Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
فەلسەفە و چارەسەرکردنی کێشە

فەلسەفە و چارەسەرکردنی کێشە

Closed
by June 10, 2013 فەلسەفە

 

 

 

 

بۆ فەیلەسوفەکان ئەوەی چۆن فەلسەفە ڕووبەڕووی کێشەکان دەبێتەوە و کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان دەکا هەمیشە باسێ وروژێنەربووە. لە یۆنانی  کۆنیشەوە تائەمئێستا کێشە فەلسەفییەکان لە دەرکەوتندان و لەلایەن فەیلەسوفەکانیشەوە کێشە لەدوای کێشە دۆزراوەنەتەوە و چارەسەریشیان بۆ پێشنیارکراوە. ڕاستە گشت چاخێک کێشەی فەلسەفی تایبەت بەخۆی هەیە وەلێ گەلێ لە کێشە فەلسەفییەکانی چاخە جیاکان لێکدی دەچن. وەکیتریش فەلسەفە ئامادەیە چارەسەر پێشنیارکا بەڵام لەوە گرینگتر بۆ فەلسەفە ئەوەیە کە فەلسەفە چارەسەری چی بکا؟ و چۆن چارەسەر پێشنیارکا؟ چونکە فەلسەفە پێشئەوەی چارەسەر پێشنیارکا کار لەسەر دەستنیشانکردنی کێشەکە دەکا. کەوابێ بۆ فەلسەفە زێدە مەرجە کێشەکە ،ئەو کێشەیە شایانی چارەسەرکردنە،بناسرێتەوە. گەر فەیلەسوف نەزانێ کێشەکە لەچیدایە هەرگیز ناکارێ پێشنیار بۆ هیچ جۆرە چارەسەرێ فەلسەفی بکا. بۆ فەلسەفە ئەوە بەکێشەێ فەلسەفی دانانرێ کە ئێمە نەزانین چۆن کتێبخانەێک لە شارا دەدۆزینەوە یان بۆ ئەو پردەی بڕیاربوو لەنێوان شاری لەندەن و پاریس دروستیکەن هەردروستنەکرا؟ بەمجۆرەبێ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە فەلسەفییەکان پێوەندی بە چۆنیەتی دۆزینەوەی خودی کێشەکانەوە هەیە.بەواتاێتر،تا کێشەکان دەستنیشاننەکرێن ناشێ چارەسەر پێشنیارکرێ. لەمحاڵەتەدا پێویستمان بەوەشدەبێ کە پرسیارەکانمان لەسەر کێشەکان بەچاکی وەبەربێنین. بۆنموونە بۆ بیرمەندێ وەک گاستۆن باشلار و تایبەت بەم لایەنە پێویستمان بەوەیە کێشەکان بخەینەڕوو.ئێمەش پێمانوایە خستنەڕووی کێشەکان یارمەتیمان دەدا بزانین چ جۆرە کێشەێکمان هەیە و چۆن ئەم کێشەیە چارەسەردەکەین. واتە جۆری کێشە و چارەسەر لێکدیدانەبڕاون.

گشت کێشەکان،زۆربەی ئەو کێشانەی مرۆڤ هەیەتی، فەلسەفینیین لێ بەشە هەرەگەورەکەی کێشەکانی مرۆڤ فەلسەفیین. ئەوی کێشەێ ئاینیی یان هونەری یان سیاسی و ئەڵبەتە زانستیشە کێشەگەلێ فەلسەفیین بەس ئەوەی کێشەی زانستی لە کێشەی فەلسەفی جیادەکاتەوە ئەوەیە کە کێشە زانستییەکان بەدوای چارەسەری یەکسەری و بەردەوام دەگەڕێن کە ئەمە لە فەلسەفەدا بوونی نییە. کێشە فەلسەفییەکان لە ڕیشەدا کێشەن چونکە لە گشتدا خۆیان پووختدەکەنەوە. لەوەسەیرتر کێشە فەلسەفییەکان چارەسەری بنەبڕیان نییە یان وەڵامی یەکلا و هەمیشەی بۆ کێشە یان پرسیارە فەلسەفییەکان بوونی نییە. لەوەش گرینگتر جیهانی ئێمەی مرۆڤ بێ کێشە ناسرەوێت و هەرلەبەرئەوەی کە هەین ئەمەوادەکا هەبوونمان لە کێشە،بەتایبەت کێشەی فەلسەفیی، خاڵینەبێت. ڕەنگە بوونی کێشە فەلسەفییەکان مەحەکی ئامادەبوونمان بێت لە جیهانا،واتە ئێمە هەین لەمیانەی کێشە فەلسەفییەکانمانەوە نەک شتێ تر. ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی کێشە فەلسەفییەکان ملکەچی بیرکردنەوەماندەکەن و ئەو بیرکردنەوەیەش لە کێشە، هیچنەبێ بۆ ماوەێک، قووتارماندەکەن. کێشەکان کە هەن ،بەتایبەت کێشە فەلسەفییەکان، بەئەنقەست نیین و ئەوەش وادەکا کێشە فەلسەفییەکان ئێمە بە جیهانی خۆمانەوە، بەو جەنجاڵەی لەناو بوونمانا ئامادەیە، بئاڵێنێتەوە.

کێشە فەلسەفییەکان لەبنناێین یان تەواوبوونیاننییە.ئەمەش دیسانەوە دەمانگەڕێنێتەوە ناو هەتاتای کێشەکان و ئەوەش کە لەو شوێنەی بوونەوەر هەیە کێشە ئامادەیە.بۆئەوەی تێگەیشتنیشمان لەسەر کێشە فەلسەفییەکانمان هەبێ پێویستمانبەوەیە کێشەکان لە کۆنتێکستی (سیاق)خۆیانا جێگیرکرێن، لەناو ئەو پێکهاتەیە نیشتەجێکرێن دەتوانن مانابەخشبن، مانابەخشبن وەک کێشە. چونکە کێشەکان پێویستیان بەوەیە کۆنتێکستی خۆیانیان هەبێت، پێکهاتەێکیان هەبێت، تابناسرێنەوە، تا شایانی ئەوەبن ئێمە وەک کێشە، کێشەی فەلسەفییبیانبینین. ئەو وەختەی کێشە فەلسەفییەکان لە کۆنتێکستێکا جێدەکەینەوە پێویستمان بەوەدەبێ چارەسەرێک، کەئەوەشە وەڵامێکە،بۆئەو کێشەیە دەستەبەرکەین. دەستەبەرکردنی چارەسەر بۆ کێشەی فەلسەفیی لەپێناو گەیشتنە بە زانینێک کە ئەوەش لەناخیا ڕاستیێک لەخۆیڕا حەشاردەدا ئەگەرنا ئەوە بە کێشەی فەلسەفی ناێتەناساندن گەر چارەسەکردنەکەی نەمانگەێنێتە ڕاستیێک،ئەو ڕاستییەی زانینێک مسۆگەردەکا. کەوابێ دەشێ بپرسین: کێشەی فەلسەفیی چ جۆرە کێشەێکە؟ یان چۆن کێشە دەبێ بە کێشەێکی فەلسەفیی؟ بۆئەوەی ئەم دوو پرسیارە، کە لە ڕیشەدا هاومانان، وەڵامبدەینەوە پێویستمان بە هێنانەوەی نموونەیە لەسەر کێشە و دواتر کێشەی فەلسەفی. کاتێ ئێمە بەدوای شتێکا دەگەڕێین کە وونمان کردوە مانای ئەوە نییە وونبوونی ئەو شتە کێشەێ فەلسەفییە تەنانەت کە دەشیدۆزینەوە مانای ئەوەنییە ئێمە چارەسەرێ فەلسەفیمان بۆ کێشەکەمان دۆزییەوە. هەروەها وەختێ ئێمە کە لە شەقامێکا بەدوای قاوەخانەێک دەگەڕێین و لەگەڵ ئەوەشا کاتێ زۆر بەسەردەچێ و قاوەخانەکە نادۆزینەوە دواتر ناڕەحەتدەبین و ملیڕێ بەرەوە ماڵەوە دەگرینەبەر.دۆزینەوەی ئەو قاوەخانەیە بۆئێمە پێویستبوو چونکە ژوانێ گرینگامان لەوێ هەبوو. نەدۆزینەوەی قاوەخانەکە کێشەێکی لەلاێ دەروونی و لەلاێتریش ئابووری بۆدروستکردین. کێشە دەروونیەکەمان نەدۆزینەوەی قاوەخانەکە  بۆیدروستکردین و کێشە ئابوریەکەش پێوەندی بەو ژوانەوەبوە کە ئامانجیلێی کارپەیداکردن بوو. ئایا ئەم جۆرە کێشانە یان ئەو کێشەیەی نازانین قاوەخانەکە بدۆزینەوە کێشەێ فەلسەفییە؟ ئەو کێشەیەی نزدیکمان دەکاتەوە لە پرسیار لەسەر ڕاستی،یان چارەسەرەکەی بەرەو ڕاستیێکمان دەبا کە پێویست و گرینگە ئەوە کێشەێ فەلسەفییە و چارەسەرەکەشی فەلسەفییە. کەوابێ نەدۆزینەوەی قاوەخانەکە یان ئۆتۆمۆبیلەکەمان لە پارکێرینگەکەی لای کارەکەمانەوە هەرگیز وەک کێشەی فەلسەفی نابینرێن چونکە دۆزینەوە و نەدۆزینەوەی قاوەخانەکە یان ئۆتۆمۆبیلەکەمان نە کێشە و نەش چارەسەرێ فەلسەفییە .بەس ئەوەی بۆ ئێمە دەمریین؟ بۆ مردن هەیە؟ پاش مردن چیمانبەسەردێ؟ دەکرێ بووترێ ئەم جۆرە پرسیارانە لەو جۆرە پرسیارانەن کە تووخمی کێشەی فەلسەفی لەخۆڕا پەنادەدەن. چونکە هەمو کێشەێ فەلسەفی پرسیارێ فەلسەفی دەوروژێنێ کە ئەوەش لەلایەن خۆیەوە داوای وەڵامێ فەلسەفییمانلێدەکا. ئەوەی کە کێشەکانمان لە ڕاستیێکمان نزدیکدەکەنەوە ئەمە ئەو لایەنە فەلسەفییە سەرەکییەیە فەلسەفە لەدێرزەمانەوە پێوەیسەرقاڵە. هەر لە ئەزەلیشەوە فەلسەفە بریتیبووە لە پرسیار لەسەر ئەو شتانەی هەرسکردنیان ئەستەم بووە یان پرسیارەکان لەبنەچەدا کێشاویبوونە ، بۆنموونە پرسیار لەسەر بوونی بوونمان یان بۆ ئێمە دەبێ هەبین؟ چۆن هاتینە ئەم جیهانەوە؟ دواتریش چۆن لە جیهانا لەڕێگای مەرگمانەوە ووندەبین ؟ ئەم شێوە پرسیارانە دەمانخەنەناو گەرووی ئەو جۆرە تێگەیشتنەوە کە کێشە فەلسەفییەکان لێکدابڕاونیین و چارەسەر،یان وەڵامی،خۆیانیشیان بۆهەمیشەدەستناکەوێ. کێشە فەلسەفییەکان وەک لوغزوان و کردنەوەی لوغزە فەلسەفییەکانیش دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ شتێ لوغزاوی کە لە خەسڵەتەکانیدا فەلسەفە یان سەرسامیێکی فەلسەفیی پەنهانە. 

فەلسەفە شتێ لوغزاوییە چونکە کێشەی فەلسەفی کێشەگەلێ لوغزاوی و سەرسوڕهێنەرە، بۆیە ئەو چارەسەرەی لە کات و شوێنێکا بۆ کێشەێ فەلسەفی دەستەبەردەکرێ هەتاهەتایی نییە و لەگەڵ گۆڕانی هەل و مەرجەکان گۆڕانیاندێتەسەر. بیریشماننەچێ کە کێشە فەلسەفییەکان داوای بیرکردنەوەمان لێدەکەن، بگرە زۆرترین بیرکردنەوەش، بیرکردنەوە لەوی پێویستە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. بۆئەوەی فەلسەفە تیشکبخاتە سەر لوغزەکان پێویستیبەوەدەبێ لوغز تێپەڕێنێ، لوغز تێپەڕاندنیش تەنیا و تەنیا بە هەڵوەشانەوەی لوغزەکان دەبێ. لوغزەکان لە کوێبن فەلسەفە لەوێندەرێیە. گومانیشی ناوێ کە بەشێ زۆر لە نهێنیەکانی فەلسەفە و چارەسەرکردنی کێشە فەلسەفیەکان پێوەندی بە خودی کردەی فەلسەفەکردنەوە هەیە. واتە بە مەسەلەی ئەوەی:فەلسەفە بیر لە چی دەکاتەوە؟ چۆن فەلسەفە بیردەکاتەوە؟ بۆئەو مەبەستەش گرینگە هێما بۆ ئەوەبکەین کە نهێنیەکانی فەلسەفە یان سرووشتی فەلسەفەکردن خۆی لەوەدا چڕدەکاتەوە کە فەلسەفەکردن ڕاهێنانە لەسەر چۆنیەتی هاتنەدەرەوە لە کێشە. بۆئەوەی ئێمە بێینەدەرەوە لە کێشەکانمان پێویستمان بە بیرکردنەوەیە. بیرکردنەوە فەلسەفیەکانمان دەمانخەنە زۆنی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان. ئەڵبەتە دەکرێ ئەوەش یادخەینەوە کە فەلسەفە بێ کێشە نییە. بەس چۆن فەلسەفە لەو کێشانە دەربازکەین ڕووبەڕوویبۆتەوە؟ دیارە بەشێک لە کێشەکانی فەلسەفە پێوەندی بەوەوەیە فەلسەفە پێویستە نەکرێ بە ئەسیری مێژووەکەی و بەشێتری ئەو کێشانە پێوەندی بە هەڵە بەکاربردنی فەلسەفە و سەرقاڵکردنی فەلسەفەیە بەو شتانەی فەلسەفە لەپێناویا نەهاتۆتەکایەوە. چونکە فەلسەفە ڕێگاێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. کێشەکان هەمیشە لێرە و لەوێ ئامادەن بۆیە فەلسەفەش ئامادەیە تا چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە. لەوەش گرینگتر ئەوەیە کە فەلسەفە وەڵامی ئامادەی بۆ کێشەکان پێنییە. ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی فەلسەفە لەبنڕا وەڵامی ئامادەی پێنییە و کارلەسەر وەڵامە ئامادەکانیش ناکا و، پێشمانوایە هەرئەوەشە وای لە فەلسەفە کردووە بەردەوام و نەمر بێ.

لەبەرڕۆشنای ئەوی لایسەروە وترا ئاماژە بۆئەوەدەکەین کە، فەلسەفەکردن ئەو توانایەمان تیادەسازێنێ بکارین کێشەکانمان بخەینەڕوو. بەهۆی فەلسەفەکردنەوە دەگەینە ئەو ئاستەی کێشە بخەینەڕوو بەس کردەی فەلسەفەکردن بەوە کۆتای ناێ ئێمە تەنیا کێشە بخەینەڕوو بەلکو ئەوەش کە چۆن چارەسەر بۆ کێشەکان دەدۆزینەوە. فەلسەفە کە بەپەرۆشەوەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ئەم پەرۆشییە لەوێوەدەستپێدەکا کە فەلسەفە سەرقاڵی کێشە کەسی یان وردەکان نییە بەڵکو بۆ فەلسەفە کێشە گەورەکان، هەمەکان، بەکێشە لەقەڵەمدەدرێن. بۆنموونە بۆ دەبێ مردن هەبێ؟ چۆن لە مەرگ دەربازمان دەبێ؟ یان پاش مەرگ چییمان بەسەر دێ؟  وەکیتریش ئەم پرسیارانە ئەوەمانپێدەڵێن کە پرسیارە هەمەکان لەکۆتایدا بریتیین لە کێشە فەلسەفیەکان کە ئەوانەش داوای چارەسەرمان لێدەکەن. دۆزینەوەی چارەسەریش ، بۆ فەلسەفە، هیچکات کارێ ئاسان نییە و نەبووە. یان دۆزینەوەی چارەسەر پێوەندیێ زۆر بە تێگەیشتنمان بۆ داهێنان هەیە. بەواتاێتر، لەسەر ئەوە وەستاوە کە چەند دەتوانین لەوە تێبگەین کە وەڵامدانەوە داهێنانە. یان چەند دەتوانین لەوە تێبگەین کە پرسیارکردن داهێنانە. هاووەخت ئەوەشمان بیرنەچێ کاتێ فەیلەسوف ئەم جۆرە پرسیارە ئۆنتۆلۆژییانە دەکا نایەوێ خۆی وەک دروستکەری کێشە فەلسەفییەکان بخاتەڕوو بەڵکو کێشە فەلسەفییەکان دەرهاویشتەی ژیان یان شێوازی ژیانمانن. ڕاستە هەر فەیلەسوفە و بەشێوەک ڕەفتار لەتەک کێشە فەلسەفییەکانا دەکا بەڵام ئەمە لەسەرێترەوە ڕەوایەتیێ زۆری لای فەیلەسوف دروستکردووە هاوکاتیش فەلسەفە لە کۆتایدا بۆئەوە هەبووە ،یان هەیە، تێگەیشتن بدا، تێگەیشتن لەسەر ئەوەبدا تێگەیشتن لەبارەیەوە نەبووە ،یان نەدراوە،. بۆنموونە کاتێ فەلسەفە شوێنی مرۆڤ لە ژیان و بوون و جیهانا دەخاتە ژێرپرسیارەوە بەمە فەلسەفە قسە لەوەدەکا بۆ ئێمە کێشەیە. دیارە شێوەی ژێرپرسیارخستنە فەلسەفییەکان هەمیشە ڕووبەری فەلسەفەکردنیان گۆڕیووە و، ئەوەش لەسەرێترەوە نیشاندەدەن کە شێوازەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفی جیان. ئەمە لەلاێ و لەلاێتریش هەڵوێستی فەلسەفی فەیلەسوفان بۆ کێشە هزریەکان وەک یەک نیین و بۆیشە چارەسەرکردنی کێشە هزریەکان وەک یەک نابن. بەپێیئەوەی فەلسەفەی ڕۆژئاوا خۆی لەسەر گریمان و سەڵمێنە پێکهێناوە یان کارێ زۆری لەسەر ئەو دوو لایەنە کردوە تا پەرە بە خۆیبدا ئەمە وایکردووە سرووشتی فەلسەفە یەکێبێ لە پرسیارە هزریەکانی فەلسەفە. کەوابێ دەشێ بپرسین فەلسەفە پێویستی بەوەیە خۆی بسەلمێنێ؟ یاخود ئایا فەلسەفە پێویستی بەوە هەیە ڕوونکردنەوە لەسەر پێویستی بۆ هەبوون و مانەوەی بدا؟ چونکە بەپێی تێگەیشتنی کارل یاسبەرز بێ فەلسەفە پێویستە پاساودان بۆ بوونی بهێنێتەوە. ئەڵبەتە ناوبراو ئەوە بە نەشیاو دەزانێ. ئێمە پێمانوایە مانەوەی فەلسەفە ، واتە بوونی فەلسەفە، پێوەندی بە بوونی ئێمەی مرۆڤەوە هەیە. فەلسەفە هەیە چونکە ئێمە هەین. یان هەبوونی فەلسەفە پێوەندی بە ئێمەوە هەیە، کە ئێمە نەبیین فەلسەفەش نابێ بۆیە فەلسەفە پێویستی بەو پاساودانهێنانەوەیە نییە. هەر بۆیشە یاسبەرز بەشتێ نەشیاوی دەزانێ.  

بۆئەوەی ئەو چەند دێڕەی لایسەرەوە زێدەتر ڕاڤەکەین بەپێویستی دەزانین ئەو چەند لایەنە بخەینەڕوو کە بە کرۆکی چۆنیەتی ڕەفتارکردنی فەلسەفە لەتەک کێشە فەلسەفییەکان ئاشناماندەکا. یەکەم: گشتێتی. فەیلەسوف بەزۆری سەرقالی شتە گشتییەکانە و تێکڕای کێشەکان یان دیاردەکان لە گشتییەتیانا لەبەرچاودەگرێ. بۆنموونە فەیلەسوف لەبڕیئەوەی بایەخ بە شاخێک بدا و لەبوونی ئەم شاخە بکۆڵێتەوە بایەخ بە گەردوون دەدا.دووەم:سێستەماتیک. فەیلەسوف بایەخ بە لایەنی سێستەمی و پێکهاتەی شتەکان دەدا و دەشیەوێ بەجۆرێ کۆک و یەکانگیر ڕێکیانخا.سێهەم: ڕواڵەتی لۆژیکی لە خستنەڕوی شتەکان. ئەمەش کارێوادەکا لە ئاسانەوە دەستپێکرێ و بە نائاسان کۆتایپێبهێنرێ و ئەوەش کە دەستەبەردەکرێ بەشێوەێ لۆژیکی بخرێتەڕوو و بەهانەی باوەڕپێکراوی بۆبهێنرێتەوە. چوارەم: هەڵوێستی ڕەخنەی. ئەم لایەنە کۆڵەکەی بیری فەلسەفی پێکدێنێ چونکە فەلسەفە بەردەوامبوونە لەسەر ئەم جۆرە هەڵوێستە.پێنجەم: پرسیارکردن. ئەم لایەنە مانایێ زۆری لە بووژانەوەی بیری فەلسەفیدا دیووە. چونکە خودی فەلسەفە لەسەر ئەوە دەژی پێیدەڵێن پرسیارکردن. شەشەم: بایەخدان بە کێشەکانی مرۆڤ. فەلسەفە بۆئەوە هەیە بایەخ بە مرۆڤ و کێشەکانی بدا. وەکیتریش فەلسەفە بۆئەم مەبەستە هاتۆتەکایەوە.

لێرەوە هێما بۆئەوەدەکەین کە ، مەحاڵە فەلسەفەکردن بەبێ بیرکردنەوە کە بیریشدەکەینەوە خۆمان لەناو دونیاێک لە کێشەدا دەبینینەوە. ئیمانوێل کانت ووتەنی هەرکە دەڵێین ،ووتنەکانمان دەبن بە فەلسەفە، کە فەلسەفەشمانکرد، واتە کە ووتمان ،جەغت لە ووتنەکانمان دەکەین بەمجۆرە دەکەوینەناو کێشەوە. لێرەوە دەگەینە ئەو دەرهاویشتەیەی ووتنەکانمان سەرچاوەی کێشەکانن چونکە گشت ووتنێ پێویستە پشتڕاستکرێتەوە، داکۆکیلێکرێ یان ڕاڤەکرێ. ئەو ڕاڤەکردنەش بەناوی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان ئەنجامدەدرێ تەقەلاێکە بۆ پیادەکردنی دەسەڵاتێ، دەسەڵاتی ڕاڤەکردن، دەسەڵاتی مانا بەرهەمهێنان و دادوەریکردن. بەواتاێتر، دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە فەلسەفییەکان واتە دادوەریکردن بەسەر کێشەوە. لێرە دەشێ بپرسین: چۆن کێشە دەناسینەوە؟ ئەو شتە چییە کە کێشەیە؟ بۆئەوەی ئەوی ووترا زێدەتر ڕوونکرێتەوە دەست بۆ ئەو ڕاستییە ڕادەکێشین فەلسەفە کە لە کێشەێ دەکۆڵێتەوە لەوەش دەکۆڵێتەوە کە خودی کێشە چییە؟ هەروەها فەلسەفە کە ڕووبەڕووی کێشەێ دەبێتەوە پشکنین لەوەش دەکا چۆن ئەو شتە بووە بە کێشە؟ واتە کێشە چۆن پێکدێ؟ یان ئەوەی ئەوە بووە بە کێشە لە ماناکەی دایە ئەم کێشەیە کە تێنەگەیشتن و ناڕوونی دروستکردووە یاخود کێشەکە لە ماهیەتیدایە، واتە ماهیەتی ئەو شتەی خۆی وەک کێشە نیشاندەدا؟ کێشە ئەو شتەیە ئێمە ئاڵۆزیێک لە چارەسەرکردنیا دەبینینەوە. ئەم ئاڵۆزییە لەو مانایەشدا پەنهانە ئێمە تێیناگەین، کە ناحاڵیبوون یاخود ناڕوونی تیا دروستکردووین. هاوهەڵوێستی فەیلەسوفەکانیش بۆ کێشەێکی فەلسەفی لەوێوە دەستپێدەکا کە هەموویان ئەوی وەک کێشە، کێشەێکی فەلسەفی، خۆی دەردەخا هەمان تەماشاکردنیان بۆیهەیە. هەچکاتێ نەکرا و نەتوانرا شتێ تێیبگەین و مانای ئەو شتە بۆ خۆمان و دەوروبەرمان شیکەینەوە ئێمە خۆمان لەبەردەم بوونی کێشەێکدا دەبینینەوە. پێگەی کێشەکان لە زەینمانا بەجۆرێ خۆیان چەسپاندووە وەدووی چارەسەرا وێڵبین. ئەم وێڵبوونە داوای ئەوەمان لێدەکا لە ناوەوەی کێشەکانا بمێنینەوە، تا لە ناوەوەی کێشەکانا نەمێنینەوە ناکارین دەست بۆ چارەسەر بەرین. بۆئەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزینەوە پێویستمان بە نیشتەجێبوونە لە ناوەوەی کێشەکانا. مانەوەی ئێمە لەناو خاکی کێشەکانا بۆ بەچۆکدادانی کێشەکانە، بۆئەوەیە بە ئاکامەوە هەستین و چارەسەر بۆ ناڕوونی و ناحاڵیبوونەکان بەدەستبێنین. ئاشکرایشە کە گشت کێشەێ فەلسەفی لەخودی خۆیا پرسیارێکە و چارەسەکەشی بە دەستەبەرکردنی وەڵامێک شیاودەکرێ. وەڵامەکان ڕێژەین چونکە کێشەکە لە سنوورێ دیاریکراوا خۆی دەردەخا. لە هەندێ شوێنی تریشا هێمامان بۆئەوە کردووە کە فەلسەفە لەسەر پرسیارکردن دەژی بەس پرسیارکردن ئەو کاتە دێتەدونیاوە کە تێنەگەیشتنێ هەبێ. ئەمەش نیشانەیە لەسەرئەوەی کە پرسیارکردن لە فەلسەفەدا بەماناترین شتە و ،تائێستاش فەلسەفەێک لەدایکنەبووە کە توانیبێتی پشتلە پرسیارکردن بکا. بۆیە هەڵەناکەین گەر بڵێین فەلسەفە پرسیار لەسەر پرسیار دەکا و پرسیارەکانی فەلسەفەش تابڵێی ئەبەدی و نەبڕاوەن. یەکەم پرسیار یش لە ژیانی فەلسەفەدا هاتەکایەوە پرسیاری فەلسەفە چییە بوو؟ ئەم پرسیارە کە لەسەر دەستی قوتابیەکەی ئەفڵاتوون وەڵامی خۆی بەدەستهێنا دواتر لەناو فەلسەفەدا گشتگیرکرا.  هەر بۆنموونە فەیلەسوفی ئینگلیزی ڕاسل پێیوابووە فەلسەفە بەوە خۆی لە زانستەکانی تر جیادەکاتەوە کە فەلسەفە بەدووی وەڵام دەگەڕێ و ئەو دەمەش فەلسەفە وەڵامی دەستناکەوێ لەگەڕانەکانی بەردەوامدەبێ. ئەڵبەتە فەلسەفە کە وەڵامی گیرنابێ خۆی وەک فەلسەفە نیشاندەدا کاتێکیش فەلسەفە وەڵامی گیرکەوت دەبێ بە زانستێ تر ،جا ئەو زانستە فەلەکناسی بێ یان ماتماتیک یانیش زیندەوەرناسی. کەواتە، لەم تێگەیشتنەی ڕاسلەوە ئەوە فێردەبین فەلسەفە بریتییە لەپرسیارکردن و نەک وەڵام بەدەستهێنان. کە وەڵام وەگیرخرا فەلسەفە لەوەدەکەوێ فەلسەفە بێ فەلسەفە ئەوکات هەیە کە پرسیاردەخاتەوە. ئەم لایەنە شتێترمان پێدەڵێ ، مەبەست، فەیلەسوف پێیوانیە وەڵامی بۆ گشت پرسیارەکان لایە. یان فەیلەسوف لەوە دڵنیانییە ئەوی دەیڵێ دوا وەڵام و تێگەیشتنە لەبارەی ئەوەی پێویستە بووترێ (یان چارەسەرکرێ). دیارە دڵنیابوون شتێ ڕێژەییە و ناشێ فەیلەسوف خۆی وەک دوا وەڵام هەڵگر ببینێ بەس گشت کێشەکان ،کە لەشێوەی پرسیار خۆیان دەردەخەن، بەدوای چارەسەرەکانیانا،دەگەڕێن. بەمجۆرەبێ هەچ جارێک کێشەێک هەبێ فەلسەفە مەیلی چارەسەرکردنی لا تازەدەبێتەوە گشت ئەو چارەسەرکردنانەش فەلسەفە بەدەستەوەی دەدا بۆ بنەبڕکردنی ڕێژەییانەی ئەو کێشەیەیە لەو چرکەیەدا. وەختێ چارەسەر بۆ کێشەکان زۆر دەبن کێشەی هەڵبژاردن دێتەکایەوە، هەڵبژاردنی ئەوی گرینگ و پێویستە. هەڵبژاردنەکان وەک یەک نابن و ، هەمیشەش تەگەرەی تایبەت و گشتی دێنەڕێ هەڵبژاردنەکان لێ بۆ هەموو هەڵبژاردنێ پێویستمان بە دۆزینەوەی ساتەوەختێکە تا بەسەر کردەی  هەڵبژاردنەکانمان زاڵبین. لێرە پێویستە ئاماژە بەوەبکەین کە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان و خودی هەڵبژاردنی چارەسەرەکانیش لە دەرەوەی پرۆسەی بیرکردنەوە نیین. ئەوەی چارەسەر دەدۆزێتەوە و گوڵبژێریش لەنێوان چارەسەرەکانا دەکا بیرکردنەوەیە. لێرەشەوە دەگەینە ئەو سێرکردنەی پرسیارگەلێ وەک بۆ مرۆڤ هەیە؟ کێ خوڵقێنەری گەردوونە؟ و چۆن عەقڵمان پێکهاتوە؟ ئامانج لە ژیان یان لە بوونمان چییە؟ گشت ئەم پرسیارانە مانای خۆیان لە مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا هەبووە و کاریگەریشیان بەسەر نەشونمای ڕاڤەکردنی چییەتی فەلسەفەوە هەبووە. لەو شوێنەش چییەتی فەلسەفە دەکرێ بە بوارێ بۆ تێڕامان و بەدواچوون لەوە حاڵیدەبین کێشە فەلسەفییەکان پرسیارە فەلسەفییەکانن و دەروازەشن بۆ پتر قووڵبوونەوەی زۆنی فەلسەفە. کاتێکیش پرسیارمان لەسەر مانای فەلسەفەکردن لادروستدەبێ هەروەک ئەوەوایە بپرسین ئامانج لە فەلسەفە چییە؟ چونکە فەلسەفەکردن بەرەو ناوجەرگەی فەلسەفەمان دەبا. بەواتاێتر، بۆئەوەی هەلوێستەوەرگرین بەرامبەر بەو شتەی دەیژێین و دەیبینین پێویستمان بە فەلسەفەکردنە ئەو دەمەش فەلسەفەدەکەین لە ڕیشەی کێشەکانمان تێدەگەین. بەپێیئەوەی فەلسەفە ئەو هزرە تێڕامانییەیە کە فەیلەسوف بەرهەمیدێنێ ئەمە وادەکا فەلسەفە لەسەر تێڕامان کارکا و کاتێکیش کە دەووترێ ئەو دیاردەیە یان کێشەیە پێویستی بە شیکردنەوەێ فەلسەفییە یان کە دەوترێ ئەوە هوشیاریێ فەلسەفییە ئەمە ئەوە دەگەێنێ کە فەلسەفە لەڕێگای کردەی تێڕامانەوە زەفەر بە شتەکان دەبا و ووتنیش بەرهەمی ئەو کردەیەیە.

دیرۆکی کۆن و نوێی فەلسەفەی ڕۆژئاوا فێریئەوەماندەکا کە کێشەکان،کێشە فەلسەفییەکان،هەمیشە پێویستیان بە چارەسەربووە و یان هەمیشە جێی بایەخی فەلسەفە بوونە.زمان کە توانای خستنەڕووی کێشەکانی هەیە بەدووی چارەسەری گونجاوی ئەو  کێشانە وێڵبووە و جوگرافیای بیرکردنەوەکانی تێپەڕاندوە تا لە شوێنێ بگیرسێتەوە کە کێشەکان تیایا ئۆقرەبکەن.زمانیش کە بەرهەمی عەقڵە ناتوانێ سەروی تواناکانی عەقڵی مرۆڤ بێ.ئەوەش کە ئێمە توانای زانینمان جیایە و تێگەیشتنمان بۆ کێشەکان جیا ئەمە وادەکا هەموو وەک یەک کێشەکان نەبینین و ڕێگاچارەسەرەکانیشمان هاوشێوەنەبن.ئەگەرچی بەشێ زۆر لە کێشەکان بە ئەزموون چارەسەریان بۆ دەستەبەردەکەین بەڵام دەستەبەرکردنی چارەسەرەکان توانێ عەقڵی دەوێ و ئەو توانایەش لە کەسێکەوە بۆ ئەویتر جیایە.ئەمەش دیسانەوە بەڵگەیە لەسەر جیاوازی ئەزموونەکان.بەپێیئەوەی ئەزموونەکان بەرهەمی تێژیانی عەقڵی مرۆڤەکانە ئەمە وادەکا شێوازەکانی بیرکردنەوەمان لەبارەی کێشەکانەوە وەک یەک نەبن.کاتێ لەوە حاڵیدەبین بۆ فەیلەسوفەکان فەلسەفەدەکەن؟واتە ئامانج لەو کردەیە چییە؟ و چۆنیش ئەمە دەکەن؟بەئاسانی لەوەشتێدەگەین فەیلەسوفەکان ئامرازی تایبەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەخەگەڕ.چونکە ئەو مەغزایەی لە ووتنی فەلسەفییدا پەنهانە تەنیا فەلسەفییە.هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی فەلسەفەوە فەیلەسوف لەو شوێنانە ئامادەبووە پێویستی بۆ بوونی لەئارادابووە. کەوابێ گشت فەیلەسوفەکان هێزی هزری خۆیانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان، کێشە فەلسەفییەکان خستۆتەگەڕ و بە ئیدیایێ سەرەکیشەوە کاریانلەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان کردووە.زۆربەی فەیلەسوفەکانیش جیاوازیان لەنێوان کێشەکانا کردووە.بەشێکیان کێشە فەلسەفییەکانیان لە کێشە زانستییەکان جیاکردۆتەوە.پاشئەوەی زانستەکان لەبنهەنگڵی فەلسەفە هاتنەدەرەوە و سەربەستی مەعریفی خۆیانیان بەیانکرد پرسیارە فەلسەفییەکان وێڵی وەڵامە فەلسەفییەکان بوون.چۆنیەتی خستەڕووی کێشەکانیش بۆ فەلسەفە گرینگی خۆی هەیە ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی زۆربەی کێشەکان لەسەر شێوازی بەرباسخستنیانوەستاوە.کاتێکیش فەیلەسوف ڕووبەڕووی کێشەێک دەبێتەوە نازانێ بەرەو چ زانین یان تێگەیشتنێکی دەبا. لەوەگرینگتر فەیلەسوفەکان لەکاتی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان دووچاری جۆرە ناکۆکیێک دەبنەوە کە زۆرجا ئەو ناکۆکییانە بەرەو شێوە هەڵوێستێکی فەلسەفییانەیاندەبا پێگیری لەسەر هەندێ شت بکەن و وەکیتر هەندێشتیتر ڕەتکەنەوە.بەشێ زۆریش لە فەیلەسوفە هاوچەرخەکان جیاوازیدەکەن لەنێوان کێشە فەلسەفییەکان و کێشە زانستییەکان. واتە چارەسەرکردنی کێشەکان نەک هەر ئاسانییە بەڵکو واپێویستدەکا پۆلی مەعریفی کێشەکان دەستنیشانکرێ و کێشەی فەلسەفی نەک هەر لە کێشەی نا فەلسەفی جیاکرێتەوە بەڵکو لەو جۆرە کێشانەش جیاکرێتەوە کە زانستیین. هەردوو جۆرە کێشەکەش نەک هەر چارەسەریان هەیە بگرە لە هیچەوە دروستنەبوونە و بەجۆرێ لە جۆرەکان بە ژیان و بوونمانەوە گرێدراون. بەواتاێکی تر،پێویستیەکانمان دەمانخەنە ناو گەرووی کێشەکانەوە و لەوێشەوە دەکەوینە بەردەم جۆری کێشەێکەوە بۆیە پێویستمان بە هاتنەدەرەوەیە لە کێشەکان و ، جیاکردنەوەی کێشەکانیش لەیەکتر لە فەیلەسوفێکەوە بۆ ئەویتر گۆڕانی دێتەسەر. بەشێ زۆر لە بزووتنەوە فەلسەفییەکانی ڕۆژئاوا گرینگی بەوەدەدەن کە کێشە فەلسەفییەکان وەک کێشەگەلێ هزری دەبینن و ئەمەش وادەکا هەمیشە بپرسین کێشەکە چییە؟ کێشەکە چۆنە؟ واتە پێویستمان بە هۆشمەندیێ تایبەتە تا کێشەکان دەناسینەوە. لێ فەلسەفە لەوە حاڵییە کە زانست بێ کێشە نییە و بەردەوامیش خۆی لەبەردەم کێشەی نوێدا دەبینێتەوە. بەشێ لە کێشەکان گیر و ناسانان بەڵام سروشتی زانست ئەوەمان بۆ ڕوندەکاتەوە کە زانست کار بۆسەرکەوتن بەسەر کێشەکانا دەکا و لەوبارەشەوە زانستی ڕۆژئاوای ئەزموونی خۆی هەیە. دیارە بۆ چارەسەرکردنی کێشە زانستییەکان بەڵگە و دەرهاویشتەکان مانای خۆیانیان هەیە ئەڵبەتە پەلەنەکردنیش لە بڕیاردان و سەپاندنی ڕاستی. بەپێیئەوەی زانست بریتیە لە زانین یان لە پرینسیپ و ئوسولی گەیشتن بە زانین بۆیە ئەوی بە کێشەی زانستی دەناسرێ کێشەێکە دەشێ تەنیا لەڕێگای لێکۆڵینەوەوە پێیبگەین. بۆئەوەی زانستیش چارەسەر بۆ کێشەکانی بدۆزێتەوە ڕێبازێ دیار بۆ گەیشتن بە چارەسەر بەکاردەبا کە ئەوەش وادەکا زانست شێوازی خۆی هەبێ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. ئەو شێوازەش زانست بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بەکاریدەبا شێوازێکە پشت بە پێوانە و سەرنج و ئەزموون دەبەستێ و کاریش لەسەر داڕشتنی گریمان و ڕێساگەلێ دەکا کە بکارێ بەهۆیانەوە بگەن بە ڕاستییە زانستیەکان. گشت کێشە زانستیەکانیش لەوێوە دەستپێدەکەن کە لەسەرەتاوە پێویستە کێشەکان دەستنیشانکرێن، ڕێبازێ دیاریکراو بۆ چارەسەرکردنیان بگیرێتەبەر و ئامانجیش لە چارەسەرکردنی کێشەکە ڕوونکرێتەوە. لایەنێ تریش کە کێشە زانستیەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە ئەوەیە زانست بۆ دۆزینەوەی چارەسەر ڕێگای پێشبینیکردن دەگرێتەبەر. چونکە لەڕێگای پێشبینییەکانەوە زانست دەیەوێ ڕێگاگیریبکا لە سەپاندنی چارەسەری ئامادە و ناپێویست. گشت ئەو گریمانانەش زانست پێشنیاریدەکا هەوڵێکن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و پەسەندکراو. لێرە دەکرێ بپرسین: ئایا هەندێ گریمان پێویستە ڕاستبن بەبێ ئەوەی ئەوە نیشاندەدن چۆن وان؟ (1) دیارە کێشەکانی زانست و ڕاستی لە کێشە سەرەکیەکانی فەلسەفەن و لەمڕەوەشەوە فەلسەفەی ڕۆژئاوا دیرۆکێ قووڵی لە کارکردن لەسەر ئەم جۆرە کێشانە هەیە.

زانستی ڕۆژئاوای هەروەک فەلسەفەی ڕۆژئاوای قسەی خۆی لەسەر کێشەکان هەبووە و بەپێی ئەو بوارانەی کێشەکان لەخۆ دەیگرن چ زانست و چش فەلسەفە ویستویانە چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزنەوە. بەڵام کێشەکان هیچ کات لەوەبەدوور نەبوونە پرسیار نەخەنەوە و یان کێشەکان لە فۆڕمی پرسیار پێشنیار نەکەن. بۆئەومەبەستەش ئێمە لێرە بە وتنێکی ڕاسل کۆتای بە قسەکانمان دێنین. راسل پێیوایە فەلسەفە ناتوانێ وەڵامی گەلێ پرسیار بداتەوە لێ تواناێ باشی پرسیارکردنی تیایە(2). بەڵام ئەگەر فەلسەفە خۆی وەک زانینێ ترانسندنتال نیشاندا ناتوانێ ڕووبەڕووی کێشە فەلسەفییەکان ببێتەوە و فەلسەفە خۆشی بە بەشێ لە کێشەکان دەزانێ. کاتێ فەلسەفە دەکەوێتە دۆزێواوە تەنیا ڕێگایێ بۆ خۆدەربازکردنی ڕووبوونەوەی میتافیزیکە. وەیکیتریش بەشێ زۆر لە فەیلەسوفە پۆزەتڤیستیەکان پێیانوایە زۆربەی کێشە فەلسەفییەکان لەبنڕا ڕاست نیین و خودی ڤیتگێنشتێین پێیوابوە کێشە فەلسەفییەکان بەرهەمی خراپ بەکاربردنی زمانن.

 

ئازاد حەمە

 

 

1.Colin McGinn.Problems in Philosophy: The Limits of Inquiry. Wiley-Blackwell;  1993.p.1.

2.Bertrand Russell.The Problems of Philosophy.Kindle Edition2011.ch.1.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.