Skip to Content

Friday, April 19th, 2024

فەلسەفە و بیرکردنەوە

Closed
by April 9, 2013 فەلسەفە

 

 

 

 

 

لەناو جەنجاڵییەکانی جیهانی فەلسەفە و ئەو گفتووگۆیانەی سەبارەت بەم جیهانە بەرباسدەخرێن سەردەردێنین و بۆماوەێک لەسەر پێوەندی نێوان فەلسەفە و بیرکردنەوە دەوەستین و ئەو لایەنانە دەوروژێنین باسەکەمان ڕادەچڵکێنێ و لە دەرگای نەخوازراو و و نەووتراو و دەرکپێنەکراوەکان دەدا. لێرەوە نیازمەندین هێمابۆئەوەبکەین کە، بیرکردنەوەی فەلسەفی کردەێ خودیە و خودی فەلسەفەکردنیش ئەزموونێکە لە بیرکردنەوە. بیرکردنەوەش کە فەلسەفی دەبێت بەهۆیەوە فەلسەفەکردن چەکەرەدەکا. کەواتە، فەلسەفەکردن لەناو بیرکردنەوەدا دێتەدونیاوە و هەنگاوەکانی خۆی دەنێت. بۆیە ئەو قسانەی ئێمە لە دووتۆی ئەم نووسینەدا دەیکەین دەچنە خانەی قسەکردنە بێکۆتایەکانەوە. چونکە فەلسەفەکردن و بیرکردنەوە واتە وازنەهێنان لە داخراوەکان و بەجێنەهێشتنیان وەکخۆی. هەرلەبەرئەوە لەم سەرەتایەوە بەپێویستی دەزانین ئاوڕێ لە تێگەیشتنی فەلسەفی هایدیگەر بۆ پەیڤی “بیرکردنەوە” (1) بدەینەوە و، لەو پرۆسەیەش بگەین لەپشت ئەم پەیڤەوەیە. هایدیگەر پێیوایە ئێمە بە ماناێک دەگەین بۆ بیرکردنەوە کاتێ خۆمان بیردەکەینەوە. بۆئەوەی ئەم پرۆسەیەش سەرکەوتووبێت پێویستە ئامادەبین بیرکردنەوە فێربین. ئەم پرۆسەیەش پێماندەڵێ فێربوونی فەلسەفە کردەێ مرۆییە و پیشەی ئەو کەسەیە کە پێیدەڵێن مرۆڤێ عاقڵ. واتە مرۆڤ بیردەکاتەوە چونکە مرۆڤ کەسێ ژیرە (عاقڵە)، یان مرۆڤ ئەو شتەی هەیە پێیدەڵێن عەقڵ (ژیری، Ratio)، کە ئەمەش لە هزرا ئامادەیە. هاووەخت بەبۆچوونی هایدیگەر مرۆڤ دەکارێ بیربکاتەوە کەی بیەوێت، چونکە عەقڵی هەیە. ڕەنگە مرۆڤ بشیەوێ بیربکاتەوە بەڵام ناتوانێ هەرگیز ئەوەبکا. گەر هەر بشیەوێ بەس پێویستی بە توانایە بۆئەوەی بیربکاتەوە. بەمجۆرەبێت مرۆڤ دەکارێ بیربکاتەوە کاتێ توانی بەسەر ئەوەدا زاڵبێ، واتە کە توانی ئەو توانایە بەدەستبهێنێ. هایدیگەر وایبۆدەچێ هێشتا ئەمە ئەوەمان بۆمسۆگەرناکا کە بیربکەینەوە.

سەرباری ئەوی ووترا دەستبۆئەوەش ڕادەکێشین کە، گەر تەماشای بەرهەمهێنانی هزری فەلسەفی ڕۆژئاوای بکەین دەبینین پرۆسەی بەرهەمهێنانی هزری فەلسەفی پێوەندی بە سێ بوارەوە هەیە. ئۆنتۆلۆژیا (بوونناسی)، ئێپستمۆلۆژیا (زانینناسی یان تیۆری زانین) و ئاکسیۆلۆژیا (بەهاناسی). ئەم سێ بوارەش سەکۆیان بۆ گەڕان بەدووی بوون و زانین و بەها (باشە یان خراپە و یانیش جوانکاری) دامەزراندووە. ئەم لایەنانەش بەهۆی سەرسامیەکانی فەیلەسوفەوە نەشونمایان کردووە. فەلسەفەش هەر لەسەرەتای دەرکەوتنییەوە بە سەرسامییەوە گرێدراوبووە و وەک دوو شتی لێکنەترازاو دەرکەوتوون. ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی سەرسامیەکان پرسیار و تێڕامان لە فەیلەسوف و کەسە سادەکانیش دروستدەکەن. سەرسامیەکان وروژاندن و تێهزرین بەدوویخۆیانا ڕادەکێشن و والە کەسی فەیلەسوف و غەیرە فەیلەسوف دەکەن توانای خستنەژێپرسیاری هەبێت. وەلێ خستنەژێپرسیارەکان نەک هەر لە کەسی فەیلەسوفەوە بۆ کەسی سادە جیاوازن بەڵکو  لە فەیلەسوف و زاناێکیشەوە بۆ ئەویتر جیاوازن. بەمشێوەیەبێ، فەلسەفە وا لە بیرکردنەوە دەکات پرسیاربکات. بیرکردنەوە لەژێرسایەی فەلسەفەدا بێ پرسیارکردن ناژیت. پرسیارسازی بۆ بیرکردنەوەی فەلسەفی مەرجێ پێویستە. 

فەلسەفە هەر زوو پرسیاری لەسەر بوونی مرۆڤ، لەناو بوون و جیهانا، هێنایەگۆڕێ و ئەو بوونەی کرد بەجێی تێڕامانی خۆی. لێرەشەوە پرسیارە هەمیشەییەکان سەریاندەرهێنا و بووشن بەمنداڵدانی گفتووگۆ فەلسەفییەکان. هاوکات زۆربەی فەیلەسوفانیش کۆکن لەسەر ئەوەی دوا وەڵامییان بۆ پرسیارە فەلسەفیە هەمیشەیەکان پێنییە و هەریەکەش بەشێوازێ بەشداریان لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکان کردووە. هەربۆیشە ئەمڕۆ شتێکمان بەناوی مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاواوە هەیە کە لەوێڕا بەو سێرکردنە فەلسەفییانە ئاشنا دەبین لەڕووی مێژووییەوە فەلسەفە پێیگەیووە.ئەم مێژووە ئەوەشمان بۆدەگێڕێتەوە بیرکردنەوە فەلسەفیەکان کە پرسیار بوونە لە ژیانی فەلسەفە لە بۆشای و لە هیچەوە سەریاندەرنەهێناوە.بیرکردنەوە فەلسەفیەکان ئاماژەشن لەسەرئەوەی بۆ فەیلەسوف خستنەڕوو و هەڵڕشتنی بینین و بۆچوونەکان گرینگ نەبوونە بەڵکو ئەوانە گرینگ بوونە لە شێوەی ووتنی گوماناوی دەوترێن و ئەمەش ئەوەمان بۆ شیدەکاتەوە کە فەیلەسوفەکان بەوەوەناوەستن کە دەیزانن و تێیدەگەن. کەوابێت، فەلسەفە توانای ڕسکانی بیرکردنەوەی لە مرۆڤ دا هەیە و بیرکردنەوەکانی مرۆڤیش بەهۆی فەلسەفەوە نەشونما دەکەن. فەلسەفە کە پێوەندیێ زۆری بە بیرکردنەوەوە هەیە ئەمە وادەکا بیرکردنەوەی فەلسەفی لەتەک بیری نابینا و هەڕەمەک یەکنەگرێتەوە.هۆیئەوەش ئەوەیە کە فەلسەفە وا لە بیرکردنەوە دەکات خۆی لەسەر ڕەخنەکردن ڕابێنێت. بۆئەوەی مرۆڤ ئەم خەسڵەتەی تێدابێت پێویستی بە ئامرازی ڕخنەکردنە کە ئەوەش عەقڵە. مرۆڤ کە بوونەوەرێ عاقڵ نەبێت ناتوانێ بیرکردنەوە بەرهەمبهێنێ کەواتە بوونی عەقڵ لە مرۆڤا پاڵنەری فەلسەفەیە و ئەمەش هێزی بیرکردنەوە لە مرۆڤا دەسازێنێ. مرۆڤ و ئاژەڵ یان مرۆڤ و بونەوەرەکانی تر جیاوازیان لەوەدایە مرۆڤ خۆی لە ئاژەڵ یان بوونەوەرەکانی تر بە عەقڵ جیادەکاتەوە و عەقڵی فەلسەفی تەنیا کارکردەی مرۆڤە و بەتایبەت مرۆڤی عاقڵ (نەک شێت). کەواتە شێت و ئاژەڵ یەک شت کۆیان دەکاتەوە ئەوەش ئەوەیە کە عەقڵیان نییە و توانای فەلسەفەکردنیان نییە.

 گەر لێرە وەک کارل یاسبێرس تێبفکرین دەڵێین: فەلسەفەکردن واتە ڕێگاگرتنەبەر، ئەمەش فەلسەفە دەخاتە زۆنێکەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەدا بێ. ڕووبەڕووبوونەوەش ئەزموونێ کەسییە و خودی فەلسەفەکردنیش پێوەندیێ بەتینی بە ئەزموونی کەسییەوە هەیە.بەپێیئەمەشبێت گشت کەسێ خاوەنی ئەزموونی خۆیەتی لە ژیان و جیهانا. کەسی فەیلەسوف هەوڵدەدات ئەوی لەویترەوە پێیدەگات ژێرگومان و ژێرپرسیاریخات و،ئەوی وەریشیگرتووە وەک خۆی لایخۆی نەیهێلێتەوە و ژێرتێڕامان و لێخوردبوونەوەی شەخسی خۆیخات. بۆیشە گەلێ لە بیرمەندان پێوەندیێ نزدیک لەنێوان فەلسەفە و هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە خودی خۆ و جیهانی ئەو خودە دەبیننەوە. بۆیە کۆششی ئەفڵاتوون بو بەدەستهێنانی زانین لە دەرەوەی ئەم بینینەوە نییە. لای ئەفڵاتوون دووجۆرە جیهان بوونی هەیە:جیهانی ئایدییا و ئەویتر جیهانی مادی حسی. جیهانی یەکەم جیهانی ڕاستیە نەمر و ڕەهاکانە و هەرچی جیهانی دووەمە جیهانی شتە ڕووکەش و نانەمر و تارمایەکانە. بەقەولی ئەفڵاتوون بۆئەوەی بگەین بە ڕاستی پێویستمان بەوەدەبێت جیهانی دووەم تێپەڕێنین. چۆن دەگەین بەو ڕاستیە؟ ئەڵبەتە لەڕێگای تێڕامانی هزرییەوە. 

 

لەڕێگای گفتووگۆکانمانەوە تایبەت بە پێوەندی نێوان فەلسەفەکردن و بیرکردنەوە بەو سێرکردنە فەلسەفییە دەگەین کە بیرکردنەوە بەرهەمی بیرە،یان هایدیگەر ووتەنی مرۆڤ ئەو شتەی هەیە پێیدەڵێن عەقڵ (2)، عەقلًیش ئەو شتەیە بیرکردنەوە دەسازێنێ و لەوێشەوە بە بیر دەگەین.بەهۆی بیریشەوە بە زانین لەسەر جیهانمان دەگەین. دیارە ئەو گفتووگۆ فەلسەفییەی ئەفلاتوون تایبەت بە زانین دەرگای لێکردەوە،کە پێشتر بەرباسمانخست، لەسەر دەستی قووتابیەکەی، ئەرستۆ، ئاقاری تری وەرگرت.هەروەک پێشتریش ئاماژەمانپێدا بۆ ئەفلاتوون دوو جیهان بوونی هەبووە:جیهانی ئایدییا و ئەویتر جیهانی مادی حسی. بەقەولی ئەفلاتوون ڕاستیە بابەتیەکان لەدەرەوەی جیهانی دووەمدان و لە دەرەوەی عەقڵی خود دا ئامادەن. جیهانی یەکەم جیهانی ڕاستییە هەتاهەتا و ناڕێژەییەکانە و ئەویتر جیهانی شتە دیار و ناهەتاهەتای و سێبەرئامێزەکانە.بۆیشە ئەفلاتوون پێیوابوو پێویستمان بەوەیە جیهانی دووەم تێپەڕێنین.چونکە گەر ئەمە نەکەین ناکارین بەو شتە بگەین پێیدەووترێ ڕاستی. ڕاستیش لەم حاڵتەدا ئەو زانینە نەمرەیە پێویستە پێیبگەین کە ئەمەش لەمیانەی بیرکردنەوەکانمانەوە پێیدەگەین. ئەم لایەنە لەسەر دەستی ئەرستۆ گفتووگۆی فەلسەفی تری لێسازێنرا. بۆیە ئەرستۆ بۆئەومەبەستە بە سێ پرینسیپی عەقڵی گەیشت: پرینسیپی ناسنامە، پرینسیپی ناکۆکی و پرینسیپی لابراو.بەپێی پرینسیپی یەکەم B یەکسانە بە B .واتە گشت شتێک تەنیا بەخۆی یەکسانە. واتە B تەنیا بە B یەکسانە.بەپێی پرینسیپی ناکۆکی دوو شتی ناکۆک هیچ شتێ کۆیانناکاتەوە. واتە B یان B یە و یانیش هیچ شتێ ناکۆکی نێوانیان کۆناکاتەوە. هەرچی پرینسیپی لابراوە ئەوەمان پێدەڵێ کە B یان بریتیە لە B یانیش لە هیچ شتێتر. پاش ئەرستۆ گەلێ فەیلەسوفی ڕۆژئاوای کاریان لەسەر ئەم لایەنە کردووە بەتایبەت لێبنتز چونکە ئەم فەیلەسوفە ئەڵمانییە پرینسیپی چوارەمی خستۆتە سەر سێ پرینسیپەکەی ئەرستۆەوە. ئەو پرینسیپەش بریتیبووە لە پرینسیپی هۆکاری پێویست. ئەمەش بەو مانایە دێت گشت شتێک کە ڕوودەدات هۆێکی هەیە ئەم هۆیە ئەوە ڕوندەکاتەوە بۆ ئەو شتە بەو جۆرە ڕوویداوە نەک بەجۆرێ تر. کێشە فەلسەفیەکە تایبەت بەو پرینسیپانەی ئەرستۆ ئەوەیە، لەسەر دەستی کەسێ وەک رۆنیە دێکارت قسەدێتە سەر لایەنی زگماکی لە عەقڵی مرۆڤ. بەقەولی دێکارت ئێمە کە لەدایکدەبین هەندێ بیری زگماک لە عەقڵمانا هەیە.بەواتاێتر ئێمەی مرۆڤ کە دێینە دونیاوە هەندێ پرینسیپی زگماک لە عەقڵمانا هەیە و ئەوانەش زانینمان دەدەنێ. دێکارت پێیوایە هەموو عەقڵمان هەیە بەس هەموو وەک یەک بەکارینابەین. دێکارت وایدەبینێ عەقڵمان توانای بەرهەمهێنانی زانینی هەیە لە ئاکامی توانای خودی خۆشیەوە بەمەدەگات و هیچ هێزێ دەرەکیش لەم پرۆسەیەدا بەشدارنابێت. دێکارت چوار پرینسیپ دەکات بە بناغە بۆ چۆنیەتی بەکاربردنی عەقل. بەدیهیبوون، شیکردنەوە، پێکهێنان و پێداچوونەوە. بەبۆچوونی دێکارت ئێمە لەڕێگای عەقڵمانەوە بە بوونی خودا دەگەین و لەئاکامی توانای خودی خۆشمانەوە ئەمە دەکەین .واتە عەقڵمان دەتوانێت بمانگەێنێت بەوەی زانینیمان لەسەر بوونمان هەبێت. ئەم بینینە فەلسەفیەی دێکارت ئەو دەمە، لە سەدەی 16 ،کودەتاێ فەلسەفی بەرپاکرد ، دواتر و ، لە سەدەکانی 18 و 19 گفتووگۆی فەلسەفی چڕی خستەوە. بەشێکیش لە گفتووگۆکان ئەو ڕەتکردنەوە  فەلسەفییانەبوون ئەزموونخوازەکان وروژاندیان. ئەزموونخوازەکان ،بەپێچەوانەی دێکارت، پێیانوانییە ئێمە هەندێ بیری زگماک لە عەقڵمانا هەیە. واتە عەقڵ بۆ ئەزموونخوازەکان شتێ زگماک نییە و لەڕێگای عەقڵەوە بەجۆرێ زگماک بە هیچ دەرهاویشتەێ لەسەر بوونمان ناگەین. چونکە ئەزموونخوازەکان باوەڕیان بەوەبوو عەقڵ بەبێ ئەزموون ناتوانێ بە زانین بگات. هەرلەمبارەیەشەوە یەکێ لە ڕابەرەکانی بیری فەلسەفی ئەزموونخوازی ، جۆن لۆک، پێیوایە لە عەقڵی مرۆڤدا بیری زگماک بوونی نییە چونکە ئەو وایدەبینێ عەقڵی مرۆڤ وەک لاپەڕەێکی سپی وایە لەڕێگای ئەزموونەکانەوە پڕدەکرێتەوە. ئەم بیرمەندە ئەزموونگەرا ئینگلیزە جیاوازی لەنێوان دوو جۆر لە بیرکردنەوەش دەکات: بیرکردنەوەی سادە و بیرکردنەوەی ئاڵۆز. بیرکردنەوەی سادە لەڕێگای دەرکپێکردنەکانەوە ،وەک فۆڕم و جوووڵە، دێتە ناو زەینەوە، هەرچی بیرکردنەوەی ئاڵۆزە ئەوەیە کە مرۆڤ لەڕێگای عەقڵەوە، وەک ناسنامە و ناپایان و ..هتد، پێیدەگات. شایانی ووتنە، جۆن لۆک لەو باوەڕەشدابوو کە هەستەوەرەکان، دەرکپێکردن ، سەرچاوەی گشت ئەو شتانەن عەقڵ پێیدەگات، ئەڵبەتە عەقڵ ئەمە لەڕێگای ئەزموونەوە دەکات نەک شتێتر. تەنانەت لۆک پێشیوابوو سنووری عەقڵ دیاریکراوە، واتە عەقڵ ناتوانێ بە ڕاستیە میتافیزیکیەکان بگات. بەڵام ئەو لایەنەی لۆک پشتگیریلێدەکا ئەوەشمان لا یەقیندەکا کە چەند ئەزموونەکانی مرۆڤ جیاوازبن ئەو ئەزموونانەی دەستماندەکەون پتر جیاوازدەبن. لێ گەیشتن بە یەقین بەس نییە. چونکە خودی گومانکردن بەس نییە. بۆیە فەلسەفە هەر بەردەوامە دوای ئەو هەموو گومانانەی پێیگەیشتووە و ئەڵبەتە پاش ئەو هەموو یەقینانەش وەدەستیهێناوە. ئەمەش لەبەرئەوەی پرۆسەی گەیشتن بە ڕاستی لەبن ناێ. لێرە دەچینەوەسەر تێگەیشتنێ فەلسەفی بادیو کە لە لێدوانێکدا لەسەر ڕاستی بەنموونە دەیهێنێتەوە. بادیو پێیوایە ڕاستی بە قەولی لاکان هەموو شتێک نییە. بادیوش پێیوایە ڕاستی هەموو شتێک نییە بەس لەهەمانکاتا بۆئەوەش دەچێ کە ڕاستی شتێ کەم نیە. واتە گەیشتن بە ڕاستی لەمحاڵەتەدا گرینگی خۆی هەیە و شتێ بێ بەها نییە. کەوابێ، فەلسەفەکردن هەر لە گومان دروستکردن بریتی نییە بەڵکو لە یەکلاکردنەوەی گومانەکان و دۆزینەوەی چارەسەریش بۆیان.  

سەرباریئەوی وترا، فەلسەفەکردن هەربەوەوە ناوەستێ گومان لەسەر گومان دروستکات. چونکە گشت گومانێ لەخۆیا پرسیارە. پرسیاریش پێویستی بە وەڵامە بۆیە گومان بۆئەوە هەیە تا فەلسەفەکردن تەکانی جۆراو جۆر و جیاجیا بدات. فەلسەفەکردن کارێوادەکات ئەوی دەیزانین بکەوێتە ژێرگومانەوە و یان دڵنیانەبین لەوەی پێیمانە. بۆیە لەڕێگای فەلسەفەکردنەوە دەتوانین دڵنیابین چی دەزانین و چۆنیش دەیزانین. واتە فەلسەفەکردن ڕێگاێکە بۆ خستنەژێرپرسیاری زانینەکانمان. 

پێوەندی نێوان فەلسەفەکردن و بیرکردنەوە چەند جۆرە پێوەندیێ تر لەناخیخۆیڕا حەشاردەدا ڕەنگە گرینگترینیان ئەم دوو پێوەندیەبێت: فەلسەفەکردن و ماهیەتی فەلسەفە و ئەویتر بیرکردنەوە و ماهیەتی بیرکردنەوە. بۆئەوەی پێوەندی یەکەم ڕوونکەینەوە دەکارین بەهۆی بیرمەندێ فەڕەنسی وەک  لوک فێری Luc Ferry یەوە هۆشیاری لەسەرئەوە پەیدادەکەین کە فەلسەفە بۆ ئەم بیرمەندە فەڕەنسییە لە “ڕوناکبیریێ گشتی” پێکنەهاتووە (3). بەس ئەم لایەنە واناکات ئێمەی مرۆڤ هەوڵنەدەین ئاگای لەسەر فەلسەفە پەیدانەکەین. ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئێمەی مرۆڤ ” بەبێ فەلسەفە ناتوانین لە جیهان بگەین”. ڕەنگە هۆی دووەم ئەوەبێ کە “دیدی ئێمە بۆ جیهان کە لەمیانەی دیرۆکی بیرەوە پێکهاتووە پێویستمان بەوەیە لە ناواخن و لۆژیکی ئەم دیدەش بگەین”. ئەم بیریارە فەڕەنسییە بەبێسڵەمینەوە جەغتلەسەرئەوەدەکا کە خوێندنەوەی کەلەپووری بیری مرۆڤایەتی یارمەتی ئەوەماندەدا باش و سەربەستانە بژین. هەر تایبەت بەم لایەنە لوک فێری بۆئەوەشدەچێ “هەندێ لە بیرمەندە هاوچەرخەکان پێیانوایە فەلسەفە بۆ خۆشی ناکەن و تەنانەت لەبەرئەوەش فەلسەفە ناکەن تا باشتر لە خۆیان یان لە جیهان بگەن بەڵکو بۆئەوە فەلسەفە دەکەن تا خۆیان بپارێزن”. لێرە پێویستە بپرسین: خۆ پاراستن بەهۆی چییەوە؟ و خۆپاراستن لە چی؟ ئەڵبەتە خۆپاراستن بەهۆی فەلسەفە، بەهی ئەو شتەوەی کە ناوی بیرکردنەوەیە. چونکە ئێمە کە بیردەکەینەوە واتە خۆماندەپارێزین. واتە، خۆپاراستن لەو شتەی دێ، لەو شتەی ڕووینەداوە. ئەمە بۆ ئێمە بەو مانایەش دێ فەلسەفە کە بیرکردنەوە دەگەێنێ ئامادەباشیمان تیا دەسازێنێ. هەرچی بە پرسیاری دووەمەوە (خۆپاراستن لە چی؟) تایبەتە دەکرێ لە زاری لوک فێریەوە بەوەبگەین کە فەلسەفە یارمەتیمان دەدا بەسەر ئەو مەترسیانە زاڵبین ژیانمان پەکدەخەن بۆیە ناوبراو وایبۆدەچێ کە ” لەئێستایا شیکردنەوەی دەروونی ناکارێ جێی فەلسەفە بگرێتەوە”. لێرە ئەم تێگەیشتنەی فێری وامانلێدەکا ئەم پرسیارە لە خۆمان بکەین : شیکردنەوەی دەروونی دەتوانێ جێبە فەلسەفە لێژکا؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لەسەر ئەو پێناسەیە دەوەستێ بۆ شیکردنەوەی دەروونیدەیکەین. گەر شیکردنەوەی دەروونی گەلێ پێناسەی بۆکرابێ ڕەنگە ناسراوترینیان ئەم سێ پێناسەیەبێ: شیکردنەوەی ژیری مرۆڤ، شیکردنەوەی دەروونی مرۆڤ و سێهەمیش شیکردنەوەی ڕەوشت یان ڕەفتار و هەڵسوکەوتی مرۆڤ. گشت ئەم پێناسانە بەقەد ئەو پێناسەیە قەبارە ئەستوور و قووڵ نییە کە فەلسەفە دەکا بە بیرکردنەوە لەمەڕ بیرکردنەوە، یان فەلسەفە خۆی وەک ویست یان هاوڕێیەتی بۆ دانای نیشاندەدا. پێشئەوەی ئەو دوو پێوەندیەی لایسەرەوە ئاماژەمانپێکرد پتر گفتووگۆکەین تێگەیشتنێ فەلسەفیتر لەسەر پێوەندی نێوان فەلسەفە و دەرووناسی دەخەینەڕوو و بۆئەو مەبەستەش دەچینەوە سەر ئەو لێدوانە وروژێنەرەی بادیو لە ساڵی 1965 لە تەلەفزیۆنی فەڕەنسی لەتەک فوکۆ لەبارەی “” فەلسەفە یان دەروونناسی؟ “” سازیکردوە (4).

بۆ فوکۆ لەو لێدوانە پێناسەکردنی دەرووناسی وەک زانست ئەو گرینگیەی نییە بەڵکو دەکرێ وەک فۆڕمێ کولتووری (ڕۆشنبیری) تەماشاکرێ. بەبۆچوونی فوکۆ ئەم دیاریکردنە دەچێتە خانەی چەند دیاردەێکەوە کە کولتووری ڕۆژئاوا لە دێرزەمانەوە ئاشنایەپێی و توانیویەتی لەناویا چەند شتێ بزایێنێ لەوانە دانپیاهێنان، دیالۆگ، وتار و یان شێوازی بیرکردنەوە. بادیو بەهۆی ئەم وەڵامەی فوکۆوە دەیەوێ بە شوێنێتر بگا ئەوەش ئایا پێوەندیێ ناوەکی یان دەرەکی لەنێوان دەروونناسی وەک فۆڕمێ کولتووری و فەلسەفە وەک فۆڕمێ کولتووری هەیە؟ یاخود پێشئەوە، ئایا دەشێ فەلسەفە بە فۆڕمێ کولتووری لەقەڵەمدرێ؟ لە وەڵامدا فوکۆ خۆی لەم بوارە بەتوانا نازانێ یان خۆی بەشایستەی ئەوە نازانێ بتوانێ وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە فەلسەفە فۆڕمێ کولتووری بێ بداتەوە چونکە ئەوەی پێیدەڵێن فەلسەفە بۆ فوکۆ جێیبایەخ نییە (فوکۆ بواری پسپۆریەکەی مێژووی سێستەمی هزر بووە). لێ لەو باوەڕشدایە ئەوەی فەلسەفە فۆڕمێ کولتووری بێ کێشەێ گەورەی ئێستای ڕۆژئاوایە و گفتووگۆیێ زۆریش لەوبارەیەوە لەئارادایە. گومانیش ناکا کە فەلسەفە فۆڕمێ کولتووری زێدە گشتی نەبێ و لەڕێگای ئەمەشەوە بە ماهیەتی ڕۆژئاوا ئاشنانەبین. بەڵام ئەوەی بە پێوەندی نێوان دەروونناسی وەک فۆڕمێ کولتووری و فەلسەفەوە تایبەتە فوکۆ بۆئەوەدەچێ کە ئەمە لەئێستا و لە 150 ساڵی ڕابردوودا (دەکرێ بووترێ 200 ساڵ چونکە ئەو لێدوانە 48 ساڵ لەمەوبەر سازکراوە) بووەبە خاڵی ناکۆی نێوان فەیلەسوف و دەروونناسەکان. ئەم لایەنەش بۆ فوکۆ دەشێ لەڕێگای وروژاندنی هەندێ پرسیارەوە بجوڵێنرێتەوە کە تەوەرەی سەرەکی ئەم لایەنە ڕیفۆرمی خوێندنە (پەروەردە). وێرایئەوەی فوکۆ گومانناکا کە زانستە مرۆیەکان بەهۆی دەروونناسییەوە لە سەدەی نوزدەوە لە پێوەندیدان بە فەلسەفەوە. فوکۆ ئەم بایەخەی زانستە مرۆیەکان بە دەروونناسی بۆ ئەوەی دەگەڕێنێتەوە کە فەلسەفە بواری دەروونناسی بەبێ وەربەرهێنان جێهێشتووە. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێ کە دەروونناسی بوارێ بەپیتبووە بۆ زانستەمرۆیەکان تا فەلسەفە. تەنانەت فوکۆ بەرپەچی ئەوانەش دەداتەوە کە بە زانستەمرۆیەکانەوە سەرقاڵن کە پێیانوایە ئەرکی نەرێتی فەلسەفە کە لە یۆنانی کۆنەوە هاتۆتەدونیاوە ناشێ ئەمجارەیان بەئامرازی زانستەمرۆیەکانەوە دووبارەبەرهەمهێنرێتەوە و پێشیوایە ئەمە بۆچوونگەلێ فەلسەفی پۆزەتڤیستییە. فوکۆ بۆئەوەی شتێ پێچەوانە بڵێ ئاماژەبۆئەوەدەکا کە ئەنترۆپۆلۆژیا (مرۆڤناسی) ئەو زانستەیە کە لە سەدەی 19 لە ڕۆژئاوا دەرکەوتوە و بەشێکە لە بەختی فەلسەفی ڕۆژئاوای. واتە فەلسەفە بەهۆی ئەم زانستەوە لە مرۆڤ کۆڵاوەتەوە و پێوەندی بە زانستەمرۆیەکانیشەوە بەهێزکردوە کە ئەمەش ، بەقەولی فوکۆ، دیسانەوە گفتووگۆی پێوەندی نێوان فەلسەفە و زانستەمرۆیەکان دەخاتەوە بەرباس. تەنانەت فوکۆ پێیوایە لە سەدەی 18 زانستەمرۆیەکان بەهۆی فەلسەفەوە، فەلسەفەی سەدەی هەژدەوە، توانیویانە خۆیان بەرهەمبهێننەوە و لەوکاتەدا دەروونناسی بەوە پێناسەکراوە کە زانستێکە بایەخ بە ڕۆح یان ئاگای ، یاخودیش تاک دەدا. 

لەسەر ئەو بناغەیەی فەیلەسوفی هاوچەرخی فەڕەنسی لوک فێری Luc Ferryبۆیدەچێ کە”لەئێستایا شیکردنەوەی دەروونی ناکارێ جێی فەلسەفە بگرێتەوە”(5)لە بەشی پێشوو گەڕاینەوە سەر ئەو گفتووگۆ فەلسەفیەی ئالان بادیو لە ساڵی 1965 لە تەلەفزیۆنی فەڕەنسی لەتەک فوکۆ لەبارەی”” فەلسەفە یان دەروونناسی؟ “”سازیکردوە(6).بەپێی ووتنەکانی فوکۆ لەو گفتووگۆیە،لە شۆپنهاوەر و نیچەوە دەروونناسی بە فەلسەفە و ئاگایش بە نائاگای یەکسانکراوە و بەپێی ئەو دوبارەڕێکخستن و دابڕانەی نێوان زانستەمرۆیەکانیش بێ جەغت لە چییەتی نائاگای کراوە.بەبۆچوونی فوکۆ ئەمە جەغتکردنە لە فرۆید.لەگەلًَ فرۆید، فوکۆ ووتەنی، دەروونناسی ئەو بایەخەی لەدەستدا کە زانستێکە بۆ بایەخدان بە ئاگای یان تاک.کەواتە دەروونناسی لەگەڵ فرۆید خۆی لە سەدەی 18ی ڕۆژئاواش جیاکردەوە و بوو بە زانستێ لەبارەی نائاگای مرۆڤەوە.ئەم جۆرە تێگەیشتنە فوکۆییە بۆ دەروونناسی ئەوەی ڕاڤەکرد کە دەروونناسی بوارێکە بۆ ئاگایناسی و هاندەری دوبارە سازاندنەوەی پایەی زانستەمرۆیەکانیشە بەس ئەم لایەنە وا لە بادیو دەکا پرسیار لەسەر مانای نائاگای بکا ئەوەش بەمەرجێ،ئەگەر، زانستە مرۆییەکان بریتیبێ لە چرکەێ چارەنووسسازانە بۆ فەلسەفەی ڕۆژئاوا.هەرچی فوکۆیە ئینکاریلەوەناکا کە نائاگای مەسەلەێ ئاڵۆزە و لەگەڵ فرۆیدیش گشت زانستەمرۆییەکان بوو بە زانستی دەروون.بەڵام ئێمە پێمانوایە گەشەی دەروونناسی لەناو گۆڕەپانی زانستەمرۆییەکان ڕووبەڕی فەلسەفە تەسکناکاتەوە و فەلسەفە ناکا بە پاشکۆی دەروونناسی.ئەمەو فەلسەفە وادەکا بیرکردنەوە جێیبایەخیبێ و لەناو زانستەمرۆیەکانا گفتووگۆ لەسەر بیرکردنەوە چرۆدەرکا و ببێ بە بوارێکیش بۆ کۆبوونەوەی ئاگای مرۆڤ.گەر چەند تێگەیشتنێکیش لە لوک فێرییەوە قەرزکەین دەگەینە ئەو سێرکردنە فەلسەفییەی”ژیان فێربوون بەرهەمی فێربوونی بیرکردنەوەیە” هەربۆیشە گرینگی بە واتای بیرکردنەوە دەدا و هێمابۆئەوەشدەکا ژیان فێربوون و فێربوونی”نەترسان لەخۆڕا لە گشت ڕووەکانی مەرگ و تێپەڕاندنی بێماناییەکانی ژیانیڕۆژانە ئامانجی سەرەکی قووتابخانەکانی مێژووی یۆنانی کۆن بووە”.فێری ووتەنی”پرسیاری فەلسەفە چییە؟ تاهەنووکە لە پرسیارە زۆر گفتووگۆئامێزەکانە و فێڵێ عەقڵیشە بۆ مەجبوورکردنمان لەسەر بیرکردنەوە”.دیارە “زۆربەی فەیلەسوفانی سەردەمیش ئەم پرسیارەیان گفتووگۆکردوە بێئەوەی بگەن بە وەڵامێ هاوبەش”.گەلێ لەو کتێبانەش وەک کتێبی دەروازە بۆ فەلسەفە خۆیان نیشاندەدەن لەوێوە دەستپێدەکەن کە فەلسەفە بریتییە لە”هونەری بیرکردنەوە”، ” خۆئامادەکردن بۆ بیرێ ڕەخنەی”،” سەرسوڕمان”، “پرسیارکردن” و..بەس فێری پێیوانییە”ئەو پرسیارانە توانیبێتیان بەتەواوەتی گەیشتبێتن بە ناواخنی مەسەلەکە”.ئەڵبەتە فێری هەوڵێ زۆریشدەدا ئەوە ڕەتکاتەوە “گشت ئەوانەی(سیاسی، هونەرمەند،ڕۆژنامەوان، بیرکار، نووسەران ،زیندەوەرناسان و…)لە بوارە جۆراوجۆرەکانا پرسیاریان کردوە،یان بیریانکردۆتەوە، مەرج نییە پێوەندییان بە فەلسەفەوە هەبووبێ یان فەیلەسوف بووبێتن”.لەڕێگای فەلسەفەشەوە ئەوەمانپێدەڵێ”مرۆڤ، بەپێچەوانەی خواوەندەوە،تاکە بوونەوەرێکە سنووری مانەوەی خۆی دەزانێ و لەوەش تێگەیشتووە کە دەمرێ”.

بەپێی ئەو ڕوانینە فەلسەفییانەی فێری بێ فەلسەفە کردەێکە لە بیرکردنەوە ئەم بیرکردنەوەیەش هایدیگەر ووتەنی کردەێکە لە فێربوون، واتە پێویستمان بەوەیە ئامادەبین فێربین، فێری بیرکردنەوەبین(7). ئێمەی بوونەوەریش هایدیگەر ووتەنی، کەپێشتریش ئاماژەمان پێداوە،دەکارین ئەمە بکەین چونکە هەڵگری عەقڵین. شانبەشانی عەقڵ پێویستمانبە توانا دەبێ بۆ بیرکردنەوە.بەپێی ئەم بینینە هایدیگەریە بۆ بیرکردنەوە ئێمەی بوونەوەر دەکارین بیربکەینەوە وەختێ توانامان بەسەر ئەوەدا دەشکێتەوە بیریلێدەکەینەوە.هایدیگەر وایبۆدەچێ هێشتا ئەمە ئەوەمان بۆمسۆگەرناکا کە بیربکەینەوە.ئەو شتەش بەپێی بوونی بیریلێدەکەینەوە،هەرلەسەر بناغەی ئەو بوونەشی پەسەندیدەکەین و دەیکەین بە مادەێ بۆ بیرلێکردنەوە.ئەوەش کە توانامان بەسەریەوە هەیە ئارەزوومان بۆیهەیە.ئەو شتەش کە ئارەزومانلێیەتی پێویستە خۆشەویستیەکەی تیامانا ئامادەبێ.واتە ئێمە بیرناکەینەوە لەو شتەی بیریلێدەکەینەوە بێ خۆشەویستیمان بۆ شتەکە ،بێئەوەی مەیلمانبۆی هەبێت. بیرکردنەوەمان بەشێکە لە بوونمان و بوونیشمان ئارەزووی ئەو شتەدەکا بیریلێدەکاتەوە. ئەوشتەی داوامان لێدەکا بیریلێبکەینەوە ئەڵبەتە بەپێی بوونی و نزدیکی ئەم بوونەی لێمانەوە دەکەوینەبیرکردنەوەلێی و، بۆئەوەی ئەوەشبکەین پێویستمان بەوەدەبێ لە یادمانا دەرینەهێنین.یادیش بەبۆچوونی هایدیگەر بریتیە لە کۆی بیر.ئەم یادەش لێماندەگەڕێ لە بوونا بمێنینەوە،لە نزدیک ئەو شتەی خۆشماندەوێ، ئەو شتەی بیریلێدەکەینەوە. شتێکیش کە بیریلێدەکەینەوە و کە خۆشیشمان دەوێ پێویستە ئەو شتە جێیبایەخبێ.واتە جێیبایەخی بیرلێکردنەوەبێ. بەقەولی هایدیگەر بۆئەوەی بەم ئاستە بگەین،ئاستی بیرکردنەوە لەوەی خۆشماندەوێ و بەخۆشی جێیبایەخە بۆ بیرلێکردنەوە پێویستمانبەوەیە بیرکردنەوە فێربین. بۆیە هایدیگەر دەپرسێ: فێربوون چییە؟ بەپێی ووتنی هایدیگەر مرۆڤ فێردەبێ کاتێ هەوڵدەدا ڕەفتاری لەتەکئەوەدا بکۆکێنێ کە سەرەکییە.واتە ئێمەی بوونەوەر فێری بیرکردنەوە دەبین بەپێی ئەو شتەی قابیلە بە بایەخپێدان.ئەڵبەتە لە دیدی هایدیگەر ئەو شتەی قابیلە بە بیرلێکردنەوە مۆڵگەی وروژانە(یان شڵەژانە). ئەمەش دیسانەوە هەردەچێتەخانەی بایەخپێدانەوە.واتە پێویستە بایەخمانبۆ ئەوشتە هەبێ بیریلێدەکەینەوە. بۆ هایدیگەر ئەوەش شوێنی پرسیارە ئەو شتە چییە کە مۆڵگەی شڵەژانە؟ ئەڵبەتە شایانی تێڕامانیشە؟ ئەم لایەنە،واتە شتێ قابیلبێ بەوەی مۆڵگەی شڵەژان بێ نیشانەیە لەسەرئەوەی ئێمە جارێ بیرماننەکردۆتەوە.گومانیش لەوەناکا کە دۆزی جیهان هەمیشە وامانلێدەکا بیربکەینەوە.ئەوەی بەلای هایدیگەرەوە گرینگە ئەوەیە ئێمە بیربکەینەوە چونکە ئێمەی مرۆڤ کەمبیرمانکردۆتەوە بەس هەمیشە زۆرتر مومارەسەمانکردووە.پێشیوایە کە بیریشناکەینەوە کەچی بایەخدان بە فەلسەفە لەگشتلاێکەوە بەردەوامە و گەلێکیش دەپرسن: چی لەبواری فەلسەفەدا دەگوزەرێ؟ 

بەبۆچوونی هایدیگەر فەیلەسوفەکان بیرمەندەکانن و ئەوەش کەناودەبرێ بە بیر لە مێژووی فەلسەفەدا ڕوودەدا. گومانیشناکا کە کەس سڵلەو بایەخدانە ناکاتەوە بە فەلسەفە دەدرێ،بەڵام ئایا شتێک هەیە کە تائەمڕۆ مرۆڤ بایەخیپێنەدابێ؟ بۆ هایدیگەر بایەخپێدان بەو مانایە دێ کە ئێمە لەگەڵ شتێکابین یان لەنێوانیابین ئەوەش کە دواتر لە دڵی ئەو شتەدا بژین،بەڵام هایدیگەر ئەسەفبۆئەوەدەخوا کە ئەمڕۆ بایەخ تەنیا بەوەدەدرێ کە گرینگە.کێشەکە بەپێی تەماشاکردنی هایدیگەر بۆ ئەوشتەی گرینگە ئەوەیە کە شتی گرینگ ئەو شتەیە مەزندەکرێ.ئەمجۆرە بایەخپێدانە وادەکا، بەبۆچوونی هایدیگەر، لە گرینگی یان بایەخی ئەو شتە کەمکاتەوە.

 

گەر بایەخپێدان بەشتێک لەبەرئەوەبێ کە ئەو شتە گرینگە ڕەنگە ئەم لایەنە کارێوابکا ئەوشتەی گرینگدەکرێ شایانی ئەوەنەبێ زۆر مەزنکرێ.بەڵام لەمبارەیەوە هایدیگەر بۆئەوەدەچێ کە بایەخدان بە فەلسەفە بەو مانایە ناێت کە ئێمە ئامادەین بیربکەینەوە.بەبۆچوونی هایدیگەر تەنانەت ئەو وەختەی کە بایەخ بە نووسینی نووسەرە مەزنەکانیش دەدەین دیسانەوە ئەمە ئەوەمان بۆمسۆگەرناکا ئێمە بیردەکەینەوە،یان ئامادەین فێری بیرکردنەوە بین. لێرەوە دەگەینە ئەو تێگەیشتنەی کە ئێمە پێویستمان بە فێربوونی بیرکردنەوەیە.ئەمە کە پێشمەرجە بۆ فەلسەفەکردن ئەو ئامادەیەشە پێویستە لە ئێمەی بیرکەرەوەدا هەبێ.ئەڵبەتە ئەم بیرمەندە ئەڵمانیە هۆشداری ئەوەشمان دەداتێ بایەخدان بە فەلسەفە ناشێ دووچاری وڕێنەی ئەوەمانکا ئێمە بیردەکەینەوە چونکە فەلسەفەدەکەین(8).ئەم سێرکردنە فەلسەفییەی هایدیگەر ئەوەمانپێدەڵێ کە ئێمە دەکرێ بیربکەینەوە لێ ئەم بیرکردنەوەیە فەلسەفەکردن ناگەێنێ.

کەوابێ پێویستمان بەوەیە بزانین ئەو شتە چییە بیرکردنەوە دەستەبەردەکا؟ ئەو شتەی بیرکردنەوە دەستەبەردەکا پێویستیە بۆ بیرکردنەوە. تۆ بڵێی ئێمە ئێستا لە چاخێ ناژین پێویستی بە بیرکردنەوە نییە؟ دیارە بیرنەکردنەوە بەشێکبووە لەگشت کات و شوێنێ لێ وازهێنان لە بیرکردنەوە ئەمە جۆرە سەرچڵیێکە ناشێ قبووڵکرێ.لەهەمانکاتا پێویستە ئاماژەبۆئەوەشبکەین ئەو وەختەی بیرناکەینەوە ئەمە لەبەرئەوەبووە شتێکنەبووە قابیلبێ بە بیرکردنەوە،یان شوێنی بایەخپێدانبێ. شتێک کە جێی بایەخپێدانە ئەو شتە مەجبورماندەکا بیربکەینەوە،کە بیریشدەکەینەوە بیر لەوەدەکەینەوە قابیلبووە بە بیرکردنەوە.لەبەرئەوەی بیرکردنەوە بەشێکبووە لە بوونی مرۆیمان ئێمە ناکارین دەستبەرداری بیرکردنەوەبین بەس گشت بیرکردنەوەێ فەلسەفی نییە و ، مەرجیشە لەوە حاڵیبین بیرکردنەوە دەشێ فەلسەفی بێ و دەششێ نافەلسەفی بێ.ئەو دەمەش فەلسەفییانە بیردەکەینەوە بیرکردنەوە فەلسەفیەکە لە چەشنی سەرسامبوون خۆی نیشاندەدا. مرۆڤایەتیش دەقی بە بیرکردنەوە لەوی”پێویستە بیریلێکرێتەوە” گرتووە. بۆ هایدیگەر ئەوە جێی پرسیارە کە دۆزی زانست لەم حاڵەتەدا چۆن ڕەفتاری لەتەکا بکەین. ئایا زانست بیردەکاتەوە؟ بەبۆچونی هایدیگەر زانست بیرناکاتەوە ئەوەش پێوەندی بە ئاڕاستەی خودی زانستەوەیە کەوایلێدەکا بیرنەکاتەوە. لێرەدا هایدیگەر مەبەستی لەم لایەنە ئەوەیە کە جەغتکرێ لە خودی بابەتی بیرکردنەوە، بیرکردنەوە لەسەر شێوازی بیریارەکان. ئەم لایەنە، واتە ئەوەی کە زانست بیرناکاتەوە ، بەپێی تێگەیشتنی هایدیگەر بۆ زانست شکستی زانست ناگەێنێ بەڵکو دەستکەوت و تەنانەت خەسڵەتیشە بۆ زانست کە بیرناکاتەوە. خەسڵەتی زانست لەوەدا کۆدەبێتەوە شێوازی خۆی هەیە لە پشکنین و گەڕان. بەڵام ئەوەی کە زانست بیرناکاتەوە ئەمە بۆ گەلێکمان خورپەیە. تایبەت بەم لایەنە هایدیگەر گومان لەوەناکا کە زانست وەک گشت ڕەفتار و کردارەکانی مرۆڤ ئاڕاستەی خۆی هەیە.پێوەندی زانستیش بە بیرەوە ناتوانێ بەپیتبێ گەر ئەو کەڵێنەی دەکەوێتە نێوان زانست و بیرەوە ڕووننەبێ. جگەلەم لایەنە هایدیگەر دەشیەوێ بپرسێ کە بیرکردنەوە چی دەگەێنێ؟ ئەم بیریارە ئەڵمانییە پێیوایە ئەم پرسیارە وەک ئەوەوایە بپرسین مەلەوانی چیدەگەێنێ؟ بەبۆچوونی هایدیگەر بۆئەوەی بزانین مەلەوانی چیدەگەێنێ پێویستمان بەوەدەبێ خۆمان هەڵدەینە ناو دەریاوە. چونکە تەنیا بەهۆیئەوەوە دەتوانین لەو ڕەگەزە بگەین لە مەلەوانیا ئامادەیە.لەم حاڵەتە هایدیگەر دەپرسێ ئەو ڕەگەزە چییە لە بیر دا ئامادەیە؟ کێشەکە لە دیدی هایدیگەر لەوەدا خۆیکورتدەکاتەوە کە ئەو ڕەگەزەی بیر خۆیتیا دەبینێتەوە بەتەواوەتی دیارینەکراوە لەناو چ ڕەگەزێکا دەجووڵێ ئەمەش لەبەرئەوەی “ئەوەی پێویستە بیریلێکرێتەوە” خۆیدەشارێتەوە. گرینگە ئاماژە بۆئەوەبکەین کە گشت ئەوی هایدیگەر دەیلًَێ ئامانج لێی بیرکردنەوەیە لەوەی پێویستە بیرلێکرێتەوە. ئەوەی پێویستیشە بیریلێکرێتەوە لێمانوندەبێ کە ئەوەش دەچێتەخانەی بیرلێنەکراوەوە. گلەی لەو چاخەش دەکا کە لەئێستایا تیایدەژین کە ڕەگەزی ناوبراوی تیانابینێتەوە.چونکە ئێمە لە چاخی بیرنەکردنەوەداین. بەبۆچوونی هایدیگەر پێویستمان بەو بوونەیە کە بیر هەیەتی تا تیایا نیشتەجێبین. تائەمەش نەکەین ناگەین بەو ڕەگەزەی بیر تیایا دەجووڵێ.

هایدیگەر بۆئەوەی پتر شۆڕبێتەوە ناو قووڵای بیر و مانای بیرکردنەوە لە ژیانی مرۆڤ گرینگی بە واتای دەرکپێکردن دەدا. دەرکپێکردن ، بەقەولی هایدیگەر، خەسڵەتی بیرە ئەوەش کە دەرکپێکردن ڕادەگرێ عەقڵە. لەو بیرمەندە ڕۆژئاواییە دێرینانەی لە دەرکپێکردن دواون پارمێنیدێسە. کێشەی بوونی بیری ڕۆژئاوایش لەوەدا خۆیچڕدەکاتەوە کە دەرکی بەم بوونە نەکردوە، واتە دەرککردن بە بوونی بوونەوەر لە بوونا. بەپێی قسەی پارمێنیدێس بێ بیر وەک دەرک ماهیەتی خۆی لە بوونی بوونەوەرەوە وەردەگرێ. بۆ هایدیگەر گرینگە بزانین بوونی بوونەوەر بۆ بیری یۆنانی و وەکیتریش گشت بیری ڕۆژئاوا چیدەگەێنێ. بەپێی تەماشاکردنی فەلسەفی هایدیگەر بێ بوونی بوونەوەر بریتیە لە ئامادەبوونی ئامادە. کەواتە ئەوی بیر وەک دەرک دەرکیپێدەکا ئامادەیە لە بوونا. ئەوە ئیشی فەلسەفەیە بەدوای بیر لە دەرکا بگەڕێ. گشت مێژووی بیری ڕۆژئاواش شایەتیلەسەرئەوەدەدا کە بوونی بوونەوەر لە ئامادەبوونا دەردەکەوێ. 

ئەوەی مایەوە تایبەت بە پێوەندی نێوان فەلسەفە و بیرکردنەوە قسەیلەسەرکەین ئەوەیە کە لەکاتێکا فەلسەفەدەکەین هەمیشە گرینگە توانای گەیاندنمان هەبێت. ئەو توانایە ئەو شێوازەش نیشاندەدا چۆنیەتی فەلسەفەکردنەکەی تیا چڕبۆتەوە. بەڵام بۆئەوەی ئەم گەیاندنە دەستەبەرکرێ پێویستمان بە بیرە. باشە چۆن بیر دەتوانێ بەجۆرێ کۆنکرێت خۆی بەیانکا؟ بیرێ ڕەخنەی دەتوانێ خۆی بە جۆرێ کۆنکرێت بەیانکا کە نوێنەرایەتی زۆرینەبکا. ئەم زۆرینەیەش لە وتنی فەیلەسوفەکان ناگەن گەر بیرکردنەوە لەوی ووتراوە نەکرێ. بۆیە فوکۆ پێیوایە کە فەیلەسوفەکان بەناوی خۆیانەوە قسەدەکەن و ئامادەنین بەناوی ئەویترەوە بێنەگۆ. هەروەها نوێنەرایەتی خۆیان دەکەن نەک کەسێ تر. هەروەها فەیلەسوف نازانیت چی ڕوودەدات لێ ئەوە ڕووندەکاتەوە کە دێتەڕوودان. فەیلەسوف وەک پێغەمبەر ناڕوون و بە هێما ناێتەگۆ بەلکو بەڕوونی و بێهێما دێتەگۆ. کاتێ فەیلەسوفیش دێتەگۆ ئەوە دەوروژێنێ کە پێویستە.لە فەلسەفەکردن دا پێویستی بۆئەوە دەبێت کە شتەکان لە فۆڕمێ ڕاستەقینەدا بورووژێنرێ.واتە نەک هەر بووروژێنرێن بەڵکو لە تێگەیشتن و دیدی پێویست و ڕوندا بورووژێنرێن. 

 

ئازاد حەمە

 

 

 

سەرچاوەکان: 

ئەم نووسینە بە 5 بەش لە هەفتەنامەی چاودێر لە ئاداری 2013 بڵاوکراوەتەوە.

 

1.Martin Heidegger .What Is Called Thinking? Translated by J. Glenn Gray.Harper Perennial 1976. Pp.5-18.

2.. هەمان سەرچاوەی پێشوو

3.Luc Ferry. Learning to Live: A User’s Manual . Translated  by Theo Cuffe. Canongate Books ،2010.

4.Badiou interviews Michel Foucault (1965) .

http://www.egs.edu/faculty/alain-badiou/videos/philosophy-and-psychology

5.Luc Ferry. Learning to Live: A User’s Manual . 

6.Badiou interviews Michel Foucault (1965) .

http://www.egs.edu/faculty/alain-badiou/videos/philosophy-and-psychology

7.Martin Heidegger .What Is Called Thinking? 

8.. هەمان سەرچاوەی پێشوو

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.