Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
پیاوێکی کۆمەڵکوژ لە هۆڵەندا سەربەست کرا

پیاوێکی کۆمەڵکوژ لە هۆڵەندا سەربەست کرا

Closed
by June 2, 2013 جینۆساید

 

 

 

نوسینی: ئارنۆلد کاراسکەنس “ڕاپۆرتنوسی تایبەت بە تاوانەکانی جەنگ 

 

 

 

malaozer_504671696.jpg

پەنابەرێکی عێراقی کە تاوانبارە بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی بەبێ هیچ گۆڕانکاریەک لەلایەن دادگاوە سەربەست کرا، ئەو کەسێک بوو لە دامودەزگاکانی ڕژێمی دیکتاتۆری سەدام حسێن کاربەدەست بوو، دەستی هەبوو لە کۆمەڵکوژی باکوری عێراق کە ئەوکاتە ڕکابەری ڕژێم بوون.

ئەو پیاوە ناوی مەلا عوزێرەو ٦٣ ساڵ بەر لە ئێستا لەژێر ناوی عەزیز حەمەد مەولود لە دێی بایزئاغا لە دەرەوەی شاری هەولێری باکوری عێراق (كوردستان) لە دایک بووە.

ئەو کوردێکی چوارشانەو سمێڵ و دوو برۆی ڕەشە و حەز بە بەستنی جامانیەکی ڕەش و سپی لە دەوری شانی ئەکات. 

لە ساڵی ١٩٩٢ مەلا عوزێر داوای پەنابەری لە وڵاتی هۆڵەندا كردو داواکەی پەسەند كرا، بەپێی هەندێک سەرچاوەی عێراقی خاوەن ناسنامەی هۆڵەندیشە.

 

دادگای باڵای عێراقی

لە ٢٠ی تەموزی ساڵی ٢٠٠٧ ناوی کەوتە ژێر ژمارەی ٢٢٩ی لیستەیەک کە ناوی ٤٢٣ گومانلێکراوی تاوانەکانی جەنگیان تێدابوو، ئەو لیستە لە لایەن دادگای باڵای عێراقیەوە ئامادە کرابوو کە سەدام حسێنی تێدا دادگایی کرا لە بەغدا، لە لیستەکەدا هاتووە کە مەلا عوزێر دەستی لە تاوانەکانی جینۆسایددا هەبووە. 

لە دادگای بەغداد ١٠ سکاڵا دژی مەلا عوزێر تۆمار کراون، بەهۆی بەشداریکردنی لە شاڵاوەكانی ئەنفال کە لە ژێر فەرمانی سەددام حسێندا لە ٢٣ی مانگی شوباتی ١٩٨٨ دا دەستی پێکرا تا ٦ی مانگی ئەیلولی هەمان ساڵ.

ئامانج لە هەڵمەتی ئەنفالدا بریتی بوو لە سڕینەوەو لەناوبردن، تواندنەوەیان و ناچارکردنی کوردەکان بەو تواندنەوەیە.

ئەوکاتە لە نێوان ٧٠ هەزار تا ١٨٢ هەزار کورد بونە قوربانی، مەلا عوزێر کەسێکی کارابوو لە ملیشیا کوردەکانی سەر بە ڕژێمی عێراق کە پێیان ئەوترا “جاش” و بە شێوەیەکی کارا بەشداری لەو هەڵمەتانەدا کرد. 

 

دادگای لێکۆڵینەوەی نەتەوەیی 

بەپێی سەرچاوە کوردیەکان ماوەیەکی دوور و درێژ مەلا عوزێر لە شاری ئەنيشخدەی خۆرهەڵاتی هۆڵەندا نیشتەجێ بووە و هەر لەوێ خۆی شاردەوە، چەندین جار هەوڵ درا بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ ناوبراودا بکرێ، بەڵام هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون، لە دواییدا کوڕەکەی کە لە سوپەرمارکێتێک لە شاری دەنهاخ (لاهای) کار دەکات، ئاشکرای كرد کە باوکی گەڕاوەتەوە باکوری عێراق (كوردستان)، بەڵام هەندێک سەرچاوەی هەرێمی ئەو زانیاریە ڕەتدەکەنەوە، کوڕەکەی مەلا عوزێر گومانی هەیە لەو تاوانانەی کە خراونەتە پاڵ باوکی و دەڵێت “ئەکرێ ئەو نەبێ، کەسێکی دیکە ئەو کارانەی ئەنجام دابن”، بەڵام مەلا عوزێر لە دیدارێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی کوردی ئاوێنە لە ڕێکەوتی ١ی تەموزی ساڵی ٢٠٠٨، دانی بەوەدا ناوە کە ئەو بەرپرسی گروپێکی ملیشیایی – جاش بووە و بەو شێوەیە باس لە ڕۆڵی خۆی دەکات “گروپی من لە ١٧٥٠ کەس پێک دەهات، من یەکەمین کەس بووم گروپێکی وام سازکرد تەنانەت بەر لە ڕژێمی بەعس”

بەپێی بەڵگەیەک لە باکوری عێراق (كوردستان) لەساڵی ٢٠٠٧ ، دادگای لێکۆڵینەوەی نەتەوەیی کە بارەگاکەی لە شاری ڕۆتەردامی هۆڵەندایەو ئەرکی سەرەکی لێکۆڵینەوە و دژایەتیکردنی تاوانە نێودەوڵەتیەکانە، ئاگادارکراوەتەوە لە بەشداریکردنی مەلا عوزێر لەو تاوانانە، سەرچاوەکە قسەی لەگەڵ پۆلیسی نیشتیمانی کە بە KLPD ناسراوە کردووە و ئەتوانن ئیمایلی خۆیان نیشان بدەن، بەڵام پۆلیسی نیشتیمانی هەڵنەستا بە دەستگیرکردنی ئەو گومانلێکراوە، گوتەبێژی دەزگای KLPD نایەوێ باس لەو بابەتە بکات و دەڵێت “بەهۆی نەدرکاندنی نهێنیەکان و بەرژەوەندی تایبەت، دادوەری گشتی نایەوێ قسە لەسەر بابەتێک بکات کە پەیوەندی بە تاکەکانەوە هەیە”

لە ١٩ی تەموزی ساڵی ٢٠٠٣ دا یاسای تایبەت بە تاوانە نێودەوڵەتیەکان ئەو توانایەی داوە (رێگەی داوە) بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو کێشە تاوانکاریانەی کە لە دەرەوەی هۆڵەندا ئەنجام ئەدرێن. 

لەبەر چاوی دادگاو لەرێگەی فرۆكەوە مەلا عوزێر لە هۆڵەنداوە بۆ بەغدا گەرایەوە، بۆیە ئەو یەکە شایەنی سیاسەتی هۆڵەندا نیە کە گومان لێکراوێک ئەگەڕێنێتەوە وڵاتی باوكی كە تاوانبارە بەكوشتنی چەندین مرۆڤ و لەهەمان كاتدا مەترسی لەسێدارەدانی لەبەغداد لەسەربوو.

 

ئەبو غرێب

لە دەرەوەی تاوانەکانی کۆمەڵکوژی، سەرچاوەکانی باکوری عێراق باس لە تاوانی دیکەی ناوبراو ئەکەن دژ بە سەربازانی کورد کە پێشمەرگەیان پێ ئەوترا، سەرچاوەکان باس لە تاوانی دیکەی مەلا عوزێر دەکەن کە دەستی لە کوشتن و ئەشکەنجەدانی پێشمەرگە کوردەکان هەبووە لە ساڵانی هەشتاکاندا، ئەو تاوانانەی کە سەرچاوەکان باسی ئەکەن ئەکەونە ناو کەتێگۆری تاوانەکانی جەنگ و لێبوردنیان هەرگیز مەحاڵە.

برای کوردێکی هۆڵەندی بەناوی ج  کاراش لە ٣٠ی تەموزی ساڵی ١٩٨٢ لەگەڵ ٨ پێشمەرگەی دیکە ئەکەوێتە دەستی ملیشیا – جاشەکان لە دەرەوەی هەولێر، ئەو وتی “سەری براکەم بەناوی ئەبوبەکر عومەر ئەحمەد و هاوڕێکانیان بڕین و کوشتیانن”

بەپێی وتەى شاهێدحاڵەکان ئەو ڕاستیە بەدی ئەکرێ کە مەلا عوزێر بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستی هەبووە لە دەستگیرکردن و ڕاوەدونانی خەڵک شان بەشانی دەزگا نهێنیە ئەمنیەکانی سەدام، عوزێر بەشداریەکی دیاری هەبووە لە دەستگریکردنی گروپێک پێشمەرگە کە پەلکێشیکردن بۆ زیندانی کەرکوک لە دواییدا واتە لە ١٨ی مانگی تەموزی ساڵی ١٩٨٣ گواسترانەوە بۆ بەغدا بەمەبەستی دادگایی کردنیان، دواتر ئەو گروپە لە ١٤ی مانگی نیسانی ساڵی ١٩٨٥ لە زیندانی ئەبو غرێب لە سێدارە دران.

مەلا عوزێر تاوانبارە بە گولەبارانکردنی پێشمەرگەیەک بەنای محەمەد غەفوور، شاهێدحاڵێک بەناوی ئاشقى عوسمان عەلی کە ئێستا لە ژیاندا نەماوە ڕایگەیاندووە “محەمەد غەفوور لە ٢١ی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 1982 لە دێی سابڵاخ لەگەڵ سەربازان (پێشمەرگە)ی دیکە بە فەرمانی مەلا عوزێر گولەباران کران و سەرجەم لەشیان لە خوێندا سورکران”

 

پارە

مەلا عوزێر ڕۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە دراماو کارەساتی قوشتەپە کە ئەکەوێتە دەرەوەی شاری هەولێر، لە ٧ی گوڵانی ساڵی ١٩٨٨ خۆی و ملیشیا جاشەکانی ٥٤ کەسیان لە قوشتەپە دەستگیر کرد گوایە ئەوانە لە ئەرکی سەربازی ڕژێمی سەددام هەڵهاتوون، بەپێی شایەتحاڵێک ئەو گروپە ٥٤ کەسیە لە ژورێکی ٣ تا ٤ مەتری زیندانی کراون بۆ ماوەی ٩ ڕۆژ، پاشان ئەو کۆمەڵە کەسە بەسەر ٣ گروپ دابەش کرابوون، ١٢كەسیان ناچارکران بچنەوە خزمەتی سەربازی و ١٢ کەسی تریان سەربەست کران و ٣٠ کەسەكەی تریشیان کە لە نێوان تەمەنی ٢٥ بۆ ٣٥ساڵیدابوون لە سێدارەدران.

شایەتحاڵەکان باسی ئەکەن کە مەلا عوزێر بەشیَک لەو ٥٤ کەسەی بە ئۆتۆمبێلی خۆی ڕادەستی کاربەستانی حکومەتی کردبوون لە هەولێر و شایەتحاڵەکە دەڵێت “بە گوێی خۆم گوێم لێبوو کە بە ئێمەی وت ئێوە هەمووتان پێشمەرگەی پیسن، هەمووتان ڕادەستی حکومەتی عێراقی ئەکەم” ، شایەتحاڵەکە بەردەوام ئەبێ و دەڵێت “ئەو باشی ئەزانی کە زۆربەی ئەو کەسانە لەسێدارە ئەدرێن”

 

ڕادەستکردنی چەک

پەرلەمانتار و فەرماندەی ناسراوی پێشمەرگە سەید کاکە، پەردە لەسەر ڕاستیەکانی مەلا عوزێر هەڵدەداتەوە لە تەمەنی لاوێتیدا، بەپێی وتەی ناوبراو مەلا عوزێر لە تەمەنی لاوێتیدا وەک سیخوڕێک، دزەی کردۆتە ناو (پێشمەرگە)ی کورد و بەو شێوەیە باس لە بابەتەکە دەکات “دوای ماوەیەکی کورت هەستمان کرد کە ئەو پیاوە لایەنگری ڕژێمە، دەترساین کە کاری مەترسیدار ئەنجام بدات، بۆ ئەوەش من چەکەکەم لە دەستی دەرهێنا، مەلا عوزێر هەوڵی ئەدا بچێتەوە ناو ڕژێم بەڵام نەیدەویست بە دەستی بەتاڵەوە بگەرێتەوە ناو هێزەكانی رژێم، ئەو لە کۆتاییدا (پێشمەرگەیەك)ی لاوی کوشت کە ناوی ئیبراهیم بەکر سۆفی بوو، تەمەنی لە نێوان ١٧ بۆ ٢٠ساڵان دەبوو”

پەرلەمانتار لە درێژەدا باس لەو تاوانانە ئەکات کە مەلا عوزێر ئەنجامی داون و دەڵێت “لە نزیک دێی بێری عەرەبان شان بە شانی سوپای عێراق بۆسەیەکی لە پێشمەرگە دانایەوە و ١٣ پێشمەرگەی کوشت، جارێکی دیکە لە دێی منارە ٣ پێشمەرگەی تری کوشت”

 

سیاسیەكانی هۆڵەنداو مەلا عوزێر

سیاسیەکانی ئەم وڵاتە “هۆڵەندا” لە ڕاستیانەوە بۆ چەپ کاردانەوەی خۆیان دەربارەی هەڵسوکەوتی واقوڕماو و میوانپەروەری هۆڵەندا بۆ تاوانبارێکی خەڵککوژ دەربڕی.

ئەندام پەرلەمانی سەر بە پارتی سۆسیالیست (یان دە وت) دەڵێت “ئەو بابەتە گومانی زۆر مەترسیدار لە خۆی ئەگرێ کە تایبەتە بە مەسەلەی مەلا عوزێر، سەرم سوڕماوە چۆن دادوەری گشتی لەو بارەوە نەکەوتۆتە جوڵە، لە کاتێکدا ئەوان لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە ئاگاداری ئەو بابەتەن، لێرەدا من وەزیری ئاسایش و دادوەری بە بەرپرسیار ئەزانم”

ئەندامی فراکسیۆنی “پ ڤ ڤ” لە پەرلەمانی خوارتر  Lower Houseی هۆڵەندا سیتسە فرتسما بەو شێوەیە کاردانەوەکانی خۆی لە بەرانبەر حکومەتی وڵاتەکەی نیشاندا “لە سەرەتادا دەمەوێ بڵێم حکومەتی هۆڵەندا هەڵەیەکی دەربارەی مافی پەنابەرێتی و مۆڵەتی پەنابەرێتی دەربارەی ئەو پیاوە ئەنجام داوە، بەپێی بەندی ١ “ف” ی یاسای هۆڵەندا کەسانێک کە تاوانی جەنگیان ئەنجامدابێ مافی مانەوەو پەنابەرێتی نایانگرێتەوە! بابەتی ئەو پیاوە پێشێلکاریەکە لە دژی یاسای هۆڵەندا و یاسای نێودەوڵەتی، ئەبوایە دادوەری گشتی لە یەکەمین کاردانەوەدا بەشوێن ئەو پیاوە کەوتبایە.

ڕوداوی مەلا عوزێر تەنیا ڕوداوێک نیە، بەپێی کۆمەڵێک سەرچاوەی عێراقی لە هۆڵەندا ٥ تاوانبارو لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا ٩ تاوانبار و سەرکردەی جاشەکان ئەژین کە لەلایەن دادگای تاوانی عێراقیەوە داواکراون.

وەرگێڕانی لە هۆڵەندیەوە: هیوا عەبدولڵا

پێداچوونەوەو دارشتنەوەی : فەرمان چیمەن

 

+

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.