به‌م دوعایه ناڵێم (لایك) …. سه‌نگه‌ر زراری
له‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێستا ئێمه تێیدا ده‌ژین, به‌شێكی زۆری (بوون)ی مرۆڤ جگه له بوونه جه‌سته‌یی و رۆحییه‌كه‌ی, بوونێكی مه‌عنه‌ویشی هه‌یه كه خۆی له ڕێگای تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌كو فێیس بووك و توویته‌ر… به‌یان ده‌كات. ئێمه چه‌نده له ڕێگای به‌ریه‌ككه‌وتنی به‌رجه‌سته‌ییانه و كۆمه‌ڵایه‌تییانه په‌یوه‌ندییه‌كانمان دروست ده‌كه‌ین, زۆر له‌وه زیاتر و به شێوه‌ی به‌رفراوانتر له ڕێگای تۆڕی ئینته‌رنێته‌وه ده‌رده‌كه‌وین و په‌یوه‌ندی به‌یه‌كه‌وه ده‌كه‌ین.
مرۆڤ هه‌ڵگری هه‌ر ئایین یان بیروباوه‌ڕێك بێت, ئه‌و باوه‌ڕه‌ی پێ ڕاسته, بۆیه هه‌وڵ ده‌دات, یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه حه‌ز ده‌كات ئه‌وانی دیكه‌ش هه‌مان باوه‌ڕیان لا دروست بێت, ته‌نانه‌ت له ئایینه‌كاندا مرۆڤی باوه‌ڕدار فه‌رزه له‌سه‌ری كه ئایینه‌كه‌ی خۆی بڵاو بكاته‌وه (به‌ڵام بێگومان له رێگای ناتووندوتیژیی), له ئێستاشدا جگه له وتار و كتێب و بڵاوكراوه‌كان, فێیس بووك و توویته‌ر و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دیكه, پانتاییه‌كن بۆ په‌یوه‌ندیكردن و ڕاده‌ربڕین و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه كه‌سییه‌كان و ته‌نانه‌ت ده‌توانین بڵێین هۆكاری زۆر كاریگه‌ری گه‌یاندنن, گه‌لێ كه‌س هه‌وڵ ده‌ده‌ن سوود له‌م پانتاییه وه‌ربگرن بۆ گه‌یاندنی بیروباوه‌ڕ و ئایینه‌كانیان, ئه‌مه مافی ڕه‌وای هه‌ر كه‌سێكه, به‌ڵام ئه‌م پانتاییه‌ش وه‌كو زۆربه‌ی داهێنراوه زانستییه‌كانی دیكه, چه‌كی دووسه‌ره‌یه, هه‌م ده‌توانرێ به خراپه كاری پێ بكرێ و به جۆرێك به‌كاربهێنرێ كه زیان به په‌یوه‌ندییه مرۆییه‌كان و گیانی لێبورده‌یی بگه‌یه‌نێ, هه‌میش به چاكه به‌كاربهێنرێ و سوود به خه‌ڵك و پێكه‌وه‌ژیانی مرۆڤه‌كان بگه‌یه‌نێ, وه‌ك چۆن زۆر جار مینبه‌ره‌كان له لایه‌ن هه‌ندێ زانای ئایینییه‌وه به‌كار ده‌هێنرێن بۆ گه‌یاندنی ئایین به شێوه‌یه‌كی نه‌شیاو (كه جێگای گومانه ئه‌مانه زانای ئایینی بن و له ئایین بزانن), به هه‌مان شێوه‌ش لاپه‌ڕه‌كانی فێیسبووك و توویته‌ر به‌كار ده‌هێنرێن و گه‌لێ شت به‌ناوی ئایینه‌وه بڵاو ده‌كرێته‌وه كه په‌یوه‌ندی به ئایینه‌وه نییه و زیانیش به ئایین ده‌گه‌یه‌نێ.
له به‌رامبه‌ریشدا زۆر كه‌س كه دژی ئایینن و ئاییندارییان پێ قبوڵ نییه, ئارام ناگرن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به نه‌رمی بیروڕاكانیان بڵاو بكه‌نه‌وه, به‌ڵكو هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر ئایین و لاپه‌ڕه و ئه‌كاونت به‌ناوی خوازراو داده‌نێن و بۆ دژایه‌تیكردنی ئایین به‌كاری ده‌هێنن, له‌مه‌شدا سوود له ناڕۆشنبیریی به‌ناو زانا ئایینییه‌كان وه‌رده‌گرن, ئه‌وانه‌ی مینبه‌ر بۆ جوێندان و ئیهانه‌كردنی خه‌ڵك به‌كار ده‌هێنن.
لێره‌وه ده‌توانین بڵێین هه‌ڵه‌یه‌كی دووسه‌ره هه‌یه (واتا هه‌م له لایه‌ن هه‌ندێ زانای ئایینی و هه‌م له لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی ناڕۆشنبیرانه وه‌ڵامیان ده‌ده‌نه‌وه), به مانایه‌كی تر ئه‌و دۆخه‌ی هه‌یه (كردار)ێك نییه به سروشتی دروست بووبێ, به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی (كار) و (كاردانه‌وه)یه له دژی یه‌كتر.
زه‌قترین سیمای هه‌ندێ به‌ناو زانای ئایینی له‌و شتانه كۆده‌بنه‌وه كه له‌سه‌ر مینبه‌ره‌وه جوێن ده‌ده‌ن و هاتوهاواری زۆر ده‌كه‌ن كه هاواركردنه‌كه‌یان له جێی خۆیدا نییه, هه‌روه‌ها دوعای نه‌شیاو و خراپ له‌و كه‌سانه ده‌كه‌ن كه پابه‌ند نین به ئیسلامه‌وه, یان دوعا له‌و كه‌سانه ده‌كه‌ن كه هه‌ڵگری ئایینی دیكه‌ی جگه له ئیسلامن, له كاتێكدا خوای گه‌وره له زیاد له شوێنێك ڕێگای ئه‌وه‌ی داوه مرۆڤ به ئاره‌زووی خۆیه‌تی ببێته موسوڵمان یان نا.
نموونه زۆره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه پێغه‌مبه‌ر (دروودی خوای له‌سه‌ر بێ) له‌گه‌ڵ ناموسوڵمانان (ئه‌وانه‌ی شه‌ڕیان له دژ نه‌ده‌كرد) چه‌نده جوانڕه‌فتار بووه, ئه‌وكاته‌ی ده‌چێته (تایف) بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی بده‌ن و بیحه‌وێننه‌وه, له‌وێ له جیاتی یارمه‌تیدانه‌كه, زۆر ئازاریان دا, كه‌چی كه گه‌ڕایه‌وه نه‌ك دوعای خراپی لێ نه‌كردن, به‌ڵكو دوعای خێریشی بۆ كردن و داوای له خوا كرد هیدایه‌تی خۆیان و نه‌وه‌كانیان بدات.
بۆیه له‌و روانگه‌یه‌وه له كاتی چوونه مزگه‌وت هه‌رگیز به‌و دوعایانه‌م نه‌گوتووه ئامین كه هه‌ندێ به‌ناو مه‌لا به ناحه‌ق له ناموسوڵمانانی ده‌كه‌ن و پێشم وایه له فێیس بووك نابێ ئامینیان بۆ بكرێ (كه ئامینی فێیس بووك خۆی له كۆمێنت و لایكدا ده‌بینێته‌وه).
سه‌باره‌ت به جوێندانیش پێغه‌مبه‌ر (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) باسی ئه‌وه ده‌كات ئه‌و كه‌سه‌ی جوێن به موسڵمانان بدات فاسقه, فاسقیش ئه‌و كه‌سه‌یه كه تاوان ئه‌نجام بدات و باوه‌ڕه‌كه‌ی ناته‌واوه, ده‌شێ موسوڵمانی ئاسایی فاسق بێ و سیفه‌تی (فسق)ی تێدابێ (ئه‌مه به‌و مانایه نییه رێپێدراوه), به‌ڵام زانایانی ئایینی كه پێشه‌وایه‌تی ئوممه‌ت ده‌كه‌ن, نابێ فاسق بن, به‌ڵكو ده‌بێ رێنوێنی خه‌ڵك بكه‌ن بۆ دووركه‌وتنه‌وه له فسق و خراپه.
جۆرێكی دیكه‌ی دینداری فیێس بووك ئه‌وه‌یه كه كه‌سانێك بابه‌تێكی ئایینی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه, یان ناوی خوا و پێغه‌مبه‌ری خوا بڵاو ده‌كه‌نه‌وه, ته‌نها وه‌كو ده‌مارگیرییه‌ك و جۆرێك له تووندڕه‌وی, یان وه‌كو هه‌ست و حه‌زێكی هه‌رزه‌كارانه و ده‌یانه‌وێ لایك و كۆمێنتی پێ خڕكه‌نه‌وه, بۆیه من هه‌رگیز به‌و جۆره دوعا و دیندارییه‌ش ناڵێم (لایك) و پێم وایه ئه‌مه ئایین لای خه‌ڵك خۆشه‌ویست ناكات, ئه‌گه‌ر كه‌سانێك بیانه‌وێ له فێیس بووكه‌وه دینداری بكه‌ن, پێویسته بابه‌تی زانستیی ئایینیی بڵاو بكه‌نه‌وه, ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه ده‌شێ سوودێك به موسوڵمان و غه‌یره موسوڵمانان بگه‌یه‌نێ.
له لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌وانه‌ی دژایه‌تی ئایین ده‌كه‌ن, ئه‌گه‌ر بڕوایان به هه‌ر بیروباوه‌ڕێكی دنیایی یان هه‌ر ئایینێكی دیكه هه‌بێ, ئه‌وا بێ ئاگان له باوه‌ڕه‌كانیان, چونكه جگه له توونده‌ڕه‌وه‌كان (هه‌م له ئایین و هه‌م له باوه‌ڕه‌كانی دی), هیچ بیروباوه‌ڕێك هانی شوێنكه‌وتووانی نادات بۆ ئه‌وه‌ی دژایه‌تی (ئه‌ویتر)ی ده‌ره‌وه‌ی باوه‌ڕه‌كه بكه‌ن و خه‌ڵك له‌سه‌ر باوه‌ڕه‌كانیان بكوژن. سه‌ركرده و شۆڕشگێڕی گه‌وره‌ی كوبیی (جیڤارا) ده‌ڵێ: “من له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌كه‌ی تۆ نیم, به‌ڵام ئاماده‌م تا ده‌مرم به‌رگریت لێ بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی بۆچوونه‌كه‌ت به ئازادی ده‌رببڕی”. ئه‌و كه‌سێكی ماركسی بوو نه‌ك باوه‌ڕدار, به‌ڵام به هۆی ئه‌و زوڵمه‌ی له گه‌له‌كه‌ی ده‌كرا و به هۆی ئه‌و خه‌باته‌ی له پێناوی ئازادی ده‌یكرد, ده‌یزانی به‌های ئازادی بۆ مرۆڤ چه‌نده گه‌وره‌یه و ئاماده‌بوو خۆی له پێناویدا به‌كوشتن بدات.
دژایه‌تیكردنی دووسه‌ره‌ی نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه (له هه‌ندێك حاڵه‌تدا هه‌ردوو لایه‌نه‌كه خۆیان به ئاییندار ده‌زانن) و دووباره‌بوونه‌وه‌ی دژایه‌تیكردنی یه‌كتر به به‌رده‌وامی, نامانگه‌یه‌نێته ئه‌وه‌ی كه دیالۆگ دروست بێت و پێكه‌وه هه‌ڵبكه‌ن, بێگومان یه‌كتر قبوڵنه‌كردن و كاره‌ساتیش لێره‌وه دروست ده‌بێ.
sangarzrary@gmail.com