گه‌زه‌ی مێشووله .. ١.. سەلام ناوخۆش
پێشتر زه‌نم وابوو ڕۆژنامه‌ی چاو‌دێر له سه‌ر شكاندنی شكۆی ئه‌و كه‌سانه دروستبووه كه وه‌ك خۆیان بیر ناكه‌نه‌وه , به‌ڵام له مه‌سه‌له‌ی من و پێنجوێنی خۆ‌یا تر بوو به‌وه‌ی زه‌ن و گومانه‌كه‌م بووه یه‌قین . ئاخر چۆن گومان نه‌بێته یه‌قین , نووسینی كه‌سێك بڵاوبكه‌نه‌وه كه وه‌ك مه‌لا مه‌شهور بیر بكاته‌وه به‌وه‌ی بشفڕێ هه‌ر بزنه , كه‌چی من وه‌ك خه‌سره‌و جاف-له كتێبی درۆیه كاوه زۆهاكی نه‌كوشتووه- ده‌ڵێم له‌و 60000 دێره شیعره , فیرده‌وسی ته‌نیا 29 ی تایبه‌تكردووه به كاوه ! ئه‌رێ ئه‌و كاوه خه‌یاڵیه‌تان له كوێ هێنا؟؟
سه‌ره‌تا نه‌مده‌ویست له‌گه‌ڵ كه‌سێكی وه‌ستای هونه‌ری قسه‌ی وه‌ك پێنجوێنی بكه‌ومه دایه‌لۆكی بێزه‌نتیه‌وه , چونكه ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و كۆنه كۆڵكه فه‌قێیه, له ڕێگای هه‌ندێ وتاره‌وه بیناسم , له‌و كه‌سانه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی لۆژیكی مه‌عریفه‌یه, ئیشی ئه‌و ئه‌وه‌یه بوختان ببه‌شێته‌وه , نه‌ك له لۆژیكی مه‌عریفه‌وه گوێ بگرێ, ئه‌گه‌رنا وتاره‌كه‌ی به هه‌ر سێ به‌شه‌وه (ئه‌وه‌ی تایبه‌ت به من بووه )به قه‌د كێشی مێشووله‌یه‌ك ڕاستی لێ مێوان نییه , به‌ڵام ئه‌فسووس به قه‌د گه‌زه‌ی مێشووله‌یه‌ك كاریگه‌ری هه‌بووه , چونكه له جیاتی مژۆڵكردن به كاری خۆمه‌وه , خه‌ریكی كردم به وه‌ڵامدانه‌وه‌ی قسه بێ بنه‌ماكانی .هه‌روه‌ها له‌م وتاره سێ به‌شیه‌مدا ئیسپات ده‌كه‌م , كه پێنجوێنی به قه‌د گه‌ردیڵه‌یه‌ك ڕاستی نه‌وتوه , واتا ئه‌وه‌ی له وتاره‌كه‌ی ڕاسته , دووباره‌كردنه‌وه‌ی قسه‌كانی منه, ئه‌وه‌ش له درێژی وتاره‌كه‌مدا به به‌ڵگه ده‌سه‌لمێنم.
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی له به‌شی چواره‌می وتاره‌كه‌ی له دوا ژماره‌ی چاودێردا , هاتووه , ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی به‌نده‌یه به چه‌ند ناونیشانێك وه‌ڵامبده‌مه‌وه .
1. گه‌زه‌ی مێشووله
چونكه پێنجوێنی له ده‌ره‌وه‌ی زانكۆیه , ئاگاداری دابی زانكۆ نییه , به ئاره‌زووی خۆی قسه‌ی ڕووت هه‌ڵده‌ڕێژێت , ئه‌حمه‌د جاف گوته‌نی قسه‌ی ڕووتیش ناچێته گیرفانه‌وه . پێنجوێنی گوێ به‌وه‌نادات كه پرانسیپه‌كانی ڕه‌خنه‌گرتن چۆنن , ده‌بێت له سه‌ر چ بنه‌ما و شه‌نگستێك ڕه‌خنه له به‌رانبه‌ره‌كه‌ی بگرێت , بۆیه قسه‌كانی ده‌رباره‌ی من و براده‌ره‌كانی تر به‌قه‌ده‌ر ئێشی گه‌زه‌ی مێشووله‌یه‌ك به ئازاره( ئه‌گه‌ر یاسای ڕۆژنامه‌نووسی ئاكتیڤ بووایه , ده‌كرا سكاڵایه‌ك له سه‌ر ڕوشاندنی كه‌سێتی مه‌عنه‌وی دژی تۆمار بكه‌م , به‌ڵام نامه‌وێ ئه‌و كه‌سه دوور و نزیك له زاكیره‌م ئاماده‌گی هه‌بێت)
2.لۆژیكی بوختان
ئه‌و هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌زانێت ئازادی به به‌رانبه‌ره‌كه‌ی نه‌دات , به‌رانبه‌ره‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی شرۆڤه بكات , كه شه‌پۆڵی ناسیۆنالیستی كوردی ده‌یه‌وێت جارێكی تر به ئه‌زموونێكی بێبه‌رهه‌م تاكی كورد تاقیبكاته‌وه! حه‌فتا ساڵێك كورد به ماركسیه‌ت تاقیكراوه و چه‌نده‌ها لاوی كورد بوونه خۆراكی ئه‌و بیرۆكه‌یه, پاش هه‌ره‌سی ئه‌و بیرۆكه‌یه , كه‌سانی وه‌ك پێنجوێنی ده‌یانه‌وێت كورد به ئه‌فسانه تاقیبكرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له كاروانی ڕزگاربوون له چاو نه‌ته‌وه‌كانی ناوچه دوابكه‌وێت.ئه‌و ژیانه ڕابردوو خوازیه ته‌واو دژی پایه‌كی مۆدێرنێته‌ی رۆژئاواییه!
له نووسینه‌كه‌ی به‌یان به هیچ جۆرێك :
1. باسی ئاكتیڤبوونی ئیسلام نه‌كراوه ,
2. هه‌ر وتاره‌كه له بنه‌ڕه‌تدا ئیسلامی نییه , ته‌نها گوتاری وتاره‌كه ده‌رباره‌ی ڕاستی گوتن له‌گه‌ڵ ئیسلام هاوڕایه.
3. نووسینه‌كه به لۆژیكی ئه‌كادیمی نووسراوه ,
4. وه‌ك نووسه‌رێك نه‌مگوتوه : زوحاك , ئه‌ژدیهاكه , كۆرش كاوه‌یه : ئه‌و قسانه قسه‌ی فیرده‌وسی و ع. سه‌رسامن!! له وه‌ڵامی ئه‌و قسانه وتومه ئه‌و قسانه پارادۆكسیه‌ك له گه‌ڵ ڕه‌وتی ڕوداوی مێژوو دروستده‌كه‌ن .دیاره پێنجوێنی له تێگه‌یشتنی ڕسته‌ی كوردی كێشه‌ی هه‌یه؟!
5. نزیكبوون له سه‌له‌فی جیهادی
له كۆمه‌ڵگای كوردیدا ئیسلامی‌بوون به‌ستراوه‌ته‌وه به حیزبیبوون له پارتێكی ئیسلامی , به‌نده دوور و نزیك دووره له‌و ئینتیما ئۆرگانیه .خۆم په‌سندی سه‌ربه‌خۆی ده‌كه‌م , نه‌ك وابه‌سته‌یی به حیزبێكی سیاسیه‌وه.
به‌و قسانه ده‌رده‌كه‌وێ نووسینه‌كانم , كه به قه‌د به‌ژنی پێنجوینی ده‌بن , چ كاریگه‌ریه‌كی ده‌روونی له پێنجوێنی كردووه , ئه‌گه‌رنا به پێی ڕه‌خنه‌ی نوێ , ئه‌گه‌ر ناوی سه‌لام ناوخۆش له سه‌ر تێكسته‌كه لاببه‌ین , ده‌رباره‌ی نووسینه‌كه ,خوێنه‌ری ئاكتیڤ , كه به هیچ جۆرێك قسه له سه‌ر هه‌ژموونی ئیسلامی ناكات , چونكه نووسینه‌كه دوور و نزیك ئیسلامی نییه , به‌ڵكو ئه‌كادیمیه. ئه‌و زانیاریه میدیاییه‌ی پێنجوێنی ده‌رباره‌ی وتاره‌كه‌م جێگای پرسیاره!
ئه‌وانه مانای ئه‌وه نییه , كه من شانازی به موسلمانبوونی خۆم ناكه‌م , به‌لكو ته‌واو شانازی به موسلمانبوونی خۆم ده‌كه‌م , به‌ڵام له ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ڕای ئیسلامم له مه‌سه‌له‌كه دوورخستۆته‌وه.
3.لۆژیكی دژه‌هه‌بوونی ژێده‌ر
هه‌بوونی ژێده‌ر بۆ ساغكردنه‌وه‌ی ڕایه‌ك به‌شێك له ئه‌كادیمیبوون ده‌گه‌یه‌نێت .سه‌باره‌ت به وه‌رگێرانی وتاره‌كه‌ی شاناڤاز ده‌رباره‌ی ته‌مه‌نی عائیشه‌خان له‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه , كه دكتۆری ناوبراو به‌ڵگه‌كانی هه‌موو له سه‌ر سه‌رچاوه‌ی ئاسمانی و مێژوویی وه‌رگرتوون , ئه‌و دیارده‌یه وه‌ی لێكردم بابه‌ته‌كه‌ی له ئینگلیزی وه‌ربگێڕم .ئه‌گه‌رنا وه‌ك له كتێبه‌كه وتومه عائیشه‌خان ته‌مه‌نی 9 ساڵ بێ یان 18 ساڵ تۆزقاڵێك له باوه‌ڕی من ناگۆڕێت.زانایه‌ك له‌و باره‌وه ده‌ڵێت :” مه‌عریفه‌ی ئێمه‌ی پیاو چه‌ند زۆربێت ده‌رباره‌ی هه‌بوونی زاتی خودا , ناگاته یه‌قینی پیره‌ژنێك كه سه‌رچاوه‌ی له شێوه‌ی بنیاتی خۆی و شته سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی سروشت سه‌رچاوه‌ی گرتووه .”
سه‌باره‌ت به وشه‌ی نیادرتال , نیاده‌رتال یان نیادتال هیچ ناڵێم, چونكه تۆ ئینگلیزی نازانیت , ئه‌گه‌رنا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ت نه‌دوروژاند!
نووسینه‌كانی جه‌نابت یان له سه‌ر زانیاری میدیایی دامه‌زراون یان له سه‌رچاوه‌ی لێڵه‌وه ده‌رهێنراون . نموونه‌یه‌كی زیندوو ده‌هێنمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی لاو حاڵی ببی: عه‌لی باپیر له به‌رنامه‌ی ڕوداو و مێژووی ئێن ئاڕ تی , وتی نه‌وشێروان , كه له ناو لایه‌نگرانی به ماركسیه‌كی سه‌رسه‌خت ناسرا بوو , كاتێ له ڕوانگه‌ی قورئانه‌وه ئیسلامم بۆ شرۆڤه‌كرد , نه‌وشێروان وتی ئه‌گه‌ر ئیسلام ئه‌وها بێ حه‌ج ده‌كه‌م “
بۆیه گرنگه قورئان له ژێده‌ری قورئانیه‌وه سه‌یر بكرێ , نه‌ك قورئان له دیدی نه‌صرانی و ماركسی و دیموكراسیه‌وه ببینرێت, ئه‌مه حاڵه‌تی نائه‌كادیمیه‌ته!تۆ ته‌واو له سه‌ر ئه‌وه ئیش ده‌كه‌ی شته‌كان له سه‌ر بنیاتی دژه‌كان ببینی!
كاك پێنجوێنی تۆ له سه‌رچاوه‌ی لێڵه‌وه له قورئان ده‌ڕوانی , بۆیه نووسینه‌كانت هه‌موو مۆركی نائه‌كادیمبوونی لێده‌نرێت , كه‌چی ئه‌وه‌ی من له وه‌رگێران و مێژوو و زمان …ده‌نووسم بوونه‌ته ژێده‌ری زیاتر له 40 ماسته‌رنامه و دكتۆرانامه.ده‌بێت ئه‌و هه‌موو ماسته‌ر و دكتۆرانامه‌یه هه‌ڵه بن یان گومانه‌كانی تۆ؟ با زانكۆ له سه‌ر ئه‌وه به جواب بێت بزانن نووسینه‌كانی من ڕه‌سه‌ن ئامێزن یان قسه میدیه‌كانی تۆ؟
4.جه‌ژنی دار و دره‌خت و ئه‌ده‌بیاتی به‌عسی
سه‌یره! وه‌ك بڵێی پێنجوێنی له سه‌رده‌می به‌عس نه‌ژیاوه؟ شوبهاندنی نه‌ورۆز به جه‌ژنی دار و دره‌خت , جۆرێكیتره له زه‌وتكردن و سته‌می نه‌ته‌وه‌یی , چونكه ئه‌وه‌ی وه‌ك پێنجوێنی بانگه‌شه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌كات كه نه‌ورۆز په‌یوه‌ندی به سروشته‌وه هه‌یه , ڕێك له دیتنی شۆڤینی ناسیۆنالیستی به‌عس سه‌رچاوه‌ی گرتووه:” له كاتێكدا جه‌ژنه‌كه سروشتیه چونكه جه‌ژنی به‌هار و سه‌ری ساڵی سروشتیه…” صدام ده‌رباره‌ی نه‌ورۆز چی ده‌وت : ئایا وه‌ك تۆ به جه‌ژنی دار و دره‌خت و به‌هاری دانه‌ده‌نا؟
نه‌ورۆز كه ناسیۆنالیستی كوردی پاشخان سیكیوله‌ری , به رۆژی نیشتیمانی داناوه وه‌ك جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان كردوویه‌ته سێ رۆژ , ده‌یه‌وێ ڕوداوێكی ئه‌فسانه‌یی ببێته ئه‌لته‌رناتیڤی جه‌ژنێێكی دینی. دڵنیا به , تاكی كوردی باوه‌ڕی ئه‌وها نییه , كه نه‌ورۆز له گۆڕانی سروشتی هاتبێت . ئایا تاكی كورد باوه‌ڕی به‌وه‌یه , كه نه‌ورۆز له زه‌گمه‌كی سۆمه‌ری هاتبێت ؟! یان له زیندووبوونه‌وه‌ی ده‌مووز هاتبێت؟ نازانم هه‌تا كه‌ی كه‌سانی وه‌ك پێنجوێنی ئیش له سه‌ر شلۆغانی هزری هاوڵاتی كورد ده‌كه‌ن ؟ ئایا ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن ماندوویان ده‌كه‌ن , به‌س نییه؟؟ كاكی نووسه‌ر , ئه‌و نه‌ورۆزه‌ی تاكی كورد له 21ی ئازار یادی ده‌كاته‌وه دوور و نزیك په‌یوه‌ندی به زگمه‌كی سۆمه‌ری و زیندووبوونه‌وه‌ی ده‌مووز و به‌هاره‌وه وه نییه , به‌ڵكو له ئه‌فسانه‌ی كاوه و زوحاك سه‌رچاوه‌ی گرتووه و شیعره‌كه‌ی پیره‌مێردیش له سیه‌كان باشترین به‌ڵگه‌یه , ئه‌گه‌ر به هه‌بوونی به‌ڵگه قه‌ناعه‌ت ده‌ینی , ئه‌گه‌رنا وه‌ك خودا پێمان ده‌ڵێ :”هه‌موو قورئان به به‌ڵگه بۆ به‌رانبه‌ره‌كه‌ت شرۆڤه بكه‌ی , قه‌ناعه‌ت به ڕاستی گوتن ناهێنیت؟؟” چونكه به كورتی ئه‌و كه‌سانه گوێیان ئاشنا نییه به بیستنی ڕاستی گوتن هه‌روه‌ها وه‌ك بڵێی تووشی ئه‌فاسیای وێرنیكا بووبیت گوێت له بیستن كه‌وتووه , ته‌نیا زمانت ئیش ده‌كات بێئه‌وه‌ی بزانی چ ده‌ڵێت ؟؟ ئه‌گه‌ر به‌ستنه‌وه‌ی نه‌ورۆز به به‌هار بۆ مرۆڤێكی نه‌خوێنه‌وار باس بكه‌ی , بێ یه‌ك و دوو لێ‌كردن تۆمه‌تی به‌عسیبوونت بۆ هه‌ڵده‌به‌ستێ. ئه‌گه‌ر باوه‌ڕیش ناكه‌ی له پیاوێكی سه‌رده‌می به‌عس بپرسه.
6. جادوكه‌ر و وه‌ستایانه و هه‌ڵه و فه‌ساد
سیما و ئه‌دگاری منن یان جه‌نابت؟؟
بابزانین كێ قسه‌ی هه‌ڵه ده‌كا و قسه ده‌گۆڕێ؟ یان به جادكردنه‌وه ده‌زانی به‌رانبه‌ره‌كه‌ی چ ناسنامه‌یه‌كی هه‌یه ؟ ئه‌وه‌ی من نووسیومه یان ئه‌وه‌ی تۆ نووسیوته بۆ وریاكردنه‌وه‌ی تاكی كوردانه ؟ نووسینه‌كانی من فه‌سادن یان ئه‌وه‌ی تۆ؟ با له‌و سه‌ردێرانه‌ی خواره‌وه وه‌ڵامت بده‌مه‌وه:
– باوه‌ڕبوون به هه‌بوونی مرۆڤی چاوه و نیاده‌رتالی نه‌خوێنه‌وار
باوه‌ڕكردن به هه‌بوونی مرۆڤی نیاده‌رتالی نه‌خوێنه‌وار , گاڵته‌كردنه به مێژووی مرۆڤایه‌تی . قورئان وه‌ك تێكستێك كه باس له ئه‌ندازه‌ی جینات و هاوسه‌نگیه‌كی بێوێنه‌ی سوره‌ته‌كانی ده‌كات , دوور له هه‌موو ئایدۆلۆژیایه‌ك وا له مرۆڤ ده‌دوێت , كه به جۆرێك له فریشته و جنۆكه زیره‌كتر بووه .پێنجوێنی گاڵته‌ی به‌و گوتاره ئیلاهیه دێت , باوه‌ڕ به كه‌سێكی وه‌ك خۆی ده‌كات كه مرۆڤ له سه‌ره‌تا هۆڤانی و نه‌خوێنه‌وار بووه؟؟
-قسه‌كردن به زاری نووسه‌ری به‌رانبه‌ر نه‌نگیه
قسه‌كردن به زاری نووسه‌ر سیفه‌تێكی زۆر كرێته. پێنجوێنی جادووه‌ك ده‌كات , كه من گوتومه :” به هه‌مان شێوه له به‌رگێكی ئه‌كادێمیاییدا هه‌ڵوێستێكی باكگراوه‌ند ئیسلامی ده‌ربڕیوه دژی نه‌ورۆزی كوردی…” ژماره‌ی ناوبراوی به‌یان له به‌ر ده‌سته دوور و نزیك هه‌ڵوێستێكی باكگراوه‌ند ئیسلامی دژی نه‌ورۆز ده‌رنه‌براوه . ئه‌گه‌ر بمویستایه وه‌ك هه‌ردوو نامیلكه‌ی ” حوكمی جه‌ژنی نه‌ورۆز ” و حوكمی جه‌ژنی نه‌ورۆز له ئیسلامدا ” بدوێم به ئاسانی ده‌منووسی نه‌رۆز مولكی نه‌ته‌وه‌كانی مه‌جووسیه!! به‌ڵام نووسینه‌كه‌ی من ئه‌كادێمییه سه‌لماندوومه نه‌ورۆز كوردی نییه. ئه‌و ڕایه‌شم نوێ نییه , له كۆتایی نۆوه‌ده‌كان له گۆڤاری گازی له قسه‌كردن له‌گه‌ڵ د.محمد سالح زێباری و د. یاسین سه‌رده‌شتی وتومه له سه‌ده‌ی 21 شه‌رمه‌زاریه تاكی كورد باسی ئاگركردنه‌وه بكات و له 2003 له رۆژنامه‌یه‌ك ڕای خۆم ده‌رباره‌ی نه‌ورۆز ده‌ربڕیوه و ئێستاش خه‌ریكی كتێبێكم به ناوی ئه‌فسانه و بنیاتی نه‌ته‌وه.
له شوێنێكی تر ده‌نووسێت :” به‌ڵام نوسه‌ر و ئه‌كادێمسته ئیسلامیه‌كانی وه‌كو سه‌لام ناوخۆش زۆر لێزانانه و وه‌ستایانه….” بیركردنه‌وه‌ی پێنجوێنی وه‌كو ئه‌و شاعیره ناوداره‌ی كورد وایه , كه ئێمه 4 مامۆستای زانكۆ له‌گه‌ڵی دانیشتین , یه‌كێك له‌و مامۆستایانه ته‌نیا به ناوی ره‌خنه‌گره كورده‌كانه‌وه گووتی ” ئه‌وروپا ئه‌و هه‌موو ساڵه له نێو شیعره‌كانت دیار نییه؟” من له نێوان شاعیره‌كه و مامۆستاكه دانیشتبووم , شاعیره‌كه به توڕه‌یی وتی :” به‌و قسانه خوێنت به ده‌مارم داهێنا…” ئه‌و شاعیره هێنده ره‌خنه له ده‌سه‌ڵات ده‌گرێ , له نێو نه‌وه‌ی نوێ به‌و قسانه ناسراوه , به‌ڵام چونكه ئه‌و گوێی هه‌ر ئاشنا بووه به ستایش و په‌سندكردن , گوێی به‌رگه‌ی ئه‌و ڕه‌خنه ناڕاسته‌وخۆیه‌ی نه‌گرت. منیش له ده‌ره‌وه به مامۆستایه‌كانم گوت:” هه‌ر چا بوو جه‌نابی وه‌زیری رۆشنبیری نه‌بوو , ئه‌گه‌رنا نووسینه‌كانی ئێمه‌ی فه‌لاقه ده‌كرد!!” به ڕاستی هه‌ر چاك بوو پێنجوێنی وه‌زیری خوێندنی باڵا نه‌بوو , ئه‌گه‌رنا هه‌ر مامۆستایه‌ك قسه‌كه‌ی به‌عسی ده‌رباره‌ی نه‌ورۆز دووباره نه‌كردباوه , كه نه‌ورۆز له به‌هاره‌وه هاتووه , فه‌لاقه‌ی ده‌كرد یان هه‌ر ده‌ریده‌كرد.(له به‌شی دووه‌م به به‌ڵگه‌ی قسه‌ی خۆی ده‌سه‌لمێنم پێنجوێنی چه‌ند دكتاتۆره , به‌ڵام دكتاتۆری سیاسی نا به‌لكو دكتاتۆری وشه!)
له لایه‌كیدی پێنجوێنی جادووێكی تر ده‌كات به‌وه‌ی :” بیری ئایینیی ناوبراو له ته‌ژمه ئیسلامیه-به‌بنه‌ڕه‌ت –سه‌له‌فی جیهادیه‌كه‌وه نزیكه….” خۆم دووباره شانازی به‌وه ده‌كه‌م لای خودا ئیسلامی بم , به‌ڵام نووسینه‌كه‌م ئه‌كادێمیه و دووره له‌وه‌ی ئایدۆلۆژیای خۆم تێكه‌ڵ به ڕای زانستی بكه‌م. ئه‌و ئیستنباته‌ی پێنجوێنی دووره له هه‌موو عورفێكی ئه‌كادێمی. هه‌روه‌ها پێنجوێنی ده‌رباره‌ی من زۆر بێ ئه‌ده‌بانه ده‌نووسێت :” سه‌لام ناوخۆش وه‌ستایانه ئه‌م پاڵنه‌ره ده‌شارێته‌وه و شتێكی ده‌رده‌خات, وه‌كو ئه‌و جادوگه‌ره…”نووسینه‌كه‌ی به‌یان-19-3-2013 له‌مێژ نییه , خوێنه‌ر ده‌توانی زوو به ده‌ستی بخات , كه به عه‌قڵێكی ئه‌كادێمی نووسراوه و دووره له هه‌ر پاڵنه‌رێك , به‌ڵام شوبهاندنی من به جادوگه‌ر وروشاندنی كاره‌كته‌ری ئه‌كادێمییه .ئه‌و دیتنه سه‌قه‌ته بۆ كه‌سێتی هه‌ر كه‌سێك دیتنی كه‌سه‌كه له كاره‌كته‌ری خۆی سه‌رچاوه‌ی گرتووه .پێنجوێنی كه به جادوویی شت ده‌نووسێت وا ده‌زانێت هه‌موو كه‌س له سه‌ر ئه‌و بنیاته شت ده‌نووسێت, بۆیه پێویسته موراجه‌عه‌یه‌كی خۆی بكات.به‌پێی بیركردنه‌وه‌ی خۆی شوناس بۆ كه‌س بنیات نه‌نێت.
7. هه‌ڵه حاڵیبوونی پێنجوێنی له وتاره‌كه‌م
ده‌مه‌وێ ئه‌و هه‌ڵه‌حاڵبوونه له چه‌ند خاڵێك كورتبكه‌مه‌وه:
1. نووسینه‌كانی من كاریگه‌ری له سه‌ر خوێنه‌ری كورد هه‌یه , له نه‌زه‌ر پێنجوێنی ئه‌مه‌ش له سایه‌ی كه‌مته‌رخه‌می و لێنه‌هاتوویی ئه‌كادێمیای كوردیه‌وه دروستبووه . به‌رانبه‌ر به‌م خاڵه هیچ ناڵێم , با ئه‌كادیمیه‌كان وه‌ڵامی بده‌نه‌وه.
2. كه زوحاك ته‌عریبی ئه‌ژده‌هاكه ئه‌وه ڕای ع.سه‌رسامه,
3. زوحاك ناوێكی عه‌ره‌بیه بۆ كرێتكردنی كه‌سایه‌تی عه‌ره‌بی ئه‌مه ڕای فیرده‌وسییه,
4. شه‌رم بكه كه‌ی من گوتومه كه كاوه ئه‌ژده‌هاكی روخاندوه,
5. دووباره شه‌رم بكه كه‌ی من گوتومه له‌ناوبردنی ئه‌ژده‌هاك له لایه‌ن كاوه‌وه هه‌روه‌ها كه‌ی من گوتومه له‌ناوبردنی زوحاك له‌لایه‌ن كاوه‌وه. ته‌واوی وتاره‌كه‌ی من له سه‌ر ئه‌وه دامه‌زراوه‌وه , كه به پێچه‌وانه‌ی نه‌ورۆزی كوردی , نه‌ورۆزی فارسی به پێی قسه‌ی فیرده‌وسی و ته‌به‌ری و بۆره‌كه‌یی ته‌واو له هی كوردییه‌كه جیاوازه .ئه‌و براده‌ره شه‌رم ناكات به ئاره‌زووی خۆی قسه‌كانم ده‌گۆڕێت هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی به‌ستنه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنی كاوه به سه‌ر زوحاك ه‌وه‌به سه‌ركه‌وتنی كورۆش به سه‌ر ئه‌ستیاگه‌وه شه‌رمێكی دی پێنجوێنیه كه تووشی ده‌بێت , من وتومه ئه‌وه هه‌ڤدژیه‌ك له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ڕوداوه‌كانی ناو مێژوو پێكده‌هێنێت .شه‌رم له كه‌سایه‌تی خاوه‌ن قه‌ڵه‌م بكه چۆن درۆ به زاری من ده‌كه‌ی , ئه‌وه‌ی قه‌ڵه‌م به ده‌ستبگرێ درۆی وا زه‌به‌لاح ناكات!!!
6. بیر و ڕای من هه‌ڵه و ساخته نیین , كه بوونه‌ته كابووس بۆ ئه‌وه‌ی خه‌وی ئاسووده‌ت شاڵۆغ بكه‌ن, به‌ڵكو ئه‌وه قسه‌كانی جه‌نابتن هه‌ڵه و ساخته‌ن , به ڕۆژی روناك به ئاره‌زووی خۆت شرۆڤه‌یان ده‌كه‌ی و هێشتا نه‌مردووم و نووسینه‌كه‌م كۆن نه‌بووه قسه‌كانم ده‌گۆڕی . هه‌ر كه‌سێك شه‌رم له قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی بكات به زاری قه‌ڵه‌می به‌رانبه‌ره‌كه‌ی نادوێت.
7. دوا خاڵ له به‌شی یه‌كه‌م دڵنیات ده‌كه‌م ئه‌وه هینگته‌نه ده‌ڵێت : شه‌ڕی ئاینده شه‌ڕی ئایینی ده‌بێت , چونكه ئایدۆلۆژیا له سه‌ره‌مه‌رگه و ده‌مرێت .له‌و باره‌یه‌وه كتێبێكی زمانه‌وانیم نووسیوه .له‌بریتی ململانێی شارستانیه‌كان له‌سه‌ر ململانێی زمانه‌كان دواوم,ده‌توانی په‌یدای بكه‌ی و بیخوێنیه‌وه.
له كۆتایی ئه‌م به‌شه‌دا ئه‌وه‌نده به‌سه , من وه‌ك تۆ وه‌ستای قسه‌دروستكردن نیم , هیوادارم قه‌ڵه‌مه‌كه‌ت وات لێبكات شه‌رم داتبگری چی دی به زاری به‌رانبه‌ره‌كه‌ت نه‌دوێی , چونكه ئه‌و حاڵه‌ته سیفه‌تێكی زۆر كرێته .
به‌شی دووه‌م
بوختان كردن به زاری به‌رانبه‌ره‌كه‌ت له قسه‌ی به‌عس ده‌چێت
دووباره حه‌زمنه‌ده‌كرد له‌گه‌ڵ كه‌سێكی خوگرتو به جه‌هلی مره‌كه‌ب خه‌ریكی ململانێی مه‌عریفی بم , چونكه ئه‌و جۆره ململانێیه بێهوده‌یه و هیچ ئه‌نجامێكی نابێت.ده‌ڵێم جه‌هلی مره‌كه‌ب چونكه قسه‌ی ته‌واوی ئه‌و به‌شه‌ی هه‌ڵبه‌ستراون , قسه‌ی من نیین , به‌لكو قسه‌ی خودی پێنجوێنین , ئه‌ویش ئه‌وه ده‌زانێت ئه‌و قسانه هی من نیین , چۆن به‌عسیه‌ك قسه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌كی ده‌گۆڕی بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵاتێك وه‌رگرێت , پێنجوینیش هه‌مان شت ده‌رباره‌ی ڕای من ده‌كات , بۆیه ده‌ڵێم قسه‌كانی له جه‌هلی مره‌كه‌ب سه‌رچاوه‌یان گرتووه.له درێژایی ئه‌م به‌شه‌وه ڕاستی مه‌سه‌له‌كه ده‌سه‌لمێنم.
خۆم لام ئاساییه , ئه‌گه‌ر له مه‌سه‌له‌كه‌یدا سه‌رچیغ چوو بم , هه‌تا قوتابیه‌كی خۆم ڕه‌خنه‌م لێبگرێ بۆچوونه‌كه‌م بۆ ڕاستبكاته‌وه, ده‌رباره‌ی ئه‌و سیفه‌ته‌م قوتابیه‌كانی كۆلیژ شاهێدن , به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێنجوێنی ده‌یكات له ده‌ره‌وه‌ی پرانسیپه‌كانی ڕه‌خنه‌گرتن و زانكۆیه .ئه‌و چونكه وه‌ستای هونه‌ری قسه بۆ دروستكردنه , وه‌ك جوله‌كه‌كانی نێو قورئانن , بوختانم بۆ دروستده‌كات , ده‌ڵێ سه‌لام ناوخۆش وایگوتوه كه‌چی من وامنه‌گوتوه! ئه‌و وشه گۆڕینه له ڕه‌خنه‌گری مه‌عریفی ناوه‌شێته‌وه , چونكه ئه‌و ڕه‌خنه‌گره به پێچه‌وانه‌ی پێنجوێنیه‌وه شه‌رم له قه‌ڵه‌می خۆی ده‌كات .
له به‌شی دووه‌مدا , پێنجوێنی دووباره ده‌سه‌لمێنێت كه وه‌ستای هونه‌ری قسه‌یه.له‌م به‌شه‌شدا هه‌ر به هه‌ندێ تایتله‌وه وه‌ڵامی پێنجوێنی ده‌ده‌مه‌وه :
1. ئه‌ژدیهاك و ئه‌ستیاگ
من خۆم هه‌ر باوه‌ڕم به ئه‌فسانه‌ی نه‌ورۆز نییه . نه‌ورۆز له زه‌ینی ناسیۆنالیستی فارس و هه‌روه‌ها ناسیۆنالیستی كوردی دوو وێنه‌ی كاره‌كته‌ر جیاوازن , ئه‌گه‌ر نه‌ورۆز بوونی هه‌یه , بۆچی ئه‌فسانه‌ی فارسیكه ته‌واو له كوردیه‌كه دووره؟ له فارسیه‌كه كه‌سایه‌تی كاوه لاوه‌كیه , كه‌چی له كوردیه‌كه سه‌ره‌كیه؟ گوناهی من چیه فیرده‌وسی و مه‌سعودی و بۆره‌كه‌یی و سه‌رسام بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌ژدیهاك هه‌ر ئه‌ستیاگی میدیه؟ فیرده‌وسی و مه‌سعودی بۆیه ئه‌وه ده‌كه‌ن , كورد به لاوازی پیشانبده‌ن , بۆره‌كه‌یی و سه‌رسامیش بۆیه وا ده‌كه‌ن , ده‌یانه‌وێ مێژووه‌كی ئه‌فسانه ئامێز بۆ تاكی كورد دروستبكه‌ن؟ چوونه مێژوو وه‌ك ئه‌وان و پێنجوێنی نابیت , چونكه ئه‌گه‌ر وا بكه‌ین مێژووێیه‌كی مزه‌وه‌رمان ده‌بێت. من خۆم ته‌قه‌بوڵی ئه‌و مێژووه مزه‌وه‌ره ناكه‌م , هه‌قم له پێنجوێنی نییه به‌چی ئاسووده ده‌بی!! من وه‌ك له به‌شی یه‌كه‌م وتم چواندنی ئه‌ژدیهاك به ئه‌ستیاگ له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ڕوداوی مێژوو تێكناكه‌ته‌وه ! هه‌روه‌ها له نووسینه‌كه‌ی رۆژنامه‌ی به‌یان گوتومه ئه‌گه‌ر ئه‌ژدیهاك ئه‌ستیاگ بێت , كورد ده‌بێت له نه‌ورۆزدا پرسه دابنێت!
نازانم پێنجوێنی زمانی كوردی باش نازانێت له‌به‌ر ئه‌و پاشخانه فه‌قێییه, كه هه‌یه‌تی یان هه‌ر پێشوه‌خت بڕیاری داوه له كه‌سایه‌تی من بدات؟؟؟
2. ئه‌ژده‌هاك یان ئه‌ژدیهاك؟
پێنجوێنی خووی به‌وه گرتووه كه قسه بۆ به‌رانبه‌ر دروستبكات بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ناعه‌ت به خوێنه‌رانی خۆی بكات .من گوناهم چیه تۆ له شێوه‌ی پێنجوێنی زیاتر نازانیت؟ ئاخر هه‌ر خوێنه‌وارێكی كورد , ئه‌گه‌ر فه‌ریكه رۆشنبیریش بێ ده‌زانێت خه‌ڵكی هه‌ولێر و دهۆك ده‌ڵێن ئه‌ژده‌ها یان ئه‌ژدیها . تۆش بێه‌وه ده‌رك بكه‌ی چوار پێنج جار وه‌ك من وشه‌ی ئه‌ژدیهاك له نووسینه‌كه‌تدا به‌كارده‌هێنیت . نازانم تۆ ڕه‌خنه چی له من ده‌گری , ئه‌گه‌ر من هه‌ڵه‌م بۆ هه‌ڵه‌ی من دووباره ده‌كه‌یه‌وه؟؟ ئه‌مه ڕه‌خنه‌ی ئاخر زه‌مانه , ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریش وه‌به‌ر جه‌نابت ده‌كه‌وێت , نه‌ك كورد , چونكه تاكی كوردی رۆشنبیر دووره له‌وه‌ی ئه‌و جۆره ره‌خنه‌گره‌ی هه‌بێت !ئادامز بیزانیبا ئه‌و جۆره ڕه‌خنه‌گره هه‌یه له فه‌رهه‌نگه‌كه‌ی تۆماری ده‌كرد!!!چونكه دیارده‌یه‌كی زۆر سه‌یره: “قسه‌ی تۆ دووباره‌بكرێته‌وه , هی تۆ هه‌ڵه بێت هی ڕه‌خنه‌گر ڕاست بێت!!”
بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ری كورد به ئه‌و دیارده نامۆیه ئاشنا بیت , قسه دووباره‌كانی من ده‌كاته‌وه, بۆ نموونه :
1.ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌ژی ده‌هاكه ی ئه‌وێستا كه ئه‌ژدیهایه‌كی…
2.ئه‌ژی به واتای ئه‌ژدیها…
3.مار , گه‌وره‌مار , ئه‌ژدیها
4.ده‌قه‌كانی ڤێدادا بۆ ئاماژه بۆ ئه‌ژدیهایه‌كی
نازانم كاكی ڕه‌خنه‌گری ئاخر زه‌مان چۆن شه‌رم داتناگرێت؟!وشه‌ی من دووباره ده‌كه‌یه‌وه ئه‌وه‌ی من به هه‌ڵه هی خۆت به ڕاست له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ی؟؟
3. ئه‌ژدیهاك –زوحاك
بۆمده‌ركه‌وت كه پێنجوینی تووشی ئه‌فاسیای وێرنیكا بووه یان تووشی كوێری وشه بووه . یان بابه‌ته‌كه‌ی منی باش نه‌خوێنۆته‌وه تا به دروستی تێیبگات یان به جدی یه‌كێ له‌و دوو نه‌خۆشیه‌ی سه‌ره‌وه‌ی هه‌یه؟! ئاخر له كوێ وتومه له نه‌زه‌ر سه‌لام ناوخۆشه‌وه ئه‌ژدیهاك زوحاكه؟ یان ده‌بێ ئه‌و براده‌ره پشت وشه بخوێنێته‌وه . من ده‌ڵێم به ڕوونی فیرده‌وسی وشه‌ی زوحاكی بۆ خراپترین دڕندایه‌تی هه‌ڵبژاردووه بۆ ئه‌وه‌ی به وشه به‌شداری بكات له ڕه‌وشی سیاسی وڵاتی ئاریان . بزوتنه‌وه‌ی حروفیه به‌شێك له‌و شۆڕشه مه‌عرفیه بووه له دژی پیاوانی عه‌ره‌بی ده‌وڵه‌تی عه‌باسی .ناوی زوحاك له نه‌زه‌ر فیرده‌وسی عه‌ره‌بی بووه و گوزارشتی له ” ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بی ” ده‌وڵه‌تی عه‌باسی كردووه , له نێو كوردانیش كه‌سانی وه‌ك سه‌رسام باوه‌ڕی وا بووه , كه ” ناوی زوحاك ته‌عریبی ناوی ئه‌ژدیهاكه”( سه‌یركه سه‌رسامیش وشه‌ی ئه‌ژدیهاكی به‌كارهێناوه!!) ئه‌وه نووسه‌رانی وه‌ك فیرده‌وسی و بۆره‌كه‌یی و سه‌رسام…ده‌ڵێن زوحاك ئه‌ژدیهایه , ئه‌ژدیهاكیش ئه‌ستیاگه , نه‌ك سه‌لام ناوخۆش , به‌ڵام تۆ كه ئه‌فاسیای وێرنیكات هه‌بێ , گوناهی من چییه؟؟ زیاتر من وتومه ئه‌ژدیهاك و زوحاك دوو وشه پارادۆكس دروستده‌كه‌ن.یان كاوه به كوروش بزانم؟ سه‌ربڵندكه و له خه‌وی غه‌فڵه‌ت ڕاپه‌ڕه , من ته‌نها له ئه‌ندێشه و واهیمه‌ی تۆ گوتومه كاوه , كۆرشه! ئاخر كاوه له ئه‌فسانه فارسیه‌كه ڕۆڵی لاوه‌كیه , چۆن ده‌توانێت ده‌وری كۆڕش ببینێت , تاكه گه‌وره ده‌سه‌ڵاتی كوردی له نێوببات .براده‌ر گوتومه فیرده‌وسی كۆڕش وا ده‌بینێت و شانازی به‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی فارس به سه‌ر كورد ده‌كات هه‌روه‌ها گوتومه ئه‌گه‌ر كاوه , كۆڕش بێت پێویسته كورد له نه‌ورۆزدا پرسه دابنێت.به ڕاستی خوێندنه‌وه‌یه‌كی سه‌قه‌تت بۆ نووسینه‌كه‌م كردووه , واتشێواندووه ئیسپات ده‌كه‌ی وه‌ستای هونه‌ری وشه‌ی.
4. دكتاتۆری وشه!
كورد زۆر رقی له‌و وشه‌یه, چونكه زۆری له سایه‌ی دكتاتۆریه‌ت چه‌شتوه .هه‌ر له‌و ڕوانگه‌وه‌ش ڕه‌خنه له سه‌رۆك و سكرتێری حیزبی سیكیوله‌ری كوردی ده‌گرێت , كه سه‌ركرده‌یه‌ك له خۆوه واز له‌و پۆسته ناهێنێت!
هه‌ر چاك بوو تۆ سه‌رۆكی یه‌كێ له حیزبه سیكیوله‌ره‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌بووی , چونكه تۆزقاڵێك ده‌سه‌ڵاتت هه‌بووایه , هه‌رگیز پۆسته‌كه‌ت چۆڵ نه‌ده‌كرد.ئه‌وه‌ته ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم هیچت له ده‌ست نایه‌ت , دكتاتۆرێكی ئه‌وهای , ئه‌وانی ده‌وروبه‌رت هه‌ر ناخوێنیه‌وه. به‌ڵگه‌ش بۆ دكتاتۆریه‌كه‌ت , جگه له هه‌موو قسه‌یه‌ی بۆ منت دروستكردووه , ئه‌و قسه‌یه‌ی خۆته:
” لێره‌دا ڕونی ده‌كه‌مه‌وه ئه‌و بۆچونه چه‌نده هه‌ڵه و ناڕاسته , كه ئیتر داواكارم جارێكی تر دوباره نه‌كرێته‌وه و –دوای ئه‌م رونكردنه‌وه‌یه-داكۆكیی لێ نه‌كرێت و په‌ره‌ی پێ نه‌درێت.”دیموكراسیه‌ت چه‌ند به‌و ده‌ربڕینه‌ت نامۆیه, پێنجوێنی به هیچ جۆرێك ڕای به‌رانبه‌ر ناخوێنێته‌وه , چونكه كوڕی ده‌وروبه‌ری خۆیه‌تی , وه‌ك شاخ ڕه‌قه , یه‌كتر قه‌بوڵكردن لای ئه‌و باریكردووه و به عه‌قڵی چیا بیرده‌كاته‌وه و دووره له عه‌قڵی مه‌ده‌نی شار. گریمان ڕای من هه‌ڵه بوو, ده‌بێ به‌و عه‌قڵه قسه له سه‌ر ڕای من بكه‌ی؟؟ من هه‌ر داكۆكی له سه‌ر ڕای زانستی خۆم ده‌كه‌م و په‌ره‌ی پێ ده‌ده‌م , چونكه وا ده‌زانم ڕاستم , هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێ تاكی كورد وشیار بكه‌ومه‌وه كه چۆن ماركسیه‌ت هیچی بۆ دۆزی كورد نه‌كردو و پاش سێ چاره‌گه سه‌ده هه‌ر براكوژی و ماڵوێرانی بۆ كورد هێنا , نامه‌وێ ئه‌وجاره كۆمه‌ڵگای كوردی به ئه‌فسانه تاقی بكرێته‌وه.ده‌بێ به‌و داكۆكیه له ڕای خۆم , بكه‌ومه ناو هه‌ڕه‌شه‌كانی تۆ ؟؟
به‌كورتی
قسه‌كانم گریمانی خاوه‌ن ئارگومێنتن , بۆیه كه‌سێكی وه‌ك پێنجوینی ده‌قا و ده‌ق وه‌ك خۆیان به خوێنه‌ری ناگه‌یه‌نێت .هه‌وڵده‌دات خوێندنه‌وه‌ی سه‌قه‌تیان بۆ بكات.ئه‌و قسه نادروستانه‌ی پێنجوینیش ئازاریان ئه‌وه‌نده‌ی ئازاری مێشووله هه‌یه.له سه‌ر هه‌ق وتن ده‌رباره‌ی كه‌سایه‌تی خۆم , خۆم پێ له هه‌موو كه‌سێك بچووكتره , به‌ڵام به‌رانبه‌ر قسه بۆ هه‌ڵبه‌ستن , ئه‌وه‌نده توڕه ده‌بم نه‌بته‌وه , چونكه ئه‌و جۆره قسانه بریندارم ده‌كه‌ن , من وه‌ك پێنجوێنی بیرناكه‌مه‌وه : نه باوه‌ڕم به ئێشاندنی به‌رانبه‌ره‌كه‌مه , نه ئه‌و من بئێشێنێت.
به‌شی سێیه‌م
له ڕوانگه‌ی ناسیۆنالیستی فارسی نه‌ورۆز فارسیه
نه‌مده‌ویست وه‌ڵامی به‌شی سێیه‌م بنووسم , چونكه پێنجوینَی له هه‌ر سێ به‌شی تایبه‌ت به من , زۆر ڕاڤه‌ی چه‌واشه‌كه‌ر ده‌نووسێت , بۆیه ناچار بووم له ده‌ست ئه‌و كۆڵكه خوێنه‌واره به شێوه‌ی تایتل به جواب بێم.
1. كاوێژكردنه‌وه
پرۆسه‌ی كاوێژكردنه‌وه له نووسینی ئه‌ودا له دوو شێوه‌دا خۆی ده‌نووێنێت:
أ. كاوێژكردنه‌وه‌ی قسه‌ی هه‌ڵه سه‌باره‌ت به من
ستراتیژیه‌كی ئیستخباری له ئاست من به‌كارده‌هێنێت .له هه‌رسێ به‌شی تایبه‌ت به من , ناسنامه‌یه‌كی گوماناوی بۆ من له زه‌ین و بیره‌وه‌ری وه‌رگر دروست ده‌كات .ده‌یه‌وێ به خورتی بسه‌لمێنێت كه من وتومه:
كۆرش و كاوه یه‌كن ,
ئه‌ستیاگ و زوحاك یه‌كن ,
نه‌ورۆز ده‌به‌ستمه‌وه به ماده‌كان.
گرینگ نییه لای من كه تۆ بۆ قسه‌گۆڕینی من وه‌ك به‌عسیه‌كانی ده‌كه‌ی , چونكه من شانازی ده‌كه‌م تۆ له‌گه‌ڵ من دین جودای هه‌روه‌ها شانازیشم ده‌كرد له‌گه‌ڵ من نه‌ته‌وه‌ی جودا بای, ئه‌گه‌رنا تۆ شه‌رم ناكه‌ی ته‌واوی وتاره‌كه‌ت , له سه‌ر هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی قسه‌كانی من داده‌مه‌زڕێنی؟ من ده‌ڵێم ناسیۆنالیستی فارسی گومانی وایه كه كۆڕش كاوه‌یه , ئه‌ستیاگ ئه‌ژدیهاكه….یه‌كی وه‌ك فیرده‌وسیش شانازی به‌وه ده‌كات كۆڕشی فارسی توانیویوتی ده‌سه‌ڵاتی میدی بڕوخێنێت.
ئه‌و كاوێژكردنه‌وه‌یه دووره له هه‌موو دابێكی زانكۆیی , به‌ڵام تۆ په‌یڕه‌وی سیاسه‌تی وه‌زیری ڕاگه‌یاندنی هیتله‌ر ده‌كه‌ی :” درۆ بكه و درۆ بكه هه‌تا خۆت باوه‌ڕ به درۆی خۆت ده‌كه‌ی .” له پێناوی چی ئه‌و درۆیانه بۆ من هه‌ڵده‌به‌ستی؟؟ئاخر نووسینه‌كه‌ی من له‌گه‌ڵ هی تۆ مانگێكی به‌ین نییه؟؟
ب. كاوێژكردنه‌وه‌ی به‌راوردكردنی من به هه‌ردوو زاته‌كه‌ی تر
ئه‌و دوو زاته‌ی له‌سێ جێ ناوت هێناوت به‌وه‌ی ئه‌وان سه‌ربه‌خۆ و به ڕاشكاوی هه‌ڵوێستی خۆیان ده‌رباره‌ی نه‌ورۆز ده‌ربڕیوه , به‌ڵام من به لێڵی و ناڕاسته‌وخۆ و به شێوه‌ی ئه‌كادیمی گوزارشت له ڕای خۆم ده‌كه‌م . ئه‌و دوو به‌ڕێزه به پێی وه‌زیفه‌كه‌یان ناچارن به زمانێكی مه‌عریفی و دینی له مه‌سه‌له‌كه بدوێن بۆ ئه‌وه‌ی له ژێده‌رێكی گوماناوی وه‌ك تۆ له نه‌ورۆز نه‌گه‌ن! من قسه له ئه‌فسانه و ڕوداوی مێژوو ده‌كه‌م , نه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی دینی . ئه‌گه‌ر له سه‌ر ئیسلام قسه بكه‌م , به ڕاشكاوی و ڕاسته‌وخۆ ڕای خۆم ده‌ڵێم , كه له سه‌دا نۆوه‌د و نۆی خه‌ڵك بیه‌وێت له ده‌ره‌وه‌ی دین بژیت , من به شانازیه‌وه ده‌مه‌وێ له ناو دین بژیم .من خۆم شانازی به‌و شوناسه ڕۆحیه ده‌كه‌م , به‌ڵام گوناهی من چییه , تۆ ئه‌و شوناسه ڕۆحیه‌ت له ده‌ستداوه و به ناڕاسته‌وخۆ ده‌دوێی بۆ ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ره‌كه‌ت هیچ ناسنامه‌یه‌كت بۆ دانه‌نێت؟؟
2. له نه‌زه‌ر ناسیۆنالیستی مه‌زهه‌بی و ئه‌مریكا نه‌ورۆز هیچ په‌یوه‌ندی به كورده‌وه نییه
له نووسینه‌كه‌ی ڕۆژنامه‌ی به‌یان ڕای خۆم ده‌رنه‌بڕیوه, ته‌نها وه‌سفی ڕوداوه‌كه‌م به سه‌رچاوه كردووه.ده‌وڵه‌تی ئیران ( یان ئاریانی كورد هه‌ڵخه‌تێنه‌ر) له ململانێی شیعه و سوننه‌وه هه‌تا ئێستا ئیش بۆ ئه‌وه ده‌كات نه‌ته‌وه‌ی فارس بكاته پله یه‌ك له ئیران . خومه‌ینی ڕای وا بوو كه به ڕۆژبوون له نه‌ورۆزدا خێری هه‌یه. ئه‌مه چ ده‌گه‌یه‌نێت ؟ ئایا ئێستاش له هه‌موو ده‌سگایه‌كی میریدا زمانی فارسی باڵاده‌ست نییه؟ ئایا زمانی فارسی وه‌ك زمانی عه‌ره‌بی زمانی دینه؟ ئه‌و گرنگیدانه به نه‌ورۆز چه‌سپاندنی ئه‌فسانه‌كانی فیرده‌وسی و مه‌سعودی نییه؟ له هه‌مووش سه‌یرتر دوژمنی به ڕواڵه‌ت سه‌رسه‌ختی ئیران و دۆستی كورد به ڕواڵه‌ت , به ڕه‌سمی پیرۆزبایی نه‌ورۆز له ئیران ده‌كا و به هیچ جۆرێك ناوی كورد ناهێنێت!! ئه‌رێ ده‌بێ له ئه‌مریكا كه‌سێكی وه‌ك پێنجوێنییان به ده‌ستنه‌كه‌وت بێ : نه‌ورۆزنامه‌یه‌ك بۆ ده‌سه‌ڵاتی كوردی بنێرن؟؟ تۆ خۆت قه‌ناعه‌تت به سیاسه‌تی وشترمرخ هێناوه , پیرۆزه , به‌ڵام بۆ ئه‌ندامه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك هانده‌ده‌ی قه‌ناعه‌ت به‌و سیاسه‌ته چه‌وته بێنن؟؟
3. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌شی دووه‌می خۆت!!
له به‌شی دووه‌می تایبه‌ت به من نیوه‌ی رۆژنامه‌كه‌ت به‌وه پڕكردبۆوه كه من به مه‌به‌ست ئه‌ژده‌هاكم كردووه به ئه‌ژدیهاك هه‌تا به ناوی ئه‌ستیاگ بچێت. له به‌شی دووه‌می نووسینه‌كه‌م به به‌ڵگه‌وه ئه‌و ته‌مه‌م ڕواندۆته‌وه.له‌م به‌شه‌دا چه‌ند ده‌قێكی دی جه‌نابت ده‌هێنمه‌وه , بزانم له سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك قسه‌ی من دووباره ده‌كه‌یه‌وه . فه‌رموو له‌گه‌ڵ قسه‌كانی جه‌نابت , جوان ئاگاداربه له‌م به‌شه‌ش وه‌ك به‌شی دووه‌می جه‌نابت قسه‌ی من دووباره ده‌كه‌یه‌وه و ده‌نووسیت : ئه‌ژدیهاك
1. ” هه‌ر له بنه‌ڕه‌تیشدا چیرۆكی كێشمه‌كێشی نێوان ئه‌ژدیهایه‌ك…”
2. ئه‌ژدیهاكوژێك…
3. ئه‌ژدیهایه‌كه…” له پێنجوێنی ده‌پرسم : بۆ وا ده‌كه‌ی بۆ؟
4. دره‌فشی كاویان : ئاڵای شاهانه
تۆ نیوه‌ی ئه‌م به‌شه‌ت به دره‌فشی كاویان پڕكردۆته‌وه , كه‌چی من ته‌نیا به یه‌ك ڕسته وتومه كاویان په‌یوه‌ندی به ناوی كاوه‌وه وه نییه؟كاوه دروستكه‌ری عه‌قڵی ناسیۆنالیستی كوردیه. ئه‌و هه‌موو قسه مه‌تاتیه‌ی تۆ كه هه‌مان لێكدانه‌وه‌ی من ده‌گه‌یه‌نێت , به‌ڵام من زۆر به كورتی ده‌رمبڕیوه.
5. دوموزی ئه‌كه‌دی و ئیسماعیل
له مه‌سه‌له‌ی دوموز و ئیسماعیل ته‌واو سه‌رچیغ چووی :
دوموز ده‌مرێت و له به‌هار زیندوو ده‌بێته‌وه. مه‌سه‌له‌ی زیندووبوونه‌وه‌ی دوموز ئه‌فسانه‌یه و ئاسه‌واری له نێو خه‌ڵكدا نه‌ماوه , چونكه خه‌ڵكی ئه‌مڕۆ باوه‌ڕ به‌و قسه هه‌له‌ق و به‌له‌قانه ناكه‌ن.ئیسماعیل به گوێره‌ی گێڕانه‌وه‌ی قورئان نامرێت هه‌تا وه‌ك دوموز زیندوو بێته‌وه هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ی ئیسماعیل له لای ملیار و نیوێك هه‌قیقه‌ته , نه‌ك ئه‌فسانه.
كورته
وه‌ك له سه‌ره‌تا گوتم به قه‌د كێشی مێشووله‌یه‌ك ڕاستیت نه‌پێكاوه . وه‌ك شتراوس ده‌ڵێت بنیاتی ئه‌فسانه‌كانی هه‌موو كه‌لتورێك پێكده‌چن .” ئه‌وه كه‌لتوره‌كانن كه‌سایه‌تیه‌كان به ئاره‌زووی خۆیان داده‌تاشن. له نێو ناسیۆنالیستی فارس‌دا كاویان كراوه‌ته كاوه بۆ په‌ڕاندنی سه‌ری كورد له لایه‌ك هه‌روه‌ها بۆ په‌ڕاندنی سه‌ری عه‌ره‌ب . به پێچه‌وانه‌ی قسه‌ی د. خه‌زنه‌دار و بۆره‌كه‌یی هه‌تا ئه‌فسانه‌كانی نێو شانامه‌ی فیرده‌وسی بڵاونه‌بوونه‌وه , كورد له خه‌وی غه‌فڵه‌ت به ئاگا نه‌هات و كاوه‌ی نه‌كرده كورد!پێنجوێنی له ڕێگای هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی ئه‌نته‌رنێتیه‌وه هه‌وڵی داوه وه‌ك ناسیۆنالیسته كورده‌كانی شه‌سته‌كان شوناسێكی كوردی بۆ كاوه دابڕێژێت , به‌ڵام ئه‌فسووس وه‌ك فه‌رهاد ڕه‌نج به خه‌سار ده‌رچوو.وه‌ك به‌رنامه‌ی به‌رنامه ده‌ڵێت : نه‌یده‌زانی كاوه فایلی هه‌یه و به ڕه‌نجی پێنجوێنی ناكرێته‌وه كورد-بشكرێته‌وه كورد , هه‌ر كوردێكی فایلدار ده‌رده‌چێت!
به‌شی چواره‌م
كاوه‌ی نێو نه‌ورۆزی كوردی ئه‌فسانه‌ی نێو ئه‌فسانه‌یه
وا دیاره پێنجوێنی له ڕاڤه‌كردنی هه‌ڵه‌ی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت . هه‌روه‌ك چۆن له به‌رایی وتم :” ئه‌و هونه‌ری قسه‌یه ” , بۆیه ده‌یه‌وێت به قسه‌كانی سرنجی وه‌رگر بۆ لای كه‌مه‌ركێش بكات .له‌م به‌شه‌دا دووباره ده‌ڵێم پێنجوێنی قه‌ت قسه‌ی عه‌قڵی خۆی ناكات , ته‌نیا قسه هه‌ڵه‌كانی ئه‌وانی پێش خۆی دووباره ده‌كاته‌وه.ئه‌م به‌شه‌ش هه‌وڵده‌ده‌م به شێوه‌ی چه‌ند ناونیشانێك بێت :
1. كاوه و نه‌ورۆز
كاوه و نه‌ورۆز ته‌نیا له نێو ناسیۆنالیستی فارسی و كوردی بوونی هه‌یه. كه‌سایه‌تی كاوه له چاو نه‌ورۆز زۆر نوێیه . د. عبدالرحمان مزوری له‌و كتێبه‌ی ده‌رباره‌ی نه‌ورۆز و سیمیناری ئه‌كادیمیای كوردیدا له هه‌شتی پێنجی ئه‌مساڵدا گه‌شتێكی به‌ناو كتێبه‌كاندا كردووه و گه‌یشتۆته ئه‌و ئاكامه‌ی , كه یه‌كه‌م كه‌س ناوی كاوه‌ی بردبێت ته‌به‌ری بووه , ئه‌ویش به كابی , دووه‌م كه‌س مه‌سعودیه و پیشه‌ی پینه‌دۆزی بۆ داده‌نێت , سێیه‌م كه‌سیش مه‌قدسیه , فیرده‌وسی له دوای ئه‌و سێ ژێده‌ره قسه‌ی له سه‌ر كاوه كردووه و به پێچه‌وانه‌ی مه‌سعودی كردوویه‌تی به ئاسنگه‌ر . كه‌واته به گوێره‌ی مزوری بێت ده‌ركه‌وتنی كاوه له نووسینی فارسی و عه‌ره‌بیدا پێش سه‌ده‌ی ده‌یه‌م نه‌بووه . د. مه‌ولودی توێژه‌ر له بواری ئه‌فسانه‌دا ده‌ركه‌وتنی نه‌ورۆز له كه‌لتوری گه‌لاندا ده‌گه‌ڕێنه‌ته‌وه بۆ سه‌رده‌می ئافراندنی ئاده‌م یان زیندوبونه‌وه‌ی ته‌موز یان زگمه‌كی سۆمه‌ری!
2. مێژووی ده‌ركه‌وتنی كاوه
وه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێدا ده‌ركه‌وتنی كاوه له چاو نه‌ورۆزدا زۆر نوێیه . به گوێره‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له به‌ر ده‌ستن سه‌ده‌ی تێناپه‌ڕێنن . له سه‌رده‌می فیرده‌وسیه‌وه شوناسی نه‌ته‌وه‌یی به كاوه درا , هه‌رچی هه‌ر سێ ژێده‌ری پێش فیرده‌وسین جه‌خت له سه‌ر زانیاری مه‌عریفی كه‌لتوری ده‌كه‌ن .
3. كاوه‌ی نێو نه‌ورۆزی كوردی له هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ك بوونی نییه
كاوه‌ی نێو نه‌ورۆزی كوردی ته‌مه‌نی ده‌ركه‌وتنی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده و به‌رایی سه‌ده‌ی بیسته‌م . ئه‌و دوو سه‌ده‌ش سه‌ره‌تای له دایكبوونی ناسیۆنالیزمی كوردی .جا پێنجوێنی به چ پێوه‌ر و لۆژیكێك كاوه‌ی نێو نه‌ورۆزی كوردی سه‌رهه‌ڵداوی ناسیۆنالیزمی كوردی نییه؟؟!! پێنجوێنی هه‌رچی جادوو هه‌یه به كاریبێنێ ( كاوه‌ی كوردی ) له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ش نادۆزێته‌وه! به گوێره‌ی نه‌زره‌ی شتراوسیش ئه‌و پێكچوونه‌ی ئه‌فسانه‌كه له نێو كه‌لتوره جیاوازاكاندا به به‌رژه‌وه‌ندی پێنجوێنی ناشكێته‌وه , چونكه لیڤی شتراوس باوه‌ڕی وایه بنیاتی هه‌موو ئه‌فسانه‌كان وه‌ك یه‌ك وایه , ئه‌وه‌ی تیاندا جیاوازه ناسنامه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانه, بۆ نموونه له نه‌ورۆزی فارسی‌دا كاره‌كته‌ری كاوه له چاو فه‌ره‌یدون كه‌سێكی لاوه‌كیه هه‌رچی له نه‌ورۆزی كوردیه , كاره‌كته‌ری كاوه سه‌ره‌كیه و فه‌ره‌یدون بوونی نییه یان به لاوه‌كی ئاماژه به بوونی ده‌كرێت .
ئه‌و هه‌موو شرۆڤه‌یه به‌ڵگه‌یه كه‌سایه‌تی كاوه ته‌نیا له عه‌قڵی ناسیۆنالیستی كوردی و كه‌سانی وه‌ك پێنجوێنی بوونی هه‌یه .
4. ناسیۆنالیزمی نێو ماركسیه‌ت
له‌و وه‌ڵامه‌ی پێنجوێنی ته‌واو ئاشنا بووم به هزری پێنجوێنی , كه به ڕاستی ” مازیكه‌ری كون له پاشۆڵیه ” هه‌روه‌ها له بواری سیاسیش گووشیكه‌رێكی له دواوه‌یه. د.جه‌مال نه‌به‌ز له كۆتایی هه‌شتاكان وه‌ڵامی ئه‌و كه‌سانه‌ی وه‌ك پێنجوێنی بیر ده‌كه‌نه‌وه ده‌داته‌وه به‌وه‌ی بیری نه‌ته‌وه‌یی كورد نه قه‌ومی ڕۆژهه‌ڵاتیه وه نه ناسیۆنالیزمی رۆژئاواییه . ئه‌وه ماركسیه‌ته مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی ناسیۆنالیزم ده‌به‌ستێته‌وه به سه‌رمایه‌داری . باس له‌وه ده‌كرێت كه له سه‌رده‌می ئه‌مه‌ویه‌كاندا به چاوێكی كه‌متر له لای هه‌ندێ عه‌ره‌بی ئه‌مه‌وی ته‌ماشای كورد كراوه هه‌روه‌ها ده‌وترێ شاعیرێكی وه‌ك مه‌لا ئه‌حمه‌دی خانێ چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك پێش رۆژئاوا باسی له هه‌ستی كوردی به تایبه‌تی میرانی كورد كردووه .
كۆمه‌ڵگای كوردی هه‌تا ساڵانی پاش دوو هه‌زار تاك و ته‌را ئه‌دگاری سه‌رمایه‌داری به خۆوه بینیوه , بۆیه به‌ستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی به سه‌رمایه‌داری بازنه‌ی ماركسیه‌ت , ته‌واو هه‌ڵه حاڵیبوونه له ڕه‌وتی گۆڕانی كۆمه‌ڵگادا ! ئێستاشی له‌گه‌ڵ دابێت كۆمه‌ڵگا له جیهان هه‌یه , نه‌ك سه‌رمایه‌داری نه‌گه‌یشتۆته ده‌ره‌به‌گایه‌تی! هه‌تا چه‌ند ساڵێك به‌ر له ئێستا هه‌ندێ نووسه‌ر كۆمه‌ڵگای كوردیان به كۆمه‌ڵگایه‌كی نیمچه ده‌ره‌به‌گی ناوزه‌د ده‌كرد.
دووباره و سه‌د باره‌ی ده‌كه‌مه‌وه كاره‌كته‌ری كاوه داهێنراوی ناسیۆنالیزمی به‌رایی كوردی نییه؟؟! ئه‌و كاوه كورده‌ی تۆ ده‌ته‌وێ ته‌نیا له نووسه‌رانی قه‌ومی سه‌ده‌ی نۆزده و بیست ده‌دۆزیه‌وه .
5. دیتنی من بۆ نه‌ورۆز
دیدگای من بۆ نه‌ورۆز له ڕوانگه‌ی ئیسلامه‌وه نییه, ئه‌گه‌رنا هه‌ردووكمان چاك ده‌زانین ئیسلام بۆ پاراستن و به‌رژوه‌ندی باوه‌ڕی تاك چۆن ده‌ڕوانیته نه‌ورۆز , جا فارسی یان كوردی یان عه‌ره‌بی بێت؟ له لای ئیسلام گرینگ نییه ئه‌و بۆنه‌یه چ شوناسێكی قه‌ومی هه‌یه. نوح-ی ناو قورئان له لای كه‌لتوری گه‌له‌كاندا چ شوناسێكی هه‌یه گرینگ نییه .خۆم له كتێبێكی نوێ‌دا باس له‌وه ده‌كه‌م كه عیسای نێو قورئان مه‌سیحی نێو په‌یمانی نوێ نییه, چونكه مه‌سیح و په‌یمانی نوێ به شایه‌دی ڕێژه‌یه‌كی زۆری توێژه‌ری مه‌سیحی ئه‌دگاری ئاسمانیان له ده‌ست داوه ….من پێم خۆش نییه گه‌نگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ت له‌گه‌ڵ بكه‌م كه چیرۆكی نێو قورئان به ئه‌فسانه ده‌بینی , چونكه كه‌سی خۆت له ته‌لیسمی ئه‌فسانه ده‌ژیت , بۆیه نامه‌وێ گه‌نگه‌شه‌ی دینی له‌گه‌ڵ كه‌سێك بكه‌م كه له نێو ئه‌فسانه بژیت .
6. گۆڕانی كه‌سێتی مه‌عنه‌وی كاویان بۆ كاوه په‌یوه‌سته به ناسیۆنالیزمی كوردی
كێ بوو ئه‌و كه‌سه مه‌عنه‌ویه-كاویانی : مه‌له‌كی , كرده كاوه؟ حه‌ز ده‌كه‌م هێنده بوێر بی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌م بده‌یه‌وه ؟ بۆچی كاویان كرا به كاوه ؟
ده‌زانم وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره هه‌ر ناده‌یه‌وه , چونكه چاك ده‌زانی ئه‌وه ی ناسراوه به ناسیۆنالیزمی كوردی داهێنه‌ری كه‌سایه‌تی كاوه‌یه هه‌ر ئه‌و بوو كاویانی گۆڕی به كاوه !!
كورته
من وه‌ك پێنجوێنی بێ ئیش نیم , له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیشم خه‌ریكی دیراساتی زمانه‌وانیم , تاقه‌تی ئه‌وه‌م نییه وه‌ك پێنجوێنی لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه ڕه‌شبكه‌مه‌وه به زانیاری هه‌ڵه و سواو .من كه‌سی خۆم نه نه‌ورۆز به شوناسی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بینم وه نه وه‌ك پێنجوێنی ده‌مه‌وێ له نێو ئه‌فسانه بژیم , جا وه‌ك شتراوس وته‌نی ئاساییه كه بنیاتی هه‌موو ئه‌فسانه‌ی نێو كه‌لتوره‌كان به یه‌كبچن , به‌ڵام ئه‌وه كه‌سی وه‌ك پێنجوێنین كاره‌كته‌ری ڕوداوه ئه‌فسانه‌ییه‌كان به ئاره‌زووی خۆیان وێنا بكه‌ن….وه‌ك كاوه‌یه‌ك بۆ خۆیان دروست بكه‌ن؟!