Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
ئەی كێ سەرۆكی چەپ و ڕاست بێت؟ … ھەژێن

ئەی كێ سەرۆكی چەپ و ڕاست بێت؟ … ھەژێن

Closed
by June 18, 2013 گشتی

 

 

 

ئەم ڕۆژانە ھەرای و گارەگاری ئۆپۆزسیۆن لەسەر خۆكاندیدكردنەوەی (مەسعود بارزانی)، وەھا تاكە خۆشباوەڕ و ناھوشیارەكانی كۆمەڵگەی بە خۆیەوە خەریككردووە؛ پرسە سەرەكییەكان، كە ڕەتكردنەوەی سەرۆكایەتی و بایكۆتی دەنگدان و ھەڵبژاردنی خراپە لە خراپتر، لەبیركراون. خاڵی نێوكۆیی ھەموو پارتەكان و ڕامیاران و دەستەبژێران لەو ھەرا و ژاوە ژاوە ڕامیارییەی میدیاكاندا، ناڕازیینەبوونی ھەمووان (پارت و گروپە دەسەڵاتخوازەكانە)ە لەسەر بوونی كەسێك لە سەرووی كۆمەڵگە و تاكەكانەوە بەناوی سەرۆك و نادژبوونی ھەمووانە بە سیستەمی خراپ لە خراپتر، كە بە واتایەكی دیكە دەكاتە؛ كۆدەنگی ھەمووان لەسەر پێویستبوونی شوانەیەك بۆ میگەلی خۆشباوەڕ و ملكەچ و ڕەوایەتیدان بە سیستەم و سەروەریی كەمایەتی بەسەر زۆرینەدا.

تا ئێرە ئاساییە، لەبەرئەوەی كە پارتەكان و ڕامیاران و دەستەبژێران بەخۆیان ھەمان خەون دەبینن و خوازیاری لابردنی شوانەیەك و جێگرتنەوەین بە كەسێكی خۆیان یا كەسێكی دیكەی دۆست و ھاوبەرەیان، ھەرواش ھەموو ھەوڵێكیان بەدەستھێنانی پلە و پایەی زیاترە بۆ پارت و سەرۆكەكانی خۆیان لە سەروەریی چینایەتیدا، ئەوەی ئاسایی نییە، جوینەوەی بنێشتی دەمی ئەوانەی سەرەوەیە بەناوی سۆشیالیزم و خەڵكی ستەمدیدەوە!

وەك زۆرێكمان دەزانین و ئاگادارین، كۆمونیزمی كرێكاری (كـ.كـ) وەك ھێڵێكی ڕامیاریی دەسەڵاتخواز لەنێو بزووتنەوەی سۆشیالیستی كوردستاندا لە ڕاپەڕیندا پێدەنێتە مەیدانی چالاكی ئاشكراوە و بە دروشمگەلیی توندی دەسەڵاتخوازانەوە خۆی بە كۆمەڵگە دەناسێنێت، كە بە “ئازادی، یەكسانی، حكومەتی كرێكاری” دەستپێدەكات و دواتر دەیكەنە دەوڵەتی سۆشیالیستی و دواتر كۆماری شورایی و ئینجا حكومەتی سكیولار و ئەمڕۆش وەك دەبینین، پارت و قسەكەرانی ئەم ڕەوتە خوازیاری سەرۆكی باشن!

ھەرچەندە لە ماوەی ساڵانی ڕابوردوودا شان بە شانی ھەرای ناسیونالیستەكان و قسەكەرانی نیئۆلیبراڵ و لیستی پۆست جەلالییەكان (نەوشیروانییەكان)، چەندین جار وتار و ھەڵوێستگیریی ڕواڵەتییانە و بازارگەرمكەرانەیان لەسەر پاوانگەریی سەرۆكی كوردستان نیشانداوە، بەڵام ھیچ كات وەك ئێستا و وەك ئەو ڕاگەیاندنەی ڕۆژی ١١ی جونی ٢٠١٣ (بارزانی بۆی نیە خۆی کاندیدکاتەوە بۆ سەرۆکی هەرێم و نابێ له‌لایه‌ن خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ ڕێگای پێبدرێ!  http://www.hawpshti.com/ku/news/4398.html)، دەستی خۆیان نەخستووەیەڕوو، لەبەرئەوە، من لەم سەرنجدانە ڕەخنەییەدا تەنیا لەسەر دوا ھەڵویێست، كە ھەڵوێستی پارتەكەیە، دەوەستم و ھەوڵدەدەم لە ڕوانگەی سۆشیالیزمی ئازادیخوازەوە، خوێندنەوە بۆ ھەڵویستەكانی ئەو ڕەوتە بكەم.

تاكتیكی ئەم ڕۆژانەی ڕەوتی كۆمونیستی كرێكاریی [كرێكاریی نەك كرێكاری] لە كوردستاندا، بە پێچەوانەی ئەو ڕۆژانەی كە لەژێر كارایی ڕاپەڕین و شۆڕشگێڕیی جەماوەردا دروشمی بریقەداری بەرزدەكردەوە، وەك ھەموو ڕەوتە ڕامیار و دەسەڵاتخوازەكانی دیكەی كۆمەڵگەی چینایەتی، قەرەبالخی لە خۆ كۆكردنەوەیە بە ھەر نرخێك بووە، ئامانجیەتی. بە بۆچوونی من، ئەو تاكتیكە سروشتیترین و ئاساییترین و كەتوارییترین ڕاستی پشتپەردەی پاگەندەی ھەموو پارت و ڕەوتە دەسەڵاتخوازەكانە، ئەمە ئاساییە، بەڵام بەمەرجێك كە بەناوی خەڵكی ژێردەستە و سۆشیالیستخوازەوە نەبێت !

پارتی كۆمونیستی كرێكاریی كوردستان (پكككـ) وەك قسەكەری زاڵ و دیاری ڕەوتی (كـ.كـ.) لە ھەرێمی كوردستاندا، بەیاننامەی ھەڵوێستوەرگرتنەكەی بەم دەستەواژەیەی خوارەوە دەستپێدەكات :

” بارزانی بۆی نیە خۆی کاندیدکاتەوە بۆ سەرۆکی هەرێم و نابێ له‌لایه‌ن خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ ڕێگای پێبدرێ! “

ئەگەر لە لایەنی ڕێزمانیی و داڕشتنی ئەم دەستەواژەیەی سەرەوە خۆمان لابدەین، ھەرچەندە دەبوو ئاوا بنووسرێت ( بارزانی بۆی نییە، خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم کاندیدبکاتەوە و له‌لایه‌ن خه‌ڵکی کوردستانه‌وه،‌ نابێت ڕێگەی پێبدرێت ! )، ئەوا ھێشتاكە لە ھەناوی خۆیدا فەرمانێكی ناكەتواریی و پارادۆكسێكی ئاشكرای ھەڵگرتووە. كاتێك كەسێك بڵێت ” بارزانی بۆی نیە خۆی کاندیدکاتەوە بۆ سەرۆکی هەرێم “، كەواتە لە لوتگەی بڕیاردانەوە قسەدەكات و بەلایەنیكەمەوە دەسەڵاتی یاسایی ڕەایەتیپێدان یا پێنەدانی ھەیە، وەھا بڕیار و دەربڕینێت، ھی لێژنەی باڵای دادوەریی و چاودێرانی یاساییە! پاشان ئەم نیوەدێڕەی سەرەتا لەتەك نیوەدێرەكەی كۆتایی، كە تەواوگەری ئەمە ” نابێ له‌لایه‌ن خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ ڕێگای پێبدرێ! ” ناكۆكە، چونكە نیوەدێڕی تەواوگەر، لە پێگەی ژێردەستیی و داوخوازییەوەیە، نەك ھاوترازی فەرمان و چەكوشھەڵبڕینی یاسایی لێژنەی باڵای دادی وڵاتێك!

ھەروەھا بێجگە لەو سەرنجانەی سەرەوە، بەیانگەری بۆچوون و بڕوابوونی پارتی ناوبراوە بە ڕەوایەتی پۆستی سەرۆكایەتی، كە لە ڕوانگەی ئازادیخوازیی و تەنانەت لیبڕاڵیی خۆراواوە، بێجگە لە شوانەیی تاكەكەسێك بۆ كۆمەڵگەی وەك مێگەلڕاگیراو، ھیچی دیكە نییە! پرسیارەكە ئەوەیە، ئەگەر لە لیبراڵێكی ئەوروپی بپرسیت؛ كێت پێباشە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی وڵاتەكەت؟ ئەوا دەستبەجێ وادەزانێت كامێرای شاراوەیە و گاڵتەدەكەیت یا دەبەنگێكی و لە خێوەتی خێلەكانەوە ھاتوویت! ئاخۆ بێجگە لە ھەلپەرستی و ھەڵپەی دەسەڵات و ئەكتەربوونێكی نەزانانە لە ململانێی نێوان دەسەڵاتدارانی پڕۆ-لیستی سەروز و دەسەڵاتدارانی پڕۆ-لیستی زەرد، چیدیكە ھاندەری وەھا ھەڵویستگیرییەكی خێڵەكییانە بێت ؟

ئەگەر ھەر كەسێك سەرەواوێك لە خۆھوشیاریی و ئەزموون و كەتواربینی لەمەڕ كۆمەڵگەی چینایەتی و كۆمەڵگەی ھەرێمی كوردستان ھەبێت، ئەوا ئەوە دەركدەكات، كە سەرۆك و سەرۆكایەتی دیاردەی سەردەمی خێڵایەتی و پێكھاتەی خێڵە، ئیدی ئەو سەرۆكە ئەكادێمیستێك بێت یا ڕیشسپی یەكێك لە خێڵەكانی ھۆزی جاف یا خێڵەكانی دەشتی ھەولێر و بارزان! چونكە سەرۆك لوتكەی دەسەڵاتە لە پێكھاتەی قوچكەییانەی خێڵدا، لە ھیچ سەردەمێكدا گۆڕینی ئەم سەرۆك بەو سەرۆك یا دیارییكردن و پابەندكردنی ئەو پۆستە و بەستنەوەی میكانیزمەكانی ھەڵبژاردنی بە بنەما قوچكەییەكانی سیستەمی پارلەمانییەوە ھیچی لە كڕۆك و خواستی خێڵەكییانەی بوونی سەرۆك نەگۆڕیوە! ئەگەر مەسعود بارزانی سەرۆكی پێكھاتەی خێڵەكیی سیستەمی ڕامیاریی ھەرێمی كوردستان و پارت و پارلەمانەكەی بێت یا نەوشیروان و دكتۆر كەمال سەید قادر و دكتۆر كەمال میراودەلی و سەركۆی پارتی كۆمونیستی كرێكاریی كوردستان (پكككـ)، ئایا ھیچ لە كڕۆكی ناھاوچەرخانە و شوانەییانەی سەرۆكایەتی دەگۊڕێت؟ ئەگەر نا، بۆچی (پكككـ) لەبری بەرزكردنەوەی دروشمی “نا بۆ سەرۆكایەتی” دروشمی ھەلپەرستانەی “نابێت ڕێگە بە مەسعود بارزانی بدرێت، خۆی ھەڵبژێرێتەوە”ی بەرزكردووەتەوە؟ ئایا ھەڵویستە پەیوەندی بە ڕێكەوتن و ئاشبوونەوەی (پكككـ) و (ینكـ) ھەیە ؟

“کێشمەکێشی لایەنەکان‌و پرسی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی سێباره‌ی مه‌سعود بارزانی، بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی، ڕه‌وتی هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتووی کوردستانی له‌به‌رده‌م کۆڵانێکی داخراودا ڕاگرتووه‌.  “

من وەك خوێنەرێك و ئاشنای دروشمە بریقەدارە ڕواڵەت ئاگراوییەكانی ڕەوتی كۆمونیزمی كرێكاریی (كـ.كـ)، ئەم پرسیارە دەمھێنێتە قسە، ئەگەر ئەو ڕەوتە، وەك لە پاگەندە ڕامیارییەكانیدا بانگەشەدەكات؛ خوازیاری كۆمەڵگەی سۆشیالیستی و ناچینایەتییە، ئەدی چی لە مامەخەمەیی بۆ پڕۆسەی پاراستینی سەروەری چینایەتی، بەواتایەكی دی، چی لە كردنەوەی دیواری داخراوی بەردەم ڕەوتی ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی كوردستان داوە، قوتاركردنی دەسەڵاتی بۆرجوازی كورد، ئەركی لیستەكەی (نەوشیروان موستەفا)یە یا ئەركی ” پارتی پێشڕەو” ؟ ئەگەر نا، چ ئامانج و ھاندەرێكی گوماناوی لە پشت ئەو ھەرایە خۆی شاردووەتەوە ؟

” هه‌وڵه‌کانی پارتی‌و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی‌و پێداگریان بۆ دانانه‌وه‌ی مه‌سعود با‌رزانی له‌سه‌ر کورسی سه‌رۆکایه‌تی، جگه ‌له‌وه‌ی کە سروشتی سیاسه‌تی پاوانخوازی‌و ڕاگرتنی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی  ئیستای کوردستان له‌ده‌ستی بنه‌ماله‌ی بارزانیدا، ئاشکراده‌کات، “

كاتێك خوێنەر ئەم دەستەواژانە دەخوێنێتەوە، پەیامێكی شەرمنۆكانەی ڕامیاریی ھۆشمان ختووكەدەدات، كە دەیەوێت پێمانبڵێت ڕامیاریی و سیستەمە ڕامیارییەكان و پارتەكانی دیكە، چەپاوڵگەری دەسەڵات و سامانی كۆمەڵگە و  پاوانگەری ئازادی و سەربەخۆیی تاك نین! من وەك خوێنەرێكی بەدەربەست و سەرنجدەر، لەو دەربڕینەی سەرەوەدا، ناتوانم ڕەتكردنەوەی پێكھاتەی بنەماڵەیی دەسەڵات و بەێوەبەرایەتی كۆمەڵگە بەھەند وەربگرم، چونكە ڕەتنەكردنەوەی سەرۆكایەتی، ددانپێدانانی ناڕاستەوخۆیە بە پێكھاتەی بنەماڵەیی بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگە. وەك پەندە كوردییەكە دەبێژێت ” گۆشتخۆر نین و گۆشتاوخۆرن”، ئاخر ئەگەر كەسێك یا گروپێك دژی پێكھێنانی بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگە لەسەر بنەمای بنەماڵەیی بێت، بخوازێت و نەخوازێت، دەبێت دژی بوونی پۆستی سەرۆكایەتی بێت و ڕەتكردنەوەی سەرۆك لەسەر ئاستی كۆمەڵگە، ئەلف و بێی خەباتی بێت.

ھەروەھا ناكرێت دژی بنەماڵەگەریی بۆ لایەك بیت و چاوپۆشی لە بنەماڵەچیەتی لایەكی دیكە بیت. ئەوی ئاگاداری مێژووی شاخ و شاری ھەردوو پارتی سەرەكی ناسیونالیزمی كوردبێت، ئەوە دەزانێت، كە ئەو پارتانە لەسەر سێكوچكەی پێكھاتەی خێڵەكی – بنەماڵەیی – خزمەتكاریی بۆ داگیركەران پێكھاتوون و خۆیانڕاگرتووە. (ینكـ) لەبەر خاتری “برا بەعسییەكانی سوری”یەیان لە ١٩٧٦دا دەستیاندایەوە چەك و (پدكع)یش وەك داردەستی شا و دواتر خومەینی، دایانەوە شاخ و بوونە ھۆی بیانی وێرانكردنی زیاتر لە ٣٠٠٠ گوندی سەرسنووری و ئەنفالكردنی سەدان ھەزار جوتیار  و كیمیابارانكردنی ھەڵەبجە و ناوچەكانی دیكەیان دایەدەست  ڕژێمی بەعس. ئەو دوو پارتە لە ماوەی تەمەنیاندا، تەنیا خێڵایەتییان زیندوونەكردووەتەوە، بەڵكو كولتووری خۆفرۆشی و بەرلەشكری داگیركەریان لە كوردستانا كردە باو و بوونە ھۆی دروستكردنی دوژمنایەتی قوڵی كۆمەڵایەتی لەنێوان گوند و شار و ھەرێمەكاندا و لەو ڕێگەیەوە، گەورەترین خزمەتیان بە نەخشە ڕامیاریی و ئابوورییەكانی ڕژێمی بەعس و كۆماری ئیسلامی ئیران و توركیە و سوریە كرد و تا ئێستاكەش، تاكی كورد باجی ئەو ڕامیارییانە دەدات. ھەڵبەتە ئەو ھەمووە لە خۆڕا و لە نەزانییەوە نەبوو، بەڵكو ڕێخۆشكەریی بوو بۆ چەپاوڵ و پاوانگەریی و دژەجەماوەرییەك، كە ئەمڕۆ ھەموو ھێزیكی ڕامیاریی بەپێی سەنگ و سووكی ھێز و بوونی كۆمەڵایەتی، بەشێكە لەو چەپاوڵ و پاوانگەرییە!

” پارتهو بارزانی لەماوەی ٨ ساڵی رابردوودا هەوڵیان داوە دەسەڵاتی یەكحزبی‌و بنەماڵەیی بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا داسەپێنن،” 

كەواتە، ئەگەر پارتی بڕوای بە پلورالیزمی ڕامیاریی ھەبووایە، ھەنووكە ” پارتی پێشڕەوی كرێكاران” گلەیی لە پارتی نەدەبوو، ھەروا كە گلەیی لە یەكێتی نەماوە! گرفتی تاكی چەوساوەی ئازادیخواز لە كۆمەڵگەی چینایەتییدا، لە تاكپارتییبوونی سیستەمی فەرمانڕەوایییەوە دەستپێناكات و لە بوونی فرەپارتییدا كۆتایینایێت. بەڵكو گرفتەكە لە خودی (بوونی) پارت و كۆمەڵە و دەستەبژێرە ڕامیار و دەسەڵاتخوازەكانەدایە، كە بێجگە لە ھێزی مشەخۆری بێبەرھەم، ھیچی دیكە نین و ھیچیش بە كۆمەڵگە و ژیانی تاك پێشكەش ناكەن وبەرھەمناھێنن!

كوردواتەنی ئەمە شێوەنی ھەریسەكەیە! باشە، لەسەر بنەمای ئەو سیستەمە ڕامیارییەی، كە خودی (پكككـ) دەیكاتە ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵاتی بنەماڵەیی (پدكـ)، ئەگەر لە سبەینێدا، بە قەزاوقەدەر ھەلێكی ئاوا بۆ (پكككـ) ھەڵبكەوێت، كە ھێزی سەرەكی یا ھێزێكی وەك (پدكـ) بێت، ئایا ڕازی دەبێت نەیارەكانی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتیدا دروشمی “بروخێ پكككـ” بەرزبكەنەوە یا ھەوڵی لاوازكردنی بدەن؟

من بۆ خۆم، گومانم ھەیە، كە پەڕجووی ئاوا ڕووبدات، چونكە مێژووی چەند سەد ساڵەی پارتایەتی ئەوەی نیشانداوە، كە پارتایەتی واتە ئامراز و تۆڕی ڕاوكردنی تاكە ناڕازییەكان بە دێوجامە و دروشمی بریقەدار و بەرنامەی ڕازاوەی ناوەڕۆك خاڵی. ئیدی ئەو پارت لە ھەر قوماشێك و  ھەڵگری ھەر ماسكێك بێت؛ نەتەوەیی، ئایینی، چەپ، نیشتمانی یا دێمۆكراسی و سكیولار!

” … پارتی‌و مەسعود بارزانی نەخشەمەندانە کاریان کردووە بۆ پەرەدان‌و داسەپاندنی کەشوهەوای کۆنەپەرستی بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا، یاسای فرەژنیان پەسەندکردووە‌و هەوڵیان دا یاسای پاراستنی پیرۆزیە ئایینیەکان تێپەرێنن، … . لەماوەی سەرۆکایەتی بارزانیدا خۆپیشاندانی جەماوەری  بۆ نان‌و ئازادی‌و کەرامەتی ئینسانی خەڵتانی خوێن کرا. داهاتی کوردستان‌و نەوت لەلایەن دەسەڵاتدارانی بنەماڵەی بارزانیەوە بەتاڵان دەبرێ‌. خێزانی بارزانی لە گەورەترین دەوڵەمەندەکانی جیهانن‌و‌‌ سەدان هەزار لاوی کوردستانیش بەدەست بێکاریەوە گیرۆدەبوون‌و هەزاران خێزانیش لەخوار هێڵئ هەژاریەوە ژیان دەگوزەرێنن.. لەژێرسایەی دەسەڵاتدارێتی بارزانیدا هەزاران ژن تیرۆرکراون، دەزگای جاسوسی وولاتان لە کوردستاندا تەراتێن دەکەن، سوپای ووڵاتانی ناوچەکە بۆمبارانی هاوڵاتیانی مەدەنی کوردستان دەکەن، نانبڕین، ڕفاندن، تیرۆر لەدژی ڕوناکبیر، رۆژنامەنووس، مامۆستای زانکۆ، هونەرمەند، گۆرانی بێژ، سیاسی، چەپ و کۆمۆنیست… بەڕیوە دەچیت.

چ ڕێكەوتنێكی ڕامیاریی لە پشت ئەم یەكدیوبینین و یەكلایەنی لێكدانەوەیەوە وەستاوە؟ ئەوەی كە پارتی و سەرۆكەكەی لەو كار و بڕیارانەدا پشكی شیریان بەردەكەوێت، گومان ھەڵناگرێت، بەڵام ئایا پەسەندكەرانی ئەو بڕیارانە ھەر بە تەنیا ئەندامانی (پدك) بوون، ئەی (ینكـ)یەكان چی و چی كارەبوون ؟ 

ئەگەر پاشڕەوانی (نەوشیروان موستەفا)ی پۆست-جەلالی وەھا پەرەگرافێكیان دابڕشتایە، ھیچ جێگەی لۆمە نەدەبوون، چونكە نە پاگەندەی كۆمونیستبوون دەكەن و نە كەسیشیان بەناوی ئەركی كۆمونیستەوە بەكوشتداوە ! من تێناگەم و نازانم، ئەندامان و لایەنگرانی (پكككـ) چۆن ئاوا بێدەنگ لە پشت ڕاگەیاندن و ھەڵوێستی “بانێك و دوو ھەوا”ی پارتەكەیان و ڕابەرەكانیان دەوەستن و ھیچ پرسیار و سەرنجێكیان لەلا دروستنابێت؟ 

ئاخۆ پاداشتی وەھا ڕێكەوتنێكی ڕامیاریی چەند بێت، كە ئاوای لە نووسەرانی ئەو دێڕانە كردووە، وەك كەرتە پارتەكانی (حشع و حسك و زەحمەتكێشان و ئیسلامییەكان)ی سەردەمی شەڕی نێوخۆ، تەنیا كۆنەپەرستی و تیرۆر و سەركوت و سیخوڕیی و نانبڕین و تاڵانی لایەنێك ببینن، وەك ئەوەی لایەنەكەی دیكەی ڕێكەوتنی ستراتیجی نوێنەرانی بۆرجوازی كورد لەسەر مەریخ فەرمانڕەوابووبێت؟ یا قسەكەرانی (حكككـ) ڕەشەبای ڕاگەیاندنی پۆست-جەلالییەكان [نەوشیروانییەكان] ڕاپێچیكردوون؟

بەڕاستی بەدبەختییە، كاتێك مرۆڤ ببێتە كۆیلەی حەزە دەسەڵاتخوازییەكانی، چونكە تووشی ھەموو سازش و رێكەوتنێكی ڕامیاریی دەكات. لایەنگرانی ڕەوتی (كـ.كـ) كاتێك كە (ینكـ) شاربەدەری كردن، ھەروەك ئێستا لەبەرامبەر سەركوتگەرییەكانی (پدكـ)دا چاوپۆشیاندەكرد، ھەر ئەوەش بوو، كە پەروەندەی تیرۆری ھاوڕێیان (نەزیر عومەر و شاپوور و قابیل)ی تا ڕێكەوتنەوەیان لەتەك (ینكـ)دا پێداخستن و ئەم ڕۆژانە، پاش ١٥ ساڵ ھاوڕێیانی تیرۆركراویان بیركەوتووەتەوە!

 

” ئەگەر ئەوە کارنامەی بارزانی بێت، ئایا شایستەی ئەوەیە کە جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆکی هەرێم‌و باڵاترین پۆستی سیاسی‌و ئیداری کوردستانی بدرێتەدەست.. “

بە بۆچوونی من ھیچ كەس شایستەی سەرۆكایەتی ھیچ كەسی دیكە نییە، چونكە كەسی ئازادیخواز، پێویستی بە سەرۆك (شوانە) نییە! ئایا لە ڕوانگەی “پارتی پێشڕەو”ەوە كەسی دیكە ھەیە، كە شایستەی ئەوەبێت كۆمەڵگەی بۆ بكاتە مێگەل و چارەنووسی بداتە دەست شوانەیی ئەو؟ 

ئەم دێڕانە، ئەو دیو دێوجامەكەی سۆشیالیزمی (حكككـ) دەخەنەڕوو، كە ھیچ گرفتێكی لە بوونی شوانە ڕامیاریی و باڵا و پایینی ڕێكخستن و بەڕێوەبەرایەتی قوچكەیی كۆمەڵگە نییە، تەنیا گرفتی دەموچاوی ئەم و ئەو و تەنیا خەمی پابەندبوونی شوانە ڕامیارییەكانە بۆ یاسا بۆرجوازییەكان!

” ئایا یەکێك لە خواستەکانی خەڵکی کوردستان‌ بەهەمان شێوەی جەماوەری ڕاپەریوی ناوچەکە لەدژی دەسەڵاتی سەرکوتگەری بۆرژوایی، کۆتاییهاتن بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی‌و گواستنەوەی دەسەڵات نەبوو لەباوکەوە بۆنەوەکانی!؟ “

گرفتی ” ڕابەرانی پارتی پێشڕەو” ھەر ئەوە نییە، كە سەرەتا و كۆتایی دەستەواژەكانیان لەتەك یەكدیدا ناكۆك دەوەستەوە، بەڵكو دەستەپاچەییە لە خاڵبەندی و جیاكردنەوەی جۆری ڕستەكان و شوێن و بە دوای یەكداھاتنی نیشانەكانی كۆتایی ڕستەیە و داڕشتن و چۆنیەتی لێكدانەوەی نیوەڕستەكانیشە. بڕواناكەم زمان ھەبێت، كە لە كۆتایی ڕستەكانیدا نیشانەی سەرنجڕاكێشان و ھەواڵدان لە پێش نیشانەی پرسیارەوە دابنرێت، ھیوادارم ئەگەر خوێنەر زمانێك شكدەبەن، وەك زانیارییەكی ڕێزمانی لەتەك مندا بەشی بكەن، زۆر سوپاسگوزاردەبم!

بەڵێ، منیش دەڵێم، بەلایەنی كەمەوە یەكێك لە ئاواتەكانی خەڵكی ڕاپەڕێوی كوردستان ئەوەبوو، كە كۆتایی بە ھەموو یاسا و ڕامیارییەكانی سەردەمی فەرمانڕەوایی ڕژێمی بەعس بێت، بەڵام تا كاتێك كە تاكەكانی كۆمەڵگە مل بە شوانەیی ئەم و ئەو بدەن و كۆمونیستەكانی لەجیاتی ڕەتكردنەوەی سەرۆكایەتی، گلەیی لە چۆنیەتی سەرۆكایەتی بكەن و خوازیاری شوانەی باشن بۆ كۆمەڵگە، ئایا ئیدی ئاواتێكی ئاوا نابێتە خەونێكی زۆر دوور؟!

” ئایا ئەوە بەس نیە بۆئەوەی بارزانی بۆی نەبێت کە جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم کاندید بکاتەوە!؟ “

من دەڵێم نەخێر، ئەگەر ئێوە لە بەسبوونی كەڵەگاییەوە قسەدەكەن و بەرەنگاربببنەوە، چونكە وەك پێشتر وتم، ئەگەر “پێشڕەوی” كۆمەڵگە ئێوەبن و ئێوەش بەو جۆرە، لەبری ڕەتكردنەوەی سەرۆكایەتی، كە كۆنەپەرستانەترین دیاردە و پاشماوەی كۆمەڵگەی خیڵەكییە، خەریكی وردەگرییبن ! باشە ئەگەر مەسعود بارزانی ئەو وردەگیرییانەی ئێوە نەگیرتایەتەوە، كەواتە بەپێی ئەو پێوەرەی پێوە مافی ئەوەی دەبوو، ھەموو تەمەنی سەرۆكتان بێت ؟

ھەڵبەتە گرفت یا سەرچاوەی وەھا وردەگیری و خولانەوەیەك لە بازنەی گلەیی و گازەندەی كاتی و ڕواڵەتییدا، لە ھزری چەپ بەگشتی و ڕەوتی (كـ.كـ)دا، زۆر لەوە قوڵتر و ڕیشەییترە، بۆ نموونە چەپ، بێكاری و ھەژاری و بێسەرپەنایی و جەنگ دەكاتە بەڵگە و بیانووی سەرەكی ڕەتكردنەوەی سیستەمی نادادوەرانەی سەرمایەداری، نەك بوونی سەروەریی چینایەتی، كە ھەموو ئەو بیانووانەی سەرەوە، دیاردە و دەردراو و بەرھەمی ئەون! وەھا ئەنجامگیرییەك بەھۆی نەبوونی دەرك و ئەزموونی دەستەبژێری ئەو ڕەوتانەوە نییە، ھەرچەندە پابەندبوون و شوێنكەوتوویی بەشی پاشڕەو و خوارەوەی (ئەندامانی) پارتەكانی ئەو ڕەوتانە لە كەمدەركی و گیرۆدەبوونیاندایە، بەڵكو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە وەھا بۆچوون و ئەڵتەرناتیڤێكیان ھەیە، ئەگەر یەكسانی ئابووریی ھەبێت، ئەگەر پارت و گروپەكەی ئەوان سەروەربێت، ئیدی كۆتایی بە سەركوت و نایەكسانی و نادادوەریی دێت! ئەمە ئەو زەلكاوەیە، كە بە درێژایی مێژوو و بەتایبەت چەند سەدەی ڕابوردوودا تاكی ناڕازی تێدەكەوێت و ئیدی دەرچوونی لە خۆشباوەڕیی بە سەروەریی سەرۆكی باش و میرایەتی باش و پارتی باش و ڕابەری باش و …تد بۆی ئاسان نییە و بەردەوام لەم پارتەوە بۆ ئە پارت، لە دەنگدان بەم لیست بۆ دەنگدان بەو لیست، پاشڕەوی ئەم كەس بۆ پاشڕەوی ئەو كەس بازدەدات و دەستەمۆ و دۆشداماو و متمانەبەخۆنەبوو، لە چاوەڕوانیی فریادڕەسدا دەمێنێتەوە. ئەمە ئەو زەلكاوەیە، كە بەھۆی ڕامیاریی و سیستەمی ڕامیاریی و پارتایەتی، ساڵ بە ساڵ و  مانگ بە مانگ و ڕۆژ بە ڕۆژ ، لە ھۆشی تاكی خۆشباوەڕدا خەستردەكرێتەوە.

” لەلایەکی دیکەوە بارزانی دوو دەورەی سەرۆکایەتی تەواو کردوەو بەپێی یاساکانی خۆشیان بۆی نیە بۆ جاری سێهەم خۆی کاندید بکاتەوە.  ……. مه‌سعود بارزانی به ‌هیچ جۆرێک بۆی نیە خۆی کاندیدکاتەوەو  نابێ ڕێگای خۆکاندید کردنه‌وه‌ی پێبدرێ. ته‌نانه‌ت به‌پێوانه‌ی خودی یاسا و ڕێسا و ده‌ستورێکه‌وه‌ که‌پارتی یه‌ک لایه‌نه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا به‌ڕیوه‌ی ده‌بات ئه‌و مافه‌ی له ‌بارزانی سه‌ندۆته‌وه‌و نابێ ڕیگای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نێو ‌بازنه‌ی سه‌رۆکایه‌تی، به‌هیچ پاساوێک پی بدرێ. “

ئیدی بۆ منی خوێنەر، دەربڕینی ملكەچانە و پابەندانەی ئەم سۆشیالیستخوازانەی “ئاخرزەمان”، ھیچ بوار بۆ گومان لە چینەكردنی ئەم گروپە لە بۆشاییە یاساییەكانی سەروەریی چینایەتییدا ناھێڵێتەوە. ئەی ئەگەر یاسا چینایەتییەكەی ھەرێمی كوردستان ئاوا بووایە، كە سەرۆكایەتی ھەریێم ماوەی خولەكەی دیاریكراونەبووایە، نووسەرانی ئەم بەیاننامە، چ پەیامێكیان بۆ كۆمەڵگە دەبوو؟

باشە ئەگەر خودی یاساییەك، كە پارتی یەك لایەنە لە ھەرێمی كوردستندا دەیسەپێنێت، ئەو مافەی لە مەسعود بارزانی سەندبێتەوە، كە لە دوو خول زیاتر خۆی كاندید بكاتەوە، ئەدی چۆن دەتوانین بڕوا بە پارادۆكسی نێوان دێڕەكانی ئەم بەیاننامەیە بكەین، كە لەلایەكی دیكەوە دەلێت ” هه‌وڵه‌کانی پارتی‌و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی‌و پێداگریان بۆ دانانه‌وه‌ی مه‌سعود با‌رزانی له‌سه‌ر کورسی سه‌رۆکایه‌تی، جگه ‌له‌وه‌ی کە سروشتی سیاسه‌تی پاوانخوازی‌و ڕاگرتنی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی  ئیستای کوردستان له‌ده‌ستی بنه‌ماله‌ی بارزانیدا، ئاشکراده‌کات، هاوکات تاکتیکێکه‌ بۆ پاراستن‌و درێژه‌دان به سیاسەت‌و ‌ستراتیژێک که‌ پارتیهو سه‌رۆکه‌که‌ی له‌ماوه‌ی 8 ساڵی سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌یدا به‌سه‌ر کوردستاندا سەپاندوویانەو به‌ڕێوه‌یان بردووه‌. ” ؟!

ئەوەی لە ساڵی ١٩٦١وە لە ھەرێمی كوردستاندا ژیابێت، ئەوە دەزانێت، كە ھیچ كات (پدك) و  ئەندام و لایەنگرەكانی خاوەنی بۆچوون و بیركردنەوەی جیاواز و ناكۆك بە بۆچوون و بیركردنەوەی ڕابەران و سەركردایەتییان نەبوون، چونكە ئەندامانیان لە بنی بنەوە تا دەگاتە كۆمیتەی ناوەندی ئەو پارتە، كۆیلەیەكی دڵسۆزی سەركرادیەتی و بنەماڵە و ڕابەری ئەو پارتەن. ئیدی لە وەھا كەتوارێكدا ئاوەزی كەسێك، كە لۆجیك بنەمای بیركردنەوەی بێت، بواری ڕیزكردنی وەھا پووچگوتن و پووچڕیزكردنێكی پێنادات، كە بڕوا بە خۆی بھێنێت، كە دانەرانی یاسا و دەستوورەكانی نێو (پدكـ) و میرایەتییەكەی، كەسانی دەرەوەی بنەماڵە بن و كاتێك كە ئەوە باری كەتواریی شتەكان بێت، ئیدی چۆن سەركردایەتی پارتی كە ئەندامانی بنەماڵەن، دژی بەرژەوەندی و خواست و سەروەریی خۆیان یاسا و دەستوور دەنووسنەوە و بەسەر خەڵكی ژێردەستی خۆیاندا دەیسەپێنن؟!

ئایا ئەمە پارادۆكسی نالۆجیكی بیركردنەوە و بوونە بەشێك لە بەرەی ھەڵای ڕەوایەتیدان بە پۆستی سەرۆكایەتی، بە بەرزكردنەوەی داخوازیی پاپەندبوون بە یاسای سەرۆكایەتی و  ھەڵبژاردنی سەرۆكێكی دیكە نیییە؟ ئەگەر نا، چی بووەتە ئافەرێنەری ئەو پارادۆكسەی كە مەگەر خودی نووسەرانی بەیاننامەكە سەری لێ دەربكەن!

” خه‌ڵکی کڕیکارو زه‌حمه‌تکێشی کوردستان، لاوان‌و ژنان‌و ئازادیخوازان، که‌ به‌درێژایی 8 ساڵی رابردوو، به‌شیوازی جۆراوجۆر ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕیوه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوەرییان به‌دژی دەسەڵاتی بنەماڵەیی‌و پارتی‌و سیاسه‌ته‌کانی به‌ئاستی جیاواز له‌خۆ نیشانداوه‌، “

پێش ئەوەی لەسەر ناوەڕۆكی پەیامی ئەو دەربڕینە پرسیار ئاراستەی نووسەرانی بكەم، حەزدەكەم بەگشتی لە دروشمدەرەكانی چەپ بەگشتی بپرسم؛ ئایا كەسانی [نەك خەڵكی] كرێكار و زەحمەتكێش، لاو و ژن و ئازادیخواز نین یا بە جۆرێكی دیكە، لاوان و ژنان و ئازادیخوازان، كەسانی كرێكار و زەحمەتكێش نین و تیایاندا نییە؟ ئەدی ئەو جیاكردنەوە و ڕیزكردنە بۆ چییە و چی دەگەیێنێت ؟

ئەی ئەو “كرێكار و زەحمەتكێش و لاو و ژن و ئازادیخوازان”ەی، كە لە ھەشت ساڵی ڕابوردوودا دژی دەسەڵاتی بنەماڵەیی تاڵەبانی و (ینكـ) و دژی ئۆپۆزسیۆن و ڕامیاریی و  پارتەكانی ئەنگۆ بوون، چی؟ ناڕەزایەتییەكانیانن بۆ ئێوە چی دەگەیێنن؟ ئەگەر ڕەوان، ئەی لە كوێی پاگەندەی ئێوەی سەردەمی گاڵتەجاریی ھەڵبژاردن و سووكایەتی پۆستی سەرۆكایەتیدا، دەوەستن ؟

 ” بەڵکو دەبێ هەوڵەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش بۆ گێرانەوەی بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم لەژێرناوی هەموارکردنەوەی دەستوردا پووچەڵ بکەنەوەو هاوکات له‌پێناو ده‌ستکۆتاکردنی سه‌رتاپای ده‌سه‌ڵاتی بنەماڵەو کارکرده‌ سیاسیه‌کانی پارتی، له‌سه‌ر ژیانی ئێستاو داهاتویان بێنه‌ مه‌یدانه‌وه‌. “

باشە لەو بارەوە، جیاوازیی ئۆپۆزسیۆنی پارلەمانی و “پارتی پێشڕەو” لە چیدایە، لە كاتێكدا كە ھەر دوو لاتان لەسەر ڕەوایەتی بوون و مانەوەی پۆستی سەرۆكایەتی كۆكن، لە كاتێكدا كە پێداگری لەسەر پاراستنی یاسای سەروەریی بۆرجوازی دەكەن، لە كاتێكدا ھەر دوو لاتان خۆشباوەڕیی بە پەرجووی سەروەری باش و گۆڕینی ئەم سەرۆك بەو سەرۆك، پەخشدەكەنەوە ؟

” خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان به‌ خه‌باتی هوشیارانه‌و یه‌کگرتووی خۆیان‌و به‌کۆبوونه‌وه‌ له‌ده‌وری شیعاری “مه‌سعود با‌رزانی، بۆی نیە خۆی کاندیدکاتەوە‌” و “نا بۆ دەسەڵاتی بنەماڵە” ده‌توانن هه‌نگاوێکی گه‌وره‌ بە ئاقاری پێكهێنانی ئالوگۆڕێکی ڕیشه‌یی له‌سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی کوردو حزبه‌کانیدا هەڵبێننەوە. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئه‌م خه‌باته‌دا ڕاده‌وه‌ستێ.   “

پێش ھەموو شت، گەورەیی و ڕیشەییبوونی ئەو ھەنگاوە لە چیدایە، كە ئامانجی گۆڕینی ئەم شوانەی ڕامیار بەو شوانەی ڕامیار بێت و خۆشباوەڕیی بە ھەڵكەوتن و لەدایكبوونی سەرۆكی باش لە لای تاكی ناھوشیار و خۆشباوەڕ دروستبكات؟! ئەی مەگەر بڕیارنەبوو ڕەوتی (كـ.كـ.ـ) و (پكككـ) سیستەم و دەسەڵاتی بۆرجوازی كورد لەنێوبەرێت و پارتەكانی پوچەڵبكاتەوە؟ ئیدی چ پێویست بە بانگەوازكردن بۆ ڕیفۆرم ” پێكهێنانی ئالوگۆڕێکی ڕیشه‌یی له‌سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی کوردو حزبه‌کانیدا ” دەكات؟! لە كاتێكدا كە بڕیار بێت سیستەم و دەسەڵاتی بۆرجوازی كورد واتە سەروەریی چینایەتی وێڕای ئەو ” ئالوگۆڕێکی ڕیشه‌یی”یەی كە (پكككـ) مژدەی دەدات، ھەر سەروەر بمێننەوە، ئیدی ڕیشەییبوونی ئەو ئاڵوگۆڕە لەچیدایە و “پارتی پێشڕەو” چ چاوەڕوانییەكی لەو ئاڵوگۆڕانە ھەیە؟ ئایا بێجگە لە ڕیفۆرمی ئەو سیستەم و دەسەڵات و پارتانە بە مەبەستی درێژكردنەوەی خۆشباوەڕیی تاكی ناڕازی، بە ئامانجی پاراستنی سیستەمی سەروەریی چینایەتی، كە حەز و ئاواتی ڕابەڕابی “پارتی پێشڕەو”یشە وەك (پدك) و ڕابەرەكانی، چی دیكە دەگەیێنێت، كە “پارتی پێشڕەو” ئاوا مژدەی بەسەر  ” خه‌ڵکی کڕیکارو زه‌حمه‌تکێشی کوردستان، لاوان‌و ژنان‌و ئازادیخوازان،”دا دەبەخشێتەوە ؟

خوێنەری ھێژا، من وەك خوێنەرێكی بەسەرنج و ڕەخنەگر، ئاوا لە ئامانجی ڕابەرانی ” پارتی پێشڕەو” تێدەگەم، كە بەتەمان لە ئاوی لخن و لێڵدا ڕاوە ئەندام بكەن. ئەوان دەخوازن بە چاوپۆشی لە سەركوت و نایەكسانی و نادادوەریی ھاوپەیمانێكی سترارتیجی (پدكـ) لە نوێنەرایەتی بۆرجوازی كورددا، سۆز و دژایەتی ناھۆشیارانەی تاكی فریوخواردی لایەك بەرامبەر لایەكی دیكە، بقۆزێتەوە و سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی لەسەر بكەن. بە بۆچوونی من و ناسینی من، دەكرێت ئەمە ھەم بە ئەزموونگیریی لە ڕامیارییە چەپەڵەكانی لیستی نەوشیروانییەكان و ھەم بە ڕێكەوتنی ستراتیژی لەتەك باڵەكەی دیكەی دەسەڵات، لێكبدرێتەوە!

ئەوەی وەڵام و پاساوی قسەكەران و ڕابەرانی “پارتی پێشڕەو” بۆ ئەم پرسیار و سەرنجانە، چییە، ھیج لەوە ناگۆڕێت، كە ھەڵوێستگیرییەكی شەرمنۆكانەی دەسەڵاتخوازییە و توانای بڕینی سنوورەكانی ئاوەزی سەروەریی و پاساوەكانی ڕەوایەتی سیستەمی چینایەتی نییە و ھەمان خۆشباوەڕیی لەلای تاكی ناڕازی كەم ھوشیار دروستدەكات، كە نۆ ساڵە خاوەنی كۆمپانیای وشە و قسەكەرانی لیستی پۆست جەلالییەكان (نەوشیروانی)یەكان كاری لەسەر دەكەن و سەرمایەگوزاری لەسەردەكەن. خۆ ئەگەر ڕابەرانی ” پارتی پێشڕەو” لەو بڕوایەدان، بەم پووچگەراییە، جەماوەریی دەبنەوە، بە بۆچوونی من پێویستە خۆزگە بە سەردەمی ناجەماوەریی و تەریككەوتەییان بخوازن، ھەر چۆنێك بوو، درشمەكانیان زەرق و بریقێكی لای ئەندامانی ملكەچ و گوێڕایەڵیان دروستدەكرد، بەڵام بە ھەڵدانەوەی ئەم زەلكاوەی كە ئێستا تێیكەوتوون، بۆگەنییان لە ھەلپەرستیی ڕامیارییدا، تەنانەت ئەو ئەندامە دەستەمۆیانەشیان كە تا ئێستا ماونەتەوە، وڕوكاسدەكات!

بەبۆچوونی من، چ ئێستا و چ بیست و دوو ساڵ لەمەربەر، تەنیا دروشم و بۆچوونێك، كە دەیتوانی و دەتوانێت ڕادیكاڵ (ڕیشەیی) بێت، دژایەتی پۆستی سەرۆكایەتیی (شوانەیی ڕامیاریی) و بەئاگاھێنانەوەی تاكی ناڕازی كەم ھوشیاری كوردە، لەوەی كە ئەو دیو واتای بوونی سەرۆك و پۆستی سەرۆكایەتی، دەكاتە مێگەلبوونی تاكەكانی كۆمەڵگە و تەنیا وەھا مێگەلییەك، دەتوانێت شوانەیی ڕامیارێك، بكاتە پێداویستی كۆمەڵگە!

كەواتە وەڵامدانەوە بە وەھا پرس و پرسیارێك، دەمانخاتە دووڕییانی ڕەتكردنەوەی ڕێكخستن و پێكھاتەی قوچكەیی، كە خێڵ وەك قۆناخ و نموونەی ھەرە سەرەتاییەتی و سەرۆك بەرزترین لۆتكەی دەسەڵات و سەروەرییەتی یا ملدان و پاراستنی پاشماوەی خێڵایەتی و ڕیفۆرمی میكانیزمەكانی مانەوە و چۆنەیەتی خۆپاراستنی، كە لەم پەروەندەی بەردەستماندا، چەند ساڵ جار كردنی خولی ھەڵبژاردنەوەی ئەو سەرۆكایەتییەیە!

ناكرێت، تۆ دژی خێڵایەتی بیت و كەچی پەیوەندی و ڕێكخستن و ڕێساكانی خێلایەتی ڕەتنەكەیتەوە. سەرۆكایەتی یەكێكە لە تایبەتمەندییە ھەرە دیار و تایبەتەكانی خێڵایەتی، ئیدی چ سەرۆكی دەستەبژێڕ و سەرۆكی پارت بێت یا سەرۆكی پارلەمان و سەرۆكی میرایەتی و دەوڵەت بێت. ڕیفۆرمكردن یا پەیڕەوكردنی ڕێساكانی خێڵایەتی، بەو جۆرەی كە “پارتی پێشڕەو” لە مەسعود بارزانی دەخوازێت، ناكاتە ئاڵوگۊڕی ڕیشەیی! چونكە ئاڵوگۆڕی ڕێشەیی واتە گۆڕانی پێكھاتە و دیاردەیەك، واتە تێداچوونی، واتە دابڕان لە سەرەتاكەی، لەم پەروەرندەدا واتە نەمانی پۆستی سەرۆكایەتی!

لەبەرئەوە، ھەڵبژاردنی ڕێگەی ڕیفۆرم و پێداگرتن لەسەر یاساكانی سەرۆكایەتی، كۆنەپەرسترین بۆچوون و بیركردنەوەیە و بێجگە لە سووڕانەوە لە بازنەی ڕاگرتن و پاراستنی پەیوەندی و ڕێكخستنی خێڵەكییانەی كۆمەڵگە، ھیچی دیكە بەرھەمناھێنێت، پێویستە “پارتی پێشڕەو” خۆی یەكلایی بكاتەوە و وەڵام ڕاستگۆیانە بە داخوازی و خەونی سۆشیالیستانەی ئەندامە خۆشباوەڕەكانی بداتەوە. ھەروەھا كاتی ئەوە ھاتووە، ئەندامانی “پارتی پێشڕەو”، كە بە خەیاڵی خۆیان، لەو پارتەدا خەبات بۆ ھێنانەدی كۆمەڵگەی سۆشیالیستی دەكەن، لە دووی وەڵامی ئەم پرسیارانە بن؛ شۆڕشی سۆشیالیستی، شۆڕشێكی كۆمەڵایەتییە یا بەشداری ھەڵبژاردنی پارلەمانی و پیلانی ڕامیاریی؟ شۆڕشی كۆمەڵایەتی، ڕەتكردنەوەی سەروەریی چینایەتییە بە لەنێوبردنی خاوەندارێتی تایبەت و كاریكرێگرتە، یا دەوڵەتییكردنەوەی ڕێكخستنی ئابووری و بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگە و دیكتەكردنی لەلایەن “پارتی پێشڕەو”ەوە ؟

 

خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەیاننامەكەی (پكككـ) لەمەڕ پرسی سەرۆكایەتی، تكایە كرتە لەسەر ئەم لینكە بكەن :

http://www.hawpshti.com/ku/news/4398.html

١٣ی جونی ٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.