كفنی ماندوو …. كاروان محه‌مه‌د فه‌تاح
چێژی هیچ شتێك تا كۆتایی نییه و له قۆناغێكی تردا ئه‌و چێژه بۆ ئازار ده‌گۆڕێت. ساڵانێكی زۆر، پێش ئه‌وه‌ی ببمه پاسه‌وانی گۆڕستان و كارم دزینی كفنی مردووه‌كان بێت، چێژم له شتێك ده‌دی، كه ئێستا بۆم مایه‌ی ئازاره.
ناوم (مه‌ردان)ـه. خه‌ڵكی شار كاتێك با‌نگم ده‌كه‌ن، به (مه‌ردانی پاسه‌وان) ناوم دێنن. لێره، هه‌موو كه‌س به پیشه‌كه‌یدا ده‌ناسرێته‌وه، نه‌ك خۆی. پرسیار ناكرێ تۆ كێیت، به‌ڵكو پرسیار له‌وه ده‌كرێ تۆ چییت. منیش به پیشه‌ی پاسه‌وانی ده‌ناسرێمه‌وه و به‌وه ناوم ده‌ركردووه. خه‌ڵكی ئه‌م شاره منیان خۆش ده‌وێ و ڕێزی زۆرم ده‌گرن، بێ ئاگان له‌وه‌ی دزینی كفنی مردووه‌كانیان له هه‌ناومدایه. ناهه‌قیان ناگرم، چونكه ڕووخسارێكی فریوده‌رانه‌م هه‌یه و به بێده‌نگییه‌كه‌م چاویان له ئاست خراپه‌كانم كوێر ده‌كه‌م. هه‌ندێ مرۆڤی وه‌ك من گورگێكی پاشوقلده‌رن له پێستی مه‌ڕدا. هه‌ر من نا، زۆربه‌ی خه‌ڵكی وان، به تایبه‌ت ئه‌و زیندووانه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی له جووڵه و زیندوویی خۆیان دڵنیا بن، بۆ مردووه‌كانیان ده‌گرین، تابووته‌كان ده‌نێنه ژێر شانیان و ڕێگای گۆڕستانه‌كان ده‌گرنه به‌ر، تا به‌و هۆیه‌وه خراپییه‌كان و درۆ و فێڵی خۆیان بشارنه‌وه.
پاسه‌وانی گۆڕستانی (ئیمام محه‌مه‌د)م، ئه‌و گۆڕستانه كه‌وتۆته سه‌ر گردۆڵكه‌یه‌ك و له قه‌راغی شاردایه. له نزیكیه‌وه هه‌ندێ ماڵی زۆر كۆن هه‌یه، كه شێوه‌ی بیناسازییان له هیی سه‌رده‌مه كۆنه‌كان ده‌چێت، گومه‌زیان هه‌یه و له‌به‌ر كۆنیان درز كه‌وتۆته دیواری خانووه‌كان، هه‌ر به بینینیان ده‌توانیت له خانووه‌كانی ناوشار جیایان بكه‌یته‌وه.
هه‌موو كاری من له شه‌ودا ده‌ست پێ ده‌كات، بۆ بڵێم هه‌موو كار، من ته‌نیا یه‌ك كار ده‌كه‌م، ئه‌ویش دزینی كفنی مردووه‌كان له شه‌ودا. به ڕۆژ ئه‌و كه‌سانه‌ی مردووه‌كانیان ده‌هێننه ئێره و ژێرخاكیان ده‌نێن، هاوكارییان ده‌كه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه نا، تا وه‌ك كه‌سێكی باش و به كه‌ڵك ته‌ماشام بكه‌ن، نه‌خێر، به‌ڵكو له‌به‌ر شتێكی تر، كه تا ئێستا ته‌نیا خۆم ده‌یزانم و له‌م شاره‌دا كه‌س له مانای ئه‌و هاوكارییه‌م نه‌گه‌یشتووه. هاوكاریكردنم بۆ زانینی شوێنی مردووه تازه‌نێژراوه‌كانه، بۆ ئه‌وه‌ی شه‌و كاتێك ئاسمان ڕه‌نگی ڕه‌ش داده‌گه‌ڕێت، له‌ناو تاریكییه‌كی تۆخدا گۆڕی مردووه تازه‌نێژراوه‌كه هه‌ڵده‌مه‌وه، له‌به‌ر چی؟! له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كفنه‌كه‌ی له به‌ر دابماڵم و له ماڵه یه‌ك ژوورییه‌كه‌ی گۆڕستانه‌كه‌دا له‌به‌ری بكه‌م، ئه‌ویش بۆ گه‌یشتن به شتێكی تر و دۆزینه‌وه‌ی ونبوویه‌ك. مرۆڤ وایه، هه‌ر شتێك له پێناو گه‌یشتن به شتێكی تردا ده‌كات.
من (ئه‌ستێره)م، پورزای (مه‌ردان)، مه‌به‌ستم (مه‌ردان)ی پاسه‌وانی گۆڕستانه‌كه‌ی نزیك ماڵمانه. ئه‌و ئێستا زۆر پیر بووه، به‌ڵام هێشتا ڕه‌نگوڕووی منداڵی له ڕوویدا ده‌بریسكێته‌وه و ئێستاش وه‌ك منداڵێك به شه‌وقێكی زۆره‌وه ده‌ژی. جاران دزێكی خۆشه‌ویست و منداڵێكی چه‌توون بوو، له دزیندا زۆر هونه‌ری به كار ده‌هێنا. ته‌نیا من ده‌مزانی ئه‌و دز بوو. ماڵی خزم و دراوسێكانی هه‌موو تاڵان كردبوو، به‌ڵام ئێستا پاسه‌وانی گۆڕستانه، نازانم له‌و گۆڕستانه‌دا جگه له پاسه‌وانیی مردووه‌كان، هیچ كارێكی تر ده‌كات، یان نا؟ مردووان پاسه‌وانیان بۆ چییه؟ چ پێویست ده‌كات زیندوو چاودێریی مردوو بكات؟! بڵێی له گۆڕستاندا ژیانێكی تر هه‌بێت و ئێمه‌ی زیندوو هه‌ستی پێ نه‌كه‌ین؟! گوتم (ئێمه‌ی زیندوو؟!) به‌ڵێ، ئێمه‌ی زیندوو! (مه‌ردان) كاتێك منداڵ بوو كه‌ره‌سته و شتی زیندووه‌كانی ده‌دزی، به‌ڵام ئێستا له‌گه‌ڵ مردووه‌كاندا ده‌ژیێت، بڵێی بتوانێ دزیی له‌وانیش بكات؟
ماڵی ئێمه سه‌د مه‌ترێك له گۆڕستانه‌كه‌وه دووره. زۆر جار سه‌ر له (مه‌ردان) ده‌ده‌م و خواردنی بۆ ده‌به‌م. منی زۆر خۆش ده‌وێ، چونكه ده‌ڵێت: (((ئه‌ستێره) زۆر هاوكاریم ده‌كات و پێمه‌وه ماندوو ده‌بێت.)) گوتم زۆر جار سه‌ری لێ ده‌ده‌م؟ به‌ڵێ، به‌ڵام مه‌رجی چوونم بۆ لای ئه‌وه‌یه، كه ته‌نیا له ڕۆژدا بیبینم و خواردنی بۆ ببه‌م، یان ئه‌گه‌ر كارێكم پێی هه‌بێت، ده‌بێت له‌ژێر ئاسمانی ڕووندا بۆ لای بڕۆم. ئه‌ویش هه‌روا ده‌كات، ته‌نیا له ڕۆژدا سه‌ردانیمان ده‌كات، نازانم ئه‌مه بۆ ده‌كات.
ماوه‌یه‌كی زۆره ئه‌و گومانه له‌سه‌رمدا ده‌خوولێته‌وه و هه‌ڵهێنانی ئه‌و مه‌ته‌ڵه پڕ ئه‌فسوونه بووه‌ته ماخۆلانم، كه پورزاكه‌م بۆچی نایه‌وێ له شه‌ودا كه‌س ببینێت و كه‌س بیبینێت. به منداڵییش كچێكی بزێو و سه‌ركێش بووم، هه‌میشه ده‌مویست ئاگام له هه‌موو ئه‌و شتانه بێت، كه له ده‌وروبه‌رم ڕووده‌ده‌ن، ته‌نانه‌ت هه‌وڵم ده‌دا بزانم كێ كێی خۆش ده‌وێ و كێش ڕقی له كێیه. وام هه‌ست ده‌كرد به‌و كاره ده‌توانم خۆشه‌ویستیی هه‌مووان به ده‌ست بهێنم، بۆیه نهێنی زۆر له خزمه‌كانم لای من بوون، زۆر كات هانایان بۆم ده‌هێنا، منیش له پێدانی نهێنی باش و پێویست دڵفراوانیم ده‌كرد و پێم ده‌دان، به‌ڵام نازانم بۆ دوای ئه‌وه‌ی (مه‌ردان) كاتێك ته‌مه‌نی ته‌نیا بیست به‌هار بوو، بووه پاسه‌وانی گۆڕستانی (ئیمام محه‌مه‌د) و پێمانی گوت نامه‌وێ كه‌س له شه‌ودا سه‌ردانم بكا، زاتی ئه‌وه‌م نه‌كردبوو به دوای ئه‌و نهێنییه‌دا بگه‌ڕێم. ڕه‌نگه به هۆی ئه‌وه‌وه بێت، كه (مه‌ردان) ژیانێكی زۆر له‌وه ئاڵۆزتری هه‌بوو، من بتوانم به هه‌وڵێك دركی پێ بكه‌م. له‌وانه‌یشه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت، كه دایكم چیرۆكی سه‌یر سه‌یر و ترسناكی له‌باره‌ی ئه‌و گۆڕستانه‌وه بۆ ده‌گێڕامه‌وه و هه‌میشه پێی ده‌گوتم:((ئه‌ستێره گیان، شه‌وان مردووه‌كانی ئه‌و گۆڕستانه له گۆڕه‌كانیان دێنه ده‌ره‌وه و به‌ناو كۆڵان و شه‌قامه‌كانی شاردا ده‌گه‌ڕێن. هه‌ر كه‌س بیانبینێت، زه‌نده‌قی ده‌چێت، بۆیه هه‌رگیز نه‌كه‌ی شه‌وان بچیته ده‌ره‌وه.)) گوتم هه‌ر له منداڵییه‌وه كچێكی بزێو و سه‌ركێش بووم؟ به‌ڵێ، بۆ ئه‌وه‌ی بزێوی و سه‌ركێشیی خۆم بیسه‌لمێنم، وزه‌م دایه به‌ر خۆم و شه‌وێك له شه‌وه گه‌رمه‌كانی كۆتایی مانگی شه‌شی ساڵی (1988) فانۆسێكم هه‌ڵگرت و هێواش هێواش هه‌نگاوم به‌ره‌و گۆڕستانی (ئیمام محه‌مه‌د) نا. كاتێك به‌سه‌ر خاكه زبر و به‌رده‌ڵانه‌كه‌ی نێوان ماڵی خۆمان و گۆڕستانه‌كه ده‌ڕۆیشتم، به جۆرێكی وا هێمن پێم زه‌وییه‌كه‌ی ماچ ده‌كرد، هه‌ندێ كات هه‌ستم ده‌كرد قاچه‌كانم له هه‌وادا ده‌ڕۆن و له‌نێوان من و زه‌ویدا بۆشاییه‌ك هه‌یه، كه نایه‌ڵێت قاچی من و زه‌وی به یه‌ك بگه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی بزانم به ڕێگادا بۆ شوێنێك ده‌ڕۆم و دڵنیا بم له بۆشاییدا نیم، چه‌ند چركه‌یه‌ك هێزێكی زۆرم خسته سه‌ر پێڵاوه‌كانم و له زه‌ویم خشاندن. ده‌زانن بۆ وا هێمن و نه‌رم ده‌ڕۆیشتم؟ چونكه ده‌مگوت نه‌ك دایكم و مردووه‌كان بمبینن و نه‌یه‌ڵن كلیلی ئه‌و نهێنییه بدۆزمه‌وه. فانۆسه‌كه‌م به ده‌ستی ڕاست گرتبوو، تیشكێكی زۆر كزی هه‌بوو، ته‌نیا چه‌ند مه‌ترێك به‌رپێی خۆم ده‌بینی. تا گه‌یشتمه به‌رده‌م ده‌رگای گۆڕستانه‌كه چه‌ندین جار پێم هه‌ڵكه‌وت. له‌ترم ده‌دا و ده‌كه‌وتمه سه‌ر زه‌وی، پێیه‌كانم ده‌سووڕان و ئازاری زۆرم پێ ده‌گه‌یشت، به‌ڵام له‌به‌ر زانینی نهێنییه‌ك هه‌ستم به ئازاری كه‌وتنه‌كان نه‌ده‌كرد، ئه‌و نهێنییه‌ی، كه تا ئه‌و ساته ببووه مۆته‌كه‌یه‌ك و هه‌موو شه‌و ده‌هاته خه‌وم، بینی ده‌گرتم و هه‌ناسه‌ی ده‌بڕیم. مرۆڤ له ساتی گه‌ڕان به دوای نهێنییه‌كی گرنگدا هه‌ست به‌و ئازار و ناخۆشیانه ناكات، كه به هۆی زانینی نهێنییه‌كه‌وه دێنه پێشی.
له په‌نادیوارێكی گۆڕستانه‌كه و له‌ژێر دارهه‌نجیرێكدا له‌نگه‌رم گرت. بۆ ئه‌وه‌ی (مه‌ردان) هه‌ست به بوونم نه‌كات، فوویه‌كی هێواشم له تیشكی فانۆسه‌كه كرد، كه‌وته سه‌ما و دواتریش كوژایه‌وه، تا فانۆسه‌كه‌م نه‌كوژانده‌وه، نه‌مزانی دنیا وا تاریك بووه. نزیكی كاتژمێر هه‌شت بوو. هیچ ده‌نگێكم نه‌ده‌بیست، گه‌ڵای داره‌كانی لێواری گۆڕستانه‌كه نه‌ده‌جووڵانه‌وه و خشه‌یان نه‌ده‌هات. بێده‌نگییه‌ك باڵی به‌سه‌ر شه‌ودا كێشا بوو، به‌رچاوم تاریك بووبوو، هیچ شتێكم به‌دی نه‌ده‌كرد. هه‌ستم كرد له شوێنێكم ته‌نیا تاریكی سه‌روه‌ره، دواتر ورده ورده چاوم له‌گه‌ڵ تاریكییه‌كدا ڕاهات و توانیم به ته‌ڵغی شته‌كان ببینم. له‌پڕ چاوم به تیشكێك كه‌وت، ته‌ماشای مه‌ترێك سه‌ره‌وه‌ی تیشكه‌كه‌م كرد و ڕووخسارێكی لێڵم به‌دی كرد، كه‌سێك بوو، له ڕۆیشتنیدا هه‌ستت ده‌كرد مرۆڤێكی پیر و ساڵداره، چونكه كاتێك به‌ناو گۆڕستانه‌كه‌دا ده‌ڕۆیشت، پشتی چه‌مابووه‌وه. ڕوونتر بینیم، جامانه‌یه‌كی ڕه‌شی ئاڵاندبووه سه‌رییه‌وه، كه خاڵی ورد وردی سپیی تێدا بوو. به ده‌ستێكی فانۆسێكی وه‌ك ئه‌وه‌ی من و به ده‌سته‌كه‌ی تری دارێكی درێژی وه‌ك خاكه‌نازی گرتبوو، یه‌كسه‌ر ترپه‌ی خێرا و به‌رز كه‌وته ناو دڵمه‌وه و جه‌سته‌م پڕ له ترس بوو. له دڵی خۆمدا گوتم:((ئه‌و كه‌سه كێیه؟ به‌و شه‌وه تاریكه له‌نێوان ئه‌و كێل و گۆڕانه‌دا چی ده‌كات و بۆ چیی ده‌گه‌ڕێت؟!)) له به‌رده‌م گۆڕێكدا نووشتایه‌وه، سه‌ری سووڕ دا و سه‌یری ده‌وروبه‌ری خۆی كرد، له تیشكی فانۆسه‌كه‌ی ده‌ستی نزیكتر بووه‌وه. ئۆو! ئه‌وه (مه‌ردان)ه، له‌سه‌ر ئه‌و گۆڕه چی ده‌كات؟! پێش ئێستا گوتم (مه‌ردان) زۆر پیر بووه؟ به‌ڵێ، كاتێك تیشكه كزه‌كه‌م له‌سه‌ر ڕووخساری بینی، لۆچه ئه‌ستووره‌كانی ده‌موچاوی به جوانی خۆیان نیشان ده‌دا.
یه‌كێك له شه‌وه‌كانی سه‌ره‌تای مانگی نۆی(1930)ـه. منداڵان به قاووقیژ و داخستنی به‌هێزی ده‌رگای ماڵه‌كانیان، بۆ یاریی فڕیوه، گرتن و به‌ردان و چاوشاركێ ده‌چنه ده‌ره‌وه. هه‌ر كۆمه‌ڵه منداڵێك پێكه‌وه یاریی ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیان فڕیوه، هه‌ندێكی تریان گرتن و به‌ردان، دوو منداڵیش به ته‌نیا و پێكه‌وه چاوشاركێ ده‌كه‌ن. ئه‌م كچۆڵه و كوڕیژگه‌یه جیاواز له منداڵه‌كانی تر چێژی زۆر له یاریی چاوشاركێ وه‌رده‌گرن و هه‌ر به ته‌نیا ئه‌و یارییه‌ش ده‌كه‌ن.
كچۆڵه‌كه پێشنیارێك بۆ یاریی ئه‌مشه‌ویان ده‌كات و ده‌ڵێت:
– هه‌موو شه‌وه‌كانی تر تۆ چاوی منت ده‌به‌ست و خۆتت لێم ده‌شارده‌وه، منیش جۆم ده‌كردی. حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌مشه‌و من چاوی تۆ ببه‌ستم و خۆمت لێ بشارمه‌وه، تۆ من جۆ بكه‌ی، باش؟
– ئاخر من زوو تۆ جۆت ده‌كه‌م، حه‌ز ناكه‌م یارییه‌كه‌مان زوو ته‌واو بێت.
– ئه‌گه‌ر ڕازی نه‌بیت، من یارییت له‌گه‌ڵ ناكه‌م و ده‌ڕۆمه‌وه بۆ ماڵی خۆمان، ئیتر هیچ شه‌وێكی تریش بۆ یاریی نایه‌مه ده‌ره‌وه و چاوه‌ڕێم نه‌كه‌ی.
– باش. ڕازیم، به‌ڵام توند چاوم ببه‌سته. بۆ شوێنی دووریش مه‌ڕۆ، ته‌نیا له‌و جێگایانه خۆت بشاره‌وه، كه من خۆم تیا شاردبووه‌وه.
– باش، ده‌ی كوا پارچه‌په‌ڕۆ سپییه‌كه‌م بده‌رێ.
كوڕیژگه‌كه ده‌ستی به‌ناو گیرفانی ڕاستی پانتۆڵه بچووكه‌كه‌یدا گێڕا، پارچه‌په‌ڕۆكه‌ی (كه هیی كچۆڵه‌كه بوو.) ده‌رهێنا و خستییه ناو ده‌ستی كچۆڵه‌كه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی چاوی ببه‌ستێت. (مه‌هتاب) هه‌وڵی زۆری دا، تا توند له دواوه په‌ڕۆ سپییه‌كه گرێ بدا و نه‌كرێته‌وه. چه‌ند جارێك جه‌ختی لێ كرده‌وه، كه ئایا چاوی ده‌بینێت، یان نا، دوای ئه‌وه‌ی دڵنیا بوو كوڕیژگه‌كه هیچ نابینێت، خۆی شارده‌وه و پێی گوت:
– ئێستا چاوت بكه‌وه!
كوڕیژگه‌كه چاوی كرده‌وه، به هۆی ئه‌وه‌ی كچۆڵه‌كه گرێی توندی له په‌ڕۆكه دابوو، به خێرایی چاوی وه‌ك تیشكی مۆمی به‌ر هه‌وا ده‌پرتاند و سه‌ری بۆ چوارده‌وری خۆی ده‌سووڕاند. كه‌وته گه‌ڕان بۆ جۆكردنی كچۆڵه‌كه‌ی هاویاری. زۆر گه‌ڕا، كه‌لاوه تاریكه‌كان، كۆڵانه ته‌سك و شێداره‌كانی ئه‌و نزیكانه، ئه‌و كۆڵانانه‌ی ماڵه‌كانیان ته‌نیا یه‌ك گڵۆپی تێدا ده‌سووتا، هه‌تا ئه‌و ماڵه چۆڵه‌ش گه‌ڕا، كه پێش دوو ڕۆژ خاوه‌نه‌كه‌ی جێی هێشتبوو و ڕووی له شارێكی تر كردبوو، به‌ڵام له هیچ یه‌كێك له‌و شوێنانه هه‌واڵێك له كچۆڵه نه‌بوو، ئاخر ئه‌م ته‌نیا له‌م شوێنانه خۆی ده‌شارده و ڕووی له هیچ شوێنێكی تر نه‌ده‌كرد، ده‌بوو ئه‌ویش هه‌ر وای بكردایه، به‌ڵام وا دیاره وای نه‌كردووه. ڕۆیشته‌وه بۆ ناو منداڵه‌كان و به وردی چاوی به ناویاندا گێڕا، تا كچۆڵه‌ی هاوڕێی بدۆزێته‌وه، كه‌چی له‌ناو ئه‌وانیشدا نه‌بوو. پرسیاری له یه‌ك دوو منداڵی هاوڕێی كرد و ئه‌وانیش بێئاگایی خۆیان له بینینی (مه‌هتاب) ده‌ربڕی. هه‌ناسه‌ی سوار و ڕه‌نگی بزڕكا بوو، كاتێك لای منداڵه‌كان قسه‌ی ده‌كرد، تۆنی ده‌نگی وه‌ك كوڕه هه‌رزه‌كارێك گڕ ببوو. بیری كرده‌وه، كه ڕه‌نگه بۆ ماڵ ڕۆشتبێته‌وه، چونكه زۆر شه‌وی تر، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌می جۆ كردبێت، ده‌ڕۆیشته‌وه ماڵ و تاقه‌تی یاریی نه‌ده‌ما، به‌ڵام هه‌رچه‌ندی كرد نه‌یتوانی بۆ ماڵیان بڕوات و هه‌واڵێكی (مه‌هتاب) بزانێت. ئێستا ئه‌و هه‌سته تیایدا سه‌روه‌ره، كه كچۆڵه‌كه‌ی ون كردووه، ونكردن وایه، مرۆڤ گه‌ر یه‌كجار كه‌سێك، یان شتێك ون بكا، ئیدی هه‌رگیز نایدۆزیته‌وه، گه‌ر ئه‌و كه‌س و شته‌ش ببینێته‌وه.
ماوه‌یه‌ك له شوێنی یارییه‌كه مایه‌وه و چاوله‌ڕێی هاتنه‌وه‌ی (مه‌هتاب) بوو، تا بگه‌ڕێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به یارییه‌كه‌یان بهێنن و هه‌ر یه‌كه‌یان بۆ ماڵی خۆی بڕواته‌وه، به‌ڵام كچۆڵه‌كه بۆ شوێنی یارییه‌كه‌ش نه‌گه‌ڕایه‌وه. نائومێدانه ڕێگای ماڵه‌وه‌ی گرته‌به‌ر، دایكی له‌سه‌ر سه‌كۆی حه‌وشه‌كه جێگای نووستنی بۆ ڕاخستبوو، ئه‌ویش بێ قسه و به دڵێكی منداڵانه‌ی ناسكه‌وه چووه ژێر جێگاكه‌ی و بیری له دیارنه‌مانی (مه‌هتاب) ده‌كرده‌وه. هیچ شتێك له‌وه ناخۆشتر نییه منداڵێك خه‌می هه‌بێت، له ناخه‌وه خۆی بخواته‌وه و به كه‌س نه‌ڵێت چ خه‌مێكم هه‌یه.
له هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌كاندا، له یه‌ككاتدا و بێ ویستی خۆم گومان و چێژ و ترسم تێكه‌ڵ ده‌بن و بۆم جیا ناكرێنه‌وه. زۆر ماندوو ده‌بم، تا خۆڵی سه‌ر گۆڕه‌كان لا ده‌به‌م، هه‌ڵیانده‌ستێنمه‌وه و پشتیان ده‌ده‌مه كێلی گۆڕه‌كه‌ی خۆیانه‌وه، دایانده‌نیشێنم، تا كفنه سپییه‌كه‌یان له به‌ر دابكه‌نم. هه‌رچه‌نده مردووه‌كان زیاتر له زیندووه‌كان ده‌مترسێنن، چونكه زۆریان دوای لابردنی خۆڵی سه‌ر گۆڕه‌كانیان، كاتێك تیشكی فانۆسه‌كه‌یان لێ ده‌ده‌م، ڕووخسارێكی ترسناك و پێستێكی ڕه‌ق و بێده‌نگییه‌كی دڵله‌رزێنیان هه‌یه، به‌ڵام چێژی زیاتریشم پێ ده‌به‌خشن. زیندووه‌كان نامترسێنن، به‌ڵام ئازارم ده‌ده‌ن و له چێژ بێبه‌ریم ده‌كه‌ن، هه‌موو چێژێك له‌ناو ترسی گه‌وره‌دایه، من تا نه‌هاتمه ئه‌م گۆڕستانه و مردووه‌كانم به چاوی خۆم نه‌بینی، نه‌مده‌زانی چێژ له كاری مه‌ترسیداردایه. ئه‌مه‌ی ئێستا خه‌ریكی هه‌ڵدانه‌وه‌یم (182)ـه‌مین گۆڕی مردووه، كه تا ئێستا له‌م گۆڕستانه هه‌ڵمداونه‌ته‌وه.
دوای قۆناغی منداڵییم ئه‌مه یه‌كه‌مجارمه ئاوا به شه‌و بێمه ده‌ره‌وه، ماڵه‌وه و ترسی خۆم تا ئێستا ڕێگری ئه‌وه‌م لێ ده‌كه‌ن، به تایبه‌تی كاتێك ماڵی ئێمه نزیكی گۆڕستانێكی گه‌وره و ترسناكه. شه‌وانی هه‌ر چوار وه‌رزی ساڵ، كاتێك ده‌چوومه ژێر جێگای نووستنمه‌وه، سه‌ره‌تا زینده‌خه‌ونم به‌و كوڕه‌وه ده‌بینی، كه هاوپۆلم بوو، زۆر یه‌كدیمان خۆش ده‌ویست، به‌ڵام ماڵیان بۆ شارێكی گه‌وره‌تری دوور له‌م شاره بچووكه‌ی ئێمه گواسته‌وه و ئیتر هه‌رگیز نه‌مبینییه‌وه. دوای ته‌واوبوونی زینده‌خه‌ونی هه‌میشه‌ییم، بیرم له‌و نهێنییه ده‌كرده‌وه، كه بۆچی (مه‌ردان) نایه‌ڵێ به شه‌و كه‌س بیبینێت. دێمه‌وه سه‌ر خۆم و جووڵه‌ی (مه‌ردان) ده‌خه‌مه ژێر چاودێری ورده‌وه، ده‌بێ چ بكات؟ هه‌ستایه سه‌ر پێ، به هه‌ردوو ده‌ستی داری خاكه‌نازه‌كه‌ی گرت و كه‌وته لابردنی خۆڵی گۆڕێك، ئه‌وه چی ده‌كات؟! خۆ ئه‌وه گۆڕه‌كه‌ی هه‌ڵدایه‌وه. وای! مردوویه‌كی هێنایه ده‌ره‌وه، ده‌ستی بۆ كفنه‌كه‌ی برد و له به‌ری داماڵی، مردووه‌كه ڕووت بووه‌وه. له‌شم داهێزرا و له شوێنی خۆم وشك بووم، ئه‌مه یه‌كه‌مجارمه مردوویه‌كی ڕووت ببینم. له ڕووخساری (مه‌ردان)یشدا هه‌ستم به ترس و شڵه‌ژان نه‌كرد، پێده‌چێت له‌گه‌ڵ ئه‌م پیشه‌یه‌دا ڕاهاتبێت، وای! نازانم، بۆ هێنده له بینینی مردوو ده‌ترسم، له كاتێكدا زیندووه‌كان جێی ئه‌وه‌ن لێیان بترسم. چاوم داده‌خه‌م و ده‌مه‌وێ دیمه‌نی ڕووتی ئه‌و مردووه نه‌بینم، به‌ڵام هه‌وڵه‌كه‌م بێ ئاكام ده‌بێت، جارێكی تر و بێ ئه‌وه‌ی خۆم پێی بزانم چاوم ده‌چێته‌وه سه‌ر (مه‌ردان) و مردووه ڕووتكراوه‌كه. ده‌مه‌وێت چاو دابخه‌م، به‌ڵام هێزێك له ناوه‌وه پێم ده‌ڵێت: (ئه‌ستێره! نابێت بترسیت. تۆ! ئه‌مشه‌و بۆ زانینی نهێنییه‌ك هاتوویت، بڕۆ پێشه‌وه و پرسیار له (مه‌ردان) بكه، بزانه بۆچی ئه‌و گۆڕانه هه‌ڵده‌داته‌وه؟ بۆچی كفن له به‌ری مردووه‌كان داده‌ماڵێت؟ بۆچی…؟!)) ترس ئاره‌قی زۆری پێ كردبووم، وام هه‌ست ده‌كرد له‌به‌ر خۆری گه‌رمی هاویندا وه‌ستاوم و سه‌رم تاوه‌سووت بووه، ورده ورده چوومه پێشه‌وه و له‌شم نا، دڵم ده‌له‌رزی. (مه‌ردان) سه‌رێكی هه‌ڵبڕی و گوێی بۆ ده‌نگێك هه‌ڵخست، زانیم ئه‌ویش ترسی لێ نیشتووه. گه‌یشتمه لای و به ده‌نگێكی هه‌ڵبزڕكاوه‌وه سه‌ڵاوێكم لێ كرد، ئه‌ویش به هه‌مان ده‌نگی من و ڕه‌نگی تاساوه‌وه سه‌ڵاوه‌كه‌ی سه‌ندمه‌وه. وره‌م دایه به‌ر خۆم و گوتم:
– (مه‌ردان)، بۆ ئه‌و مردووه‌ت له‌و گۆڕه ده‌رهێناوه و كفنه‌كه‌ی له به‌ر داده‌كه‌نییت؟!
– ها؟ نا، ئه‌وه هیچ نییه، ته‌نیا كفنه‌كه‌ی پاك ده‌كه‌مه‌وه!
– نا، ئه‌وه ڕاست نییه، تۆ ده‌ته‌وێ شتێك له‌و مردووه بكه‌ی. ده‌ته‌وێ تۆڵه له‌و مردووه بكه‌یته‌وه؟!
– به‌ڵێ.
– تۆڵه له زیندووه‌كان ده‌كرێته‌وه، نه‌ك مردووه‌كان!
– تازه تۆ به هه‌موو شتێكت زانی. با بچینه ژووره‌وه هه‌موو شتێكت پێ ده‌ڵێم.
كاتێك گوتی (هه‌موو شتێك)ـت پێ ده‌ڵێم، هه‌ستم ده‌كرد ئه‌و نه‌ك هه‌موو شتێكم پێ ناڵێت، بگره یه‌ك شتیشم له‌و هه‌موو شته بۆ باس ناكات، كه بڕیاری دابوو پێم بڵێت. (مه‌ردان) هه‌ستایه سه‌ر پێ و خۆی ته‌كاند. پێكه‌وه چووینه ژووره‌كه‌ی، كه كه‌وتبووه‌وه به‌شی ڕۆژئاوای گۆڕستانه‌كه.
له ساتی چوونه‌ژووره‌وه‌دا (ئه‌ستێره) له دوای (مه‌ردان)ـه‌وه ده‌ڕۆیشت، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واو هه‌ست به‌و گۆڕانه له‌ناكاوه بكات، كه له ڕووخسار و جه‌سته‌ی پورزاكه‌یدا ڕووی دابوو. چوونه ژووره‌وه و دانیشتن، (ئه‌ستێره) بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی ئه‌و بكات، سه‌یری ده‌ماره سه‌وزه‌كانی ده‌ستی (مه‌ردان)ی كرد، كه له‌به‌ر تیشكی فانۆسه‌كه وه‌ك هێڵی لاری سه‌ر نه‌خشه‌كانی لێ هاتبوو. ده‌ستی به پرسیاره زۆره‌كانی كرد وگوتی:
– مه‌ردان گیان، ئه‌مه یه‌كه‌مجارمه به شه‌و ده‌تبینم. له ڕۆژدا گه‌نجتر ده‌رده‌كه‌وی، به‌ڵام له شه‌ودا زۆر پیر دیاری.
بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ی (ئه‌ستێره)ی به‌لاوه گرنگ بێت، گوتی:
– ئه‌ستێره گیان، خۆت ده‌زانی ماوه‌یه‌كی زۆره له‌م گۆڕستانه‌دا ده‌ژیم، له پێناوی یه‌ك شت‌دا، ئه‌ویش ڕاكردن له زیندووان. ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵا زیندوواندا ژیام، ئازاری زۆرم چه‌شت، بۆیه بڕیارم دا ئیدی له‌گه‌ڵ مردووان‌دا بژیم. ئه‌وه ئێوه‌ن له دووره‌وه وا تێده‌گه‌ن، كه ئه‌وانه‌ی لێره‌ن جووڵه‌یان نییه و ناتوانن بژین، به‌ڵام له ڕاستیدا وانییه، ئه‌وان جوانتر له زیندووه‌كان ده‌ژین، دنیایه‌كی ئارام و جیهانێكی بێده‌نگی پڕ له ژیانیان هه‌یه.
(ئه‌ستێره) كه‌مێك بێزارانه خۆی نیشان دا و ویستی وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی ده‌ست بكه‌وێت. جارێكی دی لێی پرسییه‌وه:
– (مه‌ردان)، پێم بڵێ، كفنی ئه‌و مردووه‌ت بۆ چی بوو؟! بۆ له به‌ریت داماڵی؟! چی لێ ده‌كه‌ی؟!
– چونكه مردووه‌كان پێویستیان به كفن نییه. ئه‌وان جه‌سته‌ی ڕووتیان له‌گه‌ڵ خاكدا تێكه‌ڵ ده‌بێت و گه‌ر پارچه قوماشه سپییه‌كانی به‌ریان دانه‌كه‌نرێت، له‌ژێر خاكدا ده‌ڕزێن. كفن بۆ زیندووانه، نه‌ك مردووان، كفن بۆ ئه‌وه‌یه ناشیرینییه‌كان بشارێته‌وه. مرۆڤ، كه ده‌مرێت ڕۆحی بۆ ئاسمان و جه‌سته‌شی بۆ ژێرخاك ده‌چێت. كفن بۆ كه‌سێكه له‌سه‌ر خاك بێ و خراپه‌كانی خۆی پێ دابپۆشێت.
(ئه‌ستێره) وه‌ك ئه‌وه‌ی بڕوای ته‌واو به قسه‌كانی پورزاكه‌ی نه‌كات، سه‌یرێكی بنمیچی ژووره‌كه‌ی كرد، دوو فه‌رده‌ی هه‌ڵواسراوی پڕ له شتی سپیی بینی، سه‌ره‌تا وایزانی لۆكه، یان په‌مووی تێدایه، به‌ڵام كاتێك وردتر ته‌ماشای كرد، بینی هه‌مووی كفنی مردووه. هه‌ناسه‌ی توند بوو، بۆی ده‌ركه‌وت، كه بۆچی به درێژایی ئه‌م هه‌موو ساڵه نه‌یهێشتووه كه‌س له شه‌ودا بێته ئه‌م گۆڕستانه و بیبینێت، چونكه كفنی زۆری مردووه‌كانی ئه‌م گۆڕستانه لێره‌ن، لای (مه‌ردان)، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش نه‌یهێشتووه له شه‌ودا كه‌س بۆ لای بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئاشكرا نه‌بێت. بڵێی له‌ناو ئه‌و پارچه قوماشه سپییانه‌دا بۆ چی بگه‌ڕێت؟ جارێكی تر له (مه‌ردان)ی پرسی:
– پورزاكه‌م، هه‌موو ئه‌مانه‌ی تۆ ده‌یڵێیت ڕه‌نگه ڕاستی بن، به‌ڵام تۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی منت نه‌دایه‌وه. كفنی ئه‌و مردووانه‌ت بۆ چییه؟ ڕه‌نگه ڕۆژێك له ڕۆژان كه‌سوكاریان بێن و گۆڕه‌كانیان هه‌ڵده‌نه‌وه، گه‌ر ببینن مردووه‌كه‌یان كفنی له به‌ردا نه‌ماوه، یه‌كسه‌ر گومان له تۆ ده‌كه‌ن.
– نا، خه‌می ئه‌وه‌م نییه، هیچ زیندوویه‌ك مردووی خۆش ناوێ. كاتێكیش دێنه سه‌ر گۆڕه‌كانیان و بۆیان ده‌گرین، له ڕاستیدا ده‌یانه‌وێ بزانن، كه تا ئێستا ده‌ژین و له سه‌ر زه‌وین، جیاوازن له مردووه‌كانی ژێرخاك.
– ئه‌ی كاتێك گۆڕه‌كان هه‌ڵده‌ده‌یته‌وه ترس داتناگرێت؟
– مرۆڤ هه‌موو كارێك بۆ چێژ ده‌كات، هه‌موو چێژێكیش ترسی خۆی هه‌یه، هه‌ر كارێك ترسی نه‌بێت، چێژیشی نییه. بردنی كفنی مردووه‌كان بۆ من چێژی زۆری هه‌یه، وه‌ك چۆن له‌گه‌ڵ داكه‌ندنی كفنی به‌ر هه‌ر مردوویه‌ك، خه‌ریكه ترس دڵم بۆ خۆی ده‌بات. ئه‌م چێژه، یان ڕوونتر بڵێم ئه‌م كاره ته‌نیا بۆ گه‌یشتن به شتێكی تر، یان بڵێم چێژێكی تر ده‌كه‌م.
– ئه‌و شته چییه؟
– شتێكه ده‌مه‌وێ پێی بگه‌م.
– تا ئێستا پێی نه‌گه‌یشتوویت؟
– نه‌خێر. ڕاستییه‌كه‌ی (ئه‌ستێره) گیان، ئه‌و كاته‌ی گه‌نجێتیی خۆم له‌ناو مرودووه‌كاندا پیر كرد، مانای وابوو منداڵیی خۆم ڕه‌تكردووه‌ته‌وه، كه بریتی بووه له ژیان له‌گه‌ڵ زیندووه‌كاندا.
– ژیان له گۆڕستاندا و له‌گه‌ڵ مردووان‌دا چۆنه؟
– یارییه‌كه، زیندووان ناچارت ده‌كه‌ن بیكه‌یت!
دوای ئه‌و شه‌وه‌ی كچۆڵه‌كه یارییه‌كه‌ی جێ هێشت، ونبوون ڕووی دا و كوڕیژگه‌كه‌ش زوو گه‌وره بوو…
فه‌رده‌كانی كفنیش كه‌مێكیان مابوو پڕ بن…
ئه‌پرێل/ 2013
+ ئه‌م چیرۆكه له ژماره (61)ی گۆڤاری (گه‌لاوێژی نوێ)دا بڵاو كراوه‌ته‌وه.
karwanshorshe@yahoo.com