خۆشه‌ویستی ئه‌فلاتوونی
گه‌شتێ کورت به‌ناو دیالۆگی سیمپوزیۆن (خوان ، میوانداری، symposion) ی ئه‌فلاتوون
ناخود ئاگای (عه‌قڵی شاراوه‌ی) ئێمه چی له‌باره‌ی خۆشه‌ویستیه‌وه ده‌ڵێ؟ و چۆن ئه‌م ناخود ئاگاییه ئه‌م ووتنه به‌ویتر ، به‌و که‌سه‌ی خۆشمانده‌وێ، ده‌گه‌ێنێ؟ بۆئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م دوو پرسیاره بده‌ینه‌وه ده‌گه‌ڕێینه‌وه لای ئه‌فلاتوون و ئه‌و دیالۆگه‌ی له‌ماوه‌ی پاش لاوی، واته پێش پیری و له‌ده‌مووه‌ختی دروستکردنی ئه‌کادیمیا و له 380 ی پێشزاین، به‌ناوی سیمپوزیۆن (میوانداری، symposion) تایبه‌ت به خۆشه‌ویستی، که به یۆنانی پێیده‌ڵێن ئێرۆسEros ، سازاندویه‌تی. بۆ گه‌لێکمان ڕوونه گوزاره‌ی خۆشه‌ویستی ئه‌فلاتوونی Platonic love،که له گه‌لێ له زمانه‌کانا ئاماده‌بوونی خۆی هه‌یه و گه‌لێ هێما و ماناش له‌ناواخنیا ڕاحه‌شارده‌دا، به‌رهه‌می تێگه‌یشتنی فه‌لسه‌فی دیالۆگی سیمپوزیۆن (میوانداری، خوان) ه، که وانه‌ێ فه‌لسه‌فییه له‌باره‌ی خۆشه‌ویستییه‌وه و له‌ته‌ک دیالۆگی فایدرۆس Phaedrus دا،که دیالۆگێ تری ئه‌فلاتوونه و له‌سه‌رده‌می پیریدا ووتراوه، له پێوه‌ندیدایه. ئه‌فلاتوون دیالۆگه‌که سه‌باره‌ت به ئێواره خوانێ ده‌هۆنێته‌وه که له شێوه‌ی ئاهه‌نگێ ، میوانیێ، له ماڵی ئه‌گاتۆن Agathon سازێنراوه. ئه‌گاتۆنیش ئه‌و ئێواره خوانه،یان میواندارییه،له ماڵه‌که‌ی خۆ‌یا ، به‌بۆنه‌ی ئه‌وه‌ی یه‌کێ له شانۆنامه‌کانی له فێستیڤالێکا،له ئه‌سینا،سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه ده‌سازێنێ. میوانه‌کان که بریتین له (سوکرات، ئێرۆس وه‌ک خواوه‌ندی خۆشه‌ویستی، فایدرۆس وه‌ک ئه‌رستۆکراتێکی ئه‌سینای، دیۆتیما یان تاکه خانمه فه‌یله‌سوفه‌که‌ی یۆنان ، ئه‌ریستۆفانێس وه‌ک شانۆکارێ کۆمیدی، ئه‌لسیبیاد وه‌ک ژه‌نڕالێ ئه‌سینای، پۆسانیاس وه‌ک دۆستی ئه‌گاتۆن ، ئیریکسماخۆس وه‌ک فیزیاناس و خودی ئه‌گاتۆنیش ) چه‌ند بیرمه‌ند و که‌سایه‌تیێکی ئه‌و ده‌مه‌ی ئه‌سینا واتای خۆشه‌ویستی (ئێرۆسEros) گفتووگۆده‌که‌ن. ئه‌م دیالۆگه‌ی ئه‌فلاتوون به‌زمانێ ئه‌ده‌بی دراماتیکی نووسراوه و له‌چاو دیالۆگه‌کانی تری له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌سینایه‌کانه‌وه دوورنییه و زۆریش له که‌سێتی خودی مامۆستاکه‌یه‌وه، سوکراته‌وه، نزدیکه.به‌پێیئه‌وه‌ی دیالۆگه‌که باس له خۆشه‌ویستیێ مرۆی و هه‌ستی ده‌کا زه‌مینه بۆ شرۆڤه‌کردنی سرووشتی خۆشه‌ویستی ده‌سازێنێ و ئه‌و پێوه‌ندییه ناسانه‌یه‌ی له‌نێوان خۆشه‌ویستی و هاوڕێیه‌تیدایه شیکارده‌کا. گومانی ناوێ ئه‌فلاتوون له دیالۆگه‌که، به‌پشتبه‌ستن به هۆمیرۆس که پێمانده‌ڵێ “خۆشه‌ویستی بوارێکه بۆ قووربایندان”، قووربانیدان له‌پێناو ئه‌ویتر دا، ه‌مانخاته ناو گه‌رووی باسێ زێده هه‌ستیاری فه‌لسه‌فیه‌وه که که‌م له‌دیالۆگه‌کانی ده‌رگای گفتووگۆکردنی لێکردۆته‌وه. ئه‌مه‌ش به‌زۆری له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م دیالۆگه ده‌مانباته‌وه ناو ئه‌و جوانیه‌ی له‌ناو خۆشه‌ویستی دا په‌نهانه، ئه‌و جوانیه‌ی باشه و زانین له‌خۆده‌گرێ که دواتر دێینه‌وه‌سه‌ری. ئه‌مجۆره خۆشه‌ویستیه‌ی دیالۆگی میوانداری ڕاڤه‌یده‌کا له‌و گرفته ڕۆحیه‌دا خۆی حه‌شارداوه له ئێمه‌ی مرۆڤدا هه‌یه. واته خۆشه‌ویستی بریتیه له نه‌بوونی ئه‌وه‌ی ئێمه پێویستمانه، یان ده‌مانه‌وێ. ئه‌مه‌ش بیرۆکه‌ی ئه‌وه له‌خۆیدا ده‌شارێته‌وه که به‌ده‌ستهێنانی خۆشه‌ویستی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و به‌خته‌وه‌ریه‌یه تیامانا نییه، یاخود ئه‌و به‌خته‌وه‌ریه‌ی هه‌میشه وێڵێیین به‌دوویدا. خۆشه‌ویستی که به‌خته‌وه‌ری هێنه‌ره خۆشی بده‌ریشه (مه‌به‌ست دانی خۆشییه) بۆیشه له‌ئێواره خوانه‌که‌ی ماڵی ئه‌گاتۆن له‌سه‌ره‌تا سوکرات باس له‌وه‌ده‌کا خۆشه‌ویستی بۆ ئه‌و شته‌یه که جوانه ئه‌وه‌ش به‌ره‌و خۆشه‌ویستی بۆ ڕاستیمان ده‌با. بۆئه‌وه‌ی سوکرات به‌ری گفتووگۆکان تایبه‌ت به خۆشه‌ویستی به‌رینکا هۆشیاریئه‌وه‌مان ده‌داتێ که ئه‌وی وێڵی جوانی و ڕاستیه نه‌مره. که‌واته خۆشه‌ویستی پیاو بۆ ئافره‌ت هه‌وڵدانه بۆ گه‌یشتن به نه‌مری. دیالۆگی فایدۆن ،که دیالۆگێ ناسراوی هه‌مان ئه‌و قۆناغه‌یه که دیالۆگی میوانداری و دیالۆگی پرۆتاگۆراس و دیالۆگی گۆرگیاسی تیا نوسراوه، نه‌مری ڕۆح ده‌کا به تێمایێ بنه‌ڕه‌تی بۆخۆی و ئه‌مه‌ش پاش مه‌رگی سوکرات ئه‌م سێرکردنه لای ئه‌فلاتوون له‌دایکده‌بێ. بۆیه نه‌مری ڕۆح له دیالۆگی میوانداریشا مانای خۆی هه‌یه و ڕۆلی له گێڕانی گفتووگۆکان هه‌یه.
بۆئه‌وه‌ی ئه‌فلاتوون له‌م دیالۆگه خواوه‌ندی خۆشه‌ویستی وه‌ک خواوه‌ندی نیعمه‌ت و پاکڕه‌وشتی ببینێ گه‌شتێ فه‌لسه‌فی به‌ناو جه‌سته و ڕۆح و ئه‌وینداریدا ده‌کا تا دولبه‌ربوون و که‌وتنه ته‌ڵه‌ی خۆشه‌ویستی شیکاته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌فلاتوون له‌ڕێگای ئه‌م دیالۆگه‌وه واله ڕاستی ده‌کا ته‌نیا له‌ڕێگای عه‌قڵه‌وه نه‌ووترێ به‌ڵکو شتی ناعه‌قڵیش (واته دڵ) بتوانێ ئه‌وه بڵێ. ئه‌مه‌و له‌م دیالۆگه خۆشه‌ویستی ڕێگاێکیشه بۆ گه‌یشتن به جوانیێ هه‌ستی که له‌ویشه‌وه خۆشه‌ویستی به‌ره‌و جوانیێ کامڵ ده‌چێ. وه‌کیتریش دیالۆگی میوانداری زه‌مینه بۆ ئه‌و تێگه‌یشتنه فه‌لسه‌فیه بۆ خۆشه‌ویستی داده‌نێ که له خۆشه‌ویستی جه‌سته‌وه بۆ خۆشه‌ویستی شته جوانه‌کان و له‌ویشه‌وه بۆ خۆشه‌ویستی زانست ملیڕێگاده‌گرێته‌به‌ر. به‌مجۆره دیالۆگه‌که سه‌ره‌تا گفتووگۆده‌بێ له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی و دوای ده‌بێ به دیالۆگ له‌باره‌ی گه‌یشتن به ڕاستی. سوکراتیش که که‌سێ سه‌ره‌کی ناو دیالۆگه‌که‌یه گفتوگۆکانی تایبه‌ت ده‌بن به نه‌مری، جوانی له‌خودی خۆیدا، دواتریش ئه‌وه‌ی که چۆن خۆشه‌ویستی له زه‌وییه‌وه بۆ ئاسمان به‌رزده‌بێته‌وه. هاوکات خۆشه‌ویستی ئه‌فلاتوونی ئه‌و جۆره خۆشه‌ویستیه‌شه بناغه بۆ هاوڕێیه‌تیێ به‌هێز داده‌نێ و فاکته‌ری سێکس ئه‌و گرینگیه‌ی تیانابینێ. دیالۆگه‌که قسه‌له خۆشه‌ویستیێ ڕاسته‌قینه ده‌کا و ،خۆشه‌ویستی له‌وه جیاده‌کاته‌وه ناڕاسته‌قینه‌یه. خۆشه‌ویستی ڕاسته‌قینه “خۆشه‌ویستییێ ڕۆحییه” و پێوه‌ندیێ ئیرۆتیکی پیاده‌یناکا. که‌وابێت به‌بۆچوونی ئه‌فلاتوون خۆشه‌ویستی ده‌بێ به ویستێ ڕوحی بۆ جیهانێ ئیدیاڵ. ئه‌وه‌ی ڕۆح له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌یه‌وێت ته‌قه‌لاێکه بۆ هاتنه‌ده‌ره‌وه له‌و یه‌خسیریه‌ی له جه‌سته‌دا ده‌یژێ. ڕۆح به‌پێی ئه‌م بیرۆکه فه‌لسه‌فییه له زیندانی جه‌سته‌دایه و جه‌سته‌ش نوێنه‌رایه‌تی جیهانێ ماتریاڵیده‌کا. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌دێ که خۆشه‌ویستی له فۆڕمی “خۆشه‌ویستی ئه‌فلاتوونی” خۆشه‌ویستیێ شێوه هاوڕێییانه‌ی قووڵه و ڕێگاێکیشه بۆ تێرکردنی ڕۆح و گوێنه‌گرتن له داواکانی جه‌سته. هه‌ر ئه‌م جۆره خۆشه‌ویستییه ده‌روازێکیشه بۆ قووڵکردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی هاوڕێیه‌تی له‌نێوان نێر و مێ.
دیۆتیما Diotima،که خانمه فه‌یله‌سوفێکی یۆنانییه و سوکرات له لاوی‌دا وانه‌ی له‌سه‌ر ماهیه‌تی ڕاستی خۆشه‌ویستی (ئیرۆس Eros)لایخوێندووه،له ئێواره خوانه‌که‌ی ماڵی ئه‌گاتۆن یه‌کێکه له میوانه‌کان و ووتنه‌کانی مانای خۆی بۆ ئه‌و خۆشه‌ویستیه هه‌یه پێیده‌وترێ خۆشه‌ویستی ئه‌فلاتوونی.به‌پێی قسه‌ی دیۆتیما خۆشه‌ویستی نێوانێکه ده‌که‌وێته به‌ینی ئه‌هریمه‌ن و خواوه‌نده‌وه،ئه‌م خۆشه‌ویستییه هه‌م کوڕی هه‌ژارییه و هه‌م کوڕی ده‌وڵه‌مه‌ندیشه.کوڕی هه‌ژارییه چونکه له‌محاڵه‌ته‌دا خۆشه‌ویستی ویسته بۆ پێویستی و بۆ ئه‌و شته‌ی تیامانانییه(له‌ناخمانانییه)،هاوکات کوڕی ده‌وڵه‌مه‌ندیشه له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی بریتییه له جه‌ساره‌ت.ئه‌م جۆره سێرکردنه بۆ خۆشه‌ویستی دواتر کاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر سوکرات داناوه هیچنه‌بێ له‌به‌رئه‌وه‌ی سوکرات،که پێشتریش ئاماژه‌مانپێدا،له هه‌رزه‌کاریا له‌م خانمه‌وه فێربووه خۆشه‌ویستی چییه؟ بۆیه سوکرات له دیالۆگه‌که‌دا له‌سه‌ر ڕه‌وتی دیۆتیما ئه‌وه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه چۆن له ڕۆژی له‌دایکبوونی ئه‌فرۆدیت Aphrodite (خواوه‌ندی جوانی) گشت خواوه‌نده‌کان بۆ ئاهه‌نگێک بانگهێشتده‌کرێن.پورۆس Poros (خواوه‌ندی ده‌وڵه‌مه‌ندی) یه‌کێ ده‌بێ له خواوه‌نده ئاماده‌بووه‌کان ،که به ڕه‌چه‌ڵه‌ک کوڕی خواوه‌ندی مێتیس Metis ه ( خواوه‌ندی دانایی). له کۆتای ئاهه‌نگه‌که‌شدا پێنیه Penia(خواوه‌ندی هه‌ژاری ،یان پێویستی)، وه‌ک گشتجارێ بۆ سواڵکردن له‌به‌رده‌رگا ده‌وه‌ستێ و ده‌بینێ که خواوه‌ندی ده‌وڵه‌مه‌ندی له باخچه‌ی زیۆس دا نووستوه، ده‌چێ له‌ته‌کیا ڕاده‌کشێ تا مناڵێ به‌ناوی ئێرۆسه‌وه (خواوه‌ندی خۆشه‌ویستی) دروست‌کا.به‌پێی گێڕانه‌وه‌که‌ی سوکرات به‌مجۆره خۆشه‌ویستی (ئێرۆس)،له باوکێ به‌ده‌رامه‌ت و دایکێ بێده‌رامه‌ت له‌دایکده‌بێ ، یان خۆشه‌ویستی ده‌بێ به به‌رهه‌می زاوزێی نێوان هه‌ژاری و ده‌وڵه‌مه‌ندی. به‌پێیئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی (ئێرۆس) له ڕۆژی له‌دایکبوونی خواوه‌ندی جوانکاری (ئه‌فرۆدیت)له‌دایکبووه ویستی هه‌میشه بۆ جوانی هه‌یه.بۆیه خواوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌وکاته‌وه وێڵی جوانیه و هه‌میشه‌ش پێویستی به خۆشه‌ویستیه. ئه‌م خواوه‌نده به‌رده‌وام که‌مده‌رامه‌ته و ده‌وڵه‌مه‌ندی ،وه‌ک دایکی، به‌خۆیه‌وه‌نابینێ. هه‌میشه له‌م گه‌ڕه‌ک و له‌و شه‌قام ڕاده‌کشێ و به‌دووی شوێنێ بۆ حه‌وانه‌وه سه‌رگه‌ردانه لێ له‌بواری ئه‌وینداری وه‌ک باوکی سه‌ریبۆخۆینییه و هه‌میشه وه‌دووی خۆشه‌ویستی وێڵه.
ئه‌م دوانه‌ییه‌ی له ئێرۆس دا هه‌یه ماهیه‌تی ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌مان نیشانده‌دا له‌ئاکامی یه‌کگرتنه‌وه‌ی پێویستی و پڕکردنه‌وه‌ی پێویستیدا دێته‌کایه‌وه. ئه‌ڵبه‌ته گشت دیالۆگه‌که ئه‌م لایه‌نه له‌خۆناگرێ چونکه سوکرات وه‌ک که‌سی سه‌ره‌کی ناو دیالۆگه‌که ،و زۆربه‌ی دیالۆگه‌کانی ئه‌فلاتوون، به‌دوای ڕیشه‌ی یان سروشتی خۆشه‌ویستی ده‌گه‌ڕێ. بۆئه‌وه‌ی ئه‌م سروشته‌ش بخاته ژێرپرسیاره‌وه ڕووی ده‌می له خاوه‌ن ماڵده‌کا که میوانداریه‌که‌ی ئه‌و ئێواره‌یه‌ی سازاندوه،که ئه‌ویش ئه‌گاتۆنه. بۆیه سوکرات له ئاگاتۆن ده‌پرسێ:ئایا سروشتی خۆشه‌ویستی بریتیه له خۆشه‌ویستی بۆ شتێ یان بۆ هیچ شتێ؟ به‌قسه‌ی سوکرات خۆشه‌ویستی ده‌شێ خۆشه‌ویستی بێ بۆ دایک یان باوک به‌ڵام ئایا خودی دایک یان باوک بریتی نییه له دایک یان باوک بۆ شتێ؟ بۆیه له ئه‌گاتۆن ده‌پرسێته‌وه ئه‌م باوکه باوک نیه بۆ کوڕێ یان کچێ؟ ئه‌گاتۆن له وه‌ڵامدا ده‌ڵێ به‌دڵنیاییه‌وه وایه. بۆیه سوکرات ده‌پرسێته‌وه ئه‌مه دایکیش ناگرێته‌وه؟ ئه‌گاتۆن دووباره ده‌ڵێ به‌ڵێ.سوکرات ده‌پرسێ ئه‌ی برا، برا نییه بۆ برا یان بۆ خوشک یان بۆ هه‌ر شتێ؟ ئه‌گاتۆن له وه‌ڵامدا دیسانه‌وه ده‌ڵێ به‌ڵێ. لێره‌وه سوکرات به‌ره‌و جۆره گفتووگۆیێ تر ده‌ڕوا و ده‌پرسێ باشه خۆشه‌ویستی بریتیه له خۆشه‌ویستی بۆ هیچ شتێ یاخود بۆ شتێک؟ ئه‌گاتۆن پێیوایه به‌دڵنییاییه‌وه خۆشه‌ویستی بریتیه له خۆشه‌ویستی بۆ شتێ. بۆ سوکرات ئه‌وه‌ش جێیپرسیاره که خۆشه‌ویستی بریتی نییه له هه‌وه‌س بۆ ئه‌و شته‌ی خۆشده‌ویسترێ؟ ئه‌گاتۆن پێیوایه ئه‌مه‌شوایه.لێره‌وه پرسیارگه‌لێ تر لای سوکرات له‌دایکده‌بێ وه‌ک: خۆشه‌ویستی بریتیه نییه له هه‌وه‌س بۆ ئه‌و شته‌ی نیمانه؟ واته خۆشه‌ویستی خۆشه‌ویستیه بۆئه‌و شته‌ی پێویستمانپێیه‌تی و له‌به‌رئه‌وه‌ش که نیمانه بۆیه پێویستمان پێیه‌تی؟ ئه‌م تێگه‌یشتنه سوکراتیه بۆ خۆشه‌ویستی که له دیالۆگی میوانداری ئه‌فلاتوون گوزاره‌یلێده‌کرێ له ئه‌ده‌بی ڕۆژئاوا کاردانه‌وه‌ی خۆی هه‌بووه و بناغه‌شی بۆ ئه‌و خۆشه‌ویستیه داناوه که به خۆشه‌ویستی ئه‌فلاتوونی ناسراوه.به‌پێی ئه‌م خۆشه‌ویستیه سوکراتیه که له زاری ئه‌فلاتوونه‌وه دێته‌ده‌رێ ئه‌و که‌سه‌ی که خۆشه‌ویستیده‌کا پێویستی به‌م خۆشه‌ویستیه‌یه، ئه‌و خۆشه‌ویستیه هه‌وه‌سه بۆ ئه‌و شته‌ی تیاینییه.جاوابێ خۆشه‌ویستی گه‌یشتنه به‌وشته‌ی نیمانه،که پێویستمانه.یان خۆشه‌ویستی گه‌یشتن نییه به‌وی نییه و به‌وی پێویستمان نابێ. ئه‌مه‌و خۆشه‌ویستی له که‌مده‌رامه‌تیه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دا به‌ره‌و شتێ که تێرمانکا.خۆشه‌ویستی برسێتیه، ویسته بۆ تێربوون.وتنه‌کانی سوکرات هه‌ر لایه‌نی پێویستی بۆ خۆشه‌ویستی ناگرێته‌وه به‌ڵکو ئه‌وه‌ش که خۆشه‌ویستی بۆ ئه‌و شته‌یه که جوانه نه‌ک ناشرینه.ئه‌گاتۆنیش له گفتووگۆکه‌ی نکوڵی له‌م لایه‌نه ناکا. به‌مجۆره له خۆشه‌ویستیا جوانی نییه بۆیه خۆشه‌ویستی پێویستی به جوانیه. بۆیه که ئێمه پێویستمان به خۆشه‌ویستی ده‌بێ پێویستمان به‌و شته‌ده‌بێ که جوانه. هاوکات سوکرات پێیوایه ئه‌و شته‌ی که جوانه باشیشه. لێره سوکرات ده‌یه‌وێ بیرۆکه‌ی خۆشه‌ویستی به جوان و باش گرێداته‌وه و پێویستیشمان بۆ خۆشه‌ویستی بکا به پێویستی بۆ ئه‌و شته‌ی جوان و باشه.
ئه‌وی لایسه‌وه وترا داوامانلێده‌کا هێمابۆئه‌وه‌شبکه‌ین که،لای ئه‌فلاتوون خۆشه‌ویستی ڕێگاێکه بۆ گه‌یشتن به جیهانی ئایدیا،ئه‌مه‌ش واته گه‌یشتن به ئایدیای باش و جوان.واته ئه‌و که‌سه‌ی که خۆشمان ده‌وێ به‌پێی بیرۆکه‌ی ئه‌فلاتوون خۆشه‌ویستیه‌که‌مان خۆشه‌ویستییه بۆ ئه‌و شته‌ی باش و جوانه.له‌سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه،تێپه‌ڕاندنی خۆشه‌ویستی جه‌سته‌ی بۆ خۆشه‌ویستیێ ڕۆحی له‌ویشه‌وه بۆ خۆشه‌ویستی بۆ جوان و بۆ باش ئه‌ڵبه‌ته بۆ زانینیش ئه‌مه‌یه جه‌وهه‌ری خۆشه‌ویستی ئه‌فلاتوونی. لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و دۆکترینه‌ی (باوه‌ڕه‌ی) خۆشه‌ویستی ئه‌فلاتوونی خۆشه‌ویستییه بۆ ئه‌و شته‌ی جوانه ،باشه و زانینه. که‌واته ئه‌م خۆشه‌ویستییه به سێ قۆناغدا تێده‌په‌ڕێ که گشت قۆناغه‌کان هه‌وڵن بۆ دورکه‌وتنه‌وه له جیهانی مادی. ئه‌م سێرکردنه ئه‌فلاتوونیه بۆ خۆشه‌ویستی دواتر و له‌سه‌رده‌ستی قووتابیه‌که‌ی،واته ئه‌رستۆ، بوو به ڕێگاێ بۆ گه‌یشتن به پاکڕه‌وشتی. که‌وابێ،خۆشه‌ویستی بۆ گه‌یشتنه به پاکڕه‌وشتی (فه‌زیله).
بۆ پتر ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌وی لایسه‌ره‌وه ده‌ڵێین، خۆشه‌ویستی به مانا ئه‌رستۆییه‌که‌ی،که تێگه‌یشتنێ فه‌لسه‌فی پاش ئه‌فلاتوونیه،بۆگه‌یشتنه به پاکڕه‌وشتی (فه‌زیله). پاکڕه‌وشتیش هه‌روه‌ک جوانی یان باشه ئه‌و شته‌یه له ئێمه‌دا نییه بۆیه ده‌مانه‌وێپێیبگه‌ین.گه‌یشتنیش به پاکڕه‌وشتی لایه‌نێ ڕه‌وشتی له تێگه‌یشتنی فه‌لسه‌فی ئه‌رستۆ بۆ خۆشه‌ویستی نیشانده‌دا که له دیالۆگی میوانداری ئه‌فلاتوون له‌و فۆڕمه خۆینیشاننادا.ویستێکیش له‌و بیرۆکه فه‌لسه‌فییه‌ی له هه‌ناوی خۆشه‌ویستی ئه‌فلاتوونیدا خۆی مه‌ڵاسداوه ئامانجلێی به‌ده‌ستهێنانه، به‌ده‌ستهێنانی ئه‌وی نیمانه.وه‌کیتریش،ئه‌م ویسته له ئێمه‌دا هه‌م نه‌مره و هه‌میش به‌رده‌وامه و خۆشی وه‌ک ته‌قه‌لاێ بۆ گه‌یشتن به‌وه‌ی نیمانه نیشانده‌دا.لێ دیالۆگی میوانداری ئه‌وه‌شمان فێرده‌کا خۆشه‌ویستی هاتنه‌ده‌ره‌وه‌یه له خودی خۆ و به‌هۆی ئه‌م هاتنه‌ده‌ره‌وه‌یه‌ش به‌ویتر ده‌گه‌ین و له‌وه‌شده‌که‌وین خۆپه‌رستبین.به‌مجۆره خۆشه‌ویستی ئه‌فلاتوونی له‌ته‌ک خۆشه‌ویستی خودیخۆدا یه‌کناگرێته‌وه،خۆشه‌ویستی ئه‌فلاتوونی ئه‌و ده‌مه دێته‌دی که ئێمه له‌خودی خۆمانه‌وه به‌ره‌و خودی ئه‌ویتر ده‌چین.بێگومان،ئه‌و به‌یه‌کگه‌یشتنه‌وه‌یه‌ی له خۆشه‌ویستی ئه‌فلاتوونیدا هه‌یه چه‌ند جه‌مسه‌ریه:نێر له‌گه‌ڵ مێ،یان نێر له‌گه‌ڵ نێر ئه‌ڵبه‌ته نێره‌مووکه‌کانیش به‌شێک له خۆشه‌ویستی ئه‌فلاتوونی پێکدێنن.بۆیه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه بۆئه‌وه‌ی دیالۆگه‌که له‌دایکبێ ئه‌ریستۆفان Aristophanesباس له ڕیشه‌ی مرۆڤ ده‌کا و ئه‌وه‌مان بۆده‌گێڕێته‌وه مرۆڤ پێشتر بریتی بووه له بوونه‌وه‌رێ خڕی شێوه بازنه‌ی که دوو ده‌مووچاوی له چاوه‌کانیا هه‌بووه،که ئه‌مه‌شوایکردوه بتوانێ پێش و پاشخۆی ببینێ و،چوار قاچ و چوار ده‌ست و چوار گوێ و دوو ئامرازی ته‌ناسلیشی هه‌بووه.ئه‌م بوونه‌وه‌ره سه‌یره‌ی ئه‌ریستۆفان باسیلێوه‌ده‌کا توانای زۆربوونی نه‌بووه و نێر و مێی له‌خۆیدا کۆکردۆته‌وه و توانای خۆنه‌زۆککردنیشی هه‌بووه،ته‌نانه‌ت ڕۆژگارێ ویستوشیه‌تی به ئاسمانا هه‌ڵشاخێ و بۆ سه‌ر خواوه‌نده‌کان ببێ به مه‌ترسی. بۆیه خواوه‌ندی ئاسمان،زیۆس Zeus،سزای داوه و کردویه‌تی به دوو که‌رته‌وه(به دوو نیوه‌وه)و له‌ناوکه‌وه سه‌رله‌نوێ دووریویانیه‌ته‌وه و له‌شێوه‌ی دوو بوونه‌وه‌ر پێکیانیهێنانه‌وه‌ته‌وه.به‌پێی ئه‌م ئه‌فسانه‌یه ئه‌م دوو نیوه تائێستاش خه‌ونی یه‌کگرتنه‌وه‌یان هه‌یه.که‌واته،دۆزینه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی دۆزینه‌وه‌ی که‌رته‌که‌ی تره،ئه‌و به‌شه‌ی لێمانبۆته‌وه.به‌واتای ئه‌ریستۆفان،ئێمه‌ی مرۆڤ به‌دوای نیوه‌که‌ی خۆمانا ده‌گه‌ڕێین و ئه‌و ده‌مه‌ی ئه‌و نیوه ده‌دۆزینه‌وه ئه‌و نیوه ده‌دۆزینه‌وه که خۆشمانده‌وێ.
جه‌وهه‌ری خۆشه‌ویستی ئه‌فلاتوونی لێره ناوه‌ستێ و ئاقاری دی وه‌رده‌گرێ.به‌پێیئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی ئه‌فلاتوونی خۆشه‌ویستیێ ڕۆحییه ده‌شێ ئاڕاسته‌ی لاوێ جوانیشکرێ.بۆیه زۆرجار که قسه له خۆشه‌ویستی ئه‌فلاتوونی ده‌کرێ له‌یه‌ککاتدا قسه له‌و ئاڕاسته هۆمۆسکسوێلیه‌ش(هاوڕه‌گه‌زی)ده‌کرێ له ژێر پاڵتۆی ئه‌م جۆره خۆشه‌ویستیه‌وه دێته‌ده‌رێ. له‌محاڵه‌ته‌دا خۆشه‌ویستی حه‌زکردنه له جوانێک، جوان وه‌ک شتێ ڕۆحی و دوور له پێوه‌ندی سێکسی. به‌مشێوه‌یه‌بێ له دیالۆگی سیمپوزیۆن(میوانداری)گفتووگۆکان تایبه‌ت به خۆشه‌ویستی ڕوو له خۆشه‌ویستی نێوان نێره‌کانیش (دوو نێر)ده‌کا، بۆنموونه خۆشه‌ویستی نێوان به‌ته‌مه‌ن و لاوێک، یان وه‌ک ئه‌و شێوه خۆشه‌ویستییه‌ی له نێوان سوکرات و قوتابیه‌کانیدا هه‌بووه.له‌حاڵه‌تی سوکراتا خۆشه‌ویستی خۆی وه‌ک خۆشه‌ویستی پیرێ بۆ فێرکردن و مه‌شقپێکردنی لاوێ نیشانده‌دا.واته، ئه‌فلاتوون له دیالۆگه‌که باس ده‌باته‌وه سه‌ر پێدێراستی (مناڵباز، Pederasti)یه‌کانیش. دیاره ئه‌م جۆره که‌سانه نه‌ک هه‌ر له شارستانی یۆنانی کۆن بگره له شارستانیه‌کانی تریشا(فارسی، چینی، یابانی و عه‌ره‌بی) هه‌بوونه. پێدێراستی ئه‌و که‌سه‌یه حه‌ز له کوڕی جوانده‌کا و له‌هه‌مانکاتیشا خێزانی هه‌یه و،له‌ئێستاشا به‌مجۆره که‌سانه ده‌ووترێ بیسێکسوێل و هه‌شه له شێوه‌ی ئۆسکار وایلد که هۆمۆسێکسوێله یان له پێوه‌ندیێ پێدێراستیدا بووه.له حاڵه‌تی ئۆسکار وایلد دا پێوه‌ندیه‌که له‌نێوان دوو کوڕدا قه‌تیسده‌بێ.ئه‌ڵبه‌ته ئه‌م جۆره خۆشه‌ویستیه له‌ئێستایا له گه‌لێ له وڵاتان پێیده‌ووترێ پێدۆفیلی و کێشه‌ی یاسای به‌دواوه‌یه و بگره پرسیاری ڕه‌وشتیش ده‌وروژێنێ. ئه‌فلاتوون له دیالۆگه‌که‌دا دژیئه‌وه‌یه ئه‌و پێوه‌ندیه‌ی پێدێراستیه‌کان دروستیده‌که‌ن به‌ره‌و پێوه‌ندیێ سێکسی بچێ. له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌م دیالۆگه عیشقی نێوان نێر و نێر ئه‌و جۆره عیشقه‌یه ده‌بێ ڕۆحی بێ نه‌ک جه‌سته‌ی.
سه‌رباریئه‌وی ووترا هێما بۆئه‌وه‌شده‌که‌ین گفتووگۆکان ،که سه‌رچاوه‌ێ شیعری و ڕوناکبیرییان هه‌یه، ئاڕاسته‌ی جیاجیا وه‌رده‌گرن و وێنه‌ێ گشتیمان له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی بۆدروستده‌که‌ن. دیۆتیما، وه‌ک خانمه فه‌یله‌سوفێ له دیالۆگه‌که‌دا بۆئه‌وه‌ده‌چێ خواوه‌ندی خۆشه‌ویستی (ئێرۆس) ناشێ وه‌ک خواوه‌ند ببینرێ به‌ڵکو وه‌ک ڕۆحیه‌ت daimon، که‌چی بۆ فایدرۆس Phaidros، که یه‌کێکه له میوانه‌کانی ئێواره‌خوانه‌که‌ی ماڵی ئاگاتۆن، خواوه‌ندی خۆشه‌ویستی سروشتێ یه‌زدانی هه‌یه و تابڵێی کۆنه و، نه دایکی هه‌یه و نه‌ش باوک،هه‌رچی هزیودی شاعیره باس له‌وه‌ده‌کا له‌پاش ده‌رکه‌وتنی خواوه‌ندی خۆشه‌ویستییه‌وه هیچی ده‌رکه‌وتووه. مه‌به‌ستی هزیود لێره ئه‌وه‌یه که خواوه‌ندی خۆشه‌ویستی له هیچه‌وه هاتۆته بوون و پێش ده‌رکه‌وتنی بوون بوونی نه‌بووه. فایدرۆس باس له‌وه‌شده‌کا ئێرۆس وه‌ک کۆنترین خواوه‌ند،نوێنه‌ری باشه‌یه. پێشیوایه مه‌زنترین به‌خته‌وه‌ریه پیاو بتوانێ دولبه‌رێکی هه‌بێ و خۆی له‌پێناویا به‌ختکا. دوای فایدرۆس گفتووگۆکان پۆسانیاس Pausanias به‌ره‌و ئه‌وه‌ده‌به‌ن جه‌غتله‌وه‌کا دوو ئێرۆس هه‌یه. ئێرۆسێکیان ئاسمانیه و ئه‌ویتر گشتییه.وه‌کیتر پۆسانیاس جیاوازی له‌نێوان دوو جۆره خۆشه‌ویستی ده‌کا: یه‌کێکیان خۆشه‌ویستیێ باڵایه که خۆی ڕاده‌ستی ڕۆح ده‌کا و ئه‌ویتر ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌یه خۆی ڕاده‌ستی چێژه‌کانی جه‌سته ده‌کا. ئیریکسماخۆس Eryximachosیش،که فیزیاناسێ ناوداری ئه‌وده‌مه‌ی ئه‌سینایه له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه‌ی فیزیاناسه بۆ ئه‌و ئێواره خوانه‌ی ماڵی ئه‌گاتۆن ده‌عوه‌تکراوه و ئه‌میش جیاوازی له‌نێوان دوو ئێرۆس (خۆشه‌ویستی) دا ده‌کا. خۆشه‌ویستی یه‌که‌م خۆشه‌ویستیێ نه‌خۆشه و ئه‌ویتر به‌ته‌ندروست و ،پێشیوایه ئه‌م دوو جۆره خۆشه‌ویستیه ئاژه‌ڵ و ڕوه‌که‌کانیش پێیئاشنان و هاوکات وایبۆده‌چێ خۆشه‌ویستی له سرووشت بۆ ئه‌و شته‌یه که جوانه و ئه‌مه‌ش له‌گشت شوێنێ هه‌یه.
مایه‌وه ئه‌وه‌ش بڵێین که دیالۆگی میوانداری له‌به‌ر گرینگی ناواخنه فه‌لسه‌فییه‌که‌ی کاریگه‌ریێ هێچگار گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئاینی مه‌سیحی،و ته‌نانه‌ت کاریگه‌ری له‌سه‌ر فه‌یله‌سوفه‌کانی ئیسلام و سۆفیه‌کانیش، داناوه.هه‌روه‌ها ئه‌و فۆڕمی خۆشه‌ویستیه‌ی ئه‌م دیالۆگه گه‌شه‌ی پێداوه له ئێستایا و له کولتووره جیاکانا گفتووگۆی فڕه‌ئاقاری له‌باره‌وه‌ده‌کرێ و مۆدێلێ له خۆشه‌ویستی له جیهانا پێکهێناوه به‌ناو خۆشه‌ویستی ئه‌فلاتوونییه‌وه.
ئازاد حه‌مه
سه‌رچاوه‌کان:
ئه‌م نووسینه به سێ به‌ش له هاولاتی بڵاوکراوه‌ته‌وه.
Platon. Skrifter. Bok 1، översn. av Jan Stolpe.
Platon. Gästabudet och några andra dialoger. Översättare av Ellen Wester. Albert Bonniers Förlag. Stockholm.
Richard Hunter. Plato’s Symposium. Oxford: Oxford University Press، 2004.
Plato. The Symposium، Greek text with commentary by Kenneth Dover. Cambridge: Cambridge University Press.