Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ڕاپەڕین؛ ھوشیاربوونەوەی جەماوەر  بوو بە تواناییەكانی خۆی و….

ڕاپەڕین؛ ھوشیاربوونەوەی جەماوەر بوو بە تواناییەكانی خۆی و….

Closed
by March 9, 2013 گشتی

ڕاپەڕین؛ ھوشیاربوونەوەی جەماوەر  بوو بە تواناییەكانی خۆی و لێدانی مۆری ناپێویستبوون بوو لە تابووتی بزاڤی سی ساڵەی چەلكداری 

 

ھەژێن

٠٦ی ئازاری ٢٠١٣


ڕاپەڕینی جەماوەریی ئازاری ١٩٩١، بێوینەترین ساتی یەكگرتنی ھێزی جەماوەریی كۆمەڵگە بوو لە مێژووی ھەرێمی كوردستان (كوردستانی باشوور/ كوردستانی داگیركراوی عێراق)دا. ئەوەی كە بزووتنەوەی چەكداری بەدرێژایی سی (٣٠) ساڵ سازش و پێشلەشكری ڕژێمەكانی عیراق و ئێران و جەنگی نێوخۆیی و ماڵوێرانیدا نەیتوانی ئەنجامیبدات، ڕاپەڕین لە ماوەی چەند ڕۆژدا توانی بە ھێزی یەكگرتوو و سەربەخۆی جەماوەریی، ھێزەكانی ڕژێمی بەعس لە كوردستان ڕابمالێت و دەرگەی سنووری ئێران و توركیە و سوریە بۆ گەڕانەوەی بزووتنەوەی چەكداری پەنابەر لەو وڵاتانە، ئاوەڵا بكات و بیانگێڕێتەوە كوردستان. بەڵام ئەوان وەك حازرخۆری سفرەدڕ، یەكەمین كار كە پێیھەستان، ھێڕش بوو بۆ سەر رێكخستنە ھوشیارانە و خۆخۆیی و سەربەخۆكانی جەماوەر [شوراكان] و ڕەشەكوژی ژنان و پاشەكشێ لەبەرامبەر ھێڕشی بەعس و پاشان سازش و گفتوگۆ بوو لەتەك جەلادانی كۆمەڵدا.

 

دەسەڵاتدارانی ھەرێم یا وردتر بڵێین (ینك) و (پدك) ھەردەم لە بیست و دوو ساڵی ڕابوردوودا و ئەورۆكەش لە ھەوڵی ئەودابوون و ھەن، كە ئەو مێژووە بشێوێنن و ڕاپەڕینی جەماوەریی و یەكگرتن و ڕێكخستنە سەربەخۆكانی ڕاپەڕین لە ھۆشی جەماوەردا بسڕنەوە و بۆ ئەنجامدانی وەھا كارێك ھەر لە یەكەمین ڕۆژانی پاش سەركەوتنی ڕاپەڕین بەسەر  ڕژێمی بەعسدا، كەوتنە خۆسەپاندن و پاشەكشێكردن بە خەڵك و  ھەروەھا لە یەكەمین ساڵیادی ڕاپەڕینەوە، كەوتنە چێكردنی ئەفسانەگەلی ئاوا، كە ڕاپەڕین بەرھەمی بزاڤی چەكدارییەوە و  بە دنەدان و بانگەوازی ئەوان [ئەوانی پەنابەر لە ئوردووگەكانی قرارگاە رمضان و خاطم الانبیاﺀ و مساكن البرزە*]  ڕوویداوە.

 

ڕاپەڕین، وێرای تێكشكانی لە پیلانێكی سێ لایەنەی حازرخۆرانی سفرەدڕ و ڕژێمی بەعس و گڵۆپی سەوزنیشاندانی لەشكری ھاوپەیمانان بۆ ڕژێمی بەعس و پاشەكشێ و ھەڵھاتنی ھێزەكانی بەرەی كوردستانی وەك پیشمەرجی گفتوگۆ و دانیشتنی حكومەتی بەعس لەتەكیان، ھێشتاكە كۆمەلێك ئەزموونی لە ھۆشی نەوەی ڕاپەڕیندا جێگیركردووە و تاكو ئێستاش ھەر ناڕەزایەتییەك و ھەر خۆپیشاندانێك، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ سروش لە لایەنە پۆزەتیڤەكانی ڕاپەڕین وەردەگرێتەوە و ڕاپەڕین پلەیەكی مێژووییە لە خۆھوشیاری چین و توێژە بندەستەكانی كۆمەڵگەدا، بۆیە گەڕانەوە و سڕینەوەی ئەستەمە و لەنێوبردنی ئەو ھوشیارییە تەنیا بە لەنێوبردنی مێژوو مەیسەردەبێت، ئەمەش ئەستەمە، چونكە لە توانای ھیچ ھێزێكیدا نییە و نابێت.

 

ڕاستە ڕاپەڕین بەواتا شۊڕشگێڕانەكەی؛ ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی ڕامیاریی و لەنێوبردنی بنەما ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكانی ستەم و جیاوازی چینایەتی، سەركەوتنی بەدەستنەھێنا، بەڵام لەوەدا سەركەوتوو بوو، كە ئەوەی سێ دەھە بزاڤی چەكداری ماڵوێرانگەر و تێكدەری پێكھاتەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە نەیتوانی ئەنجامیبدات، ڕاپەڕینی سەربەخۆی جەماوەریی لە سێ ڕۆژدا ئەنجامی دا. ھەروەھا ئەوەی كە ڕاپەڕین نەیتوانی واوەتر لە ڕاماڵینی لەشكری داگیركەر لە كوردستاندا بڕوات، ھۆكاری خۆیی  دەرەكی ھەبوو؛ لەوانە خۆشباوەڕیی خەڵك بە ناسیونالیزم وەك ڕزگاركەری تاك لە ستەمی نەتەوایەتی، جێكەوتبوونی سوونەتی بزاڤی چەكداری و نامۆبوونی جەماوەر بە خەباتی كۆمەڵایەتی، قورسایی و ماندوویی جەماوەر لەدەست جەنگ و ئابلۆقەی ئابووریی و ماڵوێرانی و ئاوارەیی ھەم جۆرە، سێبەركردنی جەنگی كەنداو بەسەر داھاتووی نادیاری عیراق و نزمی ئاستی خۆھوشیاریی تاك لەو سەردەمەدا و خۆشباوەڕیی بە پارتە ڕامیارییەكان لەژێر كارایی ستەم و ھەڵاواردنی نەتەوەییدا.. وەك دەبینین ھەندێك لەم ھۆكارانە وەك لە زۆربەی ڕاپەڕینەكانی ھەنووكەی وڵاتانی عەرەبی و جیھاندا بوون و دەبنە ھۆی واوەترنەچوونی جەماوەری ڕاپەڕیو لە ئاستی یا لە سنووری ھوشیاریی پارتایەتی، كە تێدا باوەڕبوونی تاك بە ھەموو توانایەكی خۆیی و كارایی و بەھێزی یەكگرتنی جڤاكی و ڕۆڵی چارەنووسسازانەی خەباتی سەربەخۆی جەماوەریی چین و توێژە ژێردەستەكان، دەكوژرێت و  دەیكاتە پاشكۆ و بوونێكی نادەربەست و داماو و چاوەڕێی پارتی باش و سەرۆكی باش و دەوڵەتی باش، واتە ژیان لە بەھەشتی ئەفسانەكاندا.

 

لە بارێكی ئاوادا ڕاپەڕین داچڵەكان و بەخۆداھاتنەوەی تاكە لەو خەوە قورسەی كە چەندین دەھە و پارت و دەستەبژێرە ڕامیاركان، لە رێگەیەوە تاك بە ھێز و تواناییەكانی خۆی نامۆدەكەن و بەوە گۆشیدەكەن، كە بڕیاردان و ئاراستەكردنی گۆڕین و ڕاپەڕین و شۆڕش كاری ھەموو كەسێك نییە و پێویست نییە تاك لەو بارەوە خۆی ماندووبكات و كارێكی ئاوا تەنیا كەسانی ئەكادێمی، ڕامیار و شارەزای تیئۆرییە ڕامیارییەكان توانای ئەنجامدانیان ھەیە.

 

بەڵێ لە وەھا بارێكدا قسەكردن لە تێكشكانی ڕاپەڕین ھەم ناكەتوارییە و ھەم بێویژدانی و شێواندنی ڕاستی ڕووداوەكانە. ڕاستە كەسانێك دێن و دەیانەوێت ڕاستی چۆنیەتی ڕووداوەكان بنووسنەوە و بڵێنەوە، بەڵام بەداخەوە لەبەرئەوەی كە ئامانج لە كارەكەیان تێگەییشتن لە خودی سروشتی ڕاپەڕین و چۆنیەتی پێگەییشتن و ھەڵكشانی خۆھوشیاری ڕاپەڕینی جەماوەر نییە و نایانەوێت گەڕانەوەی متمانەبەخۆبوون و دەستبەكاربوونی تاكە یەكگرتووەكان لە ناڕەزایەتی كۆمەڵایەتی جەماوەردا، بە ھەند وەربگرن و تەنیا كۆشش بۆ زاقكردنەوەی ڕۆڵی گروپە ڕامیارییەكەیان یا كەسیی خۆیان لە بەرامبەر ھەوڵی شێوێنەرانەی دەسەڵات و پارتەكان و دەستەبژێری بەرتەریخواز، دەكەن، بۆیە ھەوڵەكان سنووری ململانێی ڕامیاریی گروپەكان لەسەر  ئەوەی كێ ڕابەربووە و كێ مافی شوانەیی جەماوەری ھەیە، تێپەڕناكات و تاك لە بەشداری و ھاتنەوەمەیدان دووردەخاتەوە و بەجۆرێكی دیكە دەیكاتەوە پاشكۆی دسەڵاتخوازییەكی دیكە..

 

لێرەدا من بەتەما نیم مێژوو بنووسمەوە یا ھەڵسەنگاندن لەسەر سەركەوتن و تێكشكانی ڕاپەڕین بكەم، لە شوێنی دیكەدا بەپێی توانا و دەركی خۆم لەو بارەوە بۆچوونی خۆمم دەربڕێوە، بەڵام ئەوەی كە دەمەوێت لێرەدا قسەی لەسەر بكەم، دەنگۆیەكە یا ھەوڵ و سیناریۆیەكە، كە ئەم ساڵ دەیەوێت دوابزماری سەركەوتنی دەسەڵات لە تابووتی مراندنی ڕاپەڕینی جەماوەری لە ھۆشی تاكدا بدات و لێرەوە مێژووییەكی شێوانیراو بنووسێتەوە و بەوە ھەم تایتلی ئەكادێمی و ھەم پاداشتی ڕامیاریی و  ئابووریی مسۆگەربكات، ئەوەش ھەوڵی دەستەبژێری بەناو ڕۆشنبیری كوردە، كە بێجگە لە دەستی شاراوەی دەسەڵات، ھیچ ڕۆلێكی دیكە ناگێڕێت و نەیگێڕاوە. ئەم ڕۆژانە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا و تەنانەت لە سایتی بەشی كوردی ڕادیۆ ئەمەریكاشدا ئەم دەنگۆكانە دەخوێنینەوە؛یادكردنەوەی ڕاپەڕین پێویست نییە، یادكردنەوەی كیمیابارانی ھەڵەبجە و ئەنفال پێویست نییە، یادكردنەوەی جەنگ و كوشتاری نێوخۆیی پێویست نییە، … تد، بەڵام ئەم دەنگۆیانە ھیچ قسەیەكیان لەسەر یادی لەدایكبوون و مردنی سەرانی پارتەكان و سەرۆككۆمارەكان و دامەزراندنی پارتەكان و شانازییە خوێناوییە ڕامیارییەكان، نییە و وەك بڤەیەك ناتوانن خۆیان لەو باسانە بدەن، لە بەرامبەردا دەیانەوێت ئەم ساڵ بە ساردكردنەوەی خەڵك لە ساڵیادی ڕاپەڕین و كیمیاباران و ئەنفال و جەنگی نێوخۆیی، گوڵی خاترجەمی لە یەخەی پارتەكان و دەسەڵاتداران بدەن و لەوە خاترجەمیان بكەن، كە چیدیكە ڕاپەڕین خاڵێك نییە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ئەزموونەكان، چیدیكە پارتەكانی بزاڤی چەكداری ناسیونالیزمی كورد خەمی ھەڵدانەوەی پەڕەی ھاوبەشییان لەتەك سوپای پاسداران لە ھێرش بۆ سەر ھەڵەبجە و زەمینەخۆشكردنیان بۆ ئەنفال نەبێت، چیدیكە پەڕەی شەرمەزاریی سەردەمی جەنگی نێوخۆیی بە ڕوویاندا ھەڵنادرێتەوە، چیدیكە تاكی ھۆش و ئاوەزسڕاوە، لە ساڵیادی ئەو سەركەوتن و شكستانەدا توانای دەربڕینی دەنگی ناڕەزایەتی بە ڕووی دەسەڵات و سیستەمە دژە مرۆییەكەی نیئۆلیبرالیزم لە كوردستاندا نییە و دەسەڵاتداران بە ھاوبەشی دەستەبژێری چەواشەكەر، دەتوانن بەری فریودانی جەماوەر بخۆن و بێترس لەسەر تەختی دەسەڵات، درێژە بە مشەخۆرییان بدەن!

 

بەداخەوە بێجگە لە ھەوڵی دەسەڵات بۆ شێواندنی ئەو مێژووە، چەند دەستەی دیكە ھەن كە بەجۆرێك ھەوڵیان بۆشێواندنی شۆڕشگێڕیی جەماوەر لە ڕاپەڕیندا، داوە یا دەدەن، لەوانە :

دەستەی یەكەم، گروپە چەپەكان. ئەم دەستەیە بە ھەموو ڕێكخراوەكانی ئەو كاتییەوە، چ وەك ڕێكخراو و چ وەك تاكەكەس، لەپێش ڕاپەڕین و لە ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١دا بەشداری چالاكانەیان كردووە و ھەبووە و تەنانەت لە بەرگریكردنیشدا لەبەرامبەر  گەڕانەوە و ھێڕشی ڕژێمی بەعسدا قوربانی بەرچاویان داوە. بەڵام بەداخەوە وێڕای بەشداری چالاكانەیان لە ڕاپەرینی ئازاری ١٩٩١ و ڕاپەڕینی دووەمی ھەمان ساڵدا، دواتر لەسەر بنەمای پەرتووكگرتنەوەی چەند چەپێكی ئێرانی دوور لە كەتوار، كەوتنە سەركۆنەی ڕاپەڕین و بە دابەزاندنی خەون و ئاواتی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری یاخیبوو لە ستەمی ڕژێمی بەعس تا ئاستی ھەڵچوونێكی تاڵانگەرانە، لەنێوەندی خودی پاشڕەوانیان لە كوردستان و لەنێوەندی خوێنەری فارسی زماندا  وێنەیەكی قێزەونیان بەسەر ڕاپەڕینی سەربەخۆی جەماوەریی كوردستانیان بڕی.

 

پاش ئەو دەربڕێنانەی قسەگەرانی فراكسیۆنی كۆمونیزمی كارگەریی نێو پارتی كۆمونیستی ئێران و درێژەدانیان بەو پاگەندە ژەھراوییانە پاش جیابوونەوەی ئەو فراكسیۆنە و خۆڕێكخستنی لە نێو پارتی كۆمونیزمی كارگری ئێراندا، تاسەردەمی یەكەمین جیابوونەوە لەو پارتە، كە نووسەری وتارەكە یەكێك بوو لە جیابووەكان، ئەو پارتە و پاشڕەوانی لە ھەرێمی كوردستاندا پێداگرییان لەسەر ئەو بۆچوونە نادروست و دوژمنكارانەیە دەكرد، بەڵام كاتێك كە بە كردەوە لە بەشداریكردنیان لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەكانی پارێزگەی سلێمانیدا، بۆیان دەركەوت، كە نە ھێزی سێەمی نێو پاگەندەكانی خۆیانن و لە خەڵكی ڕاپەڕیوی كوردستان ڕەخنەی بێبنەمای ئەو ھێڵە ڕامیارییە لەبیردەكات، ناچار پاشتر بەلای ڕاپەڕین و سەربەخۆیی كوردستان و ڕیفراندۆم و كۆمەلێك ھەوڵی بێسەرەنجامدا بایاندایەوە و لەو كاتەوە باجی پێداگرییان لەسەر ئەو لێكدانەوە نادروست و بێبنەماییەیان دەدەن و زۆرجار لەژێر فشاردا لەتەك خۆیاندا دەكەونە ناكۆكی؛ كاتێك كە دەیانەوێت خۆیان بكەنە پاڵەوانی ڕاپەڕین، ناچار وێنە و ئەلبوومەكانی ڕاپەڕین دەھێننەوە پێشەوە، بەڵام ھیچ كات لەو كاتەوەی كەوتوونەتە بانگەوازی جیابوونەوەی كوردستان و ڕیفراندۆم، بوێری ئەوەیان لەخۆیان نیشاننەداوە ڕەخنە لە ڕابوردووی خۆیان بەرامبەر ڕاپەڕین بگرن، ھەم دەست بەو ڕەخنەوە دەگرن و ھەم شانازی بە بەشداربوونیان لە ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١دا دەكەن. ئەم ھەڵویستە دوو جەمسەرییەیان لەبەردەم پرسیارێكی ئاوەزگیرانەدا دایاندەنێت، كە ھەموو ساڵێك لە ساڵیادی ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١دا لە ھۆشی خوێنەردا قوتدەبێتەوە؛ ئەگەر ڕاپەڕین ھەڵچوونێكی تاڵانگەرانە بوو، ئیدی شانازی بەشداری ئەوان لە چیدایە؟ یا ئەگەر بەشدارییان بۆخۆیان مایەی شانازییانە، كەواتە بەبپێی لێكدانەوەكانی قسەگەرانی ھێڵە ڕامیارییەكەیان لەو كاتەدا، ئەوان بەشی شێریان لەو ھەڵچوونە تاڵانگەرییەدا بەردەكەوێت؟! ئەگەر بەشداری ئەوان، كارێكی شۆڕشگێرانە بووبێت، كەواتە ڕاپەڕینیش ھەڵچوونێكی شۆڕشگێرانە بووە، ئەگینا ناكرێت بەشداری دەستەیەك یا ڕەوتێك لە ڕاپەڕینێكدا كە یاخیبوونی تاڵانگەرانە بووبێت، بە كارێكی شۆرشگێڕانە بخوێندرێتەوە!!

 

دەستەی دووەم، ڕۆشنبیرانی گۆشەگیر و نائومێد، ئەم دەستەیە ھەر لە سەرەتاوە، لەبەرئەوەی كە تێگەیشتنێكی میكانیكانەی لە ڕاپەرێن و شۆڕش ھەیە، كاتێك ڕاپەڕین ناگاتە ئاستی دروشمە نەزۆكەكانی ئەوان، ئیتر ڕاپەڕین تەنیا لە گۆڕینی خودە بە جامەدانی و پۆستاڵ بە كڵاش و پۆشاكی سەربازی بە كەتافی كوردیدا كورتدەكاتەوە و ھیچ ئاڵوگوۆڕێكی كۆمەڵایەتی و ھیچ ئاستێكی ھوشیاریی و ناڕەزایەتی كۆمەڵایەتی بەڕووی دەسەڵاتی بۆرجوازی كوردیدا ھاتووەتە سەرھەڵدان نابینێت. ئەمەش ڕەش و سپی خوێندنەوەی كۆمەڵگە و گۆرانەكانییەتی، ئەمە لە پەرتووك و ئایدیۆلۆجیاوە ڕوانینە بۆ ژیان و خەبات و گەشەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە. بەداخەوە پاش بیست و دوو ساڵ خەریكە ئەم دەنگانە دووبارە سەرھەڵدەدەنەوە و ناڕەزایەتی جەماوەریی بەو تەنكبینییە ئالوودەدەكەنەوە. ھەرچەندە كەسانی خاوەن ئەو بۆچوونە لە توڕەبوون و دڵسۆزییانەوە، ئەو دەستەواژە بێگیانانە بكەنە چەپكەگوڵی ساڵیادی ڕاپەڕین و بەبێ خۆماندووكردن لە تێگەییشتن لە ڕاپەڕین و سروستی سەرھەڵدانی و ئەگەری سەركەوتن و ڕەھەندەكانی كارایی لەسەر ڕووداوەكانی دواتر، بەڵام دەربڕینەكانیان دەچنە خانەی ساردكردنەوەی خەڵك لە بڕوابەخۆبوون و ئەندێشەی ڕاپەڕین و ئەم دەستەیە لەوەدا ھاوبۆچوونی دەستەی سێیەمە، كە دەسەڵاتداریی میرایەتی ھەرێم، بە درێژە و سەرەنجامی ڕاپەڕین دادەنێت. بەڵام جیاوازی چاوەڕوانی ئەم دەستەیە لە چاوەڕوانی دەستەی سێیەم، ئەوەیە، كە ئەم دەستەیە بە پێچەوانەی چاوەڕوانی دەستەی سێیەمەوە، دەخوازێت كە ئەم سەرەنجامەی نەبووایە!

 

دەستەی سێیەم، دەستەبژێری ڕۆشنبیری بەرتەریخواز، قسەگەرانی نیئۆلیبرالیزم لە ھەرێمی كوردستاندا، ئەم دەستەیە ھەر لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە تا ساڵانی ٩٣-١٩٩٤ و  ھەروەھا  لە سەردەمی ڕوخانی ڕژێمی بەعس بەملاوە، ھەوڵیانداوە مێژوو بە ئاراستەی لێكدانەوە بێبنەما و پوچەكانی خۆیان بشوێنێنن و تێنەگەییشتنی خۆیان لە ڕاپەڕین و سەربەخۆیی جەماوەر، تیئۆریزە بكەن. ئەم دەستەیەش دەسەڵاتی ھەرێم وەك درێژە و سەرەنجامی ڕاپەڕین دەبینێت و ئەم سەرەنجامەش بە نیگەتیڤ نابینێت، تەنیا گلەیی ئەوەیە، كە دەسەڵاتداریی میرایەتی ھەرێم یا پارتە فەرمانڕەواكانی ھەرێم، لە ئاستی چاوەڕوانی ئەواندا نییە، واتە سیستەمی نوێنەرایەتی پارتەكان نەیتوانیوە بگاتە ئاستی سیستەمی نوێنەرایەتی پارتەكانی ئۆروپا و ئەمەریكا و ئوسترالیا و كەنەدا و لەولاشەوە نەیتوانیوە ببێتە دەوڵەت و لە عیراق جیابێتەوە، ھەڵبەتە ئەو گلەییانەیان لە سیستەمی چینایەتی ھەرێمی كوردستان، ھاوپێچی بەرتەری زیاتر و دەسەڵاتی زیاتر بۆ خودی خۆیان وەك دەستەبژێری ڕۆشنبیر و ژیری دەسەڵاتخوازە.

 

ئەم دەستەیە ھیچ كات لەسەر چینایەتیبوونی سیستەمەكە و نایەكسانی ئابووریی و كۆمەڵایەتیی تاكەكانی ھەرێم یا لەسەر بوونی زیندان و لەسێدارەدان و تایبەتیكردنەوەی كەرتە خزمەتگوزارییەكان و كارخانەكان، ڕەخنەی ئاراستەی دەسەڵاتداران و پارتەكان نەكردووە، بەڵكو ھەردەم خۆی وەك راوێژكاری دەسەڵات بۆ زیاتر چەسپاندنی ڕامیاریی و پلانە ئابوورییەكانی سیستەمی جیھانداگیركەری نیئۆلیبرالیزم، نیشانداوە و لەو ڕوانگەیەشەوە گلەیی لە دەسەڵاتداران ھەبووە و پێیوابووە، كە دەسەڵاتداران نەیانتوانیوە باشتر خزمەت بە جێگیربوون و كۆمەڵایەتییبوونەوەی نەخشە ئابووریی و ڕامیارییەكانی نیئۆلیبرالیزم لە ھەرێمی كوردستاندا بكەن .

 

بە كورتی ھەر سێ باڵی دەسەڵاتخواز چ گروپە چەپەكان و چ ڕۆشنبیرانی گۆشەگیر و ھیوابڕاو و چ دەستەبژێری ڕۆشنبیری نێو میدیای دەسەڵات و میدیای بەناو ئەھلی، لە یەك خاڵی ھاوبەشدا یەكدەگرنەوە، ئەویش تیۆریزەكردنی ھەڵەلێكدانەوەی خۆیانە بۆ ڕاپەڕین و ڕەوت و پەرەسەندنی كۆمەلگە. ھەر سێ ڕەوت بەمەبەستی كایەكردن و گشتییكردنەوەی بەرژەوەندییەكانیان لە بۆشایی نەبوونی خۆھوشیاریی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری نارازییادا، چەمكەكانی شۆرش و ڕاپەڕین تێكەڵوپێكەڵدەكەن و لەوێوە ڕەخنە و گلەیی لە شۆرشگێڕبوون و نەبوونی دەسەڵاتداران و سەركەوتن و سەرنەكەوتنی ڕاپەڕین دەگرن و دەكەن. بە واتایەكی دیكە، ئەوا لە خاڵێكەوە دەسپێدەكەن، كە بەخۆی ناڕۆشن و لنگەوقوچلێدانەوەیە بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین، ئەمە بێجگە لەوەی كە ھەر سێ باڵ پێداگریی ئایدیۆلۆجی و بڕوایی لەسەر  پێویستبوونی پارت و دەسەڵاتی ڕامیاریی دەكەن و ھەوڵی ڕامیاریی و ئاڵوگۆڕی ڕواڵەتی یا جێگۆڕكێی دەسەڵاتداران بە شۆڕش ھەژماردەكەن و چ خۆیان و چ دەسەڵاتخوازانی دیكە بە شۆڕشگێڕ دەچوێنن.

 

ئەوان ھەوڵی پەردەپۆشكردنی ئەوە دەدەن، كە ڕاپەڕین لە كودەتای سەربازیی و ھەلپەرستی ڕامیاریی جیادەكاتەوە، كە سەربەخۆیی جەماوەرە لە بڕیاردان و نەخشەكاری پارت و ھەوڵی ڕامیاران بۆ بەدەسەڵاتگەییشتن و جێگرتنەوەی سەروەرانی پێشوو. ھەر ئەم خاڵەشە كە ھەرسێ دەستە دەسەڵاتخوازەكە لە ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ توڕەدەكات و بەرەو سووكایەتی و جنێودان و شێواندنی ڕاستیی ڕاپەڕین ھاندەدات. لە ڕاپەڕیندا جەماوەر بە ھەموو چین و توێژە ژێردەستە نەدارەكانەوە بە ھەموو ئاستە جیاوازەكانیان لە ھوشیاریی شۆڕشگێڕانەدا و بە ھەموو خەونەكانیانەوە، بەشداریدەكەن و قوربانی بۆ دەدەن و ھیوای خۆیان بە سەركەوتنییەوە گرێدەدەن. ھەر بۆیە سەركەوتنی تەواوەتی ھەر ڕاپەڕێنێك بە ئاستی خۆھوشیاریی ئەو چین و توێژە ژێردەست و نەدارانەوە پەیوەستە، كە دەبنە مۆتۆری خرۆشانی و سووتەمەنی كلپەسەندنی و چەندێك تاكەكانی جەماوەری ڕاپەڕیو توانبێتیان خۆڕێكخستنی كۆمەڵایەتی و ئابووریی (ناڕامیاریی) سەربەخۆ و خۆھوشیاریی شۆڕشگێڕانە و خۆئامادەییان بۆ ڕێكخستنەوەی ئازادیخوازانەی كۆمەڵگە لە ڕەوتی خەباتی  پێش ڕاپەڕیندا ئامادەسازی بكەن و بیانكەنە یەكە پێكھێنەرەكانی شۆڕشی كۆمەڵایەتی و سوونەتێك لە ژیانی كۆمەڵایەتی و كولتوورریی خۆیاندا، سەركەوتن و بەدیھاتنی زۆرێك لە ئاواتەكانی ئەو جەماوەرە ڕاپەڕیوە، مسۆگەرە، بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەوە چەندێك تاكەكانی ئەو چین و توێژانە وابەستەی گروپە ڕامیارییەكان و چاوەڕوانی سەرۆكی باش و پارتی باش و میرایەتی باش بن وەك ھاتنی “ئیمامی زەمان”، ئەوا شكست و ھەڵگەڕانەوەی سەرەنجامەكانی ڕاپەڕین لە بەرژەوەندی دەسەڵاتخوازان و ئاسانڕێكخستنەوەی سیستەمی قوچكەیی چینایەتی تەواو دەبێت، چونكە نەبوونی ئامادەیی خۆدەستبەكاربوونی جەماوەریی بۆ ڕێكخستنی كاروبارەكانی ژیانی ڕۆژانەی لەسەر بنەمای یەكێتی فیدرالیستییانەی ڕێكخراوە سەربەخۆ جەماوەرییەكان و پێكھێنانی بەرێوەبەرایەتی ئازادانەی كۆمەڵگە لەسەر بنەمای بناخەییبوونی ڕۆڵی ڕێكخراوە ئابووریی و كۆمەڵایەتییە سەربەخۆكانی بەرھەمھێنەرانی كۆمەلگە، ڕێگە بۆ چێكردنەوەی ئاسانی سیستەمی تێكشكاوی قوچكەیی چینایەتی و ڕێكخستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگە لەسەر بنەمای ڕۆڵی ڕێكخراوە ڕامیاریی و سەربازییەكانی دەسەڵاتخوزان، خۆشدەكات .

 

وەك لە زۆر شوێن و كاتی دیكەدا بۆچوونی خۆمم لەم بارەوە بەڕۆشنی دەربڕیوە، شۆڕش ڕووداوێكی كاتیی و پلانی ڕامیاریی پارتەكان و پلانی سەربازیی جەنەرالەكان نییە، شۆڕش پرۆسێسێكی مێژوویی درێژخایەنە و لە بەرەبەیانی ژیان و سەرھەڵدانی كۆمەڵگەی چینایەتیدا وەك ناچارییەك تاكی ژێردەست پەنای بۆ بردووە و ھەر بەناچاریش لەپێناو گەییشتن بە كۆمەڵگەی ئازاد و یەكسان و دادپەروەردا درێژەی پێدەدات و تاوەكو سیستەم و سەروەریی چینایەتی چ كۆیلایەتی و چ فیئۆداڵی و چە سەرمایەداری لە شێوەی پاشایەتی و كۆماری و تاكپارتی و چ لە شێوە دێمكراسییە پارلەمانیییەكەیدا بوونی ھەبێت، بەناچاریی شۆڕش وەك بەرەنگاریی ئازادیخوازان و یەكسانیخوازان و دادپەروەییخوازان بەڕووی چەوسانەوەدا بەردەوام دەبێت، بەڵام وەك وتم ڕاپەڕین تەنیا خاڵێك و ڕووداوێكی دیاریكراوی نێو ئەو پرۆسێسە مێژووییەیە و دەتوانین بە خاڵی بەرجەستە و یاخیبوونی پەرەسەندووی بەرنگارییە چینایەتییەكە ناوی بەرین، ئیدی ئەو ڕاپەڕینە دژی سەروەری ھەر شێوەیەك لە میرایەتی و ھەر جۆرێك لە دەوڵەت بێت، ھیچ لە كڕۆكە چینایەتییەكەی ناگۆڕێت و سەربەخۆییشی لە ھەوڵ و پیلانی دەسەڵاتخوازان و ململانێی نێوان باڵەكانی چینی مشەخۆر، بە خۆھوشیاریی جەماوەر و سنووربەندیی ئازادیخوازانەی تاكە ڕاپەڕیوەكان لەتەك ڕێكخستنی ڕامیاریی دەسەڵاتخوازاندا، پەیوەستە!

 

ھەر لەسەر ئەو بنەمایە لەتێڕوانینی مندا، ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ پلەیەكە لە ھەڵكشانی خۆھوشیاریی شۆرشگێڕانە و دەستپێكی گەڕانەوەی متمانەبەخۆبوون بۆ جەماوەر و بەبێ ڕاپەڕین ھیچ تاكێكی كۆمەڵگە بەو ئاستە لە ھوشیاریی ئەوڕۆكەیی نەدەگەییشت و ھەروا ئەستەمیش بوو، لە وەھا بارێكدا كۆمەڵگە بەبێ كاردانەوە بەرامبەر ڕووداوەكان دەستەوئەژنۆ دابنیشێت، چونكە بڕیاری ڕاپەڕینی جەماوەریی بڕیارێكی سەرەڕۆیانە و سەرشێتانەی كۆمەڵەكەسێك نییە، بەڵكو پێگەیین و كەڵەكەبوونی وانەكانی خەبات و ئەزموونگیریی جەماوەرە لە شكستەكانی. باشترین نموونەش ئەزمووونگیریی لە شكستی چەند جارەی بزاڤی چەكداری كە بێجگە لە زیندان و سێدارە و ڕاگواستنی گوندەكان و كیمیاران و ئەنفال و وێرانی ژینگە و ھەڵوەشاندنەوە و تێكدانی ڕیز و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و جێگرتنەوەیان بە ڕكەبەرایەتی و ململانێی ڕامیاریی و جەنگی میلیشییایی و خێڵەكی نێوان سەرانی پارتەكان، ھیچی دیكەی بۆ كۆمەڵگەی كوردستان بەرھەمنەھێنا و تا ھەنووكەش ئەو كاراییە نیگەتیڤە ڕامیاریی و میلیشیایانە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵكدا ڕەنگدەدەنەوە و لە ساڵی ١٩٦١ تا ئەمڕۆكە نەوە لە دوای نەوە، باجی خۆشباوەڕیی كاتیمان بەو ڕەوت و ئاراستە ڕامیارییانە دەدەین!

 

بەبۆچوونی ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ بەرەنجامی ھەڵكشانی ناڕەزایەتی كۆمەڵایەتی و خۆھوشیاریی و ئازادیخوازیی تاكی چین و توێژە ژێردەستەكانی كۆمەڵگەی كوردستان بوو، ھەر ئاوا كە ڕاپەڕینی كۆمونخوازەكانی پاریس و ڕاپەڕینی ١٩٠٥ و ١٩١٧ی ڕوسیە و ڕاپەڕینەوەی ٧ی ئاازاری١٩٢١ی دەریاوانانی كرۆنشتات و ١٩١٨- ١٩٢١ی جوتیارانی ئوكرانیا و ڕاپەڕینی ١٩٣٦ ئازادیخوازانی ئیسپانیا و ڕاپەڕینی ١٩٥٦ی ھەنگاریا و ١٩٧٩ی ئێران و پۆلۆنیا و ڕاپەڕینەكانی ئەوڕۆكەی یۆنان و باكووری ئەفەریكا و ولایەتەكانی ئەمەریكا، ڕاپەڕینی ئازادیخوازانە و سەربەخۆی جەماوەریی بوو، بریتی بوو لە ھەڵچوونی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر بەڕووی سیستەمی مشەخۆرانە و سەرووخەڵكیی سەروەریی كەمایەتیی بەعسییەكان و ئەوی كە لە دووتوێی پەرتووكانەوە ڕاپەڕینەكان دەخوێنێتەوە، بەدڵنیاییەوە بە سەرەنجامێك لە دەرەوەی كەتواری ڕووداوەكا دەگات و وەھا بە سەرەنجام گەییشتێك بۆ كەموكوڕی ڕاپەڕین و سەرنەكەوتنی ڕاپەڕێن ناگەڕێتەوە، بەڵكو بۆ گیرۆدەبوونی بیركردنەوە و تێڕوانینی ئەو كەسانە دەگەرێتەوە (داژەیەتگەرانی ڕاپەڕین) لە جاڵجاڵۊكەی تیئۆرییە ڕامیاییەكاندا، كە وەك مردوویەك ناتوانن لە ڕابوردوو ڕزگاریان ببێت.

 

لێرەدا وێڕای پێداگرتنەوەم لەسەر شۆڕشگێڕانەبوونی ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ وەك ھەموو ڕاپەڕینەكانی دیكەی مێژوو، لەسەر ئەوە پێداگریی دەكەمەوە، كە میرایەتی بۆرجوازی ھەرێم، بەرھەمی تێكشكاندنی ڕاپەڕین [نەك شكستخواردنی خۆیی] بوو و بەبێ تاكتیكی چۆڵكردنی بەرەكانی جەنگ و بڵاوكردنەوەی دەنگۆی گەڕانەوە ڕژێم و كۆڕەوی میلیشیای پارتەكان لەپێش جەماوەرەوە و تێكشكاندی بزووتنەوەی شورایی بەھەڕەشەی چەكداریی و پاگەندەی ژاراوی لە دژی لە ڕادیۆكانیانەوە و گفتوگۆی دێژخایەن لەتەك ڕژێمی بەعس و سازدانەوەی سیستەم و دەزگە سەروو خەڵكییەكانی سەردەمی ڕژێمی بەعس لەڕێگەی ڕەوایەتی پارلەمانییەوە، ئەستەم بوو ئاوا بە ئاسانی جەماوەری ڕاپەڕیو مەیدان بۆ حازرخۆرانی سفرەدڕ چۆڵبكات. بەڵێ ھەردەم سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانبەختكردووانی ڕاپەڕینەكانی ئازار و جونی ١٩٩١ دادەنەوێنم و خۆم بە سوپاسگوزاری گیانبەختكردیان دەزانم، كە لەپێناو ڕزگاربوونی ئێمە [تاكە زیندووەكانی كۆمەڵگە] لە دەسەڵاتی ڕژێمی داگیركەری بەعس، دەستبەرداری ژیان و ئازیزانیان بوون.

 

*******************************

* [قرارگاە رمضان و خاطم الانبیاﺀ] دوو لقی یا دوو پێگەی سنوورنشینی سوپاسی پاسدارانی ئێران بوون، كە ھەموو پەیوەندییەكی پارتەكانی بەرەی كوردستانی لەتەك كۆماری ئیسلامی ئێران لەرێگەی ئەوو دوو لقەی سوپای پاسدارانەوە  ئەنجامدەدران و ھەموو پشتیواییەكی لۆجیستیكی ئێران بۆ بەرەی كوردستانی لە بارەگاكانی ئەو دوو لقەوە وەردەگیران.

* [مساكن البرزە] گەڕەكێكی دیمەشق بوو، كە بنكە و بارگەی زۆرینەی پارت و كەسەكانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و بەرەی كوردستانی لەوێ كەوتبوون.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.