Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
بە هەر جۆرێک بێت دەستور لە کوردستان حزبیە

بە هەر جۆرێک بێت دەستور لە کوردستان حزبیە

Closed
by June 6, 2013 گشتی

 

 

 

 

هەموو ئەو کێشە و دەنگە دەنگەی لەبارەی دەستور هەیە چ بەوەی دەیەوێ بخرێتە راپرسی و چ ئەوانەی داوا ئەکەن بگەڕێتەوە پەرلەمان دەرئەنجامەکەی یان بڕیاری چەند حزبێکە یان بڕیاری چەندین حزبە، لەکاتێکدا هەر هەموو حزبەکانی کوردستان بە راست و بە چەپ بە ئیسلامی و بە علمانی جگە لە قەبارە و پارە هیچ جیاوازیەکیان نیە، ئەگەر تا دوێنێ ئەو راستیە داپۆشراو بوو ئەمڕۆ بە هۆی زۆری راگەیاندنەکان و بەرفرەوان بوونی بواری بڵاوکردنەوە و دزەکردنی زانیاریەکان پەردە لەسەر ئەو راستیە داماڵدراوە، ئەگەر بە وورتریش خوێندنەوە بۆ گووتاری هەر یەک لەو حزبانە بکەین ئەوە بە روونتر ئەبینین جگە لە جیاوازیە رووکەشیەکان هیچ جیاوازیەک لەسەر بنەمای بیر و باوڕ و ئایدۆلۆجیا نابینین، هەر بۆیە بە بەردەوام کێشە و دەنگە دەنگی نێوان حزبەکان ئەگەر گەیشتبێتە شەڕ و کوشتاریش ئەوە تواندراوە دوای ماوەیەک بە دانیشتن لەگەڵ یەکتر نەوەک هەر کۆتایی بە شەڕ و کوشتار بێنن بەلکو ببن بە نزیکترین و بەهێزترین هاوپەیمانی یەکتر، ئەوە هەر پارتی و یەکیەتی ناگرێتەوە بەلکو تەواوی حزبەکانی کوردستان مێژوویان لەکەدارە لە بەکوشتدان و ماڵوێران کردنی خەلک، ئەوانەی لە ناو ئاگری ئەم شەڕانە ئەسوێن و ئەبنە قوربانی ئەوانیتر دەست لەناو دەست ئەبن بە برا.

لە بارەی بەرنامە و دروشم و پاگەندەکان هەر هەموویان یەک شت ئەڵینەوە، ئیسلامیەکان باس لە دیموکراتی و ئازادی ئەکەن تا ئەو ئاستەی لایەنە علمانیەکان شەرمەزار ئەکەن و ئەبن بە نمونەی دیموکراتی لەسەر ئاستی جیهان، لایەنە علمانیەکان بە شێوەیەک باس لە ئیسلام بوونی خۆیان ئەکەن و پابەند بوونی خۆیان وەها بۆ شەریعەتی ئیسلام دەرئەبڕن نەوەک هەر لە ئسلامیەکانی کوردستان ئیسلامترن بەلکو باشترین ئیسلامی دونیان، هەموویان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن باس لە گەندەڵی و نارونی و کەمتەرخەمی و پێشێلکاری و رۆیتن و خۆراکی بەسەرچوو خراپی دەرمان و هتد، ئەکەن و هەر هەمووشیان داوای چاکسازی ئەکەن و هەر لایەنە و هۆکارەکان ئەخاتە ئەستۆی ئەوەیترو راگەیاندنەکان لە بەرانبەر یەکتر ئەخەنە گڕ و لە هەر لایەنە بە دەیان مامۆستای زانکۆ و نوسەر و رۆشەنبیر و رۆژناممەنووس و سیاسی و ئەندام پەڕلەمان و مەلا و هونەرمەند بە گژ یەکتردا ئەبەن تا بابەتەکە ئەبێتە چێشتی مجێور و ئەخرێتە بەر دەمی خەلکی هەژار و سادە و ساویلکە، هەموو جارێکیش بڕیاری کەسە یەکەمەکان نەوەک هەر بەسەر خەلک و پەڕلەمان تێپەڕ ئەکرێت بەلکو بەسەر ئەندامانی حزبەکانیشیان تێپەڕ ئەبێ.

هیچ حزبێکی کوردستان نیە ئەندامێکی لەسەر کەمترین ئاستی بەرپرسیەتی هەبێ بەبێ موچە و بودجە و بەخششی تایبەت، هەر بۆیە ئەندامانی ئەو حزبانە بە ئاستی سەرکردایەتیش ئەگەر بزانن لە لایەنێکیتر باشتر و زۆرتریان دەست ئەکەوێ ئەوە بەبێ یەک و دوو زۆر بێ شەرمانە بارەگاکانیان ئەگوازنەوە، تا ئێستا حزبێک نەبووە کەسێک لەم کەسانە رەتکاتەوە و لێی بپرسێ لەسەر چ بنەمایەک لایەنەکەیترت بەجێهشت و هاتی بۆ لای ئێمە، ئەگەر باسیش کرابێت ئەوە هەر لە چوارچێوەی کێشەی تایبەتی نێوان کەسەکان بووە، تا ئێستا جیابوونەوەیەک نەبووە لەسەر بنەمای بیر و باوڕ بێت هەر بۆیە کەسێک یان حزبێک نیە رەخنە لە رابردووی خۆی بگرێ و سەرزەنشتی خۆی بکات و بەرپرسیاریرتی هەڵەکانی حزبەکەی پێشتری بخاتە ئەستۆی خۆی و نهێنیە گرینگەکان بۆ خەلک ئاشکرا بکات.

تا ئێستا لەسەر پرسی نەتەوەیی و دوارۆژی کورد هیچ جیاوازیەک لە نێوان حزبەکان نیە هەر هەموویان باوڕیان بە عێراقی فیدڕاڵی هەیە و لە کاتی موزایدەکردنیش هەموویان باس لە سەربەخۆیی ئەکەن، تا ئێستا هیچ یەک لە حزبەکان بە شێوەیەکی کاراما و پێداگرانە گرنگی نەداوەتە ئەو پرسە و نەیخستۆتە پلەی یەکەمی کارەکانی چ لە چالاکیە جەماوەریەکان چ لەسەر ئاستی راگەیاندنەکانی، کوا کاری جیاوازی هیچ یەکێک لەو حزبانە بۆ هۆشیارکردنەوە و بزواندنی خەلک بۆ ئەو پرسە. 

پرسی نەتەوەیی نەوەک هەر لەسەر ئاستی حزبەکان فەرامۆش کراوە بگرە لەسەر ئاستی رۆشەنبیرانیش نەبۆتە پلەی یەکەم ، بە دەیان خۆپیشاندان و ناڕەزایی و کەمپین و گفتوگۆی دوور و رێژ لەسەر دامەزراندن و موچە و زەوی دابەشکردن و داواکاریە تایبەت و بەر تەسکەکان کراوە، بۆتە هۆی لەبیر بردنەوەی دوارۆژ و چارەنووس و نەخشە و بناغەدارشتن بۆ سەربەخۆیی بوون، شەرمەزاریە کە تا ئێستا مامۆستایانی زانکۆکان بە چەندین جار و چەندین شێوازی جیاواز ناڕەزایەتی خۆیان بۆ کەمی مووچە و پارچە زەوی و پێشەکی و پاشەکی پارە وەرگرتن دەربڕیوە، بەڵام بۆ تەنها جارێک لە پێناو نادیاری چارەنووس و دواڕۆژی گەل و نیشتمان دەنگیان لێوە نەهاتووە، تا ئێستا نەیانتوانیوە هاودەنگ و کۆک بن، پێداگر بن لەسەر دوورخستنەوەی حزبەکان و رێگا نەدەن چیتر رێکخراوەکانی حزب دەست لە کار و باری زانکۆکان وەربدەن، ئەگەر ئەمە هۆشیاری و ئاستی تێگەیشتنی مامۆستایانی زانکۆ بێت ئەوە هەر هەموو حزبەکانی کوردستان بۆ شەڕە ووشە ئەو مامۆستایانە دێنە سەر کەناڵەکانی راگەیاندن و ئەیانکەن بە دەم راست و دڵسۆز و نیشتمان پەروەر، بۆ نووسەر و هونەرمەند و مەلا و رۆشەنبیر و رۆژناممەنووس و سیاسیەکانیش  هەمان شتە، پرسیارەکە ئەوەیە کەسانێک تەنها بەدوای ویست و داخوازیە تایبەتیەکانی خۆیان بن تەنها لە خەمی خۆشگوزەرانی ژیانی خۆیان بن و تەنها پەرۆشی دەسکەوتە مادیەکانی خۆیان بن، چۆن ئەتوانن ببن بە داڕێژەری دەستورێکی نشتمانی؟؟ 

هەموو ئەوانەی باس لە خستنە راپرسی دەستور ئەکەن و ئەوانەی داوای گەڕاندنەوەی دەستور بۆ پەرلەمان ئەکەن بریتین لە ئەندام و لایەنگرانی ئەو حزبانە، تا ئێستا مینبەرێکی ئازاد و کراوە نیە کە تاکی کورد و خەلکی کوردستان بتوانێ بیر و بۆچوون و تێگەیشتنەکانی خۆی لە دەرەوەی ئەو دوو ئاڕاستەیە بخاتە روو، ئەو شێوە کارکردنەی حزبەکانی کوردستان بەبەردەوام  خەلک دابەش ئەکەن بەسەر دوو ئاڕاستە و گفتوگۆیەکان ئەوەندە تەسک ئەکەنەوە کە خەلک ناچار بکەن لەگەڵ ئەوەیان بێت یان لەگەڵ ئەوەیتریان، وا پیشان ئەدەن کە ئاڕاستەی سێیەم و بیرکردنەوەی چوارەم و بۆچوونی پێنجەم و تێگەیشتنی شەشەم نیە، لەکاتێکدا ئەو دوو ئاڕاستەییەی کە حزبەکان خەلکی ئەخەنەسەر دەرئەنجامی گەیشتنەوەیە بە یەک خاڵی هاوبەش ئەویش بەرژەوەندی حزبەکان و بە حزبی کردنی خەلکە لەسەر هەموو ئاستە جیاوازەکان و بە حزبی کردنی دامودەزگا و یاساکانە، دەستوریش بەو ئاڕاستەیە بێت یان بە ئەوەیتریان دەرئەنجام دەستورێکی حزبی ئەبێت. چۆن ئەکرێ لە کوردستان سەر تا پای ژیان بە حزبی کرابێ تەنها دەستور حزبی نەبێ؟؟؟؟؟

ئەمانە هەمووی مانای نەبوونی جیاوزییە لە ناوەڕۆکی حزبەکان، هەر ئەوەش وای لە خەلک کردوە کە جیاوزی بە حزبەکان نەکات و لە کام حزب بەرژەوەندی تایبەتی خۆی دۆزیەوە روو لەو حزبە بکات، گرینگ ئەوەیە بتوانێ لە رێگای ئەو حزبە لە شوێنێک دابمەزرێ و مووچەی مانگانەی هەبێ و زەوی وەربگرێ و پارەیەکی بێتە دەست بۆ خانوو تاد. ئەوەیە هۆکاری بوونی ئەندامێکی زۆر لەناو حزبەکان هەر حزبە و بە گوێرەی دەسەڵات و دەوڵەمدنیەکەی کە لە بنەڕەتدا هی خەلکە یاری بەو خەلکە ئەکەن.

لەسەر رۆشنایی ئەو رۆنکردنەوانەی سەرەوە بۆمان دەرئەکەوێت کە دەستور چ بە راپرسی بێ چ بە گەڕاندنەوەی بۆ پەرلەمان بێت جیاوازیەکی ئەو تۆی نابێت، ئەوە نیە لە یەکێکیان دەستورێکی نشتمانی و نەتەوەیی بەرهەم بێت و لەوەیتریان تەواو پێچەوانە بێت، لە هەر کامەیان بێت دەستورێکی حزبی شێواو و دوور لە خواستی نشتمانی و مافە سەرەکیەکانی خەلک و ئامانجی نەتەوەیە.

سەرەڕای هەموو ئەوانەش چ گرێنتیەک هەیە بۆ جێبەجێ کردنی دەستور بە هەموو کەم و کورتیەکانی، چ دەسەڵاتێک هەیە لە سەروی حزب کە بتوانێ لە کاتی پێشێلکاریە دەستوریەکان لێپرسینەوە بکات و سزای پێشێلکارە پلە بەرز و دەست رۆیشتووەکان بدات؟ کامە دادگا لە کوردستان ئەتوانێ بانگهێشتی بەرپرسەکان بکات؟ لە کوردستان کە دادگا سەربەخۆ نەبێ! چ سەنگێک بۆ یاسا و دەستور ئەمێنێتەوە؟ 

زۆرن ئەو ووڵاتانەی خاوەنی دەستورن و دیموکراتی نین، ووڵاتە دکتاتۆرەکانیش دەستوریان هەیە، کەواتە بوونی دەستور پێوەر نیە بۆ دیموکراتی، زۆرن ئەو ووڵاتانەی دەستوریان هەیە و مافەکانی مرۆڤیان تیادا پێشێل ئەکرێ، کەواتە دەستور رێگا نیە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ، زۆرن ئەو ووڵاتانەی دەستوریان هەیە و نغرۆن لە گەندەڵی، کەواتە دەستور ئامراز نیە بۆ رونی و ئاشکرایی و دەرخستنی سەروەت و سامان و چۆنیەتی بەکارهێنانی، زۆرن ئەو ووڵاتانەی دەستوریان هەیە و دادگا بە چاوی جیاواز مامەلە لەگەڵ هاوڵاتیان ئەکا، کەواتە دەستور مانای هێنانەدی دادپەروەریی یاسایی نیە، زۆرن ئەو ووڵاتانەی دەستوریان هەیە و ئەوپەڕی دواکەوتوو و کۆنەپەرستن، کەواتە دەستور زەمینەی پێشکەوتووخوازی نیە.

دەستوری پێشکەوتووخواز و دادپەروەر و نشتمانی و شارستانی و دیموکراتی لە کاتێک ئەبێ کە دانەرانی ئازادیخواز و نشتمانپەروەر و داکۆکیکار بن لە مافەکانی مرۆڤ و لە کارە حزبی و حکومیەکانیان گەندەڵ نەبن، سەرچاوەی سەروەت و سامانیان دیار بێ، بەر لە هەموو کەس ملکەچی یاسا بن و تەواو باوڕیان بە سەربەخۆیی دادگا هەبێ، ئەمانە کەمیترین پێناسەن بۆ کەسانێک کە دانەر و داڕێژەری دەستورێکی دیموکراتی بن.

هەندرێن حەمەدەمین

Handren88@hotmail.com

٦ی ٦ی ٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.