Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
خوێنەرى کوشندە … عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

خوێنەرى کوشندە … عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

Closed

 

 

 

لە بەنگ ئەم بەنگییانە چى دەبینین، خۆ لە خۆ گۆڕان

لە دنیادا مەدارى عەیش و خۆشى، خۆ نەناسینە

مەحوى

 

خوێنەرى کوشندە

لە کۆى ئەو زنجیرە نووسینانەى لە بارەى خوێنەر و خوێندنەوە، جگە لەوەى هەوڵمداوە قسە لە دەسەڵاتى خوێنەر و تیۆرى خوێندنەوە بکەم، بە دیوەکەى دیکەش بەشێک لە ئیشکالەکانى ئەو دەسەڵات و کردەیەم نمایان کردووە، ئیشکالێک کە هەمیشە پرسیارەکانى لە نێوان دوو جەمسەرى (دەق) و (خوێنەر) دەخولێتەوە: ئایا دەق لە دەرەوەى خوێنەر بوونى هەیە، خوێنەر بە بێ دەق دەبێ، ئایا دەق وەک بابەتێکى سەربەخۆ دەتوانێ پشت بە خوێندنەوە نەبەستێ، سنورەکانى خوێنەر و دەق لە کوێ دەست پێدەکات و لە کوێ کۆتاییان دێ؟

(1)

بێگومان خوێندنەوە کردەیە، (مەسعود محەمەد) دەڵێ: خوێنەر هەر چۆنێکى مەیل دەکات ئازادە، هەر چەندە دەشزانم ئازادییەکەى دەورە دراوە بە گەلێک شریتى فیکرى شەتەکدان و بەند و بەستکردن، بە تایبەتى کە سەر بە لایەنێکى ئایدیۆلۆجیى، یان خاوەن نیاز بوو … لێرە لە نێوان (ئازادى) و (مەیلدارى) مەسعود محەمەد: گومان لە ئازادى دەکات؟! گومانکردن لە ئازادى لەوێوە سەرچاوە دەگرێ، کە دیاردەى باوى (ئینتیماکردن) لە کۆمەڵگاى ئێمەدا بۆماوەییە! ئەگەر چەمکى (بۆماوەیى) لە نێوان (خۆناسین)  وەک رەهەندێکى کۆمەڵایەتى و (ئاگایى) وەک رەهەندێکى مەعریفى خورد بکەینەوە، ئەوە ئەوەى لە پشت گومانەکەى مەسعود محەمەد دەبینرێت، زێتر لایەنە کۆمەڵایەتى و ئینتیما هاوبەشەکە و خۆ نەناسینە! کەواتە بۆ بەرجەستەکردنى گومانى مەسعود محەمەد، دەشێ قسە لە دوو جۆر خوێنەر بکەین، خوێنەرى یەکەم: پەیوەندى بە فەزا و تێڕوانینى کۆ و دەلالەت و مانا کەڵەکەکراوەکانەوە هەیە و لەوێشەوە دەسەڵاتى کلتور و وێنەى جێگیر و فیکرەى ئامادە بەرز دەکاتەوە! خوێنەرێکە هەرگیز لە توانایدا نییە، کردەى (دانوستان) بە ئەنجام بگەیەنێت، بەڵکو بەردەوام ئامادەیى خۆى لە نێو بونیادى (بۆماوەى کۆمەڵگا) و (جەماوەر)دا هەڵدەگرێتەوە، هەموو ئەوانەش دەلالەت لە خۆنەناسى دەکەن. بەڵام خوێنەرى دووەم دەشێ سەر بەو ناونانەى (بەختیار عەلى) بێ، واتە خوێنەرى کوشندە. 

(2)

خوێنەرى کوشندە ئەو ناچالاکە، ئاڕاستە کراوەیە، کە هێزى ئاگایى خۆى لە دەزگا رۆشنبیرییەکانەوە وەرگرتووە (ئاگایى درۆزنانە، بەس بە مانا مارکسییەکەى نا)  چونکە (دەزگا) رۆشنبیرییەکانى کوردى ئەو هێزانەن، کە رۆڵى خوێنەر وەک کەسێکى ئازاد، وەک ئەوەى کە دەتوانێ خودى خۆى لە پرۆسەى خوێندنەوە دارێژێتەوە و چڕى مانا شیاوەکان و کۆدەکانى نێو دەق کەشف بکات، وەک بەشدارکەرى تێکست، وەک ئەوەى کە لە دووتوێى پێکهاتەى زانستى و شانەکانى دەق (دووانەى هاودژ) دەدۆزێتەوە، لە رێگاى ئەو دۆزینەوەیەش ئەو رووداوانە کۆ دەکاتەوە، کە پێویستە شیبکرێنەوە.. داگیر دەکەن. خوێنەرى کوشندە هێزى خۆى لە فەرامۆشکردنى دەق و سوڕانەوە بە دەورى دەق و پەراوێزى دەقدا هەڵدەگرێتەوە.

خوێنەرى کوشندە لاى بەختیار عەلى ناوێک و ئاماژەیەکە بۆ هەموو ئەو هێزانەى کە لە دنیاى ئەدەبیاتى ئێمەدا بوونەتە هێزى (دەستنیشانکردن) و (بەرهەمهێنان) و (دیاریکردن)، بێ ئەوەى هەڵسەنگاندنەکانیان پەیوەندى بە تێکستەکانەوە هەبێت، لەبەر رۆشنایى ئیشکردن لەگەڵ تێکست و لە ناو تێکست و تەریب بە تێکست لە دایکبووبێت.  بێگومان من قسەم لەو هێزە بکوژانە نییە، کە رۆشنبیریى کوردى لە خزمەتى وەلائى حیزبى و (ئاگایى درۆزنانە) کورت دەکەنەوە؟! بەڵکو قسەم لە کردەى خوێندنەوەیە، کە ناشێ تەنها لەو دەزگا بکوژانە و خوێنەرى باسیف (کوردى) هەڵیبگرینەوە؟! بەدیوەکەى دیکەش ئەو خوێنەرەى بەختیار عەلى، وێنەى ئەو خوێنەرەمان بیر دەخاتەوە کە “ئیروین وولف” بە خوێنەرى نیازخواز ناوى دەبات؟! خوێنەرەکەى وولف (دانەر) لە مێشکى خۆى بۆ مەبەستێک دایدەنێ، خوێنەرەکەى بەختیار (دەزگا رۆشنبیرییەکانى کوردى) بۆ وەلائى حیزبى دروستیان دەکات! ئەوەى ئەو دوو خوێنەرە لە یەکتر نزیک دەکاتەوە، ئەوەیە، کە هەر لە رێگاى ئەو خوێنەرە (مەبەستدار/ کوشندە)یە دووبارە وێنەى ئەو (کۆمەڵگا/جەماوەر)ە دەبینین، کە (دانەر/دەزگا رۆشنبیرییەکانى کوردى) دەیانەوێ قسەیان لەگەڵدا، یان ئاراستەیان بکەن!! ئەگەر خوێنەرەکەى وولف لەگەڵ دەقە جیاوازەکان بگۆڕێ، ئەوە خوێنەرەکەى بەختیار، وێنەى دەزگاکان وەردەگرێ! دوا سەرنجم لەسەر خوێنەرى کوشندە، ئەوەیە، کە ئەو ناونانە کەمەکێک بەلاى پەڕگیرى و تووندوتیژییەوەیە: یەکەم، لەبەر ئەوەى خوێنەر تەنها لە زیندانى دەزگا رۆشنبیرییەکانى (کوردى)دا دەبینێ. دووەم، چونکە کردەى خوێندنەوە لەبرى (دانوستان) لە تێکستخوازیدا کورت دەکاتەوە؟!

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.