Skip to Content

346 Views

تەوەرەی دەنگەکان سەبارەت بە کاری هەرەوەزی … لاوژە جەواد

تەوەرەی دەنگەکان سەبارەت بە کاری هەرەوەزی … لاوژە جەواد

Be First!
image_print


کورتەیەك بۆ ناساندنی هەرەوەزی :

هەرەوەزی دیاردە و بوونێکی مێژوویی و جیهانیی هەیە، هەرچەندە زۆر جار ڕەنگ و دەنگی سەردەمی سەرهەڵدانەکەی خۆی گرتووە؛ هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی ئایینی گروپە ئایینی و ڕێڕەوییەکان دەرکەوتووە و هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی خێڵەکی و گوندەکان دەرکەوتووە و هەندێك جاریش وەك خۆبەسێی کۆمەڵە هاوچەرخەکان لە سەردەمی جەنگەکان و قاتوقڕیی وشکە ساڵەکان دەرکەوتووە، بەڵام لەنێو هەموو سەردەمەکان هەرەوەزی و بیرۆکە و ئاوەزی ژییانی هەرەوەزیی بەجۆرێك بوونی هەبووە .

لەنێو ئەم ڕۆژگارەش لە هەرێمی کوردستان خەریکە لەنێو دەروونی قەیرانە ئابووریی و کولتووریی و مۆڕاڵیی و ڕامیاریی و جەنگیی- سەربازییەکان بەجۆرێك هەروەزییەکان و بیرۆکەی هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی وەك ئەڵتەرناتیڤێك خۆی دەردەخاتەوە. سایتی دەنگەکان وەك بڵندگۆی دەنگە ڕۆشنبیر و ڕەخنەگر و ناڕازی و بەهەڵوێستەکان بۆ ڕۆشنایی خستنە سەر مێژووی بزووتنەوە و بیرۆکە هەرەوەزییەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ئەم تەوەرەیەی بۆ گفتۆگۆ و لێدوان لەو بارەوە کردووەتەوە، بە هیوای سەرهەڵدان و درووسبوون و دروستکردنی دیالۆگ و لێدوانیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی لەبارەی هەرەوەزی و بزووتنەوەی هەرەوەزی وەك ئەڵتەرناتیڤ.


لێرەدا بە زنجیرە وەڵامی نووسەران و چالاکوانانی بواری هەرەوەزی بڵاو دەکەینەوە. 9

بەڕێز: لاوژە جەواد

– سەرەتا ئەگەر بکرێت کورتەیەك لەبارەی ڕابووردووی چالاکی خۆت و ئاراستەی بیرکردنەوەت بۆ خوێنەران بگێڕیتەوە؟

من لاوژە جەواد لەدایکبوی ساڵی 1974 م لە شاری کۆیە، سەرەتای دەستبەکاربونم لە کاری سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ ڕاپەڕینی بەهاری 1991 سەرەتا لەڕیزەکانی حیزبی شوعی عیراقی ئەوکات و کۆمەڵەی ئافرەتان. وەک پەیامنیری کۆیەی بڵاوکراوەی ڕێگای کوردستان کارم دەکرد.
لە ساڵی 1992 ەوە لەڕێگای چەند هاوڕێیەکم بڵاوکراوەو نامیلکەی ڕێکخراوە کۆمۆنیستیەکان بەتایبەتی ڕەوتی کۆمۆنیستم پیدەگەیشت، کە زۆر جێگەی سەرنجبوون بۆمن، بەتایبەتی لەو سەردەمەدا ئەوان زۆر تەئکیدیان لەسەر یەکسانی نێوان ژن و پیاو دەکردەوەو وە بەتایبەتیش بەرامبەر تیرۆرو ڕەشەکوژی ژنان وەستابونەوە، لەو ساتەشدا هاوڕێیەکی منداڵیم بووە قوربانی دەستی ڕەشی تیرۆری ناموسی کە زۆر کاریگەری لەسەرم داناو تەنها شتێک کە توانیم دەستی بۆ ببەم و ئەوەبوو کە خەباتبکەم بە عەمەلی بۆ یەکسانی وەستانەوە بەرامبەر توندوتیژی و تیرۆری ژنان. ئەوەبوو هە رلەسەرەتای دامەزراندنی ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان من پەیوەندیم پیوەکردن و دواتریش بووم بە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری.
لە ساڵی 1996 بۆ کۆتایی 1999 یەکێک بووم لە ئەندامانی هێزی پارێزگاری لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و وە ماوەیەکی زۆریش فەرماندەی عەسکەری بووم.
بەدوای هێرشی دڕندانەی یەکیەتی لە 14/7ی 2000 نەمانتوانی لە کوردستان بمێنینەوەو ئێستا لەگەڵ هاوسەرو دوو منداڵەکەم لە وڵاتی دانیمارک دەژیەین.
خەباتی سیاسیم بەردەوامەو تا نۆڤێمبەری 2016 ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بوم و وەک کادیرێکی ڕاگەیاندن لە سێ ساڵی ڕابردودا لە ڕادیۆی پێشەنگ کارمکرد. لە ئیستادا وەک کەسێکی سیاسی کۆمۆنیست خەریکی کارو چالاکیم و لە بواری ڕاگەیاندندا بەپێی کاتم هەوڵدەدەم بەرنامە بۆ سایتی هاوپشتی ئامادە بکەم.

– “بزووتنەوەی هەرەوەزی” ئەم دەستەواژەیە بۆ تۆ چی دەگەیێنێت ؟

وشەی هەرەوەزی پانتایەکی زۆر گەورە و بەرینی هەیە لە مێژوی مرۆڤدا، هەرەوەزی لەگەڵ ووشەی تر پەیوەندکراوە و چەندین مانای جیاوازی لێکەوتوەتەوە لەوانە ژیانی هەرەوەزی، کاری هەوەوەزی.
لە کۆمەڵگا سەرەتایەکان مرۆڤ گروپ و تایفەی داخراو بووە و هەر گروپە بۆ خۆی چۆنیەتی پەیوەندیەکانی خۆی دیاری کردووە، هەر لەم ٢٠٠ ساڵەی ڕابردوش وەک هەڵهاتن لە چەوساندنەوەی نیزامی سەرمایەداری دەیان نمونەی جیاواز هەبووە کە کۆمەڵێک خەڵک بڕیاریان داوە پێکەوە ئیش بکەن و پێکەوە ژیان ڕێکبخەن، زۆر جار شارێک وە یان جەزیرەیەک بە هەزاران خەڵک پێکەوە ژیاون، ئەمانە نمونەی ژیانی هەرەوەزین.

کاری هەرەوەزی
کاری هەرەوەزی دیاردەیەکی ئاشنا و ناسراوە لە لای سەرجەم کۆمەڵگاکان، بە تایبەتی لە لادێیەکان بە کاری هەرەوەزی ڕێگا و بان، حەوزی ئاو و کانی، خوێندنگا و پردیان دروست کردووە بۆ بەرژەوەندی گشتی و زۆر جاریش یارمەتی هاوماڵ و هاووڵاتییان داوە لە دروستکردنی خانو و ڕاپەڕاندنی ئەرکی لادێ، هەر لە کوردەواری خۆمان عادەت بووە ئەگەر خێزانێک بە هۆی نەخۆشی یان مردن لێقەومابێت، خەڵک کۆبونەتەوە، بە کاری هەرەوەزی، بە ڕۆژێک ئەرکی وەرزێکیان بۆ ڕاپەڕاندوە.
کاری هەرەوەزی بە بێ بەرانبەر بۆ هاریکاری خەڵکی تر، بۆ چارەسەری کێشەی خەڵکی تر، بۆ دڵخوەشکردن و گەیشتن بە ئاسودەیی خەڵکی تر جەوهەری ئەو ئینسانیەتەیە کە لە نیزامی سەرمایەداریدا بە پێجەوانەوە بە خۆپەرەستی جێگای پڕ کراوەتەوە.
کاری هەرەوەزی لە پێناو هەلومەرجێکی باشتر و ئاسودەتر بۆ ئینسانەکان، هەوڵێکە بۆ بەهرەمند کردنی خەڵک، لەو پێداویستانەی کە خۆی دەستی کورتە لە دابینکردنیان. بەڕای من ئەمە لوتکەی ئینسان سەنتەری و تۆپکەی ڕەوشتی ئینسانیە.
لەناو ئەم بەڕبەڕیەتەی سیستەمی سەرمایەداری کە هەموو هەوڵێک بۆ کەڵەکە کردنی سەرمایە خراوەتەگەڕ و بێجگە لەوەی کە عەقڵ و زیرەکی مرۆڤیان بەکرێ گرتوە، سەدان جۆر جیاوازی مەزهەبی و میللی و ڕەگەزییشیان داتاشیوە بۆ تەفرەقە و ناکۆککردنی ئینسانەکان، دەیان شەڕی خوێناویان بەڕی خستوە بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندی مادی، کاتێک کۆمەڵێک خەڵک بە هەرەوەزی و هاوبەشی و هاوکاری کات و سەرمایە و وزە خۆیان بەکاردەهێنن لە پێناو ئاسودەیی مرۆڤ و ئاوەدانی، بۆ من شنەی سروەی سوسیالیزمە.


– بە بۆچوونی تۆ هەرەوەزییەکان ئامرازی ڕیفۆرمکردن یان ئەڵتەرناتیڤن؟

هەرەوەزیەکان ئامرازێکن بۆ تەبایی و یەکگرتن و پێکەوە ژیان وە هەروەها دورکەوتنەوە لە تاکەڕەوی و خۆپەرەستی، هەرەوەزیەکان ئیرادە و هێزی جەماوەری بەرجەستە و باوڕ بە خۆبوون بەرز دەکاتەوە. هەرەوەزی تاک لە بیدەسەڵاتی و گۆشەگیری و نائۆمێدی رزگار دەکات، وە هەروەها دەرفەتێکە بۆ نمایش کردنی هێزی جەماوەر، من پێموایە کاری هەرەوەزی پەیوەندی و هاوچارەنوسیەک دروست دەکات و ئینسانەکان لەیەکتر نزیک دەکاتەوە، لە کۆتاییدا دەتوانێت قورسایەکی باش دروست بکات بۆ ریفۆرم یان ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی. بەلام لە ڕاستیدا کاری هەرەوەزی نە ڕیفۆرمە و نە شۆڕش بەڵکو جۆرێکە لە چاکسازی و ئاوەدانکاری و وڵامی خەیرا بە زەرورەتێکی واقعی.

– بە پشتبەستن بە کامە بنەما و ئەزموون هەرەوەزییەکان دەخرێنە خانەی ئامانجی بزووتنەوەی ڕیفۆرمیستی یان خزمەتکردن بە مانەوەی سیستەمە چینایەتییەکە ؟

لە مێژوی کۆمەڵگای بەشەریدا چەندین ئەزمونی کاری هەرەوەزی یان بەیەکەو ژیانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا سەرەتاییەکان هەبووە، هەر لە ٢٠٠ساڵی ڕابوردوش دەیان جۆر دروست بوون و هەندێکیان ئێستاش ئاسەواریان ماوە، ئەگەر سەیری ئەم ئەزمونانە بکەین هەندێکیان ئاینی و لە کەنیسەکانەوە بەناوی یارمەتیدانی یەکتری و هەژاران بووە یان لە هەندێک شوێن سۆسیالیستەکان دەستیان بۆ کارو شێوە ژیانی لەمجۆرە بردوە، ئەم جۆرە ژیان و کۆمەلگایانە نەیانتوانیوە ببنە ئەزمونی سەرکەوتو بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی، هەرگیز نەیانتوانیوە کۆسپە سەرەکیەکان هەموارکەن و کۆمەڵایەتی ببنەوە، تەنها لە ماوەیەکی کاتی و لە جوگرافیایەکی تایبەتدا بە ڕادەیەک ژیانی ئینسانەکانی باشتر کردووە، بەڵام لە نیهایەتدا مەحکوم بە فەشەل کراون.

– کەسانێک پێیان وایە ئەم کارە هەرەوزێیانەی کە لە ناوچەی خانەقین دەستی بۆ براوە، لە بنچەدا کاری دەسەڵاتەو دەبێت فشار بۆ دەسەڵات ببرێت لە جیاتی کاری هەرەوەزی. ئەی ئێوە ئەمە چۆبن دەبینن؟
ئەگەر کەمێک ورد بیرکەینەوە لەوانەیە ئەوە ڕاستبێت ئەمە ئەرکی دەسەڵاتە دەبێت خوێندنگاو خزمەتگوزاریە گشتیەکان دابینبکات، بەلام نەک تەنها لە کوردستان ئەگەر ئێمە سەیری بەڕێوەبردنی بەرنامەی ئابوری ئەمڕۆی سەرمایەداری بکەین لە جیهاندا، خەریکن وردە وردە ئەرک و کاری دەوڵەت لاواز دەکریت و دەسەڵات دەدرێتە دەستی کۆمپانیاکان و دەسکەوتە گشتیەکانیش کە بەکارو خەباتی چینی کرێکار هاتۆتە دی لێدەسەندرێنەوەو دەکرێن بە کۆمپانیای تایبەت. بەجیا لەوەی کە ئەم دەسەڵاتەی لە کوردستان هەیە دەسەڵاتێکی میلیشیایەو ئەوەی بۆی گرنگە هێشتنەویە دەسەڵاتی خۆیەتی. لەلایەکی تریش کوردستانیان کردۆتە بەشێک لە بازاری بەڕەڵاو هۆسار پچراوی سەرمایەداری جیهانی و خەریکن بەرنامەی ئابوری لیبڕالیزمی نوێ و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی جێبەجێدەکەن، نەوەک نایانەویت خزمەتگوزاریە گشتیەکان پەرە پیبدەن و بەرفراوانی بکەن بەڵک و ئەوەی هەشە دەیدەنە دەستی کەرتی تایبەت و هەرزان فرۆشی دەکەن. لەم نێوەدا منداڵی خەڵکی هەژارو نەدار لە خوێندن بێبەری دەبن، هەربۆیە من پێموایە ئەم کارەی خانەقین لەخزمەتی منداڵان و خەڵکی نەدارە.
سیاسەتی ئابوری بۆرجوازی ئەمڕۆ پێویستی بە بەرەنگاری هەیە، پیویستی بە نواندن و نیشاندانی ئیرادەو توانایمان هەیە، من ئەم کارە هەرەوەزیەی لە خانەقین دەستی بۆ دەبردرێت بە ئامرازێکی بەرەنگاری دەزانم نەوەک خزمەتی دەسەڵات.


– چۆن دەتوانین هەرەوەزییەکان بە ئەڵتەرناتیڤ ببیمین، ئەو گۆرانە پۆزەتیڤانە چین کە هەرەوەزییەکان وەك ڕەتکەرەوەی کردەوەیی سیستەمە چینایەتییەکە نیشاندەدەن، چ کاراییەکیان لەسەر خێراکردن و بەهێزکردنی ڕەوتی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و کولتووریی و ڕۆشنبیریی گشتی دەبێت ؟

بۆرجوازی لە ئەمڕۆی جیهاندا بەناوی پۆست مۆدێرنێتەوە لیبڕالیزم، هەوڵی بۆ ئەوە داوە کە ئینسانەکان پەرشو بڵاوبکات و تاک پیرۆز بکات، هەموو شتێک لەپێناو تاک، دیارە شەخسیەت و کەرامەتی تاک زۆر گرنگە هەر تاکیش دەتوانێت کۆمەڵ پیکبهێنێت بەڵام ئەوان ویستویانە ئینسانەکان خۆپەرست هەموو شتێک لەپێناو تاکڕەوی بۆ بەرژەوەندی سەرمایە پەروەردەبکەن و دەرئەنجام کۆمەڵگایەکی خۆپەرست بەباربهێنن.
لە ڕاستیدا من پێموایە ئەو هەراوهوریایەی کە بەناوی لیباڵیزم و ئازادی تاک و جێگاو ڕێگای تاک لاف لێدەدەن تەنها درۆیەکی گەورەیە، چونکە لەم نیزامەدا کەڵەکەی سەرمایە سەرەکی ترین و مۆقەدەس ترین شتە، تاک ئەگەر پاڵەوان و سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتیش بێت، تەنها لە وەرزێکدا سەرکەوتو نەبێت لە قوڵکردنەوەی کەلێنی چینایەتی و پارەکان چەند قات زیاد نەکەن، ئەوە بە بێبەزیانەترین شێوە ڕایدەکێشنەخوارەوە، زۆرجار بۆسەی ئەخلاقی بۆ ئەو کەسانە دادەنێن و بە ناشیرینترین شێوە دەیانشکێنن.
دەسەڵاتیش لە لە کوردستان 26 ساڵە زۆر زیاتر کاری لەسەر ئەم سیاسەتە کردوەو هەوڵی لاوازکردنی ئیرادەی خەڵک و پەرشو بڵاوکردنیان و پارچە پارچەکردنی خەڵکی کریکارو زەحمەتکێشی داوە. هەوڵیانداوە مەیلی هاوکاری و بەیەکەوە بوون لەنێوان ئینسانەکان کەمبکەنەوە. جۆرێک کۆمەڵگایان بار هێناوە کە ئەم وڵاتە هی ئەوان نییە، هەرکەس ماڵەکەی خۆی پاکدەکاتەوەو خۆڵ و خاشاکەکەی دەخاتە بەردەرگا، یاخود دەچنە سەیرانگاکان و پاشەڕۆکەیان لەشوێنی خۆی جێدەهێڵن.
کاتێک ئینسانەکان دەست بۆ کاری هەرەوەزی دەبەن و هەمویان بەیەکەوە بە هاوبەشی دەتوانن دەست بۆکارێک ببەن و هیچیان لا موستەحیل نەبێت، بەدڵنیایەوە هەست بە خۆشحاڵبون و بەیەکەوەبوون دەکەن هەست بە توانایی دەکەن، هەست بەوە دەکەن کە ئەم وڵاتە وڵاتی ئەوانە، دەبێت ئاوەدانیکەنەوەو خۆشی بکەن نەوەک وێران، ئەم هەستە پۆزەتیفە وایان لێدەکات کە دەست بۆ ڕێکخراوبوون ببەن، دەتوانن بۆ چارەسەر هەر کێشەیەک کۆببنەوەو هاوفکری بکەن، دەتوانن خۆیان ڕیکخراوبکەن و ببن بە هێزێک کە چاو ببرنە ئەو جێگایەی کە بڕیار دەردەکات و بە مافی خۆیانی بزانن بەشداربن لە بڕیاردان لەسەر گەڕەکەکەیان شارەکەیان تا دەگاتە وڵاتەکەیان.
ئەگەر ئاسۆیەکی ڕادیکاڵ و ڕۆشن بەسەر ڕابەرانی هەرەوەزیەکان زاڵبێت دەکرێت ڕێگایەکی سەرەتایی بێت بۆ شۆڕش و گرتنە دەستی دەسەڵات بە شێوەیەکی دروست و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی.


– چ ئاسۆ و ئامانجێك لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی هەرەوەزی لە هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین دەبینیت ؟

دیارە لێرەو لەوێ زۆرجار گوێمان لیبووە کە بەهەرەوەزی کۆمەڵیک ئینسان هەستاون بە ئەنجامدانی کارێک، بۆنمونە ڕاکێشانی ئاو لە بناری قەندیل بۆ چەند زەویەکی کشتوکاڵی، یاخود پاکردنەوەی شارو کۆڵانەکان لەلایەن خەڵک بەهەرەوەزی….. بەڵام دیار ەئەمانە تەنها بۆ ئامانجێکی تایبەت و دیاریکراو بوون.
سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیارە باس لە کاری هەرەوەزی لە کوردستانی سوریا لێرەو لەوێ تا ڕادەیەک دەکرێت، بەڵام من بەوردی ئاگادارنیم و بەداخەوە دەسەڵاتدارانی کانتۆنەکانیش زیاتر هەوڵیانداوە شتی تر بەرجەستە بکەنەوە تا ئەم کارە هەرەوەزیانەو وەک نمونەیەکی جوان نیشانی جیهانی بدەن. لەوانەیە ئەمەش پەیوەندی بە بارودۆخی سیاسی و شەرەکانی ناوچەکە هەبێت.

– لە ڕووی مێژووییەوە، ئایا بزووتنەوەی هەرەوەزی لە ناوچەی لەدایکبوون و ژیانی خۆت هەبووە یان بەخۆت تاکو ئێستا لەنێو هەرەوەزییەك ژیاوی ؟

وەک یادەوەری منداڵیم، لە ئەزمونی دروستکردنی پردێک لەلایەن باوکمەوە بە کاری هەرەوەزی.
لە ساڵی 1979 یادی بەرزو بەرێزبێت مامۆستا جەواد حەمەد بەگی باوکم لە دێیەکی باکوری کۆیە بەناوی کێلەخوارە مامۆستا بوو، ئەم بەرو ئەوبەری دێ ڕوبارێک لەنێوانیان هەبوو بەردی گەورە گەورە بۆ پەڕاندنەوەی منداڵەکان هەبوو، لەکاتی باران و لافاو تووشی کێشە دەبوون، باوکم خەڵکی هەردوو بەری کۆکردەوە کە پەیوەندیشیان ساردو سور بوو، وە داوای لیکردن بۆ پاراستنی منداڵەکانیان با خۆیان دەست ببەن بۆ دروستکردنی پردێک، ئەوەبوو پردەکە بە هەرەوەزی دروستکراو کێشەکان چارەسەر بون و پەیوەندی کۆمەڵایەتیش گەرموگوڕتربوو.
من هەمیشە ئەم ئەزمونە بە نمونەیەکی پڕشنگداری کاری هەرەوەزی دەگێڕمەوە.
– ئایا هەروەزییەکان تەنیا ئاڵووێرکردنی کۆمەکی کۆمەڵایەتین، یان واوەتر لەوە دەتوانن ببنە ئەڵتەرناتیڤی بەرهەمهێنان و بەکاربردنی باوی بۆرجوازییانەی ئێستا؟
وەکو کاری هەرەوەزی ئامانج تەنها یارمەتی و ئاوەدانکردنەوەیە، بەڵام لە پەراوێزی مێژو دا چەندین جار هەوڵدراوە بۆ ژیانی هەرەوەزی بەڵام نەیانتوانیوە بە تواوەتی ببن بە ئەڵترناتیڤ و لە کۆتایدا ناچار بە شکست کراون. هەرەوەزیەکان لە زۆر جێگای دنیا هەر ئێستا لە بواری بەرهەمهینانیشدا بوونی هەیە.
شۆڕش و وەلانانی دەسەڵاتی بۆرژوازی پێشمەرجی هەر گۆڕانکاریەکی بنەڕەتیە، هەرەوەزیەکان لە باشترین دۆخدا دەتوانن ئامرازێک بن بۆ هاوفکری و یەکبوون. پیستریش ئاماژەم پێ دا کە هەرەوەزیەکان بەو پییە چ سیاسەتێک بەسەر هەڵسوڕاوانیدا زاڵە دەتوانێت ئامرا ز و ڕیگای بەدیهێنانی ئامانج و ئەلتەرناتیڤی جیاواز بێت.

– چ پێشنیار و وانەیەك، ئەزموونێكت هەیە کە بیخەیتە سەر ئەزموونی تاکو ئێستای ئەو هەرەوەزییانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەن؟

هیوادارم کە هەمومان بەیەکەوە بتوانین باشتر و زیاتر بیربکەینەوە کە چۆن ئەم کارە هەرەوەزیانەی خانەقین گەشە پێبدەین تەنها لەیەک ناوچەو شوێندا قەتیس نەبێت. لەڕێگای کۆبونەوەو کۆنفرانس ڕابگۆڕینەوە کە چۆن بتوانین هەنگاوی داهاتومان دەستبردن بۆ دەخالەت لە سیستەم و شێوەی پەروەردە بێت، خوێندن و پەروەردەیەکی ئینسانی بسەپینین، لەبری ئەویە بینایەکی خوێندن دروستبکەین، واتا پیشانی حکومەت و خەڵکی بدەین کە ئێمە ڕێکخراوی خێرخوازی نین کە خوێندنگا دروست بکین، بەڵک و ئامانجی ئێمە بەشداریبون لە بەرێوەبردنی کۆمەلگاو بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی تەندروستە.
دەمەوێت لیرەوە فرسەت بهێنم و سوپاس و پیزانینی تایبەتی هاوڕێ سەلام عەبدوڵاو هاوکارانی بکەم کە بەعەمەلی کار بۆ گەڕانەوەی ئیرادە بۆ خەڵک و پیگەیاندنی نەوەکانی داهاتو دەکەن. من بەتایبەتی زۆر خۆشحاڵم بەو پڕۆژەی کتێبخانەی منداڵان هیوادارم کە لەم ڕێگایەوە بتوانین خوێندنەوە زانست بکەینە عەقلیەتی ئەم منداڵانەو جارێکی تر خوێندنەوە بکەینە کەلتوری کۆمەلگا، ساڵانە بەتەن کتێب بڵاودەبێتەو ەبەبێ ئەویە کەس بیر لەوە بکاتەوە چۆن خوێنەریان بۆ پەیدا بکەین؟ دەکرێت ئەمە ڕێگایەک بێت، وە هیوادارم کارو پڕۆژەی سەرەکی کتێبخانەکانی منداڵان پەروەردەی دروست و لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی نیوان ئینسانەکان بیت.
خاڵێکی تر دەمەوێت لیێرە پیشنیاری بکەم و بیخەمە بەردەم هەموو ئەوکەسانەی بەگەرمو گوڕی پێشوازی لە کاری هەرەوەزی دەکەن لە کوردستان، بەهەند وەرگرتنی خراپی بارودۆخی ژنان و خستنە ناو پڕۆژەکانی داهاتومانە. هەمومان دەزانین کە دۆخی ژنان لەوپەڕی خراپیدایە لە کوردستان، ئێمە بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن چەند پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنان لەڕێگای هەرەوەزیەکانەوە بخەینە دەستوری کارمانەوەو هەتا لەم ڕێگایەوە هەم ژنان هۆشیاربکرێنەوەو بە مافی خۆیان ئاشنا بکرێن هەم بتوانین بەجۆرێک بەتایبەت ئەوانەی کە ژنی ماڵن ببنە خاوەن ئابوری سەربەخۆی خۆیان.
– دوا پرسیاری ئەم جارە، چ پەیام و ڕێنوێنییەکت بۆ چالاکانی هەرەوەزییەکان هەیە ؟

وێرای هیوای سەرکەوتنم بۆیان، دەمەوێت ئەوە بڵێم کە دەبێت زۆر وریابین و کۆمەڵە هەرەوەزیەکان لە کەسانی کۆنەپەرست و دەستی دەسەڵات بپارێزین و ڕێگانەدەین دزەبکەنە ناو کۆمەڵەکانمان و بەلاڕێیداببەن.

Previous
Next

Leave a Reply