Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024

چارەنوسی گەنج لەناو دەسەڵات و كۆمەڵگەى قەزاو قەدەر دا

Closed
by May 14, 2008 گشتی

  حمدامین خدر احمد- توێژەرى كۆمەڵایەتى …….

  كاتێك باس لە دەسەڵاتى قەزاو قەدەر دەكەین، بە دیوێكی تردا باسمان لە كۆمەڵگەیەك كردووە، كە خاوەن هیچ یاسایەك، خاوەن هیچ فەلسەفەیەك نی یە، بۆ ئەوەى ژیانى تاكەكانى لەسەر بنیاد بنرێت. لە دەسەڵات و كۆمەڵگەى قەزاو قەدەردا هیچ شتێك جێگەى پرسیار و لەسەر وەستان و لێپرسینەوە نی یە، هیچ شتێك، بابەتێك سەیر نی یە، ووڵات لە جیاتى یاسا خۆى بەڕێوە دەچێت، شار بێ خاوەنە، فەرمانبەرى دەزگاكان زۆر و زەوەندن، بەڵام كەس دەوام ناكات، پرسیارەكان زۆرن، بەڵام لە زیهندا پووچ دەبنەوە و دەرنابڕدرێن، كارەساتەكان زۆرن، بەڵام كەس نایەوێت هۆكارەكانی ڕودانیان بزانێت، ڕووداوەكان زۆرن، وەلێ كەس نایەوێت بیان بینێت….هتد
 لە كۆمەڵگەو دەسەڵاتى  قەزاو قەدەردا هەستەكانى مرۆڤ لەكار دەكەون، كەس نابیستێت، كەس گوێ ناگرێت، كەس بۆنی پاشماوەى سەر شۆستە و شەقام و كۆڵانەكان ناكات، لەهەمووشى كارەسات تر كەس نایەوێت ناداد پەروەریەكان ببینێت، بڕیارە سەیر و گاڵتەجاڕیەكان ببیستێت، لەو كۆمەڵگایانەدا شت گەلێك ڕوودەدات كە عەقڵى مرۆڤ تەقەبولى ناكات، نەزانەكان دەبن بە فەیلەسوف، خوێندكار دەبێت بە مامۆستاو فەقێ دەبێت بە مەلا و نەخوێندەوار دەبێت بە نوسەر، چاوەش دەبێت بە هونەرمەند، ماستاو چیەكان دەبن بە مەسئول، دڵسۆزەكان دەبن بە خیانەت كار، گوتەزا باش و بە كەڵك و جوانەكان دەبن بە جنێو، برادەرایەتى دەبێت بە پارە و هاوڕێكان لەسەر یەكترى دەبن بە ڕاپۆرت نووس، دەرچووى یەك ساڵ دەبێت بە سەرۆك بەش و بەڕێوەبەر، دەوڵەمەند دەبێت بە فەقیر ، فەقیر دەبێت بە دەوڵەمەند، بەرپرس دەبێت بە خاوەن كۆمپانیا، دەزگاكان دەبن بە دیوەخان و چایخانە، كارگوزارى نەخۆشخانەكان دەبن بە پەرستار، كچ شوو دەكا و دەبێ بە مەلا ژن، پیاو دەچێت بۆ حەج و خێزان دەبێت بە حاجی ژن، ئاگات لە هیچ نی یە و لە ماڵى خۆت دانیشتوویى و دەبیت بە وەزیر، هیچت نەكردووە و تاوانباریت، لە هەفتەى ڕۆژێك دەوام دەكەیت و ڕێز و تەقدیرت پێ دەدرێت، كۆمەڵگە پێویستى بە فەیلەسوف هەیە، بۆ دەرباز كردنى لە قەیرانەكان، كەچى شاعیر زۆر دەبێت…هتد
 چارەنوسى مرۆڤ لە كۆمەڵگەو دەسەڵاتى  قەزاو قەدەردا هیچ نییە جگە لەو شتانەى كە ئەوانى تر بۆت دیارى دەكەن، خۆماندوو كردن فشەیە، دێموكراسى و مەدەنیەت درۆیەكی گەورەیە، مافەكانى مرۆڤ تەنها قسەیە،هەبوونى پەنجا بڕوانامە بەبێ واستە و ناسینى ئەو باى پولێكە؟!
 كۆمەڵگا سەرتاپاى دەبێت بەقەیران ، ئەم قەیرانانە وادەكەن تاك بەگشتى و گەنج بەتایبەتى باوەڕى بە خۆماندوكردن ، خوێندن و سیاسیەت كردن نەمێنێت ، كۆمەڵگاو دەسەڵات لەدۆخێكى ستاتیك بوەستێت ، دەسەڵات ببێتە ویراسى ، گۆڕان ببێتە شتێكى فوجئیى … سەرئەنجام ببێتە هۆى دروست بوونى درزێكى گەورە لەنێوان هاوڵاتیان و دەسەڵات ، بەشێوەیەك كەهیچ كەس هەست بەخۆشى ژیان نەكات و لەدڵەڕاوكێكى بەردەوامدا ژیان بگوزەرێنن ، گەنجان لەنوەندەكانى بڕیارو دەسەڵات دور بكەونەوە ، حوكم كردن بكەوێتە ژێردەستى عەقڵە پیرەكان ، بەتەمەنەكان بڕیار لەسەر چارەنوس و ئایندەى هاوڵاتیان بدەن .
 
 
 Ameeen81@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.