمەد کرا ، پاشان دەرکەوت تەنها کورتە ڤیدیۆیەکی بێمانای نا پرۆفیشناڵە نەک فیلم، هەروەها ئەو رۆژنامە فەرنسیەی یەکەمجار وێنە کارتۆنیەکانی موحمەدی بڵاوکردەوە رۆژنامەیەک بوو لەڕووی ئابوریەوە کەوتبوو بەو هەلە هەستایەوە.   لە هەرێمی کوردستانیش بەداخەوە هەمان دیاردە زوو سەریهەڵدا و  هەر لە دیوانە شعرەکەی نامۆی حاجی کەریم لەلایەن مەلا کرێکار  و دواتر مەریوان هەڵەبجەی و بەرنامەی بوێری و  دەیان گۆڤار و بڵاوکراوەی دیکە لەم نێوەندەدا کەوتنە بەر ئەو نەریتە خراپەوە. واتە جیانەکردنەوەی ئەوەی بەڕاستی ڕەخنەی هەیە و سەرنجی هەیە و  یان داهێنانی کردوە لەتەک ئەوەی هیچی نییە لەباردا و تەنها هەست و سۆزباوی خەڵکی بەکارهێناوە بۆ خۆ گەورەکردن. کەلتوری شەلم کوێرم ناپارێزم سەریهەڵداو بێ جیاکاری هەرکەس هەرچی دەوت پەلامار دەدرا و تەنانەت بێ ئەوەی کەسیش بیخوینێتەوە چی وتراوە یان نوسراوە- لەسەر سیقە.  ئەمەش بێگومان بە پلەی یەکەم هەڵەی موسڵمانان خۆیان کە ئەم هەلە ئاسانە دەڕەخسێنن. لێرەوەش بەداخەوە هەلومەرجێک هاتەکایەوە کە هەرچی بوترێ و بنوسرێ لەسەر ئیسلام و پیاوانی ئاینی ئیسلام زۆر بەئاسانی بەسیاسی بکرێت لەلایەن هەندێ گروپی ئیسلامی سیاسیەوە و هانی خەڵکی لێبدرێت و پاشان قۆزتنەوەی ئەو گردبونەوانە وەک مۆبیلایزەکردنی سیاسی. 

فەتوا وەک پاراستنی ئاین و فەتوا وەک لێدانی ئازادی:

  سنوری ئازادی دەربڕین لەگەڵ پێشێلکردنی مافی ئەوی دی تێکئاڵان؛ بەجۆری هەنووکە  ئەستەمە هەڵاوێری سنورەکان بکرێت بەمانا کامە بێحورمەتیە و کامە سەرنج و ڕەخنە. ئەم گرفتە بەتایبەتی لەلای وڵاتانی ئیسلامی و کوردستانیش زیاتر زەقە لەبەر نەبوونی یاسایەکی مەدەنی بێلایەن و پێشکەوتوو کە دیارخەری ئەو سنورانە بێت و کەس بەهەوەسی خۆی بەکاری نەهێنیت ئیتر چ لایەنگرانی ئازادی ڕادەربڕین و چ لایەنگرانی پیرۆزیە ئاینیەکان.   بێگومان بەلای تیۆرەوان و بیریارانەوە لەوجۆرە تەنگژەی کە بەهۆی فەتواکەی ئیمامەوە کەوتەوە ناو دەبرێت بە بەریەککەوتنی دوو کەلتورو شارستانیەت. لەلایەک لایەنگرانی ئازادی ڕادەربڕین کە زیاتر سەر بە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و هەروەها نوسەران و چالاکوانانی وڵاتانی ئیسلامی پێک هاتبوون پێداگیریان لەسەر ئەوە دەکرد کە بەهیچ شێوەیەک و بیانوێک ناکرێت کەسێک بکوژرێت. لەبەرامبەردا لایەنگرانی ئاین و پیرۆزە ئاینیەکان کە زیاتر لە وڵاتانی ئیسلامی سەریانهەڵدابوو پێیان وابوو کە هیچ کەس بەهیچ بیانوێک نابێت ئازادبێت سوکایەتی بە ئاین و رەمزەکانی ئاین بکات. بێگومان ڕەنگدانەوەی هەریەک لەم دوو تێڕوانینە ڕاست دەشکێتەوە بەسەر یاسادانەران و دەستوری ئەو وڵاتانەی کە هەڵگری کام لەم تێڕوانینەن. هەربۆیە بە بەردەوامی جۆرێک لە تەنگژەو دەرگیری بەدیدەکرێت لەنێوان نوسەران و چالاکوانی بواری مەدەنی لەتەک دەسەڵاتی وڵاتە ئیسلامیەکان، ئەگەرچی دەسەڵاتەکە راستەوخۆ پراکتیزی ئیسلام نەکات وەک هەرێمی کوردستان.  

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.