Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
رادیۆی نەوا ، چیمان فێر دەكات !؟

رادیۆی نەوا ، چیمان فێر دەكات !؟

Closed
by May 6, 2008 گشتی

  حەمەی ئەحمەد ڕەسوڵ……
 
  رادیۆ ، ئامێرێکى راگەیاندنى گرنگە و لەگەڵ سەرەتاى سەدەى بیستەمدا ، میستەر مارکۆنى ئەم ئامێرە سەمەرەیەى بۆ جیهان و مێژووى مرۆڤایەتى ئافەریدە کرد ، بەیەکێک لەهاوەڵ و هەڤاڵەکانى مرۆڤ ناوزەد دەکرێت ، بەتایبەتى بۆ کاتى تەنیایی و لەوەشدا کە رادیۆ سووکەڵەیە و دەخرێتە جانت و بگرە گیرفانیشەوە ، لەکوردستانى خۆشماندا دەمێکە و لەپەنجاکانەوە ، زۆرێک لەوماڵانەى کە دەرامەت و ئاستى ئابوورییان بەرزتر بوو لەخەڵکى ، رادیۆیەکی سندووق ئاسایان هەبووە و جێی سەرسووڕمانبووە و بۆ یەکەمینجار کە خەڵکى سادە و ساویلکەى ئەو سەردەمە ، گوێیان لە دەنگى بێژەر و گۆرانیبێژ بووە کە لەو سندووقە رەقو تەقەوە هاتۆتە دەرەوە ..! رادیۆ ، لەو وڵاتانەدا کە شۆڕشیان تیا بەرپا بووە و پەیام و هەواڵى حزبی و سیاسی خۆیان بەحکومەتى نەیار و بەمیللەت گەیاندووە ، رۆڵى شۆڕشگێڕ و رێکخراوى نهێنى و تەنزیمى ناوشار بینیووە .. نێوەندێکى ئەمین و بێوەى بووە ، مامۆست و هاوڕێیەکى رێ نیشاندەر بووە ، رۆڵى یەکەمینى گێڕاوە بۆ گەیاندنى پەیام و هەواڵ و دروشمى خەباتى گەلى ژێردەست و شۆڕشگێر لەسەراپاى جیهاندا ! لەکوردستاند و لەسەرەتاى شۆڕشى ئەیلولەوە ، رادیۆى شۆڕش لەشاخەکانى کوردستانەوە ، خەڵکیان ئاگادار دەکردەوە و شیارییەکى سیاسییان پێدەدان سەبارەت بەخراپی سیاسەتى حکومەتى عێراق و زوڵم و زۆردارییە ناڕەواکەیان دەرهەق بەگەلى کوردى ستەمدیدە …! شایانى وتنە کەم ماڵ و خێزان هەبووە زۆربەى کاتەکان و بەتایبەتى شەوانى ساڵانى حەفتاکان و هەشتاکان بەدیار رادیۆوە نەبردبێتەسەر ، هەر چەندە یاساغیش بوو ، هەر چەندە هانى و هانى و هاژە هاژەى لەسەربوو ، بەڵام هەتا دەهات ئەم ئامێرە سیحراوییە تاموبۆى خۆشتردەبوو ، هێندەى رۆڵە و منداڵێک خۆشەویست بوو ، رادیۆ لەزۆربەى ماڵى کورداندا وەکو کوولەکەى رووحەکە وابوو ، بەقایش و کیف و قووماشی تیترۆن نەخشونیگاریشیان تیادا دروستدەکرد …! لەراستیدا لەگەڵ داهێنانى ئامێرى تەلەفزیۆنى رەنگ و رەنگا رۆڵى رادیۆ پاشەکشەى کرد و بەهێزبوونى کارەب و گەیاندنى وەزعى کارەبا بەگوندە دوورەکانیش لەسەراپاى جیهاندا ئیدى رادیۆ تەنها لەو شوێنانەدا لەبرەودا بوو کە وزەى کارەبا وەکو پێویست لە ئارادا نەبوو ….کوردستانیش یەکێکە لەو شوێنانەى کە کارەبایى تیادا قاتى بووە و ژیانى لەخەڵکانى زۆرینەى هەژار کردووە بەقەبرى تاریک و نووتەک …! هەنووکە لەکوردستاندا ، لەبەربێ کارەبایی هەروەها هەرزانیی ئامێرى رادیۆ و زۆریی کەناڵەکانى (FM)، رۆژانە خەڵکى لەماڵەوە و لەدوکان و لەنێو تەکسى و بگرە لەهندێک دەزگادا کە کارمەندەکانى زیاتر دەستبەتاڵن وەک لەسەرقاڵى ، زۆربەى کاتەکانیان بۆ گوێگرتن لەرادیۆ تەرخان کردووە ، بەڵام دواى پرۆسەى ئازادى و روخانى دیکتاتۆرە ملهوڕەکەى بەغدا ، ئیدى دەروازەیەکى نوێ بۆ ئازادى کرایەوە و لەو دەروازانەش کردنەوەى رادیۆى سەواو نەوابوون ،ئەم دوو رادیۆیە بەراستەوخۆیی لەئەمریکاوە بودجە و فەندى تایبەت وەردەگرن و زۆربەمان واى بۆدەچین کەئەم حزبانەى خۆمان ، فلسەسوورێک
 چییە نایدەن بەرادیۆى نەوا ..!
 رادیۆى نەوا دەمێکە جێی خۆى لەنێو رادیۆکانى دیکەدا کردۆتەوە ، بەڵام وا بۆ نزیکەى دوو ساڵێک و زیاترە بەرنامە گرنگەکانى لەهەموو بوارەکانى سیاسەت و ئابوورى و رۆشنبیرى و هونەرى و پەروەردەیی و ئەدەبی و بگرە دۆزە گرنگەکانى وەکو جێندەر و رەوشى ژن و مافى منداڵ و پەککەوتەو پیر و نەخۆش و هەموو توێژەکانى کۆمەڵگاى کوردى خستۆتە ژێر شەنوکەوى لێکدانەوە و شرۆڤە و راڤەکارییەوە .. رەنگە هەندێ رۆژ هەبێت دوو بەرنامە یان سێ بەرنامەى سیخناخ بەگفتوگۆى مەنهەجى و زانستى و ئەکادیمى پێشکەش بەبیسەرانى بکات … هێڵە تەلەفۆنییەکانى نەوا زۆر قەرەباڵخ و جەنجاڵن ، لۆدى زۆریان لەسەرە ، فشارى خەڵک و خواى شار و گوند و شارۆچکەکانى کوردستانى لەسەرە … ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە خەڵکى کوردستان ئەم مینبەر و سەکۆیەیان دۆزیوەتەوە و لەوێوە گلەیی و گازەندەیی خۆیان بەرامبەر بەدسەڵاتى کوردى و دەردەبڕن ..! دەبێ لەخۆمان بپرسین ، ئەم دیاردە نوێیە چیمان پێدەڵێت و چیمان فێر دەکات ..؟ لەراستیدا رادیۆى نەوا ئەوەمان پێدەڵێت کە لە ماوەیەکى زۆر کەمى (قیاسیدا) توانى پسپۆر و شارەز و لێهاتووى تەکنۆکراتى ناحزبی لەخۆى کۆبکاتەوە ، بەوپەڕى شەفافیییەت و راستگۆیی و (میسداقییەتەوە ) بوێرانە پەیامنێرە جەربەزەکانى خۆى بۆ شوێنى روداو و نائارام و خەتەرناک بنێرێ … زۆربەى هەواڵ و نووچەکانى رۆژانەى ، راستەوخۆن و کەمتازۆر لەگەڵ بەرپرس و سیاسەتمەدار و سەنتەرى بڕیاردا لەدیالۆگ و جەنگى سارد و جەدەلدان … زۆربەى بەرنامەکان (دیدارو گفتوگۆ) ئامێزن لەگەڵ دوو کەسی ناراستە و هزر جودا (بەڕێژەیەکى زۆر) و گرنگ بەپرسیار و بەدیالۆگى بێژەر و میوان و میللەت  سەرکەوتن  وەدەست دێنن و گوێگر بەبێ چەواشەکارى و (مەلەل) و بێزارى …لەبنەماى کێشەو دۆزە گرنگەکان تێدەگات .. ئینجا دەتوانێت بەشدارى بکات و ئازادانە پرسیارى خۆى دابڕێژێ و ئاراستەى بەرپرس و لایەنەکانى بکات ..!
 کەواتە رادیۆى نەوا گەلێک شتمان فێردەکات ،زانیارى و مەعریفەى گرنگە سەبارەت بەکاروبار و رەوشى ژیانمان بەگشتى ، سەبارەت بەدەسەڵات سەبارەت بەپەرۆشبوونى خەڵکى بەرامبەر بەژیان و نیشتمانەکەیان و خەمساردى و گوێنەگرتنى دەسەڵات و کەمتەرخەمى بەرامبەر بەزۆرینەى خەڵک .. هەروەها فرە رەنگى و فرە دەنگى و فرە بۆچوونمان فێر دەکات ، ئەوەمان فێر دەکات کەپێویستە گوێ بۆجیاواز و رەخنەى یەکترى بگرین لەجیاتى جینێو تانە و تەشەر ، فێرى دیاڵۆگ و ئارگومێنت ببین لەگەڵ بەرامبەرە جووداکەماندا ، رادیۆى نەوا زیاتر فێرى مەدەنییەت و ئاکارى شارستانیمان دەکات وەک لەرۆژنامەکان ، چونکە ئەگەرى گوێلێگرتنى نەخوێندەوار و نابین و هەژاران زۆرترە لە کڕینو خوێندەنەوەى رۆژنامە و گۆڤارەکان …!
 هەروەها رادیۆى نەوا بۆ بەتاڵکردنەوەى فشارى دەروونى و تووڕەییمان چاکە و سوودى هەیە ، راستە تەنفیسە و دەسەڵات وەکو تاکتیک بەکارى دێنێ بۆ هێمنکردنەوەى خەڵکى ، بەڵام خوپیشاندانیش تەنها کوشتن و برینداربوونى لاوانى لێدەکەوێتەوە ، .. لەبەرئەوە ئەم رادیۆ زیتوزیرەکە شێوازى مەدەنى و شارستانیی رەخنەمان فێردەکات بەرامبەر بە گەندەڵى حکومەت و حزبەکان .. وانەیەکى کەللە تەزێنیشە بۆ کەناڵە رادیۆیی و تەلەفزیۆنەکانى حزبە بێشومارەکانى کوردستان کە راستى هەواڵ و زانیارى بەوپەڕى جورئەتەوە بەخەڵکى بگەیەنن و چیدیکە ئارایشت و ستایش نەکرێتە میتۆدى میدی و مێشکى تاکى کوردى پێ بشۆرنەوە تازە کارلەکارترازاوە و مناڵى سەربێشکەش رەخنە گرێکى جەربەزەیە و پرسیارگەلێکى سیخناخ لەهزر و دەروونیدا گینگڵ دەدات و چاوەڕێی وەڵامى شەفاف و راستەقینەیە لەدەسەڵات ..!
 
 * تێبینی : شایانی باسە ئامۆژگاریم بۆ ڕادیۆكە دوو خاڵە ،یەكەمیان ئەگەر هاتە سەر ئەوەی كە فەند و نەسرییەی ڵای ئەمریكییەكان بڕا ئەوا ڕادیۆكە دابخات چاكترە نەك لە حیزب و حكومەتی هەرێمەوە پارە وەربگرێت و مەرجەكانیان قبوڵبكات.. هەروەها وەكو ڕادیۆی بیبیسی عەرەبی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ بە تەلەفۆن و ئیمەیل خۆبەخۆ لەگەڵ خەڵكیدا دروست بكات بۆئەوەی خەڵك فێرببێت ڕەخنە قبوڵبكات و كەس خۆی بە ئەفلاتۆن نەزانێت و كەس ڕق و كینە بەرامبەر بە هزر و بیروڕای ناكۆكی بەرامبەرەكەی جێبەجێنەكات و پیادە نەكات ، چونكە من و تەها ئەحمەد ڕسوڵ – ی برام دوای ئەوەی كتێبێكمان بە ناوی ڕەخنە لە بەختیار عەلی _ەوە بڵاوكردەوە هەریەك لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی و ئاوێنە ( كە گوایە شەفافن و زۆر ئازادیخوان و سەكۆی ئازاد و بیرە جیاكانن كەچی بەداخەوە ئێمە باجەكەیمان داو لە ڕۆژنامەی هەواڵ و میدیادا نەبێت بابەتمان بۆ بڵاو ناكەنەوە ، ئەمەش پاشاگەردانی و قەیرانی كاریزما پەرستن دەگەیەنێت لە كوردستاندا و بە داخەوە لە نێو توێژی رووناكبیر ورۆشەنفیكردا ..
 
 hemea.rasoel961@ yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.