Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
سەنگەر  لە بازاڕی ئازاد

سەنگەر لە بازاڕی ئازاد

Closed

 

 

 

     گەنجێک بە ناوی سەنگەر لەبەر هەژاری و نەداری خۆی سوتاند و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا ، لەو شوێنەی کە خۆی لێ سوتاند هێشتا پاشماوەی پێستی دەست و جل و بەرگی سوتاوی لەوێ کەوتووە ، باوکی سەنگەر دەڵێ : 22 ساڵە لە خانویەک دەژین کە بە نایلۆن بانی گیراوە هەروەها دەشڵێ : لەسەردەمی حیزبی بەعس من زیندانی سیاسی بووم و تەنانەت سەردانی کردنیشم قەدەغە بوو کەچی هەردوو حیزبی سەرەکی ( یەکێتی و پارتی ) بە زیندانی سیاسی قبوڵیان نەکردم . 

بەش خوراوی سەنگەر وەکو گەنجێک درێژکراوەی بەش خوراوی باوکیەتی ، لە ئەزمونی 22 ساڵەی حوکمڕانی حکومەتی کوردی ئەم چیڕۆک و تراژیدیانە زۆر دوبارەبوونەتەوە ، هەر لەو پێشمەرگە  کۆنە کەم ئەندامەوە بگرە کە لەسەر جادەکان دەستفرۆشی دەکا تا دەگاتە خێزان و بێوەژنی ئەو کرێکارانەی لەسەر کار ژیانیان لە دەست دەدەن ، تا دەگاتە لە شکرێک لە چینی کەمدەرامەت و بێ کاریەکی ڕوپۆش کراو لە نێو ئاستە جیاوازیەکانی تەمەن .

     کە ئێستا سەیری کوردستان دەکەی دوو دونیای جیاواز دێتە بەرچاوت : لە لایەک بەرزبوونەوەی بێ ئەژماری تەلارو هۆتێل و گەشەیەکی فراوانی بیناسازی ، ڕووتێکردنێکی بەرچاوی کۆمپانیا جیهانیەکان هەر لە نەوتەوە بگرە تا دەگاتە کەل و پەلی ناو ماڵ ، پڕبوونی کوردستان نەک تەنیا لە کرێکاری خەڵکی وڵاتانیتر بەڵکو ڕوتێکردنی ژمارەیەکی زۆر لە تەکنۆکرات و پسپۆڕی بوارە جیاوازەکان هەر لە بواری کۆمبیوتەرەوە بگرە تا بواری کەرتی تەندروستی . 

ئەم ڕوخسارە بە بەراورد کردن لەگەڵ کزی ئابوری لە ئاستی جیهاندا کەس لێت قبوڵ ناکا بە پۆزەتیڤ لە قەڵەمی نەدەی ! لە لایەکی ترهەر لەو هەرێمە ؛ قەڵشتی چینایەتی نێوان نەداری و هەبوونی بە خێرایی ڕوو لە کشاندایە ، ئەم دوو ڕوخسارە هەردوکیان بەیەکەوە بە تەریبی لە کوردستان ڕێ دەکەن ولە ساڵانی داهاتوو زیاتر هەست بە ئاکامەکانی ئەو قەڵشتە لە شێوەی ژیان و گوزەران دەکەین ، ئەو کاتە توڕە بوونە کۆمەڵایەتیەکان تەنیا لە ئیرەیی بە ژیانی ” ئەوان ” ناوەستێ ، ئەو کات لە جیاتی خۆسوتاندن دوور نیە بە بڕینی ئەو تاڵە باریکە  بێت لە نێوان بێ دەنگی و تەقینەوەی کۆمەڵایەتی .

 خۆسوتاندنی سەنگەر دیوێکی زیانێکە لە تواناکانی کۆمەڵگەو لەدەست چوونی مرۆڤێکی شەریفی کاسبکارە ، دیوەکەیتری سیگنالی نامەیەکە کە زووتر لە وادەی خۆی دەگات ، جاڕدانی پێشهات و ئەنجامێکی کۆمەڵایەتیە لەو سیستەمە ئابوری و کۆمەڵایەتیە کە ئێستا ئەم هەرێمە لە ژێر چەتری بازاڕی ئازاد خۆی دەهاڕێ .هەر لەو بەیانیەی سەنگەر خۆی سوتاند ، ڕۆژنامەیەکی ڕیکڵام – بازرگانی کە بە تیراژێکی زۆرو بە خۆڕایی دابەش دەکرێت دانەیەکی خرابووە بەر دەرگای ئەو شوێنەی ئیشی لێ دەکەم . سەیری ڕۆژنامەکەم کرد هەواڵی (هەلی کار) ی کۆمپانیایەک زۆر سەرنجی ڕاکێشام . لە مەرجەکانی ئەو هەلی کارە دەبێ تەمەنت لە نێوان ( 23-30) ساڵ بێت ، ئەبێ ئۆتۆمبێلت هەبێت ، ئەبێ کوردی وعەرەبی بزانیت ، ئەبێ پۆشتە ” ئەنیق ” بیت .

 میتۆدو عەقڵی پەنای ئەم جۆرە لەمەرجی هەلی کار توندتیژیەکی پەنهانی جیاکاری تیایە کە زۆربەمان وەکو ئەتەکێتی پسپۆڕی و بزنس حاشای لێ دەکەین . چەندی هێنام و بردم نە سەنگەر نە باوکی  ، نە برادەرکانی نە باوکی برادەرکانی ، نە خەڵکی کۆڵانەکەیان و گەڕەکەکە زەحمەتە لەو فیلتەرە دەربچن . ئەمە نموونەی ئەو هەلی کارەیە کە لەبەردەم گەنجی بێکارو نەدارانی ئەم هەرێمە دایە ، سەنگەر خۆی نەسوتاند لە بەر بوونی فیلتەرێکی لەو بابەتە ، سەنگەر خۆی سوتاند چونکە نەیتوانی بەربەستەکانی ئەو دونیایەی لێ ی دەژیا بسوتێنێ .

 

 ڕزگار عومەر

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.