Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
دەنگی بزاو و دەنگی وەستاو لە هەڵبژاردندا

دەنگی بزاو و دەنگی وەستاو لە هەڵبژاردندا

Closed
by September 3, 2013 گشتی

 

 

 

 

بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لانی کەم لە سێ بواری گرنگدا زیانبەخشە، لەڕووی ئابوری و سامانی گشتیەوە و لەڕووی یەکانگیریی کۆمەڵایەتی و هەوروەها لەڕووی ژینگەییەوە. ئەگەر ئەمە بۆ زۆربەی وڵاتان ڕاست بێت  ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان زۆر زۆر راست و حاشاهەڵنەگرە، لەکاتێکدا کورد هەم سامانەکەی بەیەکسانی بۆ هاوڵاتیان دابەش نەبووە و رێژەیەکی بەرچاو هەژار هەیە و هەمیش کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی راگوێزەرو (ئینتقالی-transitional) ه و هەروەها کۆمەڵگەی پاش جەنگە(بەجەنگی ناخۆیشەوە)، پاشان ژینگەی کوردستان لەژێر هەڕەشەدایە و سیاسەتی ژینگەپاریزی و هۆشیاری ژینگەپارێزی زۆر نزمە. بەڵام ئەوەی لەم کورتە نوسینەدا ئاماژەی پێ دەکەین شتێکی ترە کە دیسان ناگرنگی بانگەشەی هەڵبژاردن لای ئێمە دەردەخات و هەوڵ دەدەین قسەی لەسەر بکەین ئەویش پێکهاتەی سیاسی  و تابلۆی سیاسی و کاری حزبایەتی لە هەرێمی کوردستان. وردتر مەسەلەی دەنگە یەکلانەبوەکان یان ئەوەی لە زانستی سیاسیدا پێدەوترێت دەنگی بزاو  (a swing voter).  

هەموان دەزانین تا هەنووکەش وەلا و ئینتمای حزبی و سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا کەمتر لە هۆشیاری سیاسی و بەشداربوونی ئارەزومەندانەی هاوڵاتیاندایە، بگرە هەر خودی چەمکی هاوڵاتی یەکێکە لە چەمکە دژوارو قەیراناویەکان. ئیدی ئەندامبوون و هۆگری بۆ حزبەکان لە کوردستاندا  تەنها فەنکشنی سیاسی و کاری حزبایەتی نیە بەڵکو رەهەند و ماناو ئەرکی دیکەشی هەیە لەوانە ئەرکی ئاینی و پابەندبوونی کۆمەڵایەتی و عەشرەتگەری و لەمانەش گرنگتر وابەستەبوونی ئابوری و رزق و رۆزی. ئیتر ئەمە وایکردوە مرۆڤەکان ئازاد و سەربەست نەبن لە بڕیاری سیاسی و بەشداری سیاسیدا و بەجۆرێ لەجۆرەکان بەستراونەتەوە بە یەکێک لە پارتەکان و دووبارە و چەندبارە دەنگ بەو پارتە دەدەن واتە دەنگەکان وەستاون. 

مەسەلەی بەشداریکردن و دەنگدان لە هەڵبژاردندا بێگومان رەنگدانەوەی ئەو بارە ناسروشتی و سەقەتەی کاری سیاسیە لە هەرێمی کوردستاندا،  لەبەرئەوە تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردن پرۆسەیەکی گوماناویی و ناتەندروستە. چونکە لەپاڵ پاکو بێگەردی هەڵبژاردنەکان و کەمی تەزویر هەبوونی دەنگی بێلایەن و بزواو یەکێکە لە هەرە بنەما گرنگەکانی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو و راستەقینە. ئەگەرنا کۆمەڵگە دابەش بووبێت بەسەر دوو یان سێ حزبدا و هەمووکات ئەو پارتانە دەنگی مۆسۆگەری لایەنگرانی خۆیان وەدەست بهێننەوە هیچ نیە جگە لە گەڕەلاوژێی دیمۆکراسی و هەڵبژاردنی کارتۆنی. بەداخەوە من ئاماری دەنگە سەربەخۆ و بزاوەکانی دانیشتوانی هەرێمم لانیە بەس ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی ڕابردووی هەموو جۆرەکانی هەڵبژاردن ( سەندیکا، پەرلەمانی کوردستان و ئیراق و سەرۆکایەتی ) ئەوەی  تۆخ کردوەتەوە کە ئەوە دەنگە هەمیشەیە دەروێشیەکانی لایەنگرانە ئەنجامی سەرەکی ئەو هەڵبژاردنانەی دیاریکردوە و یەکلاکردوەتەوە.

من نازانم لە داهاتوودا چی ڕوودەدات و تابلۆی سیاسی بەرەو چ جۆرە ژینگەیەکی سایسی ملدەنێ بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێ لەڕاستیدا هیچ پێوست بە بانگەشەی هەڵبژاردن ناکات، لانی کەم هەڵواسینی ئەو هەمە لافیتە و پۆستەرە و لایلۆنە ناشیرنەی سەر دیوار و لێوار جادەکان زیادەڕۆییە و کاریگەری خراپی هەیە بۆ سەر ژینگەی کۆمەڵایەتی و ژینگەی سروشتی. ئاخر مرۆڤی ئیمە خۆی زۆری توڕە و گرژە مرۆڤی ماندووی دوایی شەڕن بە کەمترین ئیستفزازکردن هەڵدەچن و دەبێتە مایەیی پشێوی. وەک ئاماژەم پێکرد دەکرا لەبری ئەو شەخەڵ هەڵواسینە زیاتر گرنگی بە دبیەت و مونازەرەی تەلەڤزیۆنی و رادیۆیی و وتاری راستەوخۆی کاندیەکان بدرێ نەک پەرۆو لایلۆن هەڵواسین و شەڕە پەڕۆ و هوتاف دان کە کەمتر شارستانی و زیاتر ئاژاوەگێڕی و ژینگەکوژییە.  

 

*کاندیدی دکتۆرا لە کۆمەڵناسیدا /زانکۆی بریستڵ-ئینگلاند

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.