Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
کامتان نوێنەری گەلن؟!!

کامتان نوێنەری گەلن؟!!

Closed
by September 3, 2013 گشتی

 

 

 

بۆ سیستەمی سەرمایەداری پەرلەمان تەنها جێگایەکە، کە لە ڕوی یاساییەوە دەتوانێت شەرعیەت بدات بەخۆی و هەر لە وێشەوە دەخوازێت ئاستی تاوان و چەوساندنەوە چینایەتیەکان کە خۆی بەرهەمهێنەریەتی، تێدا پەردەپۆش بکات.

تەمەنی پەرلەمان وەک دەزگایەکی ئیداری بۆ تەرتیب کردنی ئەو یاسایانەی بە حیساب لە بەرژەوەندی کۆمەڵگادایە، پەیوەستە بە سەرهەڵدانی سیستەمی سەرمایەداریەوە. دەوڵەت و پارێزەرانی ئەو بونیاتە، بۆئەوەی بەردەوام شەرعەیەتی بەناو یاسایی بەخۆیان بدەن، باشترین جێگا بۆ ئەو شەرعیەت دانە، هەیکەلەی پەرلەمانە.

 لەنێو کۆی وڵاتانی ئەمڕۆدا، پەرلەمان لە پاڵ دام و دەزگاکانی دیکەی پارێزەری دەوڵەتدا بونی هەیە، لە هەر وڵاتەو بە شێوازێک هەر چوار ساڵ جارێک یان پێنج ساڵ، خەڵکی سەرقاڵ دەکرێت بە بانگەشەی دەنگدان و هاتوهاواری بەرەی بۆرژوازی تا ئەوەی خەڵکی ڕوو بکەنە سندوقەکانی دەنگدان و لە وێدا نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن تا بە ئاوات و ئامانجە دیموکراسی و بە حیساب ئازادیەکانی خۆیان فەراهەم ببن.  دەکرێت بپرسین؛ لە نێو کام وڵاتی ئەمڕۆی جیهاندا پەرلەمان و خودی ئەو کەسایەتیانەی کە بە نوێنەری خەڵکی ناسراون، توانیویانە سەر بکەون بەسەر ئەو هەیکەلەیەی کە دەوڵەتی سەرکوت گەر هەیەتی و بە کۆ بەشێکە لە پاراستنی بەرژەوەندیە سەرەکیەکانی خێڵە بۆرژواکە؟ ئاخۆ ئیتر بەس نیە بۆ ئەوەی خودی ئەو بەڕێزانەی بەناوی کۆمەڵگاوە ئیدیعای باشتر بونی ژیان دەکەن لە گەشتنیان بە هۆڵی پەرلەمان و دواتر بە غەیری دوو ڕووی هیچی دیکە بەرهەم ناهێنن بۆ نێو کۆمەڵگا؟ ئاخۆ پەرلەمان گەر خەتەرێکی هەبوایە بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی بەرەی بۆرژوازی خاوەن دەوڵەت دەمێک نەدەبوو کە یاساغ بکرایە؟ کەواتە چونتان بۆنێو هۆڵی پەرلەمان بۆ کام ئاراستەیە؟ ئاخۆ گەر ئێوە نوێنەری گەل بن، ئەم کۆ پارتەتان بۆچی دامەزراندوە؟ سەیری هەر تیڤیەک دەکەیت، هەر وەکی ئەودیوو ، واخۆی نیشان دەدات کە کەس لەم عادیل تر و خزمەتکار تر نیە بۆ کۆمەڵگا. بەڵام کاتێک ئاوڕ لە کارنامەی  پەرلەمان بدەینەوە لە ساڵی ١٩٩٢ وە تا ئێستا، بەپێچەوانەوی کۆی ئیدیعا هەرزانەکان، کە وا دەوترا پەرلەمان، دەکرێتە جێگایەک بۆ چەسپاندنی عەدالەت خوازی کۆمەڵایەتی، تەنها بوە بەو جێگایەی کە تاقمێک تێیدا گیرفان پڕ دەبن و کۆمەڵگاش لە نێو کۆی جومگەکانی خۆیدا بەرەو داڕزیوو بوون دەچێت.

 لەو دوو دەیەی ڕابردوی نێو دەسەڵاتی ئەحزابی کوردیدا کام بەرهەمی شایستە پێش کەش بە کۆمەڵگا کراوە کە توانیبێتی ئاستی پەروەردەیی و کەلتوری پێشکەتنخوازی  بێنێتە نێو کۆمەڵگاوە. ئاخۆ پەرلەمان و نوێنەرەکانی حیزب لەوێدا توانیان چی بکەن؟ کام یەک لەو نوێنەرانە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت توانیبیتیان کەمترین  ڕەخنە ئاراستەی حیزبەکانیان و سەرۆکەکەیان بکەن، لەوەی ئاخۆ دزینی سامانی کۆمەڵگا نەبێت ئێوە چۆن ئاوا دەبوون بە ملیاردێر و ملیۆنیر؟ ئاخۆ نەدەبوو بیان پرسیایە، ئامانجی شۆڕشی کوردی بۆکام مەبەست بوو، مەبەست تەنها گیرفان پڕ کردنی بەرەی سەرەوە و بە کۆیلەکردنی چینی خوارەوە بوو، یان وا دەبینرا کە بۆ چەسپاسندنی ئازادی و یەکسانی نێو کۆمەڵگا بێت!

دەسەڵاتی ئەحزابی کوردی بۆخۆی سەر بە ئەو چینە مشەخۆر و تاڵان چیەیە، کە ئامادەیە لە پێناو مانەوەی خۆیدا کۆمەڵگا لەبەریەک هەڵبوەشێنێتەوە و، هەر ئەو خۆشیەتی کە خۆی بەدەم ڕاستی کۆمەڵگا دەزانێت. کۆمەڵگا و دانیشتوانەکەی تەنها ئامرازێکی دەسی ئەو حیزبانەن، کە هەر لایەک کۆمەڵێک خەڵکی کردوە بە کۆیلەی خۆیی و تەواوی مافە مرۆڤ بوەنەکانی لەو ژێر دەستانەی خۆی سەندوەتەوە، لێرەدا ئەوەی بونی نیە لە کوردستاندا هاوڵاتی ئازادە، چونکە زۆرینەی کۆمەڵگا دابەش کراوە بەسەر ئەو بەرنامە ڕێژیەی کە حیزبەکانی نێو مەیدانی سیاسی تێیدا لە کاردان، کەواتە لێرەدا کام حیزب هەیە کە ئامانجی کۆمەڵگایەک بێت کە خودی کۆمەڵگا نەبێتە کۆیلەی ئەو؟ وتەیەکی جوانی ئۆج ئالان هەیە کە دەڵێت، کۆمەڵگا دەتوانێت بەبێ دەسەڵات بژی، بەڵام دەسەڵات ناتوانێت بەبێ کۆمەڵگا بژی. ئەم وتەیە گەر بەوردی لێکی بدەینەوە تێدەگەین کە کۆی دەسەڵات تا دەگات بە خودی دەوڵەتیش تەنها ئەو هەیکەلەن کە لە نێو جیهانبینی چەوساندنەوەدا بونیان دەمێنێتەوە، گەر نا کۆمەڵگا بەبێ دەسەڵات، بۆخۆی دەتوانێت ئەو پێکهاتەیە بێت کە خۆبەخۆ، خۆی بتوانێت خۆی ڕێک بخات و هیچ سەردارێک بەسەریەوە نەبێت، هەر وەک ئەو پەروەردەیە کە لە نێو ڕیزەکانی پەکەکەدا هەیە. خۆ بەڕێوەبردنی  سەربەخۆ، یان ئەو شێوازە پەروەردەیەی کە لە نێو پەیەدەدا لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە، کە بۆخۆی لە پەروەردەیەکی دیموکراسیانە و خۆ بەڕێوەبەری سروشتیدایە. بەڵام ئەو جۆرە پەروەردەیەی لە نێو حیزبی دەسەڵاتدار و بەرەی ئۆپۆزیسۆنی کوردستاندا هەیە، هەر چون یەکن و تەواوی ئەو خەڵکانەی لەو نێوەدان، گرێدراون بەو پرۆژەو ئامانجانەی کەسەرەوە دیاری دەکات بۆ بەڕێوە بردنی قازانج و بەرژەوەندیەکانی خۆیان ،نەک پاراستنی بەرژەوەندیە گشتیەکانی کۆمەڵگا و نە هێشتنی سەردار و ژێردەست.

بەرەی بۆرژوازی بۆخۆی کۆی ئابوری لە ژێر چینگی خۆی ناوە و کۆی سوپاو دامودەزگا ئیداریەکانیشی هەر لەژێر دەستدایە، لێرەدا بۆئەوەی خۆی بە حاکمی ڕەها نیشان نەدات، بەرەیەکی بەناو ئۆپۆزیسیۆنی لەخۆی چو دروست دەکات، کە هەمان ڕێوڕەسمی چەوساندنەوە و سەرکوتگەر بەڕێوە دەبەن و دوورە لە هەر بنەمایەکی یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی.دروست کردنی ئەو ئەحزابانەش لە ژێر ناوی دیموکراسی و ئازادیدایە، گوایە ئەو دەسەڵاتە حاکمە بۆخۆی بڕوای بەوە هەیە کە ئەو حاکمی ڕەها نیە. بەڵام ئەم بۆچونە تەنها درۆیەکی گەورەیە، چونکە لەنێو کۆمەڵگادا ئاستی چەوساندنەوەی چینی هەژار و کرێ وەرگر هەر وەک خۆی وایەو بەردەوام ئاستی هەژاری و بێکاری لە زیاد بوندایە.لێرەدا دەبێت بپرسین، کۆی ئەم حیزب و لایەنانەی کە ئێستا کۆمەڵگایان سەرقاڵ کردوە بە بانگەشەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی بەناو خەڵک، بۆ پەرلەمان، کامیان بەڕاستی نوێنەری گەلن؟ ئاخۆ لای کام بەرەیان دەتوانین ئەو هەقانیەتە بەدەست بهێنین کە بڵێین گەر ئەمەیان سەرکەوت دەتوانێت ئاڵوگۆڕی سەرەکی لەنێو بونیاتی سەرەکی کۆمەڵگادا بەدی بهێنێت.

 من وەک خۆم بڕوام بە پەرلەمان نیە کە ببێتە ئەو جێگایەی کە سیستەمی چەوسێنەر لەنێو ببات، ئەوەی تەنها بۆم بوەتە جێگای سەرنج و تۆسقاڵێک جێگای ئومێد بەخش بێت، تەنها پەچەدەکەیە، چونکە لەواندا ئەو هیمەتە دەبینم گەر توانیان زۆرینەی کورسیەکان بەدەست بهێنن، بتوانن ببن بەو داینەمۆیەیەی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لەنێو جومگەکانی کۆمەڵگادا بەدی بهێنن، تا ئەوەی کۆمەڵگا ببێتە ئەو ئەکتیڤەی خۆی بڕیاردەری نێو ژیانی خۆی بێت. بەڵام ئاخۆ کۆمەڵگای ئێمە گەشتونەتە ئەو ئاستە لە وشیاری سیاسی کە بڕۆن و دەنگ بە پەچەدەکە بدەن؟ ئەم پرسیارە لای من هێشتا زەحمەت دەبینم، چونکە ئاستی وشیاری کۆمەڵگا، دابەش کراوە لەنێو کۆی ئەو بەرانەی کە لە بنەڕەتدا دوژمنی ئازادیەکانی کۆمەڵگان، هەر لەبەرەی ناسیۆنالیستی حاکمەوە تادەگات بەبەرەی دینی و بزوتنەوەی گۆڕان. خودی ئەم بەرانە تەنها لە پێناو سەرەگێژ کردنی کۆمەڵگادا هاتونەتە مەیدان و گرێدراوی نێو ئەو پرۆتۆکۆڵە نێو دەوڵەتیانەن کە پارێزەرن لە پاراستنی بەرژەوەندیەکانی چینی سەرمایەداردا، بۆیە دەتوانم بڵێم چونی تاکەکان بۆ لای سندوقی دەنگدان، تەنها دەتوانێت بۆ چوار ساڵی ئایندە، دەنگ بدات بە مانەوەی چەوساندنەوەی سەر خۆی.

 

 

تاهیر حاجی حەسەن

٣/٩/٢٠١٣

.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.