ئه‌دۆنیس وای وت…
ئه‌دۆنیس وای وت…
هیچ میلله‌تێک به ئه‌ندازه‌ی عه‌ره‌ب تامه‌زرۆی شه‌ڕوکوشتار نییه
” فێستیڤالی نێونه‌ته‌وه‌یی شیعر”، له ١١ تا ١٥ی مانگی حوزه‌یرانی رابوردو له ڕۆته‌ردام به‌رده‌وام بو، یه‌کێک له به‌شداربوه‌کانی که جێی سه‌رنجی هه‌موان بو، شاعیروڕۆشنبیری گه‌وره‌ی سوری ئه‌دۆنیس بو.
ئه‌و له ڕێگه‌ی شیعری جوان و بیر‌و فکری ڕۆشنی ، به عه‌قلی ئازاد‌و کراوه‌ی، ڕۆڵێکی گرنگ وباڵا له بواری ڕۆشنگه‌ری جیهانی عه‌ره‌بیدا ده‌بینێت. ئه‌دۆنیس بۆ زۆریک له ڕۆشنبیران و ئازادیخوازه‌کان وه‌ک هێما و پاله‌وان سه‌یر ده‌کرێت. له میانه‌ی پرۆگرامی فیستیفاله‌که‌دا، فلیمێکی دۆکۆمنێنته‌ری*به‌ناوی”الوطن الغائب” پیشاندرا، که تێکه‌له‌یه‌ک بو له خوێندنه‌وه‌ی هۆنراوه و ژیانی ئه‌ده‌بی و فکریی ئه‌و. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجی هه‌موان بو، ئه‌دۆنیس له *گفتوگۆکانیدا بوێرانه له سه‌ر بارودۆخی ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فکری دونیای ئه‌مرۆی کۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بیه‌کاندا ده‌دوا . بێ‌گومانی نیه ئازادی به‌یان هه‌لومه‌رجێکه بۆ پێشکه‌وتنی هونه‌رو ئه‌ده‌ب، داینه‌مۆیه‌که بۆ داهێنان. گه‌ر ئازادی نه‌بێت ئاسته‌مه بوار بۆ ڕۆشنگه‌ری دروستببێت. ئه‌دۆنیس له‌سه‌ر ژیانی خۆی دواو ئاماژه‌ی به‌وه‌ی کرد که چۆن ئازادی بیر‌ورا ڕۆلێ له سه‌ر ژیان و چالاکی ئه‌ده‌بی و فکری ئه‌و بینیوه به جۆرێک که سێ جار له دایکبوونی به خۆیه‌وه بینیوه: له دایکبوونی یه‌که‌م که له گوندێک له سوریا بوه، له ناو خێزانێکی جوتیاری ئاسایی چاوی هه‌ڵهێناوه،له دایکبوونی دووه‌می ،ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و کاته‌ی که کۆچی کردوه بۆ لوبنان و له‌وێ په‌یوه‌ست بوه به مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشبیری وئه‌ده‌ب و فکر ، توانا‌و لێهاتووه‌کانی خۆی دۆزییوه‌ته‌وه و پێشیخستوه، بۆ جاری سێهه‌م له پاریس له دایک بۆته‌وه که به شیوازێک هه‌ستی کردوه ده‌رگای هه‌مو جیهانی به رودا کراوه‌ته‌وه. شاعیرله قسه‌وباسه‌که‌یدا، ئاماژه‌ی بۆ خاڵێک کرد که له مێژووی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بدا، شاعیره گه‌وره‌کان دژی ده‌سه‌لاتی ئایین بوون. وه‌ک : ئه‌بونواس:” ديني لنفسي ودين الناس للناس” هه‌روه‌ها شاعیر و فه‌یله‌سوف أبو العلاء المعري:”اثنان أهل الأرض ذو عقــلٍ بلا ديــن وآ‌خر ديِّنٌ لا عقل لهْ” ، منصور الحلاج وەک نموونه هێنایه‌وە. ئه‌و که هاته سه‌ر قسه‌کردن ده‌رباره‌ی بارودۆخی کۆمه‌ڵگای ئێستای عه‌ره‌بی وتی” هیچ میلله‌تێک به ئه‌ندازه‌ی عه‌ره‌ب تامه‌زرۆی شه‌ڕو کوشتارو ویرانکردن نیه” . ئه‌و په‌نجه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاکێشا که میلله‌تی عه‌ره‌ب له له‌ناوچووندایه، یان به‌ره‌و له‌ناوچون ده‌چێت. پێده‌چێت هه‌ر بۆ ئه‌وه کرابن که‌یه‌کتر له‌ناو به‌رن ، که‌چی بۆ خه‌لکی تر ملکه‌چ و کۆیله‌ن به‌لام بۆخۆیان وه‌ک گورگ هه‌ر خه‌ریکی کوشتارو په‌لاماردان و ویرانکردن و شه‌ڕو ئاژاوه‌ن، به جۆرێک پانتایی مێژوی سیاسی و ئایینی عه‌ره‌ب له میژوی ڕۆشبیری و کۆمه‌لایه‌تی گه‌وره‌ترو زیاتره ، هه‌ر بۆیه له روناکی ڕابوردودا گوزه‌رده‌که‌ن و تامه‌زرۆی گه‌ڕانه‌وه‌ن بۆ ڕابوردو. به‌ڵام ناکرێت مرۆڤ له یه‌ککاتدا هه‌م رابوردوخواز و هه‌م داهاتو خواز بێت. جیهانی شیعر و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر، ڕۆشنبیرییه‌که له سه‌ر جیاوازی و فره‌یی و کرانه‌وه‌ی به‌نده، له هه‌ر رژێمێکدا ده‌سه‌ڵات وئایین پێکه‌وه گرێبدرێن و به پێی ته‌فسیرو په‌ندو ئامۆژگاری و فه‌رموده، یاسا دابڕێژرێن، ڕۆشبیری ده‌وه‌ستێت، ئازادی ئه‌وپه‌ری سنوردار ده‌کرێت و ده‌رفه‌تێک بۆ داهێنان نامێنێته‌وه.
• فێستیڤالی نێونه‌ته‌وه‌یی ڕۆته‌ردام 14-6-2013
• ئینته‌رفیو له لاهای 16-6-2013