Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
ژارگۆن 13…خوێنەرى جیاکار، یان باڵاترین خوێنەر

ژارگۆن 13…خوێنەرى جیاکار، یان باڵاترین خوێنەر

Closed

 

 

 

 

 

لەلایەن رەخنەگرى فەرەنسى/ئەمریکى”میکائیل ریفاتێر Michel Riffaterre” دەستنیشان کراوە، ئەو خوێنەرە خوێنەرێکى ئەبستراکتى گریمانەکراوە، هەوڵدەدات شێوازگەرى زانستیانە لە میانى زانستى زمانەوانى-وەسفى-بونیادگەرى بدۆزێتەوە، شێوازگەرییەک، کە بێتە مەیدانى نێوان خوێنەرى مامناوەندى و باڵاترین (superior) خوێنەر! خوێنەرى یەکەم قووڵ نییە و رووکارئامێزە، بەڵام دووەمیان قووڵ و پێشکەوتووە، لە رێگاى شارەزایى و مەعریفە بەرفرەوانەکەیەوە ناوەندێک لە نێوان خۆى و دەق هەڵدەبژێرێ، هەر لە هەڵبژاردنى ئەو ناوەندەوە وەک باڵاترین خوێنەر (الاعڤم او الاعلى)، دەردەکەوێت. 

باڵاترین خوێنەر، خوێنەرێکە لە دووتوێى پێکهاتەى زانستى و شانەى دەق، (دووانەى هاودژ) دەدۆزێتەوە، لە رێگاى ئەو دۆزینەوەیەش ئەو رووداوانە کۆ دەکاتەوە، کە پێویستە لەلایەن توێژەرێکى شێوازگەرى شیبکرێنەوە (لێرەدا وەک دەبینین هێزى شاراوەى رەگەزەکان لە دەقدا دەستەبەر ناکرێت، بەڵکو لە رێگاى خوێنەرەوە دێتە دەست) هەر لەو خاڵەشەوە خوێنەرى ریفاتێرى خۆى لە چاودێریکردنى ئەو (رووداوە شێوازگەری)یانەدا هەڵدەگرێتەوە، کە دواتر دەیانخاتە بەر شیکردنەوە، بەڵام ئەو خوێنەرە هەر چەندە زێتر بە (ئەدەبییەتى دەق)ەوە سەرسام بێ، ئەوەندە شێوازى ئەو دەقە بە دەوڵەمەندتر دادەنێت، بە دیوەکەى دیکە هەر ئەو دووانە هاودژەى کە کەشفى دەکات، وەک مەرجى بەها، بەهاى دەق دەستنیشانى دەکات، بەڵام ئایا مەرجى بەهاى دەق پێوانەیە، پێوانە چییە؟

 پێوانە ئەو رستە دەرەکیەى پێکهاتەى دەقە، کە دەکەوێتە دەرەوەى دانەر یان نووسەرەوە. بەڵام ئایا دەشێ بتوانین لە خوێندنەوەى هەموو ئەو دەقانەى، کە پێشتر خوێندوومانەتەوە (بە باش و خراپ) خۆمان رزگار بکەین، یان یادەوەریمان پاک بکەینەوە، بە مانایەکى دیکە ئایا دواجار هەموو ئەوانە نین، کە چێژى ئەدەبیمان لەلا دەسازێنن؟!  

ریفاتێر تەواوى لایەنە مێژوویى-مرۆیى-کۆمەڵایەتیەکان، لەو خوێنەرە دەکاتەوە و تەنها بە پەرچەکردارە خرۆشێنەرەکانى دەبەستێتەوە، کەواتە کاتێک خوێنەر لە کۆى ئەو باگکراوەند و پێشینە سەرچاوەییانە رزگارى دەبێ، ئەوە دەقیش لە دەرەوەى هەموو ئەو سەرچاوانەوە تەماشا دەکات، ئیتر لەو رووتکردنەوەیەدا، (چێژى خوێنەر) بە وەڵامدانەوەى خرۆشانەکانەوە بەند دەبێت و پشت بە سەرسامبوون و ئاگاییەوە دەبەستێت، خوێندنەوەش لاى ئەو بوونێکە لە چاوەڕوانیەکى بێ کۆتاییدایە، لە پێناو چاودێریکردنى شێوازەکان و جێگیرکردنیان.

  باڵاترین خوێنەرى ریفاتێرى لە کۆمەڵێک خوێنەر پێکهاتووە: خوێنەرى (شارەزا) و (هەواڵدەر) و (راهێنراو) و (نموونەیى)…، کە شێواز دەیانخرۆشێنێ، شێوازیش بە توانستى ئەدەبییەوە بەندە، هاتنە وەڵامى ئەو خوێنەرانەش بە پێى توانستى ئەدەبى، یان رووداوە شێوازییەکانەوە دەردەکەوێت، هەر خۆشیان دەبنە شیکەرەوەى شێوازەکان. بە مانایەکى دیکە خوێنەرى (ریفاتێرى) لە پەرچەکردارى هەموو ئەو خوێنەرانەى ناومان بردن، پێکدێت. یان دوا پڕشنگى فۆڕمەلەکردنى هەموو ئەو خوێنەرانە، دەکەوێتە سەر خوێنەرى (جیاکار/ باڵاتر)ەوە.

 بەمجۆرە خوێنەرى جیاکار/باڵاتر کۆمەڵێک بناسن، کە هەمیشە دەگەنە خاڵە چڕ و ئاڵۆز و شاراوەکانى دەق، پاشان لە رێگاى  ئاوێتەبوونیان و رەنگدانەوەیان لەنێو دەقدا حەقیقەتێکى شێوازگەرى، یان بەهاى ئەدەبى دادەمەزرێنن!! ئەو وەسفەش بۆ ئەو خوێنەرانە دەگەڕێتەوە، کە خاوەن توانا و شارەزایى و ئەزموونن.

 خوێنەرى (جیاکار/باڵاتر) بە گۆچانى پیرۆز دەچوێنرێ، کە (چڕى مانا شیاوەکان) و (کۆدەکان)ى نێو دەق کەشف دەکات، ئەو خوێنەرانە جەخت لەوە دەکەنەوە، کە واقیعى شێوازگەرى لە کۆنتێکستى دەقدا لە رێگاى ئەوانەوە دەردەکەوێت، ئاماژە بەو چڕییەى نێو رێچکە نێردراوەکەى دەق دەدەن، ئەو چڕییەى، کە لە رێگاى بەریەککەوتنى دەقئاوێزانى بەرجەستە دەبێ و شوێنگەى خوێنەرى (جیاکار/باڵاتر) دیارى دەکات. حەقیقەتى شێوازگەرییانەى خوێنەرى (جیاکار/باڵاتر) تەنها لە رێگاى (خودى دەرککەر)ەوە جیا دەکرێـتەوە، فۆڕمەلەکردنى بەریەککەوتنەکانى نێو دەق وەک کاریگەرییەک دەردەکەوێ، کە ناکرێ تاقى بکرێتەوە، تەنها لەلاى خوێنەرێک لە خوێنەرانەوە نەبێ. بەمجۆرە وەک لاى ریفاتێر دەردەکەوێ، دیاردەى ئەدەبى هەر تەنها دەق ناگرێتەوە وەک لاى بونیادگەرەکان جەختى لێدەکرایەوە، بەڵکو هەموو ئەو خوێندنەوانەش دەگرێتەوە، کە دەق لە رێگایانەوە هەناسە دەدات، بەو مانایەش شێوازگەرى هەر تەنها بەهۆى دانەر و ئامرازى زمانەوانییەوە دیارى ناکرێ، بەڵکو خوێنەرانیش تێیدا بەشدارن. 

 

 

عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.