له‌نیشتمان ته‌نیاتر …. حه‌سه‌ن مسته‌فا
له‌به‌رئازاری جه‌سته‌م نا…له‌به‌ر بۆنێكی نامۆ كه‌پێشتر و له‌ڕۆژانی دیكه له‌م ژووره‌دا به‌رلووتم نه‌كه‌وتبوو به‌ئاگاهاتمه‌وه…لایه‌كی به‌تانییه‌كه‌م هه‌ڵدایه‌وه كه له‌ژێر خۆم رامخستبوو، لهئارهقهیهكی ته‌نك به‌ولا هیچم نه‌بینی…جارێكی دیكه لێی راكشامهوهو ده‌سته‌كانم خستنه ژێر سه‌رم و ئه‌مجاره وه‌ك هه‌ر جارێك، كه ته‌واو دڵم ده‌گوشرا سه‌یری بنمیچه‌كه‌م كرد، به‌ڵام ئه‌م به‌ره‌به‌یانه چاوم بهپهڵهیهكی تهڕكهوت له‌سوچێكی بنمیچه‌كه‌دا، تۆزێك هه‌ڵسامه‌وه‌و ده‌سته‌كانم بڵاوكردن وكه‌مێك سه‌رم بۆلای سه‌ره‌وه به‌رزكرده‌وه و چاوه‌كانم هه‌ڵگڵۆفین، ئه‌مجاره هه‌ستم به‌بینینی دڵۆپه‌یه‌ك ئاوی قاوه‌یی …یان زه‌رد، له‌م نێوانه‌دا ره‌نگێك ،كرد. كه ئه‌وه‌نده‌ی نه‌مابوو بڕژێته سه‌ر نێوچه‌وانم…هه‌ر كه ئه‌م دڵۆپه ئاوه رژا، ئیدی دڵۆپه‌یه‌ك و دڵۆپه‌یه‌ك و دڵۆپه‌یه‌كی دیكه سهریانكرد…دواجار وه‌ك سۆڕامیلكه ئاو سه‌ریكرد و به‌خوڕ داِژایهسهر به‌تانییه بۆره‌كه‌م. ئاوه‌كه ئه‌وه‌نده بهخوڕباری، فریانه‌كه‌وتم خۆم لاده‌م. من كه به‌سه‌یركردنی بنمیچه‌كه مژۆڵ بووم، له‌ژێریشه‌وه ته‌ڕایی و بۆنه دژوارهكه سهریانكرد و ئاوێكی مه‌یله‌و سه‌وز و بۆر، كه هه‌ر له‌ئاوی زێرابی ده‌كرد، لهقوژبنهكه هاته‌ده‌ر… له‌م نێوانه‌دا ئه‌وه‌نده‌م پێما به‌تانییه‌كه‌ی سه‌رم له‌خۆم لوولدهم و هه‌ڵسمه‌وه سه‌رپێ، به‌ڵام له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كورت ژووره‌كه ئاو دایگرت، ده‌مه‌ویست به‌هه‌رجۆرێك بێ به‌تانیه‌كه‌ی سه‌رم ته‌ڕنه‌بێ، به‌ڵام هه‌ر سوودی نه‌بوو، چونكه ده‌ترسام ژووره‌كه پڕببێ له‌ئاو و كه‌س دهرگانهكاتهوه… ئه‌م ترسه‌م لێببوه یه‌قین .
ئه‌وه‌نده تینم بۆهات، ناچار هاوارمكرد، به‌ڵام قامچی وهشێنێك له‌پشتی په‌نجه‌ره‌وه بهگورزێكی خێرا زرمه‌ی له‌پشتم هه‌ڵساند…ئه‌وه‌نده به‌ئازاربوو هه‌ر لهچزووی ماردهچوو، كه له‌ناكاو دهتگهزێ. قامچیێك و قامچیێكی دیكه‌و یه‌كێكی دیكه‌یش به‌داوی یه‌ك بهرپشتم كه‌وتن. به‌تانیه‌كه له‌ده‌ستم خزی و له‌ناو گهناوهكه نوقمبوو، كراسه بهخوێنهكهم كه شهقارشهقارببوو جارێكی دیكه خوێن وه‌ك سه‌ركردنی خونچهگوڵێك ناوبه‌ناو چزورهیان به‌ست، به‌ڵام له‌پڕ بوون بهدهمارێكی ئه‌ستووری خوێن و به‌سه‌ر كراسه‌كه‌م بڵاوبووه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی لێچۆڕا بكه‌وێته ناو ئاوه ره‌نگ كایی و قهوزهییهكانی به‌رپێم… له‌وێ كه‌وتم، جارێك هه‌ڵسامه‌وه..دیسان كه‌وتم، هه‌وڵمدا هه‌ڵسمه‌وه، هه‌ڵسامه‌وه…دیسان كه‌وتم، خه‌ونم بهههڵسانهوه بینی..كه‌چی ئه‌فسووس تائه‌مڕۆ لهناوبۆنی بۆگه‌نیوی ئاوه ره‌نگ كایی و قه‌وزه‌یی و سووره‌كه‌دا له‌په‌ل و پۆكهوتووم …هاوارهكهم ئه‌وه‌نده خنكاوه لهژوورهكهم ناچێته‌ده‌ر!!.