Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
گفتووگۆ لەگەڵ ڕۆزا حسین سەبارەت بە پرسی ژن و میدیا

گفتووگۆ لەگەڵ ڕۆزا حسین سەبارەت بە پرسی ژن و میدیا

Closed
by May 1, 2013 ژنان

 

 

کەمئامادەیی ژنان و پرسی ژنان لە میدیاکانی کوردستاندا گرفتێکی دیموکراتییە

 

 

 

ئایا لەناو ڕۆژنامەگەری کوردییدا دەنگی ژن بووەتە دەنگێکی بیستراو و پێگەی تایبەتی بۆ خۆی دروستکردوە؟

 

سەرباری هەموو ڕێگریی و لەمپەرەکانی بەردەمیان، من پێموایە لەم دوو دەیەی دواییدا گۆڕانکارییەکی پۆزەتیڤ هەبووە لە مەسەلەی بەشداریی ژنان و ئامادەییان لەناو میدیای کوردییدا. یەکێک لە ئاماژە سەلمێنەرەکانی ئەمە هەڵکەوتنی ژنانێکە لەو ناوەندەدا کە ڕۆژنامەگەرییان وەک پیشە هەڵبژاردووە و ئەو ناوەندە ئیتر ئەو خەسڵەتە تاکڕەگەزییەی نییە کە ساڵانی هەشتاکان و حەفتاکان هەیبوو. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجی منە ئەوەیە کە سەرباری کەمیی ڕێژەی بەشداریی ژنان لەو بوارەدا بە بەراورد لەگەڵ پیاواندا، بەشێکی زۆری ئەو بەشدارییەش تەنها لەو بوارانەدایە کە پەیوەستە بەو ڕۆڵە باوەی کە لە کۆمەڵگا نەریتییەکاندا بە ژنان دەسپێردرێت. بۆ سەرنووسەرێک یان هەواڵسازێکی تەلەفزیۆن گونجاوتر دێتە بەرچاو ڕۆژنامەنووسە کچەکە ڕاسپێرێت بە دروستکردنی ڕیپۆرتاژێک لەسەر خراپیی ڕەوشی ناو خێزانەکان، وە ڕۆژنامەنووسە پیاوەکە بنێرێت بۆ دروستکردنی ڕیپۆرتاژێک لەسەر خراپیی ڕەوشی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندیی. ئەمە جگە لەوەی کە، سەرباری گەورەیی و زۆریی گرفتەکانی ناو ژیانی ژنان لە کوردستاندا، کارەساتەکانی ناو ژیانی ئەمان مەساحەیەکی زۆر بەرتەسکتریان دەدرێتێ بەبەراورد لەگەڵ دۆزی سیاسیی ڕۆژانەدا. 

لەسەر بنەمای ئەو ئەرکەی کە چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژنامەگەریی و کاری میدیایی لە ئەستۆی بگرێت، هەمیشە ئایدیاڵێک ئامادە دەکرێت و دەوترێت کە میدیاکان ئاوێنەی کۆمەڵگان. بە واتایەکی تر، ئەوەی کە لەمیدیاکانەوە بڵاودەکرێتەوە ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە لە کۆمەڵگادا هەیە و ڕوودەدات. ئەگەر ئێمە لەم گۆشەنیگایەوە نەک تەنها بواری ڕۆژنامەنووسیی بەڵکو چاوێک بە تەواوی میدیای کوردییدا بگێڕین، ئەوا دەبینین کە ئەم میدیایە وێنەیەکی کەم وکورت و خوار لەسەر کۆمەڵگای ئێمە دەدات. ئەگەر میدیا بکەینە پێوەر، ئەوا نیوەی ئەو کۆمەڵگایەی ئێمە کە ژنانن، گرفتەکانی ژیانیان بە ئەهوەنتر وەردەگیردرێت و کارەساتی لێدانی کچانێک بەدەست ئەندامانێکی خانەوادەی خۆی، ئەوەندە فزوڵییەتی ڕۆژنامونووسیی میدیاکانی ئێمە نادزێت وەک ڕوودانی لێدانی پیاوێک لەناو بازاڕێک. 

 

گرفتەکە هەر ئەوە نییە کە ڕۆژنامەنووسی ژنمان کەمن کە پۆستی بڕیاردەر و باڵایان لەناو میدیاکاندا هەبێت، بەڵکو ئامادەیی ژنان وەک سەرچاوەی هەواڵ، لێدوان و ژێدەر و لێرەشەوە وەک بەشدار لە دانانی پرسەکانی کۆمەڵگادا لەسەر ئەجێندای ڕۆژ زۆر کەمە. ئامادەیی سنوورداری ژنان لە ناوەندە میدیاییەکاندا بە گشتیی گرفتێکی دیموکراتییە چونکە بەشدارییکردنی چالاکانەی هەردوو ڕەگەزەکە لە فەزای گشتییدا، کە میدیاکان هێزێکی کاریگەرن تیایدا، ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە گەیاندنی بیروڕا جیاوازەکان و ئامادەکردنی باسی ئەو گرفتانەدا کە ژنان بە هۆی ڕەگەزی جیایانەوە هەیانە، هەم لە فەزای گشتییدا و هەمیش لە ناوەندی بڕیارداندا. میدیاکان گرنگترین کەناڵێکن کە بتوانن دەنگی هاوڵاتییان بە ژن و پیاوەوە لە ناوەندی دروستکردنی بڕیاری سیاسییدا ئامادە بکەن. نەگەیشتنی دەنگی هەر توێژێک بەو ناوەندە بەهەر هۆکارێکەوە بێت، کورتهێنانێکە بۆ پرەنسیپی بەڕێوەبردنی یان بەڕێوەچوونی دیموکراسییانەی سیاسەت لە وڵاتدا.

 

پرسیار: تا چەند ژن توانیویەتی لە ڕۆژنامەگەری کوردییدا و لە ڕۆژنامەی ژناندا وەک کاراکتەرێکی ئەکتیڤی ژنان دەربکەوێت؟

 

وەک لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا ووتم، لەم ساڵانەی دواییدا بەشداریی و چالاکی ژنان تا ڕادەیەک گۆڕانکاریی پۆزەتیڤی بە خۆیەوە بینیووە. بەڵام ئەم بوارەش وەک هەموو بوارەکانی تر لەژیر ئەو کاریگەرییەدایە کە ژنانی ئێمە هێشتاش وەک پێویست لەدەرەوەی ماڵ کار ناکەن و بەشدارییان لە ئموری کۆمەڵگادا لە دەرەوەی ماڵ سنوردارە. ئەو ژنانەشی کە لە بواری میدیا و ڕۆژنامەنووسییدا کاردەکەن، زیاتر کارەکانیان بە دەوری ڕۆڵە باو و ترادیشۆناڵەکەی ژناندایە کە خۆی لە ئامادەکردنی ڕێپۆرتاژی تایبەت بە ژنان و منداڵ دەبینێتەوە نەک مەسەلە سیاسی و ئابوری و بوارەکانی تر کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا وەک بواری کاری ڕۆژنامەگەریی پیاوان چاولێدەکرێت. 

 

ئایا ڕۆژنامەگەریی ژنان توانیویەتی ببێتە هۆکارێک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژنان، هەروەها کێشە و نەهامەتیەکانی ژنی بەرجەستە کردووە؟

 

پێموایە دروسترە پرسیارەکە بەو شێوەیە بێت کە ئایا ڕۆژنامەگەریی کوردیی توانیویەتی ببێتە هۆکارێک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تاکەکانی کۆمەڵ بە گشتیی و ئاشناکردنیان بە مافەکانی خۆیان وەک هاوڵاتییەکی یەکسان لەم هەرێمەدا. وە لێرەوە پرسیار لەسەر ئەوە بکەین کە ئایا میدیاکان کێشە و نەهمەتییەکانی ژنانیان تا چەند کردۆتە باسی ڕۆژ و بوونەتە فشار بەسەر دەسەڵاتی سیاسیەوە. 

ئەمە دەڵێم چونکە ئەوە تێگەیشتنێکی هەڵەیە ئەگەر پێمان وابێت ئەوە تەنها ژنانن کە دەبێت ئاستی هۆشیارییان ببرێتە سەرەوە و لێرەوە گرفتەکانی ناو ژیانی ژنان کارێکی لەگەڵ بکرێت. کۆمەڵگای ئێمە دوای ئەو هەموو شەڕ و نەهامەتیی و نەبوونییەی کە بووە هۆی داڕوخانی زیاتری بنەماکانی کۆمەڵگایەکی سەردەمییانە و شارستانیی بە گشتیی، کۆمەڵگایەکە بە گشتیی پێویستی بە هۆشیارکردنەوە و ئاشتکردنەوەی لەگەڵ ژیانی سەردەم و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی بەها باوەکان هەیە.

لێرەدا پێم خۆشە ئەوە بڵێم کە میدیاکان نەک نەیانتوانیوە کاراکتەرێکی کاریگەر بن لە جێپێگرتنی مێنتاڵیتێکی مەدەنیی لە کۆمەڵگادا، بەڵکو زۆرجار ئاگاهانە یان نائاگاهانە بوونەتە هۆی داخران و دواکەوتنی زیاتری کۆمەڵگە. ئەگەر کەسێک کەمێک بەووردیی سەیری یەک ژمارەی ڕۆژنامەکان بکات کە ڕۆژانە دەخرێنە بازاڕەوە، دەتوانێت بە ئاشکرا ئەم ڕۆڵە نێگەتیڤەی ڕۆژنامەکان ببینێت. لە ووڵاتێکدا کە ئەو هەموو ژنە دەکوژرێت و چەندینمان ناچار بە خۆکوشتن دەکرێین، کەچی چەندین ڕۆژنامەی ”جیددی” دێن خۆیان بە دواکەوتنی هەواڵی ڕێکخراوێکی ”ناجیددی”یەوە سەرقاڵ دەکەن کە هەندێک پیاوێکی دەستبەتاڵ بە دەوری هەندێک لێکدانەوەی ڕووکەشانەدا بۆ گرفتی ڕەگەزیی لە کوردستاندا دروستیان کردووە. میدیاکان زۆرجار بابەتی وروژێنەری پڕ خوێنەر پێش بابەتهایەک دەخەن کە پڕ کارەساتن بەڵام بە پلەی پێویست ”هەمەڕەنگ” نین بۆ خوێنەرکانیان.

 

پرسیار: بڵاوکردنەوەی هەواڵی خۆکوشتن و خۆسووتاندن لە ڕۆژنامەی ژناندا تا چەند بە قازانجی ژن و پرسی ژنان دەکەوێتەوە؟ کاتێک ڕایەکی وا هەیە کە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵانە بوونەتە هۆی زۆربوونی کێشەکان؟

 

کارکردی سایکۆلۆژیی هەواڵ دەبێت بەشێک بێت لەو هەڵسەنگاندنانەی کە ڕۆژنامە و کەسانی پسپۆڕ بیکەن و دەریبخەن کە بە چی میکانیکییەتێک بۆی هەیە باسکردنی بابەتێک کاکردی نێگەتیڤی هەبێت. بەڵام ئەوەی کە گرنگە لەم سیاقەدا من بیڵێم ئەوەیە کە هەبوونی کارکردی نێگەتیڤ قەت مانای ئەوە نییە کە کەواتە ئەڵتەرناتیڤەکە ئەوەیە ئەو دۆزە پشتگوێ بخرێت. ئەم جۆرە گرفتانە جۆرێک نییە کە داوا بکرێت یان ئەمیان هەڵبژێریت یان ئەویان. ئەگەر بەو جۆرە کار لەسەر دۆزێکی وا بکەین، ئەوا بۆی هەیە زۆر بەئاسانیی قسەی دەرونناسێک کە هەموو وێنەکە نابینێت و بە بواری پسپۆڕیی خۆی نازانێت کە ئایا دۆزی خۆسووتاندنی ژنان چی لەگەڵدا بکرێت، دێت کارکردی نێگەتیڤی سایکۆلۆجیی کارێک وا ئامادە دەکات کە وابکات چاو لە کارەساتی گەورەتر بپۆشین. بە جۆرێکی تر بیڵێم: دروست نییە وای لێک بدەینەوە کە مادام ئامادەکردنی باسی خۆسووتاندنی ژنان لە میدیاکاندا بۆی هەیە ببێتە هۆی ئەوەی کەسانێکی تریش ئیلهامی لێوە وەرگرن، کەواتە بەدیلەکە ئەوە بێت کە باسی کارەساتێکی وا گەورەی ناو ژیانی هاوڵاتییانێک لە ڕۆژنامەکاندا ئامادە نەکەین کە لەبەر قورسیی ژیانیان و لەبەر تەفرەقەی ڕەگەزیی خۆیان دەسووتێنن، لەکاتێکدا چارەسەکردنی ئەو تەفرەقە و ناحەقییە بە شێوەیەکی ڕەها لسەر ئەوە کەوتووە کە تا چەند دەگاتە گوێی خەڵک و ناوەندی بڕیار و هەر لەناو ماڵەکاندا حەشارنادرێت.

بێگومان کردنی ئەو گیروگرفتانەی کە ژنانی ئەم هەرێمەی ئیمە لەگەڵی دەرگیرن بە باسی ڕۆژ، یەکەم هەنگاوە بە ئاراستەی چارەسەکردنییدا و لەمەشدا میدیاکان ئەرکی سەرەکییانە زانیارییەکی وا بگەیەننە گوێی فەزای گشتیی. ئەرکی میدیاکانە لەڕێگای گەیاندنی زانیارییەوە  چین و توێژە زەدیدە و بێدەسەڵاتکراوەکانی کۆمەڵگا بپارێزن. یان وەک لە ناوەندە ئەکادیمەییەکاندا دەوترێت، ببنە ”سەگی پاسەوان” بەسەر ناڕیکییەکانی ناو کۆمەڵگاوە.

ئەو ڕایەی کە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانە بوونەتە هۆی زۆربوونی کێشەکان زیاتر بەهانەیەکی تەمبەڵانە و زۆرجار ئاکامی عەقڵی کۆنی دەسەڵاتدارانە بۆ خۆدەربازکردن و خۆشاردنەوە لەوەی داوا بکرێت کارێک لەگەڵ ئەو بێمافیانەدا بکرێت کە ژنان گیرۆدەین. ڕاستییەکەی من ئەگەر ڕەخنەیەکم لە میدیاکان و ڕۆژنامە کوردییەکان هەبێت ئەوەیە کە ئەوەندەی خەریکی ئەوەن کە فڵانە بەرپرسی حیزبیی ئۆتۆمۆبیلەکەی گۆڕیوە یان نا و، خەریکی هەواڵی تەوقەنەکردنی فڵانە وەزیر لەگەڵ فڵانە سیاسەتمەداردا و ، خەریکی چەندین هەواڵ و بابەتی تری پووچی لەم جۆرەن، ئەوەندە خەریکی ڕوماڵکردنی دادگاییەکی بۆ نموونە وەک دۆزی کوژرانی مامۆستا ساکار نین کە بەئاشکرا دیارە کێ کووشتوویەتی، بەڵام بەپێی یاسا بکوژەکە هیچ سزایەک نادرێت. ئەمە یاسایی بێت یان نایاسایی، ناکرێت ئێمە کۆمەڵگایەکمان هەبێت پێی قووت بچێت کەسێک هەڵبکوتێتە سەر کەسێکی تر و ژیانی لێ بسێنێتەوە و دواییش قبوڵمان بێت ئەو قاتڵە بەبێ هیچ سزایەک بێتەوە ناومان. بێباکیی لەئاست بەربەرییەتێکی وادا کە بە ناوی یاساوە ڕیگەی پێ دەدرێت، نیشانەی هەبوونی خەلەلی گەورەیە لە سیستەمیی مۆڕاڵیی و لە ئەخلاقی کۆمەڵگای ئێمەدا.

ئەوە ئەرکی دەسەڵاتە کارێک بکات دادپەروەری جێ بگرێت. بەڵام کە دەسەڵات ئەمە ناکات، ئەرکی میدیاکان دەبێتە ئەرکێکی پڕ مەسئولیەتتر و هەر سستییەک لەم ئەرکەدا، ڕەوایە ڕووبەڕووی ڕەخەی توند بکرێتەوە.

سازدانی: شۆڕش محمد

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.