ئه‌مه‌ل و عه‌مه‌ل … هێمن عومه‌ر خۆشناو
ئه‌گه‌ر دره‌ختی ئومێد له هۆشی هه‌مووماندا ڕوا بێ، به‌ڵام چالاككردنی ئه‌و ئومێده بۆ دونیای واقیع مه‌ینه‌تی و خه‌می زۆر له‌گه‌ڵ خۆی دا ده‌هێنێ، له‌به‌رئه‌وه كه‌م بوونه‌وه‌ی بیرۆكه‌ی به‌رگرتنی هیوا، نه‌ك هه‌ر هه‌نگاوی بۆ نه‌نراوه، به‌ڵكو زۆر جاران ده‌چێته‌وه خاڵی سفرو هه‌میشه ره‌شبینی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌سازێنێ. ئیدی هه‌تا له‌ناو جه‌نجاڵی ته‌كنه‌لۆجیاو ده‌ست به دونیاگرتنه‌وه نزیك ده‌بینه‌وه ته‌مه‌ن هێدی هێدی خۆی له مردن نزیك ده‌كاته‌وه، ئه‌مه‌لیش هه‌ر زۆر‌و زۆر و زۆر…
ئه‌وانه‌ی له داره‌تی دونیایێ دا، هه‌ر به ئومێده‌وه خه‌ریكن و له ئاسۆوه روون روون ده‌یبینن، ئه‌گه‌ر پێیشی نه‌گه‌ن، ماندوون، مژوڵن، ژیرن، مێشكیان له كاره، بیریان تیژ‌و له كالانه, به‌و هیوایه‌وه‌ش سه‌ر ده‌نێنه‌وه، به‌ڵام دڵیان خۆشه كه كۆڵیان نه‌داوه، بۆ هیوا نه‌بێ ملیان كه‌چ نه‌كردووه، بۆ ئامانجی به‌رز نه‌بێ ریشه‌یان دانه‌كوتاوه، قوربانی به كات ده‌ده‌ن بۆ بیركردنه‌وه له ئه‌مه‌ل، كات ته‌مه‌ن له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات، ئامانجیش پووچه‌ڵ نابێته‌وه, ئه‌وڕۆ بێ یا سبه‌ی، هه‌ر به دوای كاروانه‌وه‌ن و هه‌ر به‌ره‌و خۆر ده‌ڕوانن.. ئه‌وانه به ژماره كه‌من، به‌ڵام كاریگه‌رن بۆ سه‌رداری، ئه‌وانه‌یشی بێ هیواو ئومێد ده‌ژین ژینێك ده‌به‌نه سه‌ر ته‌نێ به‌ناو ژین، به هزر پووچه‌ڵ، به بڕوا وشك، به واقیع پڕ له زۆر ژیان، زیلله‌ت ژیان, ماستی پڕ له موون و دانووی پڕ زیوان.
عه‌مه‌ل كه‌می، هه‌موومانی كردۆته وه‌ستای قسان و كۆله‌واری ده‌ستان, وه‌ك زه‌مه‌نی كه‌می گوڵه نیسانێ ته‌مه‌ن ده‌ڕواو عه‌مه‌لیش چش, هیوا له نزیكه‌وه پووچ و له دووره‌وه‌ش گه‌ش، وه‌ك پووشی ده‌م با به فوویه‌ك فت ده‌بێ. رۆژانی درێژی به‌هاران دونیا له به‌ر چاوی ئێمه هه‌ر نابڕێته‌وه‌و نابڕێته‌وه, رۆژ رۆژی پیاو و پیره‌مێردی بن دیواری مزگه‌وتانه كه به دیار رۆژ كوشتنه‌وه قوم له قه‌ننه‌ی ته‌مه‌ن ده‌ده‌ن و ناسوتێ و ئاگر ناگرێ، ته‌شی رێسیش له ده‌ستی پیره‌ژنه‌كانه‌وه له‌گه‌ڵ رۆژ شه‌ڕیه‌تی و خۆر ئاوا نابێ و له كۆڵ نابێته‌وه, وه‌ك (نالی) گوته‌نی ئه‌مه‌لیش وه‌ك ئه‌و نه‌هاری به‌هارییه له هزری هه‌مووماندا درێژ‌و پشی ئه‌وه‌مان پێ خۆشه كه به‌ر بگرێ، به‌ڵام ئه‌و گوریسه له كورتی ده‌پسێ به‌وه‌ی رۆژی پایزان چه‌ند كورته عه‌مه‌ل و كرده‌وه‌ی ئێمه‌ش له‌هه‌مبه‌ر ئه‌مه‌ل دا كورت كورت ئاوا ده‌بێ:
وه‌كو نه‌هاری به‌هاری درێژ‌و پایزی كورت
ئه‌مه‌ل گه‌لێك و ته‌ویڵ و عه‌مه‌ل كه‌مێك و قه‌سیر
ته‌مه‌نی هه‌موومان دیاریكراوه, به‌ڵام مژوڵبون به هیوایه‌كانه‌وه به‌ره‌كه‌تی له كات نه‌هێشتوه‌و قڕانی بۆ هێناوه, وای لێكردوین هه‌ر به ئه‌سپه‌رده‌كردنی ته‌رمی مرۆڤه‌كانه‌وه خه‌ریك بین, به جۆرێك كات نه‌ماوه تێیدا بمرین, به‌ڵام ئه‌مه‌ل له درز‌و كه‌لێنی شاخی دڵ و ده‌روونیشمان له كاتی چوونه ناو گۆریشدا سه‌ری خۆی ده‌رده‌هێنێ و به مرۆڤه‌كان ده‌بێژێ: ئه‌ی ئه‌وانه‌ی به دوای هیواوه وێڵن، ئیدی چ كه‌یفێكتان به ته‌مه‌ن درێژی نه‌یه‌ت, بۆن كردنی خونچه‌ی گوڵی ئه‌مه‌ل له دووره‌وه بۆتان دێ و خۆتان نیشان ده‌دات, له‌ناو ئاپۆڕای ئه‌و ده‌شته گوڵینه‌وه هه‌ر ده‌بێ به نائومێدییه‌وه سه‌ری ته‌مه‌ن سه‌رببڕن و به خودی خۆتان بڵێن:
هه‌رچه‌نده كه عومری خدر‌و جامی جه‌مت بوو
چونكه ئه‌مه‌لت زۆره, چ عومرێكی كه‌مت بوو
(نالی)
تێبینی: ئه‌م بابه‌ته له ژماره (11)ی گۆڤاری ئاینده‌سازی بڵاوبۆته‌وه.