Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
دێمۆكراسیخوازیی وردەبۆرجوازی، بانێك و دوو ھەوا

دێمۆكراسیخوازیی وردەبۆرجوازی، بانێك و دوو ھەوا

Closed
by July 18, 2013 گشتی

 

 

 

 

٣٠ی مانگی جون و ٠٣ی جولای ئەم ساڵ (٢٠١٣)، خۆرھەلاتی ناوین دوو ڕووداوی دەسەڵاتگۆڕین و درێژكردنەوەی دەسەڵاتی بەخۆیەوە بینی؛ یەكێكیان لە ھەرێمی كوردستان و ئەوی دیكەیان لە میسر؛ یەكێكیان بە زۆرینەی دەنگی پارلەمانتاران وئەوی دیكەیان بە ھێرشی سوپایی، ھەرچەندە ڕواڵەتیان جیاواز بوو، بەڵام نێوەڕۆكیان یەك و تایبەتمەندییان یەك؛ چونكە لە ھەردوو بارەكەدا ناڕەزایەتی جەماوەر بەرامبەر میرایەتی (ینك) و (پدك) و سەرۆكایەتی (مەسعود بارزانی) لە ھەرێمی كوردستان و ناڕەزایەتی جەماوەر بەرامبەر میرایەتی ئیخوانەكان و سەرۆكایەتی مورسی لە میسر لە ھەڵكشان و تەقینەوەدا بوو، لە ھەر دوو بارەكەدا ئامانج گۆڵكردن لە جەماوەر و پاراستنی سەروەریی دەوڵەت و سەرمایە بوو، بە دوو ڕێگە و شێوازی جیاوازی گونجاو و لەبار بۆ سەروەریی چینایەتی. پەنابردنی دەسەڵات بۆ ئەو شێوازە جیاوازانە لە ھەر دوو بارەكەدا، پەیوەندی بە ئاستی ھوشیاری و خرۆشان و لێبڕاویی جەماوەریی ناڕازییەوە ھەیە. بۆ نموونە لە سەردەمی ڕوخانی میرایەتی (موبارەك)دا پارتەكان و ڕامیاران و دەستەبژێرە دەسەڵاتخوازەكان، دروشمی دێمۆكراتی و سەروەریی یاسا و میرایەتی تێكنۆكرات بەرزدەكەنەوە، بەڵام لە سەردەمی ڕوخانی میرایەتی (مورسی)دا خۆیان لەژێر ناو و چەتری (تمرد)دا كۆدەكەنەوە و دەناسێنن، واژەیەك (تمرد/یاخیبوون)، كە لەسەردەمی ڕوخانی (موبارەك)دا دەمی دەسووتاندن!

پێش ئەوەی بچمە سەر شرۆڤەی ھەڵویستی دوو دیوی ڕامیاران و نووسەرانی كورد، لەمەڕ ئەو دوو ڕووداوە، بۆ ئەوەی وەك پیشەی ھەمیشەیی ڕامیارانەیان نەكەونە، بەلارێدابردن و شێواندنی بۆچوون و تێڕامانەكان، بەپێویستی دەزانم، ئەوە ڕۆشنبكەمەوە، من نەك ھەر دژی سیناریۆی درێژكردنەوەی ماوەی (سەرۆكایەتی)م، لەوەش واوەتر دژی خودی سەرۆكایەتیم، شتێك كە تەنانەت زۆربەی ئەوانەش كە پاگەندەی سۆشیالیستبوون دەكەن، ناوێرن خۆیان لە قەرەی بدەن و لە بەرامبەر ئەو سیناریۆیەدا تەنیا خوازیاری سەروەریی یاسای خودی بۆرجوازی و وەك ھاتنی “محەمەدی مەھدی”، چاوەڕێی ھاتنی سەرۆكی باشن و خۆشیان بە شیاوترین كاندیدی میگەلكردنی خەڵك و شوانەیی خۆیان دەزانن! ھەروەھا لە بارەی كودەتای سەربازیی ٠٣ی جولای ٢٠١٣ی وڵاتی (میسر)ەوە، لە سەردەمی حوسنی موبارەك و لە سەردەمی مورسی و لە ئێستاشدا، تەنیا لایەنگری بەرەی جەماوەر بووم و خەباتی كرێكاران و (جەماوەر)م بە تاكە سەنگەری شۆڕش و شۆڕشگێڕیی زانیوە و دەبینم و دژی گاڵتەجاریی ھەڵبژرادن و بەدەسەڵاتگەییشتنی ئیخوانەكان بووم، لە ئێستاشدا ھەروا دژی دەسەڵاتداری ھەموو كەسێكم بەسەر ئەوانی دیكەدا؛ چ دەسەڵاتداریی خۆم بێت یا ھی تۆی دەسەڵاتخواز و ھی مەسعود بارزانی و ھی ئیخوانەكان و ھی خودای ئەفسانەكانیش. 

ھیوادارم ھەر كەسێك لە ھەلھەلەكەرانی كودەتای سەربازیی بەسەر بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەریی میسردا، ڕەخنەی لەم بۆچوونانە ھەیە، ھیچ پەنا بۆ دێماگۆگیی نەبات و كایە بە واژە سۆزبزوێنەكان نەكات. بە بۆچوونی من، لە دەمی شۆڕشی كۆمەڵایەتییدا دوو بەرە ھەیە؛ بەرەی دەسەڵاتپاریزان (پارلەمان و ڕامیاران و سوپا و پۆلیس و پەرەستگە و بانك و كۆمپانییەكان و پارتەكان و چەوساوانی خۆشباوەڕ بە بەھەشتی دێمۆكراسی پارلەمانی، كە بەرەی دژەشۆڕشن) و بەرەی شۆرش، كە تێكۆشەران و چالاكانی بزووتنەوەی سەربەخۆی جەماوەریی چین و توێژە بندەستەكانن. لەبەرئەوە دوو ھەڵبژێر زیاتر بوونیان نییە؛ یا چینەی سەروەرییپارێزیی یا تێكۆشانی دژە-سەروەریی! لە دەرەوەی خەباتی دژی سەروەریی چینایەتی و خاوەندارێتی تایبەت و كاریكرێگرتە، ھەر ھەوڵ و كۆششێك، تەنیا بە میكیاجكردنەوەی سەروەریی چینایەتی كۆتایی ھاتووە و دێت!

 

ڕووداوەی یەكەم، درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆكی ئێستای ھەرێمی كوردستانە. لە ٢١ ساڵی ڕابوردوودا بەپێی بنەما و میكانیزمەكانی دێمۆكراسی پارلەمانی، لە ھەرێمی كوردستاندا ھەم دەسەڵاتداران كایە بە دەنگی خەڵك دەكەن و ھەم ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتخواز، جەماوەری ناڕازی كەم ھوشیار، بە ڕازاندنەوە و میكیاجكردنی دیمۆكراسی پارلەمانی، خۆشباوەڕدەكەن، لەم نێوەشدا كەسانێك كە پاگەندەی سۆشیالیزمخوازیی و سۆشیالیستبوون دەكەن، ھەردەم گلەییان لەوە ھەبووە، كە دەسەڵاتداران نەیانتوانیوە دێمۆكراسی پارلەمانی پیادەبكەن و نەیانتوانیوە سەرۆكی باش بن و خودی دێمۆكراسی پارلەمانیان كردووە بە بەڵێنی بەھەشتی ئایینەكان و پاساوی كەموكوڕییەكانیشیان بە خراپبوونی تاكە كەسە دەسەڵاتدارەكان داوەتەوە یا لە بەرامبەر سیستەمی پارلەمانییدا دیكتاتۆریی پارتەكەی خۆیان پێشنیاركردووە و كردووەتە ئەڵتەرناتیڤ!

ئەوەی ڕۆژی٣٠ی جونی ٢٠١٣ لە پارلەمانی ھەرێمی كوردستاندا ڕوویدا، ئاساییترین كار و بڕیاریی پارلمانی بوو، نەك لەبەرئەوەی كە درێژكردنەوەی شوانەیی كەسێك بەسەر كۆمەڵگەدا ئاسایی بێت، نەخێر، لەبەرئەوەی بەپێی میكانیزمەكانی دێمۆكراسی پارلەمانی و سیستەمی چینایەتی، ئاسایین  و ڕەوایەتییان ھەیە. ٢١ ساڵە ڕامیاران و پارتەكان و نووسەرانی كورد، داوای گەڕانەوەی ھەموو بڕیارەكان بۆ پارلەمان دەكەن و خوازیاریی سەروەریی میكانیزمی دێمۆكراسی پارلەمانی و پارلەمانتاران “نوێنەرانی ھەڵبژێردراوی گەل” ھەرێمی كوردستانن، كەچی لەو ساتەدا كە پارلەمانتاران بۆ تاكە جارێك بەپێی یاسای دەنگ لەسەردانی پارلەمانی و یەكلاكەرەوەیی زۆرینە و كەمینەی دەنگدەر، بڕیارێك دەدەن، ھەموو لایەنگرانی دێمۆكراسی پارلەمانی بە نیئۆلیبرال و خۆ بە سۆشیالیستزانەوە، دەكەونە ھات و ھاوار و دەڵێن، ئەمە پێچەوانەی دێمۆكرسی پارلەمانییە و نابێت ئاوابێت. ئایا بەڕاستی ئەوەی كە لە پارلەمانی ھەرێمی كوردستاندا ڕوویدا، دژی بنەماكانی دێمۆكراسسی پارلەمانی و ئاساییشی سەروەریی چینایەتی بوو؟

بەپێچەوانەی پاگەندەچییانی دێمۆكراسی پارلەمانی و چاوەڕوانی خۆشباوەڕان بەو سیستەمە، ڕووداوێكی ئاوا لەبەردەم چاوی كامێرا و تەواوی دەنگدەران و دەوڵەتە دیێمۆكراتەكان و دەزگە جیھانییەكانی وەك سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی جیھانی درا، كە ساڵانە چەند ملیارد بۆ خۆشباوەڕكردنی خەڵكی بەگشتی و لاوان بەتایبەتی لە وڵاتانی بەناو جیھانی سیێەم بە دێمۆكراسی پارلەمانی، خەرجدەكەن، نقەیان لێوە نەھات، خۆپیشاندانێكی جەماوەریی دەنگدەران بەرپانەبوو و ھیچ ئاگاداركردنەوە و سزا و ئابلۆقەیەك بەرامبەر ئەو بڕیارە نەگیرایە بەر.

بۆ منی ڕەخنەگر لە دێمۆكرسی پارلەمانی و دێماگۆگیی نووسەران و خۆشباوەڕیی دەنگدەران، ئەم پرسیارانە دێنەپێشەوە، ئەگەر دێمۆكراسی پارلەمانی شتێكی دیكەی جیاوازە لەوەی لە ھەرێمی كوردستاندا ھەیە، بۆچی چەند ملیۆن دەنگدەری چوار ساڵی پێشوو نەڕژانە سەر شەقامەكان، بۆ واژۆیان كۆنەكردەوە، بۆ مانگرتنی گشتییان نەكرد، بۆ نقەیان لێوەنەھات؟ بۆ سپانسۆرەكانی سیستەمی دێمۆكراسی پارلەمانی [دەوڵەتەكانی ئەوروپا و ئەمەریكا و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی جیھانی و یوئێن] لە ھەرێمی كوردستان و عیراقدا، ھیچ كاردانەوەیەكی دژیان بەو بڕیار و پەسەندكردنە نیشاننەدا؟

بۆ چاودێڕ و خوێنەری وریا لەوە بەدەر نییە، كە دێمۆكراسی پارلەمانی ھەر ئەوەیە، كە لەوێ ھەیە؛ ھەر ئەوەیە كە لە بریتانیا، پارلەمانتاران پارەی دەسپەڕلێدانەكانیان لەسەر داھاتی كۆمەڵگە دابیندەكەن؛ ھەر ئەوەیە كە پارلەمانتارانی ئەڵمانیا خزم و كەسوكاری خۆیان بە خزمخزمێنە لە پۆستەكانی شالیارییدا دادەمەزرێنن؛ ھەر ئەوەیە كە ئەمەریكا سیخوڕیی بەسەر تەواوی مرۆڤایەتی و تەنانەت دۆست و ئەڵقەلەگوێكانی خۆشیانەوە دەكات، بۆیە دێمۆكراتە بۆرجواكانی جیھان كاردانەوە نیشاننادەن. لە بەرامبەریشدا بێھەڵوێستی دەنگدەر، سەلمێنەری دوو شتە، یەكەم دێمۆكراسی پارلەمانی ھەر ئەوەیە، كە ڕوویدا و دووەم، دەنگدەر ھیچ ڕۆڵ و كارایی و ھەڵبژێرێكی بەرامبەر بڕیاری دەنگپێدراوان نییە و دەنگدەر بەھەمان شێوەی سیستەمی تاكپارتیی و سەربازیی، تەنیا مافی گوێڕایەڵبوونی ھەیە و بەس!

 

ڕووداوی دووەم، وەلانانی مورسی و میرایەتی ئیخوانەكانە بە كودەتای سەربازیی. ئەوەی كە لە وڵاتی میسر، ھەردەم ناڕەزایەتی كۆمەڵایەتیی بەرامبەر سیستەمی دیكتاتۆریی پارلەمانی ھەبووە و پاش ڕوخانی دیكتاتۆر (حوسنی موبارەك) و ھاتنە سەرتەختی دیكتاتۆر (مورسی)یش ھەر بەردەەوام بووە و لەمەولاش ھەر بەردەوام دەبێت، شتێكی بەڵگەنەویستە. بەڵام ئەوەی [لابردنی مورسی و ئیخوانەكان لەلایەن سوپاوە] لە ٠٣ی جولای ٢٠١٣دا ڕوویدا درێژەی ناڕەزایەتییەكان و بەرھەمی خەباتی ئازادیخوازان و داخوازیی پێش ٠٣ی جولای ٢٠١٣ی جەماوەر نەبوو! ئەوەی ڕوویدا كودەتای سەربازیی بێپەردە و نكۆڵیھەڵنەگر بوو، مەگەر تەنیا كەسانی دیماگۆگیباز بتوانن بە شۆڕشی بناسێنن و بە درێژەی خەباتی جەماوەریی ناڕازییانی بزانن. ئەوەی ڕوویدا ڕێكەوتنی كۆمەڵە پارت و كەسایەتییەكی دەسەڵاتخوازی دۆڕاوی ھەڵبژاردنەكەی پارساڵ (٢٠١٢)ی وڵاتی میسر بوو لەتەك سوپا لە چوارچێوەی پلان و ھاوپشتی سەربازیی ئەمەریكا بۆ سوپای میسر، كە ھەم سوپا وەك گەورەترین سەرمایەداری ئەو وڵاتە باشتر دەتوانێت نەخشە و بەرنامەڕێژییەكانی نیئۆلیبرالیزم پیادەبكات و ھەم دۆڕاوانی ھەڵبژاردنی پارساڵ، بە كورسیەكەی (مورسی) شاددەبن.

ئەوەی كە لە تونس و میسری ڕاپەڕیودا پارتە ئیسلامییەكان وەك ئێران و جەزائیر و فەلەستین توانییان لە ئاستی سەرتاسەری كۆمەڵگەدا بەدەسەڵات بگەن و ببنە ئەڵتەرناتیڤ، بۆ میكانیزمەكانی دیمۆكراسی پارلەمانی دەگەرێتەوە، ئەو میكانیزمانەی كە (ھیتلەر) و (موسۆلۆنی) و (پێنۆشێت) و (خومەینی)یان كردە كەڵەگا بەسەر كۆمەڵگەوە! لەبەر ئەوە ناكرێت بەڕاستی و ڕادیكاڵانە و لێبڕاوییەوە دژی بەدەسەڵاتگەییشتن و كارەكانی (ھیتلەر) و (مورسی) بیت و دژی سیستەمێك نەبێت، كە دەسەڵاتی سەرووخەڵكیی پارت و سەرۆكەكان مسۆگەر دەكات و زەمینە بۆ بەدەسەڵاتگەییشتنیان سازدەكات !

وەك ھەموومان دەزانین ئیخوانەكان و (مورسی) بەپێی یاساكانی دێمۆكراسی پارلمانی ھەڵبژێردراون و بە دەسەڵات گەییشتوون و ھەر بڕیار و پەسەندكردێكیش لە ماوەی یەك ساڵی ڕابوردووا پێیھەستابن، بەپێی مافێك كردوویانە، كە یاسای دەنگدان و نوێنەرایەتی بۆرجوازیی پێبەخشیون و ڕەوایەتی پێداون. ھەروەك چۆن پارلەمانتارانی گشت دەوڵەتە دێمۆكراتەكانی ئەوروپا و ئەمەریكا  و ئوسترالیا و كەنەدا بەپێی ھەمان دێمۆكراسی و یاسا ڕەوایەتی بە بڕیارەكان لەمەڕ ناردنی سوپا بۆ سەر وڵاتانی دیكە، كەمكردنەوەی كرێی ساتكار و درێژكردنەوەی ماوەی كاری كرێكاران و درێژكردنەوەی ماوەی كار تا خانەنشینی و تایبەتیكردنەوەی كەرتە گشتی و خزمەتگوزارییەكان و كەمكردنەوەی باج لەسەر سەرمایە و خاوەنكارەكان و بڕیاری جەنگ و ئابڵۆقەی ئابووریی و بڕیاری سیخوڕیی بەسەر ژیان وپەیوەندییە تایبەتییەكانی تاك و زۆر شتی دیكە دەدەن و ڕەوایەتییان پێدەبەخشن! 

ئایا ھیچ جیاوازییەك لەنێوان ناڕەوایەتی بەرامبەر بڕیاری ئیخوانەكان لە ڕێی پارلەمانەوە بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادییە كەسییەكان و سەپاندنی بەرنامە پارتییەكەیان و بڕیار و پەسەندكردنی پارلەمانتارە ئەوروپی و ئەمەریكییەكان لەو بارانەدا كە ڕیزمكردوون، ھەیە ؟ ئەی ئەگەر لە ئەمەریكا یا وڵاتێكی ئەوروپی سوپا ھێرش بكاتە پارلەمان و زنجیر بكاتە سەرۆك و ئەندامەكانی و بە تەقە وەڵامی ناڕەزایەتییان، بداتەوە، ئەوانەی كودەتاكەی میسر بە شۆرش دەزانن، ھەر ئەم ھەڵوێستەی ئێستایان دەبێت؟

من گومانم لەوە ھەیە، چونكە لە دەمی ڕاپەڕینی ٢٠١١ جەماوەری میسر دا، لە ولایەتی (Madison, Wisconsin)* ئەمەریكا، جەماوەری خۆپیشاندەران [نەك سوپا] كوتایانە سەر پارلەمان و داگیریانكرد، كەچی نووسەرانی نیئۆلیبراڵ و خۆ بە سۆشیالیستزانەكانی كوردستان، نەك بە شۆڕش و شۆڕشگێڕییان نەزانی و پشتیوانییان لێنەكرد و ھەلھەلەیان بۆ لێنەدا، بەڵكو ژێراوژێر بە دیاردەی ناشارستانیشیان چواند و قێزەونیان نیشاندا !

لێرەدا پرسیار ئەوەیە، لە تێڕوانینی خۆ بە سۆشیالیستزاناندا [ كە كەوتوونەتە سوكایەتی و گاڵتەكردن بە تێڕوانینی ئەوانەی كە دژ دەسەڵاتداریی ئیخوانەكان و كودەتای سەربازیین و ئەوەی لە میسر ڕوویدا، بە كودەتا دەزانن] شۆڕش و شۆڕشگێڕییەتی چیین و چ پێوەرێكیان بۆ دەستنیشانكردنیان ھەیە ؟

من لە ڕیزكردنی واژەكانی شۆڕش و شۆڕشگێرییدا، كاریكاتۆری شەیدایی بۆ دیكتاتۆریی دەبینم، دیكتاتۆریی سكیولاریستە پڕۆ- ئەوروپییەكان، ھەڵپەی دەسەڵات و ناوبانگ و ھەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆ سەروەرانی سكیولار دەبینم! من ئەوە دەبینم كە نووسەری كورد، ھیچ گرفتێكی لەتەك سەروەریی مرۆڤ بەسەر مرۆڤەوە نییە، تەنیا جۆری پۆشاك و ئاخاوتنی سەروەرانی، دیاریكەری ھەڵبژێر و خواستە تاكە كەسییەكانییەتی!

لە بەرامبەر ئەوانەی كە پاگەندەی ئەوە دەكەن، كە دژایەتی و بە كودەتازانینی ڕووداوەكەی ٠٣ی جولای ٢٠١٣ دەچێتە گیرفانی ھێزە ئیسلامییەكانەوە، با ئاوای دابنێین، كە ئەم پاگەندە پووچ و دێماگۆگییە ڕاستە، ئەی ئایا بە شۆڕشزانینی ئەو كودەتا بێپەردەیە و لایەنگریی و ھەلھەلەلێدان بۆ سوپا، كە بەرزترین ئامرازی سەركوتتی جەماوەرە، دەچێتە گیرفانی كام بەرەوە؟ ئایا دەكرێت بۆ ئەوەی دیكتاتۆریی ئیخوانەكان لە نێوبچێت، مل بە دیكتاتۆریی سوپا و ڕۆڵ و دیكتاتۆریی پشتپەردەی سنودووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی جیھانی بدەین؟ ئەمە كامە پێوەریی شۆڕشگێڕییە، وەھا ڕەوایەتییەك بەو بڕیاردانە دەدات ؟

كەسی سۆشیالیستخواز و ئازادیخواز، كەسی تاك مۆڕاڵ، تاك پێوەر و یەكڕووە، ناتوانێت بڕیارێكی پارلەمانتارانی بۆرجوازی [ھەرێمی كوردستان] بۆ درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی بۆرجوازییەك بە كودەتا و ھێرشی سوپای بۆرجوازی بۆ سەر نوێنەرێكی بۆرجوازی بە شۆڕش ھەژماربكات !

لە ھەمووی پارادۆكستر، ئەوەیە، كە لایەنگرانی كودەتای سەربازیی، ئەوانەی كە بە شۆڕشی دەزانن، وەك پاگەندە قسە لەسەر شۆڕشی كۆمەڵایەتی و گۆڕانی كۆمەڵایەتی دەكەن، ھاوكاتیش ھیچ لارییەكیان لە دیمۆكراسی نوێنەرایەتی (بۆرجوازی) وەك بنەمایەك بۆ ڕێكخستنی بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگە نییە.

ئەوەی ڕۆژی ٠٣ی جولای ٢٠١٣ ڕوویدا، كۆمەلێك پرسیار لەبەردەمماندا قوتدەكاتەوە؛ ئەوەی لەو ڕۆژەدا ڕوویدا كودەتای سەربازییە و دیوی شاراوەی دیـۆكراسی پارلەمانییە یا دژی بنەماكانی ئەو دێمۆكراسییەیە؟ ئەگەر دژی بنەماكانی دێمۆكراسییە، چۆنە ھەموو دەوڵەتە دێمۆكراتەكانی دونیا و ھەموو ئیدئۆلۆگەكانی دیـۆكراسی پارلەمانی و ھەموو ناوەندە پاگەندەكەرەكانی دیـۆكراسی پارلەمانی لە بەرامبەریدا بێدەنگەیان ھەڵنژاردووە؟ ئایا وەھا بێدەنگەكردنێك، بۆ تەبایی و وێكھاتنەوەی كودەتا و بنەماكانی دیـۆكراسی پارلەمانی دەگەڕێتەوە یا بۆ زاڵی بەرژەوەندی دەستە شاراوەكانی پشتپەردەی ئەو كودەتایە دەگەڕێتەوە؟ ئەی سیستەمێك كە ئەوە بنەماكانی بن و ئەو ھەمووە لوان و تەباییە بۆ ھێزی سەرووخەڵكی بڕەخسێنێت، چ پێویستی بە دەنگی خەڵكی بێدەسەڵات و پرسە گورگانەی چوار ساڵ جارێك ھەیە؟ ئایا پاش وەڵامدانەوەی گشت ئەو پرسیارانە، ھێشتا دێمۆكراسی پارلەمانی باشترین سیستەمی بەرێوەبردن و ڕێكخستنی كۆمەڵگە و كاروبارەكانییەتی ؟ ئەگەر كودەتای سەربازیی كایەیەكی دروستی سیستەمی پارلەمانییە، ئیدی چ پێویست بە میكانیزمی ھەڵبژاردن و چاوەڕوانمانەوەی چوار ساڵ جارێك ھەیە، ئایا باشتر نییە، لەبری چاوەڕوانمانەوەی چوار ساڵ جارێك، ھەموو جارێك كە خەڵك ناڕازی بوو، یەكسەرە سوپا بكوتێتە سەر سەرانی میرایەتی و لەبری خەڵكی تاقمێكی دیكە بكاتە كەڵەگا؟ ئەگەر ئەو كودەتایە ڕەوا بوو و نەدەكرا، بواربدەن میرایەتی ئیخوانەكان ماوەی یاسایی خۆیان تەواوبكەن یا جەماوەر بە ڕاپەڕین ڕایانبماڵێت، ئەی ئەگەر ئەوە ڕەوایە، ئەی كودەتای كۆمونیستەكانی ڕوسیە لە ھاوینی ١٩٩٠دا بەسەر میرایەتی یەلتسن و دارەودەستەكەیدا، بۆ ناڕەوابوو؟

ئەمە پارادۆكس و گاڵتەجاریی دێمۆكراسییەكە، كە نووسەرانی كورد لە بەیانییەوە تا ئێوارە بە باڵایدا ھەڵدەدەن و داخوازی سەروەربوونی دەكەن و لە ھەرێمەكەی خۆشیاندا سەروەربوونی و پەیڕەوكردنی بنەما سەرەكییەكەی (ڕەوایی پەسەندكردن و بڕیاردانی زۆرینە بەرامبەر كەمینە)، بە كودەتا دەزانن! ئەو تێڕوانین و ھەڵسەنگاندنە بانێكە و دوو ھەوا، ئەوە دەبڵ مۆڕالییە، ئەوە بیركردنەوەی وردەبۆرجوازیانەیە لەژێر دێوجامەی ئازادیخوازیی و سۆشیالیستبووندا! پاگەندەكەرانی وەھا تێڕوانینێك یا پێویستە وەڵام بەم پرسیار و سەرنجانە بدەنەوە و بە بەڵگەوە و نموونەوە لایەنگریی ئێمەی دژەدەسەڵات، بۆ ئیسلامییەكان بسەلمێنن، یا با بە وەڵامی توند و ڕەخنەی ڕادیكاڵ لە ھەڵوێست و بیركردنەوەی شەرمنۆكانەیان وەرسنەبن !

گرفتی گەورەی بە شۆڕشزانینی كودەتا ئەوەیە، كە جیاوازی و ناتەبایی ھێزەكان، لە جنێو و ھەرای لایەنگرانی یا شەڕەچەقۆی ئەندامانی پارتەوە بخوێنرێتەوە، بۆ نموونە كودەتای ٠٣ی جونی سوپا و ھەڕەشەی ڕیشدرێژە دەبەنگەكانی ئیخوان. ئەگەر بەو جۆرە ڕواڵەتییانە لە شتەكان بڕوانین، بەدڵنیاییەوە باكگراوندی چینایەتیی لایەنەكانی كێشمەكێشەكە نابینرێت. میرایەتی ئیخوان لە پاش وەلانانی موبارەك و میرایەتی پارتەكەی، تەنیا ئەڵتەرناتیڤێكی لەبەردەستابووی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی جیھانی و دەوڵەتی ئەمەریكا و دەوڵە دێمۆكراتەتانی ئەوروپا بوو، تاوەكو سەرمایەگوزارییەكانیان بپارێزێت و سوود و مانەوەیان مسۆگەربكات. باشترین بەڵگەش ھێنانەوەی (ئەلبەرادەی) بوو، كە كەس ھینی بە كڵاوی نەپێوا و ھەموو پارتەكانی دیكەش بە چەپ و نیئۆلیبڕاڵەوە، وەك لە ھەڵبژاردنەكاندا دیتمان، بۆ فەرمانڕەوایی تەنیا سفری پاش فاریزەبوون. بەڵام كاتێك كە لە یەك ساڵی ڕابوردوودا نیشانەكانی خرۆشانەوەی جەماوەر لە ٣٠ی جونیدا زەقبوون، بۆیە بە ناچاریی و بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونەكانی پێشووتر، سەرەتا “بەرەی یاخیبوون/تمرد” وەك دێوجامەیەكی سەرنجڕاكێش، ھەڵدەستن بە كۆكردنەوەی واژۆی خەڵك و پاشان زەمینەسازیی بۆ خۆتێھەڵقورتاندن و ڕەوایەتیدان بە كودەتای سەربازیی دەستەبەر دەكەن و لە كورتماوەدا خۆشباوەڕیی و كەمھوشیاریی خەڵك فریودەدەن!

بۆئەوەی لە ئەزموونگیرییەكانی زلھێزەكان و دەوڵەت لە ڕاپەڕینەكانی وڵاتانی باكووری ئەفەریكا تێبگەین، پێویستە بگەڕێینەوە سەر ڕووداوەكانی دوو ساڵی ڕابوردوو. كاتێك كە لە تونس، دەوڵەت و پاڵپشتە خۆراواییەكانی خافڵگیردەبن، سوپا ناتوانێت ڕۆلێكی ڕزگاركەرانەی دەوڵەت بگێرێت، ناچار ئیسلامییەكان بەھێزدەكرێن. كاتێك لە میسر كوشتوبڕی پۆلیس و “بەڵتەجی”یەكان بە كوشتن و گرتن و بڕینیش لە سەركوتی ڕاپەڕیندا ناتوانا و ناكام دەمێنێتەوە، سوپا وەك ناوبژیكەر و ئارامكەرەوەی خەڵك دەركەوێت، بەڵام دیسانەوە لەبەر بێتوانایی لە ڕاستەوخۆ ڕزگاركردنی دەوڵەتدا و لانەكردنەوەی خەلك نە (ئەلبەرادەی)، ناچار پەنا بۆ زاقكردنەوەی ئیسلامییەكان لە ھەڵبژاردندا دەبەن. لە لیبیا، بە سوودوەگرتن لە ئەزموونەكانی تونس و میسر، ناڕەزایەتییەكان دەگۆڕن بە جەنگی میلیشیایی و لە بەحرەین و سعودیە و یەمەن و ئوردن و جەزائیر ڕاپەڕین سەركوتدەكرێن و لە سوریە خراپتر لە لیبیا و … تد، ھەر بۆیە لە میسر سوپا لە پیلانێكی پێشتر ئامادەكراودا، ھەروەك چۆن سیخوڕان و پیاوانی دەزگەی زانیاریی لە ساڵیادی “١٧ی شوبات”دا بەخۆدەكەون، لە میسریش سوپا و “بەرەی یاخیبوون/ تمرد” دروشمەكانی خەڵك بەرزدەكەنەوە، تاوەكو بتوانن كۆنترۆڵی ناڕەزایەتی خەڵك بكەن. ئەمە كڕۆك و ھۆكاری شۆڕەسواریی سوپایە.

بەداخەوە، لایەنگرانی كودەتای سەربازی و بە شۆڕشچوێنەرانی، تەواو دێماگۆگیانە ڕەخنەگرتن لەو كودەتایە دەخەنە ڕیزی لایەنگریی لە ئیسلامییەكان، ئەمە ھەمان پاگەندەیە، كە دەزگە سیخوڕییەكان و جەنەڕاڵەكانی سوپای میسر و دەزگە و ناوەندە جیھانلوشەكان و دەوڵەتانی كەنداوی عەرەبی، لە دژی دەنگە ناڕازاییە ئازادیخوازەكان بەكاریدەبەن، ئەمە ھەمان لێكدانەوە و پاگەندەیە، كە ئیخوانەكان لە دێسەمبەری ٢٠١٢ و ئەپڕیلی ٢٠١٣دا ئازادیخوازانی میسر بە لایەنگری لە ئیسرائیل، تاوانباردەكەن!

جارێكی دیكە، بە كورتی و بەپوختی، بە بۆچوونی من، ئەوەی لە ٠٣ی جولای ٢٠١٣ لە میسر ڕوویدا، كودەتای سەربازیی بێپەردە بوو، ھەم بەپێی بنەما و پاگەندەكانی دێمۆكراسی پارلەمانی، كە پاگەندەی سڤیلییبوونی دەسەڵاتەكەی دەكات و ھەم وەك ھەوڵێك بۆ سواربوونی شەپۆلی ناڕەزایەتییە ڕادیكاڵەكان و سەندنەوەی بڕیاردان لە شەقام. بەڵام بەداخەوە ھەرچەندە كەسانی دژە یاسای جەنڕاڵەكان “بڵێن نێرە”، كەچی لایەنگرانی كودەتاچییانی شۆڕشگێ، “دەڵین بیدۆشە”!

 

 

ھەژێن

١٣ی جولای ٢٠١٣

 

***********************

* ئەگەر خوێنەرانی ھێژا خوازیاربن، دەتوانن لە ڕێگەی ئەم بەستەرانەی خوارەوە، بگەرێنەوە سەر ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەی كە پارلمانی ھەرێمیی ھەرێمێكی دەوڵەتی ئەمەریكای داگیركرد و نووسەران و میدیای ھەرێمی كوردستان وەك نەعامە لە ئاستیدا سەریان بەناوگەڵیاندا كرد و خەریكی چینەی بەرژەوەندییە پارتیی و دەستەبژێرییەكانیان بوون ….

https://www.commondreams.org/view/2011/02/21-11

http://t0.gstatic.com/images?q=tbn:ANd9GcT94bd06vuBFd59Hi7PXbEQtpIE9eioIzMuydXo2C8wXTdyN5QL

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.