Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
مۆدێرنیتێ و هەرێمی کوردستان

مۆدێرنیتێ و هەرێمی کوردستان

Closed

 

 

 

یەکێک لە پێناسەکانی مۆدێرنیتێ ئەوەیە : “ئینسان لە گەڵ زەمەنی خۆیدا بژێت.” ئەگەر ئەمە ساکارترین پێناسە بێت، ئەوە گیرتر و عاسیترینیانە. بە تایبەتی کاتێک ئەم دەستەواژەیە تەرجەمەی هەلومەرجی لای خۆمان دەکرێت. چونکە پێناسەی “زەمەن” یا “کات” دەبێتە کێشەیەکی بنەڕەتی لەم تەرح کردنەدا. ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دی، خودی تێرمەکە سەر بە کەلتوور و کەلەپووری رۆژئاوایە و کاتێک بە کوردی ئەم کێشەیە باس بکرێت، دەبێ ئاوڕ لە مێژووی کەلتووری رۆژئاوا بدەینەوە، چونکە مێژووی ئێمە هیچی لەمەڕ ئەم چەمکەوە پێ نەوتووین، رۆشنبیران و نووسەرانی ئێمە نەک تەنها ئاوڕیان لێی نەداوەتەوە، بەڵكو کێشەیەک نەبووە لە لای ئەوان بەم ناوەوە بووبێت. ئەگەر بێت و ئێمەش ئەم تێرمە بورووژێنین، ئەوە لە ژێر رۆشنایی چەند خوێندنەوەیەکی تیۆرییە، یا لە رێگای تێکهەڵکێشبوونی رایەڵەکانی جیهانگیریی  و هەروەها تەکنەلۆژیای ژمارەیی لەم رووەوە بەشی شێری بەردەکەوێت ؛ ئەگینا ئیشکالییەتێک نییە لە کۆمەڵگەی ئێمە خۆی بەم تێرمەوە خەریک کردبیت، چونکە هێشتا نەبووەتە کێشەیەکی فیکریی، سیاسی، تەنانەت کۆمەڵایەتیش.

کاتێک “ژیان” و “کات” پێکەوە دادەنرێت، ئەوەی خۆی لە خۆیدا تەنگژەیەک خۆیمان لێگرژ دەکاتەوە. پرسیار سەبارەت بەو قۆناغ و سەردەمەی کە تێیدا دەژین دەبێتە مایەی قەیرانی بەهاکان، چ لە رووی فیکرییەوە، چ لە رووی سیاسییەوە و چ لە رووی دامەزراوەییەوە. ئایا ئێمە لە نێو کاتێکی دیاریکراودا دەژین؟ ئایا کۆمەڵگەی ئێمە پرسیاری لەو رووەوە ورووژاندووە؟ کاتێکیش باسی “کات” دەکەین، مەبەستمان لە چ کاتێکە؟

بۆیە بە رای من، هێشتا هیچ لەم پرسگەلانە نەچوونەتە نێو رەحمی کۆمەڵگەی ئێمەوە تاکو چەمکی “مۆدێرنیتێ” چەکەرە بکات و ببێتە کێشە و ئیشکالییەتێکی دیاریکراو.

رەنگە بە سەرهەڵدانی دوو چەمک بتوانین باسی لە سەرهەڵدانی مۆدێرنیتێ لە کۆمەڵگەی خۆمان بکەین، ئەویش سەرهەڵدانی “تاک” ە لە پاڵ سەرهەڵدانی “ئازادی”. بە بێ بوونی ئەم دوو رەگەزە بە هیچ جۆرێک ناکرێت ئێمە باس لە مۆدێرنیتێ بکەین.سەرجەم ئەو دەرهاویشتانەی کە جیهانی ئێمەی تەنیوە، وەکو تەکنەلۆژیای ژمارەیی، ساتەلیت، ئامێرەکانی پەیوەندی و کۆمۆنیکاسیۆن، قاوەخانەی کەلتووری و کۆمەڵگە مەدەنییەکان و رێکخراوەکانی فەمینسم و پارێزگاری منداڵ و لە پاڵ و باڵەخانەی بەرز و مێوانخانە پێنج ئەستێرەییەکان، دەرهاویشتەی کۆمەڵگەی ئێمە نین، بەڵکو لە گەڵ هەموو کالایەکی هاوردە خۆی دەکاتە نێو کۆمەڵگەی ئێمەوە و هەندێجار بە شێوەیەکی تۆپزیش جێی خۆی کردۆتەوە. ( ئەگەر کۆمەڵگەی ئێمە سامانی ژێرزەمینی نەبوایە،  بەشێکی زۆری ئەم دەرهاویشتانە بە شێوەیەکی لاوازتر بگرە هەر بنەڕەتەوە نەدەبوون.)

سەرهەڵدانی تاک و ئازادییەکانی دەبنە بنەما و ئەلفوبێی مۆدێرنیتێ . ئیدی تاک وابەستەی رابردووی خۆی نابێت، لە رێگای مەرجەعییەتێکی ئاینییەوە پێناسەی خۆی ناکات، بەڵکو لە رێگای گرێبەستییەک کە خۆی بەشداری لە داڕشتنی کردووە، خۆی دەناسێنێ و هەر ئەم گرێبەستییەشە ئازادییەکانی بۆ دابێن دەکات. ئەم ئازادییە لە هەمان کاتدا واتاکانی ژیانی بۆ دەستەبەر دەکات، لە هەمان کاتیشدا بەشدار دەبێت لە ئاسوودەیی ئەو و بە لێپرسراویشەوە مامەڵە لە گەڵ دەرەوەی خۆی دەکات.

لێرە دەبێت چەمکی ئاین سەرلەنوێ پێناسە بکرێتەوە و سەرلەنوێ گرینگی و رۆڵی لە نێو ئەم کۆمەڵگەیەدا دیاریی بکرێت و ئەویش وەکو هەموو دامەزراوێکی دیکە سنوورەکانی دیاریکراو بێت. بە واتایەکی دی، ئازادی ویژدان دەچێتە خانەی ئەو ئازادییەوە کە تاک لە ساتەوەختێکی ژیانیدا هەڵیدەبژێرێت، یا رەتی دەکاتەوە، یا رۆڵێکی بێلایەنی دەبێت. ئەم هەڵبژاردنە و رەتکردنەوە و بێلایەنییە لە لایەن یاسا مەدەنییەکانەوە هەموار دەکرێت  و دەچێتە نێو ئەو گرێبەستییەی کە تاک بە کۆمەڵەوە گرێ دەدات. نەک لە دەرەوەی ئەو یاسایانەوە، یا خودی ئەم یاسایانە نابێت لە ژێر فشاری دەرەکی نووسرابێتن، دەرەکی مەبەستم ئەوەیە لە دەرەوەی مێژووەوە هاتبێت.

یەکێک لە تەنگژە هەرە قووڵەکانی جیهانی ئێمە، واتە رۆژهەڵاتی ئیسلامی نەبوونی ئەو روونبینییە لە مامەڵەکردن لە گەڵ ئەم ئازادییەدا. چونکە هەمیشە لایەنێک قووت دەبێتەوە و بە جۆرێکی غەیبی، بە جۆرێکی وەهمی ئەم گرێبەستە لێکدەداتەوە و مێژوو دەگاتە مەرجەع، نەک لە پێناو دروستکردنی کۆمەڵگەیەک کە بیەوێ لە ناو مێژوودا هەنگاو بنێت، بەڵکو بیکاتە تەبەعییەتێک. بوونی ئەم تاکمەرجەعە گەڕانەوە نییە بۆ تاک و ئازادییەکانی، بەڵکو وەکو تاقە پێوەر سەیری خۆی دەکات و زیهنییەتی ئەکتەرەکانی لە دەرەوە زەمەنەوە هاتوون، لە ساتەوەختێکی مێژووییە و لەوێیەوە سەرچاوە قەدەری ئینسانەکان دەخوێنێتەوە.

رەتکردنەوەی چەمکی عەلمانییەتیش هەر لێرەوە سەرچاوەی وەرگرتووە. عەڵمانییەت واتە دابشکردنی دەسەڵات و سەلاحییەتەکان، سنووردانان و نەخشەسازییە لە نێوان تاک و کۆمەڵ، لە نێوان ئاین و دەوڵەت، لە نێوان مێژوو و پشتەوەی مێژوو، کەچی فیکری تاکرەهەندی دەیەوێ هەموو دەسەڵاتەکان، هەموو سەلاحییەتەکان ببەخشێتە خۆی. لە نێو ململانێی ئەم دوو چەمکە، یەکێکیان مێژووییە و ئەوی دیکەشیان لە پشتەوەی مێژووە سەری هەڵداوە، تێکەڵبوونێک دێتە ئاراوە کە لەم نێوانە تاک دەبێتە بارمتە، ئازادییەکانی دابەش دەبن و هەندێکی دەسەڵاتی سیاسی دەیقۆزێتەوە و هەندێکی دیکەشی دەسەڵاتی مینەبەرکان دەیقۆزنەوە.

کۆمەڵگەی ئێمە لەم رووەوە بە تەواویی دەبێتە ئەو بارمتەیەی کە لە نێو تێکەڵوپێکەڵییەک، بگرە لە نێو پاشاگەردانییەکی مەنهەجی دەژێت کە هێشتا زۆر زووە بیر لە سەرهەڵدانی مۆدێرنیتە بکرێتەوە.

هەر لەم سونگەیە پرسیارکردن : ئایا ئینسانی ئێمە لە زەمەنی خۆیدا دەژێت؟ بە نەخێر وەڵام دەدرێتەوە، چونکە لە هەققەتدا خودی ئەم زەمەنەیە قۆرخ کراوە. زەمەنێکی یەکگرتوو نییە، پارچە پارچەکراوە، پارچەیەکی لە مێژوویەکی غەیبییەوە دێت و دەیان پارچەی دیکەی لێ دەبێتەوە. ئینسانی لای ئێمە خاوەنی خودی خۆی نییە، تەنانەت تووشی تەغریب هاتووە.

ئەم تەغریبوونە چەمکێکی زیهنی نییە، بەڵكو دەچێتە نێو لۆچەکانی ژیانی رۆژانەوە، مامەڵەی لە گەڵ دەکات و وەکو ماددەش لە گەڵیدا هەڵ دەکات. ژیانی رۆژانەی خەڵکی لای ئێمە جۆرە کۆکتێلێکە بە بێ تام و بە بێ رەنگ و بە بێ بۆن، بەڵام نە بەرکەتیی ئاوی هەیە، نە پێداویستییەکیشە، بەڵام لە دەرەوە بۆی دێت.

لە توانایدا نییە مامەڵەیەکی ئۆرگانیکی لەگەڵ بکات، لە توانایدا نییە بهێنێتەوە بەرهەم، لە توانایدا نییە پرسیاری لێبکات، بەڵکو وەکو کوێلەیەک دەکەوێتە ژێر رکێفی سەرجەم ئەو کالایانەی کە لە دەرەوە ئاراستەی دەکرێن. چ فیکری بن، چ کالا مادییەکان. 

ئەم لاترازانە زەمەنییە وا دەکات ئینسانی لای ئێمە لە زەمەنی خۆی نەژێت، پرسیار لەبارەی ئازادییەکانی نەورووژێنێ و لە هەمان کاتیشدا وەکو تاک نایەوێت خۆی سەرلەنوێ پێناسە بکاتەوە! مۆدێرینتێ و ئێمە دوو جیهانی جیاوازین.

 

 ئەحمەدی مەلا

 

لە دوا ژمارەی لومۆند بڵابۆتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.