Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ژارگۆن 8…. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

ژارگۆن 8…. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

Closed

 

 

 

بۆرخیس دەڵێت: تامى سێو لەخودى سێودا نییە، لەدەمى ئەو کەسەشدا نییە، کە دەیخوات، بەڵکو لە بەیەکگەیشتنى هەردووکیاندایە.

(1)

کاتێک دەق لە گەیشتنى بە (خوێنەر/وەرگر) بوونى خۆى رادەگەیەنێت، کە بتوانێ خوێنەر تێکەڵ بە بونیادە (هونەریى)ەکانى خۆى بکات، کاتێکیش خوێنەر دەتوانێ دووبارە دەق بەرهەم بهێنێتەوە، کە بتوانێ توانا (ئیستێتکى)ەکانى خۆى بە شێوەیەک ئاڕاستە بکات، کە لەگەڵ دەقدا بێتەوە، بەڵام نە بونیادى هونەرى بە بێ (ئازادى بوون) دێتە ئاراوە، نە تواناى ئیستێتیکى دەکەوێتە دەرەوەى فەزاى ئازادییەوە. کەواتە پرۆسەى خوێندنەوە لە دەرەوەى قبوڵکردنى جیاوازییەکان و دانوستان و گفتوگۆى ئازادانەوە، بوونى نییە.

 (2)

وەک چۆن ناشێ خوێنەر لە رێگاى تێڕوانینى تێپەڕ، یان سەرنجى رەوتەنى بە شێوەیەکى خەمڵیو بەشدارى لە بەرهەمهێنانى (کارى ئەدەبى)دا بکات. بە هەمان شێوەش ناشێ دەق بە بێ هوشیارییەکى رەخنەیى نوێ، ئاسۆیەکى دیکەى چاوەڕوانى، فەزایەکى دیکەى جیاواز، بۆ خوێنەر فەراهەم بکات، بەڵام لە بیرمان نەچێ پەیوەندى زیندووى نێوان (دەق) و (وەرگر) لەسەر هەمان ئەو پێوەرانە ناوەستێ کە مێژووى ئەدەب و هونەر بە دەستى هێناون، بەڵکو دەبێ ئەو پێوەرانەش بە هەند هەڵبگرێ، کە هێشتا بە شێوەیەکى یەکلاکەرەوە شوێنى خۆیان قایم نەکردووە، وەک چۆن دەشێ ئەو پێوەرانەش بەشدار بن، کە لە خوێندنەوە بەرهەمهێنەرەکانى دیکەوە چاوەڕوان دەکرێن.

(3)

(دەقى کراوە) لەوێوە سەرچاوە دەگرێ، کە هیچ داواکارییەکى راستەقینە بە سەر خوێنەردا ناسەپێنێ و بە هیچ شێوەیەک لە شێوەکان، راستەوخۆ خۆى بە واقیعێکى دیاریکراوەوە بەند ناکات، یان بە مانایەکى دیکە هەمیشە هەوڵدەدات کۆمەڵێک ستراتیژى هونەرى نوێ بخاتە بەر دەم خوێنەرەوە… لە بەرانبەر ئەوەشدا هەمیشە (خوێنەرى کراوە) بەرەو ناخى دەق رۆدەچێ، بەڵام نەک لە پێناو ئەوەى تا لەگەڵ واقیع هاوتاى بکات! هەرگیز هەوڵى ئەوەش نادات، بنەمایەکى دەرەکى بەسەر دەقدا بسەپێنێ، بەڵکو لەگەڵ ئازادى و بەدیهێنراوە هونەرییەکانى دەق دەژى و دووبارە خۆى بەرهەم دەهێنێتەوە.

 خوێنەرى کراوە بوونى خۆى لەو فەزا ئازادەدا هەڵدەگرێتەوە، کە جولەى زمانى دەق بەرهەمى دەهێنێ، ئەو خوێنەرە خوێنەرێکى تێپەڕ نییە، بەڵکو توانایەکى خەیاڵى هەیە، وەک تواناى ئەو دەقەى کە دەیخوێنێتەوە… ئەگەر بەو شێوەیە تەماشاى خوێنەرى کوردى بکەین، راستە بە بێ بە دواداچوونێکى قوڵ و زانستى ناشێ خوێنەرى کوردى پۆلین بکەین، بەڵام دەتوانم لە دەرەوەى ئەو بەشە بچووک و تایبەت و بەشدارەى، کە لە پێناو هەڵوەشانەوە و دووبارە بەرهەمهێنانەوەى مانا و چێژ و ئیستێتیکا پرۆسەى خوێندنەوە بە ئەنجام دەگەیەنن، بە کورتى بڵێم بەشى زۆرى خوێنەرى کوردى ئایدیۆلۆژیانە بیر دەکاتەوە، بەو مانایەى کە هەمیشە بە پێى ئایدیۆلۆژیاى دیاریکراوى نووسەر، هەڵگرى ئاسۆیەکى دیاریکراوى چاوەڕوانیشە! بەشێکى دیکەى خوێنەرى کوردى، خوێنەرێکى نموونەخوازە، بەو مانایەى کە هەمیشە ئێستاى خۆى لە سەر نموونەى دوێنێى دەق بونیاد دەنێتەوە.

 ئەگەر نموونەى یەکەم، ئامادەیى خۆى لە نێو وەڵامدانەوەکانى نووسەر بدۆزێتەوە، ئەوە گرفتى نموونەى دووەم لەوەدایە، ئەگەر ئاوێتەى دوێنێى بکەین، کە دەقى تێدا بەرهەمهێنراوە، ئەوە تەنها ئەو رۆڵە دەبینێ، کە دەق لە وەرگرى دەوێ، واتە هەمیشە ملکەچى دەق دەبێ و پێیوایە دەق دەتوانێ ژیانى بگۆڕێ. 

بەڵام دنیاى داهێنان و بەهاى دەقى داهێنەرانە، لەگەڵ پێوەرەکانى خوێنەر یەک ناگرێتەوە، بەڵکو هەمیشە ئاسۆى چاوەڕوانى خوێنەر دووچارى شۆک و ئاوەژوو بوونەوە دەکات، هەر لەوێشەوە دەقى کراوە دەتوانێ بە ئەرکى داهێنەرانەى خۆى هەڵبسێ، کە پێوەرە هونەرییە باوەکان تێکبشکێنێ و دنیابینى و پێوەرى نوێ بخاتەوە، بە دیوەکەى دیکەش خوێنەرى داهێنەرانە چەند لە خوێندنەوە بەرەو پێش بچێ، ئەوەندە واز لە گریمانەکان دەهێنێ و بە کۆمەڵێک بۆچووندا دەچێتەوە و کۆمەڵێ پرسیارى نوێ ئاڕاستەى دەق دەکات و کۆمەڵێ چاوەڕوانى دیکە بۆ دەق دەخاتەوە.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.