Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
لەودیوی زەریاکانەوە من خەمی ئێوە هەڵئەگرم!

لەودیوی زەریاکانەوە من خەمی ئێوە هەڵئەگرم!

Closed

 

 

 

          سەبارەت بە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی نووسەرانی کورد – لقی کەرکوک

 

 

تێبینی : ئەم وتارە ساڵێکە نووسراوە و بڵاوم نەکردەوە بەو هیوایەی کێشەی نووسەرانی کەرکوک چارەسەر بێت. بەڵام پێدەچێت کێشەکان قووڵتر بوونەتەوە و منیش لەم ڕوانگەیەوە بڵاوکردنەوەی ئەم وتارەم بەپێویست زانی.

 

ماوەیەکە یەکێتی نووسەرانی کورد – لقی کەرکوک دەرگیری کۆمەڵێ کێشە و گرفتە کەنەک هەر برادەرانی یەکێتی نووسەرانی کورد لقی کەرکوک، بگرە خەڵکی تریشیان پێوە سەرقاڵ کردووە. لەمانگەکانی شوبات و ئازاری ئەمساڵ کاتێ سەفەری کوردستانم کرد، لەنزیکەوە ئاشانەتیم لەگەڵ هەندێک لەو کێشانە پەیدا کرد و پێشموایە سەرجەم ئەو حیکایەت و چیرۆکانەی کە باس دەکرێن زادەی هزرێکن کەخەمی مەعریفەی نییە. ورد بوونەوە لەکرۆنۆلۆژیای کێشەکان و دانانی دادگا و ناوبژیوان کردن جگە لەشەرعییەتدان بەو کێشانە هیچیتر نین. جێی داخە ئەبینم زمانی نووسین و خەیاڵ و ئیستاتیکا ئالوودە بووە بەو کێشانەو خاڵییە لە سفتوسۆڵ بوون و پاراوبوون و نزیکبوونەوە لەداهێنان، خەریکە جێگە بۆ زمانێکی بازاڕی ئاست نزم چۆڵ دەکات. لایەنداریکردن لەو کێشە و لایەنانە نەک هەڵەیە بگرە تا ئەندازەی کێشە خولقێنەرەکە بێمانایە.

لەو ماوەیەی ڕابردووش بەپێی ئاگاداری من چەند هەوڵێک درا لەپێناو بەرگریکردن لە نووسەرانی کەرکوک و هەوڵدان بۆ کردنی چەند قسەیەکی خێر لەوانە بەڕێزان کاک نیهاد جامی و عەبدوڵا مەحمەد زەنگەنە. بەڵام تا دێت ئەو کێشانە قووڵتر و گەورەتر ئەبنەوە. ئایا ئەو کێشانە چین وا یەکێتی نووسەرانی کورد لقی کەرکوک دووچاری بووە؟ بەبۆچوونی من کێشەی سەرەکی یەکێتی نووسەرانی کورد لقی کەرکوک یەکتر قەبوڵ نەکردنە. کەس کاغەزی ئەویتر ناخوێنێتەوە. کەس حیساب بۆ کەس ناکات هەر هەموو خۆیان بە مەزڵوم و هەقدار دەزانن و لایەنی بەرامبەر بە تاوانبار. ئیتر ئایاتی لەچەشنی فڵان بۆ سەرۆکە و فیسار بۆ چوار مەعاشی هەیە و کتێب بۆ بۆ نووسەرانی کەرکوکی چاپ ناکرێت و …هتد جگە لەکۆمەڵێ بیانوو کەڕووی کێشەکانن، هیچیتر نین. ئەوەی دەیبینین دروستکەری ئەم دۆخە نادڵخوازە تێنەگەیشتنی دروستە لە نووسەر و پەیوەندی بە کۆمەڵگاوە. نووسەرێک گەر لەخۆی نەگات و ئۆسکار وایڵد وتەنی” بۆ خۆی بیر نەکاتەوە، ئەوا هەر بیر ناکاتەوە”. ئەم بیر نەکردنەوەیەش ئەنجامگەلی لەو جۆرەی لێ دەبێتەوە کە ئێستا پێوەی دەرگیرین.

لەم کێشانە دەبینین ئەوەی ونە عەقلانییەتە. لەتەواوی ململانێکانی نێوان نووسەرانی لقی کەرکوکی یەکیتی نووسەران عەقلانییەت بوونی نییە. ئەوان دوور لەلۆژیک هاتوون کۆمەڵێ کێشەیان خوڵقاندووە بێئەوەی بچووکترین حیساب بۆ باری کۆمەڵگە و ڕۆشنبیری و خوێنەر بکەن. ئەو بەڕێزانە هاتوون لەبری ئەوەی چاو لە کۆمەڵگای کوردستان بەگشتی و شاری کەرکوک بەتایبەتی بکەن ، هاتوون کەوتوونەتە وێزەی یەکتر و قسەی ناشایستە بەیەکتر دەڵێن. ئازیزان ئێوە بڕوایەک دەتانبزوێنێ کەلەسەر کۆمەڵی گومان و گریمانە نەوەستاوە، بەڵکو لەسەر ئەو هەقیقەتە وەستاوە کە دووبەرەکی لەسەر هەندێ بەرژەوەندی کەسیی ڕەوایە!! من لێرەدا میشێڵ فۆکۆ وتەنی ” من کێشە لە پرسیاری شەخسییەوە ناخولقێنم، لەپرسیاری شەخسییەوە کێشە وەدەردەنێم” . بەڕێزان ئێوە بڕواننە شارەکەتان کەرکوک بزانن چی بەسەر هاتووە؟ بڕوانن بزانن ئایا جێگایەک هەیە نەکەوتبێتە بەر هەڵمەتی دوواکەوتوویی و ماڵێک ئەدۆزنەوە دەستی کۆنەپەرستی دەستی تێنەچووبێت و تا بیناقاقای لە زوڵمدا غەرق نەبووبێت. من هەست ئەکەم شاری کەرکوک خەریکە نەفەسی مەدەنییەتی لێ ئەبڕدرێ و پشتی لەژێر باری نائومێدی و خەفەقانا چەماوەتەوە. کۆڵانێک نەماوە دەستدرێژی نەکرابێتە سەری و ئازادییەکانی مرۆڤەکان نەشیوێنرا بن. ئازیزان ئێوە بڕوانن لەئەنجامی ململانێی ناتەندروستی حیزبە سیاسییەکان، کەرکوک دووچاری چ بارودۆخێک بووە و لەداهاتووشدا رووبەڕووی چ زوڵمەتێک لەتاریکی ئەبێتەوە. ئێوە پێی بزانن یان نا ئەو ئاوەی پێی تیا دەخشێنن لەلایەن حیزبە سیاسییەکانەوە ڕژێنراوە. ئیتر ئامۆژگاری لایەن و مەکتەبە سیاسییەکان دەبێ چەند کۆمەککەر و ئومێدبەخش بێت. مادام ئێوە نەتوانن دەست بەگووتارێکەوە بگرن جیاواز بێت لە گووتاری زاڵی حیزبە سیاسییەکان، مادام ئێوە نەتوانن دەنگی بەرهەڵستی بەرز بکەنەوە لەبەرامبەر ئەو هەموو نادادپەروەرییەی کەلە ئارادایە، کەوابوو چارەسەری بنەڕەتیش سەرابێکە و دەبێ وەکو تینوویەک هەر ئاخی بۆ هەڵکێشن. ئازیزان ئەگەر ئێوە بەدوای کێشەی خەڵکەوەن ، ئەگەر ڕێزی خوێنەرتان لایە ، ئەگەر بەجیددی دەتانەوێ لایەن بن لەکێشە مەوزوعییەکانی کەرکوک لەبری دەست دانە چەقۆ و دەرنافیس و جنێودان و سوکایەتی بەیەکترکردن، دوور لەبەرژەوەندی سیاسی و حیزبی و شەخسی ئەوەتا دونیایەک کێشە لەبەردەمتاندایە. کۆمەڵگای کوردستان و شاری کەرکوک  لێوانلێوە لە ناشرینی. ئێوە چ دەسکەوتێکتان هەیە لەم ئینیرژی بەهەدەردانە؟ پێمناڵێن چ سوودێکی بۆ ئێوە و بزووتنەوەی ڕۆشنبیری کوردیی تێدایە کەبەو شێوەیە بێڕێزی بەیەکتر بکەن هەموو بەها و جوانییەکانی نووسین دابەزێننە ئاستی دەستەواژەی لەچەشنی مافیا و شتی تری لەم جۆرە.

ئازیزان ئایا کەس هەیە لەئێوەی بەو گرفتە بێمانا تێوەگلاوانە خۆی بە بە پێشکەوتووخواز و مۆدێرن نەزانێت؟ کەس هەیە لەئێوە خۆی بە ئاکتیڤ و داهێنەر کەمتر قەبوڵ بێت؟ ئەی دە کەوایە ئەم پاسڤبوونە و ئیفلیجکردنی یەکێتی نووسەرانی کورد لقی کەرکوکتان لەپای چی؟ بۆ کۆنسەرڤەیتیڤانە لەبەرامبەر ئەو هەموو هێرشە ناڕەوایانەی کۆنەپەرستیی بێئەرک دانیشتوون و دەستتان بەکڵاوتانەوە گرتووە با نەیبات؟ مەخابن لەبری دڵڕاگرتن و برەودان بە لێبووردەیی و ڕێز و دەستگیرۆیی و کۆمەککردن، هاتوون ئاو لەئاشێک دەکەن کەدوورە لە مۆراڵییەتی نووسین و بەرپرسیارێتی. ئازیزان من لایەنگری هیچ لایەکتان نیم . من دژی هەردوولاتانم لەم ململانێیە ناشرینەدا، بەڵام دۆست و هاوڕێی یەک بەیەکتانم لەسەر ڕێگای کارکردن لەپێناو داهێناندا. ئەم هەوڵەی منیش بەهەوڵدانێک ببینن لەپێناو گەڕانەوەی ڕێز بۆ ناو ماڵی یەکێتی نووسەرانی کورد – لقی کەرکوک.

نووسەران و ڕۆشنبیرانی کەرکوک لەبری جەغد کردنە سەر کێشە هزرییەکان، لەبری برەودان بە کاردانەوەی ملهورییەکانی سیاسییەکان، هاتوون تەسلیمی ئەو بارودۆخە نالەبارە بوون و لەوەش خراپتر کەوتوونەتە وێزەی یەکتر و گروپبازی بۆ لێدان لە کەسێتی مەعنەوی نووسەر. ئەم بیرکردنەوە و میتۆدە سەر بەکلتورێکی زۆر دواکەوتووانەیە، سەر بە کلتورێکە کەئێستاش چوارچێوەکەی هزری شاخ دایدەڕێژێ. ئێوە چاو بە لادیواری ماڵان و دیواری سەر جادە گشتییەکان بدەن لە کەرکوک ئاخۆ چەند دروشم و قسەی بەتاڵی لەچەشنی ” ڕیاڵ کەرە ، بەرشە حیزە” دەبینن. ئەمە ئەو عەقڵیەتەیەکە بەرئەنجامی ئیش و هەوڵی دەسەڵات و ڕێکخراوەکانییەتی لەسەر هزری خەڵک. ئازیزانم ئێوە چیتان کردووە بۆ ئەم پرسە مەترسیدارە؟ ئەتوانم بڵێم زیاتر لە سەدا نەوەدی کچان و ژنانی شار کەرکوک و کوردستان یان باڵاپۆشن یان لەچک بەسەرن ئێوە لەبەرامبەر ئەمەدا چیتان کردووە؟ من لەم سەفەرەی دواییمدا بۆ کەرکوک لەچەندین ماڵ ئەوەم بەرگوێ دەکەوت دەیانگووت”فڵانە کەس سەرسەرییە چونکە ئەخواتەوە!!!”ئێوە چەند خەمی ئەم کێشەیەتان خواردووە؟ ئێستا ڕۆژانە کەرکوک بەشێوازێکی نوێ تەعریب دەکرێتەوە و بەهەزاران خێزانی عەرەب بەکاغەزی حیزبە کوردییەکان نێشتەجێکراون و دەکرێن، ئەی بۆ ئەمە دەڵێن چی؟ ئێوە قسەتان چییە لەسەر ئەو هەزاران گلەیی و پرتەوبٶڵە و نارەزایەتیانەی خەڵک؟ ئێوە چی دەڵێن لەسەر دیاردەی بێکاری و ئەو بێکارییە کوشندەیەی کەبەرۆکی خەڵکی هەژاری گرتووە؟ چی دەڵێن لەسەر دزی و گەندەڵی؟ چی دەبێژن لەسەر ئەو نەخۆشیانەی کەبەبەرنامەی داڕێژراوەوە لەڕێگەی خواردنەوە لەوڵاتانی دراوسێوە دەنێردرێنە ناو کوردستان تاکو خەڵكی کوردستان بەشێوەیەکی تر تووشی قڕان ببن؟ کوردستان بەگشتی و کەرکوک بەتایبەتی بۆتە مۆڵگای دەزگا جاسوسییەکانی وڵاتانی دراوسێ  ئێوە چەند خەمی ئەم گرفتە دەخۆن؟ نازانم ئێوە لەسەر هەموو ئەم شتانە بێدەنگن و بەخۆشتان دەڵێن ڕۆشنبیر؟؟!! ئێوە چیتان بۆ کەرکوک کردووە؟ چیتان بۆ بزووتنەوەی ئەدەبی کوردیی کردووە؟ چەند کۆبوونەوە و ڕێپێوانتان لەپێناو بەرگری لە ئازادییە سیاسییەکان بەرپا کردووە؟ چەندجار لەژێر فشاری چالاکییەکانی ئێوەدا بزووتنەوە کۆنەپەرستەکان پاشەکشەیان کردووە وەختێ فەتوا لەدژی قەڵەم و شیعر دەردەکەن؟ چەندجار پاڵەپەستۆتان لەسەر سەرکردایەتی سیاسی کورد لە کەرکوک دروست کردووە کەواز لە سیاسەتە نادروستەکانی بهێنێ و خەمێکی مرۆڤی کورد بخوات؟ چەند بەرگریتان لەئازادییە تاکەکەسییەکان کردووە(وەک ئازادی بێئەملاوئەولای بەرگ پۆشین و نووسین و بڵاوکردنەوە و سەفەر و …تاد) 

ئازیزان نووسین سەرباری ئەرک و پێشە و حەز، بەرپرسیارەتیشە. بەرپرسیارەتییە لەبەدەرم خوێنەر و کۆمەڵگە..لەدیدگای فریدریک نیتشەوە “چاکترین دانەر ئەو کەسە دەبێت کە شەرمی کردووە ببێتە نووسەر”. ئەم شەرمکردنە شەرمکردنێکی کۆمەڵاتی و ترسێکە نەوەک لەئاست پێداویستییەکانی داهێنان و پرۆسەی نووسین نەبێت، ترسێکە نەوەک نەتوانی وەڵامگۆی سەردەمەکەی خۆی بێت. ئەی ئێوە لەکوێی ئەو هاوکێشەیەوەن؟ ئێوە هەست ناکەن ڕێک بەپێچەوانەی ئەو بەرپرسیارەتییەوە دەجوڵێن. ئازیزان دەستنەبردن بۆ ئەم بارودۆخە و گوێنەدان بەو بەرپرسیارەتییە ئینسانەکانی لە ئاکتیڤەوە گۆڕیوە بۆ مرۆڤگەلێکی خاو و خلیچک و تەمەڵ و مشەخۆر کەهەر هەڵپەی پچڕانەوەی زیاتریەتی لەدەسەڵات و ئەم هەلومەرجەش بە فرسەتێک دەزانی بۆ خۆخڕکردنەوە و خۆ دەوڵەمەند کردن. هەرچەندە ئەدیبان مافی خۆیانە بەهرەمەند بن لە تەواوی هۆکارەکانی خۆش گوزەرانی ژیان بەڵام نەک لەسەر حیسابی مرۆڤی ستەمدیدەی کورد، لەوەش بەڵاتر کەوتوونەتە گیانی یەکتر. ئازیزان ئەم پرسانەی سەرەوە شوینی کارکردنی ئێوەیە نەک زمان تیژکردنی ناو حەوشەی یەکێتی نووسەران. وەرن لێرەدا لەبری سوکایەتی بەیەکتر کردن، ئەسپی خۆتان تاو بدەن لەپێناو جوان نیشاندانی ڕووی نووسەرانی کوردی کەرکوک، لەپێناو تەکاندان بە داهێنان و بەرجەستەکردنەوەی بەهاکانی ئەدەبێک شایستە بەمرۆڤی ئەم سەردەمە. 

نووسەرانی کەرکوک ئێستا لەبەردەم دووڕیانێکدان؛ یان ئەوەتا پشت لەتەواوی ئەم کێشە بێمانایانە دەکەن و هەوڵ دەدەن جوانییەکانی یەکتر ببینن و پەرە بەڕوحی لێبووردەیی بدەن و سەرباری هەموو جیاوازییەکان ئیش لەسەر کایەکانی خەیاڵ و جوانی بکەن، وەیان خۆیان گیرۆدەی ئەم تەنکوچەڵەمانە دەکەن کەوەک گیرۆدەی بوونە و بەهاکانی ئیستاتیکیەکان فەرامۆش ئەکەن و ئەبنە بەشێک لەو هەوڵانەی کەخوازیارە کەشتی کۆمەڵگە لەکەناری دەریای دەستەپاچەییدا لەنگەر بگرێ. ڕەسوڵ حەمزاتۆڤ ئەڵێ” مرۆڤ پێویستی بە دوو ساڵە تا فێری قسەکردن بێت، وەپێویستی بە شەست ساڵە تا فێری بێدەنگی ببێت. من نە کوڕی دوو ساڵەکەم و نەباوکی شەست ساڵەکەم. من لەنیوەی ڕێگاکەدام،لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەم بەخەیاڵدا دێت کە لەشەست ساڵییەوە نزیک بم چونکە ئەو وشانەی هێشتا نەمگووتوون لەدڵمدا خۆشەویستترن لەو وشانەی کە درکاندومن” ئێوەش ڕەنگە زۆر وشەی جوان و شایستە بەوتن مابێ لەدڵتانا کەهێشتا نەتان گووتبێ و هیوادارم ڕۆژانی داهاتوو پشتکردن بێت لەو کێشە وگرفتە بێمانایانە و ڕۆژانی وتنی ئەو وشە جوانانەتان بێت.

 

 

نیسانی 2012 

کەنەدا

  نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.