Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
جیاکردنەوەی فەلسەفە لە چەنەبازی

جیاکردنەوەی فەلسەفە لە چەنەبازی

Closed
by May 13, 2013 فەلسەفە

 

 

 

 

گرینگە هەر لە سەرەتاوە هێما بۆئەوەبکەین کە، فەلسەفە ئەو کردەیەیە لە نوێبوونەوە و خۆمەشقکردنەوەی بەردەوامدایە لەسەر فێربوون. فەلسەفە بریتی نییە لە چەنەبازی و درێژدادڕی.هەروەها ئەم کردەیە نە وڕێنەیە و نەش ووتنی بەتاڵ بەڵکو کردەیێ ئەرکئامێزە و تەقەلاشە بۆ ویست بۆ دانای و ئەم ویستەش لە فۆڕمی خۆشەویستی بۆ ئەم داناییە خۆی نیشاندەدا چونکە فەیلەسوف هاوڕێی داناییە و بگرە تاکە هاوڕێشیەتی. بەمجۆرە،ئەو دەمەی دەکەوینە ناو فەلسەفەوە بە کردەێ دێینەدەرەوە کە کردەی فەلسەفەکردنە و ئەم کردەیەش بریتی نییە لە زۆربڵێی و تەنانەت لە گۆکردنی ئەوەش کە تێیناگەین.ئەڵبەتە کردەی فەلسەفەکردن زێدەڕۆیکردن و کاوێژکردنیش ناگەێنێ. کردەی فەلسەفەکردن تەنانەت ئەوەش ناگەێنێ هەریەکە بەئارەزووی خۆی و بێ ڕێسا و دوور لە گشت سنوورێک بێتەگۆکردن. کەوابێ،فەلسەفەکردن کردەێ هەڕەمەکی و بێ بنەما نییە بەڵکو کردەێ دژوار و ناسانایە و بە ڕێساگەلێ ڕێڕەوەییەوە گرێدراوە. بۆیە فەلسەفە جیاوازە لە چەنەبازی،لەو شتەی دۆشدامان و سڵەمینەوە ناسازێنێ.ئەگەرچی فەلسەفە سەرقاڵبوونە بەوی جێیباس و جێیباس نییە لێ فەلسەفە مەرامێ مەبەستگەریش لەخۆیڕا حەشاردەدا.

بەپێیئەوەی فەلسەفە کردەێ زەینی پووختە هەچ شتێک کە تێینەگەیشتین نابێت بە فەلسەفە و هەموو ووتنێکیش ناتوانێ خۆی وەک ووتنێ فەلسەفی نیشاندا.بەمشێوەیە،دەشێ بپرسین:ووتنی فەلسەفی چییە؟یاخود ووتنی فەلسەفی چ جۆرە ووتنێکە؟ووتنی فەلسەفی بریتیە لە ووتنێ کۆنکرێت(دیاریکراو) و کراوە بەس ئەمە ئەوە ناگەێنێ ووتنی فەلسەفی بێ سنوورە.لەهەموو ئەوانە گرینگتر ووتنی فەلسەفی بریتییە لە ووتنێ هزری،لە شیکردنەوەێ عەقڵیانەی ئەو شتانەی دەبن بە بابەتی شیکردنەوەکە. سەرئەنجام،کردەی فەلسەفەکردن کردەێکە لە گەڕان بەدووی زانین(ڕاستی ، دانای)بەس ئەم کردەیە ناسادە و ئالۆزە.ئەم کردەیە لە کردەکانی تر بەوە خۆی جیادەکاتەوە کە تێڕامانی قووڵ و پووخت دەکا بە بناغە بۆخۆی. هەروەها کردەی فەلسەفەکردن دەیەوێت وەک بیرێ گشتگیر و یەکانگیر خۆی نیشاندات. چونکە سرووشتی پۆلی فەلسەفە خۆی لەو سێرکردنە کورتدەکاتەوە لە زانین دەگەڕێ.ئەم گەڕانە سەرتاسەری و گشتییە نەک تاکلا و تایبەت.هەروەها لە تایبەتمەندیەکانی پۆلی فەلسەفە ئەوەشە بیرکردنەوەی ئەم پۆلە لە زانینی قووڵ و بەردەوام پێکدێ.پشکنینی ئەم پۆلە،بەبێگومانەوە، بێووچان و بێبڕین گەڕانە بەدوای ڕاستی.وەکیتریش،گەڕانی فەلسەفە بەدووی زانین گەڕانە بەدووی ڕاستی.بەپێیئەوەی ڕاستی هەمیشە وون و نائامادەیە هەرلەبەرئەوە فەلسەفە پێویستی بەم گەڕانەیە.ئەم گەڕانە گشتی و هەمەلایەنە.هەروەها بەردەوام و بێووچانیشە.فەلسەفە لەبەرئەوەی گومان دەکا ڕاستی هەبێ ئەمە وایلێدەکا لە گەڕانی بەردەوامدابێ بەدووی ڕاستی.ئەم لایەنە لای پۆل ریکۆر  Paul Ricoeur ئاقارێ تر وەردەگرێ ئەمەش لەسەر ئەو بناغەیەی کە گەڕان بەدووی ڕاستی لەنێوان دوو لادایە.لاێک کە بریتیە لە حالەتێ شەخسی و ئەویتر تەماشاکردن بۆ بوون.کەوابێ گەڕان بەدووی ڕاستی گەڕانە بەدووی شتێ تەنیا ئەو کەسەش ئەوە دەکا کە مافی هەیە ئەو گەڕانە بکا.گەر بوونی ئەم کەسە مانای هەبێ و بێمانا نەبێ ئەوا تەنیا ئەم کەسە مافی ئەم پرسیارکردنەی هەیە.ئەمەو بۆ ریکۆر گەڕان بەدووی ڕاستی واتە ووتنی شتێ باش بۆ گشت بەس ئەم ووتنە تەنیا بریتی نیە لە ووتنی هەچ شتێک کە بشێ.بەهۆی ئەم ووتنەشەوە دەشێ من ئامادەبم لە بوونا،واتە ووتنەکە شوێنم لەناو بوونا گیردەکا.ئەمەش ئەوە دەگەێنێ کە ریکۆر لەڕێگای گەڕان بەدووی ڕاستی بەدووی شوێنێک،پێوەندی لەتەک، بوونا دەگەڕێ(1). بۆئەوەی بەقووڵی لەوە بڕوانین کە ڕیکۆر دەیڵێ پێویستمان بەوەدەبێ هەڵوێستکەین لەئاست وشەی گەڕان.چونکە گەڕان ئاسۆیێ نوێمان بۆ دەستبەردەکا. ئەم ئاسۆیەش ئەو کاتەیە کە دەیژێین.گشت کاتەکان گەڕانی خۆیان پێویستە و یان هەموو کاتێ ویستی خۆی هەیە بۆ گەڕان و ئەڵبەتە بۆ خوڵقانی ئاسۆش.ئەم ئاسۆیە کە بەرهەمی بەشداری منە لە جیهانا شوێنێکە بۆ خۆنوێکردنەوە.جیهان کە ئێستای منە چرکەی ئامادەبوونیشمە.لێرەوە دەشێ بووترێ کە فەلسەفەکردن هەوڵێکە بۆ نیشتەجێبون لە جیهانا و جەغکردنیشە لە ئامادەبوون لەم جیهانە.کەواتە فەلسەفەکردن لە جیهانا،لەو شوێنەی دەیژێین، پووچەڵکردنی نامۆییە، وێرانە بەو جەنجاڵەی لێرە و لەوێ تیایدەژین، وەکیتریش مەشقکردنە لەسەر بوون بە بوونەوەرێ ئامادە و زەفەربەر بەو تەگەرانەی بوونمان لە شوێنێکا دەشێوێنن. لێرەشەوە دەگەینە ئەو سێرکردنەی پرۆسەی گشت فەلسەفەکردنێ هەنگاوێ نوێیە بۆ تێگەیشتن لە بوونمان، لەو جێگەیەی تیایا ئامادەین. بەم پێیە ئەو ئاسۆ نوێیەی فەلسەفەکردن هەڵماندەداتەناویەوە بەجۆرێ لە جیهانا ئامادەماندەکا کە لە ڕووبەڕووبوونەوەدابین لەتەک ئەویتر. دیارە ئەویتر یەکێکە لەو چەمکانەی فەلسەفەی نوێی ڕۆژئاوا وەک دژەجەمسەری خود بەکاریدەبا لێ لەم دژبەکاربردنە ئێمە بە ڕووخسارێ تر ئاشنادەکا، بەو کەسەی لە منەوە دوورە. تاکە سەرچاوەێکی ئەم ئیتیکە ئەو فینۆمینۆلۆژیەیە کە دەمووچاوی خۆ ڕووبەڕووی دەمووچاوی ئەویتر دەکاتەوە. تەنیا لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا دەمووچاوەکان بەریەکتردەکەون. ڕووبەڕووبوونەوەی دەمووچاوەکان بۆ لێڤیناس ئەوەمان پێدەلێن کە تەنیا دەمووچاویان هەیە بۆ ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە. لێرە دەمووچاو ئامرازە. کەوابێ کە ئێمە فەلسەفەدەکەین هەم لە بوونی خۆمانا جێگیرین و هەمیش بە بوونی، بە ئامادەبوونی، ئەویتر ئاشنادەبین. ئەوی ئێمەی بەم ئاشنابوونە گەیاند، کەوایلێکردین دەرکبە ئامادەبونمان لە جیهانا بکەین فەلسەفەکردنە، فەلسەفەکردنەکانی فەیلەسوفانە، ئەو ئاسۆ تازەیەیە ئێمە لە بوونمانا پێیگەیشتووین. دەشکرێ فەیلەسوفەکان هەڵەبکەن بەس لە هەڵەکانیانەوە شت فێر دەبن.هەڵەکان کە دەکرێن بۆ زۆرترگەڕانن بەدووی ڕاستیدا. گومانیشیناوێ کە جیاوازی لەنێوان شێوازەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفی هەن،یان شێوازەکانی بیرکردنەوە یەک جۆر نین لێ بەردەوامی فەیلەسوف لە پشکنین بەدووی ڕاستی سەرجەمی شتەکان دەگۆڕێ و فڕێشماندەداتە ناو ئەزموونێ لە تێژیانی نوێوە. بۆیە جیاکردنەوەی فەلسەفە لە چەنەبازی (زۆربڵێی ،درێژدادڕی) جیاکردنەوەی فەلسەفەیە لەو شتەی پێویستناکا، ئەوشتەی نامانگەێنێ بە هیچشتێک. پێویستی ئێمە بۆ فەلسەفە پێویستیە بۆ ئەوشتەی هانماندەدا بیربکەینەوە.

کەوابێت ئاماژە بۆئەوە دەکەین کە، بەپێیئەوەی فەلسەفە بیرکردنەوەیە، یان بیرکردنەوەیە لەمەڕ بیرکردنەوە، یاخود بیرکردنەوە دەستەمۆ دەکا ئەمە وادەکا فەلسەفە نەتوانێ لە دەرەوەی ئەو کردەیە کاریخۆیبکا و جگەلە بیریاری شتێتر بکا بە مۆڵگەی مەبەستی خۆی. ئەمەش بەجۆرێ تر وادەکا هیچ هاوخەمی و هاوهەڵوێستیێک لەنێوان فەلسەفە و چەنەبازیدا نەبێ. چەنەبازی کە تێکەڵێکە لە وتنێ دوبارە و کاوێژسازی ماناسازێنەر نییە و پڕیشە لە پەچە و زناکی (نیشانەی) لێوانلێو لە نەزۆکی و هیچی بەرهەمهێنان. بۆیە پووچەڵکردنەوەی گشت پرۆسەێ چەنەبازی پووچەڵکردنەوەی ئەو بەشەیە لە وتن کە دەشێ نەوترێ. ئەو بەشەی هەر لەسەرەتاوە دەچێتە خانەی وتراوە سواوەکانەوە. لەڕیشەشدا چەنەبازی وتنی وتراو و گۆکراوە. ئەمەش وادەکا چەنەبازیەکان سەرقاڵبوونەوە و ڕۆچوون بەخۆوە نەبین و خۆشیان بریتیدەکەن لە کردەگەلێ پەلە و پەرت و زێدەڕۆئامێز. لەمیانەی گشت چەنەبازیێکا مانا بەوپەڕی مەبەستەوە دەمرێنرێ و ئەوەش لە وتندا دەهۆنرێتەوە کە تابڵێی ناپێویست و ناکاریگەرە. ئەمەو چەنەبازیەکان ناتوانن هیچ تێگەیشتنێ پووچەڵکەنەوە و هیچ ڕۆلێکیش لە داماڵینی هیچ جۆرە ماسکێ نابینن و، بگرە دەبن بە بەرهەمهێنەری دونیایێ ماسک و ئاماژەی بێ مانا. ئەمەش لەسەرێترەوە ئەوەمان پێدەبێژێ کە، بنەبڕکردنی چەنەبازی بەچۆکدادانی ئەو بەشە لە وتندێ کە ناتوانێ تێگەیشتن دروستکا. 

بەپێیئەوەی کردەی چەنەبازی لە دروستکردنی تێگەیشتنەوە دوورە ئەمەوادەکا چەنەبازی ببێ بەپرۆسەێ لە قسەکردنی ناسێستەماتیک و ناکۆنکرێت. ئەو بەربەستانەش چەنەبازی لەناو تێگەیشتنەکانمان دایدەنێ پێگەی بێمانای لە وتنەکانمان بەهێزدەکا و شوێنێک بۆ ماناسازی و ڕوونکردنەوەی پێویست بوونی نابێ. چونکە لە چەنەبازیا هیچ نیگەرانیێ یان سڵەمینەوەێ جێیدیارنییە و، ئەوی دەشووترێ کار بۆ چاندنی هیچ گومان و ڕاڕایێ لە وتن و ڕوونکردنەوە ناکا. بۆیە دەڵێین: ئەزموونی زمان و بیرکردنەوە لە فەلسەفە ئەزموونێ دژە چەنەبازیە و کارێ سانا نییە. ئەمەش لەبەرئەوەی ئەزموونی فەلسەفە لەسەر تێڕامان و سێرکردنەکانمان کاریگەری لەپاش خۆی بەجێدێڵێ دواتر فەلسەفە حاڵەتێ تریشمان لا دروستدەکا، ئەوەش ئەوەیە کە فەلسەفە بە ئەوانیترەوە گرێدراومان دەکا، دەمانخاتە ناو کۆمەڵگە و ڕوبەڕووشماندەکاتەوە لەگەڵ بەرپرسیاریەتی. بۆیە فەلسەفەکردن تاهەنووکەش خۆی وەک خستنەڕووی دید و بیر دەگەێنێ بەس ئەمە بەجۆرێ لۆژیکی دەکرێ نەک هەڕەمەکی (عەشوائی) و، تاڕادەێزۆر هەرئەوەشە فەلسەفەکردن لە چەنەبازی جیادەکاتەوە. هەرلەبەرئەوە هەمیشە لە هزری هزرەڤانانا ئەزموونی هزری نوێ نمایشدەکرێ و ساتەوەختەکان ژێرپرسیار و گوماندەخرێن. ئەڵبەتە کەلەپووری ڕۆشنبیری و پەروەردەی مرۆڤیش هەر لەژێرسایەی ئەو ژێرپرسیار و گومانخستنە بە ئاکامدەگا.

لێرەوە دەکرێ قسەلەسەرئەوەکەین کە ئەو دەمەی چەنەبازی وەک فۆڕمێ زاڵی وتن خۆینیشاندەدا شوێنێ بۆ وتنی لۆژیکی نامێنێ و بوونی بیرکردنەوەی لۆژیکیش ئەستەم و ناشیاو دەبێ. لەبەرئەوەی زمان و لۆژیک یەکانگیرن ئەمەوادەکا لۆژیکیبوون داوایئەوەمانلێکا زمان کاریگەرانە بەربەکاربردنبخەین (2). ئەم شێوە بەکاربردنەی زمانیش ڕێگا لە چەنەبازی دەگرێ و دوژمنی گەورەی زێدەڕۆیشە. هاوکات ئەو کێشە ئێپستمۆلۆژیەی لێرەدا، لە جیاکردنەوەی فەلسەفە لە چەنەبازی، پێویستە ئاماژەی بۆکرێ ئەوەیە فەلسەفە خەسلەتێ گەردوونای و گشتی هەیە ئەمەشوادەکا لە فەلسەفەدا سێستەمێ زمانەوانی کاریخۆیکا کە ئەوەش بیرکردنەوە بەرهەمدێنێ. خەسڵەتی بیرکردنەوەی فەلسەفیش خۆی لەوەدا پووختدەکاتەوە کە شێوازەکانی بیرکردنەوە جۆراوجۆرن. کەوابێ گوزارەکردن بەشێوازی جیا شێوازەکانی بیرکردنەوە دەیسەپێنن. مرۆڤ کە زانی بۆ بیردەکاتەوە؟ لە ئەوەش حاڵیدەبێ بیرکردنەوە چی دەگەێنێ. ڕوونە کە هەریەکە شێوازی خۆی هەیە بۆ بیرکردنەوە و ئەو شێوازەش بەپێی دۆزە جیاکان گۆڕانی بنەمای دێتەسەر بەڵام بیرکردنەوە جیاوازەکان نە شیاوی لەبەردەم چەنەبازی دەکەنەوە و نەش جیاوازی لە بیرکردنەوە مەترسیە بۆسەر پێکهێانی مانا. دەکرێ کەسێ ئاینی جیا لە کەسێ سیاسی بیرکاتەوە و دەشکرێ کەسێ تازە یان کۆن بیرکاتەوە ئەڵبەتە بیرکردنەوەی هەرزەکارێکیش لە بیرکردنەوەی پیرێک جیایە لێ ئەم جیاوازیانە نامانگەێننە ئەو تێڕامانەی بڵێین بیرکردنەوە جیاکان لە چەنەبازی کەسەکان بەرپرسیارن. لایەنێ تر کە لێرە گرینگە هێمای بۆکرێ ئەوەیە کە ئەو دەمەی فەلسەفەدەکەین واتە هەوڵدەدەین لۆژیکییانە بەڵگەبهێنینەوە یان تواناێ شیاکاری لە بیرکردنەوەکانمانا دەخەینەگەڕ. کاتێ ئەو توانایە دەخەینەگەڕ لە فەلسەفەدا پێویستمان بەوەدەبێ ئەوی دەیڵێین بەڵگەداریکەین. لێ لەوە گرینگتریش ئەوەیە چۆن بەڵگەێ ڕاستیئامێزکرێ، چۆن واکرێ ڕاستی پەسەندکراوبێ؟ هەروەها لە فەلسەفە دا گرینگە چۆن بەڵگەێ پەسەندکراو بوونیادبنرێ؟ واتە ئێمە ئەوە هەڵناوەشێنینەوە کە پەسەندکراو و باشە بەس چۆن شت پەسەندکراو و باش دەبێ؟ ئەمەش لەگەلێ ڕوەوە فێری ئەوەمان دەکا نەک هەر فەلسەفە لە چەنەبازی جیاکەینەوە کە خۆی ئەوەیان شەڕی نێوان لۆژیکی و نالۆژیکیمان بیردەخاتەوە بەڵکو لە ڕێگای جیاکردنەوەی شتی بەڵگەدار لە شتی بەڵگەنەدار بەوەش دەگەین کە چەنەبازی پرۆسێکە لە وتنی ناسێستەماتیکی بەڵگەدارنەکراو. 

گومانی ناوێ، فەلسەفە ئەوەمان بیردەخاتەوە چۆن دەتوانین ڕەخنەییانە توانای بەڵگەهێنانەوەمان هەبێ و لەمحاڵەتەدا ئەوەی گرینگە ئەم لایەنانەن: چۆن بڕیاربدەین؟ ئەوەی پێیدەڵێن ئاکام یان دەرئەنجامی ڕاستەقینە چۆن پێیدەگەین؟ هەروەها چۆن گریمان پێکدێ؟ ئاشکرایشە هیچ یەک لەم لایەنانە لە چەنەبازیدا ئامادەنین و بۆیشە چەنەبازی ناکارێ مانا دروستکەربێ. هاووەخت لە گفتووگۆ فەلسەفیەکانا پێویستمان بە بەکاربردنی چەندین واتای شیکارەییە تا ئەوی دەمانەوێ بیگەێنین و پەسەندکراوبێ: وەک پرێمیس یان سەرەتا،پێشەکی، بەڵگە، ئاکام  یان دەرئەنجام، کۆتای ، پێوەندی ڕێژەی، زاراوە، تایبەت و گشت … هتد. دیارە بۆ فەلسەفە پرسیاری چۆن بە زانینێ دڵنیا دەگەین؟ هەمیشە مەسەلەێ یان پرسیارێ بنەڕەتی بووە. بەواتاێ تر، گەڕانی بەردەوامی فەلسەفە بەدوای زانینێ پەسەندکراو، باوەڕپێکراو و ڕاستیئامێز هەروەها ئەوەش کە چۆن زانین بەهائامێزدەبێ خودی ئەو پرۆسە ئاڵۆزەمان بۆ شیکاردەکەن کە فەلسەفە تیایا بەرهەمدێ و ،یان فەلسەفە درێژە بە هەبوونی خۆی دەدا.

سەرباری ئەوی لایسەرەوە باسکرا هێما بۆئەوەش دەکەین کە،ئێمەی مرۆڤ کە تا هەنووکە لەوە حاڵینەبووبێتین بۆ دەبێ(بۆ دەبایە)فەلسەفە هەبێ؟لەوەش حاڵینین پرۆسەی فەلسەفەکردن،کە لەتەک لێخوردبونەوە و پشکنیندا دەستلەملانە،چەند مانای بۆ بەردەوامی فەلسەفە هەیە.بەردەوامی فەلسەفەش پێویستییە بۆ بیری فەلسەفی، بۆ ئەوشتەی هەموانکۆدەکاتەوە.چونکە هەموان لە ئامادەبونی فەلسەفە،لەو شتەی بیر لە ئێمە دەکاتەوە،لە بوونمان،لە هەنووکەیی ژیانمان،سوودمەندین.چونکە دەرکەوتنی فەلسەفە لە یۆنانی کۆنەوە بەو پرسیارە دەستیپێکردوە”ئەو شتە مانای چییە”(3)بەڵام ئەمە بەو مانایەناێ کە فەلسەفە کاری دووپاتکردنەوەیە.سەختیشە ئێمەی مرۆڤ لەوە حاڵینەبوبێتین بیری فەلسەفی خۆی لە بیرەکانی تر بەوەجیادەکاتەوە لەتەک دووپاتکردنەوە و زێدەڕۆی پێوندیدارنییە.دیارە فەلسەفە ڕەخنە لە هەلوێستە فەلسەفییە بەسەرچووەکان دەگرێ،دەبێ بە گوشار بۆسەر گەلێ تێگەیشتنیتر کە خۆی لەتەکیانا لە ناکۆکی دەبینێتەوە،بەپەرۆشە بۆ یەکلایکردنەوەی شتەکان و هەنگاویش بۆ گەیشتن بە ئاکام دەنێ،بە ڕەگ و ڕیشەی شتەکان  ڕۆدەچێتەخوارێ تابگاتە ئەو شوێنەی پێینەگەیشتووین،چونکە خەمی فەلسەفە سۆراخکردنە لەوی هیچ لەبارەیەوە نازانین و ئەوی پێینەگەیشتووین،لەوانەش سەیرتر دەکارێ وەک” چالاکیێ یان تێڕاپی”(4)تەماشاکرێ.بۆئەوەی فەلسەفە گشت ئەمانەش بکا پێویستی بەوەیە ڕیسکئامێز بێ.ئەوەش کە فەلسەفە بەوە گەیشتوە کە ئەمڕۆ تیایدەژی بەرهەمی ئەو ڕیسکە هزریانەیە کردویەتی.ڕیسکەکان فەلسەفەیان بەرەو ئەزموونگەلێ جیا و فڕەئاقار بردووە.کەوابێت کاتێ فەلسەفە ئاسۆکان دەخاتە ژێپرسیارەوە،لێماندەپرسێ چەند ئەو شتە دروستە؟پرسیارە ئۆنتۆلۆژیە میتافیزیکیەکان دەوروژێنێ،دەپرسێ:سەرچاوەکانی زانین چییە و ئەرکی زانین چییە؟سرووشتی زانین چییە؟چۆن زانین بەدەستدەهێنرێت؟هەموو ئەمانە پێماندەڵێ فەلسەفە خۆی لەسەر جۆرە ووتنێ ڕادێنێ تێگەیشتن بەدەستەوەبدا،کە ئێمەش هەرئەوەمان پێویستە.لێرەوە دەگەینە ئەو بینینەی کە فەلسەفە بەوەش لە چەنەبازی جیادەکەینەوە کە فەلسەفە تێگەیشتن و لێکدانەوە دەگەێنێ و ئەمەش تامەزرۆی ئێمەی مرۆڤ بۆئەوە نیشاندەدا خۆمان لە بیری سواو و نەزۆک بپارێزین.

سەرباریئەوە دەکرێ بڵێین:شیاوە پرسیارێ فەلسەفی بکەین بێئەوەی لە فەلسەفەدا پسپۆڕبین؟ئایا ئەوە زێدەڕۆیە؟پێمانوایە نەک هەر فەیلەسوف بگرە مرۆڤی سادەش دەکارێ پرسیاری فەلسەفی بکا.بۆنموونە هەمووان دەکرێ بپرسین بۆ ئاسمان لە گشت شوێنێک بەسەر سەرمانەوەیە؟ئەمە گەر پرسیارێ فیزیای بێ لەناواخندا فەلسەفیشە.یان بۆدەبێ کۆتای ژیان مەرگ بێ؟ئەمەش دیسانەوە پرسیارێکە گشت یەکێ لە ئێمە دەتوانێ،چ پسپۆڕ بێ لە فەلسەفە و چش کەسێ خاکی و بێ ئاگا بێ لە زانست و فەلسەفە،بیکا. ئاشکرایە وەڵامەکان زۆرجار ئاستی تێگەیشتنی ئێمە بۆ پرسیارەکانمان دەستنیشان دەکەن.ئەو دەمەش کە بەمجۆرە دێینەگۆ، واتە کە ئامانجێ لە گۆکردنەکانمانا بەدیدەکرێ و ئەو ئامانجە سنوورێ بۆ ئەوی گۆدەکرێ دادەنێ،لەوە حاڵیدەبین ئێمە شتێکمان بۆ وتن هەیە.واتە شێوەی ووتنەکانمان جیاکارەیی دروستدەکەن و ساتەوەختی خۆیان لە ووتنا دەپارێزن.چونکە ووتنی ئێمە ووتنی خۆمانە،ئەو ووتنەیە ئامانجێ لەپشت وتنیەوەیە هەر ئەو ئامانجەش مانا بە ووتنەکانمان دەبەخشێ و ئەوەش کە ووتراوە لەوە جیادەکاتەوە بەجۆرێ تر وتراوە،یان وتراوە و لێ هیچ ماناێکی نەپێکاوە.لێرە جەغتکردنەکە لە ووتن و مانا پێکانە.بیریشماننەچێ کە گشت فەلسەفەکردنێ پێوەندی بە ئامانجێ دیاریکراوەوە هەیە.بەشێ لە ئامانجەکان پێوەندی بەوەوەیە ئەو کەسەی فەلسەفە دەکا دەیەوێ زانین بەدەستبێنێ.واتە،تێگەیشتن لەسەر شتێ بەدەستبهێنێ کە نایزانێ.کەواتە کەسی فەلسەفەکەر بۆئەوە فەلسەفەدەکا تا ئەو کەموکوڕیەی لەۆیدا دەیبینێ چاکیکا و ئەو بۆشایانە لە تێگەیشتنی پڕکاتەوە کەڵێنی گەورەیان لە زانینیا دروستکردوە بەرامبەر بەو دیاردەیەی قابیلە بە ووتن،یان بەو شتەوەی فەلسەفەی بەسەرەوەدەکرێ. بەمجۆرە ئەوی فەلسەفەدەکا بە گومانە لە تێگەیشتن و زانینەکانی و دەیەوێ دڵنیابێ ئایا ئەوی ئەو وا دەیزانێ و تێیدەگا بەوجۆرەیە و زانین و تێگەیشتنەکانی ڕاستن.گشت ئەم شێوە سڵەمینەوە و تێڕامانانە جۆری ووتنەکانمان لێکدی جیادەکەنەوە و مەرام و ڕیشەیان دەستنیشاندەکەن.بۆنموونە کاتێ کیمیاناسێک پرسیارمان لەبارەی ڕەنگ یان ئاوەوە لێدەکا،یان کاتێ فیزیاناسێک پرسیارمان لەبارەی بارستای و کێشەوە لێدەکا وەڵامەکانیش دەبێ کیمیای و فیزیای بن و لەخودیخۆیانیشدا وەڵامهاێکی زانستی و لەدواینباریشدا وەڵامهاێکی فەلسەفی پێکبێنن،چونکە ئەم جۆرە زانستانە پێشتر لەهەناوی فەلسەفەدا بوونە و دواتر وەک دوو زانست لە فەلسەفە جیابونەتەوە لێ جیابوونەوەکەیان ئاڕاستەی کارکردنەکانیانی لاوازنەکردووە. هەروەها ئەو پرسیارانەی کیمیاناس و فیزیاناسان دەیکەن لەهەمانئاستدا خەڵکانێ سادە ناتوانن نە ئەو پرسیارانە بەو جۆرە بکەن و نەش وەڵامەکانیان لەئاست وەڵامی کیمیاناس و فیزیاناسان دەبێ.بۆیە ئەوی کیمیاناس و فیزیاناسێ دەیکا بریتیە لە جۆرە وتنێ تایبەتی سنووردار،سنووردار لە چوارچێوەی زانینێ دیاریکراو.دیارە کە نەزانین سنووری نییە و زانینەکانیش سنوورتێدەپەڕێنن بەڵام ئەمە سنوور و ڕێساکان تێناپەڕێنێ لەنێوان زانین و نەزانین.ئەمەش لەبەرئەوەی نەزانین ناچێتە خانەی چەنەبازییەوە چونکە نەزانین کردەێکە لەو پرۆسەیەی بۆ بەدەستهێنانی زانین دێتەدونیاوە هەرچی چەنەبازییەپرۆسەێ زۆربارە و بێمەرامە.هەروەها نەزانین دانپیاهێنانیشە بەوشتەی تێیناگەین و پێینەگەیشتووین بۆیە چەنەبازی ناتوانێ خۆی بەسەر نەزانینا بسەپێنێ هیچنەبێ لەبەرئەوەی چەنەبازی لەبارەی شتێکەوەیە وتراوە و تێشیگەیشتووین.هاوکات لە نەزانینەوە تێگەیشتنێ قووڵ دەستەبەردەبێ کە چەنەبازی ئەوە هەرگیز دەستەبەرناکا.چەنەبازی دەیەوێ لە کونفەیەکونێکا بگا بە زانین،بەوشتەی حاڵینییەلێی.حاڵینەبوون بەردەوامە چونکە پرۆسەی وەدەستهێنانی زانین لەلایەن مرۆڤەوە بەردەوامە.کاتێکیش لە هێنری بریگسۆن دەپرسن “باشترین کتێب چییە کە دە ساڵی تر چاپدەبێ لە وەڵامدا دەڵێ:جا ئەگەر بمزانیایە خۆم دەمنووسی”.ئەمە مانای ئەوەیە ئێمە ئەو شتەی دێ زانیمان لەسەری نییە هەچ زێدەڕۆێیێکیش لەوبارەوەبیکەین بەهیچنەزانین کۆتایدێ.ئەو دەمەی ئێمە چەنەلێدەدەین هیچ زانینێ بەرهەمناهێنین و دووپاتکردنەوەکانمان بەشوێنێ تازە نامانگەێنن.چونکە لە چەنەبازیا چەندبارەکردنەوە ئامادەیە و گومانیش لەگەڵ چەنەبازی و زۆر دووپاتکردنەوە یەکناگرێتەوە.بەپێی مێتۆدی سوکراتیش بێ دەشێ ئێمە خۆمان وەک نەزان نیشاندەین تائەوە فێربین کە چۆن زانین بەدەستدەهێنرێ.چونکە گرینگ نییە ئێمە دەزانین کە چی نازانین بەڵکو ئەوە گرینگە ئێمە نەزانین کە چی نازانین،چونکە تەنیا ئەوکاتە لەو پرسیارە حاڵیدەبین کە بەمجۆرەیە:نەزانین چییە؟  دەمانەوێت هێما بۆ ئەوەبکەین کە،پرسیاری نەزانین چییە؟،هەروەک پرسیارە میتا-فەلسەفیەکان بۆنموونە پرسیاری فەلسەفە چییە؟ ،بە پرسیارگەلێ ڕیشەی لە فەلسەفەدا دادەنرێ،ئەو دەمەش کە دەپرسین نەزانین چییە؟ مەراممان دەربازبوونە لە نەزانین، کە لە نەزانینیش دەربازماندەبێ لەسەر خوانی زانین،زانینی ئەوی نایزانین،دادەنیشین.واتە،نەزانین بە پەیداکردنی زانین کۆتای دێ،زانین لەمەڕ ئەو شتەی ئاگایمان لەسەری نییە.ئەوی کە لە نەزانینا سەبارەت بە شتێک نقوومە جاهیل نییە بەڵکو دانبە نەزانینیخۆی تایبەت بەوی نایزانێ دێنێ.بەمجۆرە،ئەوی جاهیل لە نەزان جیادەکاتەوە ئەوەیە جاهیل نازانێ کە نازانێ لێ نەزان ئەو کەسەیە کە دەزانێ نازانێ، بۆیە کەسی نەزان دەخوازێ بزانێ.کەوابێ نەزانین بەرهەمی نەزانینی ئەو کەسەیە کە زانینی تایبەت بە شتێک نییە.ئێمە کە نازانین “ڕاستی چییە؟” ئەمە ئەو نەزانینەیە تایبەت بە ڕاستی هەمانە لێ کە زانیمان ڕاستی گەڕانە بەدوای ڕاستیێ ڕەها و ڕێگاکانیش بۆ گەیشتن بە ڕاستی جۆراوجۆرن و تاکە ڕێگاێک لەوبارەوە بۆ گەیشتن بە ڕاستی بوونی نییە بەمە لەوە حاڵیدەبین نەزانینی ئێمە لە چیدا خۆی کورتکردۆتەوە.واتە،ئێمەپاشئەوەی زانیمان پێوەندی سروشت یان گەردوون بە مرۆڤەوە بریتیە لە ڕاستی و ئەو پێوەندیەش لە ناوەوەی ژیانی ئێمەی مرۆڤدا ئامادەیە بەوە زانینێ دەخەینە سەر خەرمانەی زانینەکانمان تایبەت بە ڕاستی بوونمان ئەمەش وادەکا ئێمە نەزانینی خۆمان دەستنیشانکەین،یان بناسینەوە.دیارە بۆ کەسی نەزان هەمیشە ئەوە پرسیارە کێ خاوەنداری ڕاستیە،یاخود ڕاستی لای کێیە هەر ئەم لایەنەش والە نەزاندەکا زۆرترین تێڕامان لەوەکا کە نایزانێ. بۆ کەسێک کە نازانێ، بۆنموونە فەیلەسوف، هەمیشە گەڕان بەدووی ڕاستی بۆ بیرکردنەوەی فەلسەفی پێویستیە.بۆیە بیرمەند بێووچان ویستویەتی بەدووی ڕاستیدا وێڵبێ، کاتێ بیرمەند ئەمە دەکا بۆ ئەوەدەیکا تا لە ڕێگای ئەوەوە لە سەرچاوەکانی کێشەکانی ناو بوونی خۆی بگا.ئەوکاتەش کە کەسی بیرمەند بە ڕاستی دەگا خۆی لە ناوچەکانی یەقین نزدیکدەکاتەوە و پێویستی بەوەنابێ گومان لەوە بکا جارێ گومانی تیادروستنەکردوە.

لەسەر بناغەی وتنەکانی لایسەرەوە بێ پرسیارگەلێ وەک: چۆن دەزانین دەزانین؟ چۆن دەزانین ئەوی دەیزانین ڕاستە یان هەڵە؟ هەروەها چۆن دەزانین زانینەکانمان باشن نەک خراپ؟ ڕێنمایێ فەلسەفی زۆرماندەکەن لە بنەچەی نەزانینی خۆمان بگەین. شرۆڤەکردنی ئەو لایەنەش،واتە نەزانینی مرۆڤ،شرۆڤەکردنی ئەو بەشە گرینگەیە کە مرۆڤ لەخۆیا بەئاسانی دەرکیپێناکا. ڕاستە دەرکپێکردنەکانی ئێمەی مرۆڤ بێ خەوش نین بەتایبەت گشت کەسێ خاوەنی ئەزموونی دەرکپێکردنی خۆیەتی و ،ئەمەش،واتە دەرکپێکردن،پرۆسەێکە لە شرۆڤەکردنێ ناسادە و،یان کارێ ئاڵۆزی هزری.ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی هەموو وەک یەک دەرک بە هەقیقەتی شتەکانی دەوروبەرمانناکەین. بۆئەوەی دەرککردن لە ئێمەدا بە باشی بڕسکێ پێویستمان بەوەیە ڕۆل لە ڕێکخستنی ئەو زانیاریانە ببینین کە لە دەوروبورمانەوە پێماندەگا بۆیە گرینگە جەغتلەوەبکەین کە پرۆسەی دەرککردن پرۆسەێ ئێپستمییە (مەعریفییە).

بۆئەوەی گفتووگۆکان لە کۆنتێکستی فەلسەفی باسەکەدا چڕکەینەوە جەغتلەسەر ئەولایەنە دەکەین کە فەلسەفە لەئاکامی گەڕان بەدوای چۆنیەتی پێکهێنانی زانین دروستدەبێ چونکە لەناو فەلسەفەدا زانین بەهۆی ئەو پشکنین و تێڕامانانەوە دێنەسازان کە فەلسەفە ئەنجامیدەدا. جاوابێ ڕۆشنبیری فەلسەفی لەمیانەی ئەو پشکنین و تێڕامانانەوە نەشونمادەکا و بەمە فەلسەفە ئاڕاستەی خۆی وەردەگرێ و وەک فۆڕمێ لە بیرکردنەوە خۆینیشاندەدا.لەناو ئەم فۆڕمە گشت دووپاتکردنەوە و جووینەکان جۆرە کاوێژیێ دروستدەکەن کە بەهەمووجۆرێک لە فەلسەفەکردنەوە دوورن چونکە بیرکردنەوەکان نەزۆکی بەرهەمدێنن.چەنەبازیش ئەو نەزۆکیەیە کە شتێ نوێ ناخوڵقێنێ.چونکە لە چەنەبازیا (کە دووپاتکردنەوە و زێدەڕۆی پەنهانە) وێنابوونی زەینی، قووڵی لە بینین و لە مانا بەدیناکرێ.بۆیە هەمیشە لەوی دەووترێ پێویستمان بەوەیە کە بەدوای ڕیشاڵی هزری وتراوەکەدا بگەڕێین ئەم لایەنەش هەمیشە دەمانخاتە بەردەم جۆرە سڵەمینەوەێک لە وتراو. گومانیشی ناوێ، وتراو بەرهەمی بیرکردنەوەیە و پێچەوانەی ئەو وتراوەیە لە شێوەی چەنەبازی خۆینیشاندەدا.ئەمەش لەبەرئەوەی چەنەبازی بیرکردنەوەێ سواوە و هیچیلێوەسەوزنابێ. هاوکات لە چەنەبازیا وتن سنووری نییە و وێنەکان هیچکات پووختنابنەوە.بەواتاێتر،چەنەبازی تێگەیشتن بەدەستەوەنادا و دووبارەکردنەوەی ئەوەیە کە دەیزانین.کاتێکیش ئالان بادیو دەپرسێ بیرکردنەوە لە ئەمئێستاماندا چیدەگەێنێ؟(5) ئەم تێگەیشتە وامانلێدەکا بۆئەوەبچین کە هێزی بیرکردنەوە لە ئەمڕۆدا ڕوو لەخوارە،یان ئەو جۆرە بیرکردنەوانە لەخوارن وتنێ پێویست بەرهەمناهێنن.لێرە بەپێویستی دەزانین ئاوڕێ لە سێرکردنە فەلسەفییەکانی ڤیتگێنشتاین تایبەت بەم لایەنە بدەینەوە.لەسەر ئەو بناغەیەش ئاماژە بۆئەوەدەکەین کە بۆئەوەی سنوورێ بۆ بیرکردنەوە دانرێ پێویستە بیر لە هەردوولای سنوورەکە بکرێتەوە( واتە ئێمە مەرجە بتوانین لەوە بیرکەینەوە ،لە شتێ کە ناکرێ بیری لێبکرێتەوە)(6).ئەڵبەتە ڤیتگێنشتاین پێیوایە ئەو سنوورە لەم حاڵەتەدا لەرێگەی زمانەوە دێتەدی.بەم شێوەیەبێ ئەوە زمانە بیرکردنەوە لە بیرلێنەکراو جیادەکاتەوە و ئەوەشی کە دەکەوێتە دەرەوەی ئەم سنوورە بێمانایە(7).

بەپێی ئەو تەماشاکردنە فەلسەفییانەی لایسەرەوەبێ ووتن لە پێوەندی دایە لەلاێک بەڕاستی و لەلاێتر بەوەی لەناخی ووتندا ئامادەیە کە ئەوەش مانایە.چونکە ووتن فۆرمی هەیە و ئەم فۆرمەش مانای هەیە.واتە ئەوەی فۆرمی ووتن دیاریدەکا ماناکەیەتی،یان ئەوە مانایە کە فۆرمی قسەکردن دەستنیشاندەکا.بەڵام بابپرسین چۆن ئەم رێسایەی کە ڤیتگێنشتاین کاری لەسەر دەکا دەکارێ مانا بەرهەمبێنێ یان بەگشتی چۆن دەکرێ مانا بەرهەمبێ؟لەڕاستیدا ئەوی مانا بەرهەمدێنێ بەپێی سێرکردنی ڤیتگێنشتاین فاکتەیە.بەڵام لەو بیرە فەلسەفییە یاریئامێزەی تراکتاتۆس دا،ئەوەندەی لێیحاڵی بووبێتین،مانا لە پێوەندیدایە لەتەک ووتنا.ووتن کە مۆدێلێکە،وێنەیەکە،لە ڕاستی ئەم ڕاستییە،ئەوەندەی لە تراکتاتۆس گەیشتووبێتین،مانادارە چونکە لە گەرووی ووتنا مانا حەشاردراوە.هەرچی وتنی تاوتۆلۆژییە(دوبارەکردنەوەی هەمان مانا)بەمجۆرە نییە.چونکە ئەم جۆرە ووتنە نە وێنەیەکە لە ڕاستی و نەش مانا لەناخیداپەنهانە.ئەمە بۆ ئێمە مانای ئەوەیە ووتنی تاوتۆلۆژی شیاوی لەبەردەم بەمانابوون ناکاتەوە.نەک هەرئەوە بەڵکو ئەم ووتنە لە پێوەندیشا نییە لەتەک ڕاستی.تاوتۆلۆژی کە هیچ دەڵێ لەبەرئەوەیە کە مانای لە ناخی خۆیا بەرجەستە نەکردووە. 

هەروەک لایسەرەوەش ئاماژەمان پێدا،ووتمان ووتنی توتۆلۆژی واتە دوبارەکردنەوە بەبێ مانا، یان ووتنی ووتنێکی ناپێویست. وەکیتریش، توتۆلۆژی واتە ووتنی هەمان شت، ووتنی شتێک بە هەمان وشە و بە هەمان مانا. بەمجۆرە ئەوی توتۆلۆژی دروستیدەکا ووتراوێ هەمان مانا هەڵگرە. ڕەنگە شتە ووتراوەکە بە وشەی تر بووترێ لێ ئەم جۆرە ووتنە هاومانا دروستدەکا. دەششێ بڵێین توتۆلۆژی  ووتنی ووتراوێ هیچنەووتراوە. ڕەنگیشە ووتنی توتۆلۆژی ووتنی ووتراوێ ڕاڕائامێزبێ بۆ جەغتکردنیش بێ لە ووتراوەکە یان سەرنجڕاکێشان بێ بۆ ووتراوەکە. دەشکرێ بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم جۆرە ووتنە جیاوازی لەنێوان دوو شێوە ووتنا بکەین، ووتنی ڕاست و ووتنی هەڵە. ووتنی دروست و ووتنی زێدەڕۆیتیاکراو، بۆنموونە: شێرپەنجە کە لەوەختا دەدۆزرێتەوە دەشێ لەناوببرێ. بەبەراورد بە ووتنێ توتۆلۆژی کە بەمجۆرەیە: شێرپەنجە کە لەوەختێ زۆر باشا دەدۆزرێتەوە دەشێ لەناوببرێ، دەشێ لەناوببرێ. یان دەکرێ ئەم جۆرە ووتنە ڕاستەش لەبەرچاوبگرین: شێرپەنجە کە لە ئاستێ پێشتردا دەدۆزرێتەوە دەشێ لە هەندێ حاڵەتا لەناوببرێ ، یان وەک ئەم جۆرە ووتنە، کە لە ڕاستیەوە دوورە یان ووتنێ هەڵەیە: شێرپەنجە کە لە ئاستێ پێشتردا دەدۆزرێتەوە هەمیشە دەشێ لەناوببرێ. هەر بەپێی ئەم سەرچاوەیە توتۆلۆژی لە لۆژیکی نوێدا بەمانای ئەوە دێ کە ووتنەکە ڕاستە لەناو دێڕێ ڕاست دا ئامادەیە کە دێڕەکە لە بەشە ووتراوی ، دێڕی، ڕاست پێکدێ. هەندێ نووسەر جیاوازی لەنێوان ووتنی شیکاری بەگشتی (بۆنموونە: گشت کوڕەلاوەکان ژنیاننەهێناوە) و توتۆلۆژی بە ماناێتر دا دەکەن (نموونەش لەسەر ئەم جۆرە ووتنانە یان دێڕانە : دەبارێ یان نابارێ). هەندێ نووسەری تر جیاوازی لەنێوان ووتنی شیکاری ڕاست و هاومانای توتۆلۆژی دا دەکەن (8). ئەمەو توتۆلۆژی مانای ئەوەش بەدەستەوە دەدا کە ووتنی  توتۆلۆژی ووتنی دێڕێکە کە لە زمانی سروشتیدا بەربەکاربردن دەکەوێ چونکە توتۆلۆژی ووتنی ئەو شتەیە ، ڤیتگێنشتاین ووتەنی، کە هیچ شتێک لەبارەی ڕاستیەوە ناڵێ. هاوکات.توتۆلۆژی ووتنی شتێکە کە ووتراوە لێ بە مانای جیا ئەمەش شێوازێ ناجۆر لە ووتنا دروستدەکا چونکە شتێ دەووترێ کە پێشتر ووتراوە، یان دووبارەبونەوە لە قسەکرنا پێکدێێ. بەمجۆرە کە لە قسەکردنەکانمانا شتێک دەڵێین کە هەمان ئەو شتەیە کە پێشتر ووتومانە بەمە دەکەوینە ناو دووبارەکردنەوەێک کە دورە لە ماناوە، یان هەمان مانا کاوێژدەکرێتەوە.لە لۆژیکیشا توتۆلۆژی دەتوانێ خۆی وانیشاندا کە لە ڕستەکەدا لەژێرسایەی هەمان بەها شتەکە دەوترێتەوە(9). لێرەوە دەگەینە ئەو ئاکامەی کە بنەمای لۆژیکی دێڕی توتۆلۆژی جۆرە بەهاێکی تێدایە لە پێوەندیدایە بەوی دەوترێ.  هەرچی فیلیپ رادۆڤیچە (10) پێیوایە کە بۆچوونی ڤیتگێنشتاین بۆ توتۆلۆژی لە ڤیتگێنشتاینی تراکتاتۆس بۆ دوا ڤیتگێنشتاین جیاوازە. بەپێی دوا ڤیتگێنشتاین، واتە ڤیتگێنشتاینی پاش تراکتاتۆس، توتۆلۆژی بریتیە لە دێڕە ڕێزمانییە- لۆژیکیەکان. بەبۆچوونی رادۆڤیچ، کە توێژەرەوێکە لە بواری ڤیتگێنشتاین، پێیوایە ئەوی ڤیتگێنشتاین پێشتر کاریتیاکردوە لە کارەکانی پاشتریدا، واتە دوای تراکتاتۆس، ڕادیکالانە ئیشیلەسەرکردووە. بەپێی ووتنی رادۆڤیچ ڤیتگێنشتاین لە کارەکانی پێشوویدا دێڕە لۆژیکییەکان،کە بە توتۆلۆژی ناویاندەبا، وەک فۆندەمێنتی ڕاست تەماشاناکرێن،واتە لەسەر هەمان هێڵی تیۆری زانینی ڕسیۆنالی نەرێتی نییە.بەپێی تێزی رادۆڤیچ بێ لە هزری ڤیتگێنشتایندا،لەنێوان کارە فەلسەفیەکانی پێش و دواتریدا،پێوەندی لەنێوان دێڕی لۆژیکی و دێڕیئەزمووندار دا هەیە. ئەم لایەنە مانای خۆی هەیە لە نووسینی ئەو ڕوناکبیرانەی قسەیان لەسەر ئەزموونی فەلسەفەکاری ڤیتگێنشتاین کردووە. بیریشماننەچێ بەشێ زۆر لە تێگەیشتنەکانی پێشووی ڤیتگێنشتاین هەوڵێبووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر یان شیکارکردنی کێشەکانی فەلسەفەی کلاسیک کە بەپێی بینینی ڤیتگێنشتاین ئەو کێشانە خۆیان لەو زمانەدا چڕدەکەنەوە فەلسەفەی کلاسیک گوزارە لەخۆیدەکا.

لە کۆتایدا بەو تێگەیشتنە دەگەین ووتنی توتۆلۆژی ووتنێ هەمان شتییە، دوبارەکردنەوەی هەمان ووتنە،دووجار وتنی ئەوەیە وتراوە بۆیە پێویستمان بەوە دەبێ لە توتۆلۆژی دوورکەوینەوە.چونکە توتۆلۆژی دروستکەری بێزاری،وتنی شتێکە کە دەیزانین. کەواتە فەلسەفەکاری کردنی ئەو شتەیە نایزانین،فەلسەفە بۆ گەیشتنە بەوی نەووتراوە یان ئەوەی کە هەمان مانا یان زانین نادا بەدەستەوە.گەر فەلسەفە بۆ گەیشتن بێ بە دانای ئەو داناییە نەووتراوە،هاوشێوە و هەمان مانا لەخۆ حەشارنادا. بۆئەوەی فەلسەفە دروستبێ پێویستی بە بڕین و دیسانەوە دەستپێکردنەوەیە.بەواتاێتر، کە لە ووتنا ، یان لە بیرکردنەوەدا، بێزاری و زێدەڕۆی دروست دەبێ لەوێدا فەلسەفە ئامادەبوونی نییە. کاتێ کە بۆ هایدیگەر پرسیار لەسەر فەلسەفەکردن مەرج بووە نەک خودی فەلسەفە ئەمە بەو مانایە هاتووەکە ئەوی یەکەم ، واتە فەلسەفەکردن، دەمانباتەوە ناو پیادەکردنی فەلسەفەوە بەس ئەوی دووەم ، واتە فەلسەفە خۆی، دەمانباتەوە ناو تەنیا فەلسەفەوە. ئەمەش داوای نیشتەجێبوونمان لێدەکا، واتە ژیان لەناو فەلسەفە. نیشتەجێبوونیش لەناو فەلسەفە بۆ هایدیگەر گرینگبووە تا بۆمانهەبێ بپرسین فەلسەفە چییە؟ئەگەرنا بۆماننییە بپرسین فەلسەفە چییە؟ لێرە ئێمە هاوکۆکی خۆمان لەتەک هایدیگەر نیشانندەدەین کە دەبێژێ: گشت سەردەمێ فەلسەفی پێویستیێکی خۆی هەیە. گەر هایدیگەر ووتەنی مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا لەگەڵ لەبیرکردنی ڕاستی بوون دەستپێدەکا ئایا ئەمە پێویستی بووە بۆ فەلسەفە؟ ئێمە پێمانوایە ئەم پرسیارە دەمانباتەوە ناو هەناوی ئەو پرسیارەی کە هەمیشە بۆ فەیلەسوفان گرینگ بووە : فەلسەفە چییە؟ فەلسەفە چییە بۆ هایدیگەر پرسیارێبووە کە وامانلێدەکا بکەوینەناو فەلەکی فەلسەفەوە و لەناوەوەی بخولێینەوە کە ئەوەش دواتر وادەکا ئێمە فەلسەفە بکەین. کە فەلسەفەش دەکەین پێویستمان بەوەیە لەوە حاڵێیبین ئەو کردەیە لەبنڕا بۆ گەیشتنە بە زانینێ نەزانراو، ئەو زانینەی نادووبارە و نەووتراوە. 

ئازاد حەمە،سلێمانی

 

——————————————-

 

سەرچاوەکان:

ئەم سەروتارە بە 5 بەش لە هەفتەنامەی ڕەخنەی چاودێر لە هەردوو مانگی ئایار (ئەپریل) و نیسان (مای) ی 2013 دا بڵاوکراوەتەوە.

 

1.Paul Ricoeur.History and Truth. Introduction : Charles A. Kelbley، Foreword :David M. Rasmussen . Northwestern University Press.2007. pp.54-55.

2.D.Q.Mclnerny. Being Logical: A Guide to Good Thinking. Random House Trade Paperbacks. 2005، p3.

3.Bryan Magee. från antikens naturfilosofer till dagens moderna tänkare . Bonniers stora bok om filosofi.1998.

4.Gunnar Fredriksson. Wittgenstein. En biografi. Stockholm : Bonnier. 1993.

5.Alain Badiou. Andra manifestet för filosofin. Översättning: Carin Franzén.Tankekraft förlag، 2012،p. 1.

6.Ludwig Wittgenstein، Tractatus logico-philosophicus، översättning، inledning och noter av Anders Wedberg، Thales، 1997،s.37.

7.Ibid.

8.Poul Lübcke.red . Filosofilexikonet. Stockholm. 1988. s. 539-540.

 

9.Dag Prawitz. ABC i symbolisk logik: logikens språk och grundbegrepp. Stockholm: Thales. 1991.s. 62.

10. Wittgenstein om tautologier och andra logiska satser.

http://www.phil.gu.se/posters/festskrift2/mnemo_radovic.pdf

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.