Skip to Content

Tuesday, March 19th, 2024
گەڕانەوە بۆ ماركس یان گەڕانەوە بۆ گۆڕان …!

گەڕانەوە بۆ ماركس یان گەڕانەوە بۆ گۆڕان …!

Closed
by May 22, 2008 گشتی

  سەروەر كەریم……

 داوابەدواى بڕینى قۆناغێكى پڕلەكێشمەكێشى ئاڵوزى فكرى سیاسى و كۆمەڵایەتى ، كۆمەڵگاى مرۆڤایەتى بەم ئاستەى ئێستاى گەیشتوە ، كەجگە لەنائاسودەیى و نائارامى و نەبوونى دادپەروەریى كۆمەڵایەتى و یەكسانى و زیادبوونى توندوتیژى و شەڕانگێزى و شەڕى هەمەلایەنەى ئایینى و خێڵەكى و بوونى گەندەڵى بەرچاو لەتەواوى ژیانى كۆمەڵگاى ئێستادا و تاك ڕەهەندى بوونەوەى پەیوەندیە كۆمەڵایەتى و ئینسانیەكان و هەڵئاوسانى بێشمارى سەرمایەدارى و دەوڵەمەندبوونى كەمینەیەك لەسەرتاسەرى جیهاندا بڵاو بوونەوەى هەژاریەكى لەڕادەبەدەر ، كە بووەتە سیمایەكى دیارى كۆمەڵگاى مرۆڤایەتى و زۆرینەى فەلسەفەو ئایدیاكان و بەشان و باڵى ئەم هەلومەرجەى مەوجود دا هەڵدەدەن و بەشایستەى ژیانى مرۆڤى دادەنێن ، وەك هەوڵە تیئوریەكانى ( فۆكۆیاما ) بەناوى كۆتایى مێژوو . هەوڵەكانى ( تافلەر ) بەناوى شەپۆلى سآ یەم و بەرەو شارستانیەتى نویآ و هەڵە یەك لەدواى یەكەكانى بیریارانى ترى سەر بەڕەوتى سەرمایەدارى و بەجیهانى كردن . لەكاتێكدا هیچ كات بەقەدەر ئێستا كۆمەڵگاى مرۆڤایەتى لەهەژارى و نابەرابەرى و نائارامى دا ناژى و سیستمى سەرمایەدارى ، وەك مۆتەكەیەكى شەڕانگێز تەواوى خولیاو ئاوات و ئامانجە ئینسانیەكانى خستوەتە بەرمەترسى لەناوچوون . ئێستا قسەلەسەر ئەوەیە ، ئەگەر جیهان بەوهەموو كێشەیەى ئێستاوە و بەم ئاڕاستەیەوە مل بنىَ مۆڤایەتى بەكوآ دەگات ، جگە لەماڵوێرانى و دەوڵەمەند بوونى باڵادەسەكانى خاوەنى ئایدۆلۆژیەكانى ( ئایینى و ناسیونالستى و لیبرال دیموكراتى و هاوشێوەكانى ) ، كەجیهانیان گەیاندووە بەهەژاریەكى لەڕادە بەدەر . كەم خۆراكى و بەرزبوونەوەى نرخى خۆراكى ڕۆژانە بەڕێژەیەكى بەرچاوو هەڵئاوسانى دراو لەبازاڕەكانى جیهاندا و پیسبوونى ژینگە بەهۆى بوونى دنیایەك شەریكەى جۆراو جۆر ، كەهیچیان ڕیعایەتى مەرجەكانى تەندروستى ناكەن ، تاژینگە پیس نەبێت و نەبێتە هۆكارى بڵاو بوونەوەى نەخۆشى … بەم هەموو كێشانەوە دەبێت ئێستا كام ئایدیا بتوانێت دڕبەوگۆمى مەنگى بآ دەنگیە بدات و ئاڕاستەكان و بنەماكانى خەبات دژى هەژارى و چەوساندنەوە بژێنێتەوە و هێڵى ئەونابەرابەریە بگۆڕآ و ژیانى ئینسانى بگەڕێنێتەوە و پەیوەندیە لێك هەڵوەشاوەكان بگۆڕآ بۆ ژیانى شایستەى ئینسانەكان . دیارە لەئێستادا ، تاكە ئایدیایەك ، كەلەلەدایك بوونى یەوە هیومانى ترین فەلسەفەو ئایدیابووە . كۆى بۆچوونەكانى خۆى لەڕزگاربوونى ئینساندا چڕكردوەتەوە و ، ئینسان بووتە چەقى ئایدیاكەو هەرلەوێوە كارى لەسەر ڕزگاركردنى ئینسانەكان كردووە ، ئەوەش واى كردووە لەلەدایك بوونى یەوە تائێستا ، تاكە ئایدیایەكە باڵى ئۆپۆزیسۆنى جیهانى پێك دەهێنێت و مرۆڤە چەوساوەكان ڕزگاریان بەستوەتەوە بەوئایدیایەوە . ئەو ئایدیایەش ماركسیزمە .
 دەكرێت ئێستا بپرسین ، ئایا ماركسیزم تاكەئایدیایە دەتوانێت بوونێكى جدى هەبێت ، لەێستاى سەرگەردانى و هەژارى كۆمەڵگاى مرۆڤایەتى و بوونى خۆى جارێكى تر ، وەك سەرەتاى سەرهەڵدانى بسەلمێنێت ؟ یان ئەو تارماییەبێت ، تەواوى دنیاى پڕچەوساندنەوەى سەرمایەدارى بلەرزێنێت . وەك لە مانیفێست دا ئاماژەى پێكراوەو دەڵێت ( باچینە چەوسێنەرەكان ، بەرامبەر بەشۆڕشى كۆمۆنیستى سەرتاپایان بێتە لەرزین ، لەم شۆڕشەدا كرێكاران هیچ لەدەست نادەن ، تەنها زنجیرەكانیان نەبێت ) . ئایا ئێستا كاتى ئەوەهاتووە جارێكى تر واز لەتەفسیرى دنیا بهێنین و دەست بۆگۆڕینى دنیا بەرین ؟ . ماركس واتەنى بڵێین ( فەیلەسوفەكان تائێستا دنیایان تەفسیر كردوە ، ئێستا كاتى گۆڕینى دنیایە ) ، ئایا بەڕستى ئێستا كاتى گۆڕینى دنیایە ؟ . یاخود هێشتاش كاتى ئەوە نەهاتووە دەست بۆگۆڕینى دنیا بەرین ، چونكە تائێستاش زۆرینە سەرگەرمى وەهمى نەزانین و بەخورافەكانى دنیاى سەرمایەدارى شاگەشكەن و بەبەهەشتى درۆینە فریویان خواردووەو ، هەموو ڕۆژێك ، ژیانى ئەمڕیان دەفرۆشن بۆكڕینى نانى سبەى و ئامادەنین دەست بەردارى نەزانى خۆیان و فریوخواردنەكەیان بن و ڕووەو گۆڕانكارى هەنگاو بنێن و زنجیرەكانى دەستیان بپچڕێنن و لەنەزانى و وەهمى فكرەكان و نەزانى و خورافەكانى فكرەكانى دەسەڵات ڕزگاریان بێت و ئەو دۆخە نەخواستراوە بگۆڕن ، وەك ( ماركس ) دەڵێت ( مرۆڤەكان تاكو ئەمڕۆ بیروڕاى هەڵەیان دەربارەى خۆیان و ئەوەى كەهەن ، یاخود ئەوەى كەدەبێت ببن ، دروست كردووە ، پەیوەندیەكانیان بەپێى بیروڕاكانیان دەربارەى خوداو مرۆڤى ئاسایى ڕێك خستووە ، بەرهەمەكانى ئەقڵیان لەژێر دەستەكانیان چووەتە دەرەوە ، ئەم خوڵقێنەرانە لەبەردەم خوڵقاوەكاندا بەچوكدا هاتوون ، بائەمانە لەوەهم و فكرەكانیان و ئەو بیرو ڕاخەیاڵیانەى ، كەلەژێر زنجیریاندا دیل كراون ڕزگاربكەین . بالەدژى ئەم دەسەڵاتى فكرە یاخى ببین ، . ئایا ئێستا كاتى ئەوە نى یە لەو ووتەزایەى ( ماركس ) ەوە بڕوانینە دنیاى ئێستاى سەرمایەدارى و ئەفكارەكانیان و هەوڵى یاخى بوون بدەین و سەرتاپاى ئەو گەندەڵى نابەرابەریەى ، لەژێر ئەم دەسەڵاتى خوڵقێنەرانەدا دووچارمان هاتووە یاخى ببین و سەرەتاى هەنگاو بەرەو گۆڕانكارى و شۆڕش دەست پێبكەین ، بەڵام چۆن شۆڕشێك ؟ . ئەوشۆڕشەى ، كەبنەماى هەموو گۆڕانكاریەكان و كۆتایى هێنانە بەتەواوى نابەرابەریەكان …ئایا ئێستا كاتى ئەو شۆڕشەیە و قانوون مەندیەكانى پێگەیوە ؟ ، یان جیهان زۆرى ماوە میلى كاتژمێرەكەى بەرەو شۆڕش وەرچەرخێنآ ، یاخود سیستمى سەرمایەدارى هێشتا ماویەتى و كارى تیئۆر داتاشینى خۆى دەكات ، بۆلەبەین بردن و هەژارى كردنى زیاترى كۆمەڵگا … ئەو پرسیارو گریمانانەى ، كەلەم تافەدا خول دەخوات و بەشوێن خۆیى دا فكرو ئایدیاى جۆراوجۆر بەرهەم دەهێنێى و سنوورەكانى خۆى زیاتر تۆكمە دەكات ، تاڕێگا لەهەموو گۆڕانێك بگرێت و بەم ئاستەى ئێستاى خۆیى بمێنێتەوەو ، بەربە هەموو یاخى بوونەكان بگرێت ، یان تەواوى ئەو ئەفكارو ئایدیایانە چى تر هەوڵى مانەوەیان لەبەردەم گۆڕان دا بەرەو بێهودەیى بوون دەچێت و تارمایى و ( ماركس ) ، جارێكى تر خۆیى نمایش دەكات و وەڵامى تەواوى پرسیارە وونبوەكان دەداتەوە لەڕۆژگارى ئێستادا . بەبڕواى من ئێستا جیهان بەتەواویى لەشڵەژان دایەو نابەرابەریەكان لەلوتكەدا ن و ،كەمینەیەك دەستیان بەسەر جیهاندا گرتووەو داهاتى كۆمەڵگاى مرۆڤایەتى بۆخۆیان پاوان دەكەن و لەپێناوى ئارەزووەكانى خۆیاندا بەكارى دەبەن و ملیارەها ئینسان ، لەپلەى خوار هەژاریەوە ژیان دەگوزەرێنن . ئەوانیش كردویانن بەكۆیلەى بەرژەوەندیە ئابورى و سیاسیەكانیان و كەڵەكەى سامان دەكەن . سەیر نى یە سیستمى سەرمایەدارى بۆمانەوەى خۆى دەستى خستوەتە ناو تەواوى كێشەكانى كۆمەڵگاو بەئارەزووى خۆى بۆمانەوەى خۆى پاوانیان دەكات . چەندین  ڕێكخراوى جۆراوجۆرى نێودەوڵەتى بەناوى خزمەتكردنى مرۆڤایەتى یەوە دامەزراندووە ، كەجگە لەزیاتر هەژاركردن و كۆیلەكردنى كۆمەڵگاى مرۆڤایەتى شتێكى ترى بەووجود نەهێناوە ، كەدیارترینیان ڕێكخراوى نەتەوەیەكگرتوەكان (UN)  ە ، ڕێكخراوەكانى سەربەم ڕێكخراوە وەك ( ڕێكخراوى خواردەمەنى جیهانى ، ڕێكخراوى تەندروستى جیهانى ، ڕێكخراوى مافى مرۆڤى جیهانى ، ڕیكخراوى خاچى سوورى جیهانى ، ڕێكخراوى پەنابەرانى جیهانى ، … هتد ) . ئەم ڕێكخراوە چوارچێوەیەكە بۆمانەوەو بەرزڕاگرتنى سیستمى سەرمایەدارى و شەرعیەت دان بەدەسەڵاتى زاڵمانەى سەرمایە ، ئەگەرنا ئەم ڕێكخراوە هیچ كات كارى نەكردووە لەسەر جآ بەجآ كردنى بڕیارەكانى خۆى ، ئەگەر لەبەرژەوەندى و قازانجى سەرمایەدارى نەبووبآ . یەكێك لەپەیماننامەكانى ئەم ڕێكخراوە پارێزگارى كردنە لەمافى نیشتەجێبوون و ئازادى بیروڕا و ، هەربەپێى ئەو ڕێكەوتن نامەیە مرۆڤەكان ئازادن لەكوآ دادەنشن ، بەڵام لەزەمەنى ئێستاى ئەم نیزامەدا ، نەك ڕیعایەتى ئەو مافەناكرآ ، ئەوەتا لەبەشێك لەووڵاتانى پێشكەوتوو بەوپەڕى توندیەوە بەرامبەر بەپەنابەران مامەڵە دەكەن و تائەوپەڕى توندوو تیژى بەرامبەریان بەكاردەهێنن . سەربارى ژیاندنەوەى عەقڵیەتى ناسیونال شۆڤێنى و هاندانى هاووڵاتیانى خۆیان دژى پەنابەران و ئازادیان و بەكارهێنانى توندووتیژى دژیان ، كەئەمەش یەكێكە لەخەسڵەت و تایبەت مەندیەكانى نیزامى سەرمایەدارى و هەرچى هێزى لەبن نەهاتووى خۆیەتى خستویەتەگەڕ ، بۆبەتاڵان بردنى ژێرخانى ئابوورى ووڵاتانى خۆرهەڵات و جیهانى سآ یەم و لەولاشەوە دەرگیرى كردوون بەشەڕى مەزهەبى و عەشیرەتى و خێڵەكى و ناسیونالستى ، ئەمەش تاكەكانى ناچار بەكۆچى ئیجبارى كردووە ، كەهەزاران لەپێناو گەیشتن بەوآ بوونەقوربانى دەستى بازرگانان ، لەوێش هیچ كات ئاسوودەنەبوون و دووچارى جۆرەها ئازارى دەروونى و جەستەیى بوون بەدەست دەسەڵاتە مرۆڤـــ دۆستەكانى سەرمایەدارى و ڕێخراوەكانى یەوە . سەربارى ئەو ژیانە پڕئازارە ، ناوبەناویش بەهۆى عەقڵیەتى فاشیستى و نائنسانى بەشێك لەووڵاتانە ، تەواوى ئەو پەیماننامەیە و بەندەكانى پێشێل دەكەن و بەزۆر پەنابەران دەنێرنەوە . ئەمەیە سیماكانى نیزامى سەرمایەدارى . بۆیە بآ دەنگ بوون مرۆڤایەتى دووچارى فەوتان دەكات ، بەتاییبەت حاكمانى سەرمایەدارى ، لەبچوكترین دەسەڵاتیانەوە ، تاگەورەترینیان ، هەمەڕۆژە یارى بەئینسانى بوونمان دەكەن ، زیاتر لە سى ساڵە ووڵاتە زلهێزەكانى سەرمایە ، شەڕیاوە لەسەر ئەوەى چۆن جیهان پاوان بكەن ، لەم پێناوەشدا جۆرەها چەكى كۆمەڵ كوژیان بەرهەم هێناوە ، وەك ( كیمیاوى وئەتۆمى … هتد ) ، كەدەتوانێت لەچركە ساتێكدا ملیۆنان ئینسان لەسەر نەخشەى بوون بسڕێتەوە و بیكاتە قوربانى خواستەكان . سەربارى ئەوەى شەڕى داگیركردنى هەسارەكان دەكات و لەولاشەوە بەجۆرەها بیانوو زۆرینەى سامانى خاوى ژێر زەوى پاوان كردووەو ، لەم پێناوەشدا ، چەندین جەنگى ماڵوێران كەریان هەڵگیرساندوەو ئاگرەكەى هەژاران دەكاتە قوربانى . ناكرێت چیتر هەژاران چاوەڕوانى بەڕێكردنى ڕۆژەناخۆشەكانى ژیانیان بن و ئەو نیزامەش بەئارەزووى خۆى زەمین و ئاسمان بۆخۆى پاوان بكات و هەزارو یەك نەخۆشى و دەردى كۆمەڵایەتیمان بەدیارى بۆ بهێنێت ، چیتر ناكرێ چاوەڕوانبین و دەست بۆیاخى بوون نەبەین ، هەروەك چۆن ( ماركس ) ، لەسەدەى هەژدەدا ، ئەوسەدەیەى مرۆڤایەتى نوقمى زەلكاوى هەژارى و گەندەڵى و چەوساندنەوە بوو بوو . ( ماركس ) هەستا بەڕەخنەگرتن لەونیزامەو تیئۆرى پێشڕەوى هێنایە بوون و داواى یاخى بوونى كرد ، هەربۆیە ماركسیزم بووە ئەوتارماییەى ، كەئەوروپاى هەژان و لەبەر ڕۆشنایی ئەو بۆچوونانەى ڕۆژەكانى شۆڕش و یاخى بوون دەستى پێكرد ، دنیاى سەرمایەدارى بەوپەڕى هێزیەوە هاتە لەرزین و چیدى بەئاسانى ئەونیزامە نەیتوانى شیلەى گیانیان بمژێت و ، لەسەر هێزوو ماندوو بوونى كۆمەڵگا كۆشك و تەلارەكانیان بگەیەننە هەورەكان . گۆڕانكارى هاتەئاراوەو فەزایەكى نیمچە ئاواڵاى سیاسى سەرى دەرهێناو ، ئیدى هەژارەكانیش ، ئەونەزانانە نەبوون ، كەگوآ لەمشتى چەوسێنەران بن . ئێستا بەدەست ئەم نیزامەوە كۆمەڵگا گەڕاوەتەوە ، بۆسەدەى هەژدە و هەژارى و بآ مافى لەوپەڕى دایەو ڕۆژانە دەست و پەنجەى لەگەڵ نەرم دەكەین ، هەر لەئەمریكاى دڵى سەرمایەوە ، تادەگاتە ئەوروپاى بەناو ئینسان دۆست ، تا پاشاگەردانى یەكەى كوردستان . ئێستا كاتى یاخى بوون و نەرآ یە بەڕووى ئەم هەلومەرجەى ژیاندا ، هەرلەكوێرە دێیەكى كوردستانەوە ، تائەمریكاى دڵى سەرمایە و ڕۆژى گەڕانەوەیە ، بۆگۆڕان . ئەوگۆڕانەى دەبێت دڵى سەرمایەدارى شەقار شەقار بكات و مافى ئینسانى بوون ، بۆئینسانەكان بگەڕێتەوە … ئینسان بەبآ دوو دڵى حورمەتى بۆبگەڕێتەوەو ، ببێتەوە بەگەورەترین سەرمایە ، نەوەك ژیان گوزەراندن ، لەهەژارى لەڕادەبەدەروو ڕۆژكردنەوە لەسەرداب و مەنهۆڵەكان و كەلاوەكاندا .
 
 
Sarwar_kareem@yahoo.com
 Sarwar_kareem@hotmail.com
 
 
 سلێمانى
 8/5/2008
 
 تێبینى :
 هیچ ڕۆژنامەو گۆڤارێك بەبآ پرسى نووسەر بۆینییە دایببەزێنێتەوە .
 
 سودم لەم سەرچاوانە وەرگرتوە :
 1- مانیفێست  ن/ ماركس – ئەنگلس ، و/ ڕێبوار
 2- بۆس الفلسفە   ت/ كارل ماركس ، ترجمە الى عربیە / الیاس شاهین
 3- ئایدۆلۆژیاى ئەڵمان  ن / ماركس – ئەنگلس ، و / عەبدوڵاى موهتەدى
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.