Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
لە كوردستانى گەندەڵدا ، نازانم رێکخراوى مەدەنى  خەریکى چین ..!؟

لە كوردستانى گەندەڵدا ، نازانم رێکخراوى مەدەنى خەریکى چین ..!؟

Closed
by May 20, 2008 گشتی

…… توێژەرى كۆمەڵایەتى : حەمەى ئەحمەد رەسوڵ
 
 
 ئەو کۆمەڵگایانەى لەچنگى تۆتالیتار و حوکمى تاکپەرستى قوتاریان دەبێت و ئیدى بەرەو دیموکراسی و فرە حزبی و فرە رەنگى هەنگ و دەنێن ، بۆنى مەدەنیەت و شارستانیەت و پێشکەوتنى بوارى رۆشنبیرى و زانستى و هاوتا لەگەڵ بوژاندنەوەى کایەى ئابووریدا بەسەریدا بەرکەماڵ دەبێ ..
 ئیدى بۆ هاوسەنگ راگرتن و فشار خستنەسەر خەمساردى کار و چالاکییەکانى حکومەت رێکخراوە مەدەنى و ئەهلییەکان و ئێن جى ئۆ (NGO)کان رۆڵیان دێتە پێشێ لەبوارەکانى فەرهەنگى و رۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى و یاساییدا ..!
 مەدەنییەت و شارستانیەت ، قۆناغیكى نوێ و هاوچەرخە ،لەنێوان قۆناغى کشتوکاڵى و قۆناغى پیشەسازیدا سەر دەردێنێ ، لەگەڵ زۆربوونى پێداویستى و خولی و خواستى خەڵکى شارنشیندا ، بەرفراوانتربوونى ئەرکى دامودەزگاکان هۆکارى حەتمى و ناچاریین لەسەرهەڵدانى رێکخراوەکاندا ..!
 ئەو کەسانەى دەشێن کەرێکخراوە مەدەنییەکاندا کاربکەن دەبێت خاوەن بڕوانامە و ئەزموون و تەکنۆکرات و پرۆفیشناڵ (پیشەیی) بن چونکە ئەم کەسانە لێوەشاوە و شارەزان نەک کەسانى حزبی بیرتەسک و هەڵگرى ئایدیۆلۆژی و دیماگۆگى چەقبەستوو ..!
 ئەگەر چاوێکى رەخنەییانە و دیدێکى لۆژیکى –ئەکادییمانە بە تەمەنى کورتى رێکخراوەکانى کوردستاندا بگێڕین و بەقووڵى بچینە ژێر پێستەوە ، لەرۆڵ و ئاوێتە نەبوونى ئەوتۆ و مانەوەى رووکەشیانەى وردبینەوە ، ئەوەندەمان خاڵ و بەندى سەلبی و نێگەتیڤى دێنە بەردەست کە بوون و رۆڵى ئەم رێکخراوە ئەهلى و مەدەنییانە لەئاستێکى نزمدا دەبینینەوە ، ساڵى پار (2007) لەئامارێکدا ئەوە دەرکەوت کەزیاد لە (300) سێ سەد رێکخراو لەکوردستاندا هەن بەشێکى هەرەزۆریان فەند و نەسرییە و پارە لەحزبەکانەوە وەردەگرن ، بێگومان ئەمەش هۆکارێکە بۆ ملکەچ بوون و ئاراستەکردنیان لەلایەن فەرمان و خواستى حزبەکانەوە ، چونکە کۆمەکیان دەکەن ،نەک هەر رێکخراو بەڵکو چەندەها سەنتەریش لەشارەکاندا بەدیدەکرێت کە لەلایەن حزبەکانەوە کراونەتەوە و گوایە رێخکراوى ئەهلى و مەدەنى و دیموکراسیخوازن بەڵام ئەوانیش رۆڵیان سستە و خەڵکانێکى ئاسایی و بگرە ئاست نزم و هاوشێوەى خەڵکى رەشۆکى کۆمەڵگاى نەزان و ناشارەز و بێ ئەزموون دەیبەن بەڕێوە ..!
 ئەم رێکخراوە مەدەنییانە نەیانتوانى هیچ کاریگەرییەکیان هەبێ کەبە هێندە وەربگڕێت لە وشیارکردنەوەى خەڵکید و بەرزکردنەوەى ئاستى رۆشنبیرى و زانستى و مەعریفییان ، کە دواجار نەیانتوانیووە کۆمەڵگا رۆشنبیرتر بکەن و بەرەو مەدەنیەت و شارستانییەت و فەرهەنگى بەرن … کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینار و چالاکییەکانیان (مەگەر ساڵى جارێک) بۆ نوخبە و دەستەبژێرێکە ، بۆ کۆمەڵێک گەنج و لاوە کە هەمیشە پێکەوەن و بەدەر لەم بازنەیە کەڵک و سوودیان بۆ کەس نییە ، سیمیناروۆرک شۆپ لە وڵاتانى هەندەران لەسەرشەقام و کۆڵانەکانە ، لەنێو جەماوەردایە و دیارى و خەڵات و پرۆگرامى تەرفیهى و هونەرى و پەروەردەیی باڵایان پێشکەش دەکەن کە هەر هیچ نەبێت ساڵى (20) بیست کەس سوودمەند دەبێت لەرێکخراوێک ، کەلە کۆى رێکخراوەکاندا رەنگە بگەنە (2000) دووهەزار سوودمەندێک ، بەڵام لاى خۆمان تەنها بۆ نوخبەیەکە و بەتەلەفۆن و بەکارتى داوەتنامە هەردەم ئەو نوخبەیە بانگهێشت دەکرێت کە کەسوخزم و ناسیاوى کارمەندەکانى نێو رێکخراوەکانن (کەهەمان عادەت و خووى کۆمەڵگ و حزبەکان تۆختر دەکەنەوە ) ئەمەش گرێدراوە بەوەوە کە ئەوکارمەند و بەڕێوەبەر و راوێژکارانەى لەم رێکخراوە مەدەنییانەدا کاردەکەن کێن !؟ چەندیان هەڵگرى بڕوانامە و ساڵى ئەزموونن !؟ بەداخەوە رێژەیەکى هەرە زۆر لەم کەسانەى کە لەرێکخراوەکاندا کاردەکەن ، گەنج و لاون ،ئەوگەنجانەن کە ئاستى رۆشنبیرى و زانستیان زۆر بەرز نییە ، ساڵانى ئەزموون و کارکردنیان درێژ نییە ،شارەزایی و لێزانى و کارامەیان سنووردارە ، دووربین و داهێنەر و بلیمەت نین ، مەخابن لەزمانى کوردى زیاتر هیچ زمانێکى دیکە نازانن کە بۆ پەیوەندى و گواستنەوەى کەلتوور و زانیارى و مەعریفەى تێورى و پراکتێکى گەلانى دەوروبەر و جیهانى زۆر پێویستە ، زۆر کەمن ئەوانەى کارمەندى رێکخراوەکانن کە ناودار و ناسراو و نوسەر و رۆشنبیر بن …!
       رێکخراوەکان بەگشتى میتۆدو مەنهەجى زانستى و ئەکادیمیان نییە و لە دەرکردنى رۆژنامە و گۆڤار و سیمینار و چالاکى ( لە بازنەیەکدا) زیاتر تێناپەرێت ، زۆر پەرشوبڵاون ، لەسەر پنت و تەوەرێک و رێڕەوێک و پەیڕەوێکى زانستى نەگیرساونەتەوە ، تەرکیزو چڕبوونەوەیان کاڵ و لابەلا و لاوەکییە ، بۆ چارەسەر و رێگەچارەى ئەم هەموو گرفت و ئاریشانەى کوردستانیش  هیچ ئەلتەرناتیڤ و بەدیلێکیان پێ نییە …!!
       بۆیە هەتا ئێستا نەبوونەتە هێز و نەیانتوانیوە ببنە فشار و گوشار بخەنە سەرحزب و حکومەت ،بەرامبەر بە گەندەڵى و  ناعەدالەتى و ئیفلیجى پەرلەمان هیچ هەڵوەێستێکیان نییە کە ئاماژەى پێ بدەین و لەیادەوەریماندا مابێت .! لەگەڵ ئەوەشدا کە رێکخراوەکان لەسێ شارە گەورەکەى کوردستاندا ، کاردەکەن ئەم شارانەش سیخناخن بەدیاردە و گرفت و ئاریشەى کۆمەڵایەتى و بێکارى و دزى و کوشتن و ژنکوشتن و تاوان و منداڵانى بەرەڵا و خوێڕى سەرشەقامەکان و مێردمناڵى فیتەر و بۆیاخچى و(CD)ى فیلمى رووت و دەعجانى فرۆش ، کارەبا و ئاو و سووتەمەنى و قاتوقڕییەکانى و گرانیی بێوێنەى بازاڕ و زیادبوونى نەخۆشی و پەتا و دیاردەى لەشفرۆشی و کۆچی بێشومارى لاوان بەرەوسەرابی هەندەران ، کەچی هیچ رۆڵ و کار و چالاکى و مانگرتن و خۆپیشاندانى مەدەنییانەیان لەژێر میکرۆسکوبیشدا بەدیناکرێت ،….!!
      هەتاکو هەنووکەش نەچوونەتە شارۆچکە و گوندە بێناز و کاولەکان و یەک رێکخراو کارى بۆ به مەدەنیکردنى گوندێک نەکردووە ، کاریان بۆ گەڕاندنەوەى خزمەتگوزارى رۆشنبیرى و تەندروستى و گوندنشینان و جوتیار و پاڵە و شوان و گاوان و مامۆستا و دکتۆرەکان نەکردووە کە شارە ناخۆش و تاڵەکان جێ بێڵن و گوندە قەشەنگەکان بکەنەوە بە بەهەشت و سەوزایی و تاڤگە و مێرگ و کێڵگەى سەوزى بەرهەم هێن …!
         لەوانەش زیاتر رێکخراوەکانى کوردستان بە ڕێژەیەکى زۆر نەیانتوانیووە راپرسییەکى پڕ بایەخ و گرنگ ئەنجام بدەن کە کەللەتەزێن و جەڵتە و شۆک لاى دەسەڵات دروست بکات و زیاتر وەخەبەریان بێنێتەوە بۆ کار راپەراندن و خزمەتگوزارى پێشکەشکردن .. یاخود نەیانتوانیوە ئامار و داتا بۆ زۆربەى دیاردەکان و بابەت و دۆزە گرنگەکان ئەنجام بدەن ، کە لەراستیدا دروستکردنى ئامار و داتا و( بەرنامەى به کۆمپیوتەرکردنى دامودەزگاکان ) لە گرنگرتین و دیارترین کارو چالاکى رێکخراوە مەدەنییەکانە لە هەر وڵاتێکى دونیادا ، نەیانتوانیوە سیستماتیکى و بەرنامەڕێژى کار بۆ ئامار و داتا بە ئەنجام گەیاندنى (حکومەت و دەزگا فەرمییەکان) بکەن و فشاریان بخەنە سەر لەمبارەیەوە ..! بەکوردى و بەکورتى :
      رێکخراوە مەدەنیەکانى کوردستان هەمان مۆدێل و ستایلى ناوحزب و کۆمەڵگاى کوردین ، هەمان کەلتوور و ئاستى رۆشنبیرى و وشییارى و تەکنیک و میتۆدى دامودەزگا حکومییەکانن ، زۆربەیان دەقاو دەق لە پێڕە و و پرۆگرام و ئاستى چالاکى و هێزى گۆڕانکارى و کاریگەریدا لە یەکدى دەچن بەدەر نین لە گەندەڵى ، بەپێچەوانەوە کانگاى پارە کۆکردنەوە و پارە لف لێدان و دۆلار ماشینەوەیە ، ….. سەربەخۆ و ئەهلى و ئازادنین ، ….. بە ئاسانى دەست و مەبەستى حزبەکانى تیادا بە دیدەکرێ خۆیان مەدەنى نین و هەڵقوڵاوى نێو عەقڵییەتى خێڵ و هۆزى کوردین ، خەڵکى ناچالاک و هەڵپەرست و بێ ئەزموون و ئاست  مامناوەند و بگرە نزمتریشى لێ کۆبووەتەوە !!!
      کار و چالاکى رێژەیەکى زۆریان قەتیس و نەزۆک و دووبارە و لاوەکین ، تێکەڵ و ئاوێتەى کۆمەڵگانین و تەنها بۆ نوخبەیەکن و وەکو دەسەڵات خەڵک و زۆرینەى هەژار و نەخوێندەواریان پەراوێز کردووە .! بێ پرۆژە و بەرنامە و میتۆدن .! نەگەنج ، نەمنداڵان ، نەژنان و نەپیاوان هیچ کەڵک و سوودێکیان لێنابینن .! بەدیل و ئەلتەرناتیڤیان بۆ پەرلەمان و بۆ حزب و بۆ حکومەت پێ نییە دەنگ و رەنگیان بۆ نزیکەى (1500) هەزار و پێنج سەد نەفەرە و بەس ، لەکاتێکدا هەر چوار ملێونەکەى کوردستانى ئازاد پێویستیان بە (بەمەدەنیکردنە..!)
 hemea.rasoel961@ yahoo.com                                              
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.