Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
شار وەک شوناس : …عەلی موحمەد زەڵمی

شار وەک شوناس : …عەلی موحمەد زەڵمی

Closed
by June 22, 2013 گشتی

 


شار وەک شوناس :

 تیۆرەکانی شارناسی و  دیاردەی ‘شار’ی کوردی* *

نوسینی : عەلی موحمەد زەڵمی

 

 

بۆ قسەکردنمان لەسەر شار هەوڵ دەدین بگەڕێینەوە بۆ تێڕوانینی سۆسیۆلۆژیی لەمەڕ دیاردەی شار وسۆسیۆلۆژیای شار (Urban Sociology )، بە مانا خوێندنەوەی ئەو دیاردە بەرفراوانەی کۆتایی سەدەی نۆزەدو سەرەتای سەدەی بیست لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتوری و ئابوری مرۆڤی مۆدێرن. شار وەک جوگرافیا و وەک دانیشتوان و هتد جێگای ئەم کورتە باسەی ئێمە نییە بەڵکو ئەوەی گرنگە بەلای ئێمەوە خوێندنەوەی شار وەک ‘ڕووداو’ ، هەروەها وەک بەرهەمهێنەری کەلتورێک و شێوازو ستایلی نوێی ژیان جێی بایەخە و لەوێوەش ئەتوانین پەیوەندی نێوان شار و شوناس بخوێنینەوە. گەر لەسەرەتاترین پێناسەوە دەست پێبکەین ئەتوانین شار وەک جێگایەکی پارێزراو لە دڕندەو سروشت سەیر بکەین ، واتە ئەو شوێنە سەلامەتەی هاوڵاتیان بتوانن بە ئارامی لەدەستی دوژمنان و دڕندە کێویەکان بژین بەیەکەوە. هەربۆیە گەر سەرنج بدەین زۆربەی زۆری شارەکان لەسەردەمی چاخەکانی ناوەڕاست و چاخە کۆنەکان  شورایان هەبووە یان قەڵا یان هەبوە. هەر لێرەوەیە خودی وشەی شار (city) ڕەگەکەی لەوشەی لاتینی (civis) هاتوە واتە هاوڵاتی و ستیزن ، واتە جیاکردنەوەی هاوڵاتی لە دڕندە یان کێویی. کۆمەڵناسان ئەم پێناسەیان درێژتر کردوەتەوە و پێیانوایە شارلە کەمترین باردا بریتیە لە ؛ ئەوشوێنەی کە ڕووداوگەلێکی تیادا ڕوودەدەن کە مێژوو دروست دەکەن یان لانی کەم کاریگەریان هەیە لەسەر ڕەوتی مێژوو. بڕوانە: ( مالکۆلم میلس ؛ شار و کەلتور ٢٠٠٧) ، شار ئەو جێگایەیە کە تایبەتمەندی بەڕێوەبردنی خۆی هەیە و تا ڕادەیەک سەربەخۆی خۆی هەیە بەجۆرێ هەموو لایەک گوزارشت لەخۆیان بکەن. پاشان شوێنێکە بۆ ئازادبوون لە گرێدان بە زەویەوە واتە زەوی کشتوکاڵی یان ژیانی کشتوکاڵی. دیسانەوە شار پێگەو شوێنێکە بۆ چالاکی ئابوری و بازرگانی  و هەروەها گەشەسەندنی فکری و مەعریفی. بێگومان ئەشێ ئەم پیناسەیە ئەوەشی بۆ زیاد بکرێت کە بۆ هەژارو بێلانەکان شار دیسان جێگایەکە بۆ چەوسانەوە . ئێمە ناچینە سەر ئیشکالیەتی ئەم پێناسیەو یان ئەو دەیان پێناسەی بیریاران کردویانە بۆ شار ، ئەوەی گرنگە لەم پێناسەی بەردەستمان دوو ئاماژەی گرنگ هەن ئەتوانین لێیانەوە بچینە ناو مەبەستی ئێمە لە قسەکردنمان لەسەر شار، ئەوانیش چەمکی ئازادی و چەمکی فکر. سەرهەڵدانی شار بەمانایەک لە ماناکان بریتیە لە سەرهەڵدانی ئازادی واتە ڕاکردن لەو جۆرو شێوازە تەقلیدیەی ژیانی کشتوکاڵی ناو لادێ. بەتایبەتی جۆری بەرهەمهێنان کە بریتی بووە لە چەوساندنەوەی راستەوخۆی دەرەبەگ و پیاوانی ئاینی و ئاغا بۆ جوتیار و وەرزێر، ئەویش لەڕێگەی دەستبەسەراگرتن وموڵکاندنی زەوی و زارو ئاو مێرگ و کارێز و سەرچاوەکانی شروشت. دروستکردنی شار جۆریکە لە کۆتایهێنان بە مجۆرە لە کۆنترۆڵکردن و چەوساندنەوە ڕاستەوخۆیە و دروستکردنی جۆریکی دیکە لەژیان و بەرهەمهێنان کەزیاتر پەیوەستە بە پیشەسازی (پیشەسازی بچوک وەک پیشەگەری و هەروەها پیشەسازی گەورە وەک کارگە) و هەروەها بەرپابوونی  بازرگانی و بەڕێوەبردنی نوێ لەژیانی نوێی مەردمودا. ئەو پرسیارەی دێتە پێشەوە ئەوەیە ئایا مرۆڤەکان بەڕاستی ئازادبوون و نەکەوتنە داوی جۆریکی دیکە لە چەوساندنەوە و بەندایەتی لەسەردەمی ژیانی پیشەسازی و کەپیتالیزم، ئەمە بۆخۆی قسەی زۆر هەڵدەگرێت و دواتر لە قسەکردنمان لەسەر پیشەسازی کەلتوری لای ئادەرنۆ و هۆرکهایمەر کەمێک لەسەری دەوستین. یەکێکی دیکە لەو چەمکانەی سەرنجڕاکێشە لەو پێناسەی سەرەوە بریتیە لە چەمکی ‘ گەشە سەندنی فیکر’، دیسانەوە دروستکردنی شار بریتیە لە پژاندنی هزری مرۆڤایەتی و بەرهەمهێنانی زهنی و ئەقڵی. ئاخر هەر خودی میژووی فکرو فەلسەفە بریتیە لە میژووی ژیانی هاوڵاتییبوون و ژیان لە شار دا، بە نمونە شاکارە فەلسەفیەکانی گریگ هەرهەمووی بەرهەمی سپارتا و ئەسینایە. هەروەها ئەقڵی مەعریفەی ئیسلامی هی قرتاجنەو بەغداو دمەشق و قورتوبەو ئەسفەهانە هەروەها فەلسەفەی لاهۆتی چاخی ناوەڕاست هی رۆمایە و چاخی نۆزدەهەمی مۆدێرنەتە هەریەک لە  پاریس و لەندەن و رۆماو بەرلین مەدرید مەیدانی گەورەی گۆڕانکاری سیاسی و بزاڤی فکری و هونەری بوون هەروەها سەنتەرێکی گرنگی سەرهەڵدانی بیریی ناسیۆنالیزم و سەربەخۆی نەتەوەیی بوون. پاشتر هەریەک لە فرانکفۆرت و شیکاگۆ دەبنە دوو سەنتەری بواری بیریی ڕەخەنگرانەو قوتابخانەی بەرهەمهێنانی فکری. 

لەبەر ڕۆشانیی ئەو دوو چەمکەی سەروە لەبابەت دروستبوونی شار ئیدی ئەگەینە ئەو دەرئەنجامەی هاتنی شار ڕاستەوخۆ هینان و دروستکردنی جۆریکی دیکەیە لە ژیانی کۆمەڵایەتی، واتە سەرهەڵدانی فۆرمی نوێی ژیانی ڕۆژانە و گوزەراندن و پەیوەندیکردن. بۆ نمونە سەرکەوتنی شۆڕشی پیشەسازی لە ئەوروپادا و گەشەسەندنی ژیانی شار لە چاخی نۆزدەو دواتر لەگەڵ کۆچی بەکۆمەڵی مرۆڤەکان بۆ شار دیسانەوە بوویە هۆی ڕاگوێزانیکی کەلتوریش. ئەویش لەڕێگەی کردنەوەی سەدان مۆزەخانەو گەلەری و شوینی گەشتیاری و هۆڵی نمایشی میوزیک و سینەما و نواندنی شانۆیی . ئیدی لێرەوەیە هونەر وەک ئارەزوێکی کەسی بەهەموو شێوەکانیەوە وینەکێشان، دانانی مۆسیقا و وتنی گۆرانی و نوسینی شعر و چیرۆک و نواندن دەگۆڕیتە پیشە و کارکردن و بگرە بەرهەمهێنان پاشان ئایدیۆلۆژیاش. بگرە هەرخودی میژووی سینەما وەک هونەرێکی پیشەسازی بەرهەمهێنەر لە دروستبوونی شارەوە سەرهەڵئەدات. لێرەوەیە چەمکی ‘ پیشەسازی کەلتور’ ی هەردوو بیریار هۆرکهایمەر و ئادەرنۆ یارمەتیمان دەدات بۆ خوێندنەوەی ئەو پەیوەندیە واتە پەیوەندی شار و کەلتور.  یەکەمین کار ئەمدوو بیریارە کردیان جێگۆڕکێی وشەی ‘ماس’ بوو واتە جەماوەر  بە وشەی ‘ پیشەسازی’ ، ئەوان لەبری کلتوری جەماوەری چەمکی پیشەسازی کەلتوریان بەکارهێنا. بۆ ئەمەش روونکردنەوەی خۆیان هەیە لەوانە؛ چونکێ ئیدی بەپێچەوانەی ژیانی لادێنشین و کشتوکاڵیەوە کە هونەرو ئەدەب کارێکی خۆبەخش و لەخۆوە بوو لە شاردا ئەمە بوویە کارێکی رێکخراو و پیشەگەر، وە لەمەش گرنگتر چیدی ئەم چالاکیانە لەلایەن جەماوەروە ئەنجام نادرێن بەڵکو بۆ جەماوەر ئەنجامدەدرێن لەلایەن کەسانی تایبەتەوە. واتە ئەم کارە هونەری و ئەدەبیانە بوونە کاڵاو کەوتنە بازاڕەوە و بوویە چالاکی پیشەسازی و بازرگانی نێوان کڕیارو فرۆشیار، بەڵام نەک مامەڵەی راستەوخۆی کریارو فرۆشیار بەڵکو لەڕێگەی بەرهەمهینان و سەرمایەوە. بەجیاوازی کارە فلکلۆریەکان کە لەخەڵکەوە بۆ خەڵک بوو ئەمجارە هونەری مۆدێرن لەڕێگەی کۆمپانیاو کارگەوە بەرهەمدەهێنرێت هەر وەک کاڵا و شتومەک دەخرێتە بازاڕەوە پاشانیش وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا ئەم بەرهەمانە هەڵگری ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەت بوون ، وەک ئادەرنۆ دەڵێت فلمە سینەمایەکان ئەیانەوێت جۆریکی تر لە واقیع بخولقێنن بۆ بینەر کەهیچ نییە جگە لە وەهم و لە خشتەبردن. بەلای ئەو دوو بیریارەوە پیشەسازی کەلتور یان ئەو بەرهەمە کلتوریە جەماوەریانە بۆخۆیان هۆکارێکی بەهێزی کۆنترۆڵکردن و داگیرکردنی هوشیاری مرۆڤەکانن بەجۆرێ هاوڕا لەتەک فۆرمەکانی تری تۆتالیتاریەت. هەروەک لەکتێبی ” دایەلکتیکی ڕۆشنگەری ”  دەنوسن: ژیانی راستەقینەی مرۆڤ وای لێهاتوە جیانەکرێتەوە لە فلم، بەجۆرێ فلمە دەنگیەکان وەهمێکی وا دەخنە سەری مرۆڤەوە کە هیچ بوارێک نەمینێتەوە بۆخەیاڵی بینەر و وەرگر بۆ بیرکردنەوە، دواجار ئەم هەژموونە وێنەکانی ناو فلمەکەی لێدەکات بە واقیع.” بەڵام ئەوان ئەمە ناو ئەبەن بە فێڵکردن لە بینەر یاخود ئەوان بە قوربانی ناویان دەبەن ، چونکە هەرگیز ئەوان ناگەن بەو واقیعە وەهمیەی لە فلمەکەدا دەیبینن. هەروەک چۆن سەرکردەیەکی کاریزمی هەڵگری ئایدیۆلۆژیایەک یان یۆتۆپیایەک هانی شوێنکەوتوانی دەدات تا بجەنگن و شۆڕش بکەن بۆ خەونەکانیان بەڵام کاتێ ئەم سەرکردە شۆڕشگیڕە خۆی دەچێتە سەر دەسەڵات هەمان فۆرمی دیکتاتۆری و تۆتالیتاریەت بەرامبەر بە شوێنکەوتانی خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە، وا نازانم پێویست بە نمونە هێنانەوە بکات لەمڕوەوە  مێژووی نزیکی ناوچەکەو جیهان زۆروزەبەندە.  بێگومان سەرهەڵدانی پیشەسازی کەلتور هەڵبەتە هاوزەمانی ئەو کۆچە بێشومارەیە بۆ شارەکان لەپێناو چاکترکردنی ژیان و گوزەران واتە هاتنە دی خەونەکان، بێگومان ئەو خەونانەی کە لەمرۆڤەکانەوە لەدایک نەبوون بەڵکو خرایە مێشکی مرۆڤی مۆدێرن. کەواتە هەرخودی پرۆسەی بەرفراوانکردنی ژیانی شار بۆخۆی جۆریک بوو لە ئایدیۆلۆژیا. بەجۆرێ پێشکەوتنە تەکنەلۆژیەکانی بواری گەیاندن وەک داهێنانی تیلگراف و تەلەفۆن و ڕادیۆ و هەروەها ئۆتۆمۆبیل و هێڵی شەمەندەفەر و دروستکردنی کامێرای و فۆتۆگرافی تایبەتی ، ئەمانە هەموویان تا دەهات ئەو خەونەیان فراوانتر دەکرد بگرە بەواقیعیان دەکرد کە مرۆڤی لادێ بەرامبەر خەونی شار هەیبوو.  سەرباری ئەمەش لە سەرزەمینی واقیعشدا بوارێک رەخسابوو بۆ ئەم راگوێزانە لە ژیانی کوشتوکاڵیەوە بۆ ژیانی پیشەسازی ناو شار. سۆسیۆلۆژەکان ئاماژە بە دوو فۆرمی نوێی بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنانی گشتی دەدەن لەسەرەتای سەدەی بیست کاتێک شیکردنەوە دەکەن لەمەڕ گۆڕانی کۆمەڵایەتی و گۆڕانی جۆری بەرهەمهێنان و کارکردن. ئەوانیش  تایلەریزم ( ئاماژەیە بۆ ئەندازیاری ئەمەریکی فردریک تایلەر١٨٥٦- ١٩١٥) لەڕووی بەڕێوەبردنی زانستی و هەروەها  سیستمی فۆردیسم ( ئاماژەیە بۆ هنری فۆرد ١٨٦٣-١٩٤٧ ) بۆ بەرهەمهینانی ئۆتۆمۆبیل گشتی. هەرچی سیستمی یەکەم بوو داهینانێک بوو لەڕووی کۆنترۆڵکردنی کرێکار و بەڕێوەبردنیان لەکارگەکاندا بەشێوازێکی زانستی سەرکەوتوو لەپێناو وەدەستخستنی زۆرترین بەرهەم و قازانج. سیستمی دووەمیش بە سود وەگرتن لە ئایدیاکانی فردریک تایلەر، گەورە خاوەنکاری ئەمەریکی هنری فۆرد هەستا بەکردنەوەی یەکەم کارگەی دروستکردن و بەرهەمهێنانی ئۆتۆمۆبیل بەشێوازێکی فرەیی و ماس کەبە کارگەی ئۆتۆمۆبیلی فۆرد ناسراوە. بۆ یەکەمجار فۆرد هەستا بە کارخستنی دەیان هەزار کرێکار لە کارگەکەیدا و مووچەی بۆبڕینەوە، بەمەش توانی شێوازی بەرهەمهێنان و دروستکردنی ئۆتۆمۆبیل لە سیستمی یەکدانیەوە، واتە کۆمپانیایەک هەستی بەدروستکردنی ئۆتۆمبیلیک لەیەک شوێندا هەتا هەموو پارچەکانی تەواو دەبوو، بگۆڕێت بۆ سیستمی دابەشکردن. واتە پارچە پارچە کردنی پرۆسەی دروستکردنی ئامێرەکە بۆ نمونە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر هەتا لەکۆتایدا ئۆتۆمبیلەکە لەدواقۆناغی تەوابوون لە کارگەکە دێتە دەروە. بەمەش ئەوەی گێڕی دروست کردوە ئاگای لەوە نییە فەرمانی دروستکردوە ئابەمشێوەیە. بەلای کۆمەڵناسانەوە  ئەمە بۆخۆی گۆڕانکاریەکی گەورەبوو لە ژیانی سۆسیۆ-ئابوری دا و هەروەها بواری بەرهەمهێنانی گشتی کە دەیان هەزار کرێکار لە شوێنێکدا کۆببنەوە کار بکەن و لانی کەم نیوەی ژیانیان لەو شوێنەدا بەسەر بەرن.  کە تۆ ئەم هەموو کریکارە دەهێنیتە شوێنێک بۆ کارکردن بێگومان ئەمانیش شوێنی نیشتەجێبوونیان دەوێت ، بازاڕیان دەوێت ، خوێندنگەو خەستەخانەو و پۆلیس و ئاگرکوژێنەوەو شوێنی پەرستن و شوێنی کات بەسەربردن و سینەما و هۆکاری گواستنەوەو دەوێت دەیان شتی تریش. لێرەوەیە شار ئەو شوێنەیە بۆ کۆکردنەوەی ئەم هەموو دیاردە نوێیانەی ژیانی مۆدیرن، شار دەبێتە نیشتمانی کرێکار، دکتۆر، خاوەنکار، پۆلیس، مامۆستا، بازرگان ، پیشەگەر، هونەرمەند و شانۆکار، سینەماکار، بەرهەمهێنەر هتد. لەهەمویشی گرنگتر بە جۆریک لەجۆرەکان هەمووان بەستراون بەیەکەوە ئەگەرچی وا دەردەکەوێت ژیانی شار جۆرێکە لە ئۆتۆنۆمی تاک.  بەڵام ئەم وابەستەیی بوونە بەیەکترەوە،( واتە نە نەخۆشیک ئیشی بێ دکتۆریک دەڕوات و نە دکتۆریش بێ نەخۆشەکە ئیشی هەیە )، وا ناکات جۆریک لە هەماهەنگی و تەبایی کۆمەڵایەتی و دادوەریی کۆمەڵایەتی هەبێت لەنێوان پیکهاتەکانی ژیانی نوێی شاردا. هەربۆیە لێرەوەیە چینە کۆمەڵایەتیەکان دیسانەوە بە فۆرمی نوێوە سەرهەڵدەدەنەوە ئەمجارە لەبری ئاغا و نۆکەر، دەرەبەگ و جوتیار کەچی خاوەنکار و کرێکار ، دکتۆر و نەخۆش، هەژارو دۆڵەمەند پەیدا دەبێت. لێرەوەیە پرسی ناسنامەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی دروست دەبێت لەشاردا بەڵام تابڵێی ناسنامەیەکی ئاڵۆز، هاوڵاتیەکی هەژارنشینی یەکێک لە  گەڕەکەکانی شیکاگۆی ئەمەریکا لەگەڵ ئەوەی هاوشاری شیکاگۆکانە و هاوڵاتی ئەمەریکیەکانە بەڵام لەهەمان کاتدا هەرگیز هاوشێوەی ئەمەریکیکی شیکاگۆی دۆڵەمەندنشین نییە. لەڕووی شێوازی ژیان و نانخواردن وکارکردن و خوێندن و  بگرە هەندێجاریش سەیرکردنی فلم و گوێگرتن لە میوزیک و بازاڕکردن هتد. بۆیە لێرەدا زیاتر لەسەر مەسەلەی ئاڵۆزی ناسنامەکان لەژیانی نوێی شارەکاندا ناکەین بەڵکو هەر ئەوە دەخەینە ڕوو کە شار بۆخۆی بەرهەمهێنەری ناسنامەیە . وەدیارکەوتنی ئەو جیاوازی و ناسنامانە زیاتر لە دوایی هەردوو جەنگی جیهانی دەرکەوتن کاتێک ئەوروپاش وەک ئەمەریکا جۆرێک لە ئارامی و ئاسایش بەخۆوە بینی کە بە سەردەمی بوژانەوەی دوای جەنگ ناودەبرێت. میژوونوسان ئەوەمان بۆ دەگیڕنەوە کە شاری لەندەن ، لە کۆتای سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم کە بەدوو ناوچە ناسراوبوو ئەوانیش ؛ بەرەی کۆتایی رۆژهەڵات و بەرەی کۆتایی ڕۆژئاوا. هەرچی بەرەی رۆژهەڵات بوو گەڕەکە هەژارنشین و بێکارەکانی لەخۆ گرتبوو و هەروەها بەرەی ڕۆژئاواش چینی دەوڵەمەند و خاوەنکارەکان، کە لەڕووی سروشتیەوە ئەم دوو بەرەیە  ڕووباری تایمز  دابەشی کردوون. میژوونوسان ئەوە دووپات دەکەنەوە کە ئەوەندە جیاوازی هەبوو لەنێوان خەڵکی ئەو دوو بەرەیە بەقەدەر جیاوازی خودی ڕۆژئاوایی ( پێشکەوتوو، شارساتنی   ، ئەقڵانی ) لەگەڵ رۆژهەڵاتیەکاندا ( دواکەتوو، بەربەری، سۆزباوی). بەمانا لەندەنێکی رۆژئاوایی زیاتر نزیکە لە بەرلینیەکی ئەوروپی- رۆژئاوایی وڵاتی ئەڵمانیا هەتا نێوانی لەندەنیەکی بەرەی رۆژهەڵاتی هاوشاری خۆی. ڕەنگە هەمووان چیرۆکی ئۆلیڤەر تویستی نوسەری ئینگلیزی چارلس دکنس خوێندبێتەوە لەپاڵ دەیان بەرهەمی تری ئەدەبی کە گوزارشت لەو جیاوازیە دەکەن لەو سەردەمەدا. دکنس زۆر شارەزایانە مامەڵەی لەگەڵ ڕووداوی ناو چیرۆکەکە کردوە بەبەردەوام ژیانی لەندەن بریتیە لە تاریکی و شەو کەشوهەوای سارد، کە ئەمانە هێمان بۆ ژیانی پڕ تەنگو چەڵەمە و هەژاری لەبەرامبەردا هەردەم دەرەوەی لەندەن واتە ژیانی لادێ هەردەم بەهارو سەوزایی و ڕووناکییە کە هێمان بۆ ئاوەدانی و ژیانی ئارامی و بەختەوەری. 

 ڕێگەم بەن هەر لەم بارەوە  ئەگەر زۆر بەخێرایش بێت سەرنجی هەندێ لە بیریاران بخەمە ڕوو سەبارەت ژیانی شار و ئاڵۆزیەکانی. ئەشێ بەو ووتەی ئەرستۆ فەیلەسوفی یۆنانی دەست پێبکەین کە دەڵێت من دەمەوێت لە شارێک دا بژیم خۆر راستەوخۆ بدات لە شەقامەکانی و بەرخۆر بێت نەک نسار، وە هەروەها هەوا بە ئازادی هاتوچۆ بکات لە کوچەو کۆڵانەکانی، وە هەردەم هۆشداری داوە کە شارەکان زوو پیس و بۆگەن دەبن. ئیڤان ئیڵچ ( ١٩٢٦-٢٠٠٢) بیریاری گەورەی ئەنارکی نەمسای گەشتێکی مێژوویمان پێ دەکات سەبارەت بە بۆگەنی ژیانی شار و مێژووی دروستکردنی زێراب لە شارەکاندا، لەوێوە وەک بەشێک لە پرۆژە ڕەخنەیەکی ئەو لەمەڕ وەزیفەی ئابوری و بەڕێوەبردن لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا و بەتایبەتی ژیانی شار. ئیلچ پێیوایە لە سەردەمی مۆدێرنەدا مرۆڤەکان خزانە شارەکانەوە بەجۆرێ لەڕێگەی دروستکردنی خانوبەرەی وەک یەک و ئاپارتمان و یەکەی نیشتەجێ بچووک و قەرەباڵغ و دروستکردنی ڕێوڕەوی ئاو زێراب مرۆڤەکان لە قاڵبدراون  لە ژیانێکی گوشراودا ژیان بەسەر دەبەن.   بەهەمان شێوە جۆرج سیمیل (١٨٥٨-١٩١٨) سۆسیۆلۆژست و فەیلەسوفی ئەڵمانی لە وتارێکی گرنگدا بەنێوی       (the metropolis and mental life ) باسی ژیانی ئەقڵی تاکمان بۆ دەکات و هەورەها ئەو ئەگەرە تازانەی دێنە بەردەم ژیانی شار. سیمیل پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات کە ژیانی شار بریتیە لە ژیانی تاک و ڕزگاربوونی لە هەژموونی کۆمەڵگا لەڕووی سیاسی و ئاینی و ئابوریەوە، واتە دست و پەنجە نەرمکردن لەتەک ئازادیەکاندا کە مرۆڤی شاری دەیەوێت چنگی بخات. بەڵام لەگەڵ ئەم ئازادیەدا بێگومان مرۆڤ وەک سیمل باسی دەکات دەروونێکی هیلاک و نیگەرانی هەیە چونکە ژیانی شار بریتیشە لە گۆڕانکاری بەردەوام و خێرا لە ئەنگێزەو حەزەکانی مرۆڤ. باس لە جیاوازی ژیانی لادێ و شار دەکات ، کەچۆن تاکەکان لەژیانی نوێی شاردا کەمتر پەیوەندی سۆزداری و گەرموگوڕی خزمایەتی بەدی دەکرێت بەبەراورد لەتەک ژیانی کۆمەڵایەتی گەرمی لادێ. لەمانەش گرنگتر ئەو باسی ئەو ڕاگوێزانە دەکات لە زهنیەتی مرۆڤی شاردا کە چۆن لەبری ئەوەی کاردانەوە لەگەڵ دڵی بکات کەچی  مێشکی کاردانەوەکە ئەنجام دەدات. 

پرۆسەی دروستبونی  شاری کوردی 

لەوانەیە زۆر ئاسان نەبێت هەموو ئەو تیۆرە زانستی و کاردانەوە ئەدەبی و هونەریانەی بەرهەم هاتوە لەمەر دیاردەی سەرهەڵدانی شارەکانی ئەوروپا لەسەردەمی مۆدێرنە ، ئەوا هەمان شت راست بێت بۆ شاری کوردی. چونکە هەر بۆخۆی نەبوونی وڵاتێکی سەربەخۆی کوردی واتە دەوڵەت لەسەر بنەمای نەتەوە،  وە هەروەها نەبوونی شوێنێک بەناوی پایتەخت کەتیایدا زۆربەی چالاکییە بازرگانی و پیشەسازی گەورەو کایەیی بەڕێوەبردنی گەورە و بزاوتی فکری و سیاسی و هونەری و ئەدەبی   تیادا کۆبێتەوە، ڕێگرە لە بەرواردکاری لەنێوان چەمکی شار لە ئەوروپا و لای ئێمە بگرە چەمکی شار لای نەتەوەکانی دراوسێ وەک عەرەب و فارس و تورک. بەڵام ئەمە وامان لێناکات کە سەرنجی خێرای خۆمان نەدەین لەسەر دیاردەی سەرهەڵدانی شار لە کوردستاندا ، بەتایبەتی ئەم بەشەی باشور کە لانی کەم بۆ چارەکە سەدەیەک دەچێت تایبەتمەندی خۆی هەیە. وە بەهەمان شێوەش وەک لە خوارەوە ڕوونیدەکەینەوە نەبوونی شار هاوڕا لەتەک دیاردەی ناسیۆنالیزمی کوردی وەک ئەوەی لە ئەوروپا روویداوە، نابێتە ڕیگر لە بینینی شاری کوردی وەک ناسنامە. ئەگەر لەبەر هەر هۆیەک بووبێت شارە کوردیەکان بێبەش بووبن لە چالاکی بازرگانی و پیشەسازی و کارگەی گەورە  ئەوا بێگومان بێبەشیش بوون لە هۆکارەکانی گواستنەوە وێنەی هێڵی شەمەندەفەر و فڕۆکەخانە و ڕێگاوبانی مۆدێرن بۆ بەستنەوە بە شارە گەورەکانی دەوروبەر. هەمان هۆکار ڕاستیشە بۆ دیاردەی نیشتەجێ و گەشتوگوزار، کەمنین ژمارەو رێژەی ئەو کوردانەی بوونەتە تارانی و دیمەشقی و ئەستانبوڵی و بەغایی بەهۆی ڕاگوێزانی بەکۆمەڵ لەشارە کوردنیشنەکانەوە بۆ پایتەختی ئەو وڵاتانە لە ناوەڕاست و کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم. هەر لەبەر هەمان هۆ ئەوا دەکرێت شارە کوردیەکان وێنەی سنەو وان و ئامەد و سلێمانی و هەولێر تایبەتمەندی خۆیان هەبێت ، کە ئەکرێت ئێمە لێرەدا ناویان بەرین بە تێکەڵێک لە خەسڵەتی ژیانی شار/لادێ. واتە گواستنەوەی ژیانی لادێنشینانی کوردستان بۆ شارەکان ئەوا گواستنەوەی ڕێشەکێشی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری لادێنشینەکان نەبوو بۆ ژیانی نوێی شار. بەڵکو زۆرجار گواستنەوەیەکی لاوەکی بووە یان بگرە لە هەندێجار دا ناچاری بووە وەک کێشەی سیاسی و عەشایریی. هەمووان لەبیرمان دێت کە چۆن پێکهاتەی دانیشتوانی شارە کوردیەکان  رەنگدانەوەی هەمان پێکهاتەی لادێکان بوو. لەگەڵ ئەوەی لەشارێکی وەک سلەیمانی چەندین گەڕەکی نوێ لەسەر بنەمای پیشەگەری هەبوو وەک گەڕەکی مامۆستایان و  ئەندازیاران هەروەها ناوی گەڕەکی نوێ دروست بوو بوون وینەی ئازادی ، بەختیاری و خەبات، کەچی گەڕەکەکان بە عەشرەت و تیرە و لادێکان دەناسرانەوە نمونەی بێسەریەکان، شێخەکان هتد هەروەها چەندین خێزان هەبوون لە گەڕەکەکانی قەراغ شار دەژیان هەمان پیشەی لادێیەکانیان هەبوو، وەکو مەڕوماڵات بەخێوکردن و کشتوکاڵکردن. من بۆخۆم شاهیدحاڵی ئەوەم کە چەندین خێزان هەبوون ئەگەرچی لەشاردا ژیانیان بەسەر دەبرد بەڵام هەر خەریکی چالاکی کشتوکاڵی بوون و رۆژانە لە سلێمانیەوە ئەرۆیشتن بۆ لادێکانی رازیانە و ژاڵە و ئێواران دەگەڕانەوە شار. لەهەولێریش ئەگەرچی لە لایەک جیا لە دابەشبوونی گەڕەکە کوردو تورکمانەکان لە لایەکی تریشەوە  لەگەڵ  هەبوونی گەڕەکەکانی وێنەی مەلایان، مامۆستایان، ئەندازیاران، سەربازان (حی العسکری) ،  کەچی دابەشبونەکە زیاتر لەسەر بنەمای خێڵ و لادێکانەوە بوو. بۆ نمونە خۆشناوەکان زیاتر لە گەڕەکەکانی سێتاقان و شەهیدان دەژیان و دەشتی هەولێر لە ٩٢ و حی عەسکەری و ساڵەییەکان لە گەڕەکی موفتی  هەروەها وەک ئاماژەمان پێکرد تورکمانەکان لە تەعجیل و ئیسکان و تەیراوا و قەڵا بۆ خۆیان بەجیا دەژیان. ساڵی ١٩٩٧ لە گەڕەکی موفتی دەژیام دراوسێکمان هەبوو کاری کشتوکاڵیان دەکرد لە دەشتی هەولێرو زۆر بەرهەمهێنەربوون، بەجۆرێ زۆرێک لە پێداویستیەکانی ژیانی رۆژانەی خۆیان وێنەی بامیەو تەماتەو سەوزەو خەیارو شوتی و گەنم و کولەکەو باینجان و نۆکیان هەبوو بە رێژەی زۆر و بە پیکاب دەیانفرۆشت ،سەرباری ئەمەش  هەموان قەرزاری چاکەی ئەوان بووین کە دەرودراوسێشیان بێبەش نەدەکرد لە سەوزەو تەڕەکاڵ. کەواتە بەس بەتەنیا گواستنەوە لە لادێوە بۆ شار نەبووە هۆی گواستنەوەی ژیانی سیاسی و ئابوری تاک و خێزانەکان. ئەمە لەکاتێکدا وەک ئاماژەمان پێکرد زۆربەی بیریاران و سۆسیۆلۆژان پێان وایە سەرەتاترین سیماکانی ژیانی شار بریتیە لە پرۆسەی بوونە کڕیار (consumer   ) ، ئیدی مرۆڤەکان دەبنە بەخۆر و جۆرو شێوازی بەرهەمهێنان دەگۆڕێت. هەر لێرەوە بوو ئیتر وەک مالکۆلم میلس لە کتێبی ‘شار و کەلتور’ باسی ئەوەمان بۆ دەکات کە شار بریتیە لە ئازادبوون لە زەوی و چەوساندنەوەی راستەوخۆ و گۆڕانکاری لە بەرهەمهێنان و کارکردن و مەسەرفکردندا واتە گۆڕانی شێوازی ژیان. بەڵام بە ڕێژەیەکی زۆر کەم نەبێت ئەمە ڕوو نادات لە ژیانی شارە کوردیەکاندا و جۆرێک لە تێکەڵی لە نێوان ترادیسۆن و مۆدێرنە دروستبوە ، بەجۆرێ سیمای شارەکان هەڵگری هەردوو توخمی شارو لادێ و مۆدێرنەو پێشمۆدیرنەن. ئەشێ لێرەدا پێداگیری لەسەر خاڵیک هەیە بکەین ئەویش لەگەڵ ئەو بارەی سەرەوە  کە ئاماژەمان پێکرد لەمەڕ تێکەڵی چەمکی شار و لادێ لەژیانی کۆمەڵایەتی و تاکی کوردا، بەڵام ئەمە هەرگیز ڕێگر نەبووە لە بەرهمهێنانی  جۆرێک لە ناسنامەی شاریی. بۆ نمونە لە سیاسەتدا لە میانی ساڵانی هەفتاو هەشتاکاندا خەڵکی شار بە پیاوی حوکومەت دەناسرا، چونکە فەرمانبەربوون لە دامودەزگاکانی میریدا، و خەڵکی گوند بە کوڕی شۆڕش. دیسان لە ڕووی خەبات و  شۆڕشی چەکداریەوە خەڵکی لادێ پێشمەرگە بوون و هی شار تەنزیمی، خەڵکی لادێ ئازاو هی شار ترسنۆک. پاشان لەڕووی کۆمەڵایەتی و کەلتوریەوە، ئەوا دەیان تێکستی ئەدەبی و بەرهەمی هونەری و نمایشی شانۆیی و نوکتەو قسەو باسی سەرزارەکی ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە جیاوازیەکی  گەورە هەبووە لە نێوان شیوازی ژیانی شارو لادێکان لە کوردستان وێنەی شاری زۆرزان و لادێی فەقیرحاڵ هتد. هەمووان بینەری کورتە دراماکانی تەلەڤزیۆنی  کوردی کەرکوک و ڕادیۆی بەغدا بووین  ساڵانی هەفتاکان و هەشتاکان لەسەر کێشە کۆمەڵایەتیەکان وێنەی ژن بەژن  و جیاوازی شاریی و لادێی.  زۆرینەی ئەو جیاوازیە لەنێوان شاریی و لادێیدا لە ڕووی فەرهەنگی وئەقڵیەوە گوزارشتی لەخۆ دەکرد لەبری ئابوری و ماددیەوە. لەمڕوەوە شارەکانی کوردستان مەیدانێکی گرنگ بوون بۆ ئاڵوگۆڕی بیرو ئایدیۆلۆژیای سیاسی چونکە هەرشاریەکان بوون خوێنەواربوون و شانسی چوونە قوتابخانەی گشتییان هەبوو. شاعیر و نوسەرو رۆژنامەنوس و روناکبیرە کوردەکان زۆربەیان لە شارە گەورەکاندا کۆبوبونەوە ئەگەرچی خۆیان لە بنەڕەتدا خەڵکی دەروەی شارەکان بوون. بۆیە ئەو بزاوتە فکری و فەرهەنگیەی بەڕێوەبوو لەشاردا هاوڕا بوو لەتەک سەرهەڵدانی چاپەمەنی و کردنەوەی قوتابخانەی مەدەنی و گشتی و رۆیشتنی قوتابیانی کورد بۆ زانکۆکانی تاران و بەغدا و ئەستنبول و دیمەشق و دواتریش بۆ زانکۆکان لە شارە کوردیەکان وێنەی زانکۆی کرمانشان و سلەیمانی و ئامەد. یەکێک لەو جیاوازیە زەقانەی هەبوو لەنێوان خەڵکی شارو لادێ زمانی ئاخافتن بوو، بەجۆرێ زمان ناسنامەیەکی دیاری قسەکەری لادێی و شاریی بوو. وەک ئاماژەمان پێکرد بەداخەوە زۆر جار ئەمە چووەتە قاڵبی گاڵتەپێکردن و نوکتە پێکردنەوە. زۆرجار تەنها بە گۆڕینی شێوازی قسەکردن لە شارییەکەوە بۆ لادێیەک زۆر دەلالەتی تری لەخۆ دەگرت ؛ وێنەی کەسە لادێیەکە دواکەوتوە،زبرە، نەشارەزایە، جۆروشێوازی خواردن و جلوبەرگی نامۆیە. لەبەرامبەردا شارییەکە پێشکەوتوە، ناسکە،شارەزایە، جلوبەرگ و خواردن و هەلسوکەوتی ئاشنایە. بەڵام هەندێجار وا ڕێکەوتوە ئینتمای شاریی بوون ئەوەندە تۆختربوو لە هی ئینتماکانی دیکە وەک ئینتمای نەتەوەیی، بۆ نمونە کوڕی بەڕێوەبەری فەرمانگەیەکی کورد دانیشتوی   گەڕەکی ئاشتی (دور الامن ) جاران لە سلەیمانی لەوانەیە لەگەڵ هاوپۆلێکی عەرەب یان هاوپیشەیەکی باوکی  خۆی بە ئاشناتر  بزانیایە هەتا کوردێکی لادێی. لەهەموو بارەکاندا زمان وەک ناسنامەیەک بۆ جیاکردنەوەی شاریی لە لادێی تا سەردەمانێ درەنگ زۆر کاریگەربوو لە باشوری کوردستان. لەمانە هەمووی دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەگەر شارە کوردیەکان لەڕووی پیشەسازی و ئابوری و شێوازی بەرهەمهێنانەوە ناسنامە نەبووبون ئەوا لەڕووی فەرهەنگی و ئەدەبیەوە ئەو توخمەیان هەڵگرتوو و ئەکرێت وەک ناسنامەیەک سەیر بکرێن. ئەگەرچی لەمڕوەشەوە واتە کەلتوری و فەرهەنگی (هونەر و ئەدەب : میوزک، سینەما، رۆمان، شانۆ، تەلەڤزیۆن، رادیۆ،رۆژنامە، پڕوپاگەندە) هێشتا لە کوردستاندا نەبووەتە پیشەسازی وەک ئادەرنۆ و هۆرکهایمەر ناوی دەبەن لەتەک دیاردەی دروست بوونی شار؛ بەڵام نوکوڵی لەوە ناکرێت زمانی کوردی بەتایبەتی زمانی نوسین و سەدان بەرهەمی ئەدەبی و هونەری (شانۆ،درامای تەلەڤزیۆنی و رادیۆیی و رۆژنامەگەری، دیوانی شعری و چیرۆک و رۆمان ) هاوکاربوون لە بەرهەمهێنانی جۆریک لە ناسنامەی شاری کوردی یان لانی کەم بەرهەمهێنانی  جۆرێک لە شار وەک ناسنامە.  

 

سەرچاوەکان: 

Clarke, S(2006) From Enlightment to Risk. Palgrave Macmillan 

Horkheimer, M. And Adorno,T (1947,1994) Dialectic of Enlightnment. London 

Millis ,M & Hall,T (2000) the City Culture Reader. Rutledge : London                     

              

تێبینی 

*ئەم وتارە بەهەندێ دەستکاریەوە ،بەشیکە لە کتێبی ‘پرسی شوناس ، لەمژدەکانی مۆدێرنەوە بۆ گومانەکانی پۆستمۆدێرنە. چاپی یەکەم، ئۆگستی ٢٠١٢

*ئەم لێکۆڵینەوە لە ژمارە ١٨ی نیسانی ٢٠١٣ گۆڤاری کەوانە دابەزیوە. 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.