با ئاوڕێك له ژنانی كرێكار بده‌ینه‌وه
خه‌ریكه له یه‌كی مه‌ی رۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی چینی كرێكار نزیك ده‌بینه‌وه و هه‌مووان ده‌زانین كه ئه‌و رۆژه بێگومان ده‌ره‌نجامی خه‌باتی چینی كرێكار و چه‌وه‌ساوه‌یه. هه‌روه‌ك له سه‌رچاوه مێژووییه‌كاندا هاتووه، كرێكارانی كارگاكانی شاری شیكاگۆ له ئا‌مریكا له رێكه‌وتی 1/5/1886 ده‌ستیان داوه‌ته مانگرتن و راپه‌ڕین بۆ به ده‌ست هێنانی مافه ره‌واكانی خۆیان. كه‌مكردنه‌وه‌ی سه‌عاته‌كانی كاركردن بۆ هه‌شت سه‌عات و زیاتر كردنی حه‌قده‌ستی كار له دروشمه سه‌ره‌كیه‌كانیان بووه، به‌ڵام كرێكاران له به‌رامبه‌ر داواكارییه‌كانیاندا له لایه‌ن خاوه‌نكار و پۆلیسه‌وه په‌لامار ده‌درێن و له‌و نێوه‌دا كۆمه‌ڵێك كرێكار گیانیان له ده‌ست ده‌ده‌ن و كۆمه‌ڵێكی دیكه‌ش بریندار ده‌بن و هێندێكیشیان ده‌گیرێن و روبه‌ڕوی سزای جۆراوجۆر ده‌بنه‌وه. سه‌ره‌نجام له ساڵی 1889 له كۆنگره‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی دووه‌مدا رۆژی 1 مانگی مه‌ی وه‌كو رۆژی كرێكار ناوزه‌د ده‌كرێ و ئیتر له‌و رۆژه به دواوه هه‌موو ساڵێك ئه‌و رۆژه له لایه‌ن گروپ و رێكخراو و حزبه چه‌په‌كانه‌وه به تایبه‌تی یادی لێ كراوه‌ته‌وه و تا ئێستاش ئه‌و ڕه‌وته به‌رده‌وامه.
لێره‌دا نامه‌وێ باس له هه‌لومه‌رجی كرێكارانی وڵاته پێشكه‌وتوه‌كان له بواری پیشه‌سازییه‌وه بكه‌م، كه ئه‌وان دوای هه‌وڵ و خه‌باتێكی زۆر توانیویانه سه‌رمایه‌داری ملكه‌چ به هێندێك له داخوازییه‌كانی خۆیان بكه‌ن و هێندێك له مافه‌كانیان له چواچێوه‌ی كار و قانوونی كاردا به سه‌ر خاوه‌نكاردا بسه‌پێنن، به‌ڵكو پێم باشه كه‌مێك له كۆمه‌ڵگای خۆمان نزیك ببمه‌وه و هێندێك له‌و گیروگرفتانه‌ی كه دێنه سه‌ر رێگای كرێكاران و لێره‌شدا به تایبه‌تی كرێكارانی ژن، باس لێوه بكه‌م.
ئه‌گه‌ر بێت و چاوێك به سه‌ر وه‌زعییه‌تی كرێكارانی ئێران و به تایبه‌تیش كوردستاندا بخشێنینه‌وه، ده‌بینین ئه‌و گوشارانه‌ی كه باسیان لێ ده‌كرێ به راستی جدین و ته‌نگیان به ژیانی خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌تی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه هه‌ڵچنیوه و بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ی زۆرێك له‌و كێشه و گیروگرفتانه‌ی كه كۆمه‌ڵگای ئێمه پێوه‌ی ده‌ناڵێت. به هۆی ئه‌و هه‌ڵاوسان و گرانییه زۆره‌ی كه رووبه‌ڕووی خه‌ڵكی كراوه‌ته‌وه، ژیانی خه‌ڵك رۆژ به رۆژ به‌ره‌و ئاقارێكی سه‌ختتر ده‌ڕوات، جا ئه‌و مه‌سه‌له بۆ خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌تی كۆمه‌ڵگا زۆر دژوارتره و باری سه‌ر شانی كرێكارانی ئه‌وه‌نده‌ی دیكه قورس‌تر كردوه.
لێره‌دا ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێسته‌یه‌ك بكه‌ین، ده‌بینین هه‌ر له گه‌ڵ ناو بردنی رۆژی جیهانیی چینی كرێكار، یه‌كه‌م شتێك كه دێته زه‌ینه‌وه و له‌سه‌ر زارانه، كرێكارانی پیاون و له‌و نێوه‌دا زۆر به ده‌گمه‌ن باس له مه‌ینه‌تییه‌كانی كرێكارانی ژن و چاوخشاندن به سه‌ر هه‌لومه‌رجی كاری ئه‌واندا و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌ی خاوه‌نكار و وه‌زعییه‌تی كارییان ده‌كرێ. جا لێره‌دایه ده‌بینین جارێكی دیكه‌ش جیاوازی ره‌گه‌زی به زه‌قی به‌ر چاو ده‌كه‌وێته‌وه. زۆر پێویسته به بۆنه‌ی یه‌كی مانگی مه‌ی ژنان جارێكی دیكه ئه‌و رۆژه وه‌ك ده‌رفه‌تێكی دیكه بۆ پێداگری له سه‌ر مافه پێشێلكراوه‌كانیان كه‌ڵك لێ وه‌ربگرن و شانبه‌شانی هه‌موو پیاوانی یه‌كسانیخواز له‌و مه‌یدانه‌دا ده‌وری كارا بگێڕن و خۆیان ده‌رخه‌ن و بیسه‌لمێنن كه هه‌ن و مافخوراون و داواكاری مافه‌كانیانن.
هه‌روه‌ك به‌ر‌چاوه و ده‌زانرێ ژنانیش به درێژایی مێژوو شانبه‌شانی پیاوان هه‌ر له مه‌زراكانه‌وه تا كارگا و كارخانه‌كان و هه‌موو شوێنێكی دیكه‌ی كار، خه‌ریكی كار كردن بوون، جاخۆ له‌و نێوه‌شدا هیچ كاتێك كاری ناوماڵ و په‌روه‌رده‌ی منداڵ بۆ ژن وه‌كو كار حسابی بۆ نه‌كراوه و ته‌نیا وه‌كو ئه‌ركێكی سه‌رشان بۆ ئه‌وان چاوی لێكراوه. به‌ڵام ئێستا ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی به‌ره‌وپێشچونی وه‌زعییه‌تی كرێكاران بكه‌ین ده‌بینین كه له زۆر بواردا له نێوان ئه‌و دوو ره‌گه‌زه‌دا جیاوازیی ده‌بیندرێت! هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه نه‌بێ كه ژیان و گوزه‌رانی كرێكارانی پیاویش ئه‌وه‌نده له هی هاوپیشه ژنه‌كانیان باشتر بێت، به‌ڵام كرێكارانی ژن به هۆی ژن بوونیشیانه‌وه دووقات ده‌چه‌وسێندرێنه‌وه و گوشارێكی زۆرتریان ده‌كه‌وێته سه‌ر. ده‌بینین كه له زۆربه‌ی ناوه‌نده‌كانی كاركردندا ژنان هاوشانی پیاوان خه‌ریكی كاركردنن، به‌ڵام له سه‌ره‌تاییترین مافی خۆیان وه‌كو، بیمه‌ی بێكاری، مافی خانه‌نشینی و حه‌قده‌ستی وه‌كو یه‌ك بۆ كاری یه‌كسان و …هتد بێبه‌ش ده‌كرێن. له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هه‌ر كات خاوه‌نكار پێی وابێ كه فشارێكی كه‌وتۆته سه‌ر ئه‌وا له ریزبه‌ندی یه‌كه‌مدا ده‌ست ده‌كات به ده‌ركردنی ژنان به بیانووی جۆراوجۆر له سه‌ر كاره‌كانیان، یا خود ناچاریان ده‌كات به قبوڵ كردنی سه‌عات كاری زۆرتر و پێدانی مووچه‌ی كه‌م.
تا ئێستاشی له گه‌ڵ بێت ئامارێكی راست و دروست و جێگای باوه‌ڕ له باره‌ی كرێكارانی ژنه‌وه له به‌ر ده‌ست نییه، چونكه له لایه‌ك نه‌بوونی قه‌راردادی كار و دامه‌زراندنی ژنان به شێوه‌ی كاتی رێگر بووه له‌وه‌ی كه ئامارێكی دروست له به‌ر ده‌ست دابێ و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه خۆ كاری ناو ماڵ و ئه‌و كارانه‌ی كه ژنان له ماڵه‌كانیاندا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن بۆ نموونه كاری چنین، دروست كردنی شیره‌مه‌نی و ترشیات و له‌و چه‌شنه كارانه و كاره‌كه‌ری ماڵه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان له به‌رامبه‌ر حه‌قده‌ستێكی مه‌مره‌ومه‌ژی، هه‌ر وه‌كو كار له ئه‌ژمار نایه‌ن و ئه‌و كرێكارانه خاوه‌نی هیچ مافێك نین.
ئێمه خه‌ریكه له یه‌كی مانگی مه‌ی، رۆژی نێو نه‌ته‌وه‌یی كرێكار نزیك ده‌بینه‌وه، بۆیه ده‌بێ ئه‌وه‌مان له بیر بێت كه له ئێستادا به هه‌زاران كرێكار له ژێر سه‌ختترین بارودۆخی كاری‌دا خه‌ریكی كارن، كه بێگومان پێكهاتوون له ژنان و پیاوانی ره‌نجده‌ر و زه‌حمه‌تكێش. نابێ ئه‌وه له بیر بكه‌ین كه ئێستا به هه‌زاران ژنی كرێكار ناچارن بۆ له ده‌ست نه‌دانی كار و بژێوی خێزانه‌كانیان، چاوپۆشی بكه‌ن له هه‌ر چه‌شنه سووكایه‌تی و بێحورمه‌تییه‌ك كه پێیان ده‌كرێ. ژنێكی كرێكار و ده‌رهێنه‌ری بژێوی خێزانێك له به‌رامبه‌ر ده‌ستدرێژی و چه‌وساندنه‌وه‌ی خاوه‌نكارێك زۆر به ئاسانی ناتوانێ ده‌نگ هه‌ڵبڕێت و داوای مافی خۆی بكات، چونكه خاوه‌نكاره‌كه‌ی زۆر به شێوه‌یه‌كی ئاسان و به هێنانه‌وه‌ی بیانووی جۆراوجۆر ده‌توانێ له كاره‌كه‌ی ده‌ری بكات و له‌و لاشه‌وه ژنێكی ده‌رهێنه‌ری بژێوی خێزانێك ئه‌گه‌ر ده‌ركرێت نه‌ك هه‌ر خۆی بگره خێزانێك توشی برسێتی و گیر‌و گرفت و كێشه ده‌بنه‌وه، سه‌رباقی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ش ئه‌وه ژنه‌كه‌یه ده‌بێ وه‌ڵامده‌ره‌وه بێت له به‌ر چاوی باوك و براو كه‌س و كار‌و ده‌رو جیران و كۆمه‌ڵگا كه بۆچی دركراوه! كه لێره‌دا ئه‌و ژنه چه‌ندین تۆمه‌تی ئه‌خلاقی و هی تریشی ده‌درێته پاڵ، كه زۆر گران به سه‌ر ژنێك له كۆمه‌ڵگایه‌كی وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێمه‌دا ده‌شكێته‌وه. زۆر جاریش ئه‌و تۆمه‌ت و گیر‌و گرفتانه ده‌ره‌نجامی زۆر ناخۆش و دڵته‌زێنیشی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، وه‌كو خۆكوشتن و خۆسوتاندنی ژنان و به جێ هێشتنی ماڵ و كه‌وتنه ناو گێژاوی بانده‌كانی بازرگانی به ژنانه‌وه كه ده‌بینین ئیتر ژیانی ئه‌و كه‌سه ئه‌سڵه‌ن به رێڕه‌وێكی دیكه‌دا ده‌گۆڕێت و روو له ئاقارێكی زۆر ترسناكتر ده‌كات كه به ته‌واوی به پێچه‌وانه‌ی ویستی ئه‌و ژنه‌یه. جا بۆیه زۆر جار ئه‌و ژنه‌ی كه ده‌شزانێ زوڵمی لێ ده‌كرێ دان به خۆداگرتن به باشترین رێگا چاره ده‌زانێت و ئامادیه به ناچاری هه‌موو جه‌ور و سته‌مێك قبوڵ بكات. بێگومان نه‌بوونی سه‌ندیكای سه‌ربه‌خۆی كرێكاریش یه‌كێكی دیكه‌یه له هۆكاره‌كانی ئاسانتر ده‌ست بردن بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی كرێكاران، خۆ زۆر جار ئه‌وه ده‌كه‌وێته به‌ر گوێ كه له وڵات‌دا سه‌ندیكای سه‌ربه‌خۆی كرێكاری هه‌ن و كار ده‌كه‌ن له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی و مافی كرێكاراندا به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه زۆر روون و ئاشكرایه ئه‌وه‌یه كه ئه‌و سه‌ندیكا كرێكاریانه‌ی كه ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات ناویان لێ ده‌بات به هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ڵبژێردراوی كرێكاران نین و نوێنه‌رایه‌تی ئه‌وان ناكه‌ن و بگره ده‌ست له ناو ده‌ستی خاوه‌نكاران ئه‌وانیش بۆخۆیان ده‌بنه به‌شێك له چه‌وسێنه‌رانی چینی كرێكار.
له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ئێمه زۆر به روون و ئاشكرایی بینیمان كه ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران چی‌یان به سه‌ر ئه‌و چالاكه كرێكارییانه‌دا هێنا كه له راستیدا نوێنه‌ری توێژه‌كه‌ی خۆیان بوون و له ناو جه‌رگه‌ی ئه‌و توێژه زه‌حمه‌تكێشه‌وه سه‌ریان هه‌ڵدابوو. چونكه ئه‌وان خۆیان زاده‌ی ئه‌و توێژه‌ن و ده‌زانن هه‌ژاری و نه‌داری و مافخواردن و برسێتی یانی چی، تا ئێستاشی له گه‌ڵ بێت ئه‌و رژیمه به‌رده‌وامه له ده‌ستگیر كردن و راپێچ كردنیان بۆ نێو سیاچاڵه‌كان و دوور خستنه‌وه‌یان له مه‌یدانی خه‌بات.
بۆ چینی كرێكار و چه‌وساوه‌ی كۆمه‌ڵگا هه‌بوونی سه‌ندیكای سه‌ربه‌خۆی كرێكاری گرنگیه‌كی تایبه‌تی هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی كرێكاران هه‌ست به بێ پشت و په‌نایی نه‌كه‌ن و بزانن كه كه‌سانێك هه‌ن كه خه‌ریكن له مافه خوراوه‌كانیان دیفاع ده‌كه‌ن، له لایه‌كی تریشه‌وه له رێگه‌ی ئه‌و سه‌ندیكا كرێكارییانه‌وه ده‌كرێ كرێكاران هۆشیار بكرێنه‌وه سه‌باره‌ت به مافه‌كانی خۆیان و فێر بن و بزانن كه ئه‌وان ئه‌و نێچیره نین كه هه‌ر كات راوچی پێی خۆش بێت راویان بكات و كه‌ڵكیان لێ وه‌ربگرێت. له پاڵ هه‌بوونی رێكخراو و سه‌ندیكا كرێكارییه‌كاندا پێویسته و ده‌بێ كار بكرێت تا هه‌موو كرێكارانی ژن هۆشیار بكرێنه‌وه و هه‌لی هۆشیاربوونه‌وه‌یان بۆ بڕه‌خسێنرێت تا مافه‌كانیان بناسن و رێگا و شێوه‌ی داواكارییه‌كانیان فێر ببن. پێویسته هه‌موو ژنێك ئه‌و مافه‌ی بۆ به ڕه‌سمی بناسێنرێت كه بۆ چوونه سه‌ر كار یان هه‌ڵبژاردنی پیشه خۆی بڕیارده‌ر بێت وناچار نه‌كرێت كه ره‌زایه‌تی باوك و برا و مێردی له پشت بێت. ئه‌و ژنانه‌ی كه شه‌وانه ده‌بێ كار بكه‌ن پێویسته ئاسایشی ته‌واویان له شوێنی كار بۆ دابین بكرێت.
ژنان ده‌بێ بۆ ته‌نیا ساتێكیش ئه‌وه له بیر نه‌كه‌ن كه خه‌بات هێشتا به‌رده‌وامه و له‌و رێگایه‌دا نابێ هه‌نگاوه‌كانیان شل ببنه‌وه. ئێمه وه‌ك ژنانی كرێكار هاوشان له گه‌ڵ پیاوانی ره‌نجده‌ری كۆمه‌ڵگا ده‌بێ جه‌خت له سه‌ر مافه‌كانمان له هه‌موو بواره‌كاندا بكه‌ینه‌وه و شێلگیر‌و شێلگیرتر هه‌وڵ بده‌ین تاوه‌كو مافه‌كانمان وه‌ك مرۆڤێكی ماندوو وه‌ده‌ست دێنن، له بیرمان نه‌چێت ئێمه‌ی ژنیش ده‌بێ مافی ئه‌وه‌مان پێ بدرێت كه له هه‌ر چه‌شنه بیمه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و كاری بێبه‌ش نه‌كرێین، ده‌بێ له شوێنی كار‌و كارگاكاندا له هه‌ر چه‌شنه هه‌ڵسوكه‌وتێكی ناشایست و ده‌ستدرێژی پارێزراو بین، ئه‌و دایكانه‌ی كار ده‌كه‌ن ده‌بێ ده‌رفه‌تی كه‌متر كار كردن و سه‌ردان كردنه‌وه‌ی منداڵه‌كانیان بۆ شیر پێدان و هتد پێبدرێت، پێ سپاردنی كاری قورسی به‌ده‌ر له توانایی جه‌سته‌یی ژن یان ژنێكی دوگیان ده‌بێ له به‌ر چاو بگیرێت. ئه‌وانه چه‌ند نموونه‌گه‌لێكن كه ده‌بێ به هه‌موومان زۆر لێبڕاوانه هه‌وڵی بۆ بده‌ین و له پاڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵی هه‌رچی زیاتر خۆ رۆشنبیر كردن و دانه‌بڕان له دونیای ئه‌مڕۆ و ده‌وروبه‌رمان ئه‌ركێكی هه‌نووكه‌یی و پێویست بێت.
به هیوای وه‌دیهاتنی دونیایه‌كی به دوور له هه‌ر چه‌شنه زوڵم و زۆر و چه‌وسانه‌وه‌یه‌ك بۆ ته‌واوی مرۆڤایه‌تی، با رۆژی یه‌كی مانگی مه‌ی بكه‌ینه رۆژێك كه تێیدا به‌ڵێن به خۆمان و به هه‌موو مرۆڤه چه‌وساوه‌كان بده‌ین كه ئێمه و ئێوه واته هه‌موومان پێكه‌وه ده‌ست له ناو ده‌ست به‌رده‌وام ده‌بین له خه‌بات و به‌رخودانه‌كانمان تا به‌دیهێنانی ئامانجه به‌رزه‌كانی مرۆڤایه‌تی، تا ئه‌و كاته‌ی كه مرۆڤه‌كان به بێ جیاوازی ره‌گه‌زی و چینایه‌تی پێكه‌وه و یه‌كسان له سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه بژین.
با من و تۆ و ئێمه ببینه زامنی به‌رده‌وامیی خه‌بات به‌ره‌و ژیانێكی زۆر باشتر له‌وه‌ی ئێستا، هاوكات هیوا به داهاتوو و خه‌باتی به‌رده‌وام با به‌شێك بێت له‌ژیانمان، ده‌بێ باوه‌ڕ به‌وه بێنین كه ژیانێكی باشتر شایانی ئێمه‌یه و ده‌بێ به‌ری ره‌نجی خۆمان ببینین و لێی بێبه‌ری نه‌كرێین.
سه‌ركه‌وتنمان ته‌نیا له یه‌كگرتنماندایه، با یه‌كگرتوانه هه‌نگاو بنێین.
سه‌رگوڵ بێتوشی
21/04/2013