كێ عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ری له‌بیر ماوه؟!
چۆن عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر بناسین؟
سی و یه‌ك ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له ڕۆژی 2-6-1982 دا شاری سلێمانی یه‌كێك له نووسه‌ره به‌توانا و جیاواز و داهێنه‌ره‌كانی له‌ده‌ستدا، مردنی ئه‌و سه‌ره‌تای له‌دایكبوونی ناوبانگێكی گه‌وره بوو بۆ ئه‌و نووسه‌ره نیشتیمانپه‌روه‌ره‌ی كه هه‌میشه خۆی له‌نا وناوبانگ ده‌دزییه‌وه، ناوبانگی ئه‌م نووسه‌ر و ڕۆشنبیره ده‌ماوده‌م ده‌هات و ده‌چوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی وه‌ك پێویست به‌رهه‌م و نووسینه‌كانی خوێنرابێته‌وه، به‌تایبه‌تیش بۆ ئه‌م نه‌وه نوێیه‌ی ئێمه كه به‌نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین دهژمێرێین، زۆر به‌كه‌می به‌رهه‌م و نووسینه‌كانی ئه‌ومان به‌رچاو كه‌وتووه، ته‌نها ئه‌وه‌نده نه‌بێت ده‌زانین پیاوێكی نیشتیمانپه‌روه‌ری پڕ له به‌رهه‌می بڵاونهكراوهیهو هیچی تر، من بۆخۆم هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ژیانی خوێندنهوهمهوه ناوی (عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر)م وه‌ك ناوی نووسه‌رانی تری پێشه‌نگی كورد بیستبوو، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێكیم خوێندبێته‌وه، چۆن بیخوێنمه‌وه؟ له‌كوێ بیخوێنمه‌وه؟ له‌كاتێكدا ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر و ڕۆشنبیرێكی به‌توانای نه‌ته‌وه‌كه‌مان بوو به‌ڵام یه‌ك دێڕی به‌ناوی خۆیه‌وه بڵاونهكردبوویهوه، ئه‌وه‌ی هه‌شبوو به‌ناوی خوازراوه‌وه‌یه، ئه‌مه له‌كاتێكدا دوای كۆچی دوایی ئه‌و به‌شێكی زۆری ده‌ستنووسه‌كانی له‌لای بنه‌ماڵه‌كه‌ی پارێزراو بوو به بێ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌زگا و ناوه‌ندێكی چاپه‌مه‌نی چاپی بكات، ئه‌مه له‌كاتێكدا به‌شێكی زۆری به‌رپرسانی ده‌زگاكانی چاپ له كوردستان ئه‌م نووسه‌ره وه‌ك پێشه‌نگ و پێشڕه‌وی خۆیان له‌بیری كوردایه‌تی و نووسیندا ئاماژه پێده‌كه‌ن، به‌ڵام تا هه‌نووكه نه‌یانتوانیووه هیچ كتێب و ده‌ستنووسێكی ئه‌و نووسه‌ره به‌چاپ بگه‌ینن .!
بهرگوێكهوتنی ناوی عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه به‌تایبه‌تیش به‌ڕێزان مامۆستا عومه‌ر به‌رزنجی، شێركۆ بێكه‌س، عه‌لی كه‌ریم-شێوه‌كار، ئازاد جه‌لال، بۆمن هێنده‌ی تر گومان و دڵهڕاوكێیكانی له‌سه‌ر ئه‌و نووسه‌ره گه‌وره‌رتر ده‌كرد، زۆرجار له خۆمم پرسیار ده‌كرد ئه‌ی باشه بۆ وه‌ك پێویست ناوه‌ندی ڕوناكبیریمان بیریی جه‌هه‌ری نه‌ماوه؟ له‌كاتێكدا مامۆستا عومه‌ر به‌رزنجی ده‌یان جار له‌به‌رده‌م چایخانه‌ی شه‌عب چه‌ندین خولهك باسی نووسین و كه‌سایه‌تی و كاریگه‌ریی كاریزمای عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ری بۆ كردووین، بۆ تا هه‌نووكه نووسه‌رانی هاوته‌مه‌ن و هاوبیریی ئه‌و شتیان له‌سه‌ر ئه‌و كاریزما بوونه‌ی جه‌وهه‌ر و داهێنانی تێكسته‌كانی نه‌كردووه، جگه له مامۆستا عومه‌ر به‌زنجی له گۆشه‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا و دواتریش له كتێبی به‌ڵگه‌ی زیندوو، زۆر به‌كه‌می نووسینم له‌سه‌ر ئه‌و مرۆڤه بینی.!
چۆن ڕۆڤارمان بۆ عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر ده‌ركرد؟
دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كاتێك گۆڤاری ئاینده له ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م داخرا، من له‌به‌ڕێوبه‌ری نووسینی ئه‌و گۆڤاره‌وه كرام به به‌ڕێوبه‌ری نووسینی ڕۆڤار، ئه‌م بڵاوكراوه‌یه‌ش هه‌ر ژماره‌ی تایبه‌ته بهداهێنهرێكی كورد، یه‌كێك له خولیاكانم به‌دواداچوون و ده‌ركردنی ژماره‌یه‌كی تایبه‌ت بوو به عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر، ئه‌وه‌شم زانیبوو له خولی پێشووی ڕۆڤاردا به‌ڕێزان شێركۆ بێكه‌س و دڵشاد عه‌بدوڵڵا و یاسین عومه‌ر چه‌ند جارێك ئه‌و هه‌وڵه‌یان دابوو، به‌ڵام به‌هۆی ده‌ستنه‌كه‌وتنی ده‌ستنووس و وێنه و بابه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و نووسه‌ره ئه‌و ژماره‌یه ده‌رنه‌كرا، كاتێك له كاركردندابووین بۆ ڕۆڤارهكانی (سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی، حه‌مه‌ی مه‌لا كه‌ریم، مه‌لای گه‌وره، ئه‌مین زه‌كی به‌گ، تۆفیق وه‌هبی به‌گ) چه‌ند جارێك پێشنیاری ناوی عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌رم كرد، تا دواجار له سه‌ره‌تای به‌هاری ئه‌مساڵدا بڕیارماندا ژماره (74ی ڕۆڤار) تایبه‌ت بكه‌ین به مامۆستا عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر، من پێشتر له‌رێگه‌ی دكتۆر ڕه‌وا جه‌مال عه‌بدولی هاوڕێمه‌وه توانیم په‌یمانی ئه‌وه له بنه‌ماڵه‌ی عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر وه‌رگرم كه كۆمه‌ڵێكی زۆر له وێنه و ده‌ستنووس و نامه و دیكۆمێنتی ئه‌و وه‌ربگرم كه پێشتر پیشانی هیچ كه‌س نه‌دراوه، له‌یه‌كه‌م كاركردنیشمان له ڕۆڤار له‌گه‌ڵ (جه‌لالی حاجی ده‌روێش) خوشكه‌زای عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر ده‌ستمان كرد به كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و به‌ڵگه‌نامه و بابه‌ته تایبه‌تانه‌ی كه له‌دوای جه‌وهه‌ر ماونه‌ته‌وه، به‌سوپاسێكی زۆریشه‌وه بنكه‌ی ژین هاوكارییه‌كی زۆریان كردین، هه‌ربۆیه ئێمه له‌ماوه‌ی سێ مانگی به‌رده‌وام كاركردن و كۆكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌م و ده‌ستنووسی ئه‌م نووسه‌ره نه‌ته‌وه‌ییه‌دا توانیمان به‌شی هه‌ره‌زۆری ده‌ستنووس و به‌رهه‌مه‌كانی كۆ بكهینهوهوهو مژده‌ی ئه‌وه‌ش بده‌ین به خوێنه‌ران له‌سه‌ره‌تای مانگی داهاتوودا به سێ به‌رگ ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م به هاوكاری بنكه‌ی ژین به‌شی هه‌ره‌زۆری نووسینه‌كانی بڵاوده‌كاته‌وه كه ئه‌وانیش بریتین له (شیعره په‌خشانی دایه گیان، ڕۆمانی به‌ره‌و كوردستان به مشتێ خاك و خۆڵی هه‌ورامانه‌وه، په‌خشان و چیرۆك و نووسینه‌كانی تری جه‌وهه‌ر له كتێبێكی سه‌ربه‌خۆدا) ئه‌م هه‌وڵه‌ش ئه‌و بێده‌نگییه ده‌شكێنێت كه لانی كه‌م ئه‌م نه‌وه نوێیه‌ی خوێنه‌ری كورد له‌سه‌ر ئه‌و نووسه‌ره هه‌یه‌تی. به‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م سێ كتێبه به‌شێكی زۆری گۆشه‌نیگا و جیهانبینی و ته‌كنیك و زمانی نووسینی عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر بۆ خوێنه‌ران ئاشكراده‌بێت.
ئاشنابوون به چه‌ند لایه‌نێكی تری عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر
هه‌روه‌ك ئاماژه‌م پێدا ناوی عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر ناوێكی دیار و زۆر بیستراوی ناوه‌ندی ڕوناكبیرییمان بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م و بابه‌تی بڵاوكراوه‌ی نه‌بوو، به‌ڵام هه‌میشه نووسه‌رانی شه‌ست و حهفتاكانمان وه‌ك سیمبول و هێمایه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی و سیاسه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی سه‌یریان ده‌كرد، ئه‌مه بووبوویه خولیایه‌كی سه‌یر بۆ ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی ئه‌و سێ مانگه‌ی كاركردنی ڕۆڤاردا له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه و هاوڕێ و هاوبیر و هاوڕێكانی جه‌وهه‌ردا زۆر شتی نوێ و نه‌بیستراو ببیستم، ئه‌مه جگه له ده‌ستكه‌وتنی هه‌ندێ نامه‌ی تایبه‌تی جه‌وهه‌ر كه ڕه‌نگه له‌م قۆناغه‌دا بڵاوبوونه‌وه‌ی زۆر ئاسان نه‌بێت، به‌تایبه‌تیش له‌و نامه و نووسینانه‌دا ڕه‌خنه‌ی كه‌مه‌رشكێنی له‌سه‌ركرده‌كانی كورد گرتووه كه نه‌یانتوانییووه هه‌ستی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی له كوردستاندا گه‌شه پێبده‌ن، هه‌ر له‌و گهڕانهماندا فه‌رهه‌نگێكی (ئینگلیزی-كوردی)مان ده‌ستكه‌وت، كه ده‌ستنووسه و به‌رده‌وام كاری تێدا كردبوو، به‌ڵام مه‌رگ ڕێگه‌ی ته‌واوبوونی نه‌داوه، فهرههنگهكهش به‌ناوی (هه‌ندێ ده‌نگی نامۆ له زمانی كوردیدا) كه به‌راوردی كۆمه‌ڵێكی زۆر وشه و ده‌نگی نامۆیه له زمانی كوردی و ئینگلیزی‌دا و دواتریش به‌راوردكردنیان به‌یه‌كتری و جیاوازی و لێكچوونه‌كانی به زمانێكی پاراو شیكردووه‌ته‌وه، به‌داخه‌وه به‌و پێیه‌ی ئه‌و فه‌رهه‌نگه ته‌واو نه‌بووه، بۆیه نه‌توانرا وه‌ك كتێبێكی سه‌ربه‌خۆ بۆی چاپ بكرێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له رێگه‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه كۆمه‌ڵێكی زۆر وێنه‌ی قۆناغه جیاوازه‌كانی ئه‌ومان ده‌ستكه‌وت كه به‌شی زۆری ئه‌و وێنانه یهكهمجاربوون بڵاوبكرێنه‌وه، له‌سه‌رووی هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه له‌و ڕۆڤارهدا زۆر دڵمان پێی خۆش بوو به‌رهه‌مهێنانی فیلمی دیكۆمێنته‌ری(سه‌رتاپا جه‌وهه‌ر..سه‌رتاپا گه‌وره) بوو له‌لایه‌ن هاوڕێی سینهماكارمان كاك خه‌سره‌و حه‌مه‌كه‌ریم، ئێستاش فیلمه‌كه ته‌واوبووه و له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا نمایش ده‌كرێت، كاتێك فیلمه‌كه‌م بینیه‌وه زۆر دڵم خۆش بوو، چونكه به بینینی ئه‌و دیكۆمێنتهرییه، گه‌ر بینه‌ریش هیچ زانیارییه‌كی له‌سه‌ر جه‌وهه‌ر نه‌بێت ئه‌وا له رێگه‌ی بینینی ئه‌و فیلمه‌وه به زۆر لایه‌نی شاراوه‌و نهێنی ئه‌و نووسه‌ره ئاشنا ده‌بێت.
ڕه‌خنه‌یه‌ك له‌نووسه‌ران و هاوڕێیانی جه‌وهه‌ر
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام كۆمه‌ڵێكی زۆر له نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانی كورد به زاره‌كی و له دانیشتنه‌كانیاندا باس له عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر ده‌كه‌ن و به‌شی زۆری نووسه‌ره ناسیۆنالیزمییهكانیشمان ئه‌م پیاوه به ڕابه‌ر و سه‌رمه‌شقی كاری سیاسی خۆیان ده‌زانن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی جه‌وهه‌ر یه‌كێك بووه دامه‌زرێنه‌رانی كۆمه‌ڵه‌ی ئازادی و ژیانه‌وه و یه‌كێتی كورد ناسراو به (كاژیك) به‌ڵام له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی سیاسی و ڕۆشنبیریی تا هه‌نووكه جگه له عومه‌ر مارف به‌رزنجی و شێركۆ بێكه‌س و عه‌لی سام ئاغا و د.عه‌بدوڵڵا ئاگرین، هیچ نووسه‌رێكی تری كوردم نه‌بینی لانی كه‌م له‌ساڵیادی كۆچكردنهكهیدا دێڕێك وشه‌یه‌ك نووسینێك له‌سه‌ر ئه‌م پیاوه بنووسێت، ئێ ئیتر چۆن نه‌وه‌ی نوێ و نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانی كورد ئاشناده‌بن به به‌رهه‌مه‌كانی، ڕاسته پێشتر عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه، یان به‌ناوی خۆیه‌وه نه‌بووه، به‌ڵام خۆ (كاژیكنامه) و (ئاوات) و ده‌یان هه‌ڵوێست و كرداری تری ئه‌م پیاوه به‌س بووه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌یان نووسین و توێژینه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی له‌سه‌ر بنووسرێت، له‌وه‌ش خراپتر بۆچی تا ئێستا شاره‌وانی و په‌روه‌رده و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی نه‌یان توانی شه‌قامێك، پاركێك، قوتابخانه‌یه‌ك، كتێبخانه و قاوه‌خانه‌یه‌ك به‌ناوی عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ره‌وه ناوبنێن، له‌وه‌ش كاره‌ساتبارتر ئه‌مساڵ له جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆزدا له شه‌قامی سالم پارێزگای سلێمانی و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی ڕۆشنبیریی و هونه‌ر وێنه‌ی ده‌یان كه‌سایه‌تی و ڕۆشنبیریی كوردی هه‌ڵواسی بوو، به بێ ئه‌وه‌ی بیریی وێنه‌ی عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ریان هه‌بێت، ئیتر نازانین ئایا ئه‌مه له‌بیرچوونه‌وه‌یه یان نه‌زانین و بێ سه‌لیقه‌یی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه یادی نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانی كورد ده‌كه‌نه‌وه؟!
عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر كێیه؟
عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر، ناوی ته‌واوی عه‌بدوڵڵا تۆفیق ئاغای جه‌وهه‌ر ئاغای سلێمان ئاغای مێوڵییه، له‌ساڵی 1920 له ئاوایی (مێوڵی) له‌ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ هاتۆته دنیاوه و له ئێواره‌یی ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ی ڕێكه‌وتی 1/6/1982 به نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌یی گه‌ده له‌شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد، عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر تاقانه‌و سێ خوشكی هه‌بووه به‌ناوه‌كانی(ئهجیه – قومری – نه‌سرین) ئێستا هه‌ر قومری خان له‌ژیاندا ماوه. عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر به ڕه‌به‌نی ژیانی به‌سه‌ر برد.
ساڵی 1938 به مه‌به‌ستی ته‌واوكردنی خوێندنی ئاماده‌یی ڕوو له شاری كه‌ركووك ده‌كات هه‌ر له‌و ساڵه‌دا له‌گه‌ڵ دڵداری شاعیر و خوالێخۆشبوو نوری شاوه‌یس و چه‌ند كه‌سێكی تر هاوبه‌شی له دامه‌زراندنی (كۆمه‌ڵی داركه‌ر)ی قوتابیاندا كردووه، عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر سیاسه‌تمه‌دارێكی كوردی هوشیار و به توانا و دڵسۆز بوو، یه‌كێكه له دامه‌زرێنه‌رانی هاوچه‌رخترین حیزبی نه‌ته‌وه‌یی كورد(كۆمه‌ڵه‌ی ئازادی و ژیانه‌وه و یه‌كێتی كورد (كاژیك) هه‌ردی شاعیر، چه‌ندین جار له چاوپێكه‌وتن و كۆڕ و سیمیناره‌كانیدا فه‌رموویه‌تی: به خامه‌ی عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر ڕه‌شنووسی”كاژیكنامه” داڕێژراوه.. ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌ی به‌هره‌ی داهێنانی نوێی عه‌قڵی كراوه‌ی ئه‌و مرۆڤه‌یه، ژیانی عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر ئاسایی نییه و چه‌ندین وێستگه‌ی گرنگی له خۆ گرتووه هه‌ر وێستگه‌یه‌ك له‌و وێستاگانه پڕییه‌تی له وانه و په‌ندی گرنگ، له سه‌ره‌تای نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌یدا له‌ساڵی 1938 به‌یارمه‌تی (پیره‌مێردی نه‌مر) كۆمه‌ڵێك هه‌مه‌ڕه‌نگ (له شیعر‌و چیرۆك و بابه‌تی وه‌رگیراو) به‌ناوی (ئاوات) له چاپخانه‌ی (ژیان) له سلێمانی به‌چاپ ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام به‌هۆی ناحه‌زانه‌وه له چاپخانه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراو بڵاونه‌كراوه. له‌ساڵی (1939 تا 1949 له گۆڤاری (گه‌لاوێژ) نووسینی بڵاوكرده‌وه به‌ناوی (ع. چالاك) و (جیم) ، (ع .جه‌وهه‌ر) و به‌رهه‌مه‌كانی بریتیبوون له (په‌خشانی هونه‌ری و كورته چیرۆك و بابه‌تی ڕه‌خنه‌یی ئه‌ده‌بی) كه خۆی له‌ژیاندا بوو (كتێب و گۆڤارێكی) زۆری به‌خشی به كتێبخانه‌ی گشتی سلێمانی و ئێستا شوێنێكی تایبه‌تی هه‌یه به‌ناوی (كتێبخانه‌ی عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر) وه‌ك پیشه‌ی فه‌رمانبه‌ریش له 16-9-1941 بۆ یه‌كه‌مینجار به نووسه‌ری خه‌زێنه له فه‌رمانگه‌ی موته‌سه‌ڕیفی سلێمانی دامه‌زراوه، دواتر به فه‌رمانبه‌ری نووسه‌ری چاپ له 12-7-1945 گوێزراوه‌ته‌وه بۆ فه‌رمانگه‌ی تهسوویهیهی سلێمانی، پاش ئه‌وه‌ش گوێزراوه‌ته‌وه بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی سه‌ره‌تایی سلێمانی وه‌ك ژمێریاریش له‌وێ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك كاری كردووه، تا دواجار له 20-1-1958 گوێزراوه‌ته‌وه بۆ ئاماده‌یی كشتوكاڵی به‌كره‌جۆ له‌وێ درێژه‌ی به پیشه‌ی فه‌رمانبه‌ریی داوه‌و له ڕۆژی 19-11-1964 خانه‌نشینكراوه.
دوایی كۆچكردنی عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر، بنه‌ماڵه‌كه‌یان چی كتێب و گۆڤاری هه‌بووه بهخشیویانهته كتێبخانه‌ی مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی كه كۆیی كتێبه‌كان 1613 كتێب بوو له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆری گۆڤاری كۆن و دانسقه.