Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئاین وەک مۆدیل یان وەک ئاتاج

ئاین وەک مۆدیل یان وەک ئاتاج

Closed
by May 25, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

 

پێشتر ئێمە قسەمان لەسەر ئەوە کرد کە گرنگە دەرگای چالاکی ڕۆحی بەسەر مرۆڤەکاندا بکرێتەوە و و خواناسین و رۆحیگەری بەتەنها لە ئاینێکدا قەتیس نەکرێت. پاشان مرۆڤی کوردیش هەروەک هەموو کەسانی دی دەستکراوە بێت بۆ پەلهاوێشتن و گەڕان بەدووی پەنهان و گومانەکانیدا و ئەنجامدانی چالاکی ڕۆحی بەبێ ئەوەی ترسی دەرچوون لە سنورەکانی ئاین و لادان لە هێڵە سورەکانی بیوەستێنێ . دواجار گەر ئەرکی ئاین بۆ ڕامکردنی کەسەکان بێت لە ناوکۆمەڵگەدا و فەراهەمکردنی هارمۆنیەت و ئاسایش بۆ هەموان ئەوا مرۆڤی خاوەن ڕۆحی زیندوو و هوشیار بێگومان باش لەتوانایدایە بەم کارە هەستێت. بەداخەوە کۆمەڵگەی کوردی نمونەی زۆری دینداری بێ ڕۆحی هەیە و لە بازاڕدا بێویژدان و لە دەسەڵاتدا ناعادیل و هەروەها هەلپەرست و هەوەسباز و دەسەڵاتخواز. لەبەرامبەردا ڕۆحداری بێ ئاینمان نیەو تائێستا ئەو ئەزمونەمان تاقی نەکردوەتەوە. 

گەر سەیری مێژووی تەسەوف بکەین لە کوردستاندا وەک بزاڤی ڕۆحیگەری ئەوا سەرەتا جۆریک بووە لە شۆڕشی چاکسازی لەزۆر بواردا ، نەک هەر ئاینداری. واتە ئەگەرچی کورد زیاتر لە ١٢٠٠ ساڵ ئاینی ئیسلامی پێگەیشتبوو بەڵام هەریەک لە ڕێبازی قادری و نەقشبەندی و هەندێ ئاینزاو رێچکەی دیکەی ئاینی و مەزهەبی وەک ئێزیدی و هەقە و کاکەیی هتد ئەمانە جۆرێک لە بەگژاچوونە بوون بۆ شێوازی ئاینی سەردەست و بەکاربردنی ئاین لەلایەن پاشا و میر و ئاغاکانەوە، هەروەها  بەرهەمهێنانی هوشیاری دیکە بۆ ژیان. پاش نزیک لە سەدەیەک لەم هوشیاریە کەچی خودی ئەم بزاڤە ڕۆحیەش دەبێتەوە بە ترادیسۆن و رەنگی ئاینی سەردەست دەگرێت ( وەک قادری و نەقشبەندی ) یان لاواز و پەراوێز و نهێنی دەکەوێت وەک ( هەقە و ئێزیدی و کاکەیی و هتد..) ئیدی بۆ پڕکردنەوەی ئەم هوشیاریە و ڕاتەکاندنی مرۆڤەکان لە تۆزی ترادیسۆن و دەقگرتوی بزاڤە ئیسلامیە سیاسیەکان سەرهەڵدەدن لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوەو سەرەتا لە ئیخوانەوە سەرچاوەی گرت و دواتریش کۆمەڵە جیهادی و سەلەفیەکان. ئەم بزاڤە سیاسیانە چونکە لەلایەک ئایدیۆلۆژیای هاوردە بوون وەک بیریی سۆسیالستی چەپەکان و پاشان قورسایی و رەوایی خۆیان لە دەق و مێژووەو وەرگرتبوو ( سیاسی ) نەک خودی مرۆڤ  (ڕۆحی)  نەیانتوانی  ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە. لەو نێوەندەدا دوو بزاڤی جیاواز تاڕادەیەک لەو بزاڤە سیاسیە ئیسلامیەدا هەبوون،  یەکێکیان جوڵانەوەی نوور کە شوێنکەوتەی رێنمایەکانی شیخ سەعیدی نورسی بەدلیسی کوردستانی باکور بوون کە بە( پەیامەکانی نوور) ناسرابوون  و هەروەها جوڵانەوەکەی کاک ئەحمەدی موفتیزادە کە بە مکتب قرآن ناسرابوو لە کوردستانی رۆژەهەڵات. بەڵام ئەمانیش لەلایەک بەهۆی رووداوە سیاسیەکانەوە لەدەروەی کوردستان  نەتوانرا زەمینەسازیان بۆ بکرێت گەشەی زیاتر بکەن و لەلایەکی تریشەوە رەوتی ئیسلامی سیاسی و هەلومەرجە سیاسی و باردۆخە بارگاویەکە بە سیاسەت کە ئەوان قۆستبویانەوە ئیتر  ئەوانی پەراوێز خست .  

بە بڕوای بەندە هەنووکە بارودۆخەکە زۆر لەبارە بۆ سەرهەڵدانی مۆدیلێکی تری ڕۆحیگەری کاتێ کە خودی دین خۆی بووتە جۆریک لە مۆدە و شوێنکەوتەیی. بە دەربڕینێکی دیکە ئایا لەگەڵ ئەو هەمە مزگەوت و نوێژخوێن و حاجی و پیاو و ژنە ئیماندارە تاکی کورد ئاتاجە رۆحیەکانی پڕ بووەتەوە؟  ئەمڕۆ مرۆڤە دیندارەکان هەروەک ئەوانی دی لە خەمی پڕکردنی گیرفاندان و وەک ئەوان بە ژنێک و دوان تێر ناخۆن بە ڤیلایەک و دوان واز ناهێنن و بە پۆست و دەسەڵاتێک داناکەون. قسەکە ئەوە نییە ئەوان مرۆڤنین و نابێت بخۆن و بخەون و سیکس بکەن و ڕابوێرن، بەڵکو ئەوەیە ئایا دین وەک ئاتاجیکی ڕۆحیە بەلای مرۆڤی کوردەوە یان بووتە مۆدە و چاولێگەری، ئیدی ئەگەر ئاین ئەوەی پێنەکرا مرۆڤەکان فێریی لەخۆگرتنەوە و بەخشین ( نەک بەخشینی مۆدەگەریی) و سادەیی و هتد بکات، ئیدی بەتەنها ئەنجامدانی سروتەکان پەیامی ئاینە. پاشان دین کە خۆیشی بوویە بەشێک لە کاڵا و مەسەرەفگەریی ( وەک ئەوەی سەرپۆشی هەندێ لەخانمان دەبینین سەرپۆشەکانیان هێندە بۆ ڕازاندنەوەیە هێندە بۆ پۆشین نییە یان ویستی زۆری عەمرەکەران تەنها بۆ ئەنجامدانی ئەرکی ئاین نیە بەڵکو حەزی سەفەر و مۆدیە)، ئەوا بێگومان ئاین قەتیس دەکرێت لە هەندێ دروشمی رەق و تەق و لە مەراسیم و بۆنەکاندا دەردەکەوێت. بەمەش نەک هەر ئاتاجی ڕۆحی مرۆڤەکان نییە و مرۆڤی ئاینداری بێڕۆح دەخاتەوە، بگرە هوشیاری ساختەش وەبەرهەمدێنێ بەجۆرێ مرۆڤە ئایندارەکان هەر لەبەر ئەوەی لەبەرەی ئایندان ئیدی وا دەزانن لە پلەی بەرزی رۆحیدان. 

 

 

عەلی موحەمەد زەڵمی 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.