Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ڕێبین هەردی و بانێک و دوو هەوا

ڕێبین هەردی و بانێک و دوو هەوا

Closed
by September 19, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

 

ڕێبین هەردی ماوەیەک لە مەوبەر وتارێکی نووسی بە ناوی ( دەسەڵاتێکی ناشیرین و ئۆپۆزسیۆنێکی بێ کەلک ) . لە وتارەکەی دا ، ناشیرینی و عەیب و عارەکانی دەسەڵات و هەوڵە نادروست و نابەجێیەکانی ئۆپۆزسیۆنی خستبووە ڕوو . لە کۆتایی هێندە بێ ئومێد ببوو لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن کە بە بێ کەلک ناوی برد بوون . نائومێدیەکەشی تا ئەو ئاستە بوو ، کە هیچ ترووسکاییەک لە بەردەمی نەمابوو ، خۆی دابووە دەستی قەدەر و لە کۆتاییەکەش نووسیبوی ( ئەوە قەدەری ئێمەیە ، کە لەگەڵ دەسەڵاتێکی ناشیرین و ئۆپۆزسیۆنێکی بێ کەلک ڕووبەڕوو بین .. ) وە ئەوەشمان لە بیر نەچێت ، کاک ڕێبین جگە لەوەی ڕۆشنبیرێکی ناسراوە ، لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنی لەبەردەم کامیراو خەڵک ئەوەی ڕاگەیاند کە ڕاوێژکارێکی خۆبەخشی بەڕێز ( نەوشێروان مستەفا ) یە . 

هەر ئەمڕۆش وتارێکی تری کاک ڕێبین هەردیم خوێندەوە بە ناوی ( بەڕاستی / ئیتر بەسە کاتی گۆڕانیەتی ) لەم وتارەش باسی گەندەلی و کارە ناشیرنەکانی دەسەڵات و بە تایبەت ئیستیبدادیەتی یەکێتی و بێ بەرنامەیی و باسی زۆر شتی تر دەکات . لە شوێنێکیش خەڵک هان دەدات بۆ دەنگدان و دەڵێت ( لەبەر هەموو ئەمانە کاری دروست بەلامەوە ئەوەیە هەموان بچین بۆ دەنگدان و دەنگ بە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بدەین و دوو هێزەکە ناچار بکەین واز لەم ڕێکەوتنە شەیتانیە بهێنن … ) لە کۆتاییش ڕایدەگەیەنێت کە خۆی دەنگ بە لیستی گۆڕان دەدات .

دیارە بەر لە هەر شتێک ، کاک ڕێبین دەنگ بە لیستی گۆڕان یان دەنگ بە هەر لیستێکی تر دەدات ، ئەوە مافێکی سروشتی خۆیەتی و نە جێگای سەرنج و ڕەخنە و نە جێگای هیچ قسەوباسێکی ئێمەیە . بەڵام ، ئەگەر لەم دوو وتارەی ورد بینەوە دەبینین ، وتاری دووەمی لە دوو ڕوانگەوە رووبەڕووی ڕەخنە و پرسیاری جدی دەبێتەوە .

یەکەم / لە وتاری یەکەمی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بە بێ کەلک و خراپ ناو دەبات . هیچ ترووسکاییەک و هیچ ئومێدێکیان لێ بەدی ناکات . ئیتر ئەوەش قەدەری ئێمە بوو ..! باشە دەکرێت کاک ڕێبین پێمان بڵێت / ئایا لەم چەند هەفتەی نێوان دوو وتارەکەی ، چ گۆڕانکارییەک ڕوویان دا کەوا ئێستا لایەنە بێ کەلکەکانی ئۆپۆزسیۆن بوونەتە فریشتە و فریادڕەس و داوا دەکات خەڵک دەنگیان پێ بدات …؟! ئاخر بە ئیعترافی خۆت ( دەسەڵات ناشیرین بوو ، ئۆپۆزسیۆنیش بێ کەلک ) . ئێستا تۆ داوا دەکەی خەڵک لە ڕقی شتێکی ناشیرین دەنگ بە شتێکی بێ کەلک بدەن …! بە مانای ، شتێکی ناشیرین لابدەین و شتێکی بێ کەلک بهێنینە جێگای …! باشە شتێک دوێنێ بێ کەلک بێت و ئەمڕۆ داوا بکەی دەنگی پێ بدەین ، ئەوە ئەگەر بانێک و دوو هەوا نەبێت ئەی چ مانایەکی تری دەبێت …؟!

دووەم / کاک ڕێبین داوا دەکات خەڵک دەنگ بە ( لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن ) بدەن . لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش لە کۆی سێ لایەن دووانیان ئیسلامین . لە وتاری دووەمیش نووسیویەتی ( بەڕاستی / ئیتر بەسە کاتی گۆڕانیەتی ) . نازانم بە چ پێوەرێک و بە کام میتۆدی بیرکردنەوە ( ئەو گۆڕانە ڕیشەییەی بەو حەماسەتەوە کە ئەم داوای دەکات ) لەژێر چەتر و لەژێر دەسەڵاتی ئیسلامیەکان دێتە دی ..؟! بە گریمانی ئەوەش ،  کە ئیسلامیەکان لە گەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لە دەسەڵاتی داهاتوو شەریک و هاوپەیمان بن ..! هێشتا مەعقولیەتێکی تیا بوو ، وەک چۆن خۆی ڕایگەیاندووە دەنگ دەدات بە لیستی گۆڕان بە هەمانشێوە ، داوای کردبا خەڵکیش دەنگ بدەن بە لیستەکەی ئەم . بەڵام ، ئەو بەبێ هیچ جیاوازییەک نووسیویەتی ( لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن ) کە دەکاتە هەر سێ لایەنە بێ کەلکەکە ..! نازانم ئەوە چ مەعریفە و ڕۆشبنیریەکە ، هەر ڕۆژەی ڕەنگێک و هەر وتارەی قسەیەک ..؟.! منیش لە کۆتایی ئەم وتارە کورتەم دا دەلێم ( بە ڕاستی / ئەوە جگە لە سەرلێشێواندنی خەڵک هیچ شتێکی تر نیە ..! ) . حەز دەکەم ئەوەش بڵێم ، ئەو ڕەخنە و پرسیارانەی من لە کاک ڕێبین هەردی ، ئەوە بە هیچ شێوەیەک مەبەست نیە لە کەمکردنەوە یان شاردنەوەی ناشیرینی عەیب و عارەکانی پارتی و یەکێتی  لە چوار ساڵی دەسەڵاتدارێتی یاندا .. بە بڕوای من ، نە من و نە هیچ خاوەن قەڵەمێکی تر ” ناتوانێت ئەوە بکات …!

 

     ١٨/٩/٢٠١٣ 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.