Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لەنێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان..4

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لەنێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان..4

Closed
by April 13, 2013 گشتی

 

 

 

 

هەژێن: 

ھاوڕێ زاھیر، تێبینییەكەت لەبارەی سەرنجەكەی منەوە لەسەر چینی كرێكار لەبیرچووە ؟….ھاوڕێ تاھیر، منیش لەسەر ھاوبەشیی ئەناركییەكان و ماركسیستەكان لە دژایەتیكردنی سەرمایەداریدا ھاوبۆچوونی ئێوەم. بەڵام مادامەكی ئێوە شكستەكانی بیرۆكەی دەوڵەت و دیكتاتۆری پڕۆلیتاریا بەھەند وەرناگرن و خوازیاری چەندبارەكردنەوەیانن، با لە جێیەكی دیكەوە بۆ پرسە بڕۆین؛ وەك دەزانین لە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتییدا بەگشتی و لە كوردستانەكەی خۆشماندا، ناوچە و گوند ھەبوون، كە بەبێ بەگ و دەسەڵات، لەسەر بنەمای ڕێكەوتنی كۆمەڵایەتیی ساڵانێكی دوورودرێژ ژیاون و كۆمونەكان بە درێژایی مێژوو لە زۆڕێك لە كۆمەڵگەكاندا ھەبوون و من لەو بارەوە، سەرنجتان بۆ پەرتووكی [الاشتراكية والشيوعية من 500 قبل الميلاد الى ما قبل ماركس- نذير جزماتي] ڕادەكێشم و ھیوادارم پەیدای بكەن و ئەگەر بۆشتان بكرێت، بیكەنە كوردی. ھەروەھا لە بەرامبەردا وەك لە سەرنجی پێشووتردا وتم، لە (ڕوسیا)وە بۆ چین و بۆ ئەمەڕێكای لاتین و بۆ ئەوروپا و بۆ ئەفەڕێكا، بینەری تراجیدیای دەوڵەتی كۆمونیستی و دیكتاتۆری پارت بەناوی پڕۆلیتاریاوە بووین و دیتمان كە چۆن بۆچوونەكانی باكونین دەقاودەق دەرچوون و نەك ھەر دەوڵەت بەرەو لاوازی و پووكانەوەی خۆبەخۆیی نەچوو، بەڵكو بەپێی سروشت و پێداویستی بوونی و میكانیزمەكانی پاراستنی خۆی، ڕووی دیكتاتۆرییەكانی پێش و پاش خۆی سپی كردەوە !

ئایا بەبۆچوونی ئێوە ئامادەكاریی توێژەكانی پرۆلیتاریا لە خەباتی ڕۆژانەدا و لەسەر بنەمای ڕێكخستنی سەربەخۆ و خەباتی ڕاستەخۆی چینایەتی و پەروەردەی كولتووری سۆشیالیستیی چەوساوان بۆ گرتنەدەستی كاروبارەكانی خۆیان لە خۆبەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی خۆیاندا خەیالپڵاوی و ئەستەمە، یا دروستكردنی دەوڵەتێك بە دەزگەی بیروكراتی و سیخوریی و میلیتێری و توێژی ئوروستۆكراسی فەرمانڕەواوە و دواجار توانەوەی پەشمەكیانەی وەھا دەزگەیەك خۆبەخۆ و خۆبەخشانە، تكایە وەڵام كامیان ئەستەم و خەیاڵپڵاوییە؟

ئەگەر بەدیھاتنی كۆمەڵگە ھەرەوەزییە ئازادە پرۆلیتیرییەكان لە پرۆسێسێكی ھوشیاربوونەوە و خۆڕێكخستنی چەوساواندا دەیان ساڵ خەباتی خەباتی جەماوەریی و ھونەری و كولتووری و ڕۆشنگەریی وەك پیشمەرجەكانی شۆڕشی كۆمەڵایەتی بخایێنێت، ئەوا ئەو دەوڵەتە بەناو سۆشیالیستییەی كە لە شەوڕۆژێكدا بە پیلان و كودەتای سەربازی و پارتیی دێتەسەر تەخت، ئەگەر سەدەیەك خەبات بۆ ڕووخاندنەوەی پێویست نەبێت، بێگومان ٧٠ ساڵ مەرگەسات و لەخوێنگەوزانی پێویست دەبێت!

 ھاوڕێیان، ئەوەی من دەیڵێم لە حەز و گۆشەگیریی و ھەوڵی تیئۆری (باكونین و ڕۆكەر)ەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵكو بەرەنجامی ئەزموونی زیاتر لە (١٨٠) ساڵی مرۆڤایەتی ھەیە، بەداخەوە ئەزموونێك كە پرۆلیتێرەكانی لە تاكی شۆڕشگێرەوە گۆڕی بۆ تاكی نادەربەست و نائومێد و تەنانەت ئەگەر سەرنجی ڕەوتی نیئۆنازیستی و فاشیستی و ڕاسیستی وڵاتانی بەناو بلۆكی سۆشیالیستی جاران بدەین، ئەوا دەوڵەتە بەناو سۆشیالیستییەكان، تەنیا نیئۆنازیزمیان بەرھەمھێناوە، ئەمە سەرەنجامێكی خەمناكە، بەڵام ناتوانین خۆمان لەو ڕاستییە لابدەین. ئەمە ئەنجامگیری منە و ئەزموونەكان و مێژووی ڕەوتی دەسەڵاتخوازی نێو بزاڤی سۆشیالیستی لە سەردەمی ئینتەرناسینالی یەكەمەوە تا ئەمڕۆ، دیسان بەداخەوە تەنیا ئەم ڕاستیانەمان دەخەنە بەردەست.

ھاوڕێ فوئاد، بەداخەوە پێداگریت لەسەر سكتاریستبوونی ئەناركییەكان لە ئینتەرناسیونالی یەكەمدا، تەنانەت نووسینەكانی (ماركس و ئینگلس)یش ناتوانن پشتیوانی لێبكەن، چونكە نووسین و شەڕە قسەكانی ئەو كاتی نێوان ئەو دوو باڵەی نیونەتەەیی یەكەم، پێچەوانەی پێداگرییەكەی تۆن. ھەروەھا بۆ من گرنگ نییە، كێ ڕاستی وتووە و كێ ڕاستدەكات؟ لای من ئەوەی گرنگە، ئایا سۆشیالیزم لە دەوڵەتدا دەگونجێت یا نا؟ پڕۆلیتاریا دەتوانێت دیكتاتۆر بێت یا نا؟ ئەو دەوڵەت و دیكتاتۆریەی كە كۆمونیستە ماركسیستەكان پێداگری لەسەر دەكەن؛ دەوڵەت و دیكتاتۆری پڕۆلیتاریان یا ھی پارتە كۆمونیستەكان؟ ئەی ئەزموونەكانی سەدەی بیستەم لەم بارەوە چیمان بۆ دەخەنەڕوو؟

 

زاهیر باهیر:

هاوڕی تاهیرجاڕیکی تریش سوپاس بۆ هاتنە ناو جەدەلەکەوە. من لێرەدا تەنها دوو شت دەڵێم یەکەم لەبەر ئەوەی لە سەرنجدانی کۆمێنتەکەی کاک فوئاددا شتێکم وتوە ڕەنگە تا ڕادەیەک شمولی سەرنجەکەی تۆش بکات. دووهەمیش هاوڕێی خەمی نان و….هەندێک شتی وتوە کە من دەم ویست بیڵێم، ماڵی ئاوا بێت ، ئەرکی لەسەر من کەم کردەوە. بەهەرحاڵ خاڵی یەکەمم منیش تا ڕادەیەک ، دەڵێم تا ڕادەیەک لەگەڵ ڕاکەی مارکس دام سەبارەت بەپێناسەکەی مارکس بۆ پڕۆلیتاریا، بەڵام ئێستا شتەکان گۆڕاوە، چونکە ڕاستە ژمارەی پڕۆلیتاریا گەر هی زەوی و زەرەکان و بیناسازی و دەستغێڕەکان و خەڵکانێکی مووچە کەم یان بدیتە پاڵ ، زیادی کردوە بەڵام لە هەمان کاتیشدا سیستەم سەردەم بە تایبەت لە وڵاتانی ئابووری گەشيکردوودا ژمارەیەکی یەکجار لە چینی ناوەڕاستیشی دروست کردوە. کە من ناتوانم بە پڕۆلیتاریان ناونووس بکەم.، گەرچی بەرژەوەندیان وەکو سەرجەمی هەموومان لە مەحف بوونەوەی ئەم سیستەمەدایە، بەڵام ئەوان بە عەمەلی لەمڕۆدا بەرگری لە مانەوەی دەکەن. دوای ئەوە هاوڕێم تۆو کاک فوئاد لە ناکۆکیدان لەگەڵ خۆتاندا چونکە لە کاتێکدا کە قەناتتان بەوە هەیە کە زۆربەی خەڵک پڕۆلیتاریایە کەچی لەولاوە بزوتنەوەکە بە بزوتنەوەی خەلك نازانن ، بەڵکو تا ئێستاش هەر پڕۆلیتاری بە پێشڕەوو بوتنەوەکەی بە دینەمۆی گۆڕینی مێژوو دەزانن. بەڵام لای من وەکە لە سەرنجی یەکەممدا لەسەر سەرنجەکەی کاک فوئاد نوسیم بزوتنەوە بزوتنەوەی خەڵکە نەک بە تەنها کرێکاران، هەر ئەمەش خاڵێکی جیای ئێستاو سەردەم مارکسە و خەسڵيتێکی تایبەتی خەباتی ئێستایە، بەڕەغمی ئەوش کە وتم لەسەرەوە ئێستاش پرۆلیتاریا کەمایەتین لە کۆمەڵگەدا، بۆ نمەەنە لە بریتانیادا ژمارەی خانەنشین بووان نزیکەی دە ملۆێنە، منداڵان نزیکەی ٧ ملۆێنە، ٣.٥ کەمئەندامان هەیە زیاتر ٥ مللۆێن ئافرەتیش هەن کە کار ناکەن، چەند ملۆێنێکیش قوتابی زانکۆکان و پیمانگاکان و خوێندنی باڵان، کە هەر هەموو یەم توێژاڵانە ئەمڕۆ لە بریتانیای مندا لە کرێکاران شۆڕشگێڕ ترن و هەمیشەش ئەوانن کە لە پرۆتێست و خۆپیشاندانەکان و کردنی چالاکی ڕاستەوخۆدا بەشذارن. ڵیرەدا تەنها ئەو کرێکارانە بەشداری دەکەن کە سۆشێلیستن، ئەنارکستن یا چەپی ڕادیکالن.

دووهەمیان : دەبێت ئەوە بڵێم ئەوە تەنها کۆپلەیەکە لە چەندەها وتاری باکۆنیین لەسەر دەوڵەت ، نە شتێکی تر، منیش لەسەر ئەو کۆپلەیە هەمان ڕای تۆم هەیە، کە باکۆنیین تەنها هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی دەوڵەت دەخاتە پێشچاو نەچارە سەرەکەی لە هەڵوەشاندنەویدا. ئەنرکستەکن ڕوانگەیان دیارو ڕۆشنە لە خەباتکردن دژی دەسەڵات ، کە دەوڵەت بەشی سەرەکییەتی دیسانەوە کە چۆن رزگاریشمان دەبێت لە دەستی. من لێرەدا لەبەر ئەوەی کە فەیشبووکە ناتوانم بچمە ئەو وردەکاریانەوە. بۆیە دەبێت بوەستم.

 

تاهیرساڵح شەریف:

با بگەڕێمەوە سەر باسی دەوڵەت. دەوڵەت لە ڕوانگەی مارکس و ئەنگڵسەوە ئامڕازی زەبروزەنگ نواندنی چینێکە بۆ سەرکوتکردنی چینێکی دیکە. بەڕاستیش وایە و من خۆم قەناعەتی تەواوم بەو بۆچوونە هەیە. پێشم وانیە لە سەر ئەوەی کە دەوڵەت ئامڕازی سەرکوتکردنە، کێشەیەک لە نێوان مارکسییەکان و ئانارکیستەکاندا هەبێت، تەنها کێشەکە لەوەدایە کە مارکسیستەکان، دەوڵەت بە ئامڕازی [چینێک بۆ سەرکوتی چینێکی دیکە دەزانن] و ئانارکیستەکان بڕوایان بەوە هەیە کە [دەوڵەت ئامڕازی سەرکوتکردنی گشت خەڵکە]. کێشەکە لە تێگەیشتن و دەرککردنی دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگەدایە لەلایەن مارکسییەکان و ئانارکییەکانەوە. مارکسیستەکان پێیان وایە کە بەدوای جێگیربوونی مێژوویی سیستەمی سەرمایەداریدا، کۆمەڵگە دابەشبووە بەسەر دووچینی سەرەکی [بۆرژواکان و پرۆلیتێرەکان]دا. لەنێوان بۆرژواکان و پرۆلیتێرەکانیشدا توێژی کۆمەڵایەتی دیکە، لەوانە ووردە بۆرژوازی هەیە کە ناتوانێت کۆتایی بە ڕژێمی سەرمایەداری و مڵکداری تایبەتی بهێنێت. ئەوەی کە ئەم کێشەیە لە بوعدێکی ئابوریی، سیاسیی و مێژووییدا یەکاڵا دەکاتەوە پرۆلیتێرەکان، یان هەمان چینی کرێکارە. چینی کرێکاریش، بە ڕاستی ئەو چینە نییە کە هاوڕێ زاهیر ژمارەو ئاماری لەسەر دەهێنێتەوە، بەڵکو ئەو چینەیە کە شاڕەگی ئابوریی کۆمەڵگەی سەرمایەداری لەدەستدایەو لەسەر هێزی بازو، یان مێشکی ئەو، بۆرژوازی کەڵەکەی سەرمایەدەکات. لەسەردەمی پرۆدۆن و مارکس و باکۆنینەوە تا ئەمڕۆ، ئەوچینە گۆڕانکارییەکی چەندایەتی و چلۆنایەتی بەسەرداهاتووە، بەڵام ئەو چینە نەبۆتە کەمایەتییەک وەک هاوڕێ زاهیر تێیدەگات، بەڵکو ئەو چینە زیادیکردووە!. چۆن ؟ لە دەیەی حەفتای سەدەی ڕابردووەوە، گەشەکردنی تەکنەڵۆژیای زانیاری، پرۆلیتارییایەکی نوێی بەرهەمهێناوە، ئەو پرۆلیتارە نوێێە نەک پرۆلیتاریای سەدەی نۆزدەهەمی، کە لەڕێگای هێزی جەستەیی و بازووییەوە مامەڵەی لەگەڵ کارگەکان و ئامێرەکانی بەرهەمهێنناندا دەکرد، بەڵکو ئەو پرۆلیتێرە هاوچەرخەیە کە لە ڕێگای کاری فیکرییەوە و بە مامەڵەکردن لەگەڵ تەکنەلۆژیای دیجتاڵیدا، ملیار ملیار دۆلار بۆ کۆمپانیاکانی کۆمینیکەشن قازانج کەڵەکە دەکات، ئەمە سەرەڕای بوونی چەندین فەرعی دیکەی بەرهەمهێنان کە هێزی بازووی تێدا بەکار دەبرێت، تا ئێستاش تەکنەلۆژیای زانیاری نەیتوانییوە زاڵ بێت بەسەریاندا و تا هەنوکە پرۆلیتارە سەدەی هەژدەهەمی نۆزدەهمییەکان کاریان تێدا دەکەن. هەم پرۆلیتاریای سەردەمی پیشەسازی و هەم پرۆلیتاریای سەردەمی تەکنەلۆژیای زانیاری، کە ئەمڕۆ وەک یەک چینی کۆمەڵایەتی دەردەکەونەوە و یەکیان هێزی کارەکەی دەفرۆشێت بۆ ئەوەی درێژە بەژیانی خۆی بدات و ئەوی دیکەیشیان هێزی فیکرییەکەی دەفرۆشێت تا زیندوو بمێنێتەوە، ئەگەر لە ٩٩%ی کۆمەڵگە سەرمایەدارییە ڕۆژئاواییەکان پێکنەهێنن، بە دڵنیاییەوە لە ٩٠%ی دانیشتووانی چینی کارگەری ڕۆژئاوا پێکدەهێنن. تەنها ژمارەیەکی کەم ئیمتیازێکی ووردە بۆرژواییان لەلایەن بانکەکان، کۆمپانیاکانی کۆمینیکەیشن، مارکێتەکان، پەترۆکان و تاد… پێدراوە، کە ئەوانەش لە ١٠٠٠ دا یەک چانسی بوون بە سەرمایەداریان هەیە و ئیتر ئەو هەموو خێڵی گەورەی کارگەران کار بۆ ژمارەیەکی یەک لەسەد یان دە لەسەد دەکەن و سەرمایە بۆ ئەو کەمایەتییە بەرهەم دەهێنن…. پێم سەیرە هاوڕێ زاهیر نموونە لە سەر ئەوەندە ملیۆن خانەنشینکراوی بەریتانیا دەهێنێەوە و ئەوانە بە پرۆلیتار حساب ناکات. ئاخر هاوڕێ گیان تۆ دەبوو لە خۆت بپرسیت؛ ئەم چەندین ملیۆن تەقاعودە کێن ؟ ئەوانە ئەو کەسانەن کە پاش ٥٠ بۆ ٦٠ ساڵ کارکردن و کەڵەکەکردنی سەرمایە بۆ سەرمایەدارەکان و پاش ئەوای کە شیلەی گیان و جەستەیان دادۆشراوەو توانای کارکردنیان نەماوە، سەرمایەداری خانەنشینیکردوون وبەشێکی بچووک لەو سەرمایەی کە بۆ بۆرژواکانیان بەرهەمهێناوە، بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەڕێگای دەوڵەتەوە دەکاتەوە بە قوڕگیاندا. حسابکردنی چینی کرێکار، یان هەمان پرۆلیتێرەکان، لە ڕووی ژمارەوە، هەڵەیەکە  کە لە خوێندنەوە ناوەرۆکی چینایەتی دەوڵەتیشدا، دەمانخەتە هەڵەوە. ئەوەی کە دەتوانێت چەرخی کەڵەکەکردنی سەرمایە ڕابووەستێنێت کێن؟ بێگومان کرێکارانن. کرێکارانی مۆدێڕنەو پۆست مۆدێرەنم ڕوونکردەوە کە کێن و چ کەسانێکن. ئەوانە ژمارەیان چەندەیە گرنگ نییە [کە هەڵبەت زۆربەی هەرزۆری کۆمەڵگەن- ٩٠ – ٩٩%]، گرنگ ئەوەیە کە ئایا ئەوانە دەتوانن شۆڕش بکەن و دەوڵەت وەک ئامڕازی دەستی چینی سەرمایەدار بۆ سەرکوتکردنیان بڕوخێنن یان نا ؟ ئایا هاوڕێ زاهیر تۆ وەڵامێکی پۆزەتیڤت بۆ پرسیارەکە هەیەیان نا؟ ئەگەر پۆزەتیڤە، کەواتە تۆ بڕوات بە شۆڕشی پرۆلیتێرەکان هەیە. کێشەکە ئەوەیە کە شۆڕشی پرۆلیتێرەکان لە یەک ئان و ساتدا لە گشت جیهاندا ڕوونادات!. ڕەنگە لە چەند وڵاتێکدا ڕوو بدات، یان وەک لە پاریس و لە شارێکدا ڕوویدا، یان لە وڵاتێکدا. لەم حاڵەتەدا بە چی بەرگری لە خۆت دەکەیت لەبەرامبەر گەلە کۆمەکێی دەوڵەتی سەرمایەدارانی دیکەی بەشەکانی دنیادا؟ من چاوەڕێی وەڵامی ئەم پرسیارە لە هەردوو هاوێیان کاک زاهیرو کاک هەژێن دەکەم، چونکە وەڵامی ئەوان بەو پرسیارە، دەتوانێت مناقشەکەمان درێژ بکاتەوە و بچینە سەر وەڵامی پرسیارەکەی هاوڕێ زاهیر کە پرسیویەتی : ” چۆن دەوڵەت لە ناوببرێ؟”.

درێژەی ھەیە ….

********************

خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :

بەشی یەكەم : http://wp.me/pu7aS-18f

بەشی دووەم: http://wp.me/pu7aS-18m

بەشی سێیەم: http://wp.me/pu7aS-18E

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.