Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
پشیلەکەی بریژێت! … ن/جەلال قادر

پشیلەکەی بریژێت! … ن/جەلال قادر

Closed
by April 25, 2013 چیرۆک

 

 

 

 

هەرچەندە من و (بریژێت) یەکترمان خۆشدەویست و تازە کەپڵ بووین، بەلام هێشتا بڕیارمان نەدابوو پێکەوە بژێین، بۆیە تەنیا ڕۆژانی شەممەویەکشەممان  یەکترمان دەبینی و کاتێکی خۆشمان دەبردە سەر.   زۆربەی شەوان پێش نوستن بەتەلەفۆن تێرقسەمان دەکرد، تا مانوودەبووین ئینجا بە شەوباش و هەندێک ماچ گۆڕینەوە کۆتاییمان بە گفتوگۆکەمان دەهێنا.

 زۆربەی کات خەیال دەیبردمەوە بۆ ئەو ساتانەی کە لەگەل (برژێت)دا دەبم. جۆرەها بیرکردنەوە دەیورژاندم و دەمگووت ئەگەر ئەمجارە (بریژێت) ببینم چۆن چۆنی و بە چ شێوەیەک لەگەلی سێکس بکەم. با لەوە گەڕێین چۆن چۆنی بیرم دەکردەوە. باشترە وایە بەسەرهاتی نیوان من و پشیلەکەی (بریژێت)تان بۆ بگێڕمەوە :

ئێوارەیەکیان برژێت بە تەلەفۆن پێیوتم پشیلەیەکی جوانم دۆزییەوەتەوە چەند ڕۆژێکە میوانمە، زۆر مهرەبانە و لەو بڕوایەم ببینی خۆشت بوێ!.

منیش یەکسەر لێمپرسی : چ ڕەنگە و ڕەگەزی چییە؟!.

بریژێت وتی : پرتەقالییە و جوان و خرپنە، پشیلەیەکی نێرە و تەڵە مووی سمێلی …..

هەر کە وتی نێرە… لەناخمدا هەستێک بزواندمی نەمدەزانی چیبوو؟

بریژێت خەیالەکانمی پساند: ئەرێ لەسەر خەت ماوی؟

– بەلێ…بەلێ!

هەرچۆنێک بوو کۆتاییم بە ئاخاوتنەکەمان هێنا.

ئەو شەوە پشیلەکە هەست و هۆشی داگیرکردبووم. دەمزانی هۆی دڵتەنگیەکەم ئەوەیە کە  ئیرەیی و       بەخیلی بەو پشیلەیە دەبەم کە لەگەل یارەکەم دەژێت.

 دڵم خورپەی دابوو شەڕێکی گەورە لە نێوان من و ئەو پشیلەیەدا ڕووبدات!.

بۆ ڕۆژی شەممە دیارییەکم بۆ پشیلەکە کڕی و لەگەل چەپکێ گول بۆ دەنکەکەم!.

کاتێ گەیشتمە بەردەم دەرگەی مالی بریژێت، پشیلەیەکی جوان و خرپن لە پەنجەرەی مالەکە دانیشتبوو. هەرکە منی بینی و چرنۆکی لە شووشەی پەنجەرەکە خشاند.

 ئەمە سەرەتای هەلگیرساندنی شەڕەکە بوو!.

پاش ئەوەی بریژێت دەرگەی کردەوە و باوەشی پێما کرد وبۆ ساتێک لە چاوەکانی یەکترمان ڕووانی. پشیلەکە لە نێوان پێماندا خۆی دەخشاند و میاوەمیاوی بوو.

بریژێت پشیلەکەی هەلگرتە باوەش وتی : ئەوە (جەی ) دەزگیرانمە، ئەم پشیلیەش ناوم ناوە (ئۆرەنج) دەبێتە ئەندامێک لەم ماڵە.

گوڵەکەم دایە دەستی بریژێت و تۆپێکی بچکۆلانەم لەبەردەم پشیلەکە دانا و پیشانیمدا چۆن یاری لەگەلدا بکات. پشیلەکە یەک دوجار بە دەستەکانی تۆپەکەی سووڕاند وبەدەوری خوولایەوە. منیش پەلاپیتکەیەکم لە تۆپەکەدا چەند مەترێک دوورم خستەوە، دەستم بەسەر پشیلەکەدا هێناو وتم : ڕاکە تۆپەکە بگرە.

ئۆرەنج بەدوای تۆپەکە کەوت.  لە دواوە باوەشم بە بریژێت کرد و وتم : بیرتم دەکرد.

پێکەوە لەسەر قەنەفەکە دانیشتین. لە پڕ ئۆرەنج هاتە نێوانمانەوە و پاڵ کەوت.

بریژێت پێکەنی و وتی: ئەوە ئیرەیی گرتوویەتی.

هاتم بلێم منیش ئیرەییم دێت کە ئەم پشیلەیە شەوڕۆژ لەگەل تۆدا بژێت!.

بریژێت وتی : گیانلەبەرە نێرەکان لە ڕەگەزدا ئیرەیی و دڕندەیی لە خوێنیاندایە!.

وتم : مێیەش ئیرەیی دەکات.

لەپاش قاوەخواردنەوە، لەگەل بریژێت خواردنمان ئامادەکرد تا پێکەوە بە سواری پاسکیل بۆ نیوەڕۆ بچین بۆ پارکی (گاتینۆ) کە کاتژمێرێک دووربوو لە شاری (ئۆتاوا).

پێشئەوەی لەدەرگەی ماڵ دەرچینە دەرەوە ئۆرەنج خۆی بۆ گیان من گڤ کردەوە و دەیوست چڕنۆکم لێبگرێ. هەرچەند بریژێت بە تووڕەییەوە وتی : ئۆرەنج مهربان بە لەگەل (جەی). 

پشیلەکە سەرخۆی کزکرد. بریژێت چەند جارێک دەستی بەسەریا هێناو لە باوەشیگرت و ماچی کرد.

منیش جامێ ئاو و قوتییەک خواردنم  لەبەردەمی پشیلەکە دانا.

دەستم بەسەر پشتی پشیلەکە هێناو وتم : ئۆرەنج پێوێستە من وتۆ ببین بە برادەر.

لەماڵ هاتینە دەر ، ئۆرەنج لە پەنجەرەکەوە سەیری دەکردین. بریژێت لە قەد شوشەی پەنجەرەکە وێنەی دلێکی کێشا و بای بای لێکرد. منیش وێنەی تیرێکم لە دڵەکە چەقاند و بە پێکەنینەوە وتم : نۆبەی منە لەگەل یارەکەم بم.

بە سواری پاسکیل بەناو چەند کۆلانێک تێپەڕین تا کەوتینە سەر جادەی پاسکیل سوارەکان.

لە ڕێگا بیرم دەکردەوە، ئەم پشیلە سپلەیە لە کوێوە بۆ من پەیدا بوو. خۆزگە پشیلەیەکی مێیە دەبوو!.

کاتێ گەشتینە ناو پارکی ( گاتینۆ) لەبەردەم ڕووبارێک پشوویەکمان دا، چەند سەتمەترێک دوور لە ئێمە شوێنی مەلەوانگە و گەشتیارەکان بوو. ئاوی ڕووبارەکە سارد بوو، لی كچ و کوڕە هەرزەکارەکان بەدوای یەکتر و لەباوەشی یەکتر مەڵەیان دەکرد و دەنگە زیکن و پێکەنینەکانیان ئەو ناوەی هەژاندبوو.

بریژێت لەفەیەکی پەنیر و خاسی بۆ ئامادەکردم و لەگەل شەربەتێکی ئۆرەنج کە پشیلەکەی بەبیر هێنامەوە.

بەدەم خواردن و دەستلەملانێوە کاتێکی خۆشم هەبوو تا ئەو کاتەی گەنجێک هاوتەمەنی بریژێت، هاتە لامان، سلاوی لێکردین و وتی : بریژێت نامناسیتەوە؟!

بریژێت لە گەنجەکە ورد بوەوە، ئینجا زیقانی و باوەشی پێیا کرد وتی : ئەوە تۆ چیدەکەیت لێرە، كچیترت هەلخەلەتانووە؟!.

گەنجەکە وتی : نا نا بریژێت، ئێستا من کوڕێکی بەوەفام …کچێکی جوان دۆستمە وپێکەوە دەژین.

بریژێت منی بە کوڕە گەنجەکە ناساند، وتی : ئەمەش دەزگیرانم ( جەی ).

گەنجەکە بە ڕووخۆشی پێیوتم : بەختێکی باشت هەیە، بریژێت کچێکی ناوازەو دلگیرە.

گەنجەکە لێمان دوورکەوتەوە.

منیش پرسیم : بریژێت ئەم گەنجە کێ بوو؟

– کاتێک لە ئامادەیی دەمخوێند بۆ چەند سالێک دۆستم بوو!.

لەناخەوە ئاگرم تێبەربوو، لی خۆم کۆنترۆلکرد و وتم : جا پێویستی دەکرد ئاوە باوەشی پێیا بکەیت؟

– ئەها تۆش وەک پشیلەکەم ئیرەیی دەکەیت!.

کە وتی وەک پشیلەکەم، زۆرم پێناخۆشبوو. بۆیە بە پێکەنینێکی درۆزنانە وتم : بەلام من وەک پشیلەکەت دەبەنگ نیم!.

– جەی… نابێت لەبیری بکەی، کە پێش ئەوەی تۆ ببینم لەگەل پیاوی تر بوومە!.

– بریژێت، دەکرێ باسی ڕابووردوو نەکەیت.

پێکەوە دەستمان خستە ناودەست و بەدەم ڕووبارەکە پیاسەمان کرد. ئینجا چووینە ناو درەختەکان و تا لەبەر چاوی خەلکەکە دوور کەوینەوە. بریژێت لێیپرسیم : جەی بۆ کوێ ڕامدەکێشی؟

– میزم دێت.

– جا من بۆ بێم لەگەلتا.

دەستیم ڕاکێشاو لەباوەشم گرت وتم : بریژێت نامەوێت لێمدوورکەویتەوە!.

لەباوەشی گرتم و دەمی نایە ناودەمم بۆ چەند چرکەیەک لێوی یەکترمان مژی.

لەسەر زەوی ڕاکشاین و لەیەکتر ئالاین خێرا یەکترمان ڕووتکردەوە و ئیشەکەمان کرد!. 

پاش ئەوەی تەواوبووین دەرپێیەکەمان بەدەستەوە گرتوو بە پێکەنین و خۆشییوە، بە ڕاکردن خۆمان هەلدایە ناو ڕووبارەکەوە. ڕۆژێکی خۆشبوو تا گەڕاینەوە مال.

ئێوارە درەنگ دەرگەی ماڵمان کردەوە، پشیلەکە خۆی هەلدایە باوەشی برژێت و لەم سەر بۆ ئەوسەری ماڵ ڕایدەکردو هەلدەبەزایەوە.

من چوومە ناو حەمام دوشێکم گرت و بە سەرتەڕی هاتمە دەرەوە. برژێتم بینی لە مەتبەخەکە خەریکی پەتاتە سوورکردنەوە بوو. منیش زەلاتەم ئامادە کرد. سەر مێزەکەم ڕازاندەوە.

ئۆرەنج بە چواردەورم دەسووڕایەوە ، لە ترسی ئەوەی نەکا لێم تووڕەبووبێت. ڕووم نەدەداێی.

ئەم بێدەنگییەم زیاتر تووڕەی کرد بوو.

بریژێت وتی : منیش دەچم دوشێک دەگرم ، ئینجا نان دەخۆین.

لە چاوەڕوانی برژێت بووم و بە پەڕۆکێک سەلاجە و تەباخی مەتبەخەکەم پاکدەکردەوە. لەناکاو ئۆرەنج چڕنۆکێکی لێگرتم ڕایکردە ژێر قەنەفەکانەوە.

سەیری پێیەکانم کرد ، جێگای سێ چوار چڕنۆک و خوێنی پێوە دیاربوو.

هاوارم کرد بەسەر پشیلەکە و وتم : لە بیرت نەچێت تۆ دەستت پێکرد. چەند هەفتەیەکیتر لەم ماڵە دەرتدەکەمە دەرەوە.

بریژێت کە لەحەمام هاتە دەرەوە خاولیەکی لەسەرووی مەمکییەوە بەستبوو. گەردنە خاڵدارەکەشی وەک زەردێنەی هێلکە دەبریسکایەوە.

پێکەوە دانیشتین لە مەتبەخەکە دەستمان کرد بەنان خواردن. دەنکە پەتاتەیەک لە دەستی برژێت بەربوەوە سەر زەوی . بریژێت خێرا بە کلینکسێک هەلی گرتەوە. لەو کاتە بوو برینەکەی سەر پێمی بینی وتی : چیبووە؟ ئۆرەنج چڕنۆکی لێگرتووی؟

– پشیلەکەت حەزی بەشەڕە و منیش جارێ ئارامم گرتووە.

– دەترسم شەقت تێهەلدابێت!.

وەلامی بریژێتم نەدایەوە. بریژێت یەکسەر تێگەیشت کە خەتای پشیلەکەیەتی.

– ببوورە جەی.

– نا ئاساییە…بەلام باشترە پشیلەیەکی مێی بۆ پەیدا بکەی!.

بریژێت دای لە قاقای پێکەنین وتی : ئەها شەڕەکە لەسەر منە!.

منیش پێکەنیم و وتم : تۆ کاممان هەلدەبژێری..ئەم پشیلەیە دەبێت خزمەتی بکەیت و نازی بدەیتێ. کەچی  بە پێچەوانەوە من نازت دەدەمێ وزیاترش خۆشمدەوێی.

بریژێت وتی : بەلام کامتان خۆشەویستی ڕاستەقینەی منن؟

-ئەگەر سەگ بوایە دەمگووت سەگەکە لەمن بە وەفا ترە، بەلام دلنیابە ئەم ئۆرەنجە سپڵەیە!.

بریژێت دەستی گرتم و ماچێکی ناودەمی کردم. منیش لە باوەشم کرد و وتم : زۆر ماندووم دەچمە ژووری خەو.

دوای ئەوەی سەرکەوتمە ژوور و لە سەر قەرەوێلەکە ڕاکشام ، چاوێلکەکەم لە چاو کرد و خۆم سەرقاڵ کرد بە خوێندنەوەی لاپەڕەی گۆڤارێک. زۆری نەبرد بریژێتش هاتە سەرەوە، سەری نایە سەر سنگم و وتی : ڕۆژگارێک دێت مووی سەر سنگت سپی دەبن!.

–  هەتا لەگەل تۆدا بژێم ، هەر بە گەنجی دەمێنمەوە. شەڕەکەی نێوان من و (ئۆرەنج)ش دەبێتە یادگارییەکی شیرین.

هەر کە ناوی ئۆرەنجم هێنا، پشیلەکە یەکسەر خۆی هەلدایە سەر قەرەوێلەکەمان.

بریژێت پشتی مڵی ئۆرەنجی گرت و فڕێیدایە دەرەوە و دەرگەی ژوورەکەی داخست.

لەبەر ماندوو بوونم گۆڤارەکەم لەدەست بەربوەوە خوارەوە…. چاوم چووە خەو. 

نیوە شەو گوێم لە دەنگی خشە خشێ بوو. هەلسام و جوانتر گوێم ڕایەلکرد.

ئۆرەنج  چڕنۆکی لە دەرگەکە دەکرد و میاوە میاوی بوو.

لەژێر دەرگەکەوە بە ئاسپایی  وتم : ئۆرەنج دوورکەوە!.

ئۆرەنج نەیدەبڕییەوە. هەستم کرد ئۆرەنج دەیەوێ شەوەکەم لێ تال کات. خشە خش و میاو میاوی ئۆرەنجم پشت گوێ خست، گەڕامەوە سەرجێیەکەم و لێی ڕاکشام. 

بەیانی زوو کە لە خەو هەلسام ، بەرەومەتبەخ شۆڕبوومە خوارەوە، قاوەو خواردنی بەیانی ئامادە کرابوو.

– جەی… ئاگات لێیە ئەمشەو ئۆرەنج بە چڕنۆک دەرگەکەی شووخت کردووە؟

– ئەی کوا ئۆرەنج؟

– سزام داوە، لەناو حەمامەکەیە.

– خواردنت بۆ داناوە؟

– بەلێ.

پاش ئەوەی نانی بەیانیم خوارد ، باوەشم بە بریژێت کرد و وتم : ئەمڕۆ زوو بە جێتدەهێلم. چونکە بڕێک ئیش و کارم هەیە دەبێت جێبەجێیان بکەم.

بریژێت تووند لە باوەشیکردم و وتی : ئازیزم هەفتەی ئاییندە دەتبینم.

ئەو چەند ڕۆژەی لە ماڵەوە بەتەنیا بووم، هەردەم بیرم  لە پلانێک دەکردەوە کە چۆن بتوانم ئۆرەنج لە ماڵی بریژێت دەربهێنم.

شەوانە کە بەتەلەفۆن لەگەل بریژێت قسەم دەکرد بە هیچ شێوەیەک لە هەوالی ئۆرەنجم نەدەپرسی!.

بۆ ڕۆژی شەممە، پلانێکی بچووکم دانابوو، وەک جاری جاران ڕووم لە مالی بریژێت کرد.

ئەمجارەیان لە پەنجەرەکەوە پشیلەکەم نەبینی.

زەنگی ماڵم لێدا بریژێت دەرگەی کردەوە، باوەشمان بەیەکتر کرد. بە ڕووخۆشیەوە وتی : وەرە ژوور ئۆرەنج لە ماڵ نییە!.

وتم : ئەی لە کوێیە؟

وتی : بە دیاری بەخشیمە کچێکی برادەرم.

وتم : کەواتە منت هەلبژارد.

وتی : لەوە دەترسام جەنگەکەی نێوانتان گەورەتربێت، پلان بۆ یەکتر دانێن و یەکتر بکوژن.

– نا، بریژێت… چۆن دڵت دێت وا بڵێی!

– چونکە یەک هەفتەیە بە تەلەفۆن قسە دەکەین هەوالێکی ئۆرەنجت لێنەپرسیم؟

– ئێستا ئۆرەنجم لە کۆڵ بوەتەوە، ئەمە هەوالێکی خۆشە.

– منیش بیرمکردەوە دوو پشیلەم بۆ چییە!.

پێکەنیم و دەستەکانی بریژێتم گووشی و ماچم کرد.

بریژێت بە پێکەنینەوە وتی : ڕاستم پێبلێ . چ پلانێکت دانابوو بۆ لەناو بردنی پشیلەکەم؟.

پێکەنیم و لەناو گیرفانم، مشکێکی ڕۆباتم دەرهێنا و قوڕمیشم کرد و بەناو مەتبەخەکە بەڕەلامکرد.

بریژێت لە خۆشیا پێکەنی وتی : پلانێکی جوانە!.

وتم : ئەگەر ئۆرەنج لێرە بوایە وازی لەمن دەهێناو بەدوای ئەم مشکە دەکەوت.

مشکەکەم هەلگرتەوە و بە قەد لێواری پەنجەرەکەوە دامنا. لە پەنجەرەکەوە ڕووانیمە دەرەوە.

بریژێت لە پشتەوە لە باوەشی گرتم و لێیپرسیم : بیر لە چی دەکەیتەوە؟

پەردەی پەنجەرەکەم داخست و وتم : چیتر نابێت کەس لەم پەنجەرەیەوە بڕوانێتە دەرەوە. 

بریژێت هەلیگرتمە باوەش و نیومەترێک لە زەوی بەرزی کردمەوە ولە نێو پەنجەرەکە داینام ، بە زەردەخەنەو چاوی پڕ لە عیشقەوە وتی : دانیشە پشیلە بچکۆلانەکەم.

لە یەکتر ئالاین و جوانترین وخۆشترین دڵداریمان گۆڕییەوە!.

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.